چیرۆکێکی خه‌یاڵییه‌

و: له‌ ڕووسییه‌وه‌، ئارام کاکه‌ی فه‌لاح
-1-

من مرۆڤێکی پێکه‌نیناویم، ئێستاش پێم ده‌ڵێن شێته‌، ئه‌گه‌ر وه‌ک جاری جاران پێکه‌نیناوی نه‌بوومایه‌ له‌ لایان،ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ک بوو له‌ پله‌وپایه‌دا. به‌ڵام ئیتر من تووڕه‌ نابم، ئیتر ئه‌وان له‌لام شیرینن، به‌ تایبه‌تی کاتێک پێم پێده‌که‌نن . نازانم چ هۆیه‌که‌ هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستیان زیاتر ده‌که‌م. وه‌خۆشم له‌گه‌ڵیاندا پێده‌که‌نیم – نه‌ک به‌خۆم، به‌ڵکو له‌به‌ر خۆشه‌ویستیان پێده‌که‌نیم ئه‌گه‌ر بێزاریم نه‌بووایه‌، بێزاری کاتی سه‌یرکردنیان.
بێزاری منیش زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان ڕاستی نازانن، به‌ڵام من ده‌یزانم. ئاخ چه‌ند سه‌خته‌ به‌ته‌نیا ڕاستی بزانیت! به‌ڵام ئه‌وان ئه‌مه‌ تێناگه‌ن. نه‌خێر تێی ناگه‌ن.
جاران زۆر وه‌ڕس ده‌بووم به‌وه‌ی که‌ پێکه‌نیناوی ده‌رده‌که‌وتم. وا ده‌رنه‌ده‌که‌وتم، به‌ڵکو وابووم. من هه‌میشه‌ پێکه‌نیناوی بووم. وه‌ ئه‌مه‌شم ده‌زانی له‌وانه‌یه‌ هه‌ر له‌ ڕۆژی له‌ دایک بوونمه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ که‌ ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵ بوو ده‌مزانی که‌ پێکه‌نیناویم، دوای ئه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ خوێندم، دوایی له‌ زانکۆ. هه‌رچه‌ند زیاتر بمخوێندایه‌، زیاتر بۆم ده‌رده‌که‌وت که‌ من پێکه‌نیناویم. هه‌تا هه‌موو زانستی زانکۆیی بۆ من وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووبێت و ته‌نیا بۆئه‌وه‌ دروست بووبێت که‌ له‌دواییدا بۆم ڕوون بکاته‌وه‌ و قووڵ ببمه‌وه‌ تیایدا که‌ من پێکه‌نیناویم. وه‌ ئاوهایش شته‌که‌ له‌ ژیاندا که‌وته‌وه‌ وه‌ک چۆن له‌ زانستدا. وه‌ ساڵ به‌ ساڵ هوشیارییه‌ک له‌ ناخمدا گه‌وره‌ ده‌بوو، به‌هێز ده‌بوو، هوشیاری ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌موو لایه‌نێکه‌وه‌ شێوه‌یه‌کی پێکه‌نیناویم هه‌یه‌. هه‌موو که‌س هه‌موو کاتێک پێم پێده‌که‌نین. به‌ڵام هیچ کامێکیان ئه‌وه‌یان نه‌ده‌زانی و هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌ده‌کرد که‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی مرۆڤێک هه‌بێت که‌ له‌ هه‌مووان شاره‌زاتر بێت له‌وه‌دا که‌ من پێکه‌نیناویم، ئه‌وا ئه‌و مرۆڤه‌ خۆمم. هه‌ر ئه‌وه‌ش زیاتر ئازاری ده‌دام که‌ ئه‌وان ئه‌مه‌ نازانن. به‌ڵام له‌مه‌دا خه‌تا خه‌تای من بوو، وه‌ شانازیشم به‌وه‌وه‌ ده‌کرد که‌ نه‌مده‌ویست هیچ کاتێک ئه‌م ڕاستییه‌ له‌لای هیچ که‌سێک بدرکێنم. ئه‌و شانازییه‌شم ساڵ به‌ ساڵ له‌گه‌ڵمدا گه‌وره‌ بوو. وه‌ ئه‌گه‌ر وا ڕوویدا که‌ بمه‌وێت له‌به‌رده‌می یه‌کێکدا ڕێگه‌ به‌خۆم بده‌م و دان به‌وه‌دا بنێم که‌ من پێکه‌نیناویم، وا هه‌ستده‌که‌م هه‌ر له‌و کاته‌دا، هه‌ر له‌و ئێواره‌یه‌دا به‌ ده‌مانچه‌یه‌ک که‌لله‌ی خۆم وورد و خاش ده‌کرد.
ئاخ، له‌ ته‌مه‌نی مێردمنداڵیمدا چه‌ند له‌وه‌ ده‌ترسام له‌پڕ خۆم نه‌گرم و ئه‌م شته‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بۆ هاوڕێکانم بدرکێنم. به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی گه‌یشتمه‌ ته‌مه‌نی لاوێتی، ساڵ له‌ دوای ساڵ زیاتر و زیاتر ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت که‌ جۆره‌ سروشتێکی نابه‌ڵام هه‌یه‌. به‌ڵام ناشزانم بۆچی ئێستا له‌ جاران هێمنترم؟ به‌ تایبه‌تی ده‌شڵێم "نازانم" له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستا ناتوانم بگه‌مه‌ ئه‌وه‌ی که‌ "بۆچی".
له‌وانه‌یه‌ هی ئه‌وه‌ بێت که‌ ته‌نگییه‌کی نابه‌ڵا ده‌روونی داگیرکردووم، له‌ حاڵه‌تێکدا که‌ به‌ ته‌واوی له‌سه‌روی ده‌سه‌ڵاتی منه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌: که‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ هه‌موو شتێک له‌ هه‌موو شوێنێکی ئه‌م دونیایه‌دا وه‌ک یه‌که‌. من له‌ مێژه‌ هه‌ستم به‌وه‌ کردووه‌، به‌ڵام بڕوای ته‌واوم له‌ پڕیکدا له‌م ساڵه‌ی دواییه‌دا بوو. من له‌ پڕێکدا هه‌ستم به‌وه‌ کرد که‌ به‌ لامه‌وه‌ وه‌ک یه‌که‌ ئه‌گه‌ر دونیا بوونی هه‌بوایه‌ یاخود نه‌بووایه‌ یان هه‌ر هیچ شتێک له‌ هیچ شوێنێک نه‌بووایه‌. وام لێهات هه‌رچی هه‌ستم هه‌یه‌ به‌ هه‌موو بوونمه‌وه‌ وه‌ک هیچ شتێک له‌ ده‌وروپشتم نه‌بێت وایه‌.
له‌ سه‌ره‌تادا وام هه‌ست ده‌کرد که‌ له‌ پێشدا زۆر شت هه‌بوون، به‌ڵام دوایی بۆم ده‌رکه‌وت که‌ له‌ پێشیشدا هیچ نه‌بووه‌، نازانم له‌به‌رچی ئه‌وه‌ ته‌نها هه‌ست کردنێک بوو. تۆزه‌ تۆزه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ هیچ شتێک له‌مه‌ودوایش نابێت. له‌و کاته‌وه‌ بوو له‌ پڕێکدا ئیتر له‌ که‌س تووڕه‌ نه‌ده‌بووم وه‌ک ئه‌وه‌ی بوونیشیان نه‌بێ وه‌ها بوو له‌لام. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ له‌ شته‌ بێ نرخه‌کانیشدا ڕه‌نگی خۆی دایه‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ شه‌قامدا ده‌ڕۆشتم و به‌ر خه‌ڵکی تر ده‌که‌وتم، ئه‌مه‌ش نه‌وه‌کو هی ئه‌وه‌ بووبێت که‌ بیرم ده‌کرده‌وه‌. بیرم له‌چی بکربایه‌ته‌وه‌ ئه‌و کاته‌ من به‌ ته‌واوی وازم له‌ بیرکردنه‌وه‌ هێنابوو، هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌ک بوو. به‌خته‌وه‌ری بوو گرفتێکم له‌ گرفته‌کان شیکار بکردبایه‌، ئاخ، ته‌نها دانه‌یه‌کیش چییه‌ نه‌متوانی. چه‌ن زۆر بوون؟ به‌ڵام وای لێهات هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌ک بن و گرفته‌کانیش وون بوون.
ئێ ئاوا، دوای ئه‌وه‌ بوو ڕاستیم بۆ ده‌رکه‌وت، ڕاستیم زانی له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی پاردا، رۆژی سێیه‌میشی بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا چرکه‌ به‌ چرکه‌ی ژیانم له‌بیره‌. ئێواره‌یه‌کی تاریک بوو، تاریکترین ئێواره‌ بوو که‌ هه‌بووبێت، سه‌عات یانزه‌ی ئێواره‌ بوو که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌بیرمه‌ و بیرمده‌کرده‌وه‌ که‌ هیچ ساته‌وه‌ختێک وه‌ک ئه‌و کاته‌ تاریک نه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌ په‌یوه‌ندی ئۆرگانیشدا. باران به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ خۆش کردنه‌وه‌ی نه‌بوو. بارانه‌که‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ساردترین باران و لێڵترین باران بوو، بارانێکی زۆر ترسناک بوو، ته‌نانه‌ت له‌بیرمه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک سروشتێکی دوژمنانه‌ی هه‌بوو، سه‌عات یانزه‌ی ته‌واو بوو بارانه‌که‌ له‌پڕ وه‌ستا. ته‌مومژێکی زۆر ئه‌ستوور جێگه‌ی گرته‌وه‌. ته‌مومژ و سه‌رماکه‌ زیاتر بوون له‌و کاته‌ی که‌ باران ده‌باری. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای له‌ هه‌موو به‌ردێکی سه‌ر شه‌قامه‌که‌ و هه‌موو کۆڵانێک کرد که‌ هه‌ڵمیان لێ به‌رز ده‌بووه‌وه‌ کاتێک سه‌رنجت ده‌دانی، سه‌رنجی قووڵایی شه‌قامه‌کان له‌ دووره‌وه‌.
له‌ پڕێکدا واهات به‌ خه‌یاڵمدا که‌ ئه‌گه‌ر گازی ڕۆشنکه‌ره‌وه‌کان له‌ هه‌موو لایه‌ک بگریت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووناکی نه‌مێنێت ئه‌وا جوانتر ده‌بێت، چونکه‌ دل زیاتر خه‌م دایده‌گرت ئه‌گه‌ر گازه‌که‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ ڕووناک بکاته‌وه‌. من ئه‌و ڕۆژه‌ نانی نیوه‌ڕۆم نه‌خواردبوو، وه‌هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئێواره‌وه‌ لای ئه‌ندازیارێک دانیشتبووم، دوو هاوڕێی تریشی له‌لا بوو. من هه‌موو کاته‌که‌ بێده‌نگ بووم، دیاربوو بێده‌نگیه‌که‌شم ئه‌وانی بێزارکردبوو. له‌باره‌ی شتێکی گرنگه‌وه‌ قسه‌یان ده‌کرد و له‌پڕ گه‌رم بوون، به‌ڵام هه‌موو شتێک لای ئه‌وان وه‌ک یه‌ک بوو. من ئه‌مه‌م بینی لێیان و گه‌رمبوونه‌که‌شیان هه‌روابوو. منیش هه‌ر له‌ خۆمه‌وه‌ ئه‌مه‌م پێ وتن:
"گه‌وره‌کانم! هه‌رچۆنێک بێت هه‌موو شتێک له‌لای ئێوه‌ وه‌ک یه‌که‌".
ئه‌وان به‌م قسه‌یه‌م زویرنه‌بوون، به‌ڵکوو پێکه‌نینیان هات. پێکه‌نینه‌که‌شیان له‌به‌رئه‌وه‌ بوو که‌ من ئه‌م قسه‌یه‌م هیچ لۆمه‌یه‌کی تێدا نه‌بوو، به‌ڵکو به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ بوو که‌ له‌لای منیش هه‌موو شتێک وه‌ک یه‌ک بوو. ئه‌وان بینییان که‌ هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌که‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو دڵی خۆشکردن.
کاتێک من له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ بیرم له‌ گازه‌که‌ ده‌کرده‌وه‌، سه‌یرێکی ئاسمانم کرد. ئاسمان زۆر تاریک بوو، به‌ڵام به‌ ئاسانی ئه‌وه‌ ده‌بینرا که‌ هه‌وره‌کان له‌ت له‌ت دیاربوون و له‌ به‌ینیشیاندا زۆر ورده‌ خاڵی ڕه‌ش دیاربوون.
