كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور له‌بواری چیرۆك و رۆمانی كوردیدا ناوێكی ناسراوه، خاوه‌نی چوار كۆمه‌ڵه چیرۆك و شه‌ش رۆمانه. كۆتاییه‌كانی ساڵی 2015، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، رۆمانی (ڕیبه‌نێكی سوور و ملپێچێكی ڕه‌ش)ی كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور ی بڵاوكرده‌وه، كه تازه‌ترین رۆمانی ئه‌م نووسه‌ره‌یه و بریتییه له (198) لاپه‌ڕه‌و به دوو به‌ش نووسراوه، دوای خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته‌ی نووسه‌ر كرد، ئه‌م گفتوگۆیه‌ی لێكهوتهوه.
سازدانی: محه‌مه‌د كه‌ریم
*ئەڵماس بەسماتی ئەگەرچی كارەكتەرێكی لاوەكی رۆمانەكەیە، بەڵام كارەكتەرێكی جوانەو قسەكانی زۆر جوان و شارەزایانە نووسراون كە لەیەك كاتدا قسە لەگەڵ كۆمەڵێ كەس دەكات و بەشێوەیەكی قۆشمەچییانە وەڵامی هەموویان دەداتەوە. بۆچی جارێكی تر نەچوویتەوە سەر ئەم كارەكتەرەو درێژە بەڕۆڵەكەی بدەی؟
هێزی کاره‌کته‌ر له ژماره‌ی ده‌رکه‌وتنه‌کانیدا نییه، به‌ڵکو هێزه سه‌ره‌کییه‌که‌ی له‌وه‌دایه چ کاریگه‌رییه‌ک له ئاڕاسته‌ی گێڕانه‌وه‌دا ده‌کات و تا چ ڕاده‌یه‌ک گوته و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ده‌بنه جێگه‌ی پرسیار. به مانایه‌کی دی بوونی ئه‌و کاره‌کته‌ره له‌و تێکسته‌دا چ جیاوازییه‌ک ده‌هێنێته کایه‌وه. له ئه‌ده‌بی نوێ‌دا، وردتر له‌و ئه‌ده‌به‌ی سیماکانی پۆستمۆدێرنیزم له خۆی ده‌گرێت، سێنترالیزم به هه‌موو شێوه‌کانیه‌وه تێک ده‌شکێنرێت و ڕێگه به ده‌رکه‌وتنی ئه‌و که‌ناڵانه ده‌درێن، که داخراون، یان بایه‌خیان پێ نه‌دراوه، بۆیه هیچ ده‌نگێک، هیچ زه‌مه‌نێک و هیچ شوێنێک ناتوانێت ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌های هه‌بێت و ئه‌وانه‌ی دی بخاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه. به‌م شێوه‌یه کاره‌کته‌ری لاوه‌کی و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی هه‌مان ئه‌و مانایه‌یان نییه، که پێشتر هه‌یانبووه. ئه‌ده‌ب، که به یاسا و لۆژیکی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌جووڵێت، نه‌ک به‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی، وه‌ک (لۆسیان گۆڵدمان) پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، ئه‌وا کورتی و درێژییه‌که‌ی به وشه ناپێورێن. وشه ته‌نیا ئایکۆنه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بایه‌خی هه‌یه مانایه، که (دێریدا) پێی وایه له ڕێگه‌ی نیشانه‌وه ماناکان له تێکستدا ده‌دۆزرێنه‌وه. دیاره ئه‌مه باسێکی قووڵه و ئێستا کاتمان بۆی نییه. پێشتر که‌موزۆر له‌و باره‌یه‌وه دواوم. (ئه‌ڵماس به‌سماتی) کۆتاییی نایه‌ت، به‌ڵکو به شێوه‌ی دی، له شوێن و زه‌مه‌نی دیکه‌دا ده‌رده‌که‌وێته‌وه. ئه‌و ژنه دووکانداره نه‌ک هه‌ر وێنه‌یه‌کی گشتیی کاره‌کته‌ره‌کانمان ده‌هێنێته به‌رچاو، به‌ڵکو شوێن و زهمهنیشیانمان بۆ ده‌رده‌خات. وه‌ک خۆیشت ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌یت به هۆی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌وه ده‌نگی کاره‌کته‌رێکی زۆر ده‌گه‌نه ناو سپه‌یسه‌وه، که ئه‌مه له ڕۆمانی فره‌ده‌نگیدا پێویسته. بوونی (به‌سماتی) له‌و شوێنه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه ده‌سته‌ڵاتی کاره‌کته‌رێک که‌م بکاته‌وه، که (مامۆستا دلاوه‌ر)ه. به درێژاییی تێکسته‌که به‌رده‌وام کاره‌کته‌ری دیکه‌یش ده‌رده‌که‌ون و ناهێڵن کاره‌کته‌رێکی دیاریکراو ببێته سێنتراڵ، با گێڕانه‌وه‌که‌یشی له ئه‌ستۆ گرتبێت. واته با (ست ویداد دێرتی)، یان (مامۆستا دلاوه‌ر) ڕووداوه‌کانیش بگێڕنه‌وه، به‌ڵام کاتێ ئه‌وانه‌ی دیکه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌رده‌که‌ون، ئه‌مان به‌شێکی ده‌سته‌ڵاته‌که‌یان