بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
(یادەوەرییە شیرینەكان)
(1)
گوڵێ هەگبەكەی دەكاتەوە و
لە ناویدا منداڵێك دێتە دەرەوە
منداڵێكی قژ زەرد
لە چاوی مانگ دانیشتووە
(2)
چۆلەكەیەكی قەرەجی
یادەوەرییە شیرینەكانی
بە شینی دەریا دەفرۆشی
(3)
ئەستێرەیەك لە دورگەی تەمەن دەوەستێ
لە پەرستگەیەكی چۆل
لەگەڵ سپێدە دەردەدڵ دەكا
(4)
نەورەسێكی برسی
لە بەندەرە ماندووەكەی خۆی
دەریای شەق كرد
(5)
میلاخەیەكی سەركێش
لە بێشەڵانی زەردەپەڕ
خۆی دەشوا
(6)
شاعیرێك لە پەنجەرەی قەسیدەیەكدا نم نم
بەسەر ئافرەتێكدا دەبارێ
كە ئەستێرە دەفرۆشێ
بە منداڵانی شاری خەم
(7)
كچۆڵەیەكی تەنیا
لەچاوی خەفەت دانیشتووە
یاری لەگەڵ مانگی تەنیادا دەكا و
شایی سپی دادەبەستێ
(8)
پەرەسێلكەیەكی عاشق
دوا گۆرانی خۆی
لەبەر ئاوێنە سەردەبڕێ
(9)
شەو برژانگی باخ
بە گوڵێكی ترساو سورمەرێژ دەكا
لە باخچەی ئافرەتێك لەدایكبووە
(10)
منداڵێكم گەرەكە
كە لە مانگ دەبێ
ئێوارەكانی دڵ دەسڕێتەوە و
رێگەوبانەكانی یادەوەرەی دەپەرستێ
(11)
بەمجۆرەیە گوڵەگەنم
بەهار لە باخچەی دڵ دادەگیرسێنێ و
وەك منداڵێكی خۆبەزلزانیش لە كێڵگەدا دەنوێ
(12)
مانگ كراسەكەی داكەند و
ئەستێرەیەكی رووت كردییە بەری
تا ئەشكەوتی شاعیران رووناككاتەوە
(13)
مێلاخەیەك شووی بە دایناسۆرێك كرد
باخچەیەكی بۆ جەردەكان لێكەوتەوە
چەندان چەپكە گوڵیان بەدیل گرت
(14)
شاعیرێك لەگەڵ ئافرەتێك لە تەپوتۆز و شەپۆل
ناپاكی لە قەسیدەكەیدا كرد
ئیمپراتۆری شیعر لە سێدارەی دا
لەسەر سەكۆی باران
(15)
چۆن لە تۆوە بۆ تۆ رابكەم
ئێوارە رووخساری بەیانی گرتووە
وەك رازیكردنێكی جریوەی چۆلەكەكان
(16)
تەنیایی جگە لە بێدەنگییەكی ترسناك هیچیدی نییە
لەبەرانبەر نائومیدییەكانی دڵی پێخۆش بێ.
