ئەگەر سێو رەمزی ژیان و مەعریفە بێ، لەوێوە دەلالەتەكانی ژیان لەخۆ بگرێ كە لەڕێگەی جەستەوە مەعریفە بەدەست دەهێنێ، ئەگەر سێو لە جەستە بكات، لەوێوە كە رەمزی خۆشەویستییە، ئەوە دەشێ بڵێین مرۆڤ لەڕێگەی جەستەوە بوونی خۆی لە جیهان رادەگەیەنێت، لە رێگەی جەستەوە بە مەعریفە دەگات، لە رێگەی جەستەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەویدیكەی درووست دەكاتەوە... كەواتە جەستە هەر تەنها ئامرازێك نییە بۆ ناسین، بەڵكو ئامرازێكە لە رێگەیەوە مەعریفە ناس دەكەین، ئامرازێكە بۆ ئامادەگی لە جیهان و بوون بە بەشێك لە واقیع.. بەمجۆرە ئەوەی (مۆریس میرلۆپۆنتی) و فینۆمینۆلۆژییەكان دەیخەنە روو، هەر تەنها پرسێكی بوونگەرایی نییە، بەڵكو پرسگەلێَكە تەواوی ژیان لەخۆ دەگرێت، هەر لەڕێگەی ژیانیشەوە دەشێ جەستە وەك سێوی مەعریفە ناس بكەین.
لێرەدا قسە لە ئازادكردنی جەستە و ریسوابوونی جەستە بە مانا گشتییەكەی ناكەم، بەڵكو هەوڵدەدەم لەنێوان رەگەزی نێر و مێ، جەستە بخوێنمەوە. ئەو خوێندنەوەیەش راستەوخۆ بەرەهەندە جیاواز و یەكسانەكانی جەستەوە بەندە، بەو مانایەش هەوڵدەدەم سێوی مەعریفە وەك ناسنامەی جیاوازی و یەكسانی بخوێنمەوە. ئاشكرایە نێرایەتی و مێیایەتی دوو رووی جەوهەری بوونی مرۆیی لەخۆ دەگرن، هەر یەكەیان تایبەتمەندی و خەسڵەت و رۆڵی خۆی هەیە، بە هەردووكیشیان تەواوی لایەنەكانی ژیاری مرۆڤایەتی پێكدەهێنن.
پێناسەی فێمینیزم
كۆیلایەتی، ملكەچكردن، پەسەندكردن، جنێو، راهاتن لەگەڵ گریان و درۆزنی، نەبوونی بانگەشە، خۆپێشكێشكردن و... هتد، تەواوی ئەو رەفتار و راوەستانەی ئەخلاقی ئازادی پەسەندیان ناكات، بە پیشەی ئافرەت دەناسرێتەوە. لەو لایەنەوە ژن زەمینەیەكی كۆمەڵایەتی رووخێنراوە، زەمینەی راستەقینەی كۆیلایەتییە، كۆنترین زەمینەی دەزگاییە كە تەواوی كۆیلایەتی و رەفتارە بێ ئەخلاقییەكان لەسەر ئەو دەست بەكار دەبن.. لەو سۆنگەوە بە درێژایی مێژوو هیچ كۆیلایەتییەك هێندەی كۆیلایەتی ژن هەرس نەكراوە و رەوایەتی پێنەدراوە و درێژ نەبۆتەوە. هەڵبەتە ئافرەت وەك كۆیلە و ئافرەت وەك بوونەوەرێكی روخێنراو، یان بەمانایەكی دیكە پێكهاتەی ژن لە كۆمەڵگادا دوو جۆر كاریگەری وێرانكەرانەی هەیە، یەكەمیان: كرانەوەی كۆمەڵگەیە بەڕووی كۆیلایەتیدا. دووەمیان: بەڕێوەبردنی تەواوی كۆیلەكان، یان كۆیلایەتییەكانە لەسەر بنەمای بە ژن كردنیان.i لەو خاڵەوەیە (هیتلەر) كۆمەڵگە وەكو ژن دەبینێ كە ئەسپی (دەوڵەت-نەتەوە) لێی سوار دەبێت.
