Juli 2010
ستۆكهۆڵم
www.baran.nu

ئای خوایه‌ دڵم چه‌ند خۆشه‌، ئۆی دنیا چه‌ند بچووکه‌، سوێند به‌ (ئاو) ئه‌گه‌ر گه‌ردوون مه‌یلی بێت، گۆی زه‌وی له‌ قه‌باره‌ی تۆپێکی تێنسدا، له‌سه‌ر به‌ری ده‌ستت ده‌خولێنێته‌وه‌!
ئازیزی من، هێژام، مامۆستا گیان ببه‌خشه‌ که‌ نازانم چۆن بانگت ده‌که‌م و چیت بۆ ده‌نووسم، تایبه‌ت له‌ کاتێکدا که‌ تۆ هێشتا نازانیت من کێم به‌ڵام من باش به‌ تۆ ئاشنام و زۆرم هه‌یه‌ که‌ بۆت بگێڕمه‌وه‌. به‌ڵێنبێت هه‌موو شتێکت پێ ده‌ڵێم. به‌ر له‌وه‌ش سوپاسگوزاریی زۆرم بۆ (فه‌یسبووک) ده‌نێرم که‌ تا به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌تی هێنام.

پێش بیست ساڵ ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵان بوو، له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی ده‌مخوێند. ژیرێتیی و نیانییم وایکردبوو مامۆستاکان خۆشیانبوێم و بایه‌خی زیاترم پێبده‌ن. مامۆستای زانسته‌کانمان لاوێکی بیستوشه‌ش ساڵ بوو، ناوی وه‌ک ناوی خوێندنگه‌که‌مان بوو. مامۆستای کوردییشمان کچێکی جوان بوو. ئه‌م دووانه‌ له‌ دڵی مندا ئێجگار شیرین بوون. هه‌ر له‌به‌ر خاتری ئه‌وان و بۆ ئه‌وه‌ی ستایشیان زۆرتر وه‌رگرم، له‌گه‌ڵ خوێندن پتر خۆم ماندوو ده‌کرد، ده‌فته‌ر و کتێبه‌کانم جوانتر ده‌ڕازانده‌وه‌ و گرنگییم به‌ خاوێنی و ڕێکخستنی جلوبه‌رگه‌کانم زیاتر ده‌دا. من که‌ ئه‌وانم ئه‌وه‌نده‌ خۆشده‌ویست، ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مه‌دا کچێکی گه‌وره‌ بوومایه‌ به‌بێ هیچ مه‌رجێک شووم به‌ مامۆستای زانسته‌کان ده‌کرد، خۆ ئه‌گه‌ر کوڕێکی گه‌وره‌ش بوومایه‌ دنیام له‌سه‌ر مامۆستای کوردی داده‌نا. به‌ڵام من که‌ کچێکی بچکۆله‌ بووم وامده‌زانی ئه‌وانیش هه‌مان هه‌ستی خۆشه‌ویستییان بۆ یه‌کتری هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ دڵی خۆمدا دامنابوون بۆ یه‌کتری!

