نووسەرێکی ئازیز ئەم هەفتەیە لە ئیمەیڵێکدا بۆی نووسیوم:
«مەریوان وریا قانع دیسانەوە هەمان هێرشی پێشووی دەکاتەوە سەر ڕەخنەی عەلمانییەکانی کوردستان لە ڕۆڵی ئاین لە هەرێمی کوردستاندا و خۆی ناگەهان دەکات لەوەی کە دەرکەتووە ئەو لێکدانەوانەی ئەو شەڕفرۆشتنی بەلاشە و قسەی نامەسئولانەیە بەرامبەر بە لیبراڵییەتی کۆمەڵگای کوردیی».
ئەو بەڕێزە لە درێژەدا دەنووسێت:
«لەوە دەچێت ئەو لە قسەکانی تۆ (ئاماژەیە بۆ نامەیەکی کراوەی من بۆ کاک مەریوان لە هاوینی ئەمساڵدا) تێنەگەیشتبێت و نەتوانێت ئەوە ببینێت کە ڕەخنەی عەلمانییەکانی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە تێزی پۆست–سکۆلاریزمەوە نییە و ئەو بەزۆر دەیانبەستێت بە یەکەوە»،
وە لە کۆتایی ئیمەیڵەکەیدا ڕا و قسەی من دەپرسێت لەسەر ئەو (وەک ئەو ناوی دەنێت) ''ڕووقایمیی''یەی کاک مەریوان.
 
لەجیاتی وەڵامدانەوە لەرێگەی ئیمەیڵی تایبەتەوە بە پرسیاری ئەو ئازیزە، پێم باشتر بوو لێرەدا بۆ خوێنەر بەگشتیی بە ووتارێک قسەی خۆم لەسەر تاکتیکێکی کوشندەی جەدەلکردن بکەم کە ساڵانێکی زۆرە وەک دیاردەیەک لەناو فەزای ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمەدا دەرکەوتووە و دێباتی زیندوو و جەدەلی سیاسیی و ڕۆشنبیریی لەناو فەزای گشتییدا تەواو کۆت کردووە، تا بەم شێوەیە ئەگەر بتوانم موساهەمەیەک بکەم لە شکاندنی ئەو کۆتەدا.
سەرەتا با وەڵامێکی کورتی ئەو پرسیارەی ئەو بەڕێزە بدەمەوە و لەو وەڵامەوە دەچم بۆ کرۆکی باسەکە. 
 
