پێشكەشە بە عیشق و رۆحی خاوێنی شەهید (د.ئاتێلا) و (فاتیمە) ی ناموراد
.........بەشەكەتی، بەڵام بەوپەڕی شادی و دڵخۆشییەوە گەیشتیتە بەردەم دەرگا دارینەكەتان، ئەو دەرگایەی كە لە یادت نییە كەی و كێ دروستی كردووە، ناشزانیت باوكت، یان چ كەسێكی تر چۆن و لە كوێوە هێناویەتی، هەرئەوەندە دەزانیت، لەوەتەی تۆ هەیت و ئەم خانووەتان هەیە، ئەم دەرگایەی پێوەیە..
لەگەڵ ئەوەی باوكت هەر چەندساڵ جارێك ڕووخساری دەرەوە و ناوەوەی خانووەكەتانی دەگۆڕی، هۆدە و هەیوانی نوێی دروست دەكرد، تەنانەت لە یادتە چەند جارێك دیواری ئەملاوئەولای دەرگاكەی سەرلەبەر ڕووخاند و جارێكی تر بە قوڕ و خشت دروستی كردەوە، وەلێ دەرگا دارینەكەی بەهەمان ریتمی جاران لە جێی خۆی دانایەوە، نەك هەر ئەمە تەنانەت لە یادت نییە تەنها جارێك لە جاران باوكت ئەم دەرگایەی بۆیاخ كردبێت. ئەو زۆرجار پێی دەگوتی: (كوڕم وەسێت بێت ئەگەر مردم لە دوای خۆشم ئەم دەرگایە بۆیاخ نەكەیت، خۆی ڕووخسارێكی زۆر تایبەت و ڕەسەنی هەیە، بۆیاخ نەك هەر شەنگی ناكات، بەڵكو تەواو دەیشێوێنێت). باوكت ئەگەرچی لەگەڵتاندا زۆركەمقسە و بێدەنگ بوو، بڕوای بەوە هەبوو كە دەبێت پیاو لە ماڵەوە سامدار بێت و هەیبەتی خۆی بۆ ژن و منداڵ نەوی نەكات، بەڵام هەتا مابوو چەند جارێك لەسەر سیحرو نهێنی ئەم دەرگایە هێناتە قسە، تۆ هێندە بە مەراقەوە گوێت لە قسەكانی دەگرت، چاوەڕوانی ئەوە بوویت، داستانێك، یان حەكایەتێكی سەرنجراكێشت بۆ بگێڕێتەوە، وەلێ دواجار هیچی وای نەگوت دڵت ئاو بخواتەوە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە بەشەكەتی لەبەردەمیدا ڕاوەستاویت لە نهێنی و پیرۆزی ئەم دەرگا دارینە حاڵی نەبوویت، باوكت هەموو جارێك بەوە كۆتایی بە قسەكانی دەهێناو دەیگوت: (ڕۆڵە ئەم دەرگایە گەلێ یادگار و سەرگوزشتەی لەگەڵدایە، هەتا دەتوانن پارێزگاری لێ بكەن، وریا بن هەرگیز بە كراوەیی جێی نەهێڵن، چونكە شەیتان گەلێ سركە، خۆشتان نازانن كەی و چۆن دێتە ژوورێ، هەركە هاتە ژوورەوەش هەموو شتێك دەقەومێت، تەنانەت شوێنبزر دەبن و دەفەوتێن ئەگەر بشمێنن، هەرچی عەیب و عارتان هەیە هەموو بۆ خەڵكی دەكەوێتە دەشت!).