له‌پڕ له‌ خاڵێکی ڕه‌شیاندا ئه‌ستێرۆکه‌یه‌کم بینی و به‌ وردی سه‌رنجم دایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو که‌ ئه‌م ئه‌ستێرۆکه‌یه‌ بیرێکی پێ به‌خشیم: که‌ من ده‌بێت ئه‌م شه‌و خۆم بکوژم. ئه‌م بیره‌ دوو مانگ له‌مه‌وپێش هاتبوو به‌سه‌رمدا، هه‌رچه‌نده‌ زۆر هه‌ژارم، به‌ڵام ده‌مانچه‌یه‌کی چاکم کڕی و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش پڕم کرد له‌ فیشه‌ک. وا دوو مانگی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌ و تا ئێستاش هه‌ر له‌ سنووقه‌که‌دایه‌. به‌ڵام چونکه‌ به‌ ته‌واوی هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌ک بوو حه‌زم ده‌کرد چرکه‌یه‌ک بدۆزمه‌وه‌ که‌ تیایدا یه‌کجار به‌و شیوه‌یه‌ هه‌موو شتێک وه‌ک یه‌ک نه‌بێت، بۆچی وام ده‌ویست؟ نازانم. ئێ به‌م شێوه‌یه‌، من هه‌موو شه‌وێکی ئه‌م دوو مانگه‌، کاتێک ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ خۆم بکوژم. وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و چرکه‌یه‌م ده‌کرد. وه‌ ئه‌وه‌تا ئه‌و ئه‌ستێرۆکه‌یه‌ ئه‌م بیره‌ی پێ به‌خشیم، وه‌ وایشم بڕیاردا که‌ ئه‌م شه‌و ده‌بێت ئه‌م بڕیاره‌ جێ به‌جێ بکه‌م، به‌ڵام بۆچی ئه‌و ئه‌ستێرۆکه‌یه‌ ئه‌م بیره‌ی خسته‌ مێشکمه‌وه‌؟ نازانم. ئێ ئاوا، کاتێک من سه‌یری ئاسمانم ده‌کرد، له‌پڕ کیژۆڵه‌یه‌ک ئانیشکی گرتم. شه‌قامه‌که‌ چۆڵ بوو بوو، که‌سی لێنه‌مابوو. له‌ دووره‌وه‌ عه‌ره‌بانچییه‌ک له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌که‌ی خه‌وتبوو. کیژۆڵه‌که‌‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵێک ده‌بوو، ده‌سته‌سڕێکی پێبوو، جلێکی ته‌نکی له‌به‌ردابوو، به‌ ته‌واوی ته‌ڕبوو ته‌ر، به‌ڵام به‌ تایبه‌تی پێڵاوه‌ ته‌ڕه‌ دڕاوه‌که‌ی له‌ یادم بوو، هه‌روه‌ها ئێستاش له‌ یادم ده‌رناچێت و سه‌رنجیان به‌ تایبه‌تی قۆستمه‌وه‌. له‌پڕ ئانیشکی ڕاکێشام و بانگی کردم. نه‌ده‌گریا، به‌ڵام هاوارێکی پچڕ پچڕی لێ به‌رز ده‌بووه‌وه، وه‌ک بیه‌ویت شتێک بڵێت و نه‌توانێ قسه‌کان ته‌واو بکات له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو گیانی ده‌له‌رزی، له‌رزینێکی هێواش، له‌ شتێک ڕۆحی چووبوو، به‌ غه‌مبارییه‌وه هاواری ده‌کرد "دایکه‌.. دایکه‌" ئاوڕم لی دایه‌وه‌، به‌ڵام هیچم نه‌ووت و له‌سه‌ر ڕۆشتنه‌که‌م به‌رده‌وام بووم، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به‌دوامدا ڕایده‌کرد و ڕایده‌کێشام، له‌ ده‌نگیدا له‌ره‌یه‌ک هه‌بوو، ئه‌و له‌ره‌یه‌ی منداڵه‌ تۆقیوه‌کان هه‌یانه‌، من ئه‌و له‌ره‌ی ده‌نگه‌ ده‌ناسم.
هه‌رچه‌نده‌ کیژۆڵه‌که‌ هیچ قسه‌یه‌کی ته‌واو نه‌ده‌کرد، به‌ڵام من ئه‌وه‌مزانی که‌ دایکی له‌ شوێنێک له‌ شوێنه‌کان گیان ده‌دا، یاخود شتێکی به‌سه‌ر هاتووه‌ و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌و ڕایکردووه‌ و هاوار هاواری پێ که‌وتووه‌ بۆ یه‌کێک یان شتێک بدۆزێته‌وه‌ بۆ یارمه‌تی دانی، به‌ڵام من گوێم پێ نه‌دا و به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌پڕ بیرێکی وا هات به‌ سه‌رمدا که‌ دووری بخه‌مه‌وه‌ له‌خۆم. له‌ پێشدا من پێم وت که‌ بچێت پۆلیسێک بدۆزیته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌پڕ ده‌ستی به‌ردا و خۆی زیاتر کۆکرده‌وه‌ و له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ ڕایده‌کرد و هه‌ناسه‌بڕکێی پێ که‌وتبوو وازی لێ نه‌ده‌هێنام. به‌ڵام من خۆم گیڤ کرده‌وه‌ و به‌سه‌ریدا هاوارمکرد، ئه‌ویش قایمتر قیژاندی "گه‌وره‌م، گه‌وره‌م..." به‌ڵام له‌پڕێکدا به‌جێی هێشتم و ڕایکرده‌ سه‌رشه‌قامه‌که‌ ڕێبوارێکی تری لێ بوو، دیاربوو له‌به‌ر ئه‌و وازی له‌ من هێنا.
چوومه‌ قاتی پێنجه‌م، له‌ ژوورێکدا ده‌ژیم که‌ به‌ کرێم گرتووه‌. ژووره‌که‌ی من بچووک و هه‌ژارانه‌یه‌، په‌نجه‌ره‌که‌ی نیوه‌ بازنه‌یه‌ و بێ نرخه‌. که‌ره‌وێته‌یه‌کم (*) هه‌یه‌ که‌ رووکه‌شه‌که‌ی قووماشه‌، مێزێکیش کتێبی له‌سه‌ره‌، دوو کورسی و کورسییه‌کی تر نه‌رم و کۆن به‌ڵام (ڤۆڵتێر) ییه‌.
دانیشتم و مۆمێکم داگیرساند و بیرم ده‌کرده‌وه‌. له‌ ژووره‌که‌ی ته‌نیشتمه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ژووره‌که‌ی مندا به‌ دیوارێک جیاکراونه‌ته‌وه‌، ده‌نگه‌ ده‌نگ هه‌ر به‌ده‌وام بوو، ئه‌م غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبه‌ سی ڕۆژ بوو به‌رده‌وان بوو. له‌و ژووره‌دا کاپیتانێکی سه‌ربازی خانه‌نشین له‌ پله‌ی نه‌قیبدا ده‌ژیا، شه‌ش که‌سی هیچ و پووچ میوانی بوون. ڤۆدگایان ده‌خوارده‌وه‌ و به‌ کارتێکی کۆن یاری (شتۆس) (**) یان ده‌کرد دوێنێ شه‌و شه‌ڕیان بوو، من ده‌زانم که‌ دوانیان قژی یه‌کتریان ڕاده‌کێشا ئه‌و ئافره‌ته‌ی که‌ خاوه‌ن ماڵه‌، ویستی شکاتیان لێ بکات، به‌ڵام هه‌ر زۆر له‌ کاپیتانه‌که‌ ده‌ترسێت. ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ ژووری تردا ده‌ژین، ته‌نها ئافره‌تێکی لاوازی کورته‌باڵایه‌، ژنه‌ ئه‌فسه‌ره‌ و سێ منداڵی له‌گه‌ڵدایه‌، که‌ له‌ ژووره‌کاندا نه‌خۆش که‌وتن. خۆی و منداڵه‌کانی تا ئاستی بوورانه‌وه‌ له‌ کاپیتانه‌که‌ ده‌ترسن. به‌درێژای شه‌و هه‌ڵده‌له‌رزین و نیشانه‌ی خاجیان ده‌کێشا ته‌نانه‌ت هه‌ره‌ بچکۆله‌که‌یان تۆقیبوو خه‌ریک بوو به‌لادا بێت. وه‌ک من بزانم ئه‌م کاپیتانه‌ ڕۆژێک دێت و له‌سه‌ر سه‌قامی (نیفسکی) ده‌ست له‌ خه‌ڵک پانده‌کاته‌وه‌، هیچ که‌سیک ئیشی ناداتی، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ زۆر سه‌یره‌ (ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م شته‌ ده‌گێڕمه‌وه‌) ئه‌م کاپیتانه‌ مانگێکی ته‌واوه‌ له‌وه‌ته‌ی هاتووه‌ لێره‌ بژی هیچ بێزاری نه‌کردووم. بێگومان له‌ سه‌ره‌تادا خۆم له‌ (یه‌کتر ناسین) دوورخسته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ یه‌که‌مجاردا بێزاری خۆی به‌رامبه‌رم ده‌ربڕی.
به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ وه‌ک یه‌که‌ له‌و دیوه‌وه‌ جه‌ند هاوار بکه‌ن، چی ڕووده‌دا من به‌ درێژایی شه‌و داده‌نیشم و هه‌ر گوێشم لێیان نییه‌، له‌ راستیدا من وام له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رامۆشم کردوون. هه‌موو شه‌وێ من تا به‌ره‌به‌یان ناخه‌وم، ئه‌مه‌ بۆ ساڵێک ده‌چێ وام. به‌درێژایی شه‌و له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م داده‌نیشم و هیچیش ناکه‌م. کتێبیش ناخوێنمه‌وه‌ به‌ ڕۆژ نه‌بی. داده‌نیشم و بیریش ناکه‌مه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیرێکیش به‌ خه‌یاڵمدا گوزه‌ر بکات ئه‌وا فڕێی ده‌ده‌م. له‌ شه‌ودا هه‌موو مۆمه‌که‌ ده‌سوتێت. ‌‌
به‌ ئارامی دانیشتبووم. ده‌مانچه‌که‌م ده‌رهێنا و له‌ به‌رده‌ممدا دامنا، بیرمه‌ کاتێک دامنا به‌ خۆمم ووت "که‌واته‌.. ئاوا؟" وه‌ڵامێکی بێ دوودڵی خۆمم دایه‌وه‌ "ئاوا" مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو خۆم بکوژم. ده‌مزانی ئه‌مشه‌و خۆم ده‌کوژم، به‌ڵام نه‌مده‌زانی چه‌ند داده‌نیشم تا کاتی خۆکوشتن دێت، بێگومان خۆم ده‌کوشت ئه‌گه‌ر ئه‌و کیژۆڵه‌یه‌ نه‌بووایه‌.
 

-2-

 
با پێتان بڵێم: هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌ک بوو، به‌ڵام هه‌ستم به‌ ئازار ده‌کرد، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێک لێی بدامایه‌ هه‌ستم به‌ ئازار ده‌کرد. وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌خلاقیه‌کانیشدا ڕه‌نگی دایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر شتێکی ناخۆش ڕووی بدایه‌ هه‌ستی به‌زه‌ییم ده‌بزوا، به‌ته‌واوی وه‌ک ئه‌و کاته‌ی که‌ له‌ ژیاندا هه‌موو شتێک له‌لام وه‌ک یه‌ک نه‌بوو. به‌م جۆره‌ بوو پێش ئێستا به‌زه‌یم به‌ کیژۆڵه‌که‌دا هاته‌وه‌. وه‌ ئه‌گه‌ر کۆرپه‌یه‌ک بوایه‌ یارمه‌تیم ده‌دا. به‌ڵام بۆچی یارمه‌تی کیژۆڵه‌که‌م نه‌دا؟ ته‌نها له‌به‌ر بیرێک بوو ئه‌وسا هات به‌ مێشکمدا، کاتێک ڕایده‌کێشام و بانگی ده‌کردم له‌پڕ پرسیارێک له‌ به‌رده‌ممدا قووت بوه‌وه‌ نه‌متوانی شیکاری بکه‌م. پرسیاره‌که‌ش بێ نرخ بوو، به‌ڵام تووڕه‌ی کردم. تووڕه‌بوونه‌که‌شم له‌به‌ر ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌گه‌ر من وا بڕیارم داوه‌ که‌ ئه‌مشه‌و خۆم بکوژم. ده‌بێت ئه‌مشه‌و له‌ هه‌موو کاتێکی تر زیاتر ئه‌وه‌م له‌لا خه‌ست بێته‌وه‌ که‌ هه‌موو شتێ وه‌ک یه‌که‌، به‌ڵام بۆچی له‌پڕ هه‌ستمکرد که‌ هه‌موو شتێ له‌لام وه‌ک یه‌ک نییه‌، بگره‌ به‌زه‌یشم به‌ کیژۆڵه‌که‌دا هاته‌وه‌؟ ‌بیرمه‌ زۆرم به‌زه‌یی پێداهاته‌وه‌، هه‌ستم به‌ ئازارێکی سه‌یریش کرد که‌ بۆ باری ئێستام شتێکی باوه‌ڕ پێنه‌کراوه‌. به‌ڕاستی من ناتوانم به‌ شێوه‌یه‌کی باشتر ته‌عبیر له‌ هه‌ستی ئه‌و‌ ساته‌م بکه‌م، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ له‌گه‌ڵمدا بوو تا ماڵه‌وه‌، کاتێک له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ دانیشتم مێشکم وروژابوو، وه‌ ئه‌و باره‌ ده‌روونییه‌شم ده‌مێک بوو نه‌بوو بوو.