کردبووم به‌ پیشه‌، هه‌میشه‌ له‌ پشووه‌کاندا له‌سه‌ر لێواری ئه‌و حه‌وزه‌ هه‌شتپاڵووه‌ داده‌نیشتم که‌ له‌ باخچه‌ی قوتابخانه‌که‌ماندا هه‌بوو. (ئاو)یشم له‌و وه‌خته‌وه‌ خۆشویستبوو که‌ ڕۆژێک مامۆستای زانسته‌کان له‌لای ئه‌و حه‌وزه‌وه وه‌ستا و له‌گه‌ڵ ئامۆژگارییکردندا پێیوتین خۆشه‌ویستی وه‌ک ئاو وایه‌، با یه‌کتریمان خۆشبوێت.
ئه‌و کاته‌ش که‌ هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌که‌م بیست لای حه‌وزه‌که‌ بووم. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ڕۆژه‌ فواره‌که‌ گیرابووه‌وه‌ و حه‌وزه‌که‌ وشک بوو به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی پڕ بێت له‌ ئاو و وه‌ک ئه‌وه‌ی شه‌پۆل به‌ ئاوه‌که‌ بده‌م، دانیشتبووم به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌یله‌و قورس ده‌ستم به‌ بۆشایی هه‌شتپاڵووه‌که‌دا ده‌گێرا. له‌و وه‌خته‌دا یه‌کێک له‌ قوتابییه‌کانی پۆلی خۆمان هات و وتی:
کچێ دوێنێ مامۆستای کوردی شووی کرد.
+ به‌ کێ؟؟
به‌ کوڕی دراوسێکه‌مان.
+ کێ دراوسێتانه‌؟
ماڵی کاک ئه‌کره‌م، کوڕه‌که‌یان قه‌ڵه‌وێکی که‌چه‌ڵه‌. به‌ڵام بوکێ به‌ سووراوی سوور و که‌شکه‌شه‌ی سپییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ جوان بوو ئه‌وه‌نده‌ جوان بوو نه‌بێته‌وه‌.

ئیتر من ئه‌وه‌نده‌ دڵته‌نگ بووم ئه‌وه‌نده‌ دڵته‌نگ بووم نه‌بێته‌وه‌. چیتر مامۆستای کوردی وه‌ک جاران خۆشه‌ویست نه‌بوو له‌لام، بگره‌ لێشی زویر و به‌قین بووم چونکه‌ پێموابوو خه‌تای کردووه و به‌رامبه‌ر به‌ مامۆستای زانسته‌کان بێوه‌فا بووه‌‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ و لێره‌وه‌ هه‌موو دڵم دا به‌ مامۆستای زانسته‌کان، ئیدی ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و بایه‌خی زیاده‌م به‌ خۆم و به‌ خوێندن ده‌دا.
کاتێک که‌ ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ڕوویدا من چه‌ند ساڵێک ته‌مه‌نم به‌ هۆگربوونی مامۆستاکانمه‌وه‌ له‌و خوێندنگا‌یه‌ تێپه‌ڕاندبوو، ئه‌و کاته‌ له‌ پێنجی سه‌ره‌تایی بووم. بۆ من پۆلی پێنج ساڵێکی نه‌هات بوو. دوای شووکردنی مامۆستای کوردی له‌و ساڵه‌دا، زۆری نه‌برد مامۆستای زانسته‌کان نه‌قڵ بوو بۆ قوتابخانه‌یه‌کی تر و دۆزه‌خی من ده‌ستی پێکرد. ئێستا ده‌زانم که‌ ڕۆشتنی مامۆستای زانسته‌کان له‌و ده‌مه‌دا ته‌نیا ڕێکه‌وت بوو، به‌ڵام بۆ دۆخی ئه‌و وه‌خته‌ی من پشتڕاستبوونه‌وه‌ی تاوانکاریی مامۆستای کوردیی و برینداریی مامۆستای زانسته‌کان بوو!

ئه‌و ڕۆشت و من له‌ جه‌نگه‌ڵێکی پڕ له‌ گیانداری ناڕه‌سه‌ن و سامناکدا ته‌نیا مامه‌وه‌. ئه‌م هه‌سته‌م زیاتر ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌بوو که‌ بینیم دوو مامۆستای بێمروه‌ت له‌ده‌م ده‌رگای پۆلی ئێمه‌ وه‌ستاون زه‌می مامۆستا له‌دڵدا شیرینه‌که‌ی من ده‌که‌ن. دیاربوو ئه‌وان دژایه‌تییه‌کیان له‌گه‌ڵ مامۆستای زانسته‌کان هه‌بوو، بۆیه‌ ده‌یانوت؛ شووکر چوو، له‌ بینینی چڕوچاوی نه‌جاتمان بوو! ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌دا قاقایه‌کی گاڵته‌جاڕانه‌یان لێدا و من دامه‌ پڕمه‌ی گریان، گریانێک گریام نه‌ خۆم ده‌متوانی ژیرببمه‌وه‌ و نه‌ هاوه‌ڵه‌کانیشم توانایان به‌سه‌ر هێورکردنه‌وه‌مدا هه‌بوو، من به‌ هه‌نیسکه‌وه‌ فرمێسکم ده‌ڕشت و که‌س تێنه‌گه‌شت بۆ ده‌گریم!

