با ئاوه‌که لیخن نه‌که‌ین؛
پێده‌چێ له‌وخواره کۆترێک ئاو بخواته‌وه
یان له بێشه‌یه‌کی دوورا، ڕه‌نگاڵه‌یه‌ک په‌ڕی بشوا
یان له ئاواییه‌کا، گۆزه‌یه‌ک پڕ بکرێ له ئاو.
با ئاوه‌که لیخن نه‌که‌ین؛
پێده‌چێ ئه‌م ئاوه زوڵاڵه بچێته قه‌د سپیدارێ
تا خه‌می دڵێک بڕه‌وێته‌وه
ئه‌شێ ده‌ستی ده‌روێشێ نانێکی وشکی پێ ته‌ڕکا.
وا ئافره‌تێکی شۆخ هاته ڕۆخ ڕووباره‌که
با ئاوه‌که لیخن نه‌که‌ین؛
جوانیی ڕووخساری دوو هێنده بووه.
ئه‌م ئاوه چه‌ند ڕه‌وانه!
ئه‌م ڕووباره چه‌ند زوڵاڵه!
خه‌ڵکی ئه‌و به‌رزاییه چه‌ند ساده‌ن!
با کانییه‌کانیان قوڵپ بدا، مانگاکانیان شیر بده‌ن!
من دێکه‌یانم نه‌دیوه،
بێگومان لای په‌رژینه‌کانیانه‌وه شوێن پێی خوا دیاره
له‌وێ تریفه‌ی مانگ مه‌وداکانی قسه ڕۆشن ئه‌کاته‌وه
بێگومان له‌و دێیه‌ی سه‌ره‌وه، په‌رده‌کان نزمن
خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌زانن گوڵاله‌سووره چ گوڵێکه
بێگومان له‌وێ شین شینه
که خونچه‌یه‌ک شکۆفه ئه‌کا، خه‌ڵکی دێ لێی به‌ئاگان
ئه‌بێ چ دێیه‌ک بێ؟!
کۆڵانی باخی پڕ مۆسیقا بێ!
خه‌ڵکه‌کانی کن ڕووباره‌که له ئاو تێ ئه‌گه‌ن
لیخنیان نه‌کردووه، با ئێمه‌ش
ئاوه‌که لیخن نه‌که‌ین.