بیر له‌دوای بیر به‌ مێشکمدا هاتن، وام هات به‌ خه‌یاڵدا که‌ ئه‌گه‌ر من مرۆڤ بم، ئه‌وا تا ئێستا نه‌بوومه‌ سفر. وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستا نه‌بووم به‌ سفر که‌واته‌ ده‌ژیم، هه‌روه‌ها ده‌توانم ئازار بچێژم، تووڕه‌بم، له‌ کرده‌وه‌کانمدا هه‌ست به‌ شه‌رم بکه‌م. با وابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من خۆم بکوژم بۆ نموونه‌ دوای دوو سه‌عات هه‌قم به‌سه‌ر کیژۆڵه‌که‌وه‌ چییه‌؟ بیریش له‌ شه‌رم کردن بۆ بکه‌مه‌وه‌ و له‌ هه‌موو شتێکی ئه‌م دونیایه‌ش. من ده‌بم به‌ سفر، به‌ سفرێکی ڕه‌ها. ئایا هه‌ست کردنێکی وا گونجاوه‌ که‌ من دوای ماوه‌یه‌ک (بوون)م نابێت، وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ شتێک (بوون)ی نابێت، وه‌ نه‌ده‌بووایه‌ هیچ کارێکی لێ بکردمایه‌، نه‌ به‌زه‌یی به‌ کیژۆڵه‌که‌دا، نه‌ هه‌ست کردنم به‌ شه‌رم دوای کرده‌وه‌یه‌کی ناشرین؟.
هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ بوو قاچمدا به‌ زه‌ویدا و هاوارێکی دڕندانه‌م به‌سه‌ر منداڵه‌ بێ به‌خته‌که‌دا کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێم "نه‌وه‌کو هه‌ر هه‌ستیش به‌ به‌زه‌یی ناکه‌م، به‌ڵکو ئێستا گه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌شم لێ بوه‌شێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانم چونکه‌ هه‌موو شتێک دوای دوو سه‌عاتی تر ده‌کوژێته‌وه‌". ئایا بڕوا ده‌که‌ن هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ بوو هاوارم کرد؟ وا ئێستا من به‌ته‌واوه‌تیی ئه‌و شته‌م لێ ڕوونه‌. وای لێ هاتووه‌ که‌ هه‌موو شتێک (چ ژیان و چ دونیا) وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر من وه‌ستابن وه‌هایه‌. وه‌ ده‌توانم بڵێم ته‌نانه‌ت دونیا به‌س له‌به‌ر خاتری من و به‌ ته‌نها بۆ من دروست بووه‌. خۆم ده‌کوژم و دونیاش نامێنێت به‌لای که‌مه‌وه‌ بۆ من، هه‌ر له‌وانه‌شه‌ دوای من هیچ شتێک بۆ هیچ که‌سێک نه‌مێنێت. دونیاش هه‌مووی ده‌کوژێته‌وه‌ به‌ کوژاندنه‌وه‌ی من و نامێنێت. ڕه‌نگه‌ هی ئه‌وه‌ بێت که‌ ئه‌م دونیایه‌ و هه‌موو ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌ خه‌یاڵی مندا کۆبووبێتنه‌وه‌، بیرمه‌، دانیشتووم و بیرم له‌و شتانه‌ ده‌کرده‌وه‌. هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌م، ئه‌و پرسیاره‌ که‌ڵه‌که‌ بووانه‌م یه‌ک له‌دوای یه‌ک بۆ شوێنی جیاواز جیاواز ده‌نارد و شتێکی تازه‌م چنگ ده‌که‌وت. بۆ نموونه‌، له‌پڕ بیرێکی سه‌یر هات به‌ خه‌یاڵمدا ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌گه‌ر من له‌سه‌ر مانگ یان مه‌ریخ بژیامایه‌ و کرده‌وه‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ناشرینم بکردبایه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش سزا و ئازار بدرامایه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی وا که‌ هه‌ر له‌ خه‌ون و وڕێنه‌دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، دوای ئه‌وه‌ش بهاتمایه‌ته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و ئه‌و هوشیارییه‌شم بپاراستایه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌که‌ی تر چیم کردووه‌، له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌شم بزانیبایه‌ که‌ ئیتر هه‌رچی ده‌بێت تازه‌ هه‌رگیز ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ، ئایا ئه‌و کاته‌ هه‌موو شتێ به‌لامه‌وه‌ وه‌ک یه‌ک بوو کاتێک له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ سه‌یری مانگم بکردبایه‌؟ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ستم به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌کرد یان نا؟ پرسیاره‌کانم بێ نرخ و زیاده‌بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ که‌ ده‌مانچه‌که‌ له‌ به‌رده‌ممدایه‌ و به‌ هه‌موو (بوون) مه‌وه‌ زانیم که‌واش ده‌بێت، به‌ڵام پرسیاره‌کان منیان وروژاند و سه‌رشێتیان کردم، وه‌ک ئه‌وه‌ی توانای مردنم نه‌بێت، که‌ من نه‌توانم هیچ پرسیارێک وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌. به‌ کورتییه‌که‌ی ئه‌م کیژۆڵه‌یه‌ منی ڕزگارکرد، چونکه‌ پرسیاره‌کان وایان لێ کردم که‌ خۆکوشتنه‌که‌م دووربخه‌مه‌وه‌. له‌م ماوه‌یه‌شدا هێمنییه‌ک باڵی به‌سه‌ر ژووره‌که‌ی کاپیتانه‌که‌دا کێشا. له‌ یاری کردن ته‌واوبوون و خۆیان بۆ خه‌وتن ئاماده‌ ده‌کرد. به‌ڵام به‌ پاڵکه‌وتنه‌وه‌ بۆڵه‌ بۆڵیان بوو. جنێوه‌کانیان به‌ ته‌مبه‌ڵییه‌وه‌ ته‌واو ده‌کرد. له‌م کاته‌دا له‌سه‌ر کورسییه‌که‌مم سووکه‌ خه‌وێک بردمییه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ شتی وا ڕووبدات. بێ ئاگا خه‌وم لێکه‌وت.
وه‌ک ئاشکرایه‌ خه‌ون شتێکی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌. هه‌ندێکیان به‌ ته‌واوی ڕوون و ئاشکران، ته‌نانه‌ت شته‌ هه‌ره‌ ورده‌کانیان وه‌ک به‌شێک بن له‌ یاقووت وا ده‌رده‌که‌ون. به‌ڵام هه‌ندێکی تریان پشتگوێ ده‌خه‌یت وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌شتبینیبێت: بۆ نموونه‌ تۆ کات و شوێن جێ ده‌هێڵیت، واش دیاره‌ خواست و ئاره‌زوو خه‌ون کێش ده‌که‌ن نه‌ک هۆش. دڵ نه‌ک سه‌ر، به‌ڵام ئای مێشکم چه‌ند شتی نائاسایی له‌ خه‌ونه‌کانمدا ده‌خوڵقاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتی زۆر له‌ خه‌ونه‌کانمدا ده‌بینران. بۆ نموونه‌ براکه‌م پێنج ساڵ ده‌بێت کۆچی دوایی کردووه‌، هه‌ندێک جار له‌ خه‌ونه‌کانمدا ده‌یبینم، ده‌یبینم و به‌شداری ئیش و کارمده‌کات و به‌یه‌کیشه‌وه‌ زۆر ده‌گونجێین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ به‌درێژایی خه‌ونه‌که‌ ئه‌وه‌ ده‌زانم و له‌بیریشمه‌ که‌ براکه‌م کۆچی دوایی کردووه‌ و نێژراوه‌. چۆن سه‌رم سوڕنامێنێت له‌وه‌ی که‌ مردووه‌ و له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و هه‌رچۆنێک بێت خۆی له‌گه‌ڵمدا خه‌ریک ده‌کات. بۆچی مێشکم به‌ ته‌واوی ڕێگه‌ به‌م شته‌ ده‌دات. به‌ڵام به‌سه‌ با بچمه‌ سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌که‌م.
به‌ڵێ، ئه‌و ساته‌ ئه‌م خه‌ونه‌م بینی، خه‌ونه‌که‌م له‌ ڕۆژی سێیه‌می تشرینی دووه‌مدا بوو ئه‌وان سه‌رده‌که‌نه‌ سه‌رم و ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها خه‌ونێک بووه‌. به‌ڵام ئایا شیاوه‌ که‌ خه‌ون بووه‌ یا نا، که‌ ئه‌گه‌ر من به‌هۆیه‌وه‌ ڕاستیم بۆ ده‌رکه‌وت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ جارێک ڕاستی بۆ ده‌رکه‌وت و بینی، ده‌زانێت که‌ ئه‌وه‌ ڕاستی بووه و هیچی ترنا. گه‌ر بخه‌ون یان بژین. باشه‌ با خه‌ون بێت، باشه‌ با وابێت، به‌ڵام ئه‌م ژیانه‌ی که‌وا له‌لاتان زۆر پیرۆزه‌، ویستم به‌ خۆکوشتنێک بیکوژێنمه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ونه‌که‌م، خه‌ونه‌که‌م، ئای چ ژیانێکی تازه‌ و مه‌زن و نوێکه‌ره‌وه‌ و به‌هێزی پێ به‌خشیم! گوێ بگرن.

-3-

 
وه‌ک وتم سوکه‌ خه‌وێک بردمییه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌و شتانه به‌رده‌وام بم‌. له‌ناکاودا خه‌ونم بینی که‌ ده‌مانچه‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌ر به‌ دانیشتنانه‌وه‌ به‌ره‌و دڵمی ڕاده‌گرم. به‌ره‌و دڵم نه‌ک به‌ره‌و که‌لله‌م. کاتی خۆی وام بڕیاردابوو که‌ بێگومان ده‌مانچه‌که‌ به‌ره‌و سه‌رم ڕاده‌گرم، به‌تایبه‌تی له‌لای به‌شی ڕاستیش. به‌رامبه‌ر سنگم ڕامگرت یه‌ک چرکه‌ یان دووان چاوه‌ڕێم کرد. مۆمه‌که‌م، مێز و دیواره‌که‌ له‌پڕ ده‌ستیانکرد به‌ جوڵانه‌وه‌، لاربوونه‌وه‌. به‌خێرایی ته‌قاندم.
له‌ خه‌وندا هه‌ندێ جار له‌ شوێنی به‌رزه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ خواره‌وه‌، یان خه‌ون ده‌بینن و یه‌کێک سه‌رتان ده‌بڕێت یان لێتان ده‌دات به‌ڵام هه‌رگیز هه‌ست به‌ ئازار ناکه‌ن. مه‌گه‌ر له‌ناو جێگاکه‌دا خۆتان خۆتان ئازار بده‌ن ته‌نها ئه‌و کاته‌ ئازارتان ده‌گات و هه‌میشه‌ش به‌م ئازاره‌وه‌ به‌ئاگادێنه‌وه‌، وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو له‌ من ڕوویدا، هه‌ستم به‌ ئازار نه‌کرد، به‌ڵام وامزانی که‌ به‌ گولله‌که‌ هه‌موو گیانم که‌وته‌ له‌رزین، له‌پر هه‌موو شتێک کپ بوو. ده‌وروپشتم له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ تاریکیدا نقوم بوو، وه‌ک کوێربووبم یان به‌نج کرابم. ئه‌وه‌تام له‌سه‌ر شتێکی ڕه‌ق ڕاکشاوم و هیچ نابینم و توانای که‌مترین جوڵانه‌وه‌م نییه‌. له‌ ده‌وروپشتمدا خه‌ڵک هات و چۆ ده‌که‌ن و هاوار ده‌که‌ن و کاپیتانه‌که‌یش به‌ ده‌نگێکی به‌رز قسه‌ده‌کات، ئافره‌ته‌ خاوه‌ن ماڵه‌که‌یش ده‌زریکێنێت و له‌پڕ کپ بوونێکی تر. دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌تا له‌ تابووتێکی داخراودا هه‌ڵمده‌گرن، هه‌ستیش ده‌که‌م تابووته‌که‌ ده‌له‌رێته‌وه‌ و بیریشی لێ ده‌که‌مه‌وه‌. له‌پڕدا و بۆ جاری یه‌که‌مین خه‌یاڵێک ده‌وروخولی دام که‌ من مردووم، به‌ ته‌واوی مردووم، من ئه‌وه‌ ده‌زانم و گومانیشم لێی نییه‌، هیچ نابینم و هیچ ناجوڵێمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ست ده‌که‌م و بیریش ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵام دوای تۆزێک به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌ ده‌سته‌وسان ده‌مێنمه‌وه‌. وه‌ک شتێکی ئاسایی، وه‌ک له‌ خه‌وندا بڕوا به‌و شته‌ ده‌که‌م که‌ بوونی هه‌یه‌ به‌بێ هیچ مشتومڕێک.