له‌ پۆلی پێنجدا یه‌که‌م و دووه‌م نه‌بووم، هه‌ر ته‌نیا ده‌رچووم. ئاره‌زووی هیچم نه‌مابوو، خۆم له‌ منداڵانی هاوته‌مه‌نم دوور ده‌گرت،‌ ده‌چوومه‌ سه‌ربان و گه‌ورانه‌ به‌ته‌نیا بیرمده‌کرده‌وه‌ و خه‌مم ده‌خوارد. هه‌واڵێکی دڵخۆشکه‌ر که‌ له‌ ئارادا هه‌بوو ئه‌وه‌ بوو که‌ ئێمه‌ ده‌بوو بگوێزینه‌وه،‌ به‌ڵام دایکم نیازی نه‌بوو بمخاته‌ قوتابخانه‌یه‌کی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا ساڵێکم له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی مابوو، دواتر ده‌بوو بچمه‌ ناوه‌ندیی. به‌س من چوونکه‌ زانیبووم مامۆستای زانسته‌کان چۆته‌ خوێندنگایه‌ک نزیک له‌ ماڵه‌ تازه‌که‌مان‌، ده‌مویست بمخه‌نه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌، جا هه‌رچۆنێک بوو به‌ گریان و پاڕانه‌وه‌ و گفتوگۆ دایکمم ڕازی کرد که‌ بچمه‌ هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی که‌ مامۆستای زانسته‌کان چووه‌. له‌م بارودۆخه‌دا دڵم زۆر خۆش بوو لێ دڵخۆشییم زۆری نه‌خایاند چونکه‌ پاش ئه‌وه‌ی که‌ له‌و مه‌کته‌به‌ نوێیه‌ ده‌ستم پێکرد بۆم ده‌رکه‌وت که‌ مامۆستای زانسته‌کان له‌ ده‌وامێکی تره‌! واته‌ ئێمه‌ به‌یه‌که‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ نه‌بووین، کاتێک ئه‌و به‌یانیان بوو، من نیوه‌ڕوان بووم، کاتێکیش من به‌یانیان بووم، ئه‌و نیوه‌ڕوان بوو.