بەکورتیی منیش پێموایە کە کاک مەریوان وریا نەشارەزاییەکی گەورە پیشان دەدات لە بوارێکدا کە بڕیارە لە زانکۆ خوێندبێتی. ئەو نەک هەر ئەوە نابینێت کە تێزی پۆست–سکۆلاریزم هیچ ڕەخنەیەکی تیا نییە کە پای ئەو سیاسەتکار و چالاکوان و ڕۆشنبیرە عەلمانییانە بگرێتەوە کە لە کوردستاندا داوا دەکەن ئیدارەی دەوڵەتیی ئیدارەیەک بێت کە فەزڵی ئاین و جیهانبینییەکی دیارییکراو نەدات بەسەر ئەوانی تردا و هیچ ئاین و جیهانبینییەکیش نایەکسان مامەڵە نەکات، بەڵکو تەنانەت تیۆرەی (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) و خواستی (بەعەلمانییکردنی دەوڵەت)ی لە دەست تێکەڵ بووە و ئەم ماوەیە هاتووە بە زنجیرەیەک ووتار باس لە کورتهێنانی تیۆرەی (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) دەکات، کەچی لەپڕ ئەو کورتهێنانە وەک دەلیلی ''بێفیکریی'' ئەو ڕۆشنبیر و چالاکوانە سیاسییە عەلمانییانە بەکار دەهێنێت کە خواستی (بەعەلمانییکردنی دەوڵەت)-یان هەیە. ئەو ئەوە نابینێت کە (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) کە کورتی هێناوە تیۆرەیەکی ناو زانستی کۆمەڵناسییە، لەحاڵەتێکدا کە (بەعەلمانییکردنی دەوڵەت) داوایەکی سیاسییە نەک تیۆرە. ئەو لەبواری خوێندنەکەی خۆیدا (بەعەلمانییبوون)، کە چەمکێکی وەسفییە، لە (بەعەلمانییکردن)، کە چەمکێکی نۆرماتیڤییە، لەیەک ناکاتەوە، کەچی ملی ناوە بە نووسینی چەندین وتار و تەنانەت کتێبەوە بۆ ڕەخنەی عەلمانییەکانی کوردستان. ئەو وەک شتێک عەلمانییەکانی کوردستان خەریکی لێکۆڵینەوە لە بواری زانستی کۆمەڵایەتییدا بن و چەندین لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە ئیمکانی (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) دابێتە دەرەوە، دێت بە بێفیکر و توندڕەویان ناودەبات، لەکاتێکدا ئەوەندەی من ئاگادار بم تاکە لێکۆڵەرەوە و ئەکادیمییکەرێکی کورد لە هەرێمی کوردستاندا وجودی نییە لێکۆڵینەوەیەکی لەپێناو ئارگیومێنتکردن بۆ ئیمکانی (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) نووسیبێت. کاک مەریوان تەنانەت ئەوەندە نەشارەزا لە عەلمانییەت و عەلمانیزم قسە لەو بوارە دەکات کە کاتێک دەڵێت ''عەلمانییەکانی کوردستان''، مەبەستی عەلمانییەکان نییە بەڵکو مەبەستی تەنها ئەوانەیە کە وەک جیهانبینیی لە ڕووی فەلسەفییەوە یان هیومانیستن یان ئاتەئیست. کاتێکیش کە دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا هیچ هیومانیست یان ئاتەئیستێکمان نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان باسێکی بەرچاوی بۆ ئارگیومێنتکردن بۆ تێزێکی وا نووسیبێت کە کۆمەڵگا لە داهاتودا سەرتاسەر عەلمانیی دەبێتەوە، ئینجا دەبینین کە ڕاستییەکەی کاک مەریوان خۆیشی نازانێت باسی کام عەلمانییانە دەکات لە کوردستان و کامانەن ئەو کەسانە لە ناوەندی ئەکادیمیی و ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمەدا کە کورتهێنانی تیۆرەی (بەعەلمانییبوونی کۆمەڵگا) ڕەخنەکردنیان ڕەوا دەکات.
 
دیارە ئەوەی کە ئەم کەموکوڕییانە لە لێکدانەوەکانی کاک مەریواندا هەیە مانای ئەوە نییە کە ئەو قسانەی ئەو زەربەی گەورە نادات. من پێموایە کاک مەریوان وەک نووسەرێکی بەرچاو، بە چەندبارەکردنەوەی ئەم قسانەی سەبارەت بە ''عەلمانییە توندڕەوەکانی کوردستان'' لەم ساڵەی دواییدا، لە کەسانی وەک سەڵاحەددین بەهادین و عەلی باپیر ڕۆڵی گەورەتری بینیوە لە شەرعییەتپێدانی ئەو داواکارییەی ئێستای هێزە ئیسلامییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە داوا دەکەن پەرلەمان بە یاسایەک هەموو ڕەخنە و قسەکردنێکی نێگەتیڤی خەڵک لەسەر ئەو شتانەی کە لە دڵی ئەواندا پیرۆزن، سزادار بکات.
 