بەكورتی هەر لە ئەفلاتوون و ئەرستۆوە تا هۆبز و رۆسۆ، جیاوازی دەخەنە نێوان ژنان و پیاوانەوە.. بیركردنەوەی فیودالی نێریینە بە نوێنەریكردنی دەسەڵاتی سیاسی دادەنێ، بیركردنەوەی كۆماریخوازی ئافرەت لە مافی دەنگدان بێبەش دەكات، بیركردنەوەی دیموكراسی لە مافی هاوڵاتیبوونیان دەكات.. كەواتە وەك دیارە مێژووی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەڵگری بنەمایەكی دیار و شاراوەی نێر سالارییە، ئەوەش بە پشت بەستن بە (ویل دورانت) كە دەڵێ: سوود وەرگرتن لە وشەی "پیاوان" بۆ دیاریكردنی تەواوی جۆری بەشەر بریتییە لە دەمارگرژی سەردەمی باوكسالاری.ii بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ زاراوەی پیاوسالاری وەك كێشەیەكی خێزانی چاو لێبكەین، ئەگەر یاسا و سیاسەتە گشتییەكان بەشێوەیەكی یەكسان لەگەڵ ژنان و پیاوان وەك یەك مامەڵە بكەن، ئەگەر مافە مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بۆ نێر و مێ وەك یەك بكەوێتەوە، ئەوە دەتوانین بەسەر پیاوسالاریدا زاڵ بین.
لێرە لەو بە پەراوێزكردنانەدا، ژنگەراریی سەریهەڵدا. كەواتە ژنگەرایی یان فێمینیزم (Feminism) دەشێ هەموو ئەو كۆششە تیۆری و پراكتیكییە بگرێتەوە، كە ئامانجی خۆی لەچاوپێداخشانەوە و وەڵامدانەوە، یان رەخنەگرتن و چاككاری بنەما كۆمەڵایەتییەكانی سیستمی باودا هەڵدەگرێتەوە، ئەو سیستمەی كە پیاو بە سێنتەر دادەنێ و ئافرەت بە رەگەزی دووەم یان ئەویدیكەی نزمتر لە پیاو لە قەڵەم دەدات. یان بە مانایەكی دیكە ئافرەتگەراریی كۆمەڵە تیۆرێكی كۆمەڵایەتی جۆراوجۆری بزاڤی سیاسی و فەلسەفی و ئەخلاقی دەگرێتەوە كە پەیوەستن بە مەسەلەی ئافرەتانەوە، دوا ئامانجیان بنبڕكردنی فۆرمەكانی دەسبەسەراگرتنی رەگەزی مێینەیە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پیاوان بە ئازادی بەشداری لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی ژیاندا بكەن.iii
بزاڤی ئافرەتان لە فیكری خۆرئاوادا لە سەدەی نۆزدەوە لەرێگەی زاراوەی فێمینیزمەوە فۆڕمەلە كراوە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1895 ئەو زاراوەیە تەعبیری لە شەپۆلێك دەكرد كە كۆمەڵێك رێبازی لەخۆ دەگرت و چەندین لقی لێجیا دەبۆوە. نیازی سەرەكی ئەو بزاڤە بەدەستهێنانی مافگەلێك بوو، كە پیاوان بە خۆیان رەوا دەبینی، بەڵام ئافرەتانیان لێیبێبەش كردبوو، ئەو بزاڤە بۆ وەدەستهێنانی ئەو مافانە جەختیان لەسەر یەكسانی نێوان ژنان و پیاوان دەكردەوە. بەڵام شەپۆلی دووەمی ئەو بزاڤە فێمینیزمییە لە شەستەكان و بە تایبەت لە ئەمریكا بەدەركەوت و بە پرنسیبە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانەوە بەند بوو. ئەو بزاڤە ئەمریكییە كە بە (فێمینیزمی نوێ) ناونرابوو، لە رووی فیكرییەوە پێگەییوو بوو، هەوڵی دەدا لەرووی تیۆرییەوە قووڵتر و بەرفرەوانتر خۆی بنوێنێ و هەر تەنها لە داوای یەكسانی نێوان پیاوان و ژناندا خۆی قەتیس نەكات، بەڵكو كەشفكردنی دووبارەی ژنبوونی لەرێگەی ژنەوە بە هەند هەڵدەگرت و