به م. ئیسماعیل ئه‌حمه‌د چۆمانی پێشکه‌شه
خوێندنه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌ئامێز و شیکارکه‌ر له‌باره‌ی شیعره‌کانی (جه‌مال غه‌مبار)ەوە قورسایی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیی هه‌یه، چونکه پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و دنیابینییه هه‌یه، که شاعیرێک له رێگه‌ی تێڕامان و خه‌یاڵ و ئازاره‌کانییه‌وه دروستی کردووه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌شه قسه‌کردن له‌باره‌ی هه‌ر ده‌قێک به دیوه رهخنهییهکهیهوه پێویستی به تێگه‌یشتن هه‌یه له شوێنکاتی ئه‌و تێکسته (بیرمان نه‌چێت هیچ ده‌قێک نییه بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شوێنکاته‌وه). له‌نێو ژانری شیعریی ئه‌ده‌بیی کوردی‌دا، (جه‌مال غه‌مبار) یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی، که شیعره‌کانی هه‌ڵگری په‌یام و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆیانن، بێگومان کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیی عه‌ره‌بی و شیعره‌کانی (نالی) و (مه‌حوی) بە سەر شیعره‌کانیه‌وه ده‌بیندرێت، بەڵام ئه‌وه هیچ له‌وه که‌م ناکاته‌وه، که له ڕێگه‌ی ئه‌و کاریگه‌رییانه‌وه (غه‌مبار) توانیویه‌تی خودی خۆی بێت له شیعردا، چونکه ئه‌و کاریگهریانهیه وایان کردوه جۆرێک پێوه‌ندی له‌نێوان دنیای تایبه‌تی (جه‌مال) و شاعیرانی دیکه دروست بێت، هه‌ر وه‌کو (رۆلان بارت) پێی وایه هه‌ر ده‌قێک تاواکردنی ده‌قه‌کانی پێش خۆیه‌تی. ته‌نها شاعیره‌کان نا، به‌ڵکو کاریگه‌ری چه‌ند تێکستێکی فه‌لسه‌فه‌یی له‌سه‌ر شیعره‌کانیدا دیاره، ئه‌وه‌تا له شیعری (نامبینین چۆم پاییز ئه‌بمه‌وه، نام بیستیت چه‌ند له گۆرانییه بێ ره‌نگه‌کانی ئاو ئه‌چم) له وێنه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"ئیتر ئه‌وه‌نده سیزیف نه‌بێت، ئیتر خۆی بێت/ به‌ده‌م ئه‌و وه‌جده‌وه، حه‌ز ئه‌کات/ ئه‌م به‌ردی له‌سه‌ر شان داگرن،/ ئه‌م به‌ردی ژیانه ئه‌وی کوشت"
ئه‌م وێنه شیعرییه له‌ژێر کاریگه‌ریی (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)ی (ئه‌لبێرت کامۆ)دا دروست بووه، ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه‌یه، که له‌نێوان رۆحی مرۆڤه‌کان به هه‌موو ره‌هه‌نده ئیستاتیکی و ئازاره‌کانه‌وه هه‌یه. هه‌موو ئه‌مانه وایان کردووه (جه‌مال غه‌مبار) بتوانێت له سوچێکی نووسیندا خه‌یاڵه‌کانی له‌ناو زماندا به‌رجه‌سته بکات. زمانی شیعریی (غه‌مبار) له ئاستێکی زۆر به‌رزی خه‌یاڵ دایه، واته به هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی شاعیر له خه‌یاڵدا، توانای زمانیش به‌رفراوانتر بووه له گوزارشتکردن له خود. یه‌کێک له لایه‌نه ئیستاتیکییه نهوازهکانی دنیابینیی (غه‌مبار) ئه‌وه‌یه، که شیعره‌کانی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌ستی خوێنه‌ردا کارلێک ده‌که‌ن، به بڕوای من ئه‌وه به هۆی ئه‌و وێنه شیعرییانهوەیه، که شاعیر دێر له‌دوای دێر له رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه به‌رجه‌سته‌ی زمانیان ده‌کات. شیعره‌کانی (جه‌مال غه‌مبار) هه‌وڵدانێکه بۆ رزگاربوون له کۆتوبه‌ندی شوێنکات، بۆ ئه‌وه‌ی (خود - Self) خۆی بێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش زاده‌ی بوون Beingی خودن له شوێنکاتدا.
له چه‌ند شیعرێکی (جه‌مال غه‌مبار) ئێمه ڕووبه‌ڕووی وشه‌ی (ئاو) ده‌بینه‌وه. ئه‌گه‌ر بێت و خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و مانایانه بکه‌ین، که له پشت به‌کارهێنانی (ئاو)ه‌وه خۆیان حه‌شارداوه، ئه‌وا ده‌توانین به‌شێک له تێگه‌یشتنی خۆمان بۆ شیعره‌کانی غه‌مبار گوزارشت بکه‌ین. (ئاو) پانتاییه‌کی قووڵی له شیعره‌کانی (غه‌مبار)دا داگیرکردووه، (ئاو) لای شاعیر بووەته جێگه‌ی زیاد له چه‌ند تێروانینێک. یه‌که‌م دیوانه شیعری (پاڕانه‌وه له ئاو) ده‌مانخاته به‌رده‌م وێناکردنێکی خه‌یاڵیانه بۆ (ئاو). یه‌کێک له‌و مانا شاراوانه‌ی (ئاو)، کە له شیعره‌کانی (غه‌مبار) هه‌ستی پێ ده‌کرێت ئه‌وه‌یه (ئاو) هه‌میشه شوێنێکی قووڵی له فه‌نتازیای تاکی کوردا داگیر کردووە. په‌ڕینه‌وه له ئاو لای تاکی کورد رۆیشتنه بۆ سه‌رزه‌مینێکی دیکه، که ئه‌ویش تاراوگه‌یه، له رێگه‌ی ئاوه‌وه تاکی کورد پێوه‌ندی به نیشتیمانی خۆیه‌وه نامێنێت، هه‌ر وه‌ک ده‌بینین به‌شی هه‌ره زۆری کۆچی په‌نابه‌رانی کورد بۆ ده‌ره‌وه له رێگا ئاوییه‌کانه‌وه بووه.
