Baker.ahmed@telia.com
هه‌واڵی خودکووژی قایمقامی سلێمانی له زیندانی ئاسایش‌دا، جارێکی تر بێمتمانه‌یی هاوڵاتییانی کوردستانی له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌لاتی سیاسی‌دا تۆختر کرده‌وه. هه‌لومه‌رجه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به دۆخێک گه‌یشتووه که ئه‌گه‌ر قایمقام خۆشی کوشتبێ، هیچ هاوڵاتییه‌ک له کوردستاندا ئه‌م هه‌واڵه به راست نازانێت. ئه‌گه‌ر رۆژگارێک داخوازی :" دانانی وه‌زاره‌تێک بۆ درۆ" له لایه‌ن به‌ختیار عه‌لییه‌وه له دوای تێرۆرکرنی سه‌رده‌سشت عوسمانه‌وه نووکته‌یه‌کی تاڵ و داخوازیه‌کی جدیش بوو بێت له مه‌مله‌که‌تی ئهبسوردیزمی کوردستاندا، ئه‌وا له دوای کوشتنی قایمقامه‌وه، ئێمه رووبه‌ڕووی دۆخێکی تازه‌ترین. ئاخر له ئێستادا هێچ هه‌واڵێک نییه به راست وه‌ربگیرێت، ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌که خۆیشی ڕاست بێت. که‌وایه دانانی وه‌زاره‌تێک بۆ درۆ، ئه‌گه‌ر به تواناترین "جۆزیف گۆبلز"ه‌کانی کۆمه‌لگای کوردیش خۆیان بخه‌نه ئیختیاری ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌وا هێشتاش هاوکێشه‌ی:" درۆ بکه هه‌تا بڕوات پێده‌که‌ن"، ناتوانێت متمانه‌ی هاوڵاتییانی کوردستان بگێڕێته‌وه شوێنی خۆی. له ئێستادا ئێمه له به‌رانبه‌ر حوکومهتێکدا نین به‌لایه‌وه شه‌رم بێت درۆ بکات. درۆ هێنده وه‌ک کارێکی رۆتینی رۆژانه‌ی لێهاتووه، هیچ که‌سێک تووشی شۆک ناکات. ئه‌م دۆخه تازه‌یه ده‌کرێ له ڕێی ئه‌و نووکته ئه‌مریکییه‌وه که ناونیشانی رۆمانه به ناوبانگه‌که‌ی "ڵاری بێرنهارته"، (پاله‌وانی ئه‌مریکا) باشتر بخوێنرێته‌وه. نوکته‌یه‌ک که ده‌بێته که‌ره‌سته‌ی فیلمه به‌ناوبانگه‌که‌ی (داستن هۆفمان) که ناونیشانی:"Wag the dog". نوکته‌که ده‌ڵێ:" بۆچی سه‌گ کلک ده‌له‌قێنێ. چونکه سه‌گ له کلکی ئاقلتره. ئاخر ئه‌گه‌ر کلک له سه‌گ ئاقڵتر بوایه، سه‌گی ده‌له‌قاند". کێ سه‌گه و کێ نووێنه‌ری کلک ده‌بێت، ده‌کرێ به ناو و ناونیشانی جۆراوجۆر ئه‌م ڕۆڵانه دابه‌شبکرێن. ئه‌گه‌ر مێدیای حزبی رۆژگارێک توانای سه‌رنجڕاکێشانی بیرورای خه‌لکی هه‌بوو بێت بۆ ئه‌وه‌ی وا ئاڕاسته‌ی بکات که خۆی ده‌یه‌ویت،(کاتێک سه‌گ کلک ده‌له‌قێنێت)، ئه‌وا له ئێستادا و له ڕێگای درۆ به‌هێز و بێهێزهکانیهوه ، بیروڕا و سه‌رنجی خه‌لکی، توانای ئه‌وه‌ی نیشانداوه له رێی بروا پێنهبوونهوه به‌م ده‌ستگا هه‌واڵییانه، ئه‌وان بخاته دۆخی لهقاندنهوه، کاتیک کلک سه‌گ ده‌له‌قێنێت. به‌کارهێنانی کلک و سه‌گ له‌م ده‌ربڕینه‌دا، هیچ مه‌به‌ستێکی سووکایه‌تیپێکردنی تێدا نییه‌و ئینسان ده‌کرێت میتافۆری سه‌گ و کلک له‌قاندنی ئه‌میان بۆ ئه‌ویان له هاوکێشه‌ی کۆمه‌لایه‌تی جۆراوجۆردا به‌کاربێنێت که تیایدا په‌یوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه‌ی تێدا به‌رقه‌راره.