له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌مه هه‌م لایه‌نی ته‌کنیکی و هه‌م لایه‌نی فکری له خۆی ده‌گرێت. پێشتریش گوتوومه به‌رهه‌مه‌کانم پێوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه. (به‌سماتی) نه له‌م شوێنه ده‌ستی پێ کردووه و نه له‌وێیش ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵکو ڕه‌گی له‌ناو به‌رهه‌مه‌کانی پێشوومدا هه‌یه و له‌وانه‌ی داهاتوویشمدا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، که ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌ت نییه به‌و، به‌ڵکو پێوه‌ندیی به هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی دیکهیشمهوه هه‌یه. به‌ڵێ، به‌شه‌کانی دیکه‌ی (به‌سماتی) له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌مدا هه‌ن، بۆ نموونه له کتێبی (منداڵیم) و له ڕۆمانی (ماڵی نانی)دا. له‌م سه‌فه‌ره‌مدا بۆ کوردستان هاوڕێیه‌کم پێی گوتم (به‌سماتی) هه‌ر (بله‌یدن ڕازهرێ)ی (ماڵی نانی)یه، به‌ڵام به شێوازێکی دیکه. لێت ناشارمه‌وه هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد ئه‌و ژنه لای خوێنه‌ر هێنده کاریگه‌ری جێ ده‌هێڵێت، به ڕاده‌یه‌ک پرسیاره‌که‌ی تۆ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌و خوێنه‌رانه‌یه، که له‌باره‌یه‌وه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ کردووم. ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر کاتێ به حه‌سره‌ته‌وه بڵێین خۆزگه فڵان کاره‌کته‌ر زیاتر درێژه‌ی پێ بدرایه‌وه، ئه‌وه مانای وایه ئه‌و کاره‌کته‌ره توانای هه‌یه به‌رده‌وام شتی نوێمان پێ بڵێت، بگره وامان لێ ده‌کات خۆمان له ڕێگه‌ی گریمانه‌وه داهاتووی بهێنینه به‌رچاو، که ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ئه‌ده‌بی نوێیه چۆن خوێنه‌ر ده‌کاته به‌شێکی گرنگی تێکست. به‌ڵێ، چه‌مکی خوێنه‌ر لای ئه‌و تیۆرییه ڕه‌خنه‌ییانه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ست حه‌فتا ساڵه‌ی ڕابوردوودا ده‌رکه‌وتوون، بونیادگه‌ری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه وه‌ک دوو نموونه؛ بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه. ده‌کرێت له‌م ڕووه‌وه ناوی کۆمه‌ڵێک داهێنه‌ری وه‌ک (ڕۆلان بارت)، (مێشال ڕیفاتێر)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (هانس ڕۆبێرت یاوس) و زۆری دیکه بهێنین. واته هه‌موویان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن، که نابێت مافه‌کانی خوێنه‌ر پێشێل بکرێن، به‌ڵکو پێویسته ڕێگه‌ی بدرێت خۆی به دوای نهێنیدا بگه‌ڕێت و خۆیشی لێکدانه‌وه بۆ ڕه‌گه‌زه‌کان بکات. من خۆم هه‌میشه شته‌کان به نیوه‌چڵی جێ ده‌هێڵم و ڕێگه‌ی هیچ کاره‌کته‌رێک، یان ڕووداوێک، یان زه‌مه‌ن و شوێنێک ناده‌م به ته‌وای ده‌ربکه‌وێت، که ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه حه‌زم له ئاسانکاری نییه و به لامه‌وه گرنگه لای خوێنه‌ر لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ بکرێت. له بواری تیۆلۆگیدا چه‌مکێک هه‌یه و پێی ده‌گوترێت سه‌بمیشن (Submission)، واته ملکه‌چی، که بۆ نموونه لای گه‌وره‌پیاوانی که‌نیسه‌دا هه‌یه، به‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو ملکه‌چی ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه بن، که ئه‌وان بۆ تێکستی ده‌که‌ن. داهێنه‌رانی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یان تێک شکاندووه و ناهێڵن هیچ ده‌نگێک ملکه‌چی نووسه‌ر، یان ملکه‌چی ده‌نگێکی دیکه‌ی ناو تێکست ببێت، به‌ڵکو پێویسته هه‌ر یه‌که‌یان سه‌ربه‌خۆییی خۆی به ده‌ست بهێنێت. لێره‌دا (دۆیستۆیڤسکی) وه‌ک ڕۆماننووس و (باختین) وه‌ک توێژه‌ره‌وه ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌یه.
*مامۆستا دلاوەرو ویداد دێرتی ژن و مێردێكی خوێندەوارو رۆشنبیرن، كەچی كوڕە تاقانەكەیان داركاری دەكەن و دەری دەكەن! دەتەوێ بڵێی خوێندەوارو رۆشنبیرەكانی ئێمە رەفتارو گوفتاریان یەك نییەو ئەوەی بەقسە دەیكەن بەكردەوە نایكەن؟ یان دەتەوێ دوو خوێندەوارمان نیشان بدەن كە وەكو خوێندەوارەكانی دیكە رەفتار ناكەن؟
هۆشیاری چییه و چ هۆشیارییه‌ک هۆشیارییه؟ هۆشیاری چه‌مکێکی فریوده‌ره. پێوه‌ندیی نێوان هۆشیاری و مێژوو پێوه‌ندییه‌که له‌سه‌ر پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره دامه‌زراوه. ئایا ئه‌وه‌ی له زه‌مه‌نێکدا هۆشیارییه، له زه‌مه‌نێکی دواتردا ده‌بێته ناهۆشیاری، یان هه‌ر به هۆشیاری ده‌مێنێته‌وه و گه‌شه ده‌کات؟ ئه‌و پرسیاره‌ی ئێوه چه‌ند به ڕواڵه‌ت خۆی ساده بنوێنێت، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ئاڵۆزه، که پێم وایه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌کرێت په‌نا بۆ (هیگڵ) ببه‌ین، به‌وه‌ی هۆشیاری له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. به بڕوای ئه‌و هۆشیاری ناکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه، بگره مێژوو به‌بێ هۆشیاری نایه‌ته کایه‌وه. به‌م شێوه‌یه مێژوو له سه‌رجه‌م ساته‌کان پێک دێت، نه‌وه‌ک ته‌نیا له ڕووداوه زه‌قه‌کان، به‌وه‌ی له‌پشت هه‌ر ڕووداوێک‌دا کۆمه‌ڵێک ڕووداوی دیکه‌ی شاراوه هه‌ن، که هه‌ر له ڕێگه‌ی کاریگه‌رییانه‌وه هه‌ستیان پێ ده‌کرێت. ژیانی مرۆڤ به هۆشیارییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. واته له‌و کاته‌وه مرۆڤ هه‌ست به مرۆڤایه‌تیی خۆی ده‌کات، که هۆشیار ده‌بێته‌وه و ژیانی به‌پێی لۆژیک لێک ده‌داته‌وه. ئه‌و هۆشیارییه‌ش به‌وانی دیکه‌وه به‌نده، به‌وه‌ی مرۆڤ له ڕێگه‌ی ئه‌وانی تره‌وه بوونی خۆی داده‌مه‌زرێنێت، چونکه ئه‌وان بۆ ئه‌م دژن، له کاتێکدا پێی وایه هه‌ر شتێک بگریت، دژه‌که‌ی خۆی له هه‌ناودا هه‌ڵده‌گرێت و به هۆی ئه‌و دژهیشیهوه بوونی خۆی دێنێته کایه‌وه، بگره درێژهیشی پێ ده‌دات. ئه‌مه‌یش ده‌چێته ناو یاسای ململانێوه. واته چۆن خوده‌کان دێنه ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی دیکه‌وه ددانیان پێ دابنرێت. به‌م شێوه‌یه هۆشیاری به‌رهه‌می پێکدادانی خودێکه له‌گه‌ڵ خوده‌کانی دیکه‌دا. که‌واته ناکرێت هۆشیاریی ڕه‌ها هیچ کاتێک هه‌بێت. ئێمه له‌ناو ماڵی (ویداد دێرتی) و (مامۆستا دلاوه‌ر)دا ململانێیه‌کمان هه‌یه له‌نێوان ئه‌وان و (ئومێد)ی کوڕیاندا. هه‌ر یه‌که‌یان ده‌یه‌وێت خۆی بسه‌پێنێت و ئه‌وانه‌ی دی ددانی پێدا بنێن، که هه‌مان ململانێ پێشتر له ماڵی (سیامه‌ند بێجان) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌دا هه‌بووه. به‌ڵێ، ئه‌وان دوو که‌سی هۆشیارن و له کوڕه‌که‌یشیان ده‌ده‌ن، یان ده‌کرێت بڵێین له دواجاردا ده‌گاته ئه‌وه‌ی لێی بده‌ن و له ماڵیشی ده‌ر بکه‌ن. وه‌ک ده‌زانین (ویداد دێرتی) له شوێنێکدا گوتوویه‌تی: (مێرده‌که‌ی زۆر گۆڕاوه و گه‌یشتوه‌ته ئه‌وه‌ی له کوڕه‌که‌ی ده‌دا، که پێشتر کاری وای به مه‌حاڵ زانیوه). ئه‌مه ده‌مانخاته به‌رده‌می ئه‌و پرسیاره‌وه: ئایا هۆشیاری ده‌توانێت ڕێ له توندوتیژی بگرێت؟ به مانایه‌کی دی، ئایا له‌ناو پرۆسێسی توندوتیژیدا (هۆشیاری) ئاماده نییه؟ کاتێ که‌سێکی ساده‌ی کۆمه‌ڵگه له منداڵه‌کانی ده‌دات، خێرا ده‌ڵێین ئه‌وه هۆشیار نییه، به‌ڵام کاتێ هۆشیارێک هه‌مان کرده‌وه ده‌کات، ده‌که‌وینه به‌رده‌م پرسیاری قووڵه‌وه، که ئه‌مه‌یشه مه‌به‌ستی ڕۆمانه‌که و ده‌توانم بڵێم هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م پرسیاری گه‌وره بورووژێنم. لێره‌دا ئێمه له چه‌مکێکی دیکه نزیک ده‌بینه‌وه، که ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاته. بۆ نموونه لای (فۆکۆ) ده‌سته‌ڵات له هه‌موو شوێنێکدا هه‌یه. له‌و گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ (دۆڵۆز) دایمه‌زراندووه، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، که ده‌سته‌ڵات تایبه‌ت نییه به شوێنێکی دیاریکراوه‌وه، به‌ڵام له زینداندا زۆر به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. من خۆم وه‌ک نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌م ده‌سته‌ڵات له‌و شوێنانه‌دا بدۆزمه‌وه، که شاراوه‌ن، بۆ نموونه له ماڵ و له قوتابخانه‌دا. کاری ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه نهێنییه‌کان ده‌ربخات، نه‌وه‌ک ئه‌وانه پێشان بداته‌وه، که خۆیان ده‌رکه‌وتوون. به‌و مه‌به‌سته‌ی زیاتر له پرسیاره‌که‌ت نزیک ببمه‌وه، که بۆچی ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێنده‌وارن، که‌چی له کوڕه‌که‌یان ده‌ده‌ن؟ یان بۆچی ناهێڵن سه‌گ ڕابگرێت؟ ئه‌وا ده‌ڵێم له کۆمه‌ڵێک شوێنی تێکسته‌که‌دا به نهێنی و له شێوه‌ی ئاماژه‌دا پێشان دراوه. بۆ نموونه له به‌شی دووه‌مدا (ئومێد) خۆی وای لێک ده‌داته‌وه، که ئه‌وان ده‌ترسن به هۆی سه‌گه‌وه ژیانه تایبه‌ته‌که‌یان لێ بشێوێت. دیاره ئه‌مه یه‌کێکه له‌و گرفتانه‌ی نێوانیان. له شوێنی دیکه‌یشدا به شێوه‌ی جیاوازجیاواز هه‌یه. ڕازینه‌بوونی ئه‌وان به ڕاگرتنی سه‌گ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری شاراوه‌ی هه‌ن، که وه‌ک ده‌بینین لای (کۆشان)یشدا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. به‌ڵێ، (دلاوه‌ر) خۆی له‌لایه‌ن دایکوباوکیه‌وه چه‌وساوه‌ته‌وه، که نه‌یانهێشتووه سه‌گ ڕابگرێت، به‌ڵام خۆیشی هه‌مان شت له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌یدا ده‌کات. من به‌رده‌وام ویستوومه دوو دیمه‌ن یان زیاتر له شوێن و زه‌مه‌نی جۆراوجۆردا پێشان بده‌م، که به ڕواڵه‌ت له یه‌کدی ده‌چن، به‌ڵام جیاوازن و ئه‌و جیاوازییانه به نهێنی هه‌ن.
*عەشقی مامۆستا دلاوەر بۆ سەگەكەی لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ بۆیە پێی دەڵێم عەشقی بۆ سەگەكەی چونكە دوای فەوتانی گردۆ ئیتر واز لەسەگ دێنێ، دەتوانین بڵێین هەر بەڕاستی عاشقی سەگەكەی بووە؟
سرووشتی ئه‌ده‌ب وایه، له‌سه‌ر نه‌زانراوه‌کان کار ده‌کات. هه‌میشه تێکستی ئه‌ده‌بی هه‌ندێک مه‌ته‌ڵ و نهێنی له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌ی دی بدات به شێوه‌ی خۆیان هه‌وڵی کردنه‌وه و ئاشکراکردنیان بده‌ن. ئه‌مه وا ده‌کات بۆ هه‌ر جووڵه‌یه‌ک، چ هیی ناوه‌وه و چ هیی ده‌ره‌وه، زیاتر له لێکدانه‌وه‌یه‌کمان هه‌بێت. له ئه‌ده‌بدا سه‌رجه‌م شته‌کان بۆ سیمبۆل ده‌گۆڕێن، بۆیه پێویسته وایش بیانخوێنینه‌وه. جیاوازیی نێوان تێکستی ئه‌ده‌بی و تێکستی زانستی له‌وه‌دایه، که دووه‌میان له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌کان داده‌مه‌زرێت و چه‌سپاوه، بۆیه خاوه‌نی حه‌قیقه‌ت و تێگه‌یشتنێکی دیاریکراوه، به‌ڵام یه‌که‌میان، واته تێکستی ئه‌ده‌بی خۆی ئه‌زموونێکی خودییه و له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌وه ئه‌نجامی جۆراوجۆر به ده‌سته‌وه ده‌دات، به‌وه‌ی سنووری حه‌قیقه‌ته‌کانی تێپه‌ڕاندووه. تێکستی ئه‌ده‌بی له یه‌ک کاتدا خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ئاڕاسته‌ی جیاوازه، به‌وه‌ی به‌ر خودی جیاوازجیاواز ده‌که‌وێت و هه‌ر چاوێک ئاڕاسته‌ی خۆی تێدا ده‌دۆزێته‌وه. کێ ده‌ڵێت ئه‌و سه‌گه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا بوونی هه‌یه؟ ئاخۆ ڕاسته ڕیبه‌نێکی سووری له ملدایه؟ له گوته‌کانی (ئاواز)دا ئه‌و گومانه‌مان لا دروست ده‌بێت، که له ڕۆژی کوژرانی باوکی‌دا به (دلاوه‌ر)ی برایانی ده‌ڵێت. ناوی هه‌موو شتێک ده‌هێنێت، جگه له هیی سه‌گه‌که. باشه، بۆچی باوکی و (گردۆ) له یه‌ک ڕۆژدا ده‌مرن؟ بۆچی (گردۆ) له‌سه‌ر گرده‌که، نه‌وه‌ک له شوێنێکی دیکه‌دا، کۆتایی به ژیانی دێت؟ ئه‌وه کاری خوێنه‌ری زیره‌که به دوایاندا بگه‌ڕێت. دیسان ده‌یڵێمه‌وه تێکستی ئه‌ده‌بی به پێوه‌ری واقیع ناخوێنرێته‌وه، چونکو کاتێ دروست ده‌بێت، که هه‌موو سنووره‌کانی واقیع تێک ده‌شکێنێت و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ پێک ده‌هێنێت. به‌م شێوه‌یه تێکستی ئه‌ده‌بی زۆر له تێکستی زانستی زیاتر ده‌رگه‌ی بۆ بواره‌کانی وه‌ک فه‌لسه‌فه، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، زمان‌ناسی و هیی دیکه کراوه‌یه، چونکه له‌سه‌ر ئاماژه دامه‌زراوه و ئه‌م ئاماژانه کاتێ ده‌چنه ناو ئه‌و بوارانه‌وه، لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆریان بۆ ده‌کرێت. ڕه‌نگه ئێمه نه‌توانین ڕۆمانه‌کانی (دۆیستۆیڤسکی) به‌بێ بواری سایکۆلۆجیا بخوێنینه‌وه، وه‌ک چۆن کاتێ بمانه‌وێت له (جۆیس) تێبگه‌ین، پێویسته په‌نا بۆ تیۆلۆگی و زمان‌ناسی ببه‌ین. ئه‌مه بۆ هه‌موو داهێنه‌رانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش هه‌ر وایه. ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌روونناسێک له تێکستێکدا ده‌ستی ده‌که‌وێت هه‌مان ئه‌و وه‌ڵامه نییه، که هه‌ر له‌وێدا کۆمه‌ڵناسێک پێی ده‌گات، به‌وه‌ی هه‌م گۆشه‌نیگاکان، هه‌م گه‌ڕان و هه‌م ئامانجه‌کانیش له یه‌کدی جیاوازن. سرووشتی تێکستی قووڵ وایه، که پرسیاری کاریگه‌ر ده‌ورووژێنێت و خوێنه‌ر ناچار ده‌کات که‌ناڵی جۆراوجۆری تێدا بدۆزێته‌وه. نووسه‌ری ئه‌ده‌بی له قووڵاییدا به‌ر ئه‌و ئێڵهمێنتانه ده‌که‌وێت و ده‌یانکاته به‌شێک له تێکسته‌که‌ی، که له‌گه‌ڵ بواره‌کانی دیکه‌دا هاوبه‌شن، بۆیه ئه‌ده‌ب هێنده‌ی ئه‌ده‌به، هێنده‌یش بواره‌کانی دیکه‌یه. دروستبوونی ئه‌و پرسیارانه لای تۆ ڕێک پێوه‌ندیی به‌و میتۆده‌وه هه‌یه، که کاری پێ ده‌که‌م. به‌ڵێ، گه‌ره‌کمه کۆمه‌ڵێ پرسیاری له‌م شێوه‌یه بورووژێنم، که مه‌رج نییه وه‌ڵامیان هه‌بێت، یان دروستتر بڵێم مه‌رج نییه یه‌ک وه‌ڵامیان هه‌بێت. کاتێ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ران له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌کانمه‌وه گفتوگۆ ده‌که‌م، ده‌مه‌وێت له ده‌می ئه‌وانه‌وه به‌شێک له نهێنیی کاره‌کته‌ره‌کانم بزانم. ئه‌و توێژینه‌وانه‌یش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌وه ده‌خوێنمه‌وه، که له‌باره‌یانه‌وه کراون. ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌ندێک سه‌یر بێت، به‌ڵام هه‌ر به ڕاستی وا ده‌که‌م.
*سەرهەڵگرتن و هەڵاتنی مناڵەكان لەژێر دەسەڵاتی دایك و باوك هۆكاری ئابووری لەپشتەوە نییە، بەڵكو هەڵاتنە لەدەسەڵاتی دایك و باوك چونكە دەیانەوێ دەسەڵات و شێوازی ژیانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێینن. تۆش لەگەڵ ئەو قسەیەی جوبران خەلیل جوبراندای كە دەڵێ (مناڵەكانتان مناڵی ئێوە نین) واتە دنیای ئەوان جیایە؟ مەبەستت لەمەیە یان چی؟
(جوبران خه‌لیل جوبران) یه‌کێکه له‌و ده‌گمه‌نانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، که نه‌ک هه‌ر له‌باره‌ی ئازادییه‌وه نووسیویانه، به‌ڵکو تێگه‌یشتنی قووڵیان بۆ ئه‌و چه‌مکه هه‌بووه. له سه‌ره‌تای لاویمدا وه‌ک زۆر له خوێنه‌رانی دیکه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رهه‌مه‌کانیم ده‌خوێنده‌وه، به‌تایبه‌تی ڕۆمانی (باڵه شکاوه‌کانی)، که به شێوه‌یه‌کی قووڵ باسی عیشق و ئازاری ناوه‌وه ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا یاخیبوونی کاره‌کته‌ره‌کانی من چ له خێزان و چ له داموده‌ستگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه، جیاوازه. به‌کورتی کاره‌کته‌ره‌کانم له دژی هه‌ر شتێک ده‌وه‌ستنه‌وه، که بیه‌وێت ببێته سیستێم، مادام سیستێم ڕێگه‌یه بۆ دروستبوونی سێنترالیزم. ئه‌وان بۆیه له خێزان یاخی ده‌بن، چونکه بووه‌ته چوارچێوه‌یه‌ک بۆ ئازادییه‌کانیان. پێشتریش گوتوومه هیچ شتێک له دنیای مندا به ڕێکوپێکی نییه، به‌ڵکو هه‌موو شته‌کان په‌رشوبڵاو و نیوه‌چڵن. لێره‌یشدا ته‌کنیک چاو هه‌ڵده‌هێنێت، به‌وه‌ی ته‌کنیک هه‌ر خۆی دژی سیستێم و سێنترالیزمه. کاتێ کاره‌کته‌رێک نایه‌وێت درێژکراوه‌ی ئه‌وانه‌ی دی بێت، به‌ڵکو هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنێت، خێرا ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌بێته‌وه. مرۆڤ ئه‌وده‌م هه‌ست به ئازادی ده‌کات، که له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وانی دیکه‌دا نه‌مێنێت، بێ ئه‌وه‌ی لێیان داببڕێت، چونکه ئه‌وه پێکه‌وه‌بوونه مانا به ئازادی ده‌دات، نه‌وه‌ک دابڕان. مرۆڤێکی ته‌نیا له