ململانـــــــــێ
گفتوگۆی نێوان من و هاوڕێكەم بەردەوامە. هەنگاوە شلەكان ڕێگای ماڵەوەمان لێ دوورتر دەكەنەوە. باس لە زەمەن دەكەین، من دەڵێم مرۆڤ بەردەوام لە ڕابووردوودا دەژی، ئەو دەڵێت مرۆڤ هەمیشە بیر لە داهاتوو دەكاتەوە. بەردەوام گفتوگۆ دەكەین و ناكۆكین. لە كاتێكدا دەستەكانم دەئاخنمە گیرفانی پانتۆڵە ڕەشەكەمەوە، لە خۆمەوە دەڵێم:
- نازانم! زۆر سەیرە!
ئەو بە سەرسووڕمانەوە سەیرم دەكات و دەڵێ:
- چی سەیرە؟
- چڕنووكی گەڕانەوە بۆ ڕابووردوو لای مرۆڤ نەرم نابێت. دەزانی هەموو گەڕانەوەیەك بۆ ڕابووردوو خۆدزینەوەیە لە ئێستا؟ لەوانەیە ئێستا وامان لێ بكات، بگەڕێینەوە بۆ ڕابووردوو، نەك ئەفسوونی یادەوەرییەكان.
ئەو كەمێك ڕەنگی تێكدەچێت و ڕستی قسەكان دەگرێتەوە دەست و دەڵێ:
- من بڕوام بە رابووردوو نییە، ڕابووردوو جگە لە وەهمێك هیچی تر نییە، داهاتوو ڕاستەقینەیە.
- من لە ئێستادا دەگەڕێمەوە بۆ ڕابووردوو و تۆش داهاتوو دەبینی، ئەی ئێستا چی؟
- ئێستا تەنیا بۆ ئەوە هەیە، كە داهاتووی لێوە ببینین.
لەوبەری شەقامەكە منداڵێك پایسكیل لێ دەخوڕێت. خۆشحاڵ دیارە و هەوا لە درزی لێوییەوە هێرش بۆ ناودەمی دەبات. ئەو دیمەنە كۆمەكم دەكات و بە هاورێكەم دەڵێم:
- من دەتوانم ڕابووردوو ببینم. ئەو منداڵەت دیوە، كە پایسكیل لێ دەخوڕێت؟
- بەڵێ.
- كەواتە ئێمە ڕابووردوو، یان ڕاستتر بڵێم منداڵیی مرۆڤ دەبینین، چونكە منداڵیی هەموومان لە یەكدەچێت. تۆ دەتوانی داهاتووی مرۆڤم نیشان بدەی؟
- چی؟!
گــــــــــــۆڕان
هەمیشە ئەو سێوە سوورەی نێو جانتا ڕەشەكەی نیگەرانی كردووە، كەچی تا ئێستا نەیتوانییوە فڕێی بدا و كۆتایی بە نیگەرانییەكەی بهێنێت. بێ ویستی خۆی ژیانی ڕۆژانەی بریتییە لە (گوێگرتن لەو سووكایەتییانەی پێی دەكرێ، بە تایبەت بە هۆی ناوە سەیرەكەیەوە، لەگەڵ قەپاڵگرتن لە سێوی نێو جانتاكەی شانی، بێ ئەوەی تەواو بێت و گوێهەڵخستن بۆ دەنگی داخستنی زنجیری جانتاكە.)
خەڵكی شارەكە كاتێك ناوی ئەم ژنەیان دەهێنا، قاقایان لێ دەدا و ئاسمانیان بە پێكەنینی پڕ لە سووكایەتی و گاڵتەجاڕی دەهەژاند. دەیانگوت تا ئێستا كەسمان نەدیوە ناوی (زەوی) بێت! هاهاها
ناچار ناوی لە خۆی نا (ئاسمان)...