دایكیشت ئەم قسانەی باوكتی لا ببوو بە یەقین، زۆر بە وریاییەوە پاسەوانی دەرگاكەی دەكرد، بەبێ هیچ سین و جیم و بیركردنەوەیەك، فەرمایشتەكانی باوكتی جێبەجێ دەكرد، لەگەڵ هەر چوونە دەرەوەیەكدا، یەكسەر دەگەیشتە سەرت و لە دوای تۆوە دای دەخستەوە. تۆ دەتگوت: عەیب و عار چ پەیوەندییەكی بە كرانەوەی دەرگاوە هەیە؟ ئەو دەیگوت: (ڕۆڵە تۆ هێشتا منداڵیت، لە دنیا نەگەیشتوویت كەی گەورە بوویت خۆت وەڵامی خۆت دەدەیتەوە!). ئەم قسانەی باوكت چەند هێندەی تر مەراق و نهێنی لە لا دروست كردی، وەلێ هیچی لێ حاڵی نەبوویت.
دەرگاكە، دەرگایەكی ئاسایی نەبوو، جگە لەوەی لە دارێكی فرە مەحكەم دروست كرابوو، بە پایانیدا هەندێ نەخشی گوڵ گوڵی لەسەر هەڵكەنرا بوو، لەملاولای لای سەرەوەشی بە چەند قوبەیەك لە شێوەی ئەستێرە نەخشێنرابوو، لە ناوەڕاستیشیدا كە هەم چاوەزاریش بوو، وێنەی مانگێكی داسولەیی هەبوو، لە لای سەرەوەشیدا لوتكەی چەند شاخێك بە حەوادا چووبوو، پارچە لەوحێكی ئەستوور لە كەمەری دەرگاكە بەسترا بوو، ئەم پشتوێنە ئاسنینە چەند هێندەی تر دەرگاكەی مەحكەم كرد بوو، تۆ زۆرجار لە نەخش و نیگاری سەر دەرگاكە ڕادەمایەت, ئەگەرچی هیچی وای لێ حاڵی نەبوویت، بەڵام دەتزانی ئەگەر كەسێكی شارەزابێت بیانخوێنێتەوە، ئەوا مێژوویەكی كۆن و حەكایەتێكی دوورو درێژی لێوە دەگێرێتەوە.
ئێستا و لە دوای تەمەنێكی زۆر بەشەكەتی، بەڵام بەوپەڕی شادی و دڵخۆشییەوە لەبەردەم هەمان دەرگا دارینەكەی خۆتاندا ڕاوەستاویت، بە ئومێدی ئەوەی (زارا) بێت دەرگات لێ بكاتەوە. هێشتا لە دەرگات نەدابوو، ئەو بەرەبەیانییەت كەوتەوە یاد كە دەبوو لە نزیكترین كاتدا بگەیتەوە بە هاوڕێكانت، (زارا) یش چراكەی هەڵگرت و هەتا بەر دەرگاكە لەگەڵتدا هات، هێشتا قاچت نەخستبووە ئەودیو دەرگاكەوە هەر لەناو دەرگاكەدا بویت، (زارا) چراكەی بەیەكێك لە قوبەی دەرگاكەدا هەڵواسی، زۆر بە وریاییەوە چاوی بەملاولادا گێڕا، كە زانی لە هیچ كەسێكەوە دیار نین، شێتانە باوەشی بۆ گرتیتەوە، توند بە خۆیەوە گوشیتی، ئینجا هەتا توانی ماچێكی قوڵی ناودەمی كردیت، هێشتا دەمتان لە ناو دەمی یەكدا بوو، ئەو بە نیاز نەبوو دەمت لێ بەربدات، بەڵام كاتێك ڕوومەتت بە فرمێسكی گەرمی ئەو تەڕبوو، تۆ خۆت كشاندە دواوە، فرمێسك وەكو باران لە چاوی (زارا) وە دەهاتە خوارێ، بەدەم هەنسكەوە پێی گوتیت: (ڕێبوار گیان دەڵێن وەزع زۆر خراپە، دەخلیت بم لە پێشمەرگەكانی هاوڕێت دانەبڕێیت..). تۆش لە ناخەوە لەو زیاتر دەسووتایت و دەگریایت، وەلێ لە خۆتت بار نەكرد، تۆ هەتا ئەو كاتە هەرگیز (زارا) ت بەو شەنگییە نەبینیبوو، ئەو ئەگەرچی هەناوی زۆر شپرزە بوو، بەڵام نیگای هێندە گەش بوو، بۆ خۆشت نازانیت چۆن توانیت خۆ لەبەردەمی ڕابگریت، گۆنای ڕێك لە هەرمێ دەچوو، هەردوو چاویشی لە ژێر تەمی فرمێسكەكانیدا سەوزێكی كاڵی دەنواند، كاتێكیش شەوقی چراكەی بەردەكەوت سەوزییەكەی تۆختر دەبووەوە، بێ ئەوەی ببزوێت، پێت گوت: ( (زارا) گیان هیچ خەفەت مەخۆ، ئێمە بۆ كاری زۆر پێویست بانگ كراوین، دڵنیابە زۆرم پێناچێت و دەگەڕێمەوە، تۆ ئاگات لەخۆت و دایكم و منداڵەكەمان بێت ).
