ئاماده‌کردنی/ ئاسۆ گۆران

 
سه‌ردار عبدوڵا یه‌کێکه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ کاریکاتێریسته‌کانی کوردستان که‌ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی به‌ شێوه‌ی‌ جۆراوجۆر. لای سه‌ردار هونه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ها ئینسانی و ئیراده‌ جوانانه‌یه‌ که‌ به‌هۆی سیسته‌می سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ستی داوه‌. کاریکاتێر لای سه‌ردار واته‌ وروژاندنی ئه‌و میزاجانه‌یه‌ که‌ بێئاگان له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤدا. یان خه‌سڵه‌تی مرۆڤایه‌تییان له‌ ده‌ست داوه‌.
با بزانین سه‌ردار له‌سه‌ر کاریکاتێر چی ده‌ڵێت.
 
1- له‌ که‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ری کاریکاتێردا ئاشنای؟ چۆن به‌م هونه‌ره‌ ئاشنا بوویت ؟ بۆ کاریکاتێر؟
من بۆخۆم سەرەتای خولیابوونم بەهونەری وێنەکێشان دەگەڕێنمەوە بۆ سەردەمی مناڵیم کە هەمیشە کاغەزم ڕەشدەکردەوە و بەردەوام دەستم لەنێو قوڕی بن دارهەنجیری حەوشەی ماڵەکامان بوو بۆ درووستکردنی پەیکەری خوارووخێچ، ئەو ڕؤژانەی مناڵی بەدەیان ساڵ تا گەورەبوونیش ناوبەناو هەردەگەڕامەوە سەری کە تا ئەو کات هیچ سەمەرێکی بۆم نەبوو. لەسەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی ناوەندییەوە خۆم ئاماددەکرد بۆ ئەوەی لە هونەرەجوانەکان وەربگیرێم، بەڵام مەرجی ئەندامبوون لە حیزبی بەعسدا بۆ وەرگرتن لەو پەیمانگایە، بەناچاری وازی لەو خەونە پێهێنام. لەوە بەدوا هەموو شتم تاقی دەکردەوە، خولیای خوێندنەوە بووم و کوراسەی هونەرمەندانی شیوەکاریم سەیردەکرد و خولیای کارەکانی هونەرمەندی کاریکاتیریست پلانتۆبووم، ماوەیەک شیعرم نووسی وڕۆژێک دەفتەری شێعرەکەمم هێناو جگە لەچەند دانەیەکی هەموویانم دڕاند، پاشی ئەمانە ئاشقی مۆسیقا بووم ماوەیەک ئامێری کەمانم خوێند و پاشان خۆم فێری ئامێری سازکرد.
کاتێ لە ناوەندی بووم بیرم دێت کە جارجار مامۆستا تووڕەدەبوو یاخود پێدەکەنی بەو وێنە کاریکاتێرانەی کە لەسەر تەختەڕەش، دەفتەر و کتێبەکانم درووستم دەکردن. هاوینی ساڵی ١٩٩٣ لە سلێمانی یەکەم کاریکاتێرم درووستکرد و بڵاوکرایەوە، لەو کاتەوە بەتەواوی درێژەم بە خووەکانی مناڵیم دا لەڕەشکردنەوەی کاغەز و دەستوپل پیسکردن بە قوڕی بن هەنجیرەکە، ئەو خولیایەش تاکو ئێستا هەن و بەردەوام گەورەدەبن!
ئەو وێنە کارتۆنییانەی کە بە منداڵی درووستم دەکردن هەمیشە پیاوی لووتزل و ورگزلبوون کە پانتۆڵەکانیان بە شەیالە هەڵدەگرت بەخۆیانەوە، نەم دەزانی بۆچی من هەمیشە ئەو وێنانە دەکەم، ئێستا تێدەگەم کە بوونی ناعەدالەتی کۆمەڵگە و خراپی باری ئابووری ئەو وێنانەی بەدەستەکانی سەردەمی مناڵیم دەکێشا، ئێستاش هەمان کارەکتەری ئەو پێاوە ورگزل, لوتزل و لووتبەرزانە بەردەوام دێنەوە ناو کارەکانم. کاتێک بە تەواوی کەوتمە ناو هونەری کارتۆنەوە ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو وێنانەی کە بۆ خستنە پێکەنینی هاوپۆلەکان و مامۆستاکانم دەمکێشا لە ڕیکەوتەوە نەبوون. سەردەمی منداڵیم ئەزموونی کاریکاتێری دامێ بۆ گوزارش و بەگژاچوونەوەی ناعەدالەتی کە ئێستا دەزانم کە لە منداڵییەوە هەستم پێکردووە!
کارێکاتێر وەک هونەرەکانی تر ناتوانێت لەژێر پەردەی ڕەنگەکاندا بیر، هەڵوێست و تێڕوانینی خاوەنەکەی بشارێتەوە، ئەم هونەرە پێویستی بەهەڵوێستگیری ڕۆشن هەیە، دۆست و دوژمن وەک یەک لێت تێدەگەن کەچی دەڵێیت! لە دنیای ڕۆژنامەگەری ئەمڕۆدا کارێکاتێر کاریگەری ڕاستەوخۆ و کارسازی هەیە، دەتوانێت دەوری چەند وتار بگێڕێت، بەنمونە بینیمان کە چۆن کاریکاتێرێک بووە هەڵچوونی زیاتری هێزە دژبەیەکەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا، نێوانی بەرەی ئازادیخوازان و کۆنەپەرستان.
ئەمانەش بەشێکن لەو هۆیانەی کە کارتۆنی زۆر لە ڕۆحمەوە نزیکترکردۆتەوە.
 