مــــــــــــــەرگ
شەوەكە هێندە تاریكە، گەر ڕووناكی گڵۆپەكانی سەرشەقامەكە نەبێت، كوڕەكە ناتوانێ دەوروبەری خۆی ببینێ. بە دڵێكی خۆشەوە دەڕوات و نامەیەكی بەپەلە نووسراو لە گیرفانی ڕاستی كراسە ڕەشەكەیدایە، نامەیەك كە خۆشی نازانێت بۆ كێ، یاخود بۆ كوێی دەبات، بەڵام ئەوە باش دەزانێت دەبێت ئەو نامەیەی، كە نووسیویەتی بگاتە كەسێك، یان شوێنێك. دەگاتە (تێرمیناڵی مەرگ)، ئەو ناوە جادوویەكی سەیر لە چاوەكانی دەكا و لە هەموو شت ئاگابڕ دەبێت، تەنانەت لە خۆشی. بەردەوامە لە هەنگاوی خێرا و بەرەو پێشەوە دەڕوات، نە ملی وەردەچەرخێنێ و نە چاوەكانی لەسەر ناوی تێرمیناڵەكە دەتروكێنێت. لەناكاو دەكەوێتە ناو چاڵێكی زۆر قووڵەوە. ون دەبێت...
هاواری مردوویــــــــــەك
زیــندانییەكە قۆڵی ڕاستی لەسەر شیشی ژووری زیندانەكە دانـاوە. قژە ئاڵۆسـكاو و ڕیشە چڵكن و سمێڵە زەرد و نیگا نائومێدەكانی ڕووخســارێكی غەمگینیان پێ بەخشیـــوە. سیگارێكـی لە نێــوان لێوە ئەستوورەكانیدا گیر كردووە و بەردەوام مــژی قووڵی پــڕ لە چاوەڕوانیــی لــێ دەدا، دووكەڵی خەستی سیگارەكــە بەناو هۆڵی زیندانەكەدا سەمــا دەكا و تێكەڵی تاریكیی شەو دەبێت.
هێشتــا شەو لە سووڕی خۆی تەواو نەبووە، شتەكــان بە ڕوونی نابینرێن. شار چۆڵ و بێدەنـــگ، تەنیـا لە دوورەوە دەنگـی وەڕیــنی چەند سەگێــك دێت، كە ڕەنگە بە جووڵە و بینینی كەسێــك بوەڕن، یان هەر لە ترسی خۆیاندا وا بكــەن. كۆڵانەكان بۆگەنێــكی پیس داگیری كــردوون، كەسێك بەناو یەك لــەو كۆڵانانەدا بە سەرخۆشــی پیاسە دەكا و سەری شۆڕ دەكاتەوە و هەنگاوەكانی خـــۆی دەژمێرێت. لە ناكاو گوێـی بە دەنـگی فیشەكێك، كە لە نزیكی ئەو دەتەقێنــرێ، دەزرنگێتەوە. هاوارێـكی پڕ لە ئازار بەرز دەبێتەوە، ئازارێك، كە پێناسەی مەرگی كەسێك دەكات. گوێی بە دەنگی ئەو مرۆڤانـــە ئاشنا دەبێت، كە بە جلی خەو و چاوانی گێژ و خەواڵوو و هاواری پــڕ لە پرسیارەوە دەڵێن (كــێ مـــرد؟).
دوا مژ لە سیگارەكـــە دەدا و پاشماوە زەردەكــەی فڕێدەداتە ناو تەنەكــەی خۆڵـــی ژووری زیندانەكـــە...
بۆشــــــــــایی
چەندین ساڵە بە ڕێگاوەم، ناگەمە زەوی. من دەبێت لە بۆشایی بژیم، زەوی بۆشایی تێدا نییە، هەموو شوێنێكی زەوی وەك كوشنی پاس گیراوە و جێگایەك بۆ من نەماوەتەوە تێیدا دابنیشم. ناشتوانم بە پێوە ڕاوەستم، چونكە زۆر ماندووم. هەر لێرە بم باشە، وا بكەم باشتر نییە؟
+ لە پاشكۆی (ئەدەب و هونەر) – ژمارە (810) بڵاو بووەتەوە.