كاتێك ئەمەت گوت دەستت لەسكی (زارا) دەخشاند كەحەوت مانگ زیاتر دەبوو. ئیدی تۆ كەوتیتە رێ، هێشتا دوو هەنگاو دوورنەكەوتبوویتەوە، گوێت لەخڕەی پشتی دەرگاكە بوو كە (زارا) لەدوای تۆوە دایخستەوە، تۆ هەتا ئەوكاتە نەت زانیبوو كەهێندە دڵناسكیت، باوكت زۆرجار پێ دەگوتیت: (گریان بۆ پیاو شوورەییە، نەكەی لەئاقار رووداوو كارەساتەكاندا چۆك دابدەیت و بێیتە گریان، كوڕم دەبێت، زۆر لەوە دڵڕەقتربیت كەهەیت، چونكە پیاو كەگریا، هەرچی شەهامەت و پیاوەتی، بگرە نێرایەتیشی هەیە لەگەڵ فرمسێكەكانیدا دادەچۆڕێت ! ).
تۆ هەتا ئەوكاتە زۆر شانازیت بەدڵڕەقی و پیاوەتی خۆتەوە دەكرد، چونكە تەنها جارێك چییە نەتهێشتبوو لەو گەمە چارەنووسسازەدا بدۆڕێیت. وەلێ هەر كە (زارا) ت بەجێ هێشت، ئەگەر باوكت زیندوو بوایە بەنەفرەتی دەكردی، چونكە هەرچی پیاوەتی و نێرایەتیت هەبوو، هەمووی لەگەڵ فرمێسكە گەرمەكانتدا داچۆڕین.
گریای، زۆر گریای، هەر بەتەواوی خۆت بەتاڵكردەوە، ئەگەرچی شەنگ لەڕەنگ و رووتدا نەمابوو، هەرواش جەستەیەكی مجرۆت لەگەڵ خۆتدا بەكێش دەكرد، بەڵام لەناخەوە فرە ئاسوودەو بارسوك بویت، ئەگەر ئەو بەیانییە ژوان لەگەڵ هاوڕێكانتداو كاری زۆر بەپەلەت نەبووایە، ئەوا رێڕەوی خۆت دەگۆڕی و راستەڕێ دەچوویتە سەر گۆڕی بابت، گۆڕەكەت هەڵدەدایەوە، كفنەكەشت لەسەرو دەموچاوی دادەماڵی، قسەی زۆرت هەبوو بتكردایە، بەڵام لەپێش هەموویاندا دەتگوت: (بابە ئێوە زۆر بەهەڵداچووبوون، نەتان زانیبوو گریان چ چێژێكی هەیە، دەزانی بۆچی زوو مردن؟ چونكە هەتا مابوون گریانتان لەناخی قوڵی خۆتاندا دیل كردبوو، دواجاریش واتان زانیبوو كوشتوتانە، وەلێ ئەو زۆر لەئێوە نەمرتربوو، ئەوە ئێوە عەیامێكە مردوون، بەڵام ئەو هەر دەژێت، بابەگیان دەبوو بەدڵ و بەگیان گریانتان بلاواندایە ). ئەمانەو دەیان گفتی تری لەم جۆرەت پێ رادەگەیاند، بەڵام كاری بەپەلەی ئەو بەیانیەت، رێگەی نەدایت ئەم زیارەتە بكەیت.