2- ده‌ته‌وێت به‌ کاریکاتێر چی ده‌ربڕیت پێت وایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت به‌ کاریکاتێر ده‌یکه‌یت یان کردوته‌؟
لە پرسیاری پێشوودا ئاماژەیەکی کورتم بە وەڵامی ئەم پرسیارەدا. پێش هەرشتێک هونەر زادەی بیر و ڕامانی کەسی هونەرمەندە و گوزارش لە تێفکرین و دنیابینی ئەو دەکات. کارتۆنەکانی من زادەی بیر و تێڕوانینی خۆمن و لەجێگەی کەسێکی تر بیرم بۆ نەکردوونەتەوە، ئەو کارانەش ڕەخنەی منن کە دەمەوێت رەخنەی تۆ و کەسانی تریش بن بۆ ئاڵوگۆڕ لە ژیان وتێڕوانینیان لە ژیان.
کاریگەرییەکانی ئەدەب وهونەر بە ئاسانی نابینرێت و پرۆسیسیکی درێژخایانە، ئەدەب و هونەر شۆرش نین دنیابگۆڕن بەڵام دەتوانن کاریگەربن و ڕۆڵی کارسازبگێڕن لە ژیانی خەڵکیدا. ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە دەمەوێت بکرێت دەزانم کە بەتەنیا ئیشی کاریکاتێر نییە، بەڵام ئەوانەی کەدەمەوێت بکرێن یاخود بگوترێن بە کاریکاتیێر گوزارشیتیان لێدەکەم. من دەزانم ئەوەی کەمن خوازیاریم لەئاڵوگۆڕ لەژیانی کۆمەڵگەدا؛ تەنیا بەکاریکاتێر ناکرێت، لەوشوێنەدا کە پێویست بکات منیش لەگەڵ خەڵکی دەچمە سەرشەقام.
 
3- نه‌خش و کاریگه‌ری کاریکاتێر چیه‌ ؟ ئایا کاریکاتێر هونه‌رێکی ڕه‌خنه‌ئامێزه‌ و به‌س؟
کاریکاتێر یان کارتۆن جۆری زۆری هەیە، مێدیا و ڕۆژنامەکان بەشێوەی جۆرا و جۆر سوودی لێوەردەگرن و ڕۆڵ و نەخشەکەشی پەیوەندی بەجۆر و تایبەتمەندی کارەکانەوە هەیە. ئاسان نییە باس لە رۆڵ و نەخشی کاریکاتێر بەگشتی بکەین چونکە هەر کارتۆنێک یاخود کارتۆنیستێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەکرێت ئیندڤید هەڵبسەنگێندرێت. گەر مەبەست لە نەخشی کارتۆنی سیاسی بێت، ئەمڕۆ بەشێکی گرنگ و کاریگەر لەنێو ڕۆژنامەگەری جیهانیدا پێکدەهێنێت، ئەو نەخش و کاریگەرانەش دەکرێت لەشوێنی خۆێدا هەڵبسەنگێنرێت کە خزمەت بە بەرژەوەنیەکانی کام بەش و کام چینی کۆمەڵگەدەکات.
کاریکاتێر هەیە کە پۆرترێتێکی شێواوی کەسایەتییەکە، یاری بەجوانی و ناشرینییەکانی جەستە دەکات، کاریکاتێر هەیە کە تەنیا بۆ ڕوونکردنەوە و باسکردنی بابەتێکە، ئەمانە دەکرێت پێویستیان زۆر بەڕەخنە نەبێت. بەڵام کارتۆنی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی ناتوانێت بەبێ ڕەخنە هەڵبکات، ئامانجی کارەکەش بۆخۆی ڕەخنەیە.
 
