( 1)
من ده‌بوایه‌ هه‌موو شتێکم لێ بدزرایه‌، ئه‌م سندووقه‌ نه‌بێ. ئه‌م سندووقه‌ی له‌ دواجاردا دۆزیمه‌وه‌، به‌ پڕی لێم دزراو له‌ مه‌زاتخانه‌که‌ به‌ به‌تاڵی کڕیمه‌وه‌. به‌ فرۆشیاره‌ پیره‌که‌م وت، بێزه‌حمه‌ت ئه‌م سندووقه‌ت له‌ کوێ بوو؟ ماوه‌یه‌که‌ هه‌مه‌ کوڕم، لێتناشارمه‌وه‌ له‌ ته‌نه‌که‌یه‌کی خۆڵدا دۆزیمه‌وه‌، زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام، سه‌یری که‌ به‌و پیسیی و کۆنییه‌وه‌ چه‌ند جوان و سه‌رنج ڕاکێشه‌، تۆ ناوه‌وه‌یت بینیووه‌، ئاگات له‌و هه‌موو وێنه‌و زه‌خره‌فه‌ جوانانه‌ هه‌یه‌، من ئه‌مه‌ ناڵێم بۆ ئه‌وه‌ی لێت گران بکه‌م، به‌ڵام ها سه‌یری بکه‌،سه‌یری ئه‌و هه‌موو سیحره‌ بکه‌.
 
(2)
من ته‌مه‌نم ده‌ ساڵان بوو، کاتێ ئه‌م سندووقه‌م لێ دزرا، ئێستا بیست ساڵم.من ده‌ ساڵه‌ به‌دوای ئه‌م سندووقه‌دا ده‌گه‌ڕێم، ده‌ ساڵه‌ هه‌موو شه‌وێ ته‌نها یه‌ک خه‌ون ده‌بینم و ده‌یبینمه‌وه‌، خه‌ونی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م سندووقه‌،ئه‌م سندووقه‌ی هه‌ر ده‌مزانی ده‌یدۆزمه‌وه‌.ئه‌وه‌ی نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ بوو که‌ی و چۆن و له‌ کوێ؟
 
(3)
کاتێ منداڵ بووم، باوکم له‌ سه‌فه‌رێک له‌ سه‌فه‌ره‌کانیدا، که‌ بۆ شوێنه‌ دوورو سه‌یره‌کان ده‌یکرد، سندووقێکی به‌ دیاری بۆ هێنام، سندووقێکی ده‌گمه‌ن که‌ پیرێکی به‌ناوبانگ له‌ ده‌ست ڕه‌نگینیدابۆ کوڕه‌که‌ی خۆی ده‌یکات، کوڕێک که‌ باوک جار دوای جار چاوه‌ڕێی ده‌کات به‌ مه‌لۆتکه‌یی نه‌مرێت، جار دوای جار که‌ کوڕێکی له‌دایک ده‌بێ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر ده‌ستی تا ناوکی ببڕێت، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن کۆرپه‌ بگری و هیچ جوڵه‌یه‌ک ناکات و دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک ده‌خنکێ و گیانی ده‌رده‌چێ. پیره‌ی ده‌ست ڕه‌نگین هه‌موو‌ جارێ ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ خه‌ریکه‌ ده‌یکوژێ و وه‌ک کوڕه‌ مردووه‌کانی هه‌ر ئێستا‌ ده‌یخنکێنێ، دوای ده‌ جار، دوای ده‌ رووباری فرمێسکی چاوانی، ده‌ستبه‌رداری ئه‌م خه‌ونه‌ی ده‌بێ وئیتر چاوه‌ڕێی هیچ منداڵێک ناکات. سندووقه‌که‌ له‌ جامخانه‌ی دووکانه‌که‌یدا هه‌ڵده‌گرێت و به‌ قفڵێک دایده‌خات، تا که‌س ده‌ستکاری نه‌کات. به‌ باوکم ده‌ڵێ، که‌ ئه‌م سندووقه‌ هی فرۆشتن نییه‌،باوکمیش ناچار ده‌بێ باسی منی بۆ بکات.
 
