_1_
غرورێك لە مندایە
قاقای بە هەموو ئەو كەسانە دێت
خەیاڵەكانیان هێندەی قاچی ئەو كورسیانە درێژن لەسەری دادەنیشن
گاڵتە بە هەموو ئەو لەشكرانە ئەكات
لە ڕۆژە خۆشەكانی نیشتیماندا گولـلە بە گوڵەكانەوە دەنێن و
لە كاتی شەڕەكاندا باوەشی ژنەكانیان لێ دەبێت بە سەنگەر!
پێكەنینی بەو قافڵانە دێت
بۆ باری ئومێد ئەگەڕێن و لەگەڵ خۆیاندا پووچی دەهێننەوە.
غرورێك لە مندایە
وەك غروری بازێك لەبەردەم چۆلەكەیەكی بێ‌ پەڕوباڵدا
وەك غروری شاعیرێك، لەبەردەم دونیایەكی كۆندا
وەك غروری وشە، لەبەردەم قسەی بێكەڵكدا.

 

_ 2_
غرورێك لە مندایە
خەوتنی سەر شەقامێكی ئازاد
ناگۆڕێتەوە بە خەوتن لە هەموو ئەو كۆشكانەی، بەنانی هەژاران دیوارەكانیان هەڵچنراوە
بەردی دەستی خۆپیشاندەرێكی پێ گەورەترە
لە هەموو ئەو كتێبانەی مرۆڤ فێری باوێشكدان ئەكەن
قڵیشی دەستی كچێكی خزمەتكاری پێ جوانترە
لە هەموو ئەو ئەستێرانەی ڕەنگی لێوەكانیان تۆخترە
لە ڕەنگی خۆشەویستییەكەی ناو دڵیان
غرورێك لە مندایە
وەك غروری سێبەری باوكێك، لە چاوی منداڵەكەیدا
وەك غروری كەشتییەك، لە تەنیشت بەلەمێك
وەك غروری پیاوێك، كە تەنیاییەكەی خۆی خۆشتر دەوێت لە سۆزی هەموو ژنەكان.

 

_3 _
ئەم دونیایە دڵی منی پێ ناشكێت
دڵی من، سەدەفێكە هەتا نەیشكێنی نازانی چ گەوهەرێكی تێدایە
دڵی من، بە مرۆڤەكان نا، بە تەنیایی ئاوەدان دەبێتەوە
دڵی من، دڵی شاعیرێكە دەزانێت ژیان بەبێ‌ شۆڕش بۆگەن دەبێت
دڵی من، برینێكە ڕووناكتر لەو مانگەی  بەسەر دڵی شەوەوە دەدرەوشێتەوە
ئەم دونیایە دڵی منی پێ ناشكێت
ئەم دونیایە سەرابێكە، لە دڵی مندا ئەبێت بە ئاو*
ئەم دونیایە لەبەردەم غروری مندا، وەك سێبەری ئێوارە خوار ئەبێتەوە
ئەم دونیایە دڵی منی پێ ناشكێت
دڵی من غروری گۆرانییەكە  
تەنها ئەوانە گوێی لێ دەگرن، پێكەنینیان بە لارولەنجەی ئەم ڕۆژگارە دێت
غرورێك لە مندایە
جوانتر لە هەموو ئەو سادەییانەی، گۆزەكەی ژیانیان خاڵیكردەوە لە حورمەت.

                                                         

-تێبینی : * ئەم ڕستەیە پێچەوانەی ئەم ڕستەیەی (مەحوی)یە:
" بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە ، دونیا هەر سەرابێك بوو."