ئێواره‌یه‌ و
گڤه‌ی (با) دێ..
هه‌ور ئاسمانی گرتووه‌
ئێواره‌یه‌ و
داری پایز ئاهه‌نگی مردن ئه‌گێڕێ..
گه‌ڵا سه‌رچۆپیی گرتووه‌

*

ئێواره‌یه‌ و
منی ته‌نیا له‌ناو کۆمه‌ڵێ تارمایی ڕێبوارانا..
له‌ سه‌رمانا.. ئه‌له‌رزم و
هه‌نگاو ئه‌نێم به‌ ژێر باڵی ڕه‌هێڵه‌ و شه‌سته‌بارانا

*

ئێواره‌یه‌ و
منی بێ پاڵتۆ.. بێ چه‌تر..
ده‌ربه‌ستی تۆف و سه‌رما نیم
ئێواره‌یه‌ و
که‌س بۆ خه‌می من ناسوتێ..
ئای له‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شانه‌ی دیم!

*

ئێواره‌یه‌ و
خۆشه‌ویستی و ترسی پایز..
هه‌موو گیانمی گرتۆته‌وه‌
ئێواره‌یه‌ و
پایز له‌ دڵی ته‌زیوما..
ئاگرێکی پڕ بڵێسه‌ی کردۆته‌وه‌

*

ئێواره‌یه‌ و
زۆر حه‌ز ئه‌که‌م له‌ جێی باران..
گه‌ڵای زه‌رد به‌ سه‌رما داکا
ئێواره‌یه‌ و
باوه‌ش ئه‌که‌م به‌ گه‌ڵای مردووی پایزا..
ئه‌و پایزه‌ی ڕه‌نگی قژ و ڕه‌نگی چاوی ئه‌و.. ون ناکا

*

ئێواره‌یه‌ و
تاوێکی تر گۆڕه‌که‌ی ئه‌گرمه‌ باوه‌ش
لێی ئه‌پرسم.. ئاخۆ شه‌وان سه‌رمای نابێ؟..
ئاخۆ سڵ ناکا له‌ گرمه‌ی هه‌ور و له‌ لوره‌ی باڕه‌ش؟