که‌ ته‌له‌فۆنی بۆ کردم زۆر ترسام و تا ماوه‌یه‌ک له‌ شوێنی خۆم سڕو حه‌په‌ساو نه‌متوانی هیچ وه‌ڵامێک بده‌مه‌وه‌، هه‌ر که‌ وتی، شێخ غه‌فووری قه‌ترانیم، به‌ڕێزم ده‌مناسیت یان نا؟ یه‌کسه‌ر شڵه‌ژام و نه‌متوانی هیچ بڵێم، هه‌ر که‌ ده‌مویست شتێ بڵێم، وشه‌کان تا نیوه‌ی ده‌هاتن و دوایی ده‌یانزانی به‌ر گوێی کێ ده‌که‌ون زوو ده‌گه‌ڕانه‌وه‌. بێگومان ده‌مناسی، کێ هه‌یه‌ شێخی قه‌ترانیی نه‌ناسێت، ئه‌و موسته‌شاره‌ کۆنه‌ی نیوه‌ی ئه‌م شاره‌ موڵکی ئه‌وه‌، به‌ پاره‌ کێی بوێ ده‌توانێ بیکرێ و چ شوێنێکی حه‌ز لێ بوو به‌ ئیمزایه‌ک ده‌یخاته‌ سه‌ر موڵکی خۆی،ئه‌و زانی که‌ من هیچ ناڵێم، بۆیه‌ درێژه‌ی به‌ قسه‌کانی دا: زۆرم پێ خۆشه‌ سه‌ردانێکم بکه‌یت، پرۆژه‌یه‌کی نووسینت ده‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌ست و له‌ ماوه‌ی مانگێکدا گه‌ر بۆم ته‌واو بکه‌یت، ئه‌وا پاره‌یه‌کی خه‌یاڵیت ده‌ده‌مێ قه‌ت خه‌ونیشت پێوه‌ نه‌بینیبێت،هه‌ر ئێستا زه‌نگی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ت لێ ده‌درێ، بڕۆ بیکه‌ره‌وه‌و پیاوێک زه‌رفێکی پڕ پاره‌ت ده‌داتێ، ئه‌وه‌ نیوه‌ی خه‌ڵاته‌که‌ته‌و نیوه‌که‌ی تریش ئه‌و کاته‌ وه‌رده‌گری که‌ ته‌واوی ده‌که‌ی، من خۆم حه‌زم ده‌کرد بێم بۆ لات، به‌ڵام ئیشێکی کتووپڕ هاته‌ پێشه‌وه‌ و دوو سێ وه‌زیر دێنه‌ لام، تۆ ده‌توانی بڵێیت نامه‌وێ و نایکه‌م، به‌ شه‌ره‌فی ئه‌م جووته‌ سمێڵه‌ که‌ له‌ کۆتایی شه‌سته‌کانه‌وه‌ نه‌متاشیووه‌ و له‌ حه‌فتاکانیشه‌وه‌ شانه‌ی به‌رنه‌که‌وتووه‌، که‌س حه‌دی نییه‌ ده‌ستت تێوه‌ بدات، یان هه‌ڕه‌شه‌ت لێ بکات، به‌و گۆڕه‌ی دایکم سوێند ده‌خۆم گه‌ر ناته‌وێ، بڵێ نایکه‌م، به‌ڵام پێم خۆشه‌ به‌یانی سه‌عات نۆ سه‌رێکم لێ بده‌ی تا بزانی ئه‌و پاره‌ خه‌یاڵییه‌ بۆ چ پرۆژه‌یه‌ک وه‌رده‌گری؟ هه‌تا بڵێی بۆ که‌سێکی شاره‌زای وه‌ک تۆ ئاسانه‌. قسه‌که‌ی ته‌واو نه‌کردبوو زه‌نگی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ لێ دراو هه‌ر به‌ ته‌له‌فۆنه‌که‌وه که‌ به‌ده‌ستمه‌وه‌ بوو چووم کردمه‌وه‌و پیاوێک زه‌رفێکی پێ داوم و خواحافیزی لێ کردم، شێخی قه‌ترانی گوێی له‌وه‌ بوو که‌ خواحافیزیم لێ کرا، وتی: خۆ ده‌زانی شوێنی ئیشه‌که‌م له‌ کوێیه‌؟ منیش وتم به‌ڵێ،به‌یانی دێیت به‌ڕێزم؟ باشه‌ به‌یانی یه‌کتری ده‌بینین.