(4)
من کوڕێکی گه‌نجم، وه‌ک وتم ته‌مه‌نم ته‌نها بیست ساڵه‌،که‌ منداڵ بووم، گه‌ر شتێکم بکردبایه‌ وه‌ک هه‌موو منداڵێک که‌ حه‌ز ده‌کات بیکات، پێیان ده‌وتم، تۆ که‌ی گه‌وره‌ ده‌بیت؟، ئێستاش که‌ گه‌نجم و حه‌ز بکه‌م شتێکی گه‌نجانه‌ بکه‌م، پێم ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ تۆ که‌ی ده‌بی به‌ پیاو؟ منیش ده‌ڵێم: من جارێ نامه‌وێ ببم به‌ پیاو، ئێوه‌ بۆ به‌ زۆر ده‌مکه‌ن به‌ پیاو؟
 
(5)
ژیانی من له‌ منداڵیدا ته‌نها چاوه‌ڕێ کردنێک بوو تا گه‌وره‌ بم، ژیانی ئێستاشم ته‌نها چاوه‌ڕێ کردنێکه‌ تا پیر بم، به‌م جۆره‌ بێت له‌ پیرێتییشدا هه‌ر ده‌بێ چاوه‌ڕێ کردنی مردن بێت.
 
 
(6)
باوکم به‌ پیره‌ی ده‌ستڕه‌نگین ده‌ڵێ، من کوڕێکم هه‌یه‌، خه‌ون زۆر ده‌بینێ، به‌ جۆرێک خه‌ونه‌کانی خه‌ریکن ده‌یکوژن.له‌ خه‌ودا هێنده‌ هاوار ده‌کات و به‌ جۆرێک ده‌قیژێنێ، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ یه‌کێ ده‌ست بخاته‌ بینی تا بیخنکێنێ. من و دایکی به‌ ڕاکردن ده‌گه‌ینه‌ سه‌ری تا فریای بکه‌وین ،نازانم بڕوا ده‌که‌ی یان نا، به‌ڵام زۆر جار وا که‌وتۆته‌وه‌ که‌ خه‌ونه‌کانی ڕاست ده‌رده‌چن و کۆڵێ له‌وه‌ ده‌ترسێ، چونکه‌ کوڕه‌که‌م منداڵه‌و جارێ نه‌بووه‌ به‌ ده‌ ساڵ.
 
(7)
به‌ فرۆشیاره‌ پیره‌که‌ی مه‌زاتم وت، به‌ڵێ ده‌زانم ئه‌م سندووقه‌ پڕه‌ له‌ سیحر، به‌ڵام گه‌ر وایه‌ بۆ پێم ده‌فرۆشی؟ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامم بداته‌وه‌، پێم ووت: من دوو قات پاره‌ت ده‌ده‌مێ به‌س ته‌نها بێزه‌حمه‌ت له‌گه‌ڵمدا ڕاستگۆ به‌،وتی : من بۆ پاره‌ نایفرۆشم. منیش وتم ده‌زانم.
 
(8)
من گه‌نجێکم لای گه‌وره‌کان سه‌یرم، زۆر جار به‌ هاوینان کاتی پشوو، دره‌نگ ده‌نووم و دره‌نگ له‌خه‌و‌هه‌ڵده‌ستم، هه‌ندێ جار دایکم لای هاوڕێکانم گله‌ییم لێ ده‌کات که‌ دره‌نگ خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه‌، پێیان ده‌ڵێ تووخوا ئێوه‌ش وان؟ ئه‌وانیش بۆ ئه‌وه‌ی تووڕه‌م بکه‌ن، ده‌ڵێن: نا پورێ گیان، ئێمه‌ سه‌عات شه‌ش دایکمان ده‌مانێرێت بۆ نان، شه‌ش و ده‌ ده‌قیقه‌ نانی گه‌رم له‌سه‌ر مێزی موبه‌قه‌که‌یه‌.
 
(9)
پیره‌ی ده‌ست ڕه‌نگین به‌ باوکم ده‌ڵێ، من تۆم بینی پێش ئه‌وه‌ی بێیته‌ ژوره‌وه‌، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ له‌ سندووقه‌که‌ت ده‌ڕوانی، له‌وه‌ ده‌چوو بزانی که‌ من شتێکی وام هه‌یه‌،باوکمیش پێی ده‌ڵێ، لێت ناشارمه‌وه‌ و نامه‌وێ درۆت له‌گه‌ڵ بکه‌م، به‌ڵێ ده‌مزانی و ئه‌م دوکانه‌ ته‌واو له‌ خه‌ونێک ده‌چێ که‌ کوڕه‌که‌م بینیوێتی و بۆی گێڕاومه‌ته‌وه‌ که‌ سندووقێکی جوانی تیایه‌ که‌ گه‌ر بیکه‌یته‌وه‌ رووناکییه‌کی زۆر کز لێوه‌ی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ چاوێکت بکه‌یت به‌ هه‌زار چاو ده‌نا تیشکه‌که‌ نابینی و وا ده‌زانی قه‌ت نه‌بووه‌.
 