خودکوژی له گرتووخانه‌کاندا
گرتووخانه ئه‌و شوێنه‌یه که ئینسان تیایدا ڕاده‌گیرێت تا لێکۆلێنه‌وه له‌و ئه‌و گوومانه بکرێ که که‌سی گیراو به هۆیه‌وه ده‌خرێته ئه‌وێ. ئینسان لێره‌دا هێشتا هیچ تاوانێکی له‌سه‌ر ساغ نه‌بۆته‌وه. به پێی لێکۆڵینه‌وه ئه‌مریکی و به‌ریتانییه‌کان که مێژوویه‌کی درێژتریان له لێکۆڵینه‌وه له زیندان و گرتووخانه‌کاندا هه‌یه، رێژه‌ی خودکووژی له ناو گیراواکانی ناو گرتووخانه‌کاندا رێژه‌یه‌کی به‌رزتری هه‌یه له چاو رێژه‌ی خودکوژی ناو زیندانه‌کاندا.هه‌ر بۆیه‌ش کۆمه‌ڵیک ده‌ستپێشخه‌ری تایبه‌تی ئه‌نجامده‌درێت له کاتی گرتنی که‌سێکدا تا به هۆیه‌وه مه‌ترسییه‌کانی ئه‌نجامدانی خودکوژی ده‌ستنیشان بکرێت, تا هیچ نه‌بێ رێ له خه‌یاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی وا بگیرێت.
ئه‌و تیۆرییانه‌ی که رێنیشانده‌رن له‌م بواره‌دا، دوو گۆشه‌نیگا تیایاندا زاڵه.
گۆشه‌نیگای فه‌رد یاخود تاک
گۆشه‌نیگای بوونیاد
له گۆشه نیگای یه‌که‌میاندا، ئینسان به شوێن ئه‌و هۆکاره فهردییانهوهیه که ده‌کرێ له خودی تاکدا به شوێنیه‌وه بیت تا بزانرێت که‌سی گیراو سه‌ر به‌و کاتیگۆرییهیه که ده‌کرێ مه‌ترسی ئه‌نجامدانی خودکوژی تێدا بێت یاخود نا. بۆ نموونه له گرتووخانه‌کانی سویددا، ئه‌م خاڵانه ڕه‌چاوده‌کرێت به‌ر له‌وه‌ی که‌سه‌که له گرووخانهدا رابگیرێت.
کۆششی خودکوژی له رابردوودا یاخود پلاندانان بۆ خودکوژی ، بێگوومان به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی که ده‌کرێ له خه‌سته‌خانه و شوێنه‌کانی دیکه‌ی چاره‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدراوه به ده‌ستبهێنرێت. .
سه‌رنجدان له‌وه‌ی که که‌سه‌که له رابردوودا چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشیه‌کانی خه‌مۆکی وه‌رگرتبێت.
به‌کارهێنان یاخود که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ندێک ده‌رمانی تایبه‌تی
موعتادبوون به ئه‌لکهول و مادده بێهۆشکه‌ره‌کان
بوونی نه‌خۆشی مه‌ترسیدار یان مووزمن.
ئاماژه‌کانی نه بوونی توانایی بۆ ئه‌نجامدانی رۆتینیاتی رۆژانه.
بوونی ئه‌م فاکته‌ر و ئاماژانه، نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه‌ی ده‌خرێته گرتووخانه‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی خودکوژی تێدا زیاتره له که‌سێکی دی که ئه‌م نیشانانه‌ی تێدا نییه.