 
که‌ ته‌له‌فۆنه‌که‌م داخسته‌وه‌، ئینجا هه‌ستم کرد که‌ زه‌رفێکی گه‌وره‌و ئه‌ستوور به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌، به‌خۆم وت: باشه‌ من ئه‌مه‌م بۆ وه‌رگرت، په‌له‌م چی بوو؟من چووزانم پرۆژه‌که‌ چییه‌؟ من چی بنووسم؟ له‌چیدا شاره‌زام؟، به‌ڵام له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ قه‌رزدا نوقم بوو بووم، هێنده‌ بێ پاره‌ بووم یه‌ک ژه‌مم ده‌خوارد، پێنج ساڵیش ده‌بوو پێڵاوێکم له‌ کۆنه‌که‌ش نه‌کڕی بوو، دوو جار ویستم ژن بێنم و بێ پاره‌یی پێی تێکدامه‌وه‌.چوار جار له‌شوێنی خۆم هه‌ڵکه‌ندرام، چونکه‌ پاره‌ی کرێم له‌ کاتی خۆیدا نه‌بوو تا بیده‌م. ئه‌مه‌ بۆ من فرسه‌تێک بوو هه‌موو پارچه‌ شکاوه‌کانی ژیانم پێکه‌وه‌ بنێمه‌وه‌،هه‌ر شوێنێک خوار بووه‌ته‌وه‌ راستی بکه‌مه‌وه‌. کوێ دڕاوه‌ سیکۆتینێکی لێ بده‌م و بێ غه‌م بنووم. بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ هه‌ر ئه‌مرۆ، هه‌ر ئێستا به‌م پارانه‌وه‌ شار و ولات جێ بێڵم و پێی تێ نه‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌مزانی ده‌ستی درێژی ئاغای قه‌ترانیی له‌ هه‌ر شوێنێک بم ده‌مگاتێ، ئه‌و که‌سێک بوو به‌ ئاسانیی لێی قوتار نه‌ده‌بووم، که‌سانێکی هه‌بوو به‌ پاره‌ هه‌موو شتێکیان بۆ ده‌کرد، ته‌نانه‌ت دۆزینه‌وه‌ی منیش، بۆیه‌ هه‌ر زوو وازم له‌و‌ خه‌یاڵه‌ هێنا، به‌ڵام منی بۆ چییه‌؟ که‌سێکی وا بۆ ده‌بێ ڕێی که‌وتبێته‌ کۆڵانه‌ ته‌سک و قوڕاوییه‌کانی یه‌کێکی وه‌کو منه‌وه‌.من له‌ هه‌موو ژیانمدا کێبێکم نووسیووه‌، رووم نایه‌ت سڵاو له‌ نووسه‌ره‌ باشه‌کان بکه‌م و وه‌ک نووسه‌ر خۆم به‌ خه‌ڵک بناسێنم، ئه‌و رۆژه‌ به‌لای خانووی یه‌کێتی نووسه‌راندا تێپه‌ڕیم و هێنده‌ شڵه‌ژام خه‌ریک بوو عه‌ره‌بانه‌یه‌کی ده‌ستگێڕ بمکات به‌ژێره‌وه‌و شووتییه‌ گه‌وره‌کانی که‌ هه‌ر یه‌که‌یان به‌قه‌ت به‌رده‌ قاره‌مانێک ده‌بوون وردو خاشم بکه‌ن و بمهاڕن. له‌ به‌ر بی پاره‌یش شه‌ش جار بۆیان چاپ کردومه‌ته‌وه‌، کتێبه‌که‌شم له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ده‌توانی یاداشت و بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆت بنووسیته‌وه‌ که‌ ئاسان بێ بۆ خوێندنه‌وه‌و به‌که‌ڵک بێ بۆ خوێنه‌ر و بۆ مێژوو.