بیابانێک، یان له دوورگه‌یه‌کی لاپه‌ڕدا ئازاد نییه، با که‌سیش نه‌بێت بیچه‌وسێنێته‌وه، چونکه له دابڕان‌دا ویست هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت، وه‌ک (هیگڵ) پێی وایه ئه‌وه ئه‌وانی دیکه‌ن وا ده‌که‌ن ئێمه هه‌ست به ئازادیی خۆمان بکه‌ین. من پێم وایه ئازادی کاتێ مانای هه‌یه، که ئه‌وانه‌ی دی ده‌یانه‌وێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ک لێتی بستێنن و تۆ نایده‌یت، بگره ئینجا به ڕاستی هه‌ست ده‌که‌یت هه‌ته. به‌م شێوه‌یه کاره‌کته‌ره‌کانم چ له‌م ڕۆمانه و چ له‌وانه‌ی دیکه‌یشدا له‌ناو خه‌ڵکن، به‌ڵام له‌وێ شه‌ڕ بۆ ئازادبوونی خۆیان ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت کاتێ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یش جێ ده‌هێڵن، هێشتا شه‌ڕه‌کانیان ته‌واو نابن، به‌ڵکو به شێوه‌ی دیکه درێژه‌یان ده‌بێت. خێزان دنیا گه‌وره‌که (ماکرۆکۆزم: Macrocosm)ـه و هه‌ر یه‌که‌ی ده‌یه‌وێت دنیا بچووکه‌که (مایکرۆکۆزم: Microcosm)ی خۆی، یان با بڵێین دنیای سه‌ربه‌خۆی خۆی تێدا دابمه‌زرێنێت، که ئه‌و دوو دنیایه هه‌میشه به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون. یه‌که‌م ئه‌زموونم له‌م ڕووه‌وه له ساڵی 1986 ده‌ستی پێ کرد، کاتێ ویستم چیرۆکی (مه‌رگ له‌سه‌ر شێوازی شیعر) بنووسم، که ئه‌ندامێکه له کۆمه‌ڵه‌ی (سه‌ده‌ی یه‌که‌می خه‌یاڵ). ڕاسته ئه‌وده‌م ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتم و دواتر له دانمارک پێیدا چوومه‌وه، به‌ڵام بۆ به‌رهه‌مه‌کانی داهاتووم بووه ئه‌زموونێکی گرنگ. پێویسته ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ردوو چه‌مکی (ماکرۆکۆزم) و (مایکرۆکۆزم)م له قۆناغی یه‌که‌می زانکۆ‌دا ناسین، که ڕشته‌ی مێژووم ده‌خوێند و هاوکات ده‌مویست به‌شی خۆم له بواری تیۆلۆگی و ئه‌نترۆپۆلۆگی تێبگه‌م. به‌ڵێ، به هه‌ندێک گۆڕانکارییه‌وه ئه‌و چه‌مکانه‌م له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا به کار هێنا. به مانایه‌کی دیکه ویستم وه‌ک دوو بوونه‌وه‌ر جوودایان بکه‌مه‌وه و به یه‌کیاندا بده‌م. ئه‌گه‌ر سه‌رنجت دابێت، هیچ کاتێ خێزان له به‌رهه‌مه‌کانمدا به شێوه‌ی ستاندارد پێک نایه‌ت. واته ماڵ له چیرۆک و ڕۆمانه‌کانمدا ته‌نیا دایک، باوک، خوشک و برا له خۆی ناگرێت، به‌ڵکو به‌رده‌وام ئه‌و بنه‌مایه تێک ده‌شکێت و به شێوه‌ی دیکه داده‌مه‌زرێته‌وه. ڕه‌نگه زۆر جار باوه‌ژن، باوه‌پیاره، زڕکچ، زڕکوڕ، مام، ئامۆژن، خاڵ، خاڵۆژن، منداڵی ئهدۆپتد (ته‌به‌نیکراو) و هیی دیکه‌ت له‌ناو به‌رهه‌مه‌کانمدا به‌رچاو که‌وتبن. ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی به‌سه‌ر بونیادی شوێندا دێت، له تێگه‌یشتن، زمان و هه‌ڵسوکه‌وتی کاره‌کته‌ره‌کاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. به مانایه‌کی دیکه ململانێ دێته کایه‌وه، بۆیه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ناو ئه‌و ململانێیه‌وه، کاره‌کته‌ری بزۆک (Round Characters)ن، نه‌وه‌ک کاره‌کته‌ری چه‌سپاو (Flat Characters)، که جیاوازیی نێوانیان، ئه‌وه‌یه، دووه‌میان گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌ڵام یه‌که‌میان به هۆی دینامیکیی ڕووداوه‌کانه‌وه گه‌شه ده‌کات و وێنه‌ی جۆراوجۆری خۆی ده‌رده‌خات. هه‌ر ئه‌و ململانێیهیشه فره‌ده‌نگی ده‌هێنێته کایه‌وه، به‌وه‌ی که‌سانی جیاواز تێیدا به‌شدار ده‌بن و هه‌ر یه‌که‌ی ده‌یه‌وێت که‌ناڵی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت. به‌ڵێ، ململانێ لای من بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه. له‌م ڕۆمانه‌یشدا هه‌مان کۆنسێپت به شێوازی خۆی ده‌رده‌که‌وێته‌وه. (ست ویداد دێرتی) و (مامۆستا دلاوه‌ر بێجان) منداڵێک ده‌دۆزنه‌وه و یه‌کێک له ده‌ست ده‌ده‌ن، که ئه‌مه ئازارێکی گه‌وره‌یه، به‌ڵام هیچ شتێکی دی هێنده‌ی ئازار ناتوانێت ململانێ گه‌رم بکات و درێژه‌ی پێ بدات، به‌وه‌ی ڕێگه‌ی سه‌ره‌کییه بۆ ده‌رکه‌وتنی هۆشیاری و هۆشیارییش وه‌ک (کامیۆ) له (مرۆڤی یاخی)دا پێی وایه سه‌رچاوه‌ی یاخیبوونه.