له گۆشه نیگای بونیاد یاخود سیسته‌مدا، ئینسان به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه که سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی زیندان و گرتووخانه‌کان چۆن ئیداره ده‌کڕێت و کولتوری ئه‌م شوێنی کارانه، له دابه‌شکردنی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی و کارمه‌ندانی ناو گرتووخانه و ته‌نانه‌ت کۆمیونیکاسیۆنی نێوان ستافی کرێکاران و کارمه‌ندانی ناو ئه‌م شوێنانه چۆن پێکهاتووه. بوودجه‌ی تایبه‌ت و بوونی ژماره‌ی له‌به‌رچاوی کرێکاران و کارمه‌ندانێک که له‌وێ کارده‌که‌ن، به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی کارایی کارمه‌ندان و کرێکارانی ئه‌م گرتووخانانه تا بتوانن کاره‌کانییان پرۆفیشالانهتر ئه‌نجامبده‌ن. بێگوومان مامه‌له‌ی گرتووخانه‌ی فلانه شوێن له‌گه‌ڵ گرتووخانه‌یه‌کی تردا، جیاوازی تێدایه به‌وه‌ی ئاستی بڕیاری سه‌ره‌کی له هه‌ره‌می ئیداری ده‌ستگای باڵای زیندان و گتووخانهکانهوه به‌ره و خوار، ده‌کرێ پراکتیکی جیاواز بخاته به‌رده‌می کارگێڕان و کرێکارانی ئه‌م شوێنی کاره جیاوازانه که بڕیاره له‌گه‌ڵ هه‌مان پرسیاردا کار بکه‌ن.
خودکوژی له گرتووخانه‌کاندا هیچ شتێک نییه جگه له هاوارێکی بێده‌نگ بۆ کۆمهکوهرگرتنی که‌سی گیراو له ده‌وروبه‌ره‌که‌ی. هه‌ندێک له نووسه‌رانی تر پێیانوایه:" زۆربه‌ی ئه‌و تیۆرییانه‌ی ده‌رباره‌ی خودکوژییه له زیندان و گرتووخانه‌کاندا لاوازن و گوێ ناده‌نه هه‌ستی له زینداندابوونی ئینسان که تایبه‌تییه‌که‌ی زۆر گرنگی هه‌یه". به پێێ لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌م گرووپه که ڕه‌خنه‌گری تێۆرییه‌کانی خودکوژی ناو زیندانن:" ئینسان دووچاری فشارێکی ئێجگار گه‌وره ده‌بێته‌وه له‌م شوێنانه‌دا" و به چاوی گوومانه‌وه له‌و په‌یامه ده‌ڕوانن که گوایا مه‌به‌ستی زیندان ته‌نها به ئه‌نجامگه‌یاندنی سزا و چاره‌سه‌رکردنی تاوانبار نییه. به‌لکو پێیانوایه ڕه‌هه‌ندی سزادان قورساییه‌کی گه‌وره‌تری هه‌یه له چاو ره‌هه‌ندی ئیسلاح و چاکسازی پێکهێنان له ژیانی گیراواکاندا. ئه‌مان پێیانوایه، خودکوژی له زینداندا به‌شێکی په‌یوه‌ندی به :" نا عه‌داله‌تی، هه‌ست به بێڕێزی پێکردن و ته‌نانه‌ت نه‌بوونی هه‌ستی سه‌لامه‌تییه که پاله‌په‌ستۆ و فشارێکی ئیجگار گه‌وره له‌سه‌ر ئینسان دروستده‌کات. (1)
بێگوومان ئه‌گه‌ر ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی ئه‌م جه‌ده‌له‌ی تیا ئه‌نجامده‌درێت له په‌یوه‌ند به کۆمه‌لگا ئه‌وروپییه‌کانه‌وه ڕاست بێت، ئه‌وا له په‌یوه‌ند به کۆمه‌لگای کوردستاندا، ئێمه رووبه‌ڕووی گرفتی گه‌وره‌ین. هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه که زیندان و و گرتووخانه‌کانی کوردستان، ئه‌و شوێنانهنهن