له‌م لیکۆڵینهوهیەدا من سێ میتۆد به کار ده‌هێنم بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری (جه‌مال غه‌مبار)، چونکه هه‌ست ده‌که‌م به‌کارهێنانی ئه‌م سێ میتۆده واده‌کات له سێ روانگه‌ی جیاوازه‌وه شیکردنه‌وه بۆ تێکست بکه‌ین:
گه‌ڕان به‌دوای جوانیدا، ئه‌زموونی ئیستاتیکای شیعری (غه‌مبار):
گه‌ڕان به‌داوی جوانییدا هێڵێکه لەناو زۆربه‌ی شیعره‌کانیدا ده‌بیندرێت. خوێندنه‌وه‌ی (جه‌مال غه‌مبار) بۆ جوانیی شێوه‌یه‌کی ئیستاتیکی و خهمههژێنه. (غه‌مبار) جوانیی ئه‌ودیو شته ونبووه‌کان ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه (غه‌مبار) جوانیی له شته‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌دۆزێته‌وه نه‌وه‌ک جوانیی وه‌ک چه‌مکه گشتییه‌که‌ی به کار بهێنێت. خاڵێکی دیکه که جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه (جه‌مال غه‌مبار) روانینێکی تری هه‌یه بۆ جوانی، واته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به بێ بایه‌خ له ژیانی ئاسایی‌دا سه‌یر ده‌کرێن، یان بڵێین له بوونی رۆژانه‌دا، له شیعره‌کانی (غه‌مبار) فۆرمێکی جیاواز له‌ناو جوانیدا وه‌رده‌گرن. ئه‌مه رێک له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی (سوکرات) هاوتایه، که پێی وایه جوانی ئه‌وه نییه، که به جوانی سه‌یر ده‌کرێت. ئه‌وه‌تا له شیعری (با دڵنیا بێت ئاو) جوانی له قووتووی به‌تاڵی رێگاکاندا ده‌دۆزێته‌وه و ده‌ڵێت:
"پڕم له قوتووی به‌تاڵی ڕێگاکان.. پرم له نیگه‌رانی/ که‌ی منداڵێکی موحتاج کۆمئهکاتهوه و / ئه‌مباته‌وه بۆ شار !" / ڕهشابایهکی ئۆپۆزسیۆن وای له‌سه‌ر دیواره / غه‌مناکه‌کانی گه‌رمیان نووسیبوو. .. "
له‌م کۆپله شیعره‌دا جوانی وه‌ک ره‌هه‌ندێکی قووڵی مرۆڤی به‌رجه‌سته بووه، کاتێک منداڵێک موحتاج ده‌بێت، ئه‌وا ده‌ست ده‌کات به کۆکردنه‌وه‌ی قووتووی به‌تاڵی رێگاکان. له‌م وێنه‌یه‌دا کاره‌کته‌ری ئازاره‌کان (ڕه‌شه‌با)یه، هه‌ر له رێگه‌ی ئه‌و زمانه‌وه هه‌ست به دیوار به‌خشراوه، که غه‌مگینه، واته شاعیر گیان به شته بێگیانه‌کان دەبەخشێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عبیر له ئازاری خۆیان بکه‌ن. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ستی مرۆڤی سه‌ره‌تایی تێده‌گه‌ین، که لای مرۆڤی سه‌ره‌تایی شته‌کانی ده‌وروبه‌ر وه‌کو مرۆڤ گیانیان هه‌یه، ئه‌وان پێیان وابوو به‌رد گیانی هه‌یه و گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌بوو، که به‌رد تلۆر ده‌بێته‌وه، بیروڕایه‌کی تریشیان ئه‌وه بوو، که شته‌کانی ده‌وروبه‌ر له ناوخۆیاندا هه‌ست به بوونی خۆیان ده‌که‌ن. له ئێستادا ئه‌م بیروباوه‌ڕه وه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌خوێندرێته‌وه، بەڵام شیعر چونکه ته‌عبیرکردنێکی راسته‌وخۆیه له ناخی مرۆڤ بۆیه گیانبه‌خشین به به‌رد و ره‌شه‌با له‌م شیعره‌دا ڕێگایه‌کی دیکه‌یه بۆ گوزارشتکردن له ناخی مرۆڤ، هه‌ر بۆیه ئه‌م وێنه شیعرییه گوزارشت له موحتاجبوونی منداڵ له رێگه‌ی زمانی (رهشابا)ه‌وه ده‌کات. جگه له‌وه‌ی (دیوار) که له‌م کۆپله‌یه‌دا هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی فیکرییه، چونکه دیوار لێره‌دا گوزراشته له‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له‌نێوان شته‌کاندا بوونیان هه‌یه، مانایه‌ک خۆی له پشت ئه‌م وێنه‌یه‌دا حه‌شارداوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه دیوار غه‌مگینه، که دیواره.