ئێ ئه‌وه‌تا له‌ناو زه‌ویدا ده‌منێژن و هه‌موویان ده‌ڕۆنه‌وه‌. منیش ته‌نیا، به‌ ته‌واوی تاک و ته‌نیا، ناجوڵێمه‌وه‌. کاتی خۆی، کاتی ئاگایی هه‌میشه‌ که‌ بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ چۆن له‌ گۆڕێکدا ده‌مشارنه‌وه‌، وه‌ک تایبه‌تمه‌ندێتی گۆڕ، به‌رامبه‌ری یه‌ک هه‌ستم هه‌بوو، ئه‌ویش هه‌ستکردن به‌وه‌ی که‌ گۆڕ سارد و شێداره‌، هه‌روه‌ها ئێستاش هه‌ستم به‌ سه‌رمایه‌کی توند کرد، به‌ تایبه‌تی له‌ به‌ینی په‌نجه‌کانی قاچمدا، به‌ڵام هه‌ستم به‌هیچ شتێکی تر نه‌ده‌کرد. ڕاکشابووم، سه‌یریش له‌وه‌دا بوو که‌ چاوه‌ڕوانی هیچ شتێکم نه‌ده‌کرد، به‌بێ هیچ مشتومڕێک به‌وه‌ ڕازی بووم که‌ مردوو چاوه‌ڕوانی هیچ شتێک ناکات، به‌ڵام ئه‌وێ شێدار بوو وه‌ ناشزانم کات چه‌ند تێپه‌ڕی: سه‌عاتێک یان چه‌ند ڕۆژێکی که‌م یان زۆر.
به‌ڵام له‌پڕ دڵۆپێک ئاو که‌وته‌ سه‌ر تابووته‌ داپۆشراوه‌که‌ و له‌وێوه‌ ڕژایه‌ سه‌ر چاوی نوقاوی چه‌پم، به‌ دوای ئه‌ودا و دوای ده‌قیقه‌یه‌ک دڵۆپێکی ترو دڵۆپێکی ترو به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ده‌قیقه‌یه‌ک. له‌ دڵمدا تووڕه‌بوونێک کڵپه‌ی کرد، که‌ وای لێ کردم هه‌ست به‌ ئازارێکی ئۆرگانی بکه‌م. بیرم کرده‌وه‌" ئه‌مه‌ برینه‌که‌مه‌. ته‌قه‌کردنه‌که‌،گولله‌که‌‌ش له‌وێیه‌..." دڵۆپه‌کانیش یه‌کسه‌ر ده‌ڕژانه‌ سه‌ر چاوه‌ نوقاوه‌که‌م، له‌ پڕێکدا بانگی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتم کرد ،ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی به‌ سه‌رمدا هێنا. به‌ زمان بانگم نه‌کرد به‌ڵکو به‌ هه‌موو (بوون) مه‌وه‌ چونکه‌ نه‌ده‌جوڵامه‌وه‌.
-هه‌چ که‌سێک بیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ هه‌یت وئه‌گه‌ر شتێک هه‌بێت ووشیارتر له‌وه‌ی که‌ ئیتر ڕووده‌دات ده‌بانگی بکه‌ بێت بۆ ئێره‌. وه‌ ئه‌گه‌ر ‌‌حه‌قم لێ ده‌که‌یته‌وه‌ که‌ ناشیرین و نه‌زانانه‌ کۆتاییم به‌ ژیانی خۆم هێناوه‌ وژیانێکی بێ نرختریش له‌ دوایدا ئه‌وه‌ بزانه‌ که‌ هه‌رچی ئازارێک بچێژم له‌ هیچ کاتێکدا ناخرێته‌ ئاستی ئه‌م سوکایه‌تی پێ کردنه‌ی ئێستام که‌ به‌ بێده‌نگی هه‌ستی پێ ده‌که‌م، بگره‌ له‌ به‌رده‌وامی ملیۆن ساڵی تری ئازاریش.
به‌ داوا لێ کردنه‌وه بانگم کرد و بێده‌نگ بووم. بێده‌نگییه‌ قووڵه‌که‌ نزیکه‌ی ده‌قیقه‌یه‌کی ته‌واوی خایاند، که‌چی دڵۆپێکی تر که‌وته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌م زانی،زانیم و به‌ شێوه‌یه‌ک بڕوام به‌وه‌ کرد که‌ هه‌رگیز جێ پێی پێ له‌ق ناکرێت که‌ بێگومان ئێستا هه‌موو شتێک ده‌گۆڕدرێت.ئه‌وه‌ گۆڕه‌که‌مه‌ و له‌پڕ درزی برد. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا گۆڕه‌که‌م سه‌رنه‌گیراو شه‌ق بردوو بوو،به‌ڵام بونه‌وه‌رێکی تاریک و نه‌ ناسراو هه‌ڵیگرتم.خۆمان له‌ بۆشایی ئاسمان بینییه‌وه‌، له‌پڕ توانیم ته‌ماشا بکه‌م،شه‌و زۆر تاریک بوو، تاریکییه‌کی وا‌ که‌ هه‌رگیز نه‌بووبێت ئێمه‌ به‌رزبووینه‌وه‌ و له‌ زه‌وی دوورکه‌وتینه‌وه‌. من هیچ پرسیارێکم له‌و که‌سه‌ نه‌ده‌کرد که‌ به‌رزی ده‌کردمه‌وه‌،چاوه‌ڕوان بووم و هه‌ستم به‌ شانازی ده‌کرد، وا بڕوام به‌ خۆم ده‌هێنا که‌ ناترسم. نه‌ترساندنه‌که‌شم بووه‌ بیرێکی به‌ستووی به‌دڵداچوو. بیرم ناکه‌وێته‌وه‌ له‌ فڕینه‌که‌ماندا چه‌ند کاتمان به‌سه‌ربرد. وه‌ ناشتوانم وێنای بکه‌م:هه‌موو وا ده‌که‌وێته‌وه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ له‌ خه‌وندا ڕووده‌دات. کاتێک ئاستی کات و شوێن جێ ده‌هێڵیت، ئاستی یاسای(بوون) و هۆش، ته‌نها له‌و خاڵانه‌شدا ئیستێکمان ده‌کرد که‌ دڵ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت. له‌بیرمه‌، له‌پڕ ئه‌ستیرۆکه‌یه‌کم له‌ تاریکیدا به‌دی کرد "ئه‌مه‌ سیریوسه‌؟" (***) پرسیارم کرد. سه‌برم سوا هه‌رچه‌نده‌ نه‌مده‌ویست هیچ پرسیارێک بکه‌م."نه‌خێر،ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌ستێرۆکه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ به‌ینی هه‌وره‌کانه‌وه‌ بینیبووت کاتێ ده‌گه‌ڕایته‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌" ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی که‌ منی هه‌ڵگرتبوو وه‌ڵامی دامه‌وه‌. زانیم که‌ له‌وه‌ ده‌چێت ده‌موچاوێکی مرۆڤانه‌ی هه‌بێت، شتێکی زۆر سه‌یریش ئه‌وه‌بوو که‌ من ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌م خۆشنه‌ده‌ویست و ڕقم لێی ده‌بووه‌وه‌.
من به‌ ته‌واوی وامده‌زانی که‌ (بوون)م نامێنێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو گولله‌که‌م گرته‌ دڵم، که‌چی ئه‌وه‌تام ده‌ستم به‌ ده‌ستی بوونه‌وه‌رێکه‌وه‌یه‌،بێگومان مرۆڤ نییه، به‌ڵام (بوون‌)ی هه‌یه‌."ئاه. که‌واته‌ دوای مردنیش ژیان هه‌یه‌".بیرم له‌و ته‌نکه‌ ووشیارییه‌ سه‌یره‌ی خه‌ون ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو دڵم به‌ هه‌موو قوورسیاییه‌کییه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا بوو. بیرم کرده‌وه‌ " ئه‌گه‌ر جارێکی تر زیندووبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ پێی وویستی بوونه‌وه‌رێک ژیان جارێکی تر هه‌یه‌، که‌واته‌ نامه‌وێت ئازارم بده‌ن و ناشمه‌وێت سووکایه‌تیم پێ بکرێت" به‌ هاوڕێی ڕێگاکه‌م ووت"تۆ ده‌زانیت که‌ من لێت ده‌ترسێم، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ڕقت لێم ده‌بێته‌وه‌". نه‌مده‌توانی له‌و پرسیاره‌ پڕ سووکایه‌تی پێکردنه‌ خۆم بگرم که‌ دان پێدانانی گرتبووه‌خۆ، هه‌ست کردنیش به‌ سووکایه‌تی پێ کردن وه‌ک سه‌ره‌ ده‌رزی له‌ دڵمدا چه‌قیبوو. وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، به‌ڵام له‌ پڕ هه‌ستم کرد که‌ ڕقی لێم نابێته‌وه‌ ، گاڵته‌شم پێ ناکات، ته‌نانه‌ت به‌زه‌یشی پێمدا نایه‌ته‌وه‌.وه‌ ئه‌م گه‌شته‌شمان ئامانجێکی شاردراوه‌ی هه‌یه‌ که‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ خۆمه‌وه‌ هه‌یه‌.تۆزه‌ تۆزه‌ ترس له‌ دڵمدا زیادی ده‌کرد. شتێکی بێده‌نگ به‌ڵام به‌ ئازار له‌ هاوڕێی سه‌فه‌ره‌که‌م پێده‌گه‌یشت وه‌ک ئه‌وه‌ وابوو بمبڕێت. ئێمه‌ له‌ تاریکییه‌کی بێ کۆتایدا ده‌فڕین. من ده‌مێک بوو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌م نه‌ده‌بینی که‌ به‌ چاوم ئاشنا بوون. من ده‌مزانی که‌ له‌ بۆشایی ئاسماندا ئه‌ستێره‌ هه‌ن که‌ تیشکه‌کانیان چه‌ند هه‌زارو ملیۆن ساڵ نه‌بێ ناگه‌نه‌ زه‌وی. له‌وانه‌ بوو ئه‌و بۆشاییه‌مان ببڕیایه‌ من چاوه‌ڕوانی شتێکی ترسناک و ئازاراویم ده‌کرد که‌ دڵمی ته‌نگ کردبوو. له‌ پڕ هه‌ستێکی ئاشنا له‌ پله‌یه‌کی به‌رزدا منی ڕاچڵه‌کاند :له‌ پڕ ڕۆژه‌که‌ی خۆمانم بینی. ئه‌وه‌م زانی که‌ ناکرێت ئه‌مه‌ ئه‌و(ڕۆژ)ه‌ بێ که‌ زه‌ویمانی لێ دروست بووه‌ و ئێمه‌ش بێ کۆتایی لێی دوورین. نه‌ڵام له‌به‌ر هۆیه‌کی نادیار، به‌ هه‌موو (بوون)مه‌وه‌ زانیم که‌ ئه‌م (ڕۆژ)ه‌ زۆر له‌(ڕۆژ)ه‌که‌ی خۆمان ده‌چێت، دووباره‌ی ئه‌وه‌و دووانه‌ن. ئه‌م هه‌سته‌ شیرین و سه‌رنج ڕاکێشه‌ له‌ ڕۆحم وورووکابوو: هێزی ڕووناکییه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌م، ئه‌و ڕووناکییه‌ی منی دروست کردبوو هه‌موو دڵمی سه‌ر لێو کرد له‌ زیندوێتی و هه‌ستم به‌ ژیان کرد، به‌و ژیانه‌ی یه‌که‌مجار، یه‌که‌مجاری پێش مردنه‌که‌م. هاوارم کرد :ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ (ڕۆژ) بێت و وه‌ک ڕۆژه‌که‌ی خۆمان بێت، ئه‌ی که‌واته‌ زه‌وی له‌ کوێیه‌؟ هاوڕێی سه‌فه‌ره‌که‌م په‌نجه‌ی بۆ ئه‌ستێره‌یه‌ک ڕاکێشا که‌ له‌ تاریکیدا وه‌ک پیرۆزه‌ ده‌دره‌وشایه‌وه‌، ده‌ستمان کرد به‌ فڕین به‌ره‌و ئه‌وێ.
