ئەى خودا گەڵاى ئەم دڵە باران  شۆردەم،
بنێرەوە سەر چۆماوى عیشقێ
ئەم دڵەم بنێرەوە سەر خوێندنەوەى سورەتە
کچێ، وەلێ سورەتێ ئایەى لێ چۆڕێ و
سورەتێ کەرەم و ڕەحم و دڵنەوایى و ئاخیرەتى
عەشقى لێ بچۆڕێ
سورەتێ جریوەى هێلانەى دڵنەرمیی و تنۆکاوى
ئاگرى مێى لێ بچۆڕێ
دەى خودا تەرووى ئەم زمانە وشکەڵەم بە
هەناراوى چەمەزمانى کچێ تەڕ کەرەوە
سەحراى ئەم وەستان و نەنووسین و خوێنجومانى
پایزە ساڵەم
بە مەخمەڵى تێرهەڵاڵەى زەردەخەنەى کچێ سوور
کەرەوە
گوێ برینى ئەم تەنیاییەم بە خوێى ختووکەى
مزرە کچێ پڕ کەرەوە
دەى خودا لە گەڵ سوورایى ئەم ئێوارە نمناکەدا
فڕکەى کۆترى ئەم دڵە پڕ لە عەشقەم
بماڵە بە مۆراوى پەنجەرەى باڵا کچێکى
سنەوبەریدا
وەلێ وەلێ خودا کەنیشکێ لە باڵادا سەرى چنار
و سنەوبەرەکانى تۆ بشارێتەوە
کەنیشکێ لە قوڵپى گڕدا گاڵتە بە گڕى سەقەر
کا و
کەنیشکێ لە ڕووخۆشى و مێخۆشیدا تامى تافى
باسووق بدا و
کەنیشکێ لە مزرى و ڕاکشانى لەزەتدا تام و
ئاوى باخێ لیمۆ بدا و
کەنیشکێ لە گوێ کووان و مەکر و نیگادا تامى
دەشتێ پشکۆى شەو با و
کەنیشکێ لە عەترى لەرە و چوونیا تامى پیاسەى
گوڵ بدا بەنێو بادا و
کەنیشکێ لە گەڵ هاژە و مەوجى سینەدا تامى
خوڕەى بەى و لیمۆ بدا لە مەغریبا
دەى خودا عاقیبەتى ئەم هەموو ڕجا و
وشکاییانەم بە بارانى (ئاوارە) به‌ و
بەڵکە بەڵکە هەر نمەیەک لە هەورى ختورەى
ئەو بگاتە دڵم و
وەک گۆزەکەى لاى خەیام ، ڕۆژێ دڵم پڕ بێتەوە
لە شەرابى چامە و
ئیتر بتوانم و بتوانم چاو لە بەفر و ژنى
ڕۆما و پاریس بنوقێنم و
بڵێم بەرلین ، هەموو بەرلین بە میوانى
زەردەخەنەى کەنیشکێکى تووى مەلیک بێ
دەى خودا جامى ئەم هەموو ڕجا و ماندووبوونەم
تەژى کە لە خوێنى میهرەبانى
گۆلاوى ئەم هەموو دێڕەم تەژى کە لە
میهرەبانى ئاوارەیەک
ئەى هاوڕێ گیان ئەى هەناسە و ئەى گوڵى یاخى
لە خۆم و قەڵەمەکەم
ئەى نیعمەتى بارتەقاى باخێ شکۆفەى
شارەزوورم
ئەى ئاوارە، ئەى مێخۆشترین مەخلوقى ئەم
وڵاتى مەکرە بایە
تو بى و سورەتى ئاوارەیى دڵەکەت ، تو بى و
قامەتى لە عەرعەر عەرعەرترت
لە ئاوارەیى نەجاتم بە بە ڕۆژ و قیانەتى
عەشقیش بێ
بە پاڵ تابوتى غەزەب و دڵشکانى خۆشتەوە بێ