دواتر ناسنامەی ژنایەتی، واتە فێمینیزمی لەڕێگەی تیۆرەوە فۆمەلە كرد و توانی بەهۆی گەشەی مەعریفییەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەدەستبهێنێ و كۆمەڵێك توێژینەوەی ئەكادیمی بەرز لەو بارەوە بخاتە روو. لە پشت ئەو شەپۆلە گەورەترین دایكی فەلسەفەی ژنایەتی هاوچەرخ بە كتێبی (رەگەزی دووەم 1945) هاتە قسە، ئەو نووسەرەش (سیمون دوبۆڤوار) بوو، كە گووتی "مرۆڤ وەك ژن لەدایك نابێت، بەڵكو بۆ ژن دەگۆڕێت. بێگومان فێمینیزم لەوێوە لە فەلسەفەی بوونگەرایی جیا دەبێتەوە كە هەر تەنها بایەخ بە شارەزایی زیندووی هاوژیانی خودی فەرد نادات، بەڵكو بایەخ بە تیۆرگەلی گەورە دەدات، كە رۆژ دوای رۆژ لە بەرفرەوان بوون و قووڵبوونی لقە مەعریفییەكانیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەوەی كە شەپۆلی فێمینیزمی نوێ جیا دەكاتەوە ئیشكردنە لەسەر پارادیمی عەقڵانیەتی نێرسالاری مرۆڤ، وەك سێنتەری ژیاری خۆرئاوایی، كە دەشێ ماوەی كۆڵۆنیاڵی وەك نموونەیەكی هاوچەرخ و گشتگیری ئەو عەقڵانییەتە نێرسالارییە تەماشا بكەین. هەڵبەتە ئەو شەپۆلە لەگەڵ شەپۆلی یەكەم جیاواز و هاودژ دەكەونەوە لە جەختكردنیان لەسەر جیاوازی ژن و پیاو و كار. هەر لەوێشەوە وەك كەشفكەر و گەڵاڵەكەری ژنایەتی خۆی نیشان دەدات.
لێرەدا من نەمویستووە قسە لە پرسی فێمنیزم چییە بكەم، چونكە لە كتێبی (فێمینیزم) كە (جیەن فریدمەن) نووسیوویەتی و (فەرشید شەریفی) لە فارسییەوە كردوویە بە كوردی، زۆر بە جوانی ئەو باسە خراوەتە روو، لەوێ دەردەكەوێ كە فێمینیزم بە تەنها چەمكێك نییە، بەڵكو لە كۆمەڵێك بیروڕا و كردەی جۆراوجۆر و فرە رەهەند پێكهاتووە، هەر چەندە هەوڵی زۆر دراوە وەڵامی پرسی فێمینیزم چییە لەڕێگەی كۆمەڵێك دید و بۆچوون بدرێتەوە، كە تەواوی دیدە فیمینیستەكان لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەو كارە بۆتە كارێكی ئەستەم، چونكە فێمینیزم زۆر جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت، سەرەڕای جیاوازییان هەندێكجاریش بە تەواوی دژ بەیەك دەكەونەوە. بۆیە ناتوانین بڵێین فێمینیزم چییە، بەڵام دەتوانین جەخت لەوە بكەین كە هۆی سەرهەڵدانی بزاڤی فێمینیزم بۆ بارودۆخی نالەباری ئافرەتان لە كۆمەڵگەكان دەگەڕێتەوە.iv
كەواتە دەشێ فێمینیزم بەپێی رێبازە تیۆرییە جۆراوجۆرەكان پۆلینبەندی بكەین، یەكێك لە گرنگترین ئەو پۆلینبەندییانە فێمینیزمی لیبرالی و ماركسی و رادیكاڵییە، بەڵام جگە لەو پۆلینبەندییە توێژینەوە تازەكان فێمینیزمی دەروونشیكاری، پۆستمۆدێرن، پۆستبونیادگەری، رەش، هەندێ شتی دیكەشیان پێوە زیاد كردووە.v
جیاوازی لەنێوان ستایش و نكۆڵیكردندا