*رازی خوگرتنی دلاوەر بەو رێبەنە سوورەوە چییە؟ ئەگەر دەیەوێ لەو رێگەیەوە دژایەتی دەسەڵات بكات هەندێ جار لەلایەن بێدەسەڵاتەكانیشەوە باجەكەی دەدات وەك ئەوەی كۆمۆنیستەكان داركاری دەكەن؟
ئێمه له واقیعدا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌زانین که‌سه‌کان کێن و چی‌یان ده‌وێت، به‌ڵام له ئه‌ده‌بدا ناتوانین هه‌مان زانیاری له‌باره‌یانه‌وه به ده‌ست بهێنین، به‌وه‌ی تێکستی ئه‌ده‌بی زمانی ناڕاسته‌وخۆی هه‌یه و له‌سه‌ر مێتافۆر، ڕێتۆریک و مێتۆنیمی دامه‌زراوه، بگره له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه سنووره‌کانی واقیعی تێپه‌ڕاندووه و قه‌واره‌ی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی پێک هێناوه. باشه، (گۆدۆ)ی (بیکیت) کێیه؟ ئه‌رێ ده‌گات، یان ناگات؟ ئه‌گه‌ر بگات چییه و ئه‌گه‌ر نه‌گات چی ڕوو ده‌دات؟ ئایا به گه‌یشتنی هیچ له‌و ته‌نیایی و بێهووده‌ییه‌ی (ئیتسراگۆن) و (ڤلادێمێر) که‌م ده‌بێته‌وه؟ وا بۆ حه‌فتا ساڵ ده‌چێت ڕه‌خنه‌گران لێی ده‌کۆڵنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێکی ڕوون، بگره بێ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت به ئه‌نجامێکی دیاریکراو بگه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه، ئه‌و گه‌ڕانه‌ی توێژه‌ره‌وانه به‌دوای خودی (گۆدۆ)دا. جۆری ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی هه‌ته پێت ده‌ڵێت چیرۆکه‌که‌ت چ ئاڕاسته‌یه‌ک ده‌گرێته به‌ر. هه‌تا ئه‌و کاره‌کته‌ره قووڵ بێت و خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی گه‌وره بێت، پتر ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕه‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌بێته‌وه و زیاتر لای خوێنه‌ر پرسیاری کاریگه‌ر ده‌ورووژێنێت. ئه‌وانه‌ی له ڕوانگه‌ی سایکۆلۆجیاوه تێکستی ئه‌ده‌بییان خوێندووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن، که به‌شێکی زۆری گوته و هه‌ڵسوکه‌وتی کاره‌کته‌ر پێوه‌ندییان به نه‌سته‌وه هه‌یه. له ئه‌ده‌بدا به‌گشتی و له‌و تێکستانه‌ی به شێوه‌ی شه‌پۆلی هۆش نووسراون به‌تایبه‌تی، وه‌ک چۆن ئاڕاسته‌ی زه‌مه‌ن تێک شکاوه، به هه‌مان شێوه پرینسیپی (هۆ و ئه‌نجام)یش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، بگره قڵپ کراوه‌ته‌وه. (ئه‌لبێر کامیۆ) له سه‌ره‌تای (مرۆڤی یاخی)دا له‌باره‌ی ڕۆمانی (به‌رزاییه‌کانی وێزه‌رینگ)ی (ئیمیلی برۆنتی)یه‌وه ده‌نووسێت: {(هیسکلیف) ئاماده‌یه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی (کاترین)ی خۆشه‌ویستیدا هه‌ر که‌سێکی سه‌ر زه‌مین بکوژێت، بێ ئه‌وه‌ی له خۆی بپرسێت ئاخۆ ئه‌و کوشتنه ڕه‌وایه، یان بیه‌وێت به پاڵپشتی تیۆرییه‌که‌وه پاساوی بۆ بهێنێته‌وه}. که‌واته ئێمه‌ی خوێنه‌ر به‌شێکی گه‌وره‌ی نهێنیی ئه‌و کوشتنه نازانین. (جاک لاکان) مێتافۆر و مێتۆنیمی به بنه‌مای شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونی داده‌نێت، بۆیه پێ له‌سه‌ر بنیادی زمان داده‌گرێت، له کاتێکدا بڕوای وایه چ ئه‌و زمانه‌ی پێی ده‌دوێین و چ ئه‌وه‌ی گوێمان لێ ده‌بێت، پچڕا‌و و ناته‌واوه. به لامه‌وه سه‌یره هه‌ندێک نووسه‌ر لێره و له‌وێ ده‌نووسن فڵان چیرۆک‌نووس، یان فیسار ڕۆماننووس ڕووداوی بێهۆکار دروست ده‌کات. وا بزانم