 
بۆ به‌یانی، پێنجی بوێ بۆ نۆ له‌به‌رده‌رگای شێخی قه‌ترانیدا کورسییه‌کیان بۆ ده‌ست نیشان کردم تا دانیشم و چاوه‌ڕێ بکه‌م تا بانگم ده‌کاته‌ ژووره‌وه‌. من ئه‌م شه‌و نه‌مده‌زانی ئه‌و پاره‌ زۆرانه‌ چی لێ بکه‌م و له‌ کوێ بیشارمه‌وه‌، ناچار ئه‌م به‌یانییه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا هێنامن نه‌وه‌ک ڵیم بدزن یان رێنه‌که‌وین و من بیده‌مه‌وه‌. من ئه‌م شه‌و گه‌ر بڵێم نه‌نووستووم درۆ ناکه‌م، تا به‌یانی خه‌یاڵێک، وه‌ک من منداڵ بم ده‌ستی ده‌دامه‌ ده‌ست خه‌یاڵێکی تر، تا به‌یانی چاوم ده‌نووقاند و له‌ده‌رگای خه‌وم ده‌داو خه‌و وه‌ک فریشته‌یه‌کی دڵڕه‌ق نه‌یده‌کردمه‌ ژووره‌وه‌، ده‌یوت رۆڵه‌ تۆ سه‌رت لێ تێکچووه‌، ئێره‌ ئه‌م شه‌و ماڵی تۆ نییه‌. بیرم له‌م موسته‌شاره‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ تا حکومه‌تی جاران له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو شه‌ری بۆ ده‌کرد و پیاوی بۆ ده‌کوشت، ئه‌م تا دوا هه‌ناسه‌ پیاوی ده‌کرد به‌ قورگی حکومه‌تدا و حکومه‌تیش تا ده‌یتوانی پاره‌ی ده‌کرد به‌ قوڕگیدا.تا وا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێ ئیتر بۆ نانخواردنێک وئاوده‌ستێکیش ده‌ تا دوازده‌ که‌سی وه‌ک حیمایه‌ له‌گه‌ڵدا ده‌بێت ، تا رۆژێکیان له‌ ئاوده‌ستی مزگه‌وتێکدا ده‌بێ و ده‌نگێکی زۆر گه‌وره‌و سه‌یرله‌ به‌رده‌می مزگه‌وته‌که‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌،له‌ ده‌ستی منداڵێکه‌وه‌ ده‌مه‌قاچانێک ده‌ته‌قێنرێ، یان فیشه‌که‌شێته‌یه‌ک به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌درێ، که‌س نازانێ چییه‌و کامیانه‌. پیاوێک له‌ حیمایه‌کانی وا ده‌زانێ ته‌قه‌یان لێ کردووه‌ ، ده‌ست ده‌کات به‌ ته‌قه‌ و تا هێمنی ده‌که‌نه‌وه‌ دوو که‌س بریندار ده‌کا، شێخی قه‌ترانیش له‌ ترسا لایه‌کی ده‌که‌وێته‌ کونی ئاوده‌سته‌که‌وه‌و هه‌موو گیانی پیس ده‌بێ و داوای سابوون و جلی تازه‌ ده‌کات تا له‌وێ خۆی ده‌گۆڕێ و به‌ تووڕه‌یی ده‌چێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ وتا ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌. له‌ دواچرکه‌دا که‌س نازانێ بۆ؟ له‌و کاته‌دا که‌ پیاوه‌کانی ده‌یانتوانی ده‌ست بکه‌نه‌وه‌و خه‌ڵکێکی بێ شومار بکوژن و وه‌ک گه‌ڵای زه‌رد هه‌ڵیانوه‌رێنن، په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌و پشت له‌ حکومه‌تی باوک ده‌کات و رووش له‌ دایکی وه‌ته‌ن، فه‌رمان به‌ پیاوه‌کانی ده‌دا بچنه‌ ریزی گه‌له‌وه‌، ئیدی دوای ئه‌وه‌ به‌ دوو ده‌قیقه‌ بینای ئه‌من به‌ گوله‌ی چه‌که‌ قورسه‌کانی وه‌ک بێژنگ ده‌بێژێ و پیاو دوای پیاو به‌ ده‌ست هه‌ڵبڕین و ده‌سته‌سرێکی سپییه‌وه‌ خۆیان ته‌سلیم به‌ گه‌ل ده‌که‌ن و شار ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی خه‌ڵکه‌وه‌.ئیدی شێخی قه‌ترانی له‌ خۆفرۆشێکه‌وه‌ که‌ هیچ سابوونێک له‌ دونیادا پاکی ناکاته‌وه‌، به‌ دوو ده‌قیقه‌ ده‌بێته‌ قاره‌مان و دڵسۆزترین و پاکترین نیشتمانپه‌روه‌ر.
