دەقێکى تێکشکاو لە نێو ترادسیۆنى کۆمەڵایەتى و دینیی و عەقڵییەتى باوکسالاریدا
ئەمشەو خەوم بە زیندووبوونەوەى خۆمەوە بینى، زانیم کە ئیتر تۆ دێیت
نا......ڕوئیا
ئەمڕۆ گوڵێک لە حەوشەکەمانا ژاکابوو، زانیم کە ئیتر تۆ نەخۆشیــــــــــــــــــــــــــــت
ڕۆحى ڕەیحانەیەک لە حەوشەکەدا سیس هەڵگەڕابوو، زانیم کە ئیتر تۆ دڵت شکاوە
دەموچاوى باخچەکە زەرد هەڵگەڕابوو، زانیم کە ئیتر تۆ سەفەرت کردووە
بیرم لە قیامەت کردەوە، زانیم کە ئیتر تا هەتایە تۆ لێرە نیت
بەهۆى کورتبڕى و واتادارى و ڕوە میوزیکیەکەى، شیعر لە دنیاى ڕۆشنبیریى ئێمەدا زیاتر لە ژانرەکانى دیکەى ئەدەب ئامادەیی هەیە، کە ئەمەش لەگەڵ بوونى چەندین تێکستى جددى و چەندین بەناو شیعرە کە هیچ نین جگە لە مەسرەفگەراییەکى گەورە لە وشە و گاڵتە کردن بە عەقڵى خوێنەر و، نائامادەگى فیکر و فڕێدانى وشە بە بێ ئەوەى بە بیرکردنەوەدا تێپەڕێت، بۆیە قسەکردن لەسەر فەوزاى شیعر فرە ڕەهەندە و زیاد لە هۆکارێک دەروازەیان بۆ کردۆتەوە، هەرچەندە من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سانسۆرکردنى نووسیندا نیم، بەڵام دەشێت ئەوەش بوترێت، شیعر پردێک نییە بۆ بەیەکگەیاندنى واقیع و خەون، یا خەیاڵێک نییە بەشێوەیەکى ڕەها لە نێوان خەون و واقیعدا، بەڵکو شیعر زیاتر زمانى ئەو برینانەیە لە قوڵایی ڕۆحدان و تەنیا ئەویش دەتوانێت وەریانگێڕێتە سەر زمانى مرۆڤ. شیعر دنیابینیەکى ترە بە زمانى فانتازیا، لە پاڵ ئەوەشدا هەموو شیعرێ: دەبێت هەڵگرى تایبەتمەندییەکانى شیعر بێت، نووسینى جددى پڕ نییە لە سادەگۆیی و مەسرەفگەراییء خاڵى نییە لە فیکر و ئیستاتیکا و ڕوانینى جیاواز بۆ کۆى ڕەهەندەکانى ژیان، ئەز هاوڕام لەگەڵ پشکۆ نەجمەدین کە پێى وایە ((دڵنیابوون لە تەندروستى شیعرى ئەمڕۆى کوردى زێدە سەخت و ئاڵۆزە)). بۆیە کارکردن لەم بوارەدا پێویستى بە ئەزموون و باکگراوندێکى مەعریفى هەیە لەگەڵ ئەو چاودێرە ناوەکییەى کە وا لە مرۆڤ دەکات بە ترسەوە بنووسێت، بەر لەوەى ئەوانى تر بە دیدێکى ڕەخنەییەوە لێى بڕوانن، خۆى بە پرۆسەى ڕەخنەدا دەقەکە تێپەڕێنێ لەبەر ئەوە گرنگە وەک مامۆستا تەحسین حەمە غەریب لە کتێیى (دڵ و چاو)دا دەڵێت: (نالى فێرى کردم کە کەمتر بنووسم و زۆرتر بیربکەمەوە) لەبەر ئەوە بیرکردنەوە مەرجى لە دایکبوونى هەموو تێکستێکى باشە، هەر وەک چۆن لە دەرئەنجامى بیرکردنەوەدا باوکى فەلسەفەى مۆدێرن دیکارت دەبێژێت: من هەم، لەبەر ئەوە شیعر ئامادەگییەکى بەرچاوى لە کولتوور و گۆڕنکاریى ئاستى هوشیارى زۆر بەى کۆمەڵگاکاندا بینیوە، کە