ئەى هەناسە، ئەى چاو هەسارەى قامەت عەرعەرى
لیمۆ مەخلوق
ئەى بارانى نەباراوى بەهارە مێ، ئەى
کەنیشکى تاقانە مێخۆشى ناو شار
تەسلیممکە، تەسلیممکە بە سێبەرى ئەرخەوانى
گردێ لە گردەکانى خۆت
بە پێچى ئەو سەرپۆشە سەوزە و کە هەزار و یەک
هەورى خوا دێنێ
ئەى هەناسە بە پێچى عەشقم گەیەنە تۆ
بە ڕۆشناى مانگى ئەو چاوانە و کە نوورى
خودایان لێ دەتکێ
ئەى هەناسە بە نوورى جەنەتى عەشقم گەیەنە تۆ
ئەى هەناسە ئەى گوڵى یاخى لە خۆم و
قەڵەمەکەم
ئەى گوڵى گوڵکوژى گوڵەدەنگى ئێواران و
شەوانم ، چى تێدەچێ
تۆ بە فەرسەخى ڕۆژێکى خۆت شادم کە و
بە قرچەى دانبشتنێکت بم برژێنە و بەڵام بڵێ
وا دێم
بڵێ وا دێم وا دێمە سەر بەرماڵى حەقیقەتترین بەرماڵى عەشق
هەتا بڵێم خوا درەنکە و خوا ئەو کەى دێ و یەک
شەممە کەى دێ و
بەرچنەى ئەم دڵەم کەى پڕ دەبێتەوە لە
هەنجیرى عەشق
ئەو کەى دێ و کەى ئەمداتەوە بە لا تەمووى
جوانییەکدا
کەى دێ و کەى لە نسیبى ئەودا من ئەگەمەوە بە
لەحزە سەوزەکانى نیشتمان
کەى کەى دەگەمەوە بە تەڕبوونەوەى چەمەکانى
گۆرانى و
کەى کەى ئەو هەموو دڵە دڵشکاوانەم بە شیعر
ئاشت کەمەوە و
کەى جارێتر خوا فرسەتم ئەبێ و ماڵە
داخراوەکانى لاى جوانى کەمەوە
کەى جارێتر خوا فرسەتم دەبێ
جێ پێى جنێوى ئەو ڕۆژنامانە بە بەفرى عەشق
داپۆشم و سپیان کەمەوە
بەڵام بەفرێ لە بێستوون لە بەرزاى سەر سینەى
خۆتەوە ئەى یار
بەفرێ، هەتا هەتاوى خوداش نەیکا بە ئاو
بەفرێ، توانەوەى ئاگر و پشکۆ بێ و نەبێ بە
ئاو
دەى خودا ئەو کەى دێ و بوکە یەک شەممەى ئەو
هەفتە کەى دێ و
بە خێر ئاگرى ئەو ژووانە کەى دێ و
بە خێر ئەو سنەوبەرە کەى چپەى دەدا بە من
کەى بە شیلەم دەدا و کەى نوقڵى هەواڵێک
دەنێتە دەمى گوێم
کەى لەکانى ئەو پەنجانە تنۆکى گڕ
دەچۆڕێنێتە سەر دەستم و
کەى پێم دەڵێ لە ئێستەوە دەبینە یەک
لە ئێستەوە ماڵێک بۆ عیشق ئەکەینەوە و لە
ئێستەوە من دەبم بە تۆ و تۆ دەبى بە من
لە ئێستەوە لە دۆزەخى تاراوگەوە دەتهێنمەوە
جەنەتى وڵات و
وەک تەیرە ڕۆح سووکەکان دەتفڕێنمەوە سەر
دارى شیعر و
درەختى شکاوەى هەموو خەیاڵێکت ڕاست
دەکەمەوە و
باران دەنێمەوە سەر چەمە دڵتەنگیەکانت و بە
ئاوارەیى خۆم ئاوارەیت بیر دەبەمەوە