لایه‌نێکی دیکه‌ی ئیستاتیکی شیعره‌کانی (جه‌مال غه‌مبار) وێنه به‌خشینه به سرووشت، هه‌ر وه‌ک له شیعری (ئه‌م ئێواره‌یه بارانێک کۆچ ئه‌کا، ئه‌مشه‌و شیعرێک ناگه‌ڕێته‌وه ماڵێ !) که بۆ کۆچی دوایی (سه‌لاح محه‌مه‌د)ی شاعیر نووسیویه‌تی، له وێنه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"ئه‌و که ئه‌گریا، وه‌ک مانگ ئه‌گریا/ که مه‌ست ئه‌بوو وه‌ک په‌پووله مه‌ست ئه‌بوو،/ مهستانهش ئه‌یوت: / دڵم بریندار مه‌که‌ن، چونکه له بری خوێن / هه‌ر خۆتانی لێ ئه‌تکێن !"
له‌م کۆپلهیەدا جوانی له گریانی مانگدا دۆزراوه‌ته‌وه، شاعیر گریانی مانگی کردووەته وێنه‌یه‌کی شیعری، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له رێگه‌ی گریانی مانگ و مه‌ستبوونی پهپوولهوە گوزارشت له تێڕوانین و رۆحی شاعیرێک ده‌کات. هه‌ر له‌م کۆپله‌یه‌دا شاعیر هه‌ستی (سه‌لاح محه‌مه‌د) پڕ له سۆزێ خۆشه‌ویستیی مرۆڤه‌کانی دیکه دەکات.
لایه‌نێکی دیکه‌ی ئیستاتیکی شیعره‌کانی (جه‌مال غه‌مبار) وێناکردنی جوانییه له بیره‌وه‌ره‌یه‌کانیدا. شاعیر به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ منداڵی جوانی ده‌خاته پاڵ کۆڵان و نیشتیمان و ئازاره‌کانی رابردووی. ئه‌م شێوه روانینه له شیعره‌کانی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)یشدا ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی ئیستاتیکی وه‌رده‌گرێ. لای (جه‌مال غه‌مبار) گه‌ڕانه‌وه بۆ بیره‌وه‌رییه‌کان گوزاراشته له ئێستای ته‌مه‌نی. یان ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی (غه‌مبار) له شیعره‌کانیدا ئاماژه‌یان پێ ده‌دات وه‌کو (سهروهیس، باخی گشتی، ئاوه‌سپی، ئه‌دیلاید ، یۆتۆبۆری، سلێمانی.. . تاد) ئه‌وا مانای وایه شوێنه‌کان جارێکی دیکه له خه‌یاڵدا دارێژراونهتهوه، به‌و شێوه‌یه‌ی له خه‌یاڵی شاعیردا دروست بوون. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له رۆمانه‌کانی (به‌ختیار عه‌لی)یشدا شوێن ره‌هه‌ندێکی خه‌یاڵیی وه‌رگرتووه بۆ ته‌عبیرکردن له واقیعی شوێنه‌کان. (هه‌ولێر)ی ناو چیرۆکه‌کانی (کاروان کاکه‌سوور) هه‌رگیز له هه‌ولێری راسته‌قینه ناچێت. ئه‌وه هێزی راکێشانی خه‌یاڵه (Attraction of Imagination) شوێنه‌کان به شێوه‌یه‌کی جیاواز له ده‌ربڕیندا داده‌ڕێژێته‌وه. دیاره من مه‌به‌ستم له شوێن ته‌نها لایه‌نه جیۆگرافیایهکهی نییه، به‌ڵکو مەبەستم گشت ره‌هه‌نده‌کانی شوێنه، کە دابونه‌ریت، کۆمه‌ڵگا و دیاردهکانیشی ده‌گرێته‌وه.