 
پێم سه‌یر بوو، خۆی هاته‌ ده‌ره‌وه‌و وتی فه‌رموو چاوه‌رێتم، ده‌ستی برد و ته‌وقه‌یه‌کی گه‌رمی له‌گه‌ڵ کردم و کورسییه‌کی نیشان دام و منیش پێش ئه‌وه‌ی دانیشم قومه‌ ئاوێکم خوارده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر مێزه‌که‌ بۆ من دانرابوو چونکه‌ به‌ بینینی ئه‌و هه‌ستم کرد من تینوومه‌و ساڵێکه‌ ئاوم نه‌خواردۆته‌وه‌، وتی( به‌خێر بێی به‌رێزم، من کاتم زۆر نییه‌، بۆیه‌ یه‌کسه‌ر حه‌ز ده‌که‌م پێت بڵێم که‌ بۆچی تۆم بۆ ئه‌و کاره‌ هه‌ڵبژاردووه‌)، منیش وتم (کاری چی)؟ وتی( تۆ کتێبێکت هه‌یه‌ له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی یاداشت و بیره‌وه‌ری، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی من بوو ئه‌و رسته‌ گرنگه‌ی سه‌ر به‌رگه‌که‌ی بوو که‌ نازانم هی چ نووسه‌رێکی به‌ناوبانگی جیهانییه‌‌،من زۆر ناخوێنمه‌وه‌و وه‌ک ده‌زانی کاتم نییه‌ بیده‌م به‌ وشه‌، به‌ڵام هی پرۆست ناوێکه‌ که‌ ده‌ڵێ،( ئه‌و که‌سه‌ی وا ده‌زانێ رابردوو ناگوڕدرێت، تا ئێستا یاداشته‌کانی خۆی نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌).وتم( راسته‌ ، به‌س بۆ ئه‌وه‌ سه‌رنجی جه‌نابتی راکێشاوه‌) ؟ ( له‌وه‌وه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ مرۆڤ ده‌توانێ راستگۆ نه‌بێ له‌ یاداشته‌کانیدا که‌ ده‌ینووسێته‌وه‌)، (به‌ڵێ وایه‌ ، من له‌و بروایه‌دام زۆر درۆ ده‌کرێ و به‌ خوێنه‌ر و میژوو ده‌فرۆشرێته‌وه‌).(تکا ده‌که‌م ئه‌م قسانه‌ ته‌نها به‌ینی خۆمان بێت)، (دڵنیا به‌ له‌وه)‌، به‌ خه‌مێکه‌وه‌ درێژه‌ی به‌ قسه‌کانی داو وتی:‎‎( من ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانم بووم، دوایی که‌ ته‌واوم کرد و خوێندمه‌وه‌، زۆر ناخۆش و بێ رووداو و بێ نرخ هاته‌ به‌ر چاوم، هه‌ستم کرد گه‌ر ئه‌وه‌ من بم، هیچ که‌سێ نه‌ له‌ ئێستادا، نه‌ له‌ داهاتوودا رێزی من ناگرێت، ره‌نگه‌ لێم بترسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێم ڕێزه‌)؟. ( به‌ڵێ بێگومان، رێز له‌هه‌موو شتێ گرنگتره‌)،( من ده‌مه‌وێ ئه‌و خه‌ڵکه‌ رێزم بگرن، تۆ لێم تێده‌گه‌ی؟)، ( جا قوربان بۆ به‌ من ده‌ڵێی، خۆ من خه‌ڵکم له‌ دژی تۆ هان نه‌داوه‌)؟، پێکه‌نی و وتی، ( نا، نا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بوو، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم ده‌مه‌وێ تۆ راسپێرم بیره‌وه‌ریییه‌کانم بۆ بنووسیته‌وه‌ به‌جۆرێک وه‌ک که‌سێکی رێزدارو خۆشه‌ویست سه‌یر بکرێم)، ( من چۆن ده‌توانم بیره‌وه‌ری بۆ تۆ بنووسمه‌وه‌، من چووزانم تۆ چۆن ژیاوی) ؟ (ئه‌وه‌ یاداشته‌کانم بیبه‌و بیخوێنه‌وه‌، چ پرسیارێکیشت هه‌بوو، ده‌توانی هه‌موو رۆژێ له‌ ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا بۆ سه‌عاتێک بێیت بۆ لام پرسیارم لێ بکه‌یت و ئه‌وه‌ی نووسیوته‌ بۆم بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌شی ده‌مه‌وێت لای خۆت یادداشت بکه‌یت، له‌ سه‌عات ده‌وه‌ تا یازده‌ زۆر باشه‌؟ به‌ڵام راستت ده‌وێ من بۆیه‌ ئه‌و دێره‌ گرنگه‌ی سه‌ر به‌رگی کێتبه‌که‌تم به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ت ده‌ده‌مێ، تا تۆ هه‌ندێ شت بۆ من دروست بکه‌ی که‌ له‌ ژیانی مندا روویان نه‌داوه‌، به‌ڵام حه‌زم ده‌کرد روویان بایه).‌ .منیش پرسیم ( چیت ده‌ویست رووبدا)؟ (من حه‌ز ده‌که‌م هه‌ندێ شتم بۆ دروست بکه‌ی که‌ لای خه‌ڵک شوێنێکی جوان و پڕ رێز په‌یدا بکه‌م، بۆ نموونه‌ من حه‌ز ده‌که‌م به‌و منداڵییه‌، پێش نۆزده‌ی حوزه‌یرانی 1950 نان و که‌بابێکم له‌گه‌ڵ پیره‌مێردا له‌ چاپخانه‌که‌ی خواردبێ،ئایا ئه‌مه‌ ئاسانه‌، شیاوه‌؟ شتی وا ده‌کرێ؟ یان له‌سه‌ره‌تای شه‌ست و دوودا دوو که‌سی گه‌وره‌م پێش مردنیان بینیبێت،.یه‌که‌میان له‌به‌رده‌رکی سه‌را گۆرانی شاعیرم بینیبێ و گله‌یی له‌ ته‌ندروستی خۆی کردبێ و وتبێتی که‌ ئه‌م گه‌ده‌یه‌ی ئه‌و رۆژێ ده‌یکوژێ و پێی وتبم که‌ من له‌ داهاتوودا ده‌بمه‌ نیشتمان په‌روه‌رێکی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته‌. دووم که‌سیش نه‌جمه‌دینی مه‌لایه‌و له‌ گه‌ڕه‌کی سه‌رچیمه‌ن تووشم بوو بێ به‌ تووشییه‌وه‌و له‌و به‌ری شه‌قامه‌که‌وه‌ هاتبێ بۆ ئه‌م به‌رو منی وه‌ستاندبێ و پێی وتبم : ئه‌وه‌ رۆڵه‌ تۆ بۆ سه‌رێکم لێ ناده‌ی له‌ که‌شتی نووح، پێم خۆشه‌ یارمه‌تیم بده‌ی له‌ فێربوونی قوتابییه‌کانم که‌ تا ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ شه‌ش هه‌زار و پێنجسه‌د که‌س.که‌مێک بێده‌نگ بوو، چاوه‌ڕێی کرد شتێک بڵێم و وه‌ڵامێکم هه‌بێ، من له‌و قسانه‌ حه‌په‌سابووم ، ئه‌و بێ ئاگا درێژه‌ی به‌ قسه‌کانی دا، به‌ڵام به‌ تۆنێکی غه‌مگینتره‌وه‌ وه‌ک له‌پڕ هه‌ستی کردبێ که‌وتۆته‌ رووبه‌رێکی ترسناک و پڕ مینه‌وه‌ که‌ تازه‌ ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌. زۆر حه‌ز ده‌که‌م له‌ منداڵیمدا به‌شداری خۆپیشاندانم کردبێ چونکه‌ قه‌ت نه‌مکردووه‌، له‌به‌ر منداڵی که‌س منی نه‌گرتبێ و هه‌ر سه‌یریشیان نه‌کردبم و پێیان وتبم لاچۆ نه‌گبه‌ت برۆ بۆ ماڵه‌وه‌ دایکت چاوه‌ڕێت ده‌کات. حه‌ز ده‌که‌م به‌ ده‌یه‌ها شتی وام بۆ دروست