عەهد دەدەم ببم بە تۆ، ببم بە پردى ئەو
عەشقەى تۆ ئەتەوێ
ببم بە عەترى ئەو ژنە ڕووخۆشە و تۆ تەمەناى
دەکەى
دەى خودا ئەو ڕۆژە کەى دێ و ژووانى ئاوارە
کەى دێ
ئەى خودا کەى، ئەم شیعرە کەى ئەکەوێتە سەر
پێ
خودا تۆ بڵێ کەى کەى
واى واى خودایە نە ئەو هات و نە ڕۆژ هات و
نە سەرەتاى ئەم چامەیەش گەشت بە نیعمەتى
کۆتایى
زیزبە ئەى یار هەتا سەقەرى خۆت بە خۆڵى بەر
کوانوى ئێوارانى بەر بام دەبا
زیزبە هەتا مردن بە دڵى خۆى پیاسە بە ڕۆحما
دەکا
زیزبە هەتا خوێنم ئەبێ بە شەرابى مردن
زیزبە زیزبە هەى مانگە شەوى شەوى لەچکە
هەوران
زیز بە هەى فریشتەى ناو ئاوایى زەردەخەنە
شیرینەکان
زیزبە هەی ئەو ماسییەی پێکەنین بە ئاوەدانی
گوێ ئاو دەدەی
زیز بە و بەڵام دڵنیابە ئەی باڵاترین شەکرەمێ، ڕۆژێ دێ بە دووما دێی
نەفەسێک دێ لە سێبەریێ دارسێوی شیعرێکم
بگەڕێت و نەمبینییەوە
نەفەسێک دێ لە بۆنکردنی جێ پێییەکم بگەڕیت
و نەمبینییەوە
خەتام نەکرد ئەی ئاوارە، خەتام نەکرد،
خەتام نەکرد
ئێوارەیەک لە مێخەکی تەنیایی و لە ئاوارەیی
خۆم نایە گوڵدانی دڵەکەت
خەتام نەکرد ئەی گوڵەکچ ، خەتام نەکرد
شەوێ شەوێ بە قەد نازی هەموو مریەمەکانی شار
نازم دایتێ و
بە قەد فڕکەی هەموو تەیرە مەکربازەکان من
فڕینم دایتێ، خەتام نەکرد
وتم ئەم بەهارە دەتکەم بە گوێ چەمێ لە
گۆرانی و
گەڵای درێژترین چامە دەوەرێنمە حەوشەی
سۆزێکتەوە
سۆزێ، لە غیرەدا ، هەموو کچەکانی وڵات
بکەونە سەر سەکۆی سووتان
لە غیرەدا ، هەموو جۆگەکان بکەونە سەر دەف
کوتانی وشاکایی و
لە غیرەدا ، باڵ لە فڕین بکەوێتە سەر
کەڵکەڵەی مانگگرتن و
مانگ، مانگ لە سووتانی شەو هەستێتە سەر پێ و
ئاوە چەم وڕکی ئاوڕدانەوە بگرێ و ئاگر پەڵپی
گوڵە بەفر بگرێ
لێ جەخار و جەخار و جەخار دڵەکەم لێم
نەگەشتی
لێم نەگەشتی و لە لەحزەیەکی بێ میهری و
توڕەبووندا ئەی بێ مروەت
وەک با لە پایزدا بایکۆدی هەموو شکۆفەکانت
کرد و
وەک لەعزەی ئاخرین تەق و تۆقی ناو جەنگ
ڕێت لە دەنگ و ڕێت لە پەڕینەوەی نامەکانمت
گرت و
نەتهێشت کلووی دەنگێکم و کلووی حەرفێکم
بگاتە سەر گەڵای گوێتان
نەتهێشت مەوجێ لە بەحری ئەوێتان بەمێ
ئاخەر بڵێ، ئەی مێ غەزەب، چی دەبوو چی
