لە کوردستان فتبۆلی "تۆپی پێی کچان" خڕ نییە.
یۆرۆی  2022ی كچان لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا

نووسینی: بەکر ئەحمەد

20220717

ڕۆژی چوارشەممەی 6/7/2022 یۆرۆی  2022ی كچان لە ئینگلتەرا دەستی پێ کرد.
كاروانی یارییەكانی ئەم یۆریە بە یاریی نێوان ئینگلتەرای میوانداریكەر و نەمسا كەوتەڕێ و تا ئێستاش یارییەکان بەردەوامە. سەرنجێکی خێرا لە ئاستی گەشەی هەڵبژیردراوانی ولاتە جۆراوجۆرەکانی بەشدار بوو و ژمارەی تەماشاچیانی یارییەکان، چ لە گۆڕەپانی یارییەکاندا و پەخشی زیندووی یارییەکان لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی تازەی یاری تۆپی پێی کچان یاخود خانمانە.

دەسپێکی ئەم پێشبڕکێ ئەوروپییە لە گۆرەپانی Old Trafford لە نێوان ئینگلتەرا و نەمسادا دەستی پێ کرد کە جێگای 75 هەزار کەس دەبێتەوە و ژمارەی ئامادەبووانی یارییەکە بە 70 هەزار ئامادە بوو هەژمارد کرا.

تۆپی پێی کچان لەم ئاستە بەرزەی ئێستایدا بێت یاخود ئەو دۆخەی کە یاریی هەڵبژێردراوە میللیەکان لە گۆرەپانە لاچەپەکەکانی وڵاتەکاندا ئەنجام دەدراو ژمارەی تەماشاچییان و ئارەزووی مێدیا بۆ پەخشکردنی یارییەکان لە جێی نەبوواندا بوو بێت، ئەم یارییەی کردووەتە گۆرەپانێکی گەورەی هەموو ئەو کەسانەی بە شوێن پرسیارەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەن.

تۆپێی پێی کچان ئەو گۆڕەپانەیە کە پرسیاری یەکسانی:" کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا" بە هەموو جومگە و بڕگەکانی خۆیەوە ، خۆیمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئێستا ئاڵوگۆڕێک پێک هاتووە لە پەیوەند بە تێڕوانینێکی پۆزەتیڤانەتر لە بەرانبەر ئەم چالاکییە وەرزشییەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە تێڕوانینی ئینسانەکان لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچان، نێرێتی و مێیتی، پرسی جەندەرو یەکسانی ، کاریگەرییەکانی خۆی خستۆتە ناو دڵێ گەورەترین و فراوانترین جومگەکانی بەرهەمهێنانەوەی نێرێتی و مێیتی و نایەکسانیەوە لە ناو کایەی تۆپی پێدا.

بەڵام ئەم دەرکەوتنەی کچان بەم هێزەی ئێستاوە لە گۆرەپانەکانی فتبوڵێندا، بە تایبەت لە ئەوروپادا، بێ دەردیسەریی نەبووە. ئەوەتانێ کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی لە ساڵی 1921 دا داوا دەکات کە: " تیپیەکانی پیاوان ڕێگا نەدەن بە تیپەکانی ژنانی خۆیان کە لەسەر گۆرەپانەکانی یانەکانی ئەوان یاری بکەن" ، ئەوان بەم بانگەوازەیان نەک هەر ڕێگرییان لە ژنانی ئینگلتەرا گرت شوێنێکیان دست نەکەوێت فتبۆڵێنی تێدا بکەن، بەڵکو لە ڕێێ ئەم بانگەوازەیانەوە چوارچێوە ئایدیۆلۆژیەکانی فتبۆڵییشیان داڕشت و دووپاتیان کردەوە کە ئەم وەرزشە هی پیاوە و بۆ پیاوانە. بۆیە کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشەر نییە کاتێک "سەحەر خودایاری" کە لایەنگری تیپی فۆتبۆڵی "ئیستقلال"ی ئێرانە و بە خانمە شینپۆشەکە ناسراو بوو، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگیرێت و بڕیارە سزای بدرێت چونکە بە دزییەوە چووتە ژوور بۆ سەیرکردنی یاریی تیپی دڵخوازی خۆی. لە بەرانبەردا خانمی شینپۆش، بەر لە بانگهێشتکردنی بۆ بەردەم دادگا، ئاگری لە خۆی بەردا و خۆی کوشت. ئەو تێروانینە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەی لە پشت بانگەوازی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە بوو، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە زۆر جێگای دنیادا ، لەمڕۆدا کاری خۆی دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتیکی فیفا لە ساڵی 2007دا، ( million playing football 265)، نزیکەی 265 ملیۆن ئینسان لە ساڵی 2006دا یاری تۆپی پێیان کردووە. ژمارەکە لە پاش وەڵامی 207 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکەوە دێت کە وەک تۆمارێک داویانەتە فیفا. لە ناو ئەو ژمارە گەورەیەدا تەنها 26 ملیۆن کەسیان ژن بوون. بە پێی بەراوردێک لەگەڵ ساڵی 2000، تەنها 6 ملیۆن خانم زیادی کردووە.