- ئایا شتێکی شیاوه‌ ئه‌م هه‌موو دووباره‌بووانه‌ی گه‌ردوون، ئایا ئه‌م یاسای سرووشته‌ به‌جێیه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش که‌ له‌وێیه‌ زه‌وی بێت، ئایا شتێکی به‌جێیه‌ که‌ وه‌ک زه‌وی خۆمان بێت. به‌ته‌واوی وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆمان، بێ به‌خت و بێ که‌ڵک بێت، به‌ڵام بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ئازیز و خۆشه‌ویست، هه‌روه‌ها هه‌مان خۆشه‌ویستی پڕ ژان بۆخۆی دروست بکات وه‌کو زه‌وییه‌که‌ی خۆمان له‌ لایه‌ن منداڵه‌ بێسفه‌ته‌کانیه‌وه‌؟ هاوارم کرد، هاوارێکی پڕ داچڵه‌کین که‌ پڕی بوو له‌ خۆنه‌گرتن بۆ تامه‌زرۆی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی که‌ جێم هێشت. له‌به‌رچاومدا سیمای ئه‌و کیژۆڵه‌یه‌ی که‌ ئازارمدا قووت بووه‌وه‌. هاوڕێی سه‌فه‌ره‌که‌م وه‌ڵامی دامه‌وه‌:
- هه‌موو شتێک ده‌بینیت. له‌ره‌ی غه‌م له‌ ڕسته‌که‌یدا بوو، ئێمه‌ زۆر زوو له‌ ئه‌ستێره‌که‌ نزیک ده‌که‌وتینه‌وه‌.. تۆزه‌ تۆزه‌ له‌به‌رچاومدا گه‌وره‌ ده‌بوو، تاوام لێهات که‌ ئۆقیانووسه‌کان بناسمه‌وه‌، سنووری ئه‌وروپا بناسمه‌وه‌. کتوپڕ هه‌ستێکی زۆر غه‌ریب له‌ دڵمدا کڵپه‌ی سه‌ند، هه‌ستێکی غه‌ریبی وا که‌ سه‌رلێو بوو له‌ دڵپیسییه‌کی مه‌زنی پیرۆز. "چۆن ده‌بێت ئه‌م هه‌موو دووباره‌کراوانه‌، وه‌ له‌به‌رچی؟ من خۆشه‌ویستیم له‌ دڵدایه‌، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌م ته‌نها بۆ ئه‌و زه‌وییه‌یه‌ که‌ به‌جێم هێشتووه‌، ئه‌و زه‌وییه‌ی که‌ خوێنمی لێ ڕژا کاتێک ژیانی خۆم به‌ گولله‌یه‌ک سڕییه‌وه‌. به‌ڵام من خۆشه‌ویستیم هه‌رگیز بۆ زه‌وی سارد نه‌بۆته‌وه،‌ ته‌نانه‌ت له‌و شه‌وه‌شدا که‌ به‌جێم هێشت. له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو کاتێکی تر زیاتر به‌ ژانێکی گه‌وره‌تره‌وه‌ خۆشم بوێت. ئایا هیچ ژانێک له‌م زه‌وییه‌ تازه‌یه‌‌دا بوونی هه‌یه‌؟ ئێمه‌ له‌سه‌ر زه‌وی خۆمان هیچ خۆشه‌ویستییه‌کی تر ناناسین. من بۆ خۆشه‌ویستی پێویستم به‌ ژانه‌. من پێویستمه‌، من تینووم له‌م ساته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ زه‌وی ڕازی بوونم ده‌رببڕم و فرمێسکیش له‌ چاوه‌کانمه‌وه‌ بڕژێت. ته‌نها بۆ ئه‌و زه‌وییه‌ی که‌ به‌جێم هێشت. هیچ ژیانێکم ناوێت و به‌ هیچ شتێکیش ڕازی نابم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌کی تر بێت.
هاوڕێی سه‌فه‌ره‌که‌م جێی هێشتبووم، زۆر کتوپڕ، وه‌ک ئاگام له‌خۆم نه‌بێت خۆم له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ تازه‌یه‌ بینییه‌وه‌. له‌ ڕۆژێکی هه‌تاویی پڕ سیحری وه‌ک به‌هه‌شت. وا ده‌رده‌که‌وت که‌ وه‌ستابم له‌سه‌ر یه‌کێک له‌و جه‌زیرانه‌ی که‌ ئه‌رخه‌بیلی یۆنانی پێک دێنێت. یان له‌ پارچه‌ به‌شێکی که‌ناری ده‌ریا به‌رامبه‌ر ئه‌م ئه‌رخه‌بیله‌. ئاهـ! هه‌موو شتی ته‌واو وه‌ک هی خۆمان به‌ڵام وه‌کو ئه‌وه‌ وابوو که‌ باق و بریقی دره‌وشانه‌وه‌ی جه‌ژن بێت، سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن و پیرۆزی دوا چرکه‌ بێت. ده‌ریاکه‌ وه‌ک پیرۆزه‌یه‌کی زۆر ته‌نگ خۆی له‌ که‌ناره‌که‌ی ده‌دا و به‌ خۆشه‌ویستییه‌کی ڕوون و بینراو و وشیاره‌وه‌ ماچی ده‌کرد. دره‌خته‌ باریکه‌له‌ جوانه‌کان به‌ هه‌موو گوڵه‌ بێ نموونه‌کانیه‌وه‌ وه‌ستابوون، گه‌ڵاکانیان که‌ له‌ ژماردن نه‌ده‌هاتن وایان لێ کردم که‌ بڕوا به‌وه‌ بهێنم که‌ به‌ له‌رینه‌وه‌ نه‌رمه‌کانیان به‌خێرهاتنیان ده‌کردم وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ چرپه‌ی وشه‌ی خۆشه‌ویستی بێت. گیایه‌ نه‌رمه‌که‌ ده‌دره‌وشایه‌وه‌ به‌هۆی گوڵه‌ بۆن خۆشه‌کانییه‌وه‌. باڵنده‌کان به‌ کۆمه‌ڵ ده‌فڕین بێ ئه‌وه‌ی له‌ من بترسن له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستم، له‌سه‌ر شانم ده‌نیشتنه‌وه‌. به‌ خۆشییه‌وه‌، به‌ باڵه‌ بچکۆله‌ جوانه‌ ئێسک سووکه‌کانیانه‌وه باڵه‌ فڕه‌یان بوو‌. له‌ کۆتایدا ئه‌و خه‌ڵکه‌ دڵخۆشه‌م بینی و ناسی. خۆیان هاتن بۆلام.. ده‌وریان دام. ماچیان ده‌کردم. منداڵه‌کانی ڕۆژ. منداڵه‌کانی ڕۆژه‌کانیان ئاهـ چه‌ند بێ نموونه‌بوون. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ر زه‌وی خۆمان مرۆڤی له‌و جوانییه‌م نه‌بینیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ منداڵه‌کانی خۆشماندا له‌ ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیاندا جوانییه‌کی له‌و بابه‌ته‌ (هه‌رچه‌نده‌ که‌میشه‌) ده‌بینرێ. چاوانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ دڵخۆشانه‌ ڕوون ڕوون ده‌دره‌وشانه‌وه‌. سیمایان تیشکی زیره‌کی لێ ده‌بوه‌وه، هوشیارییه‌کی پڕ دڵنیایی، ئه‌م ده‌موچاوانه‌ شیرین بوون دڵخۆشییه‌کی منداڵانه‌ له‌ وشه‌ و ده‌نگیاندا ده‌له‌رایه‌وه‌. ئاهـ، هه‌موو شتێک تێگه‌یشتم، یه‌کسه‌ر تێگه‌یشتم هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ که‌ سیمایانم به‌رچاوکه‌وت. ئه‌و زه‌وییه‌ زه‌وییه‌ک بوو کفرکردن پیسی نه‌کردبوو، خه‌ڵکێکی له‌سه‌ر ده‌ژیان گوناح کردنیان نه‌ده‌زانی چییه‌، له‌ به‌هه‌شتێکی وادا ده‌ژیان وه‌ک به‌هه‌شته‌که‌ی ئاده‌م و حه‌وای گوناحکار وه‌ک له‌ هه‌موو چیرۆکه‌ ئه‌فسانه‌ مرۆڤایه‌تییه‌کاندا هاتووه‌، به‌ڵام به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان جیاوازی هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌م زه‌وییه‌ هه‌مووی، به‌ هه‌موو به‌ش و سووچه‌کانییه‌وه‌ یه‌ک به‌هه‌شت بوو. ئه‌و خه‌ڵکه‌ لێم وورووکابوون له‌ دڵه‌وه‌ پێده‌که‌نین، زۆر نه‌رم و نیان له‌گه‌ڵمدا، بردمیانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. هه‌ریه‌که‌یان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا که‌ دڵنیام بکه‌ن. ئۆهـ! هیچ پرسیارێکیان لێ نه‌کردم. وا هاتنه‌ پێش چاوم وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو شتێک بزانن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌یانوویست ئه‌و ژانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ده‌موچاوم نیشتووه‌ له‌ که‌مترین کاتدا بسڕنه‌وه‌.
 

-4-

 
وه‌ک ده‌بینن ئه‌مه‌ هه‌مووی بوو. به‌ڵام باشه‌ ئه‌مه‌ با ته‌نها خه‌ونێک بێت. به‌ڵام هه‌ستی خۆشه‌ویستیم به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ پاک و بێ نموونانه‌دا تا هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ ناخمدا ده‌ژی، هه‌ست ده‌که‌م ئێستاش خۆشه‌ویستیان له‌وێوه‌ به‌سه‌رمدا ده‌بارێت.من خۆم ئه‌وانم بینی، ناسیمن و بۆم ده‌رکه‌وتن و خۆشم ویستن، دوایش به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ئازارم چه‌شت. ته‌نانه‌ت ئه‌وساش یه‌کسه‌ر تێگه‌یشتم که‌ من له‌ زۆر لاوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک لێیان تێ ناگه‌م. بۆم ڕوون بوه‌وه‌ که‌ من، منێکی پێشکه‌وتووخوازی ڕووسی هاوچه‌رخ، پێتربۆرگێکی بۆگه‌ن بۆم شیکار نه‌ده‌کرا بۆ نموونه‌ که‌ ئه‌وان شتێکی زۆر ده‌زانن، به‌ڵام زانستی ئێمه‌یان پێ نییه‌، به‌ڵام هه‌ر زۆر به‌ خێرایی بۆم ده‌رکه‌وت که‌ زانیارییان له‌ هه‌ندێ هۆکاره‌وه‌ دروست بووه‌ و تێروته‌سه‌ل و بێ ناته‌واوی که‌ زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ی لای ئێمه‌ی سه‌رزه‌وی، هه‌روه‌ها ویستخوازیشیان به‌ ته‌واوی جیاوازتره‌. هیچ شتێکیان نه‌ده‌ویست و دڵنیاش بوون، نه‌شیان ده‌ویست به‌و جۆره‌ له‌ ژیان تێ بگه‌ن که‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت تێی بگه‌ین، چونکه‌ ژیانیان خۆی پڕبوو، به‌ڵام زانیارییان زۆر له‌وه‌ی ئێمه‌ قووڵتر و به‌رزتربوو، چونکه‌ زانستمان به‌ دوای ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌دا وێڵه‌ که‌ ژیان چییه‌، وه‌ هه‌وڵدانه‌که‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ فێری ئه‌وانی تر بکات بژین، به‌ڵام ئه‌وان به‌بێ زانست ئه‌وه‌یان زانیووه‌ چۆن ده‌بێت بژین، من ئه‌مه‌م هه‌ست پێکرد به‌ڵام له‌ زانیارییه‌که‌یان تێ نه‌گه‌یشتم. دره‌خته‌کانیان پیشان ده‌دام، به‌ڵام له‌وه‌ سه‌رم ده‌رنه‌ده‌کرد که‌ به‌ چ خۆشه‌ویستییه‌کی زۆره‌وه‌ سه‌یری دره‌خته‌کانیان ده‌کرد. وه‌کو ئه‌وه‌ وابوو که‌ له‌گه‌ڵ زینده‌وه‌رێکدا قسه‌بکه‌ن که‌ کتومت له‌وان ده‌کات. ئه‌وه‌ بزانن که‌ هه‌ڵه‌ ناکه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم که‌ بگره‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردن. به‌ڵێ زمانه‌که‌یان دۆزیبووه‌وه‌. من دڵنیام که‌ ئه‌و دره‌ختانه‌ش تێیان ده‌گه‌یشتن. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش سه‌یری هه‌موو سروشتیان ده‌کرد. سه‌یری ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ش که‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌ ئاشتی ده‌ژیان. هێرشیان نه‌ده‌کرده‌ سه‌ریان. خۆشه‌ویستیان بۆیان خۆشه‌ویستییه‌کی پڕ دڵنیایی بوو په‌نجه‌یان بۆ ڕاده‌کێشا. شتی وایان باس ده‌کرد له‌باره‌یانه‌وه‌ که‌ من تێی نه‌ده‌گه‌یشتم. به‌ڵام له‌وه‌ دڵنیام که‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێ به‌ ئه‌ستێره‌کانه‌وه‌ بیانبه‌ستێته‌وه‌ نه‌ک ته‌نها به‌ خه‌یاڵ به‌ڵکو به‌ شێوه‌یه‌کی زیندوو. ئاهـ، ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌یانده‌ویست که‌ من تێیان بگه‌م. به‌بێ ئه‌وه‌ منیان خۆش ده‌ویست، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ئه‌وه‌ تێ گه‌یشتم که‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ من تێناگه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ من باسی زه‌وی خۆمانم بۆ نه‌کردن و ته‌نها به‌ به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌و زه‌وییه‌م ماچ کرد که‌ له‌سه‌ری ده‌ژیان. به‌ بێ هیچ وشه‌یه‌ک ئه‌وانم په‌رست. ئه‌وانیش به‌وه‌یان زانی. وازیان لێ هێنام خۆشم بوێن و بیانپه‌رستم، به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆشه‌ویستییه‌که‌م شه‌رم بکه‌ن چونکه‌ خۆیان خۆشه‌ویستییه‌کی زۆریان له‌ دڵدا بوو. به‌ ده‌ست منه‌وه‌ ئازاریان نه‌ده‌کێشا کاتێک فرمێسک له‌ چاوه‌کانمدا قه‌تیس مابوون. هه‌ندێک جار قاچم ماچ ده‌کردن، هه‌ستم به‌ دڵخۆشی ده‌کرد که‌ ئه‌وان به‌ چ هێزێکی پڕ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌دامه‌وه‌. هه‌ندێک جار به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌ خۆم ده‌پرسی: چۆن ئه‌وان توانییان ئه‌م هه‌موو کاته‌ دوورودرێژه‌ ئازاری مرۆڤێکی وه‌ک من نه‌ده‌ن و به‌رامبه‌ر مرۆڤێکی وه‌ک منیش هه‌ستی دڵپیسی و خۆویستی نه‌بزوێنن؟ وه‌ زۆر جار له‌ خۆم ده‌پرسی: ئایا من چۆن توانیم، منێکی له‌خۆبایی و درۆزن، باسی ئه‌و شتانه‌یان بۆ نه‌که‌م که‌ ده‌مزانین و ئه‌وانیش بێ ئاگا لێی. بێگومان نه‌مده‌ویست سه‌رنجیان بۆ ئه‌و شتانه‌ ڕابکێشم و له‌به‌ر خۆشه‌ویستیشیان بوو؟ زۆر چالاک بوون، ڕۆح سووک بوون وه‌ک منداڵ. گه‌ڕۆکی ناو دارودره‌خت و دارستانه‌ بێ نموونه‌کانیان بوون. گۆرانی خۆش خۆشیان ده‌چڕی. خواردنێکی سووکیان ده‌خوارد که‌ به‌رهه‌می دره‌خته‌کانیان بوو، هه‌نگوینی دارستانه‌کانیان، شیری ئاژه‌ڵه‌کانیان، که‌ خۆشیان ده‌ویست و بۆ خواردن و جلوبه‌رگیان زۆر ماندوو نه‌ده‌بوون، به‌ڵکو زۆر به‌ ئاسانی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌هات. خۆشه‌ویستی له‌ نێوانیاندا هاتوچۆی ده‌کرد، منداڵه‌کانیان له‌دایک ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌و شه‌هوانییه‌ته‌ دڵڕه‌قه‌ی که‌ هه‌موومانی گرتۆته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی لای ئه‌وان نه‌بوو. هه‌موومان و هه‌ریه‌کیش له‌ ئێمه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی تاک و ته‌نیا بۆ هه‌موو گوناحی مرۆڤایه‌تیمان. دڵیان به‌و منداڵانه‌ زۆر ده‌کرایه‌وه‌ که‌ له‌دایک ده‌بوون، وه‌ک به‌شداربوویه‌کی تازه‌ی دڵخۆشییان. له‌ نێوانیاندا شه‌ڕ و دڵپیسی نه‌بوو، نه‌ک ئه‌مه‌ به‌ڵکو هه‌ر نه‌شیانده‌زانی ئه‌مانه‌ چین و چی ده‌گه‌یه‌نن. منداڵه‌کانیان منداڵی هه‌مووان بوون، چونکه‌ به‌ هه‌موویان یه‌ک خێزانیان پێک ده‌هێنا. هیچ نه‌خۆشییه‌کیان نه‌بوو هه‌رچه‌نده‌ مردنیان هه‌بوو، به‌ڵام پیره‌کانیان به‌ هێمنی ده‌مردن، وه‌ک خه‌وێکی قووڵیان لێ که‌وتبێت، ئه‌وانیش له‌ ده‌وری کۆده‌بوونه‌وه‌ پیرۆزباییان لێ ده‌کرد و بۆی پێده‌که‌نین و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ڕووناکه‌وه‌ به‌ڕێیان ده‌کرد. له‌ بابه‌تی ئاوادا هیچ شیوه‌ن و فرمێسکێکم به‌دی نه‌ده‌کرد، ته‌نها خۆشه‌ویستی نه‌بێت وه‌ک ورشه‌ و پرشه‌یه‌کی دڵشاد به‌ڵام نه‌شئه‌یه‌کی خۆش و هێمن به‌ تێڕامانه‌وه‌ جێی ده‌گرته‌وه‌. ته‌نانه‌ت گومان له‌وه‌ نه‌ده‌کرا که‌ ئه‌وان دوای مردنیش په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ مردووه‌کاندا نه‌ده‌پچڕاند. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ زه‌مینیه‌یان به‌ مردنیش بڵاوه‌ی لێ نه‌ده‌کرا. کاتێکیش من باسی ژیانی ئه‌به‌دیم بۆ ده‌کردن لێم تێ نه‌ده‌گه‌یشتن، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چوو گومانیشیان لێ نه‌بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ نه‌ده‌بووه‌ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ک له‌لایان. په‌رستگایان نه‌بوو، به‌ڵام یه‌کگرتنێکی به‌رده‌وام و زیندوویان له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ردووندا هه‌بوو. باوه‌ڕکردنیان لانه‌بوو، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ زانیارییه‌کی پڕیان لابوو له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ که‌ خۆشه‌ویستییه‌کی زه‌مینیان ته‌واو ده‌کرد به‌رامبه‌ر سنووری سروشتی زه‌وی، چ بۆ مردووه‌کان و چ بۆ زیندووه‌کان په‌یوه‌ندیه‌کی فراوانتر دروست ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ردووندا. به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌م ساته‌یان ده‌کرد، به‌ڵام به‌بی ئه‌وه‌ی په‌له‌ بکه‌ن، تامه‌زرۆیشیان بۆ ده‌رنه‌ده‌خست به‌ڵام وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ خولیای دڵیاندا خاوه‌نی بن له‌ نێوان خۆیاندا باسیان ده‌کرد. له‌ ئێواره‌کاندا کاتێک خۆیان بۆ خه‌و ئاماده‌ ده‌کرد، حه‌زیان ده‌کرد هه‌ندێ کۆڕاڵی ڕێکخراو و گونجاو ئاماده‌ بکه‌ن. له‌م گۆرانیانه‌دا هه‌موو هه‌ستی ڕۆژی به‌سه‌رچوویان به‌سه‌رده‌کرده‌وه‌. ده‌یانپه‌رست و خواحافیزییان لێ ده‌کرد. سروشت و زه‌وی و ده‌ریا و دارستانه‌کانیان ده‌په‌رست. حه‌زیان له‌وه‌بوو گۆرانی به‌سه‌ر یه‌کدا هه‌ڵبده‌ن و وه‌ک منداڵ نازی یه‌کتریان ده‌گرت. ئه‌مانه‌ش ساده‌ترین گۆرانی بوون، به‌ڵام گۆرانییه‌ک که‌ له‌ دڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا و ده‌چووه‌وه‌ ناو دڵ. به‌ڵێ، به‌س ته‌نیا له‌ گۆرانییه‌کاندا نا، به‌ڵکو هه‌موو ژیانیان وه‌ک ده‌بینرا که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌یانبرده‌ سه‌ر که‌ خۆشی وه‌ربگرن له‌ بینینی یه‌کتری و هیچی ترنا، ئه‌مه‌یش عه‌شقێکی گشت و پڕ بوو. گۆرانییه‌کانی تر که‌ ئاهه‌نگساز و پڕ له‌ تامه‌زرۆیی بوون تێی نه‌ده‌گه‌یشتم. نه‌مده‌توانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ ووشه‌کانی بگه‌م و ڕۆ بچمه‌ نێو هه‌موو ماناکانیانه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک مانه‌وه‌ که‌ نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ مێشکم، که‌چی دڵم وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی له‌ خۆیدا زیاتر و زیاتر بچێته‌ ناویان. هه‌ندێک جار پێم ده‌ووتن که‌ ئه‌مه‌ من خۆم زۆر له‌ مێژه‌ خولیام بووه‌ و هه‌ستم پێ کردووه‌ وه‌ ئه‌م هه‌موو خۆشی و پیرۆزییه‌ش وای بۆ ده‌چووم کاتێ له‌سه‌ر زه‌وی بووم وه‌ک سۆزێکی ئاواتخواز که‌ هه‌ندێ جار ده‌گه‌یشته‌ ئاستێکی غه‌مباری له‌ توانابه‌ده‌ر، وه‌ هه‌ستم به‌ هه‌موویان کردووه‌، به‌ پیرۆزییه‌که‌یان له‌ خه‌ونه‌کانی دڵمدا و له‌ ئاواته‌کانی مێشکمدا که‌ وای لێ کردووم هه‌ندێک جار که‌ نه‌توانم له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و خۆره‌ ئاوابووه‌ بکه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی فرمێسک هه‌ڵبژێرم... هه‌میشه‌ غه‌مێکی قووڵی پڕ له‌ ڕقم به‌رامبه‌ر مرۆڤه‌کانی زه‌وی خۆمان هه‌بوو: بۆچی ناتوانم ڕقم لێیان نه‌بێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆشم نه‌وێن، بۆچی ناتوانم لێیان خۆش نه‌بم که‌چی خۆشه‌ویستیم بۆ ئێره‌ پڕه‌ له‌ خه‌م؟ بۆچی ناتوانم خۆشم بوێن له‌ کاتێکدا که‌ ڕقم لێیان ده‌بێته‌وه‌؟ گوێیان بۆ ده‌گرتم سه‌یرم ده‌کرد که‌ ناتوانن لێم تێبگه‌ن، به‌ڵام هیچ په‌شیمان نیم به‌وه‌ی که‌ ئه‌و شتانه‌م بۆ باس کردن: ئه‌وه‌م زانی که‌ ئه‌وان له‌و هێزه‌ پڕ خه‌مه‌م ده‌گه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌جێم هێشتن. به‌ڵێ، کاتێ تێیان ده‌ڕوانیم به‌و سه‌رنجه‌ جوانه‌ پڕ خۆشه‌ویستییه‌یانه‌وه‌، که‌ کاتێک هه‌ستم کرد که‌ دڵم له‌لایان زۆر به‌بێ تاوان و پاک مایه‌وه‌ وه‌ک دڵی خۆیان، په‌شیمان نه‌بووم له‌وه‌ی که‌ تێیان نه‌گه‌یشتم. هه‌ست کردنم به‌ پڕێتی ژیان ناخمی داگیرکرد و به‌ بێده‌نگی نوێژم بۆ کردن.
ئاهـ، ئێستاکه‌ هه‌موو له‌ به‌رچاومدا پێکه‌نینیان دێت و سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مه‌حاڵه‌ نووستوویه‌ک له‌ خه‌ونیدا ئه‌م هه‌موو به‌سه‌رهاته‌ ببینێت که‌ من ده‌یگێڕمه‌وه‌، وه‌ منیش له‌ خه‌ومدا بینیم یان هه‌ستکردنێکم له‌ناو دڵدا دروست بوو که‌ له‌ وڕێنه‌ی تاوه‌ هاتووه‌. به‌سه‌رهاته‌که‌ش خۆم دروستم کردووه‌، له‌ کاتێکدا خه‌به‌رم بووه‌ته‌وه‌. کاتێکیش ئه‌وه‌م بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ که‌ له‌ ڕاستیدا ئاساییه‌ شتێکی وا ڕووبدات. ئۆهـ خوایه‌ چ پێکه‌نینیک له‌ به‌رچاومدا پێکه‌نین و چ نوکته‌یه‌کیشیان بۆ ڕه‌خسا! ئۆهـ، به‌ڵێ، بێگومان ته‌نها هه‌ست کردن به‌و خه‌ونه‌ منی داگیر کرد، ته‌نیا خه‌ونه‌که‌ش به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی ڕژایه‌ خوێنی دڵی بریندارمه‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا وێنه‌ و شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌کانی خه‌ونه‌که‌م، ئه‌وه‌ی که‌ به‌ڕاستی بینیبووم ده‌ست نیشان کراوبوو به‌ گونجاندنێکی ته‌واوه‌وه‌. زۆریش جوان و بێ وێنه‌ بوو، وه‌ زۆریش ڕاست بوو به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ کاتێک خه‌به‌رم بووه‌وه‌ نه‌متوانی به‌م وشه‌ بێ هێزانه‌ی خۆمان بیگێڕمه‌وه‌. به‌و مانایه‌ی که‌ مێشکم سه‌رسام بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربم ناچاربووم که‌ له‌ دوایدا گێڕانه‌وه‌که‌‌ی هه‌ڵبه‌ستم، وه‌ شێواندم، بێگومان له‌ ئاواتێکی گه‌رم و گوڕه‌وه‌ ته‌نها تۆزێکی لێ ده‌گێڕمه‌وه‌ و له‌ نزیکترین کاتیشدا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چۆن بڕوا بکه‌م که‌ ئه‌و هه‌موو شته‌ ڕووی داوه‌؟ له‌وانه‌یه‌ هه‌زار جار ڕووناکتر و خۆشتر بووبێ له‌وه‌ی ده‌یگێڕمه‌وه‌؟ با خه‌ونێک بێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ نه‌ده‌کرا ڕوویان نه‌د‌ایه‌. با نهێنییه‌ک ئاشکرا بکه‌م: ئه‌و شتانه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌ون نه‌بووین! چونکه‌ ئه‌وه‌ی دوایی ڕوویدا تا ئاستی ترسناک شتێکی ڕاست بوو. نه‌شده‌بوو ته‌نها خه‌ونێک بێت. با بڵێین دڵم ئه‌و شته‌ی خوڵقاندووه‌، به‌ڵام ئایا دڵم چۆن ئه‌و هێزه‌ی هه‌بوو بتوانێت ئه‌و ڕاستییه‌ ترسناکه‌ بخوڵقێنێت که‌ دوایی به‌سه‌رمدا هات؟ ئایا ده‌شێت دڵێکی ئاوا لاواز دروستی بکات و مێشکێکی ئاوا به‌ ناز و بێ نرخ ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ی ڕاستیه‌ بخوڵقێنێت؟ ئۆهـ، خۆتان حوکم بده‌ن. تا ئێستا ڕاستیم شاردۆته‌وه‌. به‌ڵام ئێستا ده‌یدرکێنم. به‌ کورتی هه‌موویانم بۆگه‌ن کرد!