بەدەم هەسنكی گریانەوە بەلای دەستەڕاستدا بەرەو رۆژهەڵات هەڵكشایت، دڵیشت هەر لای (زارا) بوو، دەتزانی ئەویش لەودیو دەرگاكەوە هەتا قەدەرێكی زۆرتر هەر دەگرێ و ژیر نابێتەوە، بەڵام لەگریانی ئەمجارەدا هەرگیز (زارا) هێندەی تۆ ئاسوودە نابێت، چونكە زۆرجاریدی ئەو ئەم خۆشییەی تاقی كردبووەوە، دەزانێت كە گریان چ ئارامبەخشییەكی گیانە. ئەو بەیانییە دەروونێكی شپرزەو خەیاڵێكی فرە ئاڵۆسكاوت هەبوو، هەرچەندت دەكرد نەتدەتوانی باری ئاسایی خۆت وەربگریتەوە, یان راستتر بڵێین: وەك ئەوەی هەیت خۆت بناسیت.
(مرۆڤیش كاتێك كەخۆی لێ ون دەبێت، ئیدی نازانێت لە كام دەروازەوە لە دووی خۆی بگەڕێت، سەر بەهەر كونێكدا دەكات، نامۆیە لای، لەمەش ئەستەمتر ئەوەیە، ناتوانێت رێ بەرێتەوە سەر ئەو دەروازەیەی كەلێوەی هاتووەتە ژوورێ، بەمشێوەیە هەتا هەنگاو بنێت، رایەڵەی زیاتر لەقاچ و پلی دەئاڵۆسكێن و هەر بەجارێ شەكەت و مجرۆی دەكەن). دروست ئەو بەیانییە تۆش وات بەسەرهاتبوو. بەشێكی دڵ و خەیاڵت هەر لەلای (زارا) بوو، وەكی ترو یەكەمجارت بوو، كەبەزەیت بەخۆتدا بێتەوە، ئەمەش باری دەروونیتی چەند هێندەی تر شپرزە كردبوو. لەلایەكی تریشەوە زۆر لەوە دەترسایت تووشی گێچەڵێك ببیت و لەكات و شوێنی خۆیدا نەگەیتەوە بەهاوڕێكانت. (رێبوار گیان، دەڵێن: وەزع زۆر خراپە، دەخیلت بم لەپێشمەرگەكانی هاوڕێت دانەبڕێیت..) ئەم قسەیەی (زارا) لەجیاتی ئەوەی گورجت بكاتەوە، یان وزەو توانا بدات بەهەنگاوە سستەكانت، چۆن ئاسكە كێوییەك، یان شێرێك دەكەوێتە تۆڕی راوچییانەوە، ئیدی پەلباریكی چ دادێكی كەڵەكێوی نادات بۆ راكردن و دانە جیڕەی شێریش چ كەسێك ناترسێنێت، تۆش ئاوها كەوتیتە تۆڕی ئەو قسەیەی (زارا) وە، خورپەو ترسێكی ناوەخت بەدڵتداهات.. زۆری نەمابوو بەلادا بێیت و بكەویت، بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا كازیوە هەڵنەهاتبوو بەری خۆت بەتەواوی نەدەبینی، قاچی راستت لەبەردێك هەڵكەوت, خەریك بوو بەدەمدا بڕمێیت، هەر ئەوەبوو نەكەوتیت