ئەگەر دەربڕینی Rosabeth Moss Kanter بەکار بهێنرێت کە بە "ڕەگەزڕەنگڕێژکردن" ناودەبرێت و بریتییە لەو: "سترۆکتۆرانەی کە ڕێگری لەبەرانبەر ئینساندا پێک دەهێنێ بە هۆی ڕەگەزیەوە"، یان بە زمانێکی تر، بەشێک لە سێکتەرەکانی کار و تەنانەت ئەو شوێنانەیشی کە دەکەونە بواری کاتی ئازادی ئینسانەکانەوە، هێندە ڕەنگڕێژی ڕەگەز کراوە، کە ڕەگەزی بەرانبەر زۆر ئاسان دەکاتە دەرەوە. بۆ نموونە قەسابی لە کۆمەلگای کوردستاندا هێندە نێرانە ڕەنگڕێژکراوە، کە زۆر سادە ژنان دەخاتە دەرەوەی ئەم ڕشتەیەوە بۆ ئەوەی وەک قەساب کار بکات. بەشێکی گەورەی کەرتەکانی بیناسازیش بە هەمان شێوە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت : " ئینسان بەهۆی ڕەگەزی جیاوازیەوە، سنوورداری بۆ پێک دێت بۆ هەندێک کارو چالاکی کاتی ئازاد و پلە و مەقامی جیاواز لەسەر کاردا" .(1)

بۆ Moss Kanter ئەم دیاردەیە بە هۆی ئەو نیزامە کۆمەلایەتییەوە دروست دەبێت کە لە باری ستراکتۆرییەوە پلەو پایەکی زیاتر بۆ پیاوان فەراهام دەکات. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەوا هەست دەکرێت کە جیهانی فوتبۆڵ، جیهانێکی "ڕەنگڕێژکراوی ڕەگەزی"یە و هیچ بالانسێکی ڕەگەزی کە بریارە 60 بە 40 یش بێت، نایگرێتەوە. ئەو ژمارانەی سەرەوە نیشانی دەدات کە 10٪ کچان لە یاریەکانی فوتبۆلدا بەشدارییان کردووە و ئەمەش وا دەکات کە سترۆکتۆرەکانی نێرێتی و سەردەستساڵاری پیاوان لە ئارەزوویەک و کارێکی وەک فۆتبۆلدا لە نایەکسانییەکی گەورەی نێوان ڕەگەزەکاندا دەهێڵێتەوە.

 

تۆپی پێ و نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان

ئەم پرسیارە، لە وڵاتێکی وەک سویددا، سەدەها لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەم دەهێنێت و پرسیارگەلێکی وەک: ڕێگریە ستراکتۆرییەکانی بەردەم بەشداری زیاتری کچان لە کوێدایە، ڕۆڵی مێدیا لە بەرپرسیارێتی بۆ فراوانکردنەوەی ڕووبەرەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان،لاپەرەی وەرزشی ڕۆژنامەکان چەندە یەکسانن لە ڕووماڵکردنی یارییەکاندا و خۆیان چەندە یەکسانن، ئەم پرسیارانە دەکاتە پرسیارێکی هەمیشەیی ئامادە لە کایەی وەرزشدا.