نووسینه‌وه‌ی خودی ئه‌وانی دیکه، یان ته‌عبیرکردن له ئازاری سه‌ختی مرۆڤه‌کانی دیکه یه‌کێکی تره له خه‌سڵه‌ته جوانه‌کان، ئه‌و کارتێکه‌ره مرۆڤییانه‌ی له شیعره‌کانی (غه‌مبار)دا ده‌بیندرێت، هه‌ستێکی جوانینناسیانهیه، که واده‌کات چیرۆکی غه‌ریببوون و ئازاری مرۆڤه‌کانی دیکه وێنا بکات. ده‌توانین نموونەی شیعری (به‌ده‌م گۆرانییه‌کانی "کلارا"وه) بهێنینه‌وه. (غه‌مبار) چیرۆکی خێزانێکی په‌ناهه‌نده‌ی کورد له تورکیا دەگێڕێتەوە، که (کلارا)ی کچیان لە تەمەنی حه‌وت ساڵاندا ئۆتۆمۆبیل لێی دەدات و گیان ده‌سپێرێت. له‌وێدا شاعیر گازانده‌ی نه‌بوونی یه‌کسانی و ئازادی ده‌کات، ئه‌و دوو چه‌مکه‌ی مافی بنه‌ڕه‌تیی هه‌موو مرۆڤێکن، بەڵام شێوازی ته‌عبیرکردن له نه‌بوونی ئازادی و یه‌کسانی، شاعیر له سرووشتدا وێنای ده‌کات و به شێوه‌یه‌کی ئیستاتیکی به‌رجه‌سته‌ی شیعریان ده‌کات، ئه‌مه په‌رینه‌وه‌یه‌کی مێتافیزیکیی رۆحییه، واته له‌ودیو مێتافیزیکاوه شاعیر جیاوازییه مرۆڤییهکان ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌وەتا له سه‌ره‌تادا ده‌ڵێت:
"گه‌ر لێگه‌ڕابان: / ئازادی ماڵی هه‌موان بێت و / بارانی به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ، وه‌ک یه‌ک هه‌موومان ته‌ڕ بکات،/ ئاسمان بێ جیاوازی، جێی فڕینی هه‌موو باڵنده‌کانی تیا ببێته‌وه،/ نان، وه‌ک تیشکی خۆر، خۆی به ماڵی هه‌مووماندا بکات،/ گه‌ر لێگه‌ڕابان.. . /"(کلارا"ش، بوکهشووشهکانی خۆی، وا به ته‌نیا جێ نه‌ده‌هێشت..
* * *
گه‌ر لێگه‌ڕابان ئه‌ستێره‌کان به یه‌کسانی خۆ له تریفه هه‌ڵکێشن،". .. .. .
ئه‌م به‌رزکردنه‌وه‌یه‌ی ئازاره‌کانی مرۆڤ به وێناکردنێکی مێتافیزیکیانه هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی ئیستاتیکی و ماناداری تایبه‌ت به خۆیه‌تی، چونکه به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ر ئازارێکی مرۆڤ بۆ ئاستی مێتافیزیکی گه‌واهی گه‌وره‌یی هه‌ستی مرۆڤه‌کان ده‌دات له‌سه‌ر رووی زه‌ویدا، به مانایه‌کی تر مرۆڤ له بونه‌وه‌رێکی زه‌وییه‌وه به‌رز ده‌کاته‌وه بۆ بونه‌وه‌رێکی مێتافیزیکی، که له بوونی خۆیدا رووبه‌رووی ئازاره مێتافیزیکییه‌کان ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیکه ئیراده‌ی مرۆڤ به‌رز ده‌کاته‌وه وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئاسمانی. (چیخۆف) ده‌ڵێت: ئازار و ڕه‌نج مرۆڤ به‌ره‌و کامڵیی ده‌به‌ن. هه‌ر وه‌ک ئه‌م له شیعره‌دا ده‌بینین شاعیر ئه‌و نایه‌کسانییه‌ی، که له سرووشتدا هه‌یه له رێگه‌یه‌وه ته‌عبیر له نایه‌کسانی و نه‌بوونی ئازادیی مرۆڤه‌کان ده‌کات.
له چه‌ند وێنه شیعرێکدا شاعیر جۆرێک پێوه‌ندی له‌نێوان ناوه‌وه‌ی خۆی و سرووشتدا پێک دەهێنێت. له شیعری (سوپاس بۆ ئاو که تۆ لێره‌ی) له وێنه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"گه‌ر نازانیت هه‌نار چۆن ئه‌گری له ده‌می که‌وتنه‌خواره‌وه‌دا،/ وه‌ره سه‌یری دڵی من که"
له‌م وێنه‌یه‌دا شاعیر سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ گریانی هه‌نار له ده‌می کهوتنهخوارهوەدا له‌گه‌ڵ دڵی خۆی راده‌کێشێت. جۆرێک پێوه‌ندیی خه‌یاڵی له‌نێوان دڵی خۆی و هه‌ناردا پێک دەهێنێت، که ئه‌مه‌یش روانینێکه شاعیر پێیه‌وه ته‌عبیر له هه‌ستی خۆی ئه‌کات.