(10)
فرۆشیاره‌ پیره‌که‌ وتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وه‌ ده‌چێ ئه‌م سندووقه‌ هێ که‌سێ بووبێ لێی دزرابێت، چونکه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ی دۆزیومه‌ته‌وه‌ ژیانم ته‌واو گۆڕاوه‌، منیش وتم ،
باشه‌ گه‌ر پێم بڵێی چون ژیانت گۆڕاوه‌ منیش پێت ده‌ڵێم ئه‌م سندووقه‌ هی کێیه‌، ئه‌ویش وتی: ته‌واو بێ خه‌و شه‌وه‌کانم تێ ده‌په‌ڕن، ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ ئه‌م سندووقه‌م له‌ته‌نه‌که‌یه‌کی خۆڵدا دۆزییه‌وه‌و له‌و ڕۆژه‌وه‌ من خه‌وم لێ زراوه‌، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌کۆڵ خۆمی بکه‌مه‌وه‌، دوو جاریش فڕێم داوه‌و دڵم نه‌هاتووه‌و هێناومه‌ته‌وه‌.
 
(11)
باوکم درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌داو ده‌ڵێ: ئه‌و کاته‌ی له‌سه‌ر سه‌فه‌ر بووم بۆ ئێره‌، کوڕه‌که‌م خه‌ونی به‌ تۆ و دووکانه‌که‌ته‌وه‌ بینی، له‌ نیوه‌شه‌ودا بوو، بانگی کردم وباسی تۆ و سندووقه‌که‌ی بۆ کردم، باسی کوڕه‌کانتی بۆ کردم که له‌ دایک ده‌بن و‌ دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک له‌ تێپه‌ڕبوونی ته‌مه‌نیان سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌،منیش بڕیارم دا که‌ هه‌وڵ بده‌م ئه‌و سندووقه‌ی به‌ دیاری بۆ بهێنمه‌وه‌ تا هه‌ر خه‌ونێکی بینی بینووسێته‌وه‌و له‌و سندووقه‌دا بیپارێزیت تا قه‌ت نه‌فه‌وتێت. ئه‌م خه‌یاڵه‌، ئه‌م ئامۆژگارییه‌، پیاوێکی پیر، له‌ مه‌زاتخانه‌که‌ی شاره‌که‌م پێی دام ، کاتێ باسی کوڕه‌که‌م بۆ کرد، که‌ خه‌ونی سه‌یر سه‌یر ده‌بینێ و خه‌ونه‌کانی خه‌ریکن ده‌یکوژن، دوکتۆره‌کانیش نازانن چی لێ بکه‌ن.ئه‌و بوو پێی وتم گه‌ر کوڕه‌که‌ت له‌ سندووقێکی ده‌گمه‌ندا خه‌ونه‌کانی بنووسێته‌وه‌و هه‌ڵیبگرێت، ئه‌وا پاش ماوه‌یه‌ک چاک ده‌بێته‌وه‌. چونکه‌ ڕوو به‌ ڕوویان ده‌بێته‌وه‌و به‌رامبه‌ریان ئازا ده‌بێ.
 
(12)
وتی: ئه‌و پیره‌ ده‌ناسم،چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا لێره‌ بوو، داوای کرد ئه‌م سندووقه‌ی بده‌مێ، وتم ئه‌م سندووقه‌ بۆ تۆ باش نییه‌، خه‌وت لێ ده‌زرێنێ، بڕوای پێ نه‌کردم و به‌ دڵشکاویی جێی هێشتم. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بڕوا ئاوڕێکی سه‌یری له‌ جامخانه‌که‌ دایه‌وه‌، یه‌کسه‌ر تێگه‌یشتم که‌ ڕۆژێ دێ و ده‌بێته‌ خاوه‌نی سندووقه‌که‌ و خه‌وی لێ ده‌زڕێی و ژیانی لێ ده‌بێته‌ دۆزه‌خ و قه‌ت وه‌ک خۆی لێ نایه‌ته‌وه‌.
 
