له حه‌وشه بچکۆله‌که‌ی پشته‌وه تهنافێکمان هه‌یه، جل و خه‌می پیا هه‌ڵئه‌واسین. له چێشتخانهکهمانا ئێواران برنج و یاده‌وه‌ری لێ ئه‌نێین. له سه‌ر مێزێکی بچکۆله به پیازو ته‌نیایه‌وه ئه‌یخۆین. ده‌کرێ ئه‌م ماڵه له هه‌ر شوێنێک بێت. ئه‌وه ته‌نیا ماڵه‌که‌یه له شوێنێکه نه‌ک ئێمه. ده‌کرێ له جێگایه‌ك بێت، هه‌رده‌م له خوا بپارێیته‌وه خۆر ده‌رکه‌وێ هه‌تا تۆزێ جله‌کان و خه‌مه‌کان وشک بنه‌وه. ئه‌م ماڵه له هه‌رکوێ بێت وه‌کو یه‌که. له هه‌رکوێ بێت قادرمه‌یه‌کی تیایه، له کۆتاییه‌که‌یا ژوره‌که‌ی منه. ژورێ، زه‌مانێ ته‌نیا په‌نجه‌ره‌یه‌کم هه‌بوو به‌ره‌و ئاسمان. ئێوارانیش سێبه‌ری دار کهستهنهکه ئه‌که‌وته سه‌ری. دارکهستهناکهش ماڵی باڵنده‌یه‌کی خه‌مبار بوو، که شه‌وان ئه‌هات و گۆرانی بۆ ته‌نیای ئه‌وت. له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه، قهتارهکانم ئه‌بینی، ژنه ته‌نیا خه‌مباره‌کانیان ئه‌برد بۆ به‌نده‌ره‌که و په‌نابه‌ره ره‌ش پێسته‌کانیان ئه‌هێنا بۆ شار. ژوره‌که‌ی من له ته‌خته‌بوو، هه‌ر هێندێکیش له تابووتێ گه‌وره‌تر بوو. له‌و دیو په‌نجه‌ره‌که‌وه له دووره‌وه‌ش مانگاکان له بێده‌نگیا ئهلهوهران. له‌م دیو په‌نجه‌ره‌که‌شه‌وه، من و مێزێ ته‌خته‌و شوشه‌یه مه‌ره‌که‌ب و کتێبێکی فێربوونی زمان. غه‌ریبستان زمانێکی تری هه‌یه، که من ناتوانم گۆرانی پێ بڵێم.