قسەیەک لە قسەکانی ناو ئەو ئیمەیڵەی لەو نووسەرە ئازیزەوە بۆم هاتووە و من لەگەڵی ناکۆکم، ئەوەیە کە ئەو پێیوایە کاک مەریوان توانای تێگەیشتن لە تەعقیداتی تێز و باسێكی تا ئاستێک ڕوونی وەک ئەو ڕەخنانەی منی نییە. من پێموایە کاک مەریوان ئەگەر بیەوێت، بە حوکمی ئەوەی ئەویش لەو بوارەدا خوێندوویەتی، بە ووردبوونەوەیەکی کەم دەتوانێت ببینێت خۆی چی و چی لە دەست تێکەڵ بووە و چی بازدانێکی لۆژیکیی قبوڵنەکراو لە ڕووی ئەکادیمییەوە لە ئارگیومێنتکردنەکانیدا هەیە. ئەوەی کە ئەو بیری بەلای ئەمەدا ناچێت و دەرفەت ناڕەخسێ ئەمە ببینێت، پەیوەندیی بە مەیلێکی ئۆپۆرتۆنیستانەی خەتەرناکەوە هەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا، دوای گەشەی زۆری ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان، ئەو و چەند دانە ڕۆشنبیرێکی تری بەرچاو نامەسئولانە دەستیان داوەتێ.
 
دیارە ئەمە کەم و زۆر لە هەموو وڵاتێکدا وایە کە هەرکە هێزێکی سیاسیی گەشەیەک دەکات، زوو وەک هەر ناوەندێکی تر، لە ناو نوخبەی سیاسیی و ئەکادیمییشدا کەسانێک دەردەکەون کە دەکەونە مامەڵەیەکی ئۆپۆرتۆنیستییانە لەگەڵ دۆخەکەدا و پۆپۆلیستییانە دەکەونە هەوڵی دزینی چاو و زیهنی دەوروبەر بۆ خۆیان و، خۆیان وەک کەسانی میانڕەوی بەحیکمەت و ئەکادیمییکاری ڕیاڵیست دەردەخەن و کەسانی پێداگر لەسەر پرەنسیپیش وەک کەسانی ''توندڕەو''. من لە داهاتوویەکدا دەرفەت هەبێت لە باسێکی درێژتردا دەچمە سەر قسەکردن لەسەر ئەم ئۆپۆرتۆنیستییە لەپەیوەند بە گەشەی ئیسلامی سیاسییەوە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا و هەوڵدەدەم سروشت و هۆکارەکان و کاکردە خراپەکانی ئەم کارەی کاک مەریوان و چەند ڕۆشنبیرێکی تر لەسەر دۆزی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی جیهانبینیی لە کوردستانی ئێستادا دەستنیشان بکەم.
 
