بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری
مناڵە و بۆ گوڵ و ڕێحانە ئەگری
چرا ئیمشەو کەوا فرمێسک ئەڕێژێ
ئەڵێی ھەر بۆ منی پەروانە ئەگری
ئەکا شاباشی کێ دەریایی دیدەم
کە چەشنی گەوھەری یەکدانە ئەگری؟
چییە پیری دڵ ئیمشەو وەک عەرەقخۆر
لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری
شەوێ بێ زوڵفی ئەو مەھپارە تا ڕۆژ
دڵم بۆ سینەچاکی شانە ئەگری
غەزاڵی من ئەگەر ساتێ نەبینێ
بیابان قوڕ ئەپێوێ، لانە ئەگری
کەوانئەبرۆ، بە تیغی غەمزە تاکەی
لە جەرگم بێ گونەھ نیشانە ئەگری!
لە بەزمێکا کە ساقی چاوی تۆ بێ
مەی ئەڕژێ، دڵ ئەچێ، پەیمانە ئەگری
بە یادی نەوبەھاری ڕوویی تۆیە
کە چاوم ھەوری زستانانە ئەگری
برا تا نەبیە تۆز و گەردی بەر پێی
بە زەحمەت چاکی ئەو دامانە ئەگری
لە دڵتا گەنجی یادی کێیە بێخود
کە ئیمشەو نۆبەتی وێرانە ئەگری