نیوه‌ڕۆیه‌ک دوای ده‌وام، که‌ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕامه‌وه،‌ (تۆ)م بینی به‌ره‌و قوتابخانه‌ ده‌ڕۆشتی. به‌ڵێ تۆم بینی، تۆی مامۆستای زانسته‌کان! خۆ ده‌بێت ئێستا تێگه‌شتبیت من چیرۆکی کێ ده‌گێڕمه‌وه‌. ئه‌ی له‌بیرت ماوه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ چیت پێ وتم؟ وتت: وردیله‌ گیان تۆ چی ده‌که‌یت لێره‌؟ وتم هاتوومه‌ته‌ قوتابخانه‌که‌ی تۆ. تۆ تێنه‌گه‌شتیت من ویستم بڵێم هاتووم بۆ لای تۆ، به‌ڵام ڕوومه‌تت گرتم و وتت زۆر باشه‌ عه‌یار، باش بخوێنه‌.
ئای چه‌ند به‌و بینینه‌ خۆشحاڵ بووم، هه‌تا ماڵه‌وه‌ به‌ جانتاکه‌مه‌وه‌ ده‌خولامه‌وه‌، ڕامده‌کرد و هه‌موو گیانم پێده‌که‌نی. له‌ دڵی خۆشمدا به‌رده‌وام ده‌موت سۆزده‌ده‌م تاهه‌تایه‌ باش ده‌خوێنم.
ئیتر بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکه‌وتی تۆ بکه‌م، زۆربه‌ی ڕۆژ ئه‌گه‌ر نیوه‌ڕوان بوومایه‌ هه‌وڵمده‌دا زووتر له‌ ماڵ ده‌رچم و که‌ به‌یانیانیش بوومایه‌ هه‌ندێک دره‌نگتر ده‌گه‌ڕامه‌وه‌. به‌و شێوه‌یه‌ زۆر جار ده‌مبینیت و له‌و بینینانه‌شدا زانیم که‌ تۆ ده‌ستگیرانی مامۆستایه‌کی به‌ ناوی ست شنۆ. له‌وانه‌یه‌ ئێستا هاوسه‌رت بێت و چه‌ند منداڵێکیشتان پێکه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌ر وایه‌ منداڵه‌کانت ماچ ده‌که‌م و سڵاویشم بۆ ست شنۆ هه‌یه‌. پێشی بڵێ که‌ ئه‌و وه‌خته‌ من تووڕه‌ بووم لێی، له‌به‌ر هیچ نا، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک که‌ ده‌مبینین شه‌ڕتان بوو، هه‌میشه‌ش ئه‌و تۆراوه‌که‌ بوو، تۆ ده‌تویست ئاشتی بکه‌یته‌وه‌. ئه‌وه‌م پێناخۆش بوو چونکه‌ وام هه‌ست ده‌کرد که‌ ئه‌و خه‌فه‌تت ده‌داتێ و ئازارت ده‌دات.
بیرمه‌ ته‌نانه‌ت ڕۆژێکیان له‌ پێش ده‌رگای مه‌کته‌ب به‌ مۆنیی چووه‌ ژوور و به‌جێیهێشتی. له‌و کاته‌دا تۆ قومی قووڵت له‌ جگه‌ره‌که‌ت ده‌دا و پاڵت دابوو به‌ دیواری قوتابخانه‌که‌وه‌. من که‌ له‌فه‌یه‌ک قاورمه‌ی نۆکم به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، زوو زوو قه‌پێکم لێ ده‌گرت، به‌ دڵی پڕه‌وه‌ هاتمه‌ به‌ر ده‌مت وتم:
+ قاورمه‌‌ ده‌خۆیت؟
نا به‌قوربان.
+ باش، مه‌خۆ.

له‌ کاتی تاقیکردنه‌وه‌کانی دوا ساڵدا که‌ به‌که‌لۆری بوو، پۆلی شه‌شی هه‌ردوو ده‌وامه‌که‌ کرابوون به ‌یه‌ک. ڕۆژێک تۆی شیرین به‌سه‌رمانه‌وه‌ چاودێر بوویت. ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌م خۆشترین تاقیکردنه‌وه‌ بووه‌ که‌ من له‌ ژیانمدا کردبێتم. ئه‌و ڕۆژه‌ تۆ هاتیته‌ لام و پێتوتم که‌ ئه‌گه‌ر شتێکم له‌لا ڕوون نه‌بێت یان هه‌ر پرسیارێکم هه‌بێت لێت بکه‌م. من سوپاسم کردیت و وتم هه‌موو شت باشه‌، هه‌مووی زۆر خۆشه‌.