و لەنگەری ئاسایی خۆت وەرگرتەوە، لەپاش ئەمە، تەواوی ئەو رایەڵانەی كە لەقاچ و پلت ئاڵابوون، كرانەوەو بەهۆش خۆتدا هاتیتەوە. ئەوكاتەی كە گەیشتیتە سەر یاڵەكە، ئاوڕێكی دواوەت دایەوە، ئەگەرچی زۆر لەگوند دوور نەكەوتبوویتەوە، بەڵام لەوبەرزیەوە، هەرگیز گوندەكەتانت بەو شەنگییە نەبینیبوو.. هەر دەتگوت كیژە تاقانەی ناو ئەفسانەكانە، ئەو كیژەی كە لەشەنگیدا وێنەی نەبوو لەسەر زەوی , لەگەڵ شەش براكەیدا داوەتی ئاسمان كران و لەوێ بوون بەحەوت ئەستێرە، كە ئێستا پێیان دەڵێن: حەوتەوانە. ئەوكاتەی گەیشتیتە سەر یاڵەكە، تازە هەتاو هەڵهاتبوو، بەتیلەی چاو لەپشتی شاخە بەرزەكانی بەرامبەرتەوە خۆی نیشانی گوندو دەشت و دەری دەوروبەرت دەدا، تیشكی زێڕینی هەتاوی ئەو بەیانییە، لەتارایەكی زیوین دەچوو، كە درابێتە سەر بوكێكی ئەفسانەییدا.. ئەگەرچی زۆرت پەلەبوو بگەیتە هاوڕێكانت، بەڵام دیمەنی جوانی گوندەكەت قەدەرێكی زیاتر رایگرتیت.. ئارەقێكی زۆرت دەردابوو، هەرواش هەناسەبڕكێت پێكەتبوو، لەمكاتەدا چەكەكەت لەشان هێنایە خوارەوە، روو لەئاوایی پشتت بەیەكێ لە تاوێرەكانەوە ناو جگەرەیەكەت گڕدا.. هەتا جگەرەكەت تەواوكرد، هەزارویەك خەیاڵ بەمێشكتدا تێپەڕین، هەرواش هەزارو یەك دیمەنت بینی، پچِرپچڕ هەر جارەو بیرت لەشتێك دەكردەوە، خەیاڵت رێك لەمۆنتاژی دیمەنی ئەو فیلمانە دەچوون كە هەرگیز چاو فریایان ناكەوێت كە بەتەواوی بیان بینێت و لێیان حاڵی بێت.. كاتێك بەخۆتزانی، سەرت داخ ببوو، چونكە هەتاو بەتەواوی هەڵ هاتبوو.
هەستایتە سەرپێ و بەناچاری كەوتیتەوە رێ، كاتێك لە یاڵەكە شۆڕ بوویتەوە ئیدی ئاواییت لێوە دیارنەما. هەتا دەمەو ئێوارەی ئەو رۆژە هەر بەڕێوە بوویت... باش لەیادت نییە كە بەدەمڕێوە بیرت لەچی و چی دەكردەوە، بەڵام لەیادتە كە (زارا) میوانی هەموو داڵغەو خەیاڵەكانی نەك هەر ئەو رۆژەت، بگرە دوو مانگ و نۆ رۆژی تریش بوو، كە تۆ بەجێت هێشتبوو. ئێوارەی ئەو رۆژە لەكات و شوێنی دیاریكراودا گەیشتیتەوە بەهاوڕێ پێشمەرگەكانت.