بۆمن ئەوەی خالێ سەرەکی نووسینی ئەم وتارەیە، نەک هەر بەشێکی کەمی ئەم پرسیارانەی سەرەوەیە لە پەیوەند بە دۆخی تۆپی پێی کچان لە کوردستاندا، بە ڵکو لە ونبوونی تەواوەتی هەر هەواڵێکە لە پەیوەند بەم جامی ئەوروپییەی کە بەردەوامە. بە کورتیەکەی سەرنجدان لە یۆرۆی کچانی 2022 لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕی کوردیدا . بۆ زانیاری پەیداکردن لەسەر ئەوەی کە چەندە ئەم هەواڵە جێگایەک داگیر دەکات، من سەردانی هەموو ئەو ماڵپەڕانە دەکەم کە لە لینکی ماڵپەری "سپی مێدیا"دا دانراون. دەرئەنجامەکەی ئەم زانیارییە سادەیەیی خوارەوەیە.

لە ناو 101 ماڵپەڕی ڕیزکراوی "سایتەکان"ی ماڵپەڕی سپی مێدیادا، تەنها و تەنها لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" و لە ڕۆژی 4:ی تەمووزدا ناونیشانی:" یۆرۆی كچان- 2022 دەست پێ دەكات" دەخوێنرێتەوە.

ئەگینا خەبەرێک لە ئاراد نییە. ئەم سەرنجدانە لە سایتەکان لە ڕۆژەکانی 11ی تەمووزی 2022 تا 17ی تەمووزی 2022 بووە و ئەگەر سایتێک شتێکی تری دوای ئەم بەروارە بڵاوکردبێتەوە، دەکەوێتە دەرەوەی ئەم باسە کورتەی من.

چی وا دەکات ئەم هەموو دەستە ئیدارییەی سایت و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنانە لە کوردستان هەواڵێک لەم چالاکییە گەورە وەرزشییە بڵاو ناکەنەوە؟

لە کاتێکدا هەواڵی لە چەشنی:" لە قۆناغی یەکەمى نازناوی ویمبڵدۆن بۆ تێنسی سەر زەوی کە خەڵاتەکەی بە بەهای ١٦ ملیۆن دۆلارە و لە لەندەن بەڕێوە دەچێت لەسەر ئاستى خانمان سیمۆنا هالیپ بەرامبەر کارۆلینا موکوڤا یاریکرد" و وێنە سیکسییەکانی "ماریا شاراپۆڤا" بەشی سەرەوەی هەواڵە وەرزشییەکان داگیر دەکات. تەنانەت ناوی یەک بەیەکی:" خەڵاتەکانی خانمە پاڵەوانەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی بەیژینگدا" بڵاودەکرێتەوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لاپەرەی وەرزشی ئەم دەستگا مێدیایانە باش دەزانن کە هیچ کام لەو وەرزشانەی ئاوا تیشکی دەخرێتە سەر، بینەرێک و خوێنەرێکی گەورەی نییە. لە کاتێکدا تۆپی پێی پیاوان و ئارەزووی هەواڵە وەرزشییەکانی ئەم گۆشە وەرزشییە لە ئاستێکدایە کە بۆ هەندێک لەلایەنگرانی تیمە ناودارەکانی فۆتبۆڵی ئەوروپی لە کوردوستاندا، دەستبردن بۆ چەکی لێ دەکەوێتەوە و کوردستان دەکاتە جێگای بەرهەمهێنانەوەی فوندەمینتالیستترین لایەنگرانی تۆپ پێ.