تاراوگه و ناسه‌قامگیری
هه‌ر له شیعره‌کانی (جه‌مال غه‌مبار)دا (نۆستالژیا) بووەته به‌شێک له‌و دنیابنییهی که شاعیر تێیدا ده‌نووسێت، نۆستالژیا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاری کردووەته سه‌ر هه‌ستی نامۆیی شاعیر، هه‌ر ئه‌و ههستهیشه، که حاڵه‌تی ناسه‌قامگیری (Oscillation) له چه‌ند شیعرێکی (غه‌مبار)دا دروست کردووه، دیارترین نموونه‌یش شیعری (با دڵنیا بێت ئاو)، که شاعیر به هه‌ستێکی ناسهقامگیریانه ده‌ست پێ ده‌کات. له شیعری (نامبینیت چۆن پایز ئه‌بمه‌وه، نامبیسیت چه‌ند له گۆرانییه بێ ره‌نگه‌کانی ئاو ئه‌چم) ئه‌م ناسه‌قامگیرییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فریودانێک که له رابردوودا رووی داوه، هه‌ر وه‌کو ده‌ڵێت:
"وه‌ک من مه‌که‌ن، به ئاوی کوژراندا مه‌په‌ڕنه‌وه،/ من به قسه‌ی هه‌ناری ژیان فریوم خوارد/به ڕه‌نگی ئاوێک / که له بنه‌وه‌ی مه‌رکانه‌کانی یه‌قیندا ستاره‌ی گرتبوو / ره‌سمی خه‌ون و ئه‌فسانه‌کانی ئومێدم کێشا"
دیاره له‌م وێنه شیعرییه‌دا حاڵه‌تی ناسه‌قامگیری وێنا کراوه، جگه له‌وه‌ی هه‌ستی (یه‌قین) ده‌خاته به‌رده‌م گومانه‌وه، ئه‌و یه‌قینه‌ی له‌پاڵ خه‌ون و ئه‌فسانه‌کانی ئومێدا ره‌گی داکوتابوو، دیاره خه‌ونه‌کانی شاعیر هێنده گه‌وره بووینه، تا ئه‌و ئاسته‌ی بوونه‌ته ئه‌فسانه‌ی خود، چونکه ئه‌فسانه کاتێک له دایک بوو، که مرۆڤ ویستی په‌نا بۆ هێزێکی مێتافیزیکیی گه‌وره ببات بۆ ڕەواندنەوەی ترس و ناسه‌قامگیری، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌فسانه ته‌عبیر له هێزی خوداوه‌ند ده‌کات، مرۆڤیش وه‌ک یه‌کێک له داهێنانه‌کانی خوداوه‌ند خاوه‌ن ئه‌فسانه‌ی تایبه‌ت به خودی خۆیه‌تی. بەڵام هه‌موو ئه‌و ئه‌فسانانه شکستی شاعیریان له دواوه بووه، چونکه ئه‌فسانه له بەرانبەر واقیعدا شته‌کاندا کاریگه‌ر نه‌بووه. ده‌مه‌وێت لێره‌وه بڵێم هیچ ئه‌فسانه‌یه‌ک له روانگه‌ی لۆجیکه‌وه سه‌ر ناگرێت، ئه‌فسانه نه‌یتوانی خوداوه‌ند له‌و رووخاندنه مێتافیزیکییه‌ی که (نیتچه)ی فه‌یله‌سووف ئه‌نجامی دا، رزگار بکات.
(نۆستالژیا) ده‌بێته هۆی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده نامۆیه، که له نێو رۆحی شاعیردایه، واته ده‌کرێت بڵێین نۆستالژیا لای شاعیر بووەته هۆی ده‌رخستنی ئه‌و خوده نامۆیه‌ی، که به‌شێکی قووڵی روانینی شاعیری داگیر کردووه. ئه‌مه‌ش وه‌ک بازدانه له شتێکه‌وه بۆ شتێکی دیکه. هه‌ستکردن به نامۆیی له شوێندا کاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که خود هه‌میشه به خۆیه‌وه به‌ند بێت نه‌وه‌ک به شوێنێکی دیاریکراوەوە، واته خود هه‌میشه له گه‌ڕانه‌وه‌دا بێت بۆ ناو خۆی، چونکه هه‌موو ده‌رکه‌وته‌کانی ده‌ره‌وه به خودی ئه‌و نامۆن.
لە چه‌ند وێنه شیعرێکی دیکه‌ی شاعیردا، وێناکردنێکی عه‌به‌سیانه هه‌یه بۆ نیشتیمان، هه‌ر له شیعری (سوپاس بۆ ئاو که تۆ لێره‌ی) له وێنه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"هه‌موو بێزارن له نیشتمان/ ئێستا نیشتمان بۆته جانتایه‌کی گه‌وره‌ی سه‌فه‌ر. / هه‌موو بێزارن له ماڵ/ پڕه له گریان. / هه‌موو بێزارن له زاکیره‌ی خۆیان/ پڕه له کوشتنی منداڵیی. / ئه‌ی کێیه بێزاریی نایخوات؟ "
ئه‌و هه‌سته عهبهسییهی که له‌م وێنه شیعرییه‌دا وێنا کراوه، ساتی یاخیبوونه له شوێنێکی دیاریکراو، شاعیر هه‌ر به نیشتیمانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو (ماڵ)یش ده‌خاته هاوکێشه‌که‌وه. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای (پلاتۆ) له‌وه تێده‌گه‌ین، که مرۆڤ له ماڵدا ناتوانێت خاوه‌ن بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی خۆی بێت، چونکه ماڵ ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه بێت ئاڕاسته‌ی دڵنیایی و سه‌قامگیری باڵی به سه‌ردا کێشابێت، ئه‌وا بیرکردنه‌وه‌ی پڕ ترس و فه‌لسه‌فیانه له‌وێدا مه‌حاڵ ده‌که‌وێته‌وه. شاعیر بێزاری له زاکیره و رابردووش‌دا وێنا ده‌کات، بێزارییه‌ک باڵی بە سەر هه‌موو شتێکدا کێشاوه، ئه‌م بێزارییه رووبه‌رێکه بۆ نامۆبوون به شوێنکاته‌وه.
که‌واته ده‌توانین بڵێین نۆستالژیا کاریگه‌رییه‌کی پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر دنیابینیی شاعیر هه‌بووه، چونکه دیوه خهمههژێنهکهی نۆستالژیا بووەته هۆی دروستبوونی چه‌ندین وێنه شیعر، که هه‌موویان گوزراشتن له نامۆیی مرۆڤ له شوێنێکدا.
