هەڵبژاردە لە شیعری سەڵاح فایەق
و . جەمال غەمبار

من بەختەوەرم ؛
چونکە ڕەوانبێژیی
لە مردووان فێر نەبووم .
لە کن من ، جوانترین شت
پیاسەکردنە لە کەناری دەریاکان!
جارێکیان لەوێ ،
بە ڕێکەوت جوتیارێکم بینی
کە پێش چەند ڕۆژێک
ماڵی شیعرێکی خۆمی جێهێشبوو
بۆ ئەوەی بگەڕێ بە شوێن
دار زەیتوونێک
هەندێ پارەی لە بنیا
حەشار دابوو !
لەبیرمە ، کات دەمی نیوەڕۆ بوو
بارانیش
لە هەموو شوێنێک دەباری .
***
بێزارم لە ژیانی ڕۆژانەم :
خاوێنکردنەوەی پیانۆکە
لە بەیانیاندا .
سەردانی دارهەنجیرێکی هاوڕێم .
ناردنی تاجەگوڵینەیەک
بۆ سەر گڵکۆیەک
یان بۆ زەماوەندێک .
کاتێ سەرقاڵی
ئەم کارانە دەبم ،
خەوێکی لە ناکاو دامدەگرێت .
منداڵ بووم
دایکم پێی گوتم
کە خۆر بۆ من هەڵدێ و
ئیدی نابێت
خۆ تەسلیمی خەمەکان کەم .
هەر خەمێک بۆ خۆی
لە دزێک دەچێ
بێئەوەی بە خۆت بزانیت
گیرفانت دەبڕێ .
دایکم وای گوت !
ئەوێ دەمێ باوەڕم
بە ئامۆژگارییەکانی دایکم
نە دەهێنا و
وامدەزانی بێ هوودەن .
کەچی ئێستا
هەموو ئەو قسانە دێنە دی و
بزر نابن !
ئەم پاشنیوەڕۆیە ،
بەردەوام دەگەڕام
بۆ ئەوەی قاتێ جلی تازە
قەرز کەم و
بۆ ژوانی کچە هاوڕێکەم
لە باڕێکدا ،
لە بەری کەم!

***

هەموو جارێ
کە دەچمە قومارخانەیەک
قومار لەسەر
ئەو مامزانە دەکەم
کە دەخرێنە پێشبڕکێی غاردانەوە !
ئەمجارەیان لە قومارخانەیەک و
لە ڕێکەوتێکی سەیردا
ئەو کابرا دزەم دیتەوە
کاتی خۆی
لە نقوم بوون ڕزگاری کردم
ئەو دەمەی لە زیندان هەڵاتم .
تەنانەت کلیلی ژوورەکەی
خۆیی دامێ
بۆ ئەوەی هەرکات ویستم
خۆم لەوێ بشارمەوە !
ئاخر ئەو دەیناسیم
کە حوکمی لەسێدارەدانم هەیە .

***

ماوەیەکە ،
بە مایکرۆسکۆب
هەموو ئەو شتانە چێک دەکەم
کە سوودیان هەیە بۆم .
ئێستا ، تی.ڤییەکەم کار دەکات و
ئەنجامی پێشبڕکێی
ڕاکردنی دوورودرێژ بڵاو دەکاتەوە .
لە پڕێکدا
ناوی من وەک براوەی یەکەم دەردەکەوێت !
بڵێی وابێت ؟
خۆ من لەوێ نەبووم .
لەوەش سەیرتر ،
دەڵێن ؛
من لەم پێشبڕکێیە
یەکەم بووم !
زۆر سەیرە !!
ئاخر ئەز ناتوانم
چارەکە سەعاتێکیش
بە پێیان بڕۆم !

————————- ------------
سەرچاوە :antology.com

سەڵاح فایەق شاعیرێکی نوێخوازە لە ساڵی 1945 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە . هەر زوو تێکەڵاوی ژیانی سیاسیی بووە و بەو هۆیەشەوە لە ساڵی 1974 ەوە عێراقی جێهێشتووە و چۆتە دیمەشق لە سوریا . پاشان لە دیمەشقەوە چۆتە بەیروت . کەچی هێندەی پێ نەچووە و بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە ، جارێکی تر گەڕاوەتەوە دیمەشق . ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و دواتر چۆتە لەندەن و ماوەی بیست ساڵ لەوێ ژیاوە . دواتریش و لە ساڵی 1994 ەوە دەچێتە وڵاتی فیلیپین . هەتا ئێستا لەوێ دەژی . (لە ویکیپیدیاوە).