"بیبیێ ، یا نەیبیێ ، من داد و بێدادێ دەکەم
گوێ بداتێ یا نەداتێ ، ئاهـ و فەریادێ دەکەم"
(مەحوی)
'کۆبانێ' لەگەڵ زەوی خەم دەچنێ .
'کۆبانێ' لە سەروو هەموو کانییەکانی دنیاوەیە
'کۆبانێ' یەکەمین دەروازەی گلەیی ئێمەیە
بەدیار عەرشەکەی خوداوە !
کە ئاسمان لەسەر شانی کێوەکانی 'کۆبانێ' دەخەوێ
شەوی ژێر دەوارەکانی دۆزەخ نابڕێنەوە !
******

خەمێک نییە لە 'کۆبانێ' بچێت !
'کۆبانێ' فرمێسک لە خۆ دەپێچێ
چونکە بارانی سەبورییەک نییە
سەردانی کات .
خاک و ئاو ، گوڵ و تفەنگ ،
سێبەر و هێشووی مردن
شتاقیان ،
جارێک نایەن بەسەروەختی 'کۆبانێ' ..!
شتاقیان لەگەڵ گەرد و گوڵی بەیان
نابنە تەمی نارنجیی خەمێک و
لە باڵای ئەو بئاڵێن !
خودایا
لە تەنیاییدا ، تۆ لە 'کۆبانێ' دەچیت
یان ئەو لە تۆ !
خودایا ئەم بەیتە ناو بنێین چیی ؟
بەیتی 'کۆبانێ' ، یان بەیتی بێمروەتیی دنیا !
یان بەیتی هەڵکردنی دۆزەخێک لەسەر زەمین !
******