 

-5-

 
به‌ڵی، به‌ڵی وا که‌وته‌وه‌ که‌ هه‌موویانم بۆگه‌ن کرد! چۆن ئه‌وه‌ ڕوویدا نازانم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌ ڕوونی له‌ یادمه‌. خه‌ونه‌که‌م هه‌زاران ساڵ فڕی، هیچم تێدا نه‌مایه‌وه‌ ته‌نها هه‌ست کردن به‌ هه‌ریه‌که‌یان نه‌بێت. ته‌نها ئه‌وه‌م ده‌زانی که‌ من بوومه‌ هۆی گوناحی که‌وتن، وه‌ک کرمێکی پیسی ده‌زووله‌یی، وه‌ک په‌تای تاعوون که‌ هه‌موو وڵاتان ده‌گرێته‌وه‌. منیش ئه‌وانم تووش کرد، ئه‌و زه‌وییه‌ پاکه‌ی پێش من.
فێری درۆبوون، درۆیان خۆشویست. جوانێتی درۆیان زانی. ئۆهـ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و شته‌ به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست ده‌ستی پێ نه‌کردبێت، به‌ گاڵته‌یه‌ک به‌ نازێک، به‌ یارییه‌کی خۆشه‌ویستی، له‌ ڕاستیدا له‌وانه‌یه‌ له‌ په‌تاکه‌وه‌ بێت، به‌ڵام په‌تای درۆ چووه‌ ناو دڵیانه‌وه‌. به‌ دڵیان بوو. دوای ئه‌وه‌ شه‌هوه‌ت په‌یدابوو. شه‌هوه‌تی دڵپیسی له‌دایک بوو. دڵپیسیش ڕقی دروست کرد... ئاهـ، نازانم بیرم نایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دوای تۆزێک، دوای ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م یه‌که‌م خوێن ڕژا. سه‌رسام بوون و داچڵه‌کین، جیابوونه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کانیان لاواز بوو. یه‌کێتیان په‌یدابوو، به‌ڵام دژ به‌یه‌ک بوون. گله‌یی و لۆمه‌کردن ده‌ستی پێ کرد. عه‌یبیان ناسی. عه‌یبیش گه‌یشته‌ ئاستی دڵفراوانی. مانای شه‌ره‌ف له‌دایک بوو. هه‌ر یه‌کێتیه‌کیش ئاڵای خۆی به‌رزکرده‌وه‌. ئازاری ئاژه‌ڵه‌کانیان ده‌دا. ئاژه‌ڵه‌کانیش لێیان دوورده‌که‌وتنه‌وه‌ و چوونه‌ دارستانه‌کانه‌وه‌ و بوون به‌ دوژمنیان. بۆ جیابوونه‌وه‌ خه‌باتیان کرد. بۆ مانه‌وه‌ به‌ ته‌نیا، بۆ تایبه‌تێتی، له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ هی منه‌ و ئه‌وه‌شیان هی تۆ. به‌ زمانی جیاواز که‌وتنه‌ قسه‌کردن. ئازاریان ناسی و خۆشیان وویست. تینووی ئازاردان بوون. وایان لێ هات ده‌یانووت که‌ ڕاستی ده‌ست ناکه‌وێت له‌ ڕێگای ئازاره‌وه‌ نه‌بێت، له‌و کاته‌وه‌ بوو ئیتر له‌لایان زانست سه‌ری هه‌ڵدا، وه‌ کاتێکیش دڵڕه‌قییان نواند ده‌ستیان کرد به‌ باس کردنی برایه‌تی و مرۆڤایه‌تی. ئه‌م بیرانه‌ تێگه‌یشتن. وه‌ کاتێکیش بوونه‌ پیاوکوژ دادگایان دروست کرد. هه‌ر بۆ خۆشیان یاسای ته‌واویان نه‌خشه‌کێشا بۆ ئه‌وه‌ی بیپارێزن. بۆ پاراستنی ئه‌و یاسایانه‌ش په‌تی سێداره‌یان نایه‌وه‌. ئه‌وان تۆزه‌ تۆزه‌ هه‌ستیان به‌وه‌ کرد که‌ له‌ده‌ستیان چووه‌. حه‌زیان به‌وه‌ نه‌کرد ته‌نانه‌ت باوه‌ڕ به‌وه‌ بکه‌ن که‌ ساتێک له‌ ساته‌کان دڵپاک و به‌ختیار بوون. گاڵته‌یان به‌ گریمانی به‌ختیاری کۆنی خۆیان کرد و وه‌ ناویشیان لێ نا خه‌ون. نه‌شیانتوانی له‌ وینه‌ و شێوه‌دا وێنای بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتێک هه‌موو بڕوایه‌کیان به‌و به‌ختیارییه‌ کۆنه‌یان نه‌ما ناویشیان لێ نا ئه‌فسانه‌، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ویستێکی زۆر به‌هێزیان هه‌یه‌ که‌ سه‌رله‌نوێ دڵساف و به‌ختیار ببنه‌وه‌، جارێکی تر وه‌کو منداڵ، حه‌زی دڵیان خۆش ویست.
ئه‌و حه‌زه‌یان په‌رست. په‌رستگایان دروستکرد. نویژیان بۆ ئه‌و بیره‌ کرد، بۆ ئه‌و حه‌زه‌، که‌چی له‌ هه‌مان کاتدا بڕواشیان به‌وه‌یه‌ که‌ مه‌حاڵه‌ ئه‌و شته‌ بێته‌ دی. بوونیشی زه‌حمه‌ته‌. به‌ڵام ده‌یپه‌رستن و سوژده‌ی بۆ ده‌به‌ن و فرمێسکیش له‌ چاوه‌کانیاندایه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر گریمانی ئه‌وه‌ هه‌بێت که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی به‌ختیاری و دڵسافی، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ده‌ستیان چووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێک کتوپڕ پێشانیدان و لێی پرسین: ئایا ده‌تانه‌ویت بۆی بگه‌ڕێنه‌وه‌؟ له‌وانه‌شه‌ زۆریش که‌ نه‌یانه‌وێت. ده‌یانگوت "با درۆزن بین، بۆگه‌ن، دڵڕه‌ق بین، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گرین و هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ ده‌تلێینه‌وه‌، وه‌ سزای خۆمان ده‌ده‌ین زیاتر له‌و دادپه‌روه‌ره‌ دڵ نه‌رمه‌ی که‌ حوکممان ده‌کات و ناوه‌که‌شی نازانین، به‌ڵام زانستمان هه‌یه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ جارێکی تر ڕاستی ده‌دۆزینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وسا به‌ هوشیارییه‌وه‌ وه‌ریده‌گرین، زانین له‌ سۆز پیرۆزتره‌، هوشیاری ژیانیش پیرۆزتره‌ له‌ ژیان. زانست حیکمه‌تمان ده‌داتێ. حیکمه‌تیش یاساکان ده‌دۆزێته‌وه‌، وه‌ زانینی یاساکانی به‌ختیاری له‌ به‌ختیاری پیرۆزتره‌".
ئا ئه‌مه‌یان ده‌ووت ئه‌وسا دوای ئه‌م وشانه‌ش هه‌چ که‌سێک خۆی له‌ هه‌موو که‌سێک خۆشترده‌ویست. نه‌ده‌کرا گه‌ر وایان نه‌کردبایه‌. هه‌ریه‌که‌یان دڵپیسییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر خودی خۆی. به‌ هه‌موو هێزی خۆشی تێده‌کۆشا بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتن و که‌م کردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌وانی تر. ئا له‌مه‌دا ژیان وێناکراو، کۆیله‌یه‌تی له‌دایک بوو، ته‌نانه‌ت کۆیله‌ی خۆبه‌خت کراویش له‌ دایک بوو. لاوازه‌کان خۆیان دایه‌ پاڵ به‌هێزه‌کان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌هێزه‌کان لاوازه‌کانی له‌ خۆیان لاوازتریان ده‌شێلا و خه‌ڵکی ئیمانداریش په‌یدا بوون که‌ چاو به‌ فرمێسک ده‌هاته‌ لایان و باسی گه‌وره‌یه‌تی که‌سایه‌تی خۆیانیان ده‌کرد. باسی ونبوونی سنووره‌کان و گونجاندنه‌کان، باسی له‌ده‌ستدانی ڕه‌وشت. ئه‌وانیش گاڵته‌یان به‌ قسه‌کانیان ده‌کرد، به‌رده‌بارانیان ده‌کردن خوێنی پاک له‌ به‌رده‌می په‌رستگاکاندا ڕژا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێک که‌س په‌یدابوون به‌ جۆرێک بیریان ده‌کرده‌وه‌ که‌: چۆنه‌ ئه‌گه‌ر جارێکی تر یه‌کبگرنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌ریه‌که‌ خۆی له‌ هه‌موو که‌سی زیاتر خۆش بوێت و له‌ هه‌مان کاتدا له‌سه‌ر ڕیگای که‌سی تر نه‌وه‌ستێت. با هه‌موو . با هه‌موو که‌س به‌ یه‌کسانی بژی، به‌ شێوه‌یه‌ک وه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی گونجاودابن. شه‌ڕی گه‌وره‌ گه‌وره‌ به‌هۆی ئه‌م بیره‌وه‌ ڕوویدا. هه‌موو شه‌ڕکه‌ره‌کان له‌ هه‌مان کاتدا بڕوایه‌کی ته‌واویان به‌وه‌ بوو که‌ زانست و هوشیاری و هه‌ستی پارێزگاری کردنی خود له‌ کۆتاییدا وا له‌ مرۆڤ ده‌کات که‌ یه‌کبگرن له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی گونجاوی وادا که‌ پابه‌ندی وشیاری بێت. له‌به‌رئه‌مه‌ و بۆ به‌ده‌ست هێنانی خێرای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، له‌م کاته‌دا وشیاره‌کان خه‌ریک بوون که‌ ناووشیاره‌کان بسڕنه‌وه‌ و ئه‌وانیش که‌ له‌ بیره‌که‌یان ناگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی سه‌رکه‌وتنیان لێ نه‌گرن. به‌ڵام هه‌ستی پارێزگاری کردنی خود زۆر زوو لاواز بوو. له‌ خۆبایی بووه‌کان و خاوه‌ن شه‌هوه‌ته‌کان به‌ ڕوونی یان داوای هه‌موو شتێکیان ده‌کرد یان داوای هیچ شتێک. بۆ ئه‌وه‌یش که‌ هه‌موو شتێکیان ده‌ست بکه‌وێت که‌وتنه‌ دڕندایه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌ستیش نه‌که‌وت ئه‌وا بۆ خۆکوشتن. ئاینه‌کان دروست بوون بۆ په‌رستنی نه‌بوون و تێکشکاندنی خود، بۆ ئارامگرتنی هه‌تا هه‌تایی وێران کردن. له‌ کۆتاییدا به‌ ده‌ست ئه‌و هه‌وڵدانه‌ بێ ئاکامه‌یانه‌وه‌ شه‌که‌ت بوون. چه‌شتنی ئازار به‌ ده‌موچاویانه‌وه‌ نیشت. دواییش هه‌ر ئه‌وانه‌ به‌یانی ئه‌وه‌یان کرد که‌ ئازار چه‌شتن جوانییه‌، ته‌نها له‌ ئازاردا بیر هه‌یه‌، له‌ گۆرانییه‌کانیاندا باسی ئازاریان ده‌کرد، له‌گه‌ڵیاندا ده‌ڕۆیشتم و هه‌ردوو باڵم کردبووه‌وه‌ و بۆیان ده‌گریام ، به‌ڵام خۆشم ویستن، له‌وانه‌یه‌ له‌ جاران زیاتر، ئه‌و کاته‌ی که‌ هیچ ژانێک له‌سه‌ر سیمایان نه‌نیشتبوو، ئه‌و کاته‌ی که‌ هه‌موویان دڵساف و جوان بوون. زه‌وییه‌ قێز لێ کراوه‌که‌یانم زیاتر له‌و کاته‌ی که‌ به‌هه‌شت بوو خۆش ویست، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که‌ ژان تێیدا له‌ دایک بوو. ئاهـ، هه‌میشه‌ خه‌م و ژانم خۆش ده‌ویست، به‌ڵام ته‌نها بۆ خۆم، به‌س بۆ خۆم، به‌ڵام گریانم هات بۆ خه‌م و ژانیان و به‌زه‌ییم پیایاندا هاته‌وه‌. ده‌ستی ته‌ڕ و فرمێسکاویم پێیان وشک ده‌کرده‌وه‌، خۆم تاوانبار و ناله‌بار و نه‌عله‌ت لێکراوی ئه‌م خه‌مه‌م بووم. پێم ده‌ووتن که‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ من کردوومن، ته‌نیا من. من بووم جیابوونه‌وه‌ و په‌تا و درۆم بۆ هێنان! لێیان پاڕامه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر خاچ بمبه‌ستنه‌وه‌. فێریشم کردن چۆن چۆنی خاچ دروست بکه‌ن. نه‌مده‌توانی و هێزی ئه‌وه‌شم نه‌بوو که‌ خۆم خۆم بکوژم، به‌ڵام ده‌مویست که‌ ئازاردانیان لێ قبووڵ بکه‌م. تینووی ئازار بووم، تینوو بووم بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م تلانه‌وه‌یه‌دا تا دوا دڵۆپ خوێنم بڕژێ. به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌یان کرد که‌ پێم پێبکه‌نن، له‌ دوایشدا به‌ شێتیان له‌ قه‌ڵه‌م دام. دڵخۆشییان ده‌دامه‌وه‌ و ده‌یانووت که‌ خۆیان حه‌زیان له‌وه‌ بوو که‌ ڕوویداوه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ڕوویداوه‌ هه‌ر ده‌بوایه‌ ببێت. له‌ کۆتایدا وتیان بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی دروست نه‌که‌م له‌سه‌ریان، ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌بم ئه‌وا ده‌مبه‌نه‌ شێتخانه‌. له‌م کاته‌دا ژانێکی زۆر ڕۆچووه‌ ناخمه‌وه‌. تا دڵم ڕاوه‌ستا، وام هه‌ستکرد که‌ ده‌مرم و لێره‌دا....... باشه‌ ئا له‌م کاته‌دا خه‌به‌رم بووه‌وه‌.