مه‌به‌ستیان شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام توانای ده‌ربڕینیان نییه، بۆیه به‌م شێوه پێکه‌نیناوییه ده‌که‌وێته‌وه. من ده‌ڵێم ئه‌ده‌ب ئه‌و هه‌وڵه سهرنهکهوتووهیه، که نووسه‌ر بۆ تێگه‌یشتن له خۆی، ده‌یدات. به مانایه‌کی دیکه نووسه‌ر نووسین به تاکه ڕێگه ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سته شاراوه‌کانی بۆ خۆی ئاشکرا بکات، به‌ڵام تێیدا سه‌رکه‌وتوو نابێت، چونکه مێتافۆر، ڕێتۆریک و مێتۆنیمی ڕێگه‌ی ناده‌ن، بۆیه بڵاوی ده‌کاته‌وه و ده‌هێڵێت که‌سانی دیکه بیبینن. ئه‌گه‌ر بیزانیایه ئه‌مه ڕێک ئه‌وه‌یه، که ویستوویه‌تی پێی بگات، هه‌رگیز نه‌یده‌هێشت بکه‌وێته به‌رده‌ستی که‌سه نزیکه‌کانیشی. به‌م شێوه‌یه ئه‌و پرۆسێسه درێژه‌ی ده‌بێت. من پێشتر له نامیلکه‌یه‌کدا به وردی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه وه‌ستاوم و نامه‌وێت لێره‌دا گوته‌کانم بڵێمه‌وه. یه‌کێک له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ئاستی واقیع و تێکشکاندنی لۆژیکه‌کانی په‌نای بۆ ده‌بات، ئیکزۆتیکه، که به کوردی ده‌بێته (سه‌مه‌ره) و (تۆدۆرۆڤ)یش ناوی (فانتاستیکا)ی لێ ده‌نێت. به‌م شێوه‌یه به‌کارهێنانی (سه‌مه‌ره) بۆ ڕزگاربوونه له ده‌سته‌ڵاتی واقیع، بگره بۆ گه‌یشتنه به‌و شوێنانه‌ی هێشتا واقیع پێیان نه‌گه‌یشتووه. چ ڕیبهنی ملی (مامۆستا دلاوه‌ر) و چ ملپێچه‌که‌ی (ئومێد)یش ده‌چنه ئه‌و خانه‌یه‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕووی سیمۆتیکاوه سه‌رنجیان لێ بده‌ین، ده‌بینین چۆن دوو پارچه‌په‌ڕۆ کۆمه‌ڵێ مانای جیاواز له‌وه‌ی هه‌ن، په‌یدا ده‌که‌ن و چۆنیش ده‌چنه بواری ده‌سته‌ڵاته‌وه. دهها بۆ ئه‌وه‌ی شته‌کان ببنه جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌وانه‌ی دی، پێویسته له شێوه‌ی نائاساییدا ده‌ربکه‌ون و خاوه‌نی هه‌ندێک نهێنی بن. ئه‌و ڕیبهنه هه‌م نائاسیاییه و هه‌م سه‌یره، به‌وه‌ی به ملی که‌سێکه‌وه‌یه، گه‌وره‌یه و مامۆستایه. خاوه‌نی نهێنییشه، که نازانین بۆ له ملیه‌تی و له کوێی هێناوه. دیسان ده‌پرسین ئایا ڕاسته ئه‌وه ئه‌و ڕیبهنهیه، که پێشتر له ملی سه‌گه‌که‌ی کراوه؟ ئایا سه‌گه‌که‌ی به ڕاستی هه‌بووه؟ هێنده‌مان لا ڕوونه به هۆی ڕیبهنهکهیهوه ڕووبه‌ڕووی دوو جۆر توندوتیژی ده‌بێته‌وه: یه‌که‌میان، توندوتیژیی سیمبۆڵی وه‌ک ئه‌وه‌ی (پیر بۆردیۆ) ناوی لێ ده‌نێت، که زیاتر پێوه‌ندیی به زمان و نیشانه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه چ ئه‌و جنێوانه‌ی به هۆی ئه‌و ڕیبهنهوه پێی ده‌درێن و چ ئه‌و گاڵتانه‌ی پێی ده‌کرێن، ده‌چنه خانه‌ی توندوتیژیی سیمبۆڵییه‌وه. جۆری دووه‌میان، توندوتیژیی فیزیکییه، که له گرتن و لێداندا به‌رجه‌سته ده‌بن، چ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئاسایی و چ له‌لایه‌ن داموده‌ستگه‌ی ڕێژیمه‌وه. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان زیاتر فۆکه‌سی له‌سه‌ر کراوه، چونکه هه‌م سه‌ختتره، به‌وه‌ی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به ده‌روونه‌وه هه‌یه و هه‌م شاراوه‌تریشه، که وه‌ک پێشتر گوترا ئه‌ده‌ب زیاتر به لای نه‌زانراوه‌کاندا ده‌چێت.
سه رنج : ئەم گفتوگۆیه له ژماره 937 و 938 ی ڕۆژانی 25-2-2016 و 3-3-2016 ئه ده ب و هونه ری کوردستانی نوێ‌دا بڵاوبووەته وه ..