دنیای نائومێدیی و ره‌شبینی
دیوێکی تری جوانییه‌کانی شیعری (غه‌مبار) ئه‌و دیده رهشبینییهیه، که له دنیابینیی ئه‌ودا به روونی دیاره، ره‌شبینییه‌ک زۆرجار مرۆڤ ده‌خاته لێواره‌کانی جێهێشتنی ژیان، یان به مانایه‌کی دیکه وا لە بوون بڕواندرێت، کە مانای نییە. هه‌ر له شیعری (نامبینی چۆن پایز ئه‌بمه‌وه، نامبیسیت چه‌ند له گۆرانییه بێ ره‌نگه‌کانی ئاو ئه‌چم) ده‌مانخاته به‌رده‌م دنیایه‌کی پر نائومێدی، له‌م شیعره‌دا رۆحێک هه‌یه شه‌که‌ت له ژیان، ماندوو له وه‌رین، سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م شیعره رێک له چیرۆکی کاره‌کته‌ره بێئومێده‌کان ده‌چێت، ئه‌م شێوه ره‌شبینییه له چیرۆکه‌کانی (فرانز کافکا)، (چیخۆف) و (بێکیت)دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، هه‌ر وه‌ک چۆن دنیای (بێکیت) دنیایه‌کی عه‌ده‌مییه، له‌م شیعره‌یشدا ئاره‌زوویه‌کی قووڵ هه‌یه بۆ عه‌ده‌م. له باشترین حاڵه‌تدا پێوه‌ندییه‌کی قووڵ ده‌بینم له‌نێوان (دکتۆر- Physician)ی کاره‌کته‌ری چیرۆکی (قاووشی ژماره شه‌ش – Ward number six )ی (چیخۆف). له‌م چیرۆکه‌دا (دکتۆر- Physician)ی کاره‌کته‌ر ژیان به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه بۆ مردن خاڵی ده‌کاته‌وه، لای (دکتۆر- Physician) ئه‌قڵ پانتاییه‌کی قووڵ له ژیانی مرۆڤدا داگیر ده‌کات، ئه‌مه له‌کاتێکدا، که ئه‌و ژیان به زیندان ده‌شوبهێنێت. له‌م شیعره‌ی (جه‌مال غه‌مبار)دا ژیان وه‌کو به‌رده‌که‌ی سه‌ر شانی (سیزیف) وایه. هه‌ر بۆیه له کۆپله‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"من لای (کلارا)وه گه‌ڕاومه‌ته‌وه، / له مردنێکی چۆڵ ئه‌گه‌ڕێم/ ئه‌رێ که‌س مردنێکی چۆڵ شک نابات بۆ کرێ ،/ ئه‌رێ مردوویه‌ک بێزار نییه له گۆڕ و مه‌رگ و حیکایه‌ته‌کانی خۆی / تا بیانبه‌خشێت به ئێمه. . !"
له‌م وێنه شیعرانه‌دا مردن وه‌ک په‌ناگه‌یه‌ک سه‌یر کراوه، جوانییه‌کی قووڵ خراوه‌ته پاڵ مردن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له لایه‌ن مرۆڤه‌وه دراون بۆ رزگاربوون له مه‌رگ هه‌ر له شارستانییه‌تی میزۆپۆتۆمیا و دۆڵی ناوین و میسره‌وه تا له فه‌لسه‌فه‌ی هیندی و چینیش ره‌نگی داوه‌ته‌وه. باشتیرین نموونه‌ش مۆمیاکردنی مردووه‌کانه له لایه‌ن میسرییه کۆنهکانەوە، تاکو جه‌سته تێک نه‌چێت و ژیانێکی نوێتر ده‌ست پێ بکاته‌وه. یان داستانی (گلگامێش) خۆی نموونه‌یه‌کی زیندووه بۆ گه‌ڕان به دوای نه‌مریدا. بەڵام ئه‌وه‌ی له‌م شیعره‌دا ده‌بیندرێت وێناکردنی هه‌موو بوونه له چیرۆکی ژیان، بێزاری، بیره‌وه‌ری، قیامه‌ت و. .. . تاد. له باشترین حاڵه‌تدا شاعیر ژیان به بێمانایی پێناسه ده‌کات. هه‌ر له‌و شیعره‌دا ده‌ڵێت:
"ئاخر وه‌ره/ و رۆژی سه‌دجار بمبارێنه/ بە سەر بێمانایی ژیان و / بە سەر ئه‌و قسه پروپوچانهی/ ئێمه‌یان له عیشق برییه‌وه. "
له‌م وێنه شیعرییه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت ژیان لای شاعیر بێماناییه‌کی هه‌زه‌لییه، دیاره له ئه‌ده‌بدا هه‌میشه پرسیاری (ژیان چییه؟) ورووژێندراوه، دیارترین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی
(Where Angels fear to tread کاتێ فریشتە دەترسێت بێتە خوارێ، یاخود شوێنێک، فریشتە دەترسێت پێی تێ بخات)، که هیی (E. M. Forster)ــه و هەر لە ناونیشانەکەیەوە دیارە مەبەستێکی میتافۆرییانەی هەیە. به بڕوای ره‌خنه‌گران له‌م به‌رهه‌مه‌دا ویستی گفتوگۆکردن له‌باره‌ی (ژیان چییه)وە ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری داوه‌ته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی که (Forster) ویستوویه‌تی به شێوه‌یه‌کی لۆجیکی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه ئالۆزه‌دا بکات. وەک لە مردنی (چارلز) و دواتر لە مردنی (لیلیا)ی هاوسەری بە سەر منداڵەوە دەیبینین، کە دوای ئەوەی شووی بە کوڕێکی ئیتاڵی دەکات. بە کورتی (فۆرستەر) لەم ڕۆمانەیدا کاریگەریی دەستەڵات لەسەر تاکەکان دەردەخات، کە چۆن گیانی مەرگدۆستی لە نەستی مرۆڤەکان دەڕوێنێت و جوانییەکانی ژیانیان لا دەکوژێت. (ئه‌لبێرت کامۆ) له (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)دا ژیان به‌بێ مانایی پێناسه ده‌کات، ئه‌ویش له کاتێکدا که ژیان وه‌کو هه‌وڵدانه بێ ئه‌نجامه‌که‌ی (سیزیف) ده‌بینێت. له‌م وێنه شیعرییه‌دا شکست له عیشق بۆته سه‌رچاوه‌ی بێ ماناکردنی ژیان له روانینی شاعیردا.