(13)
پیره‌ی مه‌زات وتی: کاتێک تووشی بێ خه‌ویی بووم ، نه‌مده‌زانی چۆن کاته‌کانم ببه‌مه‌ سه‌ر،ده‌چووم به‌ شه‌و پیاسه‌م ده‌کرد،به‌ کۆڵانه‌کاندا به‌ ته‌نیا له‌به‌ر ده‌م عه‌مووده‌ ڕزیووه‌کاندا شه‌ڕم له‌گه‌ڵ سێبه‌ره‌که‌ی خۆم ده‌کرد، تا ماوه‌یه‌ک فێر بووم خۆشیی له‌و بێخه‌وییه‌م ببینم، بوو بووم به‌ دوو که‌س، دوو ژیانم هه‌بوو، ژیانێک به‌ رۆژ و ئه‌وی تریان به‌ شه‌و. یاریی کۆنکه‌ن و تاوڵه‌م له‌گه‌ڵ خۆم ده‌کرد، که‌س ئاگای لێ نه‌بوو گزیم له‌ خۆم ده‌کرد و زۆر ئاسان له‌خۆمم ده‌برده‌وه‌و پڕ به‌ دڵ پێده‌که‌نیم، به‌ چی؟ خۆشم نه‌مده‌زانی و گرنگیش نه‌بوو بزانم، به‌ڵکو ئه‌وه‌ گرنگ بوو که‌ پێده‌که‌نیم و دڵم خۆش بوو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر ماوه‌یه‌ک بوو، دوایی زۆر ماندوو بووم،هه‌ستم ده‌کرد ئه‌و دوو ژیانه‌ خه‌ریکه‌ دوو قات پیرم ده‌کات، وه‌ک ته‌خته‌یه‌کی ڕزیو له‌ ناوه‌وه‌ ده‌مکات به‌ دوو له‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیارم دا ئه‌م سندووقه‌م له‌ کۆڵ بێته‌وه‌ تا ببمه‌وه‌ به‌ مرۆڤه‌که‌ی جاران.به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا هه‌ستم ده‌کرد که‌ من قه‌ت نابمه‌وه‌ به‌ مرۆڤه‌که‌ی جاران،چونکه‌ من زمانێکی تازه‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا دۆزیبووه‌وه‌، دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ که‌س نابێته‌وه‌ به‌ مرۆڤه‌که‌ی دوێنێ.
 
(14)
من گه‌نجێکی بیست ساڵه‌م، ژیان لای من و هاوڕێکانم له‌ قوماشێکی ڕه‌ش ده‌چێت، که‌ هه‌میشه‌ چاوی به‌ستووینه‌ته‌وه‌، به‌م جۆره‌ ئێمه‌ قه‌ت ژیان نابینین، به‌ڵکو له‌ چاوشارکێداین له‌گه‌ڵیدا.که‌ وا بێت له‌م یارییه‌دا یان ئێمه‌ چاومان به‌ستراوه‌ته‌وه‌و ئه‌و خۆی ده‌شارێته‌وه‌، یان ژیان چاوی به‌ستراوه‌ته‌وه‌و ئێمه‌ خۆمان ده‌شارینه‌وه‌. هه‌چ کامیان بێت، من بێزار بووم له‌م یارییه‌.
 
(15)
پرسیارێکم له‌ پیره‌ی مه‌زات کرد، که‌ بۆ من زۆر گرنگ بوو، بێزه‌حمه‌ت که‌ دۆزیته‌وه‌ هیچی تیا بوو؟ وتی نه‌خێر، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێ هه‌ر چی تیا بووبێت سووتێندرابێت، له‌وه‌ ده‌چوو پڕ بوو بێ له‌ کاغزی سووتاو، سووتوویه‌ک که‌ هه‌ر کردمه‌وه‌ ڕه‌شه‌بایه‌ک بردی و نه‌مبینییه‌وه‌.سه‌یرێکی کردم و وتی، ده‌ ئێستا ده‌بێ ئیتر پێم بڵێی که‌ ئه‌م سندووقه‌ هی کێیه‌؟تۆ په‌یمانت پێ دام پێم بڵێی. وتم هی منه‌، ئه‌و وتی به‌ چیدا بزانم که‌ هی تۆیه‌، ده‌بێ تۆ شتێکم پێ بڵێی که‌ من بڕوات پێ بکه‌م.
 
(16)
پیره‌ی ده‌ستڕه‌نگین، به‌ره‌و جامخانه‌که‌ رۆشت و سندووقه‌که‌ی ده‌رهێناو خستییه‌ به‌ر ده‌می باوکم،وتی من بڕوات پێ ده‌که‌م و ئه‌و خه‌ونه‌ش که‌ کوڕه‌که‌ت له‌سه‌ر من بینیوێتی ڕاسته‌، بۆیه‌ من ده‌مه‌وێ یارمه‌تی کوڕه‌که‌ت بده‌م و ئه‌م سندووقه‌ی له‌ منه‌وه‌ به‌ دیاری بۆ به‌ره‌، باوکمیش که‌مێک به‌ دوودڵییه‌وه‌ ده‌پرسێ: باشه‌ کوڕه‌که‌م گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌م سندووقه‌، تووشی بێ خه‌وی نابێت؟کابرا پێکه‌نی و وتی، ئه‌وه‌ی بیه‌وێ به‌کاری بێنێت ده‌بێ نهێنییه‌ک هه‌یه‌ بیزانێت.باوکمیش پرسی چییه‌؟
 