بە برووسکەی دەنگێ بمسووتێنن و نەمدەنەوە
بە سەقەری ئاوارەیی
بە سێبەری پڕ وەنەوشەی عەسرە عەشقێ ،
هەڵمژەنن لە تەڕایی جوانیتان و
نەهێڵن نا، نەهێڵن توترکی غوربەت پەنجە و
لاسکی ئەم قەڵەمەم بڕوشێنێ
چی دەبوو چی، ئێوارەیەک بە لێواری یەکترەوە
، نزیک لە لا کەعبەی دڵت
من حەجی گێڕاننەوەی عومرێ لە حوزنم بکردایە
و بە هەلاجی زوبانێکی ئاڵ و ئاڵ
لە لۆکەی قڕقاڵی قۆزاخەی نەگبەتی خۆمم شی
کردایە و بمگوتایە ئەم باسانە
لە خوڕەی سەربوردەی منن ، لە گڕە گوڵی سەر
سەکۆی لای جەهەنەمەکەی منن
لە گەڵای قەیرە پایزەکەی ساڵی منن ، لە خومی
خومخانەکەی دڵشکانی لای منن
ئاخەر هەی مێ غەزەب ، هەی پایزە مێ ، چی
دەبوو چی، چی دەبوو چی
چی دەبوو چی، نزیک لە کەعبەی دڵتەوە ،
سەیێکی باخە برینی پیریی منت بکردایە و
هەر لە بەر من ، ئاونگێ لە تەڕایی خۆت هەر لە
بەر من شەوقێ لە مانگە شەوی خۆت
بە یاسەمینی زامێکم بایە و وەک با لەبەر
نزوولەی گەڵایەکمدا گوێت گرتایە و
ئەوسا بە فاکی ئاگرێ ئەی یار ، خەرمەنی حەوت
مەملەکەتی ڕۆحمت ئاگردایە و
تنۆکاوێ خوێناوی سەوزت لە دڵما نەهێڵایە و
هەرچی ماڵی شیعرم هەبوو
بە قوڕی غەزەبت بگرتایە و ئەوسا ئەی پەروانە
هەر نەفەسێک نەتناسیبام و نەفەسێک نەتدیبام
نا
بەڵام سەیرە ، هەی لەچک سەوز ، هەی هەوری لە
سەری لە هەوران زێبا تر
هەی ماگەشەوی دابەزیوی خوا ، بەڵام هەر
نیشتە جێی جەبینی خۆت
سەیرە لە چاو ترووکانی ماسییەکی چەمدا و لە
لاربوونەوە و مەرگی وەنەوشەیەکدا و
لێم چووی بە قولەی ڕقێکدا و
لێم بووی بە گوللەی مێ و مێ و مێ و چوڕایتە
ئەوپەڕی دنیا و
لەم ڕەوەزی ناسینەم بووی ، بووی بە تۆفی
هەزار تۆفی شەوە تۆف و
هەموو شتێکت لەم دڵەمدا ڕاماڵی ناو
فەنابوون کرد و
تێنەگەشتم ، ئەی پەروانەی هەوری سەوزی
دەشتی سێوسێنانم
ئەم تەنوور وحەشر و قیامەتە چی بوو داتخست
تێنەگەشتم ، ئەم با و تۆف و باڕێژە چی بوو
هەڵت کرد
تێنەگەشتم ، بمبوورە ئەی یار گەر بڵێم ، وەک
چەتەی ئاو
مەرجانی ئەو هەموو دڵپاکییەت بۆ کوێ فڕاند
چ قومقومە مەخلووقێکی بەد و بەد و بەد بە لا
دیواری دڵێکی دارماودا هات و
فێری کردی ، فێری کردی پشت کەیتە ئاینی عەشق
و
وەک دوپشکان ، وەک بۆرە ماری ژێر کەڵەکان