به‌یانی بوو، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ جارێ دونیا رووناک نه‌بووبوه‌وه‌، به‌ڵام سه‌عات شه‌ش بوو، له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ خۆم بینییه‌وه‌، مۆمه‌که‌ش هه‌مووی سووتا بوو، خه‌ڵکه‌که‌ی ژووری کاپیتانه‌که‌ش نووستبوون. هێمنییه‌کی ده‌گمه‌ن له‌ ماڵه‌که‌ماندا بوو. یه‌که‌م شت که‌ کردم ئه‌وه‌بوو که‌ به‌ سه‌رسامییه‌کی زۆره‌وه‌ هه‌ستام: هیچ کاتێک شتی له‌و بابه‌ته‌م به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌، شتێک تا ئاستی بی نرخی و بچووکی. هیچ کاتێکیش بۆ نموونه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ر کورسییه‌که‌ له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستاوم. له‌م ساته‌دا و له‌ کاتی هه‌ستاندا وه‌ک هۆشم بێته‌وه‌ به‌ر خۆم، له‌پڕ ده‌مانچه‌ پڕکراو و ئاماده‌کراوه‌که‌ له‌به‌ر چاومدا قووت بووه‌وه‌، به‌ڵام کتوپڕ له‌خۆم دوورخسته‌وه‌! نه‌خێر! له‌ ئێسته‌وه‌ به‌ره‌و ژیان، به‌ره‌و ژیان! قۆڵه‌کانم به‌رزکرده‌وه‌. بانگی ڕاستییه‌کی ئه‌به‌دیم کرد، بانگم نه‌کرد به‌ڵکو گریام، نه‌شئه‌یه‌کی پڕ دڵشادی که‌ پێوانه‌ نه‌ده‌کرا به‌ره‌و هه‌موو بوونم به‌رزبووه‌وه‌، به‌ڵێ، ژیان و بانگه‌واز! ئاه هه‌ر له‌ چرکه‌ی یه‌که‌مه‌وه‌ بانگه‌وازم به‌رزکرده‌وه‌، بێگومان، بۆ هه‌تاهه‌تایی ژیان من ده‌ڕۆم و بانگه‌وازم هه‌یه‌، ده‌شمه‌وێت هه‌مبێت، بانگه‌وازی چی بکه‌م؟ بانگه‌وازی ڕاستی ده‌که‌م، چونکه‌ ڕاستیم بینی، به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم، هه‌موو پیرۆزییه‌کم بینی.
ئه‌مه‌ منم، له‌و کاته‌وه‌ هه‌ر بانگه‌واز ده‌که‌م! وه‌ منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو ئه‌وانه‌م خۆش ده‌وێت که‌ گاڵته‌م پێده‌که‌ن، له‌ هه‌موو که‌سێ زیاتر ئه‌وانم خۆش ده‌وێت. به‌ڵام بۆچی وا؟ نازانم و ناشتوانم شی بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام با وابێت. ئه‌شڵێن: تۆ له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا تێ که‌وتوویت، ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ وا تێکه‌وتبیت، ئه‌ی له‌ دواڕۆژدا چۆن؟ هه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌‌: له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا تێ که‌وتووم، له‌وانه‌شه‌ دوایی خراپتر بکه‌ویته‌وه‌. بێگومان چه‌ند جارێکی تر تێده‌که‌وم تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ده‌زانم چۆن بانگه‌واز بکه‌م و به‌ چ وشه‌یه‌ک و به‌ چ کرده‌وه‌یه‌ک، چونکه‌ هاتنه‌دی ئه‌وه‌ زۆر گرانه‌. به‌ڵام ئێستا هه‌موو شتێ وه‌ک ڕۆژی ڕووناک ده‌بینم، به‌ڵام گوێ بگرن: کێ له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا تێ نه‌که‌وتووه‌؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو که‌س له‌ ووشیارترینه‌وه‌ تا دوا ده‌ست بڕ به‌ره‌و یه‌ک ئامانج ده‌ڕۆن، به‌ڵام به‌ ڕێگای جیاواز جیاواز. ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌کی کۆنه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا تازه‌ بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابێت به‌ ته‌نها من تێبکه‌وم، چونکه‌ من ڕاستیم بینی، بینیم و ده‌شزانم که‌ خه‌ڵک ده‌توانن جوان و به‌ختیار بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ توانای ئه‌وه‌یان نه‌مێنێت که‌ له‌سه‌ر زه‌وی بژین. نامه‌وێت و ناشتوانم وا بیربکه‌مه‌وه‌ که‌ خراپه‌ کردن حاڵه‌تێکی سروشتیی مرۆڤه‌. خه‌ڵکیش به‌ هیچ پێکه‌نینیان نایه‌ت به‌م بیره‌م نه‌بێت. به‌ڵام چۆن وا بیرنه‌که‌مه‌وه، که‌ خۆم ڕاستیم بینی، به‌ مێشکم دروستم نه‌کردووه‌، به‌ڵام بینیم، بینیم و وێنه‌ زیندووه‌که‌ی تا هه‌تاهه‌تایه‌ ڕۆحمی داگیرکردووه‌‌. به‌ شێوه‌ گشتییه‌ ده‌ستنیشانکراوه‌که‌ی بینیم. به‌ جۆرێک که‌ ناتوانم وا بیربکه‌مه‌وه‌ که‌ له‌لای خه‌ڵکی نه‌بێت. که‌واته‌، چۆن تێ که‌وتووم؟ بێگومان لاده‌ده‌م، نه‌ک جارێک، به‌ڵکو چه‌ند جاریک، له‌وانه‌شه‌ به‌ وشه‌ی نامۆ بدوێم به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌کی زۆرنا.
ئه‌و وێنه‌ زیندووه‌ی بینیم هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵمدا ده‌بێت، بۆم ڕاست ده‌کاته‌وه‌ و ڕێگه‌م پێ نیشان ده‌دات. ئۆهـ، ئه‌وه‌تا من چالاکم، من تازه‌م. من ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم ئه‌گه‌ر بۆ هه‌زار ساڵیش بێت. ئایا ئێوه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانن که‌ من له‌ سه‌ره‌تادا ویستم ئه‌وه‌ بشارمه‌وه‌ که‌ هه‌موویانم بۆگه‌ن کرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ بوو، هه‌ڵه‌ی یه‌که‌میش بوو.
به‌ڵام ڕاستی چرپاندی به‌ گوێمدا که‌ درۆنه‌که‌م، پارێزگاری کردم، ڕێگه‌ی پێ نیشاندام. به‌ڵام چۆن به‌هه‌شت دروست ده‌کرێت؟ نازانم چونکه‌ ناتوانم ته‌عبیری لێ بکه‌م، دوای ئه‌و خه‌ونه‌ وشه‌کانم لێ ونبوون، به‌لای که‌مه‌وه‌ هه‌موو وشه‌ سه‌ره‌کییه‌کان، وشه‌ پێویسته‌کان. به‌ڵام با وابێت: ده‌بێت بڕۆم، ده‌شبێت قسه‌بکه‌م، به‌ ماندووێتی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌که‌م هه‌ر چۆنێک بێت چونکه‌ ئا به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم. به‌ڵام گاڵته‌چییه‌کان ئه‌وه‌ تێ ناگه‌ن. ده‌ڵێن "تۆ خه‌ونت بینیووه‌، قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌قه‌، وڕێنه‌یه‌". ئاخ! تۆ بڵێی ئه‌مه‌ ژیرێتی بێت! ئه‌وانه‌ به‌ خۆیان زۆر ده‌نازن! خه‌ون! خه‌ون چییه‌؟ ئایا ژیانمان خۆی خه‌ون نییه‌؟ با ئه‌مه‌شی بخه‌مه‌ سه‌ر و بڵێم: با وابێت، با ئه‌مه‌ هه‌رگیز نه‌یه‌ته‌دی. با به‌هه‌شتیش بوونی نه‌بێت (بێگومان من ئه‌مه‌ ده‌زانم!)، با وابێت، به‌ڵام هه‌ر بانگه‌وازی ئه‌وه‌مه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌نده‌ ساده‌ بێت، ئه‌گه‌ر بێت و ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، ساتێک له‌ ساته‌کان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ یه‌کسه‌ر بێنه‌دی! له‌ هه‌موو شتێک سه‌ره‌کی تر یه‌کتریتان خۆش بوێت و ئه‌مه‌یش له‌ هه‌موو شتێک سه‌ره‌کی تره‌ و هه‌موو شتێکیشه‌. پێویستمان به‌ هیچ شتێکی تر نابێت: ده‌شبینن چۆن هه‌موو شتێک دێته‌ دی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ ڕاستییه‌کی کۆن زیاتر نییه‌ که‌ دووباره‌کراوه‌ته‌وه‌ و بلیۆن جار خوێنراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام قه‌ت جێبه‌جێ نه‌کراوه‌! "هۆشیاری ژیان له‌ ژیان زیاتره‌، وه‌ زانینی یاساکانی به‌ختیاری له‌ به‌ختیاری پیرۆزتره‌" – دژی ئه‌مه‌ش ده‌بێت تێبکۆشین! تێده‌کۆشم. ئه‌گه‌ر هه‌مووان بیانه‌ویت، که‌واته‌ کتوپڕ هه‌موو شتێک دێته‌دی. به‌ڵام ئه‌و کیژۆڵه‌یه‌ی که‌ ده‌گه‌ڕام به‌ دوایدا دۆزیمه‌وه‌... من ده‌ڕۆم! و ده‌ڕۆم.
 
 
 
 
 
په‌راویز:
‌(*) دیڤان: وه‌ک که‌ره‌وێته‌ وایه‌، به‌ڵام ده‌کرێته‌وه‌ و وه‌ک قه‌ڕه‌وێڵه‌ی لێ دێت. (و)
(**) شتۆس: یارییه‌کی کۆنه‌ و به‌ کارت ده‌کرێت. (و)
(***) سیریوس: ڕووناکترین ئه‌ستێره‌ی گه‌ردوونه‌. (و)