بە قسان لەگەڵ تاریکى ژیانم دەبڕى
لەگەڵ شەو چاومان لە چاوى یەک نابوو
جەستەم سیس
بینایم وەک چراى دزان کز
دڵ گەیشتبووە کۆڵانە تەنگەکانى تەسلیم بوونەوە
بیر لە چ بکەمەوە هەر ئەوەیە
تاریکى بەر لەوەى بۆ شەو خۆى داکەنێ
بۆ من وەک گۆڕەپانى شەڕ
خۆى خستبووە سەر گازەرەى پشت
من چۆلەکەى تەریووى بەر مانگەشەو
نوغرۆى خۆم بووم
تاریکى لە فڕینم دەچۆڕا
وەک چۆن گوڵەبەڕۆژە دەکەوێتە بەر خۆر
کەوتمە نێو قسەى شەوان
بیر لە چ بکەمەوە هەر ئەوەیە
ئاوڕدانەوەى تاریکى ریشى سپى کردم
مردن هێلانەى لە سەرمدا کردبوو
قسەم بۆ نەدەهات
تەنها لە خەودا زمانم دەگەڕا
تەنها لە خەودا دەمم لە ژیان دەکوتا
دەزانم خەو قسان دەباتەوە بێدەنگى
ژیان دەباتەوە سەرەتا
من لەبەر مردن ئاگام لە خۆم نەبوو
لەگەڵ قسان هەنگاوم دەنا
ئاگام لە خۆم نەبوو
هاوڕێکانم پایزیان هێنابووە بەر دەرگا
پایز بوو ئەو هەموو گەڵایەى زەرد کرد
من نازانم بیرم لە چى دەکردەوە
بە کەوتنەخوارەوەى ژیان بە ئاگا هاتمەوە
بۆنى بەیانى لە لووتم دەهات
رەنگى ئاسمانم دەناسییەوە
هەستم بە پشکوتن دەکرد
بە هاوڕێکانم دەڵێم وەرنەوە بۆنى دنیاتان لێدێ
شەو بەیانى باش لە شەوى پێشتر ناکا
لە تەماشاکردنى شەو هەڵاتم
شەو چوو بەیان هات
هەموو ئەوانە خەون نین ئەوەى دەڵێم ئەوەیە
دووبارە دەستم لە دەستى ژیاندایە
ئاوڕدانەوەى تاریکى ریشى سپى کردم
هاتمەوە بەر رۆناکى لەبەر خۆمەوە دەڵێم
لەگەڵ مردن ناچمەوە قسان
بە ریشى سپى لەگەڵ هەتاو دەمێنمەوە.
12/5/2015