(لێرەدا داوای لێبوردن لەهەموو لایەك دەكەیت، كە ناتوانیت بەتەواوی رووداوی ئەو دوومانگ و چەند رۆژە بگێڕیتەوە، كە لە (زارا) دابڕابوویت، دەزانیت زۆرێك لەخەڵكی بەسەرهاتی ئەوكاتەی ئێوەیان لەڕادیۆوە گوێ لێبووە), بەڵام ئەوەی كە هەرگیز لەیادت ناچێت، ئەوە بوو، كە تۆو چەند هاوڕێیەكت، وەكو بەرخی لەڕان دابڕاوو بەجێماو بەڕێیەكی چۆڵدا خۆشتان نەتان دەزانی بەرەو كوێ هەنگاو دەنێن، لەپڕ دوو بەرخ لەبەرخەكانی هاوڕێتان، ئیستی لێ كردن، ئینجا بەبەرچاوتەوە دوو بەرخەكە كەڵبەو كلك و گوێی تازەیان لێ ڕوا، رێك بوون بەدوو گورگی برسی، تۆ فریاكەوتیت و تەقەی خۆتت كرد، بەڵام لەچاو تروكانێكدا باقی هاوڕێكانی ترت كەوتنە بەر كەڵبەیان، هەر لەجێدا بوون بەخۆراكی دوو گورگە برسێكە، تۆ بە تەنیا نەت دەزانی روو لەكوێ بكەیت، دواجار لەو شوێنەی كەژیانی تیا قاتی بوو و مەرگ وەك پاسەوانێك لەچاوەڕوانیتا بوو، گەردەلوولی خەیاڵی (زارا) لەگێژەنی خۆی نایت.. بەرەو ئاوایی بۆلای (زارا) گەڕایتەوە...
***
ئێستا تۆ دوو مانگ و دە رۆژە (زارا) ت بەجێهێشتووە، بەڵام دروست بەپێچەوانەی ئەو رۆژەی كە جێتهێشت، فرە دڵخۆشیت.. هەر چەند هەنگاوێكت ماوە كە بگەیتەوە سەر یاڵەكە، ئەو یاڵەی كە دەڕوانێت بەسەر گوندو ناوچەكەدا. ئەوكاتەی گەیشتیتەوە سەركەل، خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، هەتاو بەو گەورەییەی خۆیەوە، هەر ئەوەندەی لەگەنێكی مابوو، كەوتبووە پشتی دار چنارە بەرزەكانی پایانی ئاواییەوە، ئەمجارە، بە پێچەوانەی جاری یەكەمەوە، خۆر لەجیاتی تارای زیوین، لەسەر پۆشێكی خۆڵەمێشی دەچوو. گەیشتیتەوە لای تاوێرەكە، بەڵام نەلاتداو نەجگەرەكەت گڕدا، ئەمجارەیان زۆر دیقەتی دیمەنی ئاواییت نەدا، تۆ گەرچی زۆرت مابوو بگەیتەوە ناو ئاوایی، بەڵام خەیاڵت بەدوو قەڵەمباز خۆی گەیاندەوە لای (زارا). هەركە لەدەگاكە چویتە ژورێ، (زارا) باوەشی بۆكردیتەوە، تێرتێر ماچی ناو دەمی یەكتان كرد، هەر لەهەیوانەكەدا لانكەیەك دانرابوو، پۆپەشمینێكی تەنك كرابووە چەتری، بەهەنگاوێك خۆت گەیاندێ، چی ببینیت، منداڵێكی قشتیلەی ناسك، چاوەكانی هەر دەتگوت نێزگسن، زۆر لەسەرخۆ ماچێكی سەر گۆنایت كرد، كە هەر لەپەڕەی گوڵ دەچوو، بۆنیشی خۆش وەكو شەمامە. ئینجا چووی بۆلای دایكت، هەردوو دەستی ئەویشت ماچ كرد، ئەویش تێر بۆنی پێوە كردی.... كاتێك دەستت بەئاسمانەوە بوو، لەدڵەوە شوكری خوات دەكرد، ئەمجارەش قاچی راستت لەبەردێك هەڵكەوت، زۆری نەما بەدەما بڕمێیت.. ئاوها تەواوی خەیاڵەكەت كە گەیشتبۆوە لای (زارا) لێ تێكچوو، لەم كاتەدا بزەیەك كەوتە سەر لێوت، لەگەڵ ئەوەی هەر هەنگاوت دەنا، لەناخەوە هەندێ گاڵتەت بەخۆت كرد...