(شیلەی منداڵی)
(1)
لێوەكان باڵیان نییە
تا هەر بۆ خۆشێ
شاعیر بگرن
(2)
لەنێوان گەردانەی ملی كۆتر و
رەشماڵی شیعر
گوڵی خۆشەویستی گەورە دەبێ
لە ئەندەلوسی دڵ
(3)
زمان ئاگری گرت
لە جەستەی شیعر و
لە ناشتنی ئاهەنگسازانەشدا گریا
كەڵەكێوییەكانی لەبیرچوونەوەش بەدوایەوە
(4)
ئافرەتێك بە رەنگی لێوەكانی
وێنەی ئەشكەوتی شاعیر دەكێشێ
لە میحرابی كۆڵكەزێڕینەشدا دەنوێ
(5)
مێلاخەیەك سپاردەی یەكەمین پایز
هەڕەشەی ئافرەتێكی ماندوو
بە بەهاری یادەوەرییەكان دەنووسێتەوە
(6)
ئاسمان وەستاوە
بەسەر لێوی ئافرەتێكی لەبیركراو
ئافرەتێك كە لە خوری منداڵی
عەبای قەسیدەیەكی ناپاك دەچنێ
(7)
پەپولەكان كارتی داوەتكردنیان
بەشییەوە
بەسەر خەمی ئافرەتان
تا ئامادەی لەدایكبوونی دەریا بن
(8)
چۆلەكەكان لەنێو ئازاری شیعردا
ئەستێرەی زوحەلیان هەڵگرتووە
تا لێوی خۆر ئەستور نەبێ
(9)
پەڵەهەورێ ماندو بەشیلەی منداڵی
خەمی پەپوولەكان
لەچاوی قەسیدەیەكی سەرهەڵگرتوو دەهۆنێتەوە
(10)
لەچاوی مەنفادا
پەپولەیەك لە زەردەپەڕی سەرسامی هەڵواسراوە
شاعیرێكی نەفرەتلێكراو لەناخی ژیان
دەخاتە سەر كوڵی نووسین
(11)
لە رووی خراپی بارودۆخی مرۆڤەوە
گوڵان لە باخچەكانی بیرچوونەوە خۆیان شاردەوە
(12)
هەموو ئافرەتێك
بە ئاوێنەكەی سەرسامە
(13)
ژنان لە پەپوولە تەنكترن
چونكە لەنێوان نامەكان و گۆرانیەكان
حەز لە رووناكی قاچاغ دەكەن
(14)
ئافرەتێك بەبەسەرهاتی گوڵێ
كێشای بە پیاوێكدا
پیاو بووە باخی خەمێكی بەرزەفڕ
ئەو قەسیدەیەی كە
ئەو قەسیدەیەی لە كاتژمێر حەوت بریندار بوو
ملكەچی بەهار نەبوو
تا خۆی بەدەست بارانەوە بدا
ئەو قەسیدەیەی لە كاتژمێر پێنجی تەنیایی
بە كاتی دڵتەنگی
خۆشەویستی بە دوودڵی
لە ئاو هەڵنەكێشا
ئەو قەسیدەیەی كە بە گژ وگیای منداڵی
بە دەریادا هەڵدەگەڕێ
سپێدە زوو لە جێگەی زەردەپەڕ دەنوێ
ئایا ئەو قەسیدە دەبینی كە فرمێسكێكە لە پڕشنگ
یان كێ لە ئاژاوەی زماندا بژی
خۆی بە چێژی خەوزڕان دەبەخشێ.
(قەسیدە ئاوییەكان)
خۆكوژی
ئەو نەورەسەی بەیانییەك بێچوەكانی خورا
بەكارێكی خۆكوژی هەڵسا
بۆ بەدەستهێنانی بەندەرێكی سەربەخۆ
شەپۆلێكی تووڕە
ئەو شەپۆلەی لە ئێوارەیەكی دڵتەنگدا نووست
شینی دەریای زیندانی لێوەكانی كرد
بۆ ئەوەی بە دزییەوە شوو بە ئاو بكا
منداڵی
ئەو منداڵەی شاردیانەوە
دەستی لە ملی حیلەی خەونەكان دەكرد
بۆ ئەوەی شیعر
لە خولیاكانی جوانتر بێ
- شاعیر و رەخنەگر، لەدایكبووی 1966/تەنجە، لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە لە گۆڤار و رۆژنامە مەغریبییەكان بەرهەمەكانی خۆی بڵاو كردۆتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە، خەڵاتی ناجی نوعمانی ئەدەبی لە بواری شیعر لە لوبنان بەدەستهێناوە. لە شاری "تەنجە" خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی تەواو كردووە، بڕوانامەی لە ئەدەبی عەرەبی ساڵی 1992 لە كۆلیژی ئەدەب و زانستە مرۆییەكانی زانكۆی (عەبدالمەلیك سەعدی) لە (تەتوان) بەدەستهێناوە، یەكەم كۆمەڵە شیعری بەناونیشانی (بە شەیدایی دەریا، خۆشمدەوێیت، قاهیرە، 1996 بەچاپ گەیاندووە.