(بۆ ئەو ژن و کچە ئێزدییانەی 'داعش' فڕاندوونی ..)
 
ئەوانە کەنیزەکی کۆشک و سەرای خەلیفەکانی ئێوە نین !
ئەوانە حۆرییەکانی بەهەشت و
غەنیمەتی شەڕ و فتوحاتی خوێناویی
والی و ئەمیر و جانەوەرە مەرگدۆستەکانی ئێوە نین !
ئەوانە گوڵ و دڵ و گلێنەی داگیرساوی ئێمەن
ئەوانە ژنی جوامێر و
ئەوانە ئافرەتی سەلار و
ئەوانە کچانی وەک چرای پڕ لە شەوقی ناو دڵی ئێمەن !
بۆ هەر دۆزەخێکیان ببەن ،
ئەوان هەر لەسەر چڵی ڕۆحی ئێمە دەنیشنەوە .
لە ناو لمی هەر فەتوایەکی تاریکدا حەشاریان دەن
ئەوان هەر کانی و تریفە و ئەستێرە نازدارەکانی ئێمەن .
ئەو کچە پەپولانە بۆ کوێ دەبەن ؟
ئەو کۆترە ژنانە بە کام ئایەتی ئەنفالدا هەڵدەواسن ؟
کچ و ژنە ڕەشپۆشەکانمان بدەنەوە و
خۆتان بچنەوە بۆ دۆزەخ !
بڕۆنەوە بۆ بیابانێک ،
نە مێر‌گی ژیان دەناسێ ، نە کانیی ئومێدێک .
حاشا ئێمە ، نە دەبینە دراوسێتان ،
نە دەبینە هاوسەفەر و هاودین و هاوڕێتان !
ئێوە هەموو بەیانییەک ، لەسەر عیشقێک ، خۆر سەردەبڕن !
ئێوە لە هەموو حیکایەتێکدا ،
لەسەر شیرینێک
دەیان فەرهاد تیرۆر دەکەن !
بڕۆن ،
خۆتان و شمشێرەکانی خوێنتان
خۆتان و جەللادەکانی ناو سەرتان
خۆتان و ویلایەتی تاریکستانی ناو دڵتان
بخەنە چاڵی مردنەوە !
بڕۆن و ئیتر فڕینەکانی ئەم وڵاتە بێ باڵ مەکەن !
بڕۆن و ئیتر چراکانی ئەم وڵاتە بێ ماڵ مەکەن !
بڕۆن و
ئەستۆی چڵکنی خۆتان ورد و خاش کەن !
ئۆگەستی ٢٠١٤-هەولێر