که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی تازه‌دان که ده‌کرا له کۆمه‌لگادا ئه‌نجامبدرێت. ره‌نگه پێموابێت، هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ خودکوژی هاولاتییانی کوردستان له گرتووخانه و زیندانه‌کاندا، هێنده‌ی له گۆشه‌نیگای بوونیادیدا ده‌کرێ بۆی بگه‌ڕێیت، که‌متر ده‌کرێ سه‌رنج بچێته سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سی گیراو. ئه‌و بوونیاد وسیستهمهی له زیندان و گرتووخانه‌کاندا باڵاده‌سته، ئینسانی ته‌واو "ساغ"یش ده‌خاته به‌ر هه‌ره‌شه‌کانی خودکوژییهوه. کاتێکیش دۆخه نا ئاساییه‌کانی ناو زیندانه‌کانی ئاسایش و پاراستن و ده‌یه‌ها ژووری عه‌مه‌لییاتی دیکه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان بخرێته لیسته‌وه، هه‌ستده‌کرێ، هاولاتی کوردستان له به‌رانبه‌ر چ مامه‌له‌یه‌کی تاریکی سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدایه. به‌ڵام هێشتاش خودکوژی له زیندانه‌کانی کوردستاندا که‌متره، نه‌ک به‌وه‌ی که ئه‌م مامه‌ڵه نائینسانییه‌ی ناو زیندان هه‌ستی خودکوژی به‌رهه‌مناهێنێت، به‌لکو به‌وه‌ی سیسته‌می لێبووردنی گشتی بۆ زیندانییان وه‌ک مهکرهمهیهکی سه‌رکرده‌کانی لێهاتووه و هه‌موو گیراو و زیندانیکراوێک، له ناوشیاری خۆیدا خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت که به‌شکم سه‌رۆک زووتر (عه‌فووی عام)ێک ده‌رکات. که‌واته هه‌میشه ئومێدێک هه‌یه له‌و دووره‌وه ئینسان چاوه‌ڕوانییه‌تی.
قایمقام و خودکوژی
به‌ڵام که‌یسی قایمقام له کوێی تیۆری گۆشه‌نیگای تاک و گۆشه‌نیگای بونیاد یاخود سیسته‌مه‌وه خۆی ده‌بینێته‌وه؟ قایمقام به‌رپرسی باڵای شارێکی ملیۆنییه. هیچ کام له‌و فاکته‌رانه‌ی که ده‌کرێ وه‌ک فاکته‌ری فه‌ردی مه‌ترسیدار بۆ که‌سی گیراو له‌به‌رچاو بگیرێن ، ئاماده نییه. ئه‌و له زینداندا ڕاده‌گیرێت که براکانی دوێنێ و هاوڕێکانی دوێنێی خۆی به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر قایمقام خۆی کوشتبێت، ڕه‌نگه هۆکاره‌که‌ی سه‌ربه‌رزکردنه‌وه‌ی خۆبێت له به‌رانبه‌ر تاوانبارکردنیدا به‌وه‌ی که گوایه ئه‌و به‌رپرسیارێتی هه‌یه له گه‌نده‌ڵی و به هه‌ده‌ردانی موڵک و ماڵی هاوڵاتیاندا. تاوانێک که ده‌کرێ له لایه‌ن قایمقامه‌وه به لهکهدارکهدنی سومعه‌و زراندنی ناوی ئه‌و ته‌واو بێت و وه‌ک فه‌رمانبه‌رێکی به‌رپرسیار، ده‌ست بۆ خودکوژی ده‌بات تا سومعه‌و که‌رامه‌تی خۆی بکڕێته‌وه.ئه‌گه‌ر سه‌رگوزشته‌که لێره‌وه سه‌رنج بدرێت، چاوهڕوانینهکردنی ئه‌وه‌ی که هاوڕێ نزیکه‌کانی خۆت ، شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی ئینسانی تۆ له یه‌ک چرکه‌دا بخه‌نه ژێر پێ، ده‌کرێ هه‌ستی غهدرلێکردنێکی گه‌وره، قایمقام به‌ره و خودکوژی ببات.