شاعیر له چه‌ند شیعرێکدا داوای ته‌عبیرکردنی خودی خۆی ده‌کات له لایه‌ن ئه‌وانی دیکه‌وه، ده‌توانین شیعری (پێش ئه‌وه‌ی ژیان له په‌نجه‌ره‌ی تهنییاییمهوه بکه‌وێته خوارێ) به نموونه بهێنینه‌وه. سه‌ره‌تای شیعره‌که‌ی به شکستی خۆی ده‌ست پێ ده‌کات، شکست له سه‌فه‌ر، هەڵاتن، عه‌شق.. هتد بۆیه پاشان له رێگه‌ی به‌کارهێنانی جێناوی لکاوی که‌سی دووه‌می تاکه‌وه داوا له که‌سێک ده‌کات، که بینوسێـتهوه، دیاره شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی خودی خۆی له ته‌عبیری که‌سی بەرانبەردا ببینێت، بۆیه ئه‌وپه‌ڕی ئازادییش ده‌داته ئه‌و که‌سه، که چۆن بینوسێته‌وه، هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێت:
"+ بمنووسه‌وه. .. / هه‌تا ژیان له په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیاییمه‌وه نه‌که‌وتۆته خوارێ بمنووسه‌وه/ له کام دێری/ خهمننامهکهتا دام ئهنێیا، / له باخچه‌ی کام برینی خۆتا بۆم ئه‌گه‌ڕێیت، مه‌یلی خۆته.. "
ئه‌م روانینه‌ی شاعیر پێوه‌ندیی به خود هه‌یه له دیدی خودێکی تره‌وه، له‌م دێره‌دا شاعیر په‌نا بۆ نووسین ده‌بات له بەرانبەر ته‌نیاییدا، چونکه وه‌کو له ناونیشانهکهیشدا ئاماژه‌یه‌ک هه‌یه بۆ نووسینه‌وه‌ی خود به‌ر له که‌وتنه خواره‌وه‌ی ژیان له په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیاییه‌وه. ئه‌م وێناکردنه له شیعرێکی (دیار به‌کر)ی شاعیردا هه‌یه، هه‌ر وه‌کو ده‌ڵێت: (هیچ مه‌نووسنه‌وه/ کێ ناڵێت له لهبیرچوونهوهیهکدا/ ده‌رفه‌تی فڕینێک نالورێنێت و / زیندوو نابنه‌وه) ئه‌مه‌ش دروستکردنی پێوه‌ندییه‌که له‌نێوان نووسین و ژیان، به‌ر له مردن. هه‌موو ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و رهشبینیهیه، که له هه‌ستی شاعیردا هه‌یه.