لەساڵی (1946) واتە بەر لە راگەیاندنی پەیماننامە نێو دەوڵەتی مافی مرۆڤ بە دوو ساڵ لێژنەی ناوەندی بۆ بەرگریكردن لە ئافرەتان دامەزرا و دواتر چەندین دەستە و لێژنە و كۆمەڵە و ناوەندی دیكە لە سەرانسەری جیهان بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان هاتە ئاراوە. لە ساڵی (1952) كۆمەڵەی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكان لە هاوڕاییەكدا بڕیارییان لەسەر مافی سیاسی ئافرەتان دا، لە ساڵی (1967) بانگەشەی لەناوبردنی هەموو جۆرە جیاكارییەك بڵاوبۆوە، لە ساڵی (1993) راگرتنی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان بڕیاری لەسەر درا، ساڵی (1995) لە كۆنگرەی لوتكەی زەوی كە تایبەت بوو بە ئافرەتان لە (پەكین) وشەی جێندەر لە بەیانی كۆتایی كۆنگرەدا (254) جار بەكارهێنرا، وەك چۆن هەر لەو كۆنگرەیەدا قسەیان لەسەر رەتكردنەوەی وشەی هاوسەرگیری كرد و لە جێگەی ئەو وشەی (كەپڵ) بە مانای دووانیی، یان پێكەوەژیان بەرز كردەوە... ئەگەرچی مەبەستم نییە تەواوی ئەو كۆنگرە و بڕیارانە بخەمە روو، كە لە پێناو مافەكانی ژنان خراوەتە روو، بەڵام دەمەوێ بڵێم ئەگەرچی كێشەی ئافرەتان هەنگاوێكی باشی لە بەرەوپێشچوونی جیاكارینەكردن و یەكسانی و مافی سیاسی و مافی هاوڵاتیبوون و بارودۆخی ئابوری و راگرتنی تووندوتیژی ناوە، كەچی هێشتا كۆمەڵێك ئیشكالییەتی جۆراوجۆری دیكە ماوە و نەیتوانییوە چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە! وەك دەزانین بزوتنەوە فێمینیزمەكان وەك یەك تەماشای ئەو كێشانە ناكەن و لە كۆمەڵێك پرنسیب و درووشم و بنەما.. نەك هەر جیاوازن بەڵكو دژ بەیەك دەكەونەوە. ئەوەی لە كۆی ئەو كێشانەوە دەمەوێ قسەی لێبكەم مافی ئازادی سێكسی و سێكسكردن لەگەڵ مەحرەمەكان نییە، وەك چۆن هەوڵیش نادەم لەمیانی سڕینەوەی جیاكارییەكانی دژ بە ژنان قسە لە هۆمۆسیكواڵەكانvi بكەم؟! هەروەها پێموایە تاكگەرایی ئافرەتان (واتە تەماشاكردنی ئافرەت وەك تاك لە دەرەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، دایك، خوشك، ژن، كچ..) یەكێكە لە مافەكان، بەڵام دەشێ كۆمەڵێك ئیشكالی سۆزگەرایی لەخۆدا كۆبكاتەوە!
بەكورتی ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی بۆ بكەم باسێكی یەكجار ئاڵۆز و دژوارە، ئەویش دوالیزمی یەكسانی و جیاوازییە! هەندێ لە فێمینیزمەكان لەوێوە بەرگری لە یەكسانی نێوان پیاوان و ژنان دەكەن، كە جیاوازی وەك هۆیەك بۆ تەماشاكردنی ژنان بە پلە دوو دەدەنە قەڵەم! بەڵام هەندێكی دیكە لەوێوە بەرگری لە جیاوازی دەكەن، كە دەكەوێتە نێو تایبەتمەندییەكانەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانن بیپارێزن! بەڵام لەبەر ئەوەی ماناكانی یەكسانی و جیاوازی قسەوباسی زۆر دەوڕوژێنێ، بۆیە رێگەی سێیەم، وەك هاوگونجانێ خۆی راست دەكاتەوە، بە مانایەكی دیكە هەندێ لە فێمینیزمەكان لەو باوەڕەدان كە دابەشكردن بەسەر یەكسانی و جیاوازی، دابەشكردنێكە سەبارەت بە بارودۆخی ئافرەتان هەر وەك خۆی ماوەتەوە، لێرەدا قسە ئەوەیە كەچی بكەن تاكو ئەو جیاوازییە نەبێتە هۆیەك بۆ سەیركردنی ژنان لە پلەیەكی نزمتر؟