من دڵنییام کە لاپەرەی وەرزشی سایت و ڕۆژنامەکانی کوردستان، لە پرۆفیسیۆنالیزمێکی ئەکادیمی بێبەشن و ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، بەرهەمی خولیا و ئارەزووی کەسانێکە کە مەیلییان بۆ ڕووماڵکردنی ئەم جۆرە لە هەواڵ هەیە. بەوەیشی تۆپی پێ گۆرەپانی پیاوانە و مەیدانی کاری پیاوانەیە، ڕشتەیەکی "ڕەنگڕێژکراوی" پیاوانەیە کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا، چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەم ڕشتە وەرزشییە لە ئێستادا ناکەم بۆ ئەوەی ئەو مەیلە خۆرسکەی کە کچانی کوردستان هەیانە بۆ فوتبۆڵ بەهێزتر بکات و ئاڵوگۆڕێک لە تێروانینی کۆمەلگا دا پێک بێنت. بەڵام چاوەڕوانیم لەو کەسانە هەیە کە توانای دروستکردنی سەرنجییان هەیەو هەموو ئەو ئیمکاناتانەیان لەبەر دەستدایە کە جیاوازییەک دروست بکەن کە لە دۆخی ئێستا نەچێت.

لە وڵاتێکدا کە پرسیاری یەکسانی، یەکێک لە بەرپرسیاریەتەکانی مێدیایە، دەکرێ پرسیاری وەک:

چەند ڕۆژنامەنووسەکانی بەشی وەرزش ، سەیری ڕۆل و نەخشی خۆیان دەکەن لە پەیوەند بە پرسیاری یەکسانییدا بە تایبەت لە بەڕێوەبردنی لاپەڕە وەرزشییەکانیاندا؟

ئایا ئەوان پێیان وایە کە بەرپرسیاریتییەکی یەکسانیخوازانەیان لەسەرشانە لە ڕووماڵکردنی کایە وەرزشییەکاندا، ئەگەر وایە، ئەم بەرپرسیارێتییە چۆن خۆی نمایش دەکات.

ئەوەی کە لە ئێستادا من دەیبینم، لە 101 ماڵپەر و وڕۆژنامەدا تەنها خەبەرێک لە یۆرۆی کچان بوونی هەیە، نێشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسیاری سایتەکان و لاپەرە وەرزشییەکانیان، هێشتاش لە ساڵەکانی 1921ی ئینگلتەرەدا دەژین و پێان وایە تۆپی پێ تەنها بۆ پیاوانە. یان بە کوردییەکەی، فوتبۆڵی کچان وەک پیاوان خڕ نییە و بۆیە هیچ نیگایەکی ڕۆژنامەوانی ناچێتە سەر کە شایەنی ئاوڕلێدانەوە بێت.

من لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم بە چەمکی یەکسانی دا کە ناچارم جارێکی دیکە بێمەوە سەری.

یەکسانی ئەوەیە: " کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا". ئەم پێناسە، سادەترین پێناسەیەکە کە سیاسەت لە سویددا لەبەرچاوی دەگرێت.

بۆ ئەوەی ئاسانتر لەم دەربڕینە سادەیەی سەرەوەی چەمکی یەکسانی بگەین، ڕوونکردنەوەیەکی سادەی "Cecilia Ridgeway" بە پێویست دەزانم . سێسیلیا دوو شێوازی نابەرابەری ئاماژە پێ دەدات بۆ ئەوەی ئاسانتر لە دەربڕینی چەمکی یەکسانی بگەین. یەکەمیان ناودەبات بە "نابەرابەری کولتوری" و دووەمیشیان بە "نابەرابەری مەتریال"ی.

بە کورتیەکەی: بۆ ئەوەئ نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان درێژە بە ژیانی خۆی بدات، ئەم دوو نابەرانبەرییە پێویستن.

نابەرابەری یەکەمیان " نابەرابەری کولتووری" لە سەرزەمینەی نۆرم و پێشداوارییەکان ڕاوەستاوە و دووهەمیشییان لەسەر دەسەڵات وکەرەستەکان . ئەم دوو نابەرابەرییە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییەک لە بواری مەقامدا یان ستاتوس(نابەرابەرییەکی کولتووری)، یاخود بەرهەمهێنانەوەی جێگاوڕێگایەکی چینایەتی (نابەرابەرییەکی مەتریالی).

" بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری کولتوریدا پێک بێت، دەبێ ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری مەتریالیدا ڕوو بدات. یانی ئاڵوگۆڕێک لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستە و دەسەڵاتەکاندا ڕووی دا بێت. کاتێکیش ئاڵوگۆڕێک بەئەنجام گەێنرا، زەمەنێکی دەوێ تا نیگای ئینسان لەبەرانبەر هەلومەرجی واقعیدا، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت" (3)

لەمڕۆدا و لە ئەوروپادا ئەم گۆرینی پارادیمە لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچانەوە بە زەقی هەست پێ دەکرێت و کڕێی بەرزی یاریزانە لێهاتووەکانی کچان و تەرخانکردنی بوودجەیەکی گەوەرەی مێدیایی بۆ پەخشی یارییەکان و دروستبوونی لەشکرێکی باش لە ڕۆژنامەنووسانی کچان و فەراهامکردنی سەدەها یانەی وەرزشی و گۆرەپانی گەورە، وەک نیشانەکانی فراوانبوونەوەی سنوورەکانی یەکسانی لەم بوارەدا سەرنج دەدرێ.

ئەم ئاڵوگۆڕە، هەم زەڕبەیەکی لە نابەرابەری کولتوری داوە و تێروانینی ملیۆنەها ئینسانی بۆ تۆپی پێی کچان گۆڕیوە و هەمیش دەستی بەو کەرەستە مەتریالە مادییەدا گەیشتووە کە لەسەر بنەماکانی ئەو بتوانێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت.

لە دۆخی کوردوستاندا، من دڵنیام کە ئێمە ڕووبەڕووی هەمان باری سیستەمی قانونی نین لە پەیوەند بەو ڕێگرییە قانوونیانەی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە نایەلێت کچان بچنە ناو یاریگاکانی فوتبپڵینەوە و سەیری یاری بکەن، بەڵام دڵنیاشم کە ڕێگرییە کولتورییەکانی کە لەبەردەم کچاندان بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە هەموو بوارەکانی وەرزشدا، لە دەمی تیژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئیران تیژترە. سەرنجدانیش لە نابەرابەری مەتریاڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا، نیگایەکی تیژی پێویست نییە.

کچان و پیاوان لە کوردستاندا بە مانای وشە لە هەردوو بوارەکانی ( نابەرابەری ماددی و کولتوری)دا دەبێت خەباتێکی هەمەلایەنە پێکەوە ئەنجام بدەن تا هیچ نەبێت هەواڵی گەورەبوونی ئەم یارییە بەو هەموو گەنجەی ئاشقی فتبۆلە بگەێننن و لە پاڵ میسی و ڕۆناڵدۆکانی خۆیاندا، ئایدلە کچەکانی خۆیان وەک ڕێنیشنادەرێکی نموونەیی لەبەر چاودا بێت.

کاتێک نێتفلێکس زنجیرەی " The Queen’s Gambit” نیشان دا کە سەبارەت بە Beth Harmon و چۆن ئەو لە خانەی بێدەرەتاناندا و لە ژێرزەمینی ئەو شوێنەدا لە ڕێگەی کابرایەکی عەبووسی وەک میستەر شەیبلەوە فێری یاری شەترەنج دەبێت و دەبێتە ناوێکی گەورەی جیهانی، ئارەزوو بۆ فێربوونی یاری شەترەنج لە وڵاتگەلێکی زۆردا گوڕ و تینێک بەخۆیەوە دەبینێت کە وێنەی نییە.

بۆیە ونبوونی سەرنجدان لە هەواڵەکانی تۆپی پێی کچان لەم دۆخەی ئێستایدا، نەک هەر شەقتێهەڵدانە لە پرەنسیپە ئینسانییەکان، بەڵکو درێژکردنەوەی کولتوری بە سووک تەماشاکردنی تۆپی پێی کچانە و تێکشکاندنی ڕۆحیەتی ئەو کچانەیە کە دەیانەوێت وەک کوڕانی هاوڕێیان لەم گەمە گەورە کۆمەڵایەتییەدا بەشدار بن.

 

  1. Filip Edvardsson, Felix P. 2018 , Samma sport, samma guld, olika kön, Linnéuniversitet

  1. Cesar Fältskär, Felix Tornberg och Karl Andersson، 2020، Ingenting avgörs här، det bara låter så”JMC

  1. Joakim E, 2019, Varför är läkterna så tomma på damernas matcher, Malmös Universitet