بێگوومان ئه‌م چیرۆکه هێنده دروسته که ئێمه له کوردستاندا کولتورێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسییمان هه‌بێت که پێی وا بێت، دزینی ماڵی خه‌لک و تاڵان‌کردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا تاوانه و له پشتییه‌وه ئه‌خلاقێکی گه‌وره‌ی ئینسانی و سیاسی ئاماده‌یی هه‌یه. به‌ڵام ئێمه له کوردستاندا له پاش تێپه‌ڕینی زیاتر له بیست ساڵ له پرۆسه‌ی فه‌رهودکردنی سه‌روه‌ت و موڵکی هاوڵاتییاندا، خاوه‌نی ده‌نگیکی ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نین که ڕۆژگارێک وتبێتی: من ده‌رماڵه‌ی فلانه مانگ وه‌رناگرم و ده‌یبه‌خشمه منالانی کوردستان. وه‌زیره و پاش ته‌واو بوونی مه‌ئمووریه‌ته‌که‌ی، ماشینی وه‌زاره‌ت ناگێڕێته‌وه. شوقه‌ی نیشته‌جێبوون ته‌سلیم ناکاته‌وه. فه‌رمانبه‌رێکی تاپۆیه و به ماشینی دایره، ماڵ و منداڵ ده‌باته سه‌یران. پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینه و ده جار مه‌کره‌مه‌ی سه‌ید ئهلرهئیس وه‌بگرێت، هێشتا له مێدیاکانه‌وه ده‌قیڕێنێ، هیچ بۆ ئه‌و نه‌کراوه. له مه‌مله‌که‌تی دزینی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌لگادا ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی نه‌بێت، موراڵێکی سیاسیی و ئه‌خلاقێکی دیکه‌یه که به دژی ئه‌م دزییه کۆمه‌ڵایه‌تییه له ناو ده‌سه‌لاته‌وه ده‌نگ هه‌ڵبرێت. کاتێک فیرعهونئاواکان ده‌بنه مانیفێستی دهولهمهندبوونێکی زۆر خێرا، کاتێک پاره و موڵک و مالێ به‌رپرسیارانی سیاسی و غه‌یری سیاسی هۆکارێکی کێبڕکێێ نێوان به‌رزترین ماڵ و گه‌نجترین ژن و جوانترین ماشینه، له مه‌مله‌که‌تی دزاندا، دزی شه‌رم نییه. کاتێک دزی شه‌رم نه‌بوو، سیسته‌می ئه‌خلاقیی به‌رپرسیارێتی هاڕه ده‌کات.له زه‌مه‌نی ڕاپه‌ڕیندا و له گه‌رمه‌ی فه‌رهودی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگادا له لایه‌ن ئه‌حزاب و هاوڵاتیانیشه‌وه ، ئه‌وه‌ی نا ئاساییه که شتێکت بۆ خۆت فه‌رهود نه‌کردبێ. دزی له‌م هه‌لومه‌رجه و ته‌نانه‌ت دوای که‌وتنی په‌یکه‌ره‌کانی سه‌ددامه‌وه، کولتوری باوی کۆمه‌لگا و تاکه موراڵی بالاده‌سته. ئه‌وه‌ی له‌م رۆژگارانه‌دا نادزێ و فه‌رهود ناکات. نامۆترین کائینه‌کانی کوردستانه.