سەبارەت بەو کارەی ئەمجارەی کاک مەریوان کە هەمجار هێرش بۆ سەر عەلمانییەکانی کوردستان دووبارە دەکاتەوە، من لە نامە کراوەکەمدا بۆ کاک مەریوان دەرفەتی ئەوەم بۆ پێشنیار کردبوو کە ئەگەر سوورە لەسەر ڕای خۆی، دەتوانێت دێبات بکەین و لەوێدا تەبریری ڕاکانی خۆی بکات. بەڵام کاتێک ئەو وێنەی ڕۆشنبیر و ئەکادیمییکارێکی وا جیددی و بەرپرس لە خۆی پیشان نادات کە ئامادە بێت خۆی بکاتە خاوەنی قسەکانی خۆی و تەبریریان بکات، ئەمە بۆ من گرفتێک نییە و وای لێکدەدەمەوە کە ئەو خۆدزینەوەیەی لەبەر ئەوەیە کە قسەیەکی بۆ داکۆکیی لە خۆی پێ نییە، خۆی دەپارێزێت لە هەموو دێباتێک. ئەمە گرفت نییە، چونکە من دەزانم لێرەدا قسە لەسەر ناوەندێکی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیی ڕۆژهەڵاتییە. دیارە ئەم جۆرە تاکتیکە لە دێباتکردندا ئەگەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەلایەن دێباتکارێکی ئەکادیمییەوە دەستی بۆ ببرێت، بێئیعتیباربوونێکی گەورە بەدوای خۆیدا بۆ ئەو کەسە دێنێت و خوێنەر پشتی تێدەکات و گوێگری بە دەورەوە ناهێڵێت. بەڵام من دەزانم ئێمە سەروبەرمان لەگەڵ فەزایەکی گشتیی ڕۆژهەڵاتییدا هەیە کە تیایدا باوە هەر دێباتکارێک یان ئەکادیمییکارێک کە دژەئارگیومێنتی لێبڕا، یان خۆی دەڕەنجێنێ و دەڵێ قسەی بریندارکەرانەم پێ ووترا، یان پەنا دەباتە بەر ڕەخنەکردنی خودی کەسی بەرامبەر نەک ڕاکانی، یان بۆ ئەوەی وەهمێکی وا بدات بە خوێنەری سادە کە قسەی ماوە و خۆی نایڵێت، خۆی مۆن دەکات و بێدەنگی لێدەکات. ئەمە ئەگەرچی جەببانییە بەڵام دیاردەیەکە کە من دەزانم ناچارین لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا چەندین ساڵی تریش لەگەڵی هەڵبکەین. بەڵام ئەوەی کە کارێکی ناشیرینە و جارجارە پەنای بۆ دەبرێت ئەوەیە کە کەسی ئەکادیمییکار لە دەرفەتێکی تردا دێتەوە و هەمان تێزی پێشووی خۆی دووبارە دەکاتەوە بەو هیوایەی مانیپۆلی مێشکی ئەو خوێنەرانە بکات کە مەرجی زۆریان بۆ سەلماندنی تێز نییە. لە ناونانی ئەم جۆرە کارەدا من ناکۆک نیم لەگەڵ ئەو نووسەرە ئازیزەدا کە لە ئیمەیڵەکەیدا بە ''ڕووقایمیی'' ناوی دەبات. ئەم دیاردەیە دەبێت ئیتر لای ئێمەش وەک لای ڕۆشنبیرییە گەشەکردووەکان ببێتە کارێکی عەیب و کەس ڕووی نەیەت ئاوا ئاشکرا مومارەسەی بکات. بۆیە بۆ وەڵامی پرسیاری ئەو بەڕێزە، سەبارەت بە دووباکردنەوەی کاک مەریوان وریا بۆ قسەکانی پێشووی خۆی بەبێئەوەی ئامادە بێت داکۆکییەک لە دروستییان بکات، قسەی من ئەوەیە کە ئەگەر کاک مەریوان دەیەوێت سەرباری لێکدانەوە ڕووکەشانەکانی لەو مەسەلەیەدا، هێشتاش ڕێزێک بۆ خۆی بهێڵێتەوە، جوانترە دەم داخات و نەچێتەوە سەر ئەو باسە و پەلەقاژە بۆ هەڵخەلەتاندنی خوێنەری سادە نەکات. ئەمە لە هەر ئەڵتەرناتیڤێکی تر کە ڕۆشنبیریی ئێمە لەبەر گەشەنەکردوویی کولتوری دێباتکردن تیایدا ڕێگەی پێ دەدات، جوانترە.
 