***
ئەوا گەیشتیتە ناو ئاوایی، نەخێر وەكو چۆن لەسەرەتای چیرۆكەكەوە گوتمان، بەشەكەتی، بەڵام بەوپەڕی شادی و دڵخۆشییەوە گەیشتیتەوە بەردەم دەرگا دارینەكەی خۆتان... بەئومێدی ئەوەی، كە (زارا) بێت و دەرگات لێبكاتەوە، چونكە دەزانتیت دایكت پیر بووەو توانای دەرگا كردنەوەی نەماوە، هەركە دەستت گەیشت و نەگەیشتە دەرگاكە، دەرگاكە جیڕەیەكی لێوەهات و بەپشتا بۆت واڵابوو.. هێشتا قاچی راستت نەگەیشتبووە ئەودیوی دەرگاكە، ئەو قسەیەی باوكت هاتەوە یاد، كە دەیگوت: (كوڕم وریای باڵەكانی دەرگاكە بن وشك نەبێت، هەمیشە بەڕۆن چەوری بكەن، دواجار لەكردنەوەیدا جیڕەی ناخۆش دەبێت...). لەمكاتەدا لەدڵەوە هەندێ سەرزەنشتی خۆتت كرد، كە فەرمایشتەكانی باوكت لەیاد كردووە... بەڵام ئەمانەت وەلاوەناو هەر هێندەی بڵێی یەك و دوو، گەیشتیتە ناو حەوشەكە، هەر بەپێوە بوویت (بۆرە) پێشوازییەكی باشی لێكردیت، ئەوەندەی نەمابوو بەسینگ و بەرۆكتدا خۆی هەڵواسێت، تۆش دانەویتەوەبۆی و دەستێكی سۆزو میهرەبانیت بەسەرو پشتیدا هێنا، هەندێك نان كە لەگیرفانەكانتدا مابوون، بۆت خستە بەردەمی .... لەسێبەری هەیوانەكەدا چاوت بەلانكێك كەوت، بەهەنگاوێك خۆت گەیاندە لای، جگە لەدەسترازەیەكی گوڵ گوڵی و مەمەیەكی منداڵانە، هیچی دی تیانەبوو، گەڕایتەوە بۆلای (بۆرە)، لەم كاتەدا چاوی (بۆرە) لەگۆمێكی مەنگ و قوڵ ئەچوو... (بۆرە) ئەگەرچی هەتا ئەوكاتە گەماڵ بوو، بەڵام لێرە بەدوا خۆی پێڕانەگیراو وەكو مرۆ دایە پڕمەی گریان، لەمكاتەدا دەنگێك كەبۆ تۆو بۆرە زیاتر لەكەڕەنای رۆژی دوایی دەچوو، نەتزانی لەكوێوە پەیدابوو، پێی گوتیت: ئێوارە بوو، زیلیان ریزكرد بەیەكەوە باجی (زارا) و مەڕو بزنی ئاواییان تێكرد رەزیان شێلا، كانییەكانیان ژەهر خواردكرد كە كەوتنە ڕێ و گوندیان چۆڵ كرد لە دوورەوە..* ئیدی لەوە حاڵی بوویت، كە دایكت و (زارا) و منداڵە تازە زاكەتان، كە نەتزانی كچ بووە یان كوڕ، وەك هەزاران مرۆڤی تر بەر پەلاماری ئەنفال كەوتوون..! چاوی (بۆرە) لە گۆمێكی قووڵ دەچوو، زۆری نەمابوو بەلادا بكەوێت و بمرێت، لەم كاتەدا تۆ هاتیتە دەست و خۆت فڕێدایە ناو گۆمی چاوی (بۆرە) وە.. ئیدی نەتزانی (تۆ) یان (بۆرە) لە پێشدا گیانتان دەرچوو.
--------------------------------------------------------------------------
* كۆپلە شیعرێكی (شێركۆ بێكەس)ە.