من یارەکەم وایە
پەپوولەکان لە دوورەوە دەیبینن و پێیان سەیرە
پەپوولە هەیە و نافڕێ.
مۆسیقا دەزانێ هەر کاتێک پێی نەما
دێت و نۆتەی تازە لە تۆ وەردەگرێت.
هەموو بەیانییەک هەتاو
پێش ئەوەی لە پەنجەرەکەوە بێتە ژوورەوە
سەیر دەکا
گەر تۆ لەوێ بی، دەزانێت
پێویست ناکا بێت.
دڵۆپە بارانەکان کە تۆ دەبینن
پێیان سەیرە
بارانی تر هەیە و لەوان ناچێت.
ئەستێرەکان لە دوورەوە دەتبینن و
لایان سەیرە وا بە ئاسانی
لەمەداری ئەوان چوویتە دەرەوە و
هیچ ئەستێرەناسێکیش پێی نازانێت.
وەرە ئەی یار!
من غەمێک لە تۆ دادەتاشم
تۆش نائومێدییەک لە ئێسکی من
من گڵۆپێک، مۆمێک، ئەستێرەیەک لە چاوانی تۆ دروست دەکەم
تۆش دارستانێک، بیابابێک، ئاسمانێک لە تەنیایی من
من کانییەک، لافاوێک، بارانێک لە فرمێسکی تۆ دەکەمەوە
تۆش ئاوێنەیەک، پایزێک، پشکۆیەک لە خەیاڵی من
من لە پێکەنینت، نازت، ماچەکانت، باخچەیەک دەکەمەوە
تۆش بیکەرەوە دەرگایەکی بەهەشت لە دۆزەخی من.
من پیانۆیەک لە دەنگی تۆ دروست دەکەم
تۆش تەپڵێک لە دڵی من.
بیبە بۆ ڕەنگی کراسەکەت لە شەوەکانم.. ڕەنگی ڕەش
بێنە بۆ ڕەنگی برینم لە لێوی ئاڵت.. ڕەنگی مۆر.
 
ئەپریلی ٢٠١٤