كەواتە یەكێك لەو نكۆڵیكردنانەی كە ژنان رووبەڕووی جیاوازی دەكەنەوە، ئەوەیە كە پیاوان پێیانوایە كە ئافرەت بەهۆی دۆخی فیسیۆلۆژی و رۆڵی كۆمەڵایەتییەوە بە پلە دوو سەیر دەكرێ، واتە هەر تەنها دەتوانێ كاروباری نێو ماڵ بەڕێوە ببات. (شێری ئۆرتینێز Sherry Ortenes) لەو بارەوە دەڵێ: "پلە دووەهەم بوونی ژنان لە كۆمەڵگەدا رێسایەكی گشتی جیهانییە، واقیعێكە پەیوەندی بە كەلتورەكانەوە هەیە" بەڵام ئایا پێویستە ئافرەتان نكۆڵی لە جیاوازی رەگەزی بكەن، بۆ ئەوەی لە پیاوان بچن؟ (هیستێر ئیزنستاین hester Eiesentein) لە پێشەكی كتێبەكەی (ئایندەی جیاواز، 1987) دەڵێ: "كەلتوری خۆرئاوایی ئەوەی سەلماندووە، كە ناتوانێت بیر لە "نایەكسانی" بكاتەوە، مەگەر ئەوەی بەهایەكە پۆزەتیف بە لایەنێك ببەخشێ و بەهای نێگەتیفیش بە لایەنێكی دیكە"vii
بەمجۆرە لەنێوان ئەوانەی كە لەژێر گوشاری بایۆلۆژی و مەیلی سێكسی ستایشی جیاوازی دەكەن و ئەوانەی لە رێگەی بە هەند هەڵنەگرتنی بایۆلۆژی و پێداگرتن لەسەر رێسا كەلتورییەكان نكۆڵی لە جیاوازی دەكەن، گروپی سێیەم لەو بڕوایەدایە كە ئافرەت بەڕاستی جیاوازە، ئەو جیاوازییە وای كردووە لە پیاوان باشتر بن، بۆ نموونە ئافرەت وەك بەخێوكەر رێكوپێكتر لە پیاوان كارەكانیان بەڕێوە بەرن، بەڵام پێویستیان بە شوناسێك هەیە، كە لەڕێگەی رەگەزەوە دەستنیشان نەكرێ! ئیتر لێرەوە دوالیزمی یەكسانی و جیاوازی لەمیانی چەمكی (جێندەر Gander)viii روونتر خۆی دەنوێنێ، بەو مانایە مێینە، یان مێیایەتی سەر بە گروپێكی بایۆلۆژییە و ئافرەت سەر بەو گروپەیە، بەڵام رەفتار و رۆڵی ئافرەتان پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتییە. بە مانایەكی دیكە رەگەز وشەیەكە ئاماژە بە جیاوازییە بایۆلۆژییەكانی نێوان ژنان و پیاوان دەكات، جیاوازی ئاشكرا لە ئەندامە سێكسییەكان، لە منداڵبوون و زاوزێكردن، بەڵام "تەندروستی جیهانی" پێناسەی "جێندەر"ی بەوەكردووە كە زاراوەیەكە بەكاردەهێنرێ بۆ وەسفی ئەو تایبەتمەندییانەی كە پیاوان و ئافرەتان هەیانە، پەیوەندی بەجیاوازی ئەندامەكانیانەوە نییە. "ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی" پێناسەی جێندەری لەبواری پەیوەندی و جیاوازییەكانی ژن و پیاودا لەبواری كار وەسف كردووە، بەوپێیەی لەنێوان كۆمەڵگاكاندا ئەم مەسەلە بەپێی ئاستی ڕۆشنبیری جیاوازی زۆری تێدایە و لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر كارو پەیوەندی ژن و پیاو جیاوازی زۆری تێدایە، بەڵام لە یەكسانی جێندەردا ئەم جیاوازیانە بەم جۆرەی لێدێت: یەكسانی جێندەر پشت نابەستێ بە ڕەگەزو بەرپرسیارێتی و ماف لەنێوان نێرو مێدا بەپێی ئەوەی یەكێكیان نێرە و ئەویتر مێ، بەڵكو یەكسانی لەدابەشكردنی بەرهەمی ئابورییدا دەكەوێتەوە سەر دابەشكردنی یەكسانی فرسەتی كار و تواناو كاریگەریی كۆمەڵایەتی نەك نێریی و مێیی.ix
سەرچاوەو پەراوێزەكان:
i- مانیفستۆی شارستانێتی دیموكراتی، 1، عەبدوڵڵا ئۆج ئالان، و، لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی یەكەم،2009، ل206.
ii- ژن، پیاو، ئاكاری سێكسی لە لانكەی شارستانیەتەكاندا، ویل دورانت، وەرگێرانی لە فارسییەوە: دلشاد خۆشناو، لە زنجیرە بڵاوكردنەوەكانی یەكێتی ژنانی كوردستان، 2009، ل141.