زۆرجار مێژووى نووسیوەتەوەو زۆر جار ڕۆڵى زانستەکانى کۆمەڵناسىء دەروونناسى بینوە، بۆ گەڕان و خوێندنەوەى مێژووى نەتەوە جیاوزەکان هەڵەیەکى کوشندەیە گەر شیعر فەرامۆش بکرێت، ئێمە گەر مێژووى ئیسلامیش سەیر بکەین پەیامبەرى ئیسلام بۆ گەیاندنى پەیام و ڕووبەڕووبوونەوەى نەیارانى شاعیرى تایبەت بە خۆیى هەبووە(حەسانى کوڕى سابت). ئەگەر ئەفلاتون شاعیران لە کۆمارەکەى دەکاتە دەرەوە و پێى وایە ئەوان خاوەنى هەست و سۆزن ناکرێت مەنتیقیانە بەرخورد لەگەڵ ڕووداوەکانا بکەن، ئەوا ئەرستۆى فەیلەسوف کتێبى هونەرى شیعر دەنووسێت. خەیامى گەورە شاعیرى فارس گومان و پرسیارە وجوودییەکانى خۆى دەخاتە چوارچێوەى شیعرەوە، حاجى قادرى کۆیی ڕێگاکانى دروستکردنى دەوڵەت و ڕێگرییەکانى دروستبوونى دەوڵەت لە شیعردا، دەکاتە پەیام و ئاماژەى بۆ دەکات، تا دەگاتە قانع کە ڕووبەڕووى دەرەبەگ دەبێتەوە و هوشیارى لە ناو چینى هەژارى ئەوکاتەدا کە لە ئاستێکى نزم دابووە لە ڕێگەى شعرەوە داواى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و نەچەوسانەوەى هەژاران دەکات. شیعر بە ئەندازەیەک گرنگە کە زاناى فیزیایی ئەلبێرت ئەنشتاین (1870 – 1955) دەڵێت (بیرو هزرى زانستى هەمیشە ڕەگەزێکى شیعرى تێدایە) تا دەگاتە حەللاج بۆ گەیاندنى بۆچوونەکانى بەرانبەر خودا، پەنا دەباتە بەر شیعر کە دەڵێت( ڕۆحى خۆت ئاوێتەى ڕۆحم کرد، وەک ئاوێتەبوونى مەى لەگەڵ ئاوى سازگار، ئەگەر شتێک دووچارت ببێت ، دووچارى منیش دەبێت، بۆ یە تۆ هەموو کاتێک منى ).گرنگە بڵێن نیچە چەند فەیلەسوف بووە ئەوەندەیش شاعیر. ئێمە گەر بگەڕێینەوە بۆ لاى نووسەرانى خۆمان وەک مەریوانى وریا قانع و بەختیار عەلى و فارووق رەفیق و ڕێبوار سیوەیلى هتد...، چەند لە ناو دنیاى جەنجاڵى فەلسەفە و تێزە فیکرییەکاندا سەرقاڵن لە بەرانبەر ئەوەشدا هەریەکەیان خاوەنى کتێبى شیعرین، لێرەدا دەکرێ زیاد لە نموونەیەک بهێنمەوە لەسەر گرنگى شیعر و پەیامەکەى لێرەدا ئەوەندە بەسە، لە بابەتێکى دیکە دا بە چڕى دێمەوە سەرى، من دەپرسم ئەوە چییە وا دەکات خەییام و حافز و مەولاناى ڕۆمى و سەعدى شیرازى و فەروغ و نالى و مەحوى، دواى چەندین ساڵ و سەدە لەناو ئێمەدا بخوێنرێن و ناویان هەر جاویدان بێت؟ بێگومان شیعر. شیعر بۆ من وەک هاوڕێیەکى هەمیشەیی بووە و لە تەنیاییمدا بەسەر ئەودا گریاوم و جیهانى ناوەوەى خۆمم نیشانداوە، وەک دوایین پەناگاو، دوایین ماڵ، ئەوم ناسیوە، ئیتر لەم پێشەکییەوە لە پەنجەرەى دەقێکى شیعریى دەدەم کە عیشق تێیدا لەبەردەم مردندایە، شاعیرێک گرفتارە لەگەڵ زەبوونى و تێگەیشتنى ئەوان بۆ عیشقى حەقیقى و تێکەڵ کردنى ئایین و کولتوورى کۆمەڵایەتى، کە ئەمانەش دەبنە کابووس بەسەر ئەم عیشقەوە، ئەو دەقە شیعرییە (ڕوئیا)ى (هەردى شەفیق)ى شاعیرە، کە پڕە لەوێنەى شیعریى ناوازەو لەگەڵ خوێندنەوەیدا هەست دەکەیت لەبەردەم دەقێکدایت کە نابێت بە سادەیی بەسەریدا گوزەر بکەیت، کۆى پێکهاتەکانى قەسیدەکە بە دەورى کۆدى گشتى قەسیدەکەدا دەخولێنەوەو وەستایانە وێنەکانى دروست کراون، ڕوئیا دەقێکى ڕۆمانسییە، بەڵام لە دەستپێکەوە تا کۆتایی حەسرەت دەستت دەگرێت و عیشق لەناو فیکردا دێتء دەچێت، شاعیرێک لەگەڵ خۆى دەتبات و پێت دەڵێت ئەوە برینەکانمە کە عیشق دروستى کردوون، هەر لە سەرەتاى دەقەکەوە شاعیر سوێند دەخوات و بێزاریى خۆى دەردەبڕێت لەو شیعرانەى کە پڕن لە ستایشى بێ مانا و لە شەوى سەرخۆشەکان و لەو منارانەى خەو بە کوشتنى عیشقێکەوە دەبینن تا دەگاتە ئەوەى شاعیر دەڵێت:
(مردن لە هەموو قانونەکان یەکسانى خوازترە )
هەموو هەڵهاتنێک لە شیعر هەڵهاتن و دوور کەوتنەوەیە لە بەشێک لە حەقیقەتى جوانى و ڕوویەکى جوانى دنیابینى، بۆ شیعر بەتەنیا ئەوەندە بەس نییە لەژێر ئاسمانا چاوەڕێى بارانى ئەڤین بکەین، شیعر ئەوەیشمان فێر دەکات چۆن لەژێر ڕێژنەى ئازاردا دڕندەکەى ناو ناخى خۆمان پەتکەین و دیسان باڵى فریشتەکەى ناو ناخمان بکەینەوە بۆفڕین، لێرەوە لەوە تێدەگەین گەر ڕێگایەکى دیکە هەبوایە بۆ دەربازبوون، گەر تروسکایی ئومێدێک هەڵکرایە، نائومێدیى شاعیرى نە دەگەیاندە ئەوەى هانا بۆ مردن ببات و تا ئەوەى ڕێگایەکى تر تاقیبکاتەوە و لەناو مردندا جوانیى بدۆزێتەوە. ئەم دەقە هەر وەک لە ناوەکەیەوە دیارە (ڕوئیا) کاراکتەرى سەرەکییە تێیدا، تێکەڵەیەکە لە خەیاڵ و واقیع، ڕوئیا کچێکە کە لە خوشکە سپى یەکانى ناو ڕۆمانى دواهەمین هەنارى دنیاى بەختیار عەلى ناچێت، بەڵام شاعیر و محەمەدى دڵ شووشە هەمان چارەنووسیان هەیە، لەم دەقەدا عیشقێکى جاویدانى سەرمەدى دەبینین کە شاعیر دەخاتە ئەو دۆخەوە بە کەسى دووەم بڵێت:
شەوێک ئێسقانەکانى خۆم بسوتێنم و تۆى لەبەرا گەرم بکەمەوە
دڵى خۆم پڕکەم لە مرەکەب و شیعرێکى تەڕوبڕت بۆ بنوـــــــسم
لەگەڵ خوێندنەوەى ئەم دەقەدا و لەگەڵ خەمى شاعیرێک دەربڕینى ئیحساسەکانى بۆ کچێک ئەو دیدە هیومانستییە بە دى دەکەین کە شاعیر دەیەوێت گۆرانى بڵێت بۆ ئەو باڵدارانەى مەملەکەتى خۆیان ونکردووە، شاعیر فێرمان دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بوونەوەرەکانى دیکەدا بکەین و هەمیشە باوەڕمان وا بێت کە عیشقێکیش لەناو ڕۆحى ئەواندا دەگڕێت