هه‌ر ئه‌و روانینه رهشبینیهیه، که شاعیر له چه‌ند شیعرێکیدا باکراوندێکی کاره‌ساتئامێزی دروست کردووه، له شیعری (سوپاس بۆ ئاو که تۆ لێره‌ی) له وێنه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
"قیامه‌تێک هه‌ڵئه‌کات/ ڕه‌نگه خۆری تێدا ون بێت. / قیامه‌تێک به‌ڕێوه‌یه/ تێایدا هه‌نار خۆی ئه‌کوژێت/ ڕوبار شه‌رم له ته‌نیایی گه‌لێ ئه‌کا ! / -با- قسه‌کانی خۆی/ له ئێواره‌ی باخچه‌یه‌کدا حه‌شار ئه‌دا. / قیامه‌تێک به‌ڕێوه‌یه/ منی تێدا نایه‌مه‌وه بۆ ماڵی چۆڵی قه‌سیده!/ به‌ڕێوه‌یه قیامه‌تێک.. "
دیاره (قیامه‌ت) وه‌ک سمبولی رۆژێک که هه‌موو شته‌کان تێیدا کۆتایی دێت، هه‌موو شته‌کان رووبه‌رووی فه‌وتان و له‌ناوچوون ده‌بنه‌وه، هه‌ڵگری مانای تایبه‌ت به خۆیه‌تی. روانینی ره‌شبینی له‌م وێنه‌یدا گه‌یشتووه به ترۆپک، که تێیدا هه‌موو شته‌کان رووبه‌ڕووی کاره‌ساتی کۆتایی ده‌بنه‌وه، کاتێک ده‌ڵێت منی تێدا نایه‌مه‌وه بۆ ماڵی چۆڵی قه‌سیده مانای وایه له‌و قیامه‌ته‌دا زمانیش ناتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت، ئه‌گه‌رچی بوونی مرۆڤ له ناو زماندایه، که‌واته بوون به ترۆپکی کۆتایی خۆیی ده‌گات. خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر که له‌م شیعره‌دا (قیامه‌ت) هه‌ڵگریه‌تی، چرکه‌ساتێکی پڕ له تارجیدییه، واته قیامه‌ت وه‌ک چرکه‌ساتێکی کاره‌ساتاوی. زۆرجار شاعیر له رێگه‌ی به‌کارهێنانی جێناوی که‌سی دووه‌می تاکەوە، وێنه شیعرییه‌کانی به‌رجه‌سته ده‌کات، به هۆیه‌وه دوو ئاراسته‌ی جیاوازی تێڕوانین له شیعردا دروست ده‌بێت، بۆ نموونه له شیعری (په‌ڕینه‌وه به فرمێسکه‌کانی زێوانێکدا) هاتووه:
"تۆ که هه‌میشه به ده‌م شنه‌ی خه‌یاڵه‌وه ئه‌پرسیت: / دنیا بۆ هێنده کاڵ ئه‌نوێنێ/ بۆچی له باخی گۆرانییدا/ میوه‌ی وشه‌کان ناچنه‌وه سه‌ر هیچ شیعرێک.. / ئێمه له کێ ئه‌چین خوایه !/ ڕێگاکان چه‌ند زوو ون ئه‌که‌ین. / منیش هه‌میشه پێت ئه‌ڵێم؛/ ئه‌مانه گوڵی پرسیار نین/ هه‌تا له باخچه‌کانی به‌فری "یۆتۆبۆری"/ یان له ئێواره سارده‌کانی دڵی تۆدا هه‌ڵوه‌رێن.. "
دیاره له‌م وێنه‌یه‌دا له رێگه‌ی خودی ئهویدیکهوە کۆمه‌ڵێک پرسیاری وجودی ورووژێندراون، شاعیر ئاماژه به‌وه ده‌دات ئه‌وه‌ی پرسیار ده‌کات به ده‌م شنه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌یه، واته ده‌کرێت زیاتر له حاڵه‌تێکی نه‌ستی ئه‌م پرسیارانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، کاتێک ئاماژه به‌وه ده‌دات، که ئێمه چۆن که‌وتینه ئه‌م تۆفانه‌وه، ئه‌وا بێگومان ئه‌م پرسیاره فۆرمێکی بوونیاریی هه‌یه به‌وه‌ی ئێمه چۆن که‌وتوینه‌ته ناو (بوون)ه‌وه، دیاره له‌م شیعره‌دا پرسیاری قووڵی وجودی ورووژێندراون، که خوێنه‌ر ده‌خه‌نه به‌رده‌م زیاد له چه‌ند تێڕوانینێکەوە. هه‌ر له‌و شیعره‌دا شاعیر دووباره ده‌مانخاته به‌رده‌م تێڕوانینێکی ره‌شبینیانه به‌رانبه‌ر به دنیا، وه‌کو له وێنه شیعرێکیدا هاتووه:
"قه‌سه‌م به‌و سێوه‌ی، قه‌ده‌ری هه‌موومانی/ هێنایه سه‌رزه‌مینی عه‌زاب. "
دیاره مه‌به‌ستی (غه‌مبار) ئه‌و سێوه‌یه، که خوا له (ئاده‌م)ی حه‌رام کرد، بەڵام (ئیبلیس) ئاده‌می هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، بۆیه تووره‌بوونی خوادوه‌ندی لێ که‌وته‌وه، له ئه‌نجامدا ئاده‌م له به‌هه‌شت ده‌کرا بۆ سه‌ر زه‌وی. ئه‌م چیرۆکه زیاد له چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی هه‌یه، یه‌کێک له‌وانه ئه‌وه‌یه که ئه‌م (سێوه) ته‌نها به‌هانه‌یه‌کی خوداوه‌نده بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له به‌هه‌شت ده‌ربکرێت. خوێندنه‌ویه‌کی دیکه ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه هه‌ڵه ده‌کات، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌یه، که تووره‌بوونی خوداوه‌ندی لێ ده‌که‌وێته‌وه. بەڵام له‌م وێنه شیعره‌دا شاعیر ئه‌م سه‌رزه‌مینه به سه‌رزه‌مێنێکی عه‌زاب ده‌شوبهێنێت، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات مرۆڤ چونکه بوونه‌وه‌رێکی خراپه‌کاره بۆیه شوێنی له به‌هه‌شت نهبووەتەوه، له فەزایەکدا نیشته‌جێ کرا، که شوێنی هه‌موو تاوانەکانی مرۆڤی تێدا دەبێتەوە. بەڵام له‌م وێنه شیعرییه‌دا شاعیر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که به‌های ئه‌و سێوه به‌هایه‌کی تا بڵێی گه‌وره‌ی هه‌یه، چونکه هه‌موو مرۆڤایه‌تیی خستووەته ناو عه‌زابه‌وه.