گرنگە ئێمە بە دەستداگرییەکەوە ئەم دیاردەیە لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا ڕەخنە بکەین، چونکە ئەم تاکتیکە کولتوری دێباتکردنی لای ئێمە تەواو ئیفلیج کردووە. ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان کولتوری دێبات لای ئێمە ئەو مۆرکەی هەبوو کە دێباتکاران توند پەلاماری هەم تێز و پۆینتی کەسی بەرامبەر و هەم خودی کەسەکەشیان دەدا. پەلاماری خودی کەسەکەی لێدەرچێت، من ئەو کولتورەم زۆر پێ سەلیمترە لەو مەیلەی کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە لەناو نوخبەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا سەرهەڵدەدات. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە دێبات لای ئێمە ئیتر ئەو مۆرکە وەردەگرێت کە نوخبەیەک تەواو خۆیان لەوە دەپارێزن ڕەخنەی یەکتر بکەن و ئامادەش نین هیچ کاتێک دژەئارگیومێنت بە دەوری تێز و پۆینتی خۆیاندا بکەن، بەڵکو دوای بێدەنگەلێکردنێک، لەپڕێکدا هەمان تێزی ڕەخنەکراوی خۆیان دووبارە دەکەنەوە و لەگەڵیشیدا یەکێکیان بە جوملە و بەبێ ئەوەی دیاریی بکات مەبەستی لە کێ و لە چی ڕایەکە، بروسکەئاسا دادەبارێت بەسەر ئەوانەدا کە ڕەخنەیەکیان لێی هەبووە و تا دەتوانێت خۆی وەک قوربانیی و غەدرلێکراو بۆ خوێنەر عەرز دەکات. بە ئەسەفەوە دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئەو مەیلەی کە گۆڤاری ڕەهەند هێنایە ناو ئەم ڕۆشنبیرییەوە، ئیتر جۆرێکی وا لە خۆدزینەوە لە دێبات بەچڕیی سەرهەڵدەدات کە بە دەوریی وەڵامێکی ئاگرین بڵاو دەکاتەوە کە تیایدا بە خۆپارێزییەکەوە لە کرۆکی باسەکە، لێشاوێک ئەوسافی لە چەشنی ''قەڵەم زڕ'' و ''لەتە-فەیلەسوف'' و ''زبڵنووس'' و ''دەبەنگ'' دادەبارێنێت بەسەر هەموو ئەوانەدا کە لە دەورەی پێشوودا ڕەخنەیان کردووە. 
 
ئەم تاکتیکە ڕۆڵی گەورەی هەبووە هەم لە ترساندن و دوورخستنەوەی زۆرێک لە ڕۆشنبیران لە دێبات و، هەم لە دەستزاڵکردنی نوخبەیەکی ڕۆشنبیریی کە زیاتر بەهرەیەکی گەورەتریان لە مومارەسەکردنی ئەم تاکتیکی شەڕەدا پیشانداوە تا بەهرەی گەشەپێدانی فەزایەکی گشتیی چالاک لە کوردستاندا. تەرانەوەی دەیان ڕۆشنبیر و خۆگرییان لە بەرچاوخستنی ڕا و ڕەخنەکانیان لەم ساڵانەدا، بێبەشکردنێکی ڕۆشنبیریی کوردیی و دێباتی ناو فەزای گشتییە لە توانایی ئەوان. ئەمەش زەربەلێدانێکی وا گەورەیە لە دۆزی دیموکراتییەت لە کوردستاندا کە دەبێت لە شانازییەکانی ئەو نەوەیە کە بە ''ڕەهەندییەکان'' ناسراون، کەم بکاتەوە.
 
ئەوەی لەپاڵ ئەم دیاردەیەوە بەشداریی چالاک دەکات لە کوشتنی دێبات لەناو فەزای گشتییدا ئێمەدا، میدیاکانن. سەیرکەن لەم ساڵانەی دواییدا دێباتکردن و پێکداتەقانی ڕا جیاوازەکان لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان، بە حکومیی و حیزبیی و ئەهلییەوە، تا ئاستی نەبوو کەمی کردووە. لەکاتێکدا لە وڵاتە گەشەکردووەکاندا هیچ ڕۆژێک بەبێ بەرپابوونی دەیان دێباتی توند لە میدیاکاندا بە دەوری چەندین بابەتی گەرمی ڕۆژدا تێناپەڕێت. نەبوون یان کەمیی دێبات گرفتێکی دیموکراتیی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەیە. هێند گەورە کە من جورئەت ئەکەم بڵێم لە گەندەڵیی و سەرکوتگەریی ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە، زیاتر ڕێگر بووە لە گەشەی دیموکراتییەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا. بیرمان نەچێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعییەتەی کە میدیا حکومیی و حیزبییەکان لەوە زیاتر چاوەڕوانیان لێناکرێت لە خستنەوەی دێباتدا، ئەوا میدیا ئەهلییەکان مەسئولی یەکەمن لە کەوتنەوەی ئەم گرفتە دیموکراتییەدا. 
 