کە دەبێت ڕێزى لێ بگرینء پێمان ئەڵێت مادام مەیمونیش دڵى هەیە ئەشێت، ئەویش خاڵى نەبێت لەو سەما ڕۆحیەى من و تۆ ئەیکەین، دەکرێت دڵى مەیمون لە دڵى مرۆڤ باشتر و جوانتر لێ بدات، ئیقاعێکى لە ترپەى دڵى مرۆ مۆسیقیانەتر بێت، بۆیە شاعیر ئەیەوێت ڕوو بکاتە ئەفریقا و سەما فێرى مەیمون بکات. لەم دەقەدا کە سەفەر ڕەگەزى گرنگێتى، کە شاعیر دەیەوێت ڕوئیا لەگەڵ خۆى ببات بۆ دوورگەیەکى دوور، بەڵام ئەمە چاوەڕوانییە و هیچى تر نا، چونکە ڕوئیا موسافیرێکە کلتور ئەو جێگایەى بۆدیارى ئەکات بۆى بچێت، بۆیە هەمیشە بە تەنیا سەفەر دەکات، هەرچەندە شاعیر پێى دەڵێت
لە خوێنى منا عیشقێکى خودایی ئەگەڕێت
کەچى ڕۆژگارەکان دامیانە بەر قامچى غەدر
بە لێوى شمشێرێک کە ژەهر و خوێن تێکەڵ دەبن
کچەکان زمانیان وەکو چەقۆ لێ دەر ئەهێنام
بەو هەموو جوانیەى دڵمەوە، چەمۆڵەیان لێنام
دۆلفینەکان
بە نانى ئەو ساڵانەوە بۆم هەڵگرتبوون، بەر تفیان دام
بەڵام بێ هودەیە وتنى ئەم حەقیقەتە ، چونکە لەژێر جەبرى کولتوورى کۆمەڵایەتیدا ڕوئیا ناتوانێت دڵى خۆى ببینێت و سەفەر دەکات، هەرچەندە شاعیر باس لە گێڕانەوەى حیکایەتى وەفاى خۆى دەکات کەهێشتا بەبێ دەمامک و بە دڵێکى پڕ لە عیشقەوە دەژى، بەڵام ئەمە نابێـتە ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو واقیعەى دوو کەس تێى کەوتوون و دواجار ڕوئیا سەفەر دەکات، هەرچەندە نیشاندانەوەى دیوى ناوەوەى شاعیر بۆ ڕوئیا ناڕاستەوخۆ بێزاریى و گلەییە لە کۆمەڵگا، لێرەشەوە قسە لەسەر کۆمەڵگەى کوردى دەکرێت کە تاڕاددەیەکى زۆر کولتوورى چەپاندن و نەبوونى ئازادیى هەڵبژاردن و بوون بە قوربانى کولتوورى باوکسالاریە، دەکرێت. لەبەر ئەوەش لەگەڵ نیشاندانى ئەم حەقیقانەدا، شاعیر داوا لە ڕوئیا دەکات، نەڕوات و پێى دەڵێت: دەبێت ئێمە بە عیشق ڕووبەڕوویان ببینەوە کۆى ناشیرینیەکانى ئەم کلتورە بە یاخیبوونێکى عاشقانە لەچاڵ بنێن. ئەوەى لەم دەقەدا گرنگە بوونى دیدیکى فەلسەفییە بۆ شار، گەرچى لەم دەقەدا شار بریتییە لە و جوگرافیایەى کە شاعیر تێیدا دەژى. شار هەمان شارى پێناسەکەى (بەختیار عەلی)یە لە ڕۆمانى (غەزەلنوس و باغەکانى خەیاڵ)دا، بەڵام بە تایبەتمەندییەکى دیکە. چۆن لاى بەختیار غەریبیى مرۆڤ لەوێوە دەست پێ دەکات کە ناتوانێت لە شارەکەى دەرچێت، هەرچەندە قسەکردنى بەختیار قسەکردنێکى گشتییە، بەڵام لاى شاعیر قسەکردنە لەسەر ئەو جوگرافیا و کولتوورەى کە خۆى و ڕوئیا تێیدا دەبنە ئەفسانە و حیکایەتێکى خۆڵەمێشى.
بە دەستەسڕێک ئارەقى ناوچاوى ئەسڕى
سەدەیەک خوێنى دڵیشى پێ سڕى بوو!