هاوین بوو، خۆم بۆ ده‌ستپێکردنی قۆناغی ناوه‌ندیی ئاماده‌ ده‌کرد و خه‌میشم له‌وه‌ ده‌خوارد که‌ ئیدی هیچ خوێندنگایه‌ک ناتوانێت هی هه‌ردووکمان بێت. ئیتر ڕێگایه‌ک ڕێکه‌وتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان بۆ ناخوڵقێنێت و ئیدی ده‌شێت ئه‌م دابڕانه‌ تاسه‌ر بێت.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌مه‌نێکی ئاڵۆز بوو، تایبه‌ت له‌ کاتێکدا که‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌وروبه‌ر له‌گه‌ڵتدا نه‌ ته‌واو هی منداڵ‌ بوو نه‌ هی گه‌وره‌. بیرمه‌ هه‌ر که‌ باسی شتێکی به‌جۆرێکم ده‌کرد، خوشکه‌ گه‌وره‌که‌م ده‌یوت تۆ جارێ منداڵیت. که‌چی ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆم بینی شتێکی تری وت. ده‌زانیت ئه‌و ڕۆژه‌ چۆن بوو؟ با بۆت باس بکه‌م؛ ئه‌و ڕۆژه‌ من عه‌زییه‌کی مۆری کاڵی په‌ڕپه‌ڕه‌م له‌به‌ردا بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌زییه‌که‌ هی ساڵی پێشووتر بوو، که‌مێک کوورت بووبووه‌وه‌ له‌ سه‌روو ئه‌ژنۆمه‌وه‌ بوو. جا دوکانێکی ورده‌واڵه‌‌ له‌سه‌ر جاده‌که‌ی خوار ماڵی ئێمه‌ تازه‌ کرابووه‌وه‌. من ده‌چووم بۆ ئه‌وێ کاتێک که‌ بۆ دواجار به‌ڕێکه‌وت تۆم بینی. چۆنی و چاکیمان کرد، زۆرم پێخۆش بوو. که‌ هاتیشمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ر بیرم له‌ تۆ ده‌کرده‌وه‌. به‌ڵام که‌ خوشکه‌که‌م بینیمی وتی:
ئاوا به‌م شێوه‌یه‌ تا سه‌ر جاده‌که‌ چووی؟
+ به‌ڵێ، بۆ؟
تۆ ئیتر گه‌وره‌ بوویت، ئه‌و عه‌زییه‌ کوورتوکوێره‌ چییه‌ له‌به‌رتدا، خۆ منداڵ نیت، چیتر وا نه‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌.
چوومه‌ ژوورێک و ده‌رگاکه‌یم داخست. له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌کی گه‌وره‌دا وه‌ستام و ته‌ماشای خۆم ده‌کرد. ده‌مبینی عه‌زییه‌که‌م منداڵانه‌یه‌، به‌ ته‌وقه‌یه‌ک که‌ له‌ دوکانی سه‌ر جاده‌که‌ کڕیبووم، قژم ده‌به‌ست و خه‌فه‌تم ده‌خوارد. ده‌زانیت بۆچی خه‌مم ده‌خوارد؟ خۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا که‌ خوشکه‌که‌م ناخۆش قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا که‌ به‌و شێوه‌یه‌ چووبوومه‌ ده‌ره‌وه‌. نا، به‌ڵکه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ده‌شێت مامۆستای زانسته‌کان به‌و عه‌زییه‌وه‌ هه‌ر منداڵ منی بینیبێت، به‌ڵام من گه‌وره‌ بووم!!

به‌ڵێ ئازیزی من، ئه‌مه‌ ئه‌و چیرۆکه‌یه‌ که‌ تۆ له‌ ڕۆڵی پاڵه‌وانێتیت تیایدا بێئاگا بوویت. ئێستاش له‌وه‌ته‌ی له‌ (فه‌یسبووک) ناوه‌که‌تم دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌ خۆشییدا نازانم چی ده‌که‌م. نووسراوه‌ که‌ له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا نیشته‌جێیت، ئاخۆ چی گه‌یاندبێتیتییه‌ ئه‌وێ! وه‌ک دیاریشه‌ شه‌ش مانگ ده‌بێت که‌ نه‌هاتوویته‌ته‌ سه‌ر خه‌ت! هیوادارم باش بیت و هیچ شتێکی خراپت لێ ڕووی نه‌دابێت. ده‌خوازم زوو بێیته‌ خه‌ت، نامه‌که‌م زوو بخوێنیته‌وه‌ و زوو وه‌ڵامم بده‌یته‌وه‌. من چاوه‌ڕێتم ...