(17)
به‌ پیره‌ی مه‌زاتم وت: ده‌زانی تۆ بۆچی تووشی بێ خه‌وی بوویت؟ سه‌یرێکی کردم و وتی بۆ؟ وتم چونکه‌ له‌ گیرفانه‌که‌یدا شووشه‌یه‌کی زۆر بچووکی تیایه‌، که‌ پڕه‌ له‌ بۆنێکی ده‌گمه‌ن، عه‌ترێک که‌ هه‌فته‌ی جارێک له‌و شوێنه‌ی ده‌نوویت ده‌بێ سه‌ری شووشه‌که‌ بکه‌یته‌وه‌ و بۆنێکی بکه‌یت و دایخه‌یته‌وه، وتی کوا سندووقه‌که‌ گیرفانی هه‌یه‌؟ هه‌موو جارێک که‌ ده‌یکه‌یته‌وه‌ تیشکێک زۆر خێرا لێوه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه، وتی هه‌ستم به‌وه‌ کرد، به‌ڵام هه‌موو جارێک وام ده‌زانی هی چاوه‌کانمه‌، که‌ به‌ره‌و کزی ده‌چن.‌‌ دوای تیشکه‌که‌، ئا له‌و شوێنه‌دا تا ده‌ چرکه‌ ده‌ستت تووند داده‌نێی و گیرفانێک ده‌کرێته‌وه‌، ده‌ستم برد و بۆنه‌که‌م ده‌رهێنا و له‌ لووتی کابرام نزیک کرده‌وه‌و زانیم کابرا هه‌ژاره‌، چی پاره‌م له‌ گیرفاندا هه‌بوو خستمه‌ ده‌ستییه‌وه‌و به‌ سندووقه‌که‌وه‌ هاتمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
 
(18)
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی باوکم سندووقه‌که‌ی بۆ هێنامه‌وه‌، هه‌چ خه‌ونێکم ببینیایه‌، یه‌کسه‌رهه‌ڵده‌ستام له‌ پارچه‌ کاغزێکدا ده‌منووسییه‌وه‌و ده‌مخسته‌ ناو سندووقه‌که‌وه‌‌،
به‌و شێوه‌یه‌ چاک بومه‌وه‌و نه‌ به‌ شه‌و هاوارم ده‌کرد و نه‌ خه‌ونی ناخۆشیشم ده‌بینی، ده ‌مانگ من خه‌ونم کۆکرده‌وه‌، تا ڕۆژێک هاتمه‌وه‌و دز هاتبوونه‌ سه‌رمان زۆر شتیان برد، له‌وانه‌ش سندووقی خه‌ونه‌کانم.به‌ڵام من هه‌ر ده‌مزانی ده‌یدۆزمه‌وه‌، هه‌موو شه‌وێ خه‌ونم پێوه‌ ده‌بینی و تا لای ئه‌م پیاوه‌ پیره‌ی مه‌زات دۆزیمه‌وه‌.به‌ڵام هیچ خه‌ونێکی خۆمم تیا نه‌بینییه‌وه‌، له‌وه‌ ده‌چوو سووتا بێت، که‌مێک له‌ بۆنی ناو سندووقه‌که‌م به‌ناویدا پرژاند تا ئه‌و بۆنی سووتاوییه‌ نه‌هێڵێت، خستمه‌وه‌ شوێنی خۆی،به‌ڵام رۆژ دوای رۆژ هه‌ست ده‌که‌م کارم به‌م سندووقه‌ نه‌ماوه‌، له‌و رۆژه‌وه‌ هیچ خه‌ونێک نابینم، ئه‌م سندووقه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ باشه‌، که‌ خه‌ون ده‌بینن
 
(19)
له‌ هاوڕێکانی خۆشم پرسی، ئه‌وانیش که‌سیان خه‌ون نابینن، ئێمه‌ نه‌وه‌یه‌کین بێ خه‌ون بینین. یه‌کێکیان به‌ پێکه‌نینیه‌وه‌وتی، گه‌ر مه‌به‌ستت سندووقه‌که‌یه‌، نامانه‌وێ، خه‌ونیش ببینین دوایی هه‌ر لێمان ده‌دزن.
 
(20)
من گه‌نجێکم تازه‌ بوومه به‌ بیست ساڵ، هه‌ستم کرد ئیتر پێویستم به‌م سندووقه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ڵمگرت و فڕێمدایه‌‌ نزیکترین ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌.

ستۆکهۆڵم، حوزه‌یرانی 2011‌