ئەو شارەى هەردى گەر مرۆڤێک لە ساتێکى کەمدا تێیدا مابێتەوە مردووە، هەرچەندە ئەم مردنە مردنێکى فیزیکى نییە، مردنێکە کە تێیدا مرۆڤ خەیاڵ و دنیابینى و خەونى دەمرێت. بەڵام لەم شارەدا تواناى ئیشکردنى نییە. هەرکەسێک لەم شارەدا سەفەرى کردبێـت نەگەڕاوەتەوە ناوى، شارێکە ڕەهەندە مرۆڤ دۆستییەکەى ونکردووە. لە درێژکراوەى ئەم دەقەدا، شاعیر داوا لە ڕوئیا دەکات تا مەست ببن بە خەیاڵ وئەڵێت کە شار هەموو دەرگاکانى بە ڕووى عەشقێکدا پێوەدا با لە سەمایەکى مەستانەى ڕۆحییدا بۆ یەکترى بسووتێین،،بابچینەوە خەڵوەتى عیبادەتى عەشق، با بە عەشقى یەکترى ڕووبەڕووى قەدەرە تاڵەکان ببینەوە. هەروەها پێى دەڵێت گەر ناتەوێت لەگەڵم ڕووبەڕووى تەحەداکانى کولتوورى دینى و کۆمەڵایەتى و عەقڵییەتى جەلادانە ببیتەوە، ئاوها بە لەگەڵم
وەکو جەنازەیەکى ڕاکێشراو ڕابکێشى، ڕام بکێــــــــــَشە
وەکو بەشوێن قەترەى خوێنى کوژراوێکدا بمبەی، بمبە
هەر لەم تێکستەدا ژیان و عیشق شوناسى خۆیان وەردەگرن. ژیان دەبێتە گوڵێکى نایلۆن کە تەنیا ڕەنگێکى هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەى جوانییەکەى چاومان تێر بکات و بۆنەکەى بگاتە سینەمان، لاى هەردى چاوەڕوانى مرۆڤ نابینا دەکات و عیشقیش ڕۆڵى تاعون دەبینێت و ڕێگا نادات کە ئەو دەڕوخێت، مرۆڤ بە ویستى خۆى زیندوو بێت. ئاماژە بەوە دەکات ئەم گیرۆدەبوونە بە عیشقەوە بەو جۆرەیە هەرچۆنى بوێت ئاراستەم دەکات، دواى ئەوەى ڕوئیا سەفەر دەکات، ئیتر ئەو لەبەردەم ئەو پەنجەرەدا کە چاوەڕوانى ڕوئیاى دەکرد تێیدا، لەدواى سەفەرى ئەو لە ناو دوکەڵى جگەرەدا ئیتر هیچى لێوە نابینێـت
زەمەنێک بە ئازارى دڵشکانى تۆوە دەمـــــــــــــــــــردم
تۆ هەمیشە بە بەر پەنجەرەیەکى خۆڵەمێشیا ئەهاتى
ئێستا دووکەڵى جگەرە ناهێڵێت کەسى لێوە ببیـــــنم
کە ئەمەش دەلالەتە لە دروستبوونى حاڵەتێکى سایکۆلۆجى لە شاعیردا و مانەوەى لەناو خەیاڵات و بیرکردنەوە لە ڕابوردوو کە ڕۆژگارێک ڕوئیا لەبەردەم ئەو پەنجەرەیەدا تێپەڕیوە، ئێستا سەفەرى بەر ئەو پەنجەرەى دەرگاى بینینى بە ڕووى شاعیردا داخستووە وەک خۆى دەڵێت (کەڵکى بنیاتنانەوەى پێوە نەماوە، تەڕ وەک ئەوەى بە ژێر خوێن باریندا هاتبێت، ئیتر سەر ناخاتە سەر سەرینى خۆشبەختى، دڵى بۆ مەرگ دەکات بە بەردەباز، کە سەیرى ئایندەش دەکات تەنیا ناکامى لێوە دیارە، کە دەڕوانێتە ڕابوردوو تەنیا خۆڵەمێش دەچنێتەوە، پیرى و نائومێدى، بە بێ کەسى دەیکوژن و خەونەکانى وەک پەڕەى هەڵوەریوى گوڵ دەژمێررێت). لەگەڵ خوێندنەوەى بەردەوامى ئەم تێکستەدا هەست بە ئامادەگییەکى بەرچاوى کولتوورێکی داخراو دەکەیت تێیدا، کە ڕۆڵى گرنگى گێڕاوە لە سەفەرى ڕوئیا و بە ناوى حەرام و حەڵاڵەوە عیشقێکى حەقیقى بۆتە خاپورەى خورافە و ناهوشیاریى بوونەوەرى نێو ئەو کولتوورەى ئەو دواى بێ ئومێد بوون لە نەگەڕانەوەى ڕوئیا و کەوتنە گۆشەى فەرامۆشییەوە تکاى لێ دەکات کە بەوانە بڵێت کە ناچار بە سەفەریان کرد، ئیتر کەسێک نامێنێتەوە بۆ جوانى بژى و هەموو ئەوانەى دێن ئا لەو جۆرە ئادەمیانەن لایان وایە (عیشق شیعرنووسینە لەسەر کفنێکى سپى و موحیبەتیش باوەش کردنە بە کێلى گۆڕێکدا)هەڵاتن لەو دۆخە دۆزەخیە بە تاکە ڕێگا چارە ئەزانێت لەو ڕۆحلەبەرانەى خەیاڵەکانیان کوشتین، ئاخر دونیاى ئەو دونیایەکى لێوڕێژە بۆ ئێوارەى عیشقێکى لەدەستچوو، لەو وێنە شیعرییەدا کە ئەوى بە زەڕنەقوتەیەکى کوژراو وێنا کردووە لە دەستەکانى کولتووردا و بوون بە دڵى پاسارییەک لەژێر هەموو داخوازییەکانى ڕوئیادا، شاعیر یەقینى خۆى ناشارێتەوە کە ژیان و ئاسودەیی خۆى لە بوونى ڕوئیادا دەبینێت و لەوەش دڵنیایە کە بوونەوەرێکى دیکە دێـت و هەموو یادگارییەکان تێک دەدات و عیشقى ئەمیش بە تاڵان دەبات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەردى ڕوئیا لەبیر ناکات و کاتێک گوڵێک لە حەوشەکەیاندا دەژاکێ، دەزانێ کە ڕوئیا نەخۆشە و ڕێحانەیەک لە حەوشەکەیاندا سیس دەبێت، دەزانێت ڕوئیا دڵى شکاوە، کە هەردى بیر لە قیامەت دەکاتەوە، ئیتر دەزانێت تا هەتایە ڕوئیا لێرە نابێـت و ناگەڕێتەوە، هەر ئەم (دەق)ە خاڵى نییە لەو وێنە شیعریانەى کە دەچنە خانەى ڕیالیزمى سیحراوییەوە، پەیوەست کردنى ڕووداوەکان بە سروشتەوە و زیادەڕۆیى کردن لە دروستکردنى وێنە شیعریەکاندا وەک دەڵێت
خەوم بینى پەتۆکە لەسەر لاشەم نەمابوو، زانیم کە تۆ شەو سەرمات بووە
ئێوارەش بیرم لە مەحشەر کردەوە، زانیم کە تاهەتایە تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ ئێرە
یان.......
چیرۆکى ئەو شەوانەى ئەگێڕایەوە، تەنیایی میوانى دڵێکى شکاوە
ئەو خوێنەى لە سینەى ئەڕژا، شارى لە بۆنى تەنیایی هەل ئەکێشا
یاخود.....
دنیا لە تۆزى ئەسپەکەیدا ئەکات بە غوبــار
جیهان لە دوکەڵى جگەرەکەیدا ئەخنکێنێت
ڕوئیا یەکێکە لەو دەقە شیعریانەى بە سادەیی تێناپەڕن و لەسێ زەمەنى جیاجیادا حیکایەتى عەشقێکى کوژراوت بۆ ئەگێڕێتەوە، سەرەتا بە سەفەرى ڕوئیا دەست پێ ئەکات و پاشان بە مردنى شاعیر و دواجاریش گەڕانەوەى ڕوئیا بۆ سەر گۆڕى یارە عەشقکوشتەکەى، ئەتوانم بڵێم ئەمە یەکێکە لەو دەقانەى ئەمێنێتەوە لە خەیاڵى خوێنەردا، مرۆڤ هێدى هێدى ڕادەکێشێتە ناو گفتوگۆ و ڕووداوەکاونەوە، هەرچەندە دەقێکى شیعریى درێژە، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەیدا هەست بە بێزارى ناکەیت و نووسەرەکەى ڕێزى وشەى گرتووە، لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر کۆى دنیابینى ئەم دەقە و شیکردنەوەى هەموو ڕوانین و ڕەهەندەکانى پێویستى بە دەرفەتى زیاترە.
- غەزەلنوس و باغەکانى خەیاڵ بەختیار عەلى
- دڵء چاو تەحسین حەمە غەریب
- دیکارت و ئەقڵانیەت ڕێبوار سیوەیلى
- باشترین هۆنراوەکانى نیچە
- ڕەنگدانەوەى کەسێتى ء دنیابینى حەلاج ێەبور عەبدولکەریم
- چەند کورتەیەک دەربارەى شیعر پشکۆ نەجمەدین