بکه‌یت که‌ نه‌مکردوون، به‌ڵام که‌ بۆت دروست کردم ده‌بێته‌ راستی و بڕوام پێ ده‌که‌ن و ده‌چێته‌ میژووه‌وه‌، ویستم شتێ بڵێم، ئه‌و زوو فریا که‌وت و وتی ره‌نگه‌ ئێستا پێم بڵێی که‌ مێژوو هێنده‌ گێل نییه‌، به‌ڵام بروام پێ بکه‌ زۆر گێله‌، هه‌زاره‌ها شتی وای به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێ. ده‌پێم بڵێ ئێستا ده‌ڵێی چی؟
من ده‌بێ بیری لێ بکه‌مه‌وه‌، تا به‌یانی کاتم بده‌رێ دوا وه‌ڵامی خۆمت ده‌ده‌مێ، به‌یانی سه‌عات ده‌ دێمه‌وه‌ لات. باشه‌ وا ده‌که‌ین و خواحافیز.
 
ئێستا وا هاتوومه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و نازانم چی بکه‌م؟ بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ک ده‌توانم بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌م که‌سه‌ بنووسمه‌وه‌و تا ئه‌به‌د ده‌وڵه‌مه‌ند بژیم، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا هه‌ست ده‌که‌م که‌ من درۆ ده‌نووسمه‌وه‌و به‌ درۆ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بم، من ده‌مه‌وێ وشه‌ بگۆڕمه‌وه‌ به‌ پاره‌،دێڕه‌کانم بفرۆشم و به‌خته‌وه‌ریی پێ بکڕم. ئه‌وه‌ش ته‌نها من ناگڕێته‌وه‌و خه‌ڵکێکی زۆر ئێستا وا ده‌که‌ن و ناویان لێ ناوه‌ بژێوی ژیان؟ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ درۆزنانه‌، خۆ هه‌ر من نیم، گه‌ر بۆ ئه‌وان ڕه‌وا بێ بۆچی بۆمن ڕه‌وا نییه‌؟ڕه‌وا نییه‌، چونکه‌ من جیاوازم، ئایا به‌راست من جیاوازم؟ جیاوازییه‌که‌م له‌ چیدایه‌؟ له‌وه‌دایه‌ که‌ قبووڵی ناکه‌م و وشه‌کانم نافرۆشم، جا که‌ی ئه‌وه‌ فرۆشتنه‌؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ گه‌ر فرۆشتن نه‌بێ، ناوی ده‌نێی چی؟ بژێوی؟ ها ها ها له‌م بژێوییه‌، له‌م خۆ‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌، به‌ڵام خۆ ناوی منی به‌سه‌ره‌وه‌ نابێ، کێ چووزانێ من نووسیوومه‌؟ هه‌ر پارچه‌ کاغزێک ناوی منی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێ ، با منیش نووسیبێتم، هی من نییه‌. گه‌ر خۆم باسی نه‌که‌م، خۆ ئاغای قه‌ترانی بڕوا ناکه‌م خۆی بشکێنێ و بڵێ فڵان که‌س بیره‌وه‌رییه‌کانی بۆ نووسیوومه‌ته‌وه‌،ئه‌وانه‌ ده‌مێکه‌ شکاون، دوو پێکی شه‌وانه‌ ده‌خواته‌وه‌و باسی منیان بۆ ده‌کات، به‌س که‌س به‌راست لێی وه‌رناگرێت، وه‌ک هه‌میشه‌ وا ده‌زانن نووکته‌یان بۆ ده‌کات، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌ریان گرت؟ ئینجا با وه‌ریبگرن، من تا ئه‌وسا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بم و له‌ فه‌قیری رزگارم ده‌بێ و شار و وڵاتیان بۆ به‌جێ دێڵم. جا ئه‌وه‌ به‌جێشم هێشت، بۆ هه‌ر کوێ بڕۆم، ئه‌و درۆیه‌ وه‌ک سێبه‌ره‌که‌م به‌ دوامه‌وه‌ ده‌بێ و ژیانم ده‌کاته‌ جه‌هه‌نه‌م. که‌ بیره‌وه‌رییه‌کانم نووسییه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ش باس بکه‌م، جا من با خاوه‌نی کتێبی بیره‌وه‌ریی بم، مه‌رج نییه‌ خۆم یادداشته‌کانم بنووسمه‌وه‌، بروا ناکه‌م ئه‌و هێزه‌م هه‌بێ باسی خۆم بکه‌م، که‌سێ باسی خۆی ده‌کات هێزێکی له‌ بن نه‌هاتووی تیا بێت،من ئه‌و هێزه‌م نییه‌، ده‌توانم باسی ئاغای قه‌ترانیی بکه‌م ، به‌ڵام باسی خۆمم بۆ ناکرێ.ئاغاش ئه‌و هێزه‌ی نییه‌ بۆیه‌ ده‌یه‌وێ من بۆی بنووسمه‌وه‌. ده‌یه‌وێ من درۆی بۆ هه‌ڵبه‌ستم. ئای خوایه‌ چی بکه‌م؟ ئه‌و پاره‌یه‌ش زۆره‌، هه‌ر زۆر زۆره‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی درۆیه‌کی وا ئاسان، ئای که‌ نووسینه‌وه‌ی درۆ ئاسانه، سه‌یری ئه‌و هه‌موو کتێب و رۆژنامه‌و گۆڤارانه‌ بکه‌، به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێ، پڕن له‌ درۆ، پڕن له‌ ناشریکردنی مێژوو، مێژوویه‌ک که‌ لام جێگای گومانه‌ که‌ ئه‌و هه‌موو درۆیانه‌ی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێ.ئای له‌و هه‌موو نووسه‌ره‌ خراپانه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌‌،له‌و هه‌موو رۆژنامه‌نووسه‌ ترسنۆک و درۆزنانه‌، وه‌ی له‌و هه‌موو شاعیره‌ مێبازانه‌ که‌ته‌نها له‌به‌ر خاتری ڕاوکردنی کچ، نازی ژنێک شیعر ده‌ڵێن. به‌ڵام خۆ من لێپرسراو نیم له‌ مێژوو، هیچ گرێبه‌ستێکم له‌گه‌ڵ نه‌به‌ستووه‌،من مه‌سئوولم له‌ به‌خته‌وه‌ریی خۆم، ئه‌مه‌ ده‌نووسم و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ژیم و که‌مێک نازی خۆم هه‌ڵده‌گرم و خانوویه‌ک ده‌کرم و سه‌فه‌ر ده‌که‌م و دنیا ده‌بینم، گه‌ر ئه‌و درۆیه‌ نه‌که‌م ئه‌مانه‌م بۆ ناکرێ، جا با نه‌کرێ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ربه‌رز بم، به‌ڵام کێ نرخی ئه‌و سه‌ربه‌رزییه‌م ده‌زانێ؟ پێم بڵێ کێ ده‌یزانێ؟ هه‌موو شتێ ون ده‌بێ، به‌ڵام ئایا به‌راست هه‌موو شتێ ون ده‌بێ،تا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌ده‌مه‌وه‌ یه‌ک وشه‌ نانووسم. گه‌ر هه‌موو شتێ ون بێ، ئه‌وا هه‌ر ئێستا ده‌ست ده‌که‌م به‌ نووسینی یادداشته‌کان، به‌ڵام گه‌ر ترووسکاییه‌ک هه‌بێ‌ بۆ ون نه‌بوونی هه‌موو شتێ، ئه‌وا هیچ نانووسم وهه‌ر به‌یانی بێت پاره‌که‌ی بۆ ده‌به‌مه‌وه‌، با بزانم تا سبه‌ی ده‌گه‌مه‌ کوێ؟

یانووه‌ری 2012‌