پێی ووتی
لە بۆنی پیازی شیعر هەڵێ دەتکوژێ ئەی
پەروانە
لە بۆن سێوی گوفتی شاعیر هەڵێ دەتکوژێ و
دەتکوژێ و هەر فریوە ئەی پەروانە
لە بۆن قاوەی دانیشتن و لە بۆن دیوانی ئەو
هەڵێ هەر فریوە و هەر فریوە ئەی پەروانە
پێت نەوتم تۆیەک مەفتوونی لەحزەیەک بینینم
بووی
تۆیەک کوژراوی نەفەسی دیدارێکم بووی
ئیتر ئەم قیامەتی فیرقەتەت لە کوێوە هێنا و
لە کوێوە
لە کوێوە توانیت لە وادەی شەو و ڕۆژێکدا
،عەتری هاتنی خۆت بینی و دیسان
لە شەو و ڕۆژێکدا پوورەی ، پوورەی ئەو هەموو
شەنگە سوورەم خەیەت سەر
پێت نەووتم ئەی پەروانە ، تۆیەک دەتویست لە
نزیکەوە نغرۆم بی و
تۆیەک دەتوویست لە پێینی جوانیتەوە پێ
بنێتە ئاوی جوانیم
ئیت سەبای ئەم کوشتنەت لە کوێوە ڕاکێشایە
ناڵە و چریکە
لە کوێوە کڵپەت بە ئاگری غەزەب دا و لە کوێوە
دڵت لەم دڵە دوور خستەوە
لە کوێوە نەوتت بەسەر ئەم وەنەوشانەی مندا
کرد و لە کوێوە لە کوێوە فێریان کردی
عیشق مەرگی بە دواوەیە و شیعر کوشتن ، شیعر
مەرگی بە دواوەیە و عیشق کووستن
بڵێ چ قومقومەیەک ، پێی ووتی پێ نەنێتە
هەرێزی حەوشە و ماڵی ئەو
خۆت لە قەرەی شەراب ومەستایەتی ئەو نەدەی
خۆت نەدەی بە دەم ڕووباری دانیشتن و چامەوە
تێنەکەوی ، هەنگوینی قسەی ئەو ژەهریش لە دین
وەردەگێڕێ
زمانی ئەو عەینی گەڵای سەر کۆڵە با ، بەر بە
دیوارا هەڵدەگێڕێ
تێنەکەوی ، لیمۆی شیعرێ فریوت نەدا و بە
بزەیەک مانگی خۆت نەنێتە چنگی
تێنەکەوی ، نارنجی ژیر سەوزە گەڵای باخە
سینەت نەدەیتە دەس سیبەری ئەو
سێبەری ئەو ، شوعلە لەبەری هەتاو هەڵدەگرێ و
سێبەری ئەو ،رەنگ لە چاوی چەم وەنەوشە ئەدزێ
و
سێبەری ئەو نوورە مێ بە تاریکیدا دەبا ،
تێنەکەوی
پێت نەووتم ئەی پەروانە چ بارانێ ئاگری ئەو
دڵەی کوژاندەوە و
چ بارانێ ئەو دەوەنەی بە نیوە سووت بە جێ
هێڵا
ئاسوودە بە ئاسوودە بە ئەی پەروانە
لە مندا بی یان نا ، لە تۆدا بم یان نا
تا شەونمی هەناسەیەک بە سەر گوڵی بوونمەوە
بێ
تا گەڵای خوێنێ بە داری دڵمەوە بێ
من هەر سایە و سێبەری تۆ ماڵیم دەبێ
هەر نووری تۆ ، نووری خودا و نووری عەشق و
نووری جوانیم دەبێ
ئاسوودە بە ئەی پەروانە
تا قیامەت کوشتەت دەبم ئەی پەروانە
پایزی 2010 سلێمانی