بێباکیی میدیای ئەهلیی لە نەکەوتنەوەی دێبات، نوخبەی ڕۆشنبیریی و ئەم میدیایەی دەستئاوەڵا کردووە بچنە عەقدێکەوە کە ئەوەندەی تر فەزای گشتیی بخنکێنێت. میدیای ئەهلیی بەڵێن بە چەند ناوێک دەدات کە لە بڵاوکردنەوەی هەموو ڕەخنەیەک بیانپارێزێت و بەمە لای خوێنەر بیانکاتە بیرمەندی مەعسوم، بەرامبەر بەوەی کە ئەوان بۆ ڕۆژنامەکەی ئەو بنووسن و بەو سومعەتی مەعسومییەی خۆیان، فرۆش و سومعەتی ڕۆژنامەکەی بۆ زیاد بکەن. کاتێکیش فرۆش و سومعەتی ڕۆژنامەکە زیادە دەکات، ئەو نوخبەیەی ئەم ڕۆژنامەیە وەک بیریاری گەورە لەناو خەڵکی سادەی ئێمەدا ڕەواجی پێداون، ئەوەندەی تر دەکەونە بەرچاو. ئیتر ئەمە عەقدی کڕین و فرۆشتن و یارییەکی ئەهریمەنانەیە لەسەر حیسابی دێباتی ناو فەزای گشتیی و دیموکراتییەت لە کۆمەڵگاداو ئەمە نموونەی لە هەموو وڵاتان هەیە. جیاوازییەکە ڕەنگە لەوەدا بێت کە زۆر نین ئەو نموونانەی کە بۆ نموونە وەک ڕۆژنامەی ئاوێنە بەو پلەیە ڕووی بێت ڕای برا و برادەرانی خۆی تەنانەت لە کۆمێنتی چەند دێڕیی خوێنەرانیش پارێزراو بکات و، ئەم و ئەویان بۆ بخاتە لیستی ڕەشی بڵاونەکردنەوەوە و، لەبەرامبەریشدا ''ڕێکڵامەهەواڵ'' بڵاو بکاتەوە بۆ هەر ووتارێکی کورتوکوێر کە ئەوان سەبارەت بە مەسەلەیەکی ڕۆژ بینووسن.
 
ئەم کوشتنی دێباتە لەسەر دەستی نوخبەیەکی ڕۆشنبیریی و نوخبەیەکی میدیایی، هیچ خەتایەکی دەسەڵاتی گەندەڵی تیا نییە و، ئەوە لاوازیی مۆڕاڵی دەسەڵاتداران نییە ئەمەی مومکین کردووە؛ بەڵکو بەرپرسی ڕاستەوخۆ لەمە، ڕۆحی گەندەڵیی و لاوازیی مۆڕاڵی ئەم دوو نوخبەیەیە لەئاست دۆزی دیموکراتییەت لە کوردستاندا. هەر ئەم یارییەشە شتێکی وا مومکین دەکات کە هەر کەسێک ئەگەر دڵی نوخبەی میدیایی بردبێتەوە، دوای ئەوەی بۆ ڕایەکی خۆی دژەئارگیومێنتیشی لێدەبڕێت، هەر بتوانێت لە حیمایەتی تەواوی دەسەڵاتی چوارەمدا، ئەڵتەرناتیڤی دەمداخستن هەڵنەبژێرێت و هەر بەردەوام بێت لە تەقەکردن.