iii- زۆربەی زۆری ژنگەراكان پێیانوایە فێمینیزمگەرایی بزاڤێكی شەعبیە ئامانجی لابردنی ئەو تەگەرانەیە كە لەسەر بنەمای پشتاوپشتگەری و پلەوپایەی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و ئایینی جێگیر كراون. ئەو بابەتانەی كە فێمینیزم لە كۆمەڵگەی پەتریاكیدا بە ناوەڕۆكی خۆی دەزانێ بەشتبوون و بەشتبوونی سێكسییە (واتە كردنی ژن بە كاڵای سێكسی) و چەوسانەوە... بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: ویكیبیدیا، الموسوعە الحرە، انثویە، مارس 2010.
iv- فیمینیزم، جیەن فریدمەن، وەرگێڕانی، فەرشید شەریفی، وەزارەتی رۆشنبیریی، بەرێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، چاپخانەی كارۆ، ل7، 15-16.
v- ئایدیۆلۆژیاو بزاڤە فێمینیزمەكان چەندان جۆرن: فێمینیزمی رادیكاڵی، لیبراڵی، باشوری، ژینگەیی، ئەفسانەیی، تووندگەرا، یەهودی، مەسیحی، ئیسلامی.. لە تیۆریسنەكانیشیان بۆ نموونە: جون ستیوارت مل، سیمون دی بوفوار، جیرمین غریر، قاسم امین.. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: ویكیبیدیا، الموسوعە الحرە، انثویە، مارس 2010.
vi- مەسەلەی هۆمۆسێكسواڵەكان لە ژێر ناوی (اتفاقیە القضاء علی كافە اشكال التمییز ضد النساء) جێگای بۆ كراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە (نیكۆلاس تۆنون)ی ئوسترالی هۆمۆسێكسواڵ رەخنەی لە پەیماننامەی نێو دەوڵەتی مافی مرۆڤ گرت، كە هیچ پاراستنێكی مافی ئەوانی تێدا نییە و داوای جێكردنەوەی مافی هۆمۆسێكسواڵەكانی لە نێو مافی مرۆڤ كرد.
vii- بۆ زێتر شارەزایی و بەدواداچوون بڕوانە: فیمینیزم، جیەن فریدمەن، وەرگێڕانی، فەرشید شەریفی. ه.س.پ. ل24،36.
viii- جێندەر Gander لە رۆشنبیریی ئینگلیزی هاتۆتە بەرهەم، ئەو وشەیە ئەسڵی لاتینییە، لە زمانی عەرەبی وشەی (الجنوسە)ی بۆ بەكار دەهێنن. رێكخراوی "تەندرووستی جیهان" پێناسەی جێندەر بەوە كراوە كە زاراوەیەكە بۆ وەسفكردنی تایبەتمەندییەكانی پیاوان ئافرەتان بەكار دێت، پەیوەندی بە جیاوازی ئەندامەكانیانەوە نییە، لەلایەكی ترەوە مەوسوعەی بەریتانی لەماددەی جێندەردا پێناسەی وشەكەی كردووە بەوەی هەستی مرۆڤ بەوەی نێرە یان مێ ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەندامی نێرینەی هەیە یان مێیینە بەڵكو ناسنامەی جێندەریی لەكاتی لەدایك بوونەوە دیاری ناكرێ بە نێرینە و مێینە بەڵكو لایەنی نەفسی و كۆمەڵایەتی دەبنە پێكهێنەری ناسنامەی جێندەری ئەو كەسە كاتێك لەمنداڵیەوە گەشە دەكات. بەپێی ئەو پێناسەی مەوسوعەی بەریتانی: نێرنەیی و مێینەیی پەیوەندی بەلایەنی ئەندامیی نێرنەو مێنەوە نییە بەڵكو مەسەلەیەكی كۆمەڵایەتییە، ناسنامەی ئەندامیی بۆ تاك هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی كە هەست بكات نێرە یان می، بەڵام ئەم ناسنامە ئەندامییە لەگەڵ سروشتی لایەنی نەفسی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی هاوتەرب نییە. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە ئەو سەرچاوەیەی خوارەوە:
ix- لێكۆڵینەوەیەكی خێرا لەسەر "جێندەر" ئامادەكردنی: سۆران عومەر، بڕوانە سایتی ماڵێك لە ئاسمان.
"لەدیدی من ئافرەت تێكەڵەیەكە لە شێوە و رەنگ" (بیكاسۆ)