ده‌سه‌لاتی سیاسی له کوردستاندا هیچ ڕۆژێک شه‌رمی له به‌تالانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌لگا نه‌کردووه و دزین و گه‌نده‌ڵی بۆته شوناسێکی زۆر ساده‌ی ئه‌و. قایمقامبوون پله و مه‌قامێک نه‌بووه گه‌نجێکی کۆمه‌لگای کوردستان وه‌ک کارێک داوای بکات و وه‌ریبگرێت. قایمقامبوون یانی به‌شداربوون له‌م هه‌موو سهروهتدزینهی کۆمه‌ڵگادا و بێده‌نگبوون له به‌رانبه‌ریدا. ناکرێ مه‌رگی تراژیدیائامێزانهی ئه‌م پیاوه، ئه‌م هه‌موو مێژووه بسرێته‌وه و له شوێنپێی مه‌رگێکی به‌سه‌ردا فهرزکراودا، له ڕق له دزه گه‌وره‌کانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین. له ناو نازیسته‌کانی ئه‌ڵمانیادا سه‌ده‌ها نموونه‌ی شیندله‌ر هه‌یه که هه‌زاران قوربانی جوو و که‌سانی دیکه‌یان رزگارکرد. ده‌سه‌لاتی سیاسی له کوردستاندا خاوه‌نی لیستێکی دیکه‌ی شیندله‌ر نییه که به عه‌مه‌لی نیشانیدابێت ئه‌وه ناکات که ده‌سه‌لاته‌که‌ی ئه‌و ده‌یکات. قایمقام کاتیک له ناو ئه‌م کولتووری شه‌رمنه‌کردن له دزین و بهتالانبردنهی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌لگاوه دێته ده‌ر، له گرتنیشیدا خاوه‌نی قیبله‌نومایه‌کی دیکه‌ی ئه‌خلاقی سیاسی جیاواز نییه تازهمیری ویژدانی بات. ئه‌و له ناو هه‌مان ئه‌خلاقی سیاسی باوی ناو کولتوری سیاسی زالدا هاتووه‌ته ده‌ر و پێوانییه شتێکی جیاوازتری کردبێ له‌وه‌ی که ده‌بوایه بکرایه. بۆیه ئه‌و ناکه‌وێته ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئه‌خلاقی گه‌وره‌وه که پێیوابێ به شتێک له‌که‌دارکراوه که پێشووتر وا نه‌بووبێ. ئاخر له ده‌ره‌ی ئه‌ویشدا و لای هاوڕێکانی دوێنێی شتێک نییه له‌که‌دار بێت. بۆیه ئه‌و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌راوردکاری دی شکنابات که له پراکتیکی ئه‌و جیاواز تر بێت. "جه‌ی ئێم کویتزی" وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبل له رۆمانی (ئیلیزابیس کۆستیلۆ)دا شتێکی سه‌یر ده‌گێرێته‌وه. کویتزی ده‌ڵێ:" هه‌ندێک ماڵ، یاخود ژوور هه‌یه که هێنده کاری قێزه‌ونی تێدا ئه‌نجامدراوه، ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ندانیش ناتوانن بچنه ناوی بێ ئه‌وه‌ی خۆیان نه‌که‌نه شه‌ریکی ئه‌و کاره قێزه‌ونانه"
فه‌رهود و تالانکردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌لگا یه‌کێک له‌و ماڵه قێزه‌ونانه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له کوردستاندا خوڵقاندوویه‌تی و هه‌موو که‌سێکی کوردستان ده‌زانێ کێ به‌رپرسیاری ئه‌م ژووره پڕ له تاوانکارییه‌یه. کاتێک قایمقام ده‌چێته ناو ئه‌و ماله‌وه، بێگوومان چه‌نده کارامه و هونه‌رمه‌ندانه و وه‌ستایانه مامه‌ڵه بکات، ده‌بێته شه‌ریکه به‌شی خولقێنه‌ری تراژیدیای ناو ماڵ. هه‌ر بۆیه‌ش له قبووڵکردنی ئه‌ودا بۆ بوون به قایمقام، ئه‌و شووناسه قبووڵده‌کات که ئه‌و ناوێک و به‌شێک له کولتووری به تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستانه و به‌رگی فیرعه‌ونه سیاسییه تازه‌کانی کوردستان له‌به‌رده‌کات. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و کورێکی باش و لێوبهخهندهیش بوو بێت له به‌رانبه‌ر هاوڵاتیاندا. ئه‌و کاتێک له ده‌ره‌وه‌ی زیندان شه‌رم له هه‌لبژاردنی ناونیشانی قایمقامی دزان ناکات، له زیندانیش‌دا ده‌نگێکی ناوه‌کی نییه که له مه‌مله‌که‌تی ویژدان و مۆراڵه‌وه پێی بڵێ: تۆی پاک و بێگه‌رد به دزی تاوانبار کراویت، بڕۆ ناو حورمه‌تی خۆت بخه‌ره‌وه شوێنی خۆی. له‌م ساتانه‌دا، کاتێک وێنه‌ی ناخی خۆ و وێنه‌ی دروستکراو بۆ تۆ له یه‌ک ناچن و ناشتوانرێت هارمۆنییه‌ک له نێوان ئه‌م دوو وێنه‌یه‌دا دروست بکرێته‌وه، خودکوژی ئه‌و فریادرهسهیه کۆتایی به‌م ته‌نگژه رۆحییه ده‌هێنێت. به‌لام ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی قایمقامی شاره‌که‌ی مندا بوونی هه‌بێ، خۆ ئاماده‌کردنه بۆ درکاندنی ئه‌و زانیارییانه‌ی که ده‌کرێ وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک به‌کار بهێنرێت له به‌رانبه‌ر شه‌ریکه گه‌نده‌ڵچییه‌کانی دوێنێیدا. به‌لام ئه‌و ده‌نگێکی بچووکی ناو ماشێنێکی گه‌وره‌تره که تازه هیچی پێناکرێت. چاره‌نووسی قایمقام ڕێک به چاره‌نووسی کۆتایی فیلمی :" هه‌موویان بکوژه و به ته‌نیا بگه‌ڕێره‌وه" نزیکده‌بێته‌وه کاتێک کۆمه‌ڵێک زیندانی به‌رده‌درێن تا دزییه‌کی گه‌ره ئه‌نجامبده‌ن. به‌ڵام به مه‌رجێک کوڕه ئازاکه، هاوڕێ دزه‌کانی خۆی بکوژێت و به خه‌زنه‌ی پاره‌وه بێته‌وه به‌رده‌م ئه‌و که‌سه‌ی مه‌ئموورییه‌ته‌که‌ی پێسپاردووه. قایمقامی شاره‌که‌ی من، ڕۆڵی کوڕه ئازاکه نابێنێت، به‌ڵکو ده‌بێته هاوڕێی نزیکی کوره ئازاکه که زۆر به سانایی کۆتایی به ژیانی ده‌هێنرێت.
قایمقام خۆی ناکوژێت و خه‌یاڵی خودکوژیش به مێشکیدا نایه‌ت. ئه‌و ده‌کوژرێ و ماڵی پڕ له تۆقاندن و تاوانی قێزه‌ونی ده‌سه‌لاتی کوردی هێنده‌ی دی پڕ ده‌بێت له تاوان.
هه‌ربۆیه‌ش له‌به‌رچاوگرتنی تیۆری فه‌رد یاخود تاک بۆ خودکوژی، له که‌یسی قایمقامدا کۆمه‌کێکی ئه‌وتۆمان ناکات. تیۆری بونیاد ده‌کرێ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدی بێت بۆ سه‌ر ژیانی گیراوه‌کانی کوردستان. به‌ڵام له که‌یسی قایمقامدا، نه‌ک قایمقام ناچارده‌کرێت خۆی بکوژێ، به‌لکو سیسته‌م خۆی ده‌یکوژی. ئه‌م کرده‌وه‌یه هێنده‌ی له ئیعدام و تێرۆره‌وه نزیکده‌بێته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی به خودکوژییهوه نامێنێت.
بریا قایمقام خۆی بکوشتایه. تا هیچ نه‌بێ ئه‌خلاقێکی دیکه‌ی سیاسیی بهێنایه‌ته ئاراوه که له مه‌مله‌که‌تی مندا هێشتا بوونی نییه. نه‌ک وه‌ک وه‌ک ئینسانی ناو ژوورێکی داخراو، له لایه‌ن ده‌عبا ده‌موچاو ناسراوه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه، بخنکێنرێت.
1-Therese Ekelöf 2011 Självmord i häkten Stockholm Universitet sid 10