(1)
+ تۆ لەوێیت ؟
ئەمە پرسیاری هەمیشەیی بارانە تینوەکەی منە ،
لە هەر گریانێکدا
لە باخی تەڕی جەستەی تۆی ئەکەم !
(٢)
هەنگی شیعری من
هەر لە سنوورەکانی ماچی گوڵ ستارە دەگرێ و
نایەتە ناو باخچەی جەستەکەت !
بەڵام ئەگەر ڕۆژێک کەوتیتە ناو دێڕی قەسیدەیەکمەوە
ببوورە گەر نەتدەمەوە دەست خۆت !
گەر مەمکدانەکەشت لە سەر چەرپای شیعرێکم بە جێما
بە سینەی توڕەی خۆت بڵێ ؛ بمبەخشێ گەرنەیدەمەوە !
(٣)
دڵی من ماڵێکی بێ دەرگا و بێ زەنگە
چۆن بزانم کەی پێ دەخەیتە خاکی گیانمەوە !
(٤)
لەم هەموو سورەتی عیشقە
من هەر یەک ئایەت دەزانم ؛
ئەویش ئایەتی خواردنەوەی
دەریایەکە لە شەرابی ڕوانینی تۆ !
(٥)
من ئەو عەترەم لا پیرۆزە
کە لە شەوی سپی جەستەی تۆوە دەتکێ .
(٦)
وەرە بچینە لای بەفر
وەرە بچینە لای ئاگر
بە درەختی عیشقێکەوە
چرایەک هەڵکەین وەکو خۆت !
(٧)
من ئەمەوێت بتنوسمەوە !
من ئەمەوێت مێژووی عیشق
لە ماڵەکەی دڵی تۆوە دەست پێبکات .
من ئەمەوێت
هەرچی نوێژی دنیا هەیە
نیگاکانی تۆ بکەن بە قیبلەی خۆیان،
تۆیەک لە کانیی و گوڵ و ڕوبار و
لە سپێدەی خەمەکانی خواوەند ئەچیت !
تۆیەک ، لە نەسلی گوڵ و لە خۆت نەبێت
لە کەس ناچیت !
(٨)
ئەمساڵ ، بڕیاڕ ئەدەم ؛
ڤالانتاین لەبەر بکەم
بە بۆنی مێخەکی قسەکانت
وشەکانم عەتر پژێن بکەم !
ڕۆحم بخەمە بەر هەتاوی میهرەبانییت !
بە دڵ بڵێم پڕ بێت لە تۆ .
(٩)
وەرە با مێژوو بماڵین
گسکی خەفەت بدەین لە ڕۆژانێک
کە ئیدی نامانەوێت هیی ئێمە بن .
کەس بیری ڕۆژە زێڕینەکانی نەماوە !
وەرە هەرچی فرمێسكێ کە بۆ کۆترەکانمان ڕشتن
بڕێژینە زێرابەکانی مردنەوە ،
کەس بیر لە فرمێسکی جوامێران ناکاتەوە !
(١٠)
کە جەنگ بڕایەوە
وەرە ئەو شتانەی
بۆ دەستپێکردنەوەی عیشق مانایان نەماوە ،
توڕهەڵدەینە دەرەوەی ژیان
بۆ نمونە ؛ دانیشتن لە کافتریا سارد و سڕەکان
بەدیار قاوەی درۆ زلەکانەوە !
یان سەرلەنوێ تەرجەمەکردنی
"باخی گێلاس"ەکەی 'چیخۆف' !
کە جەنگ باڵە تیژەکانی خۆی بڕی ،
وەرە مێژوو وەک جگەرە داگیرسێنین
بە دوکەڵەکەی ، بادی سەبا پیس بکەین و
هەتا ئەبەد لە خۆمانی نیگەران کەین !
(١١)
من دەزانم پێڵاوی ئەم شەڕە
هێندە گەورەیە هەموومان لەپێی خۆی دەکات ،
من دەزانم کراسی ئەم شەڕە هێند گەورەیە
بە بەری هەموومان دەکات !
کەچی ئەم شەڕە هەرچۆنێک مل بنێت
ناتوانێ ئینجانەی خەیاڵێ لە شەوقی عیشقی تۆ
لە ناو پەنجەرەی دڵی من بشکێنێت !
(١٢)
تۆ هەموو منیت !
باخچەیەکم نیشان بدە بێمە ناو تۆ !
--------------------------------------
٢٠١٤/٢٠١٥-هەولێر – بەختیاری