زستان سه‌ری ته‌م و مژی..
هه‌وره‌بروسکه‌ی په‌رچه‌م و قژی..
له‌سه‌ر شوشه‌ی ته‌زیوی په‌نجه‌ره‌که‌مه
له‌ته‌م و مژ و بارانا.. له‌دووره‌وه.. چرایه‌ک کز.. کز ئه‌سوتێ..
حه‌په‌ی سه‌گ دێ.. ئه‌ترسم و
ده‌ستم له‌سه‌ر مشتوی شکاوی خه‌نجه‌ره‌که‌مه
*
گرمه‌ی هه‌وره.. یان هه‌ره‌سی شاخ و کێوه؟!
گوێم لهچرپهیهکی کپه و هاوارێک دێ له‌ناو (دێ)وه
چه‌خماخه‌یه.. یاخود گڕی له‌یه‌کدانی گاشه‌به‌رده..
به‌ره‌و هه‌ڵدێر ئه‌بێته‌وه؟!
له ته‌مومژ و بارانا.. له دووره‌وه.. چرایه‌ک کز.. کز ئه‌سوتێ..
ئهکوژێتهوهو دائه‌گیرسێ..
دائه‌گیرسێ و ئه‌کوژێته‌وه
*
چه‌ند سامناکه له‌ودیو شوشه‌ی..
به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی زستانێکی تووشا بمرم!
ببم به پارچه شه‌خته‌یه‌ک
بمرم و که‌س پێم نه‌زانێ..
مه‌رگم له‌دڵی ئازیزا.. نه‌بێته بومه‌له‌رزه‌یه‌ک
باسکی نه‌رمی نه‌نێته ژێر مل و سه‌رم
جه‌سته‌ی سڕم نهداتهبهر نمهفرمێسکێکی گه‌رم
*
ئه‌مشه‌و ئه‌گریم.. هه‌ر دڵۆپه فرمێسکێکم..
بۆته گۆڕ و مه‌زاری ساردی خه‌نده‌یه‌ک
گه‌ر هه‌ر دڵۆپه ئهشکێکم.. ئازارێکم بگرێته خۆی..
ئه‌بێ چاوانم داگیرسێ وه‌کو ئاسمانی ڕێژنه‌یه‌ک
*
له‌ته‌م و مژ و بارانا.. له‌دووره‌وه.. چرایه‌ک کز.. کز ئه‌سوتێ و
په‌پووله‌ی وه‌نه‌وز له‌گوڵ و په‌رژینی چاوم تۆراوه
سه‌گوه‌ڕ تادێ گه‌رم ئه‌بێ.. ئاسمان هه‌ر چه‌خماخه ئه‌دا..
حیله‌ی ئه‌سپێک تێکه‌ڵ به‌گرمه‌ی هه‌ور ئه‌بێ و
ڕه‌نگی بارانیش گۆڕاوه
*
خه‌و ئه‌بینم.. یان به‌ئاگام.. من دوودڵم..
زرمه له شوشه‌ی په‌نجه‌ره هه‌ڵده‌ستێت و
ده‌ستێکی ڕه‌ش شانم ده‌گرێ.. به دارستانێکی ڕه‌شدا
ڕامئهکێشێ به‌سه‌ر سه‌دان کاسه‌سه‌ر و تاشهبهردا
شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یه‌ک خۆی ئه‌دا..
بهسهرسنگ و ده‌م و چاوما
خوێنێکی سارد له‌ڕووم ئه‌تکێ..
ترسێکی زۆر له هه‌ناوما
ڕائه‌چڵه‌کێم.. هه‌ڵئه‌له‌رزم.. زینده‌خه‌و بوو..
سهرههڵئهبڕم.. شوشه‌ی په‌نجه‌ره شکاوه
لهتهکمهوه چۆله‌که‌یه‌کیش مردووه..
سهرههتاپام.. ژووره‌که‌شم.. نوقمی خوێنی باراناوه!
سلێمانی_ شه‌وی 19/11/1982