4- ناوبه‌ناو ڕۆژنامه‌یه‌کی کاریکاتێری ده‌رده‌که‌ن ئامانجتان له‌ م کاره چیه‌؟
ئەوەی دەرماندەکرد بڵاوکراوەیەک بوو بەناوی کاریکاتێرەوە کە ٢٠ ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، ئەم بڵاوکراوەیە لە ماڵپەڕەکان بڵاودەکرایەوە و پاشان لە کوردستان وئەوروپاش چاپدەکرا، بەڵام بەداخەوە لە کاتی ئێستادا هەم بڵاوکراوەکە و هەم ماڵپەڕی کاریکاتێریش کە ماڵپەڕی سەرەکی ئەم بڵاوکراوەیە بوو وەستاوە. ئامانجی ئەو بڵاوکراوەیەش برەودان بوو بەجۆرێکی تری ڕەخنە کە ڕادیکاڵانە لە ئاست دیاردە سلبییەکانی کۆمەڵگە ڕاشکاوانە ڕەخنەی خۆی بگرێت، چاوڕوونییەک بداتە خەڵکی کە ئاشناتریان بکات بە کایە سیاسییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. بەرگری لە سوکولاریزم و مافە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گرنگی ئامانجی ئەو بڵاوکراوەیەبوو. پاش وەستانی ئەو بڵاوکراوەیە شیوازی تر و فراوانترگیرایەبەر؛ ئەویش بەسوود وەرگرتن لەکەناڵی جۆراوجۆر ئەو بەرهەمە کارتۆنیانە نەک بەتەنیا بەخەڵکی کوردستان بەڵکو بە هەزاران خەڵکی ئەم گۆی زەوییە دەگەیەنین.
 
5- گروپێکی کاریکاتێریستن یان چی؟ ئایا پڕۆژه‌ی ترتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌؟
لەسەرەتای کارکردنمەوە پێمخۆشبووە کە کاری هاوبەش بکەم لەگەڵ هونەرمەندانی تر بەتایبەت ڕێناس عارف و شوکاک عەبدولستاردا، لە کاتی تریشدا پەروەر کەرکوکی و سەرچڵ شوقی هاتوونەتەناوەوە. دوو پێشانگەی گەورەمان کردەوە کە ئەو هاوڕێیانە ناوی گروپی نەقیزەیان دانا بۆی، هەرچەند پێمخۆش نییە کە هەموو کارەکانمان لە ژێر ئەم ناوەدا بیت، بەڵام بەکێشەیەکیشی نازانم بۆ بەردەامی ئەم گروپە. ئێمە ساڵانە بەشێوەیەک لەشیوەکان نمایشمان هەبووە، بەشداری من لە پێشانگەی هاوکاری خەڵکی سوریا لەدژی دیکتاتۆریەت لەسەر سایتی عەرەب کارتۆنن هەروەها لە عەمانیش یەکێکە لەو چالاکییانە کە هونەرمەندانی وڵاتانی جۆراوجۆری تێدایە. ئاماددەکاری بەردەوام بۆ پێشانگە هەیە بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بتوانین زۆرترین خەڵکی کۆبنەوە بۆ بینینی ئەو بەرهەمانە.
 
6- کاریکاتێر له‌ عێراق و کوردسدتاندا چۆنه‌ ؟ ده‌کرێت که‌مێک له‌ مێژووه‌که‌یمان بۆ باس بکه‌یت؟
باسکردن لە مێژووی کاریکاتێر، کارێکی هەر وا ئاسان نییە ئەمە زیاتر کاری مێژوونووسانە نەک هونەرمەندانی ئەم بوارە، چوونکە ئەم کارە پێویستی بەبەدواداچوون کۆکردنەوەی زانیاری هەیە لەسەر تەواوی کارتۆنیستەکان. ئێمە بۆ ئەو مێژووە زیاتر کاری ئەو کارتۆنیستانەمان دەستدەکەوێت کە لەڕۆژنامە فەرمییە دەوڵەتییەکاندا کارەکانیان بڵاوکراونەتەوە، ئەو کارانەمان دەستناکەوێت کە هونەرمەندانێکی ناڕازی دەستاودەست و لەملاولا کارەکانیان گەیاندووە بەخەڵکی، یاخود لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون و لەشاخ و وڵاتانی تر بەرهەمیان بڵاوکردۆتەوە.
مێژووی کاریکاتێر بۆخۆی مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نییە لە جیهاندا، تاکو لە عێراق و کوردستاندا خاوەنی ئەو مێژووە کۆنە بێن. عێراق و کوردستان بەهۆی ناجێگیری بارە سیاسی و ئابوورییەکەی هەمیشە جۆرێک لەسەرکوت و ملهوڕی بەسەر خەڵکیەوە بوونی هەبووە، کەم ڕۆژنامە هەبووە کە ڕیگەی دابێت دەنگی ناڕازی و گاڵتە جدییەکانی نێو خەڵکی بەهۆی کاریکاتێرەوە بڵاوکردبێتەوە. نەبوونی کاریکاتێر بەشێوەیەکی فراوان شوێنی خۆی داوبوو(تەنەنەت تاکو ئێستاش) بە نووکتەبازی نێو خەڵکی، کە ئەمەش پێویستی بە هیچ ڕۆژنامە و مێدیایەک نەدەکرد، نووکتە سیاسییەکان پێش دەرچوونی ڕۆژنامەکان لە سەر شوستە و شەقامەکان بوون، تەنانەت نوکتە و ساتیری وڵاتانی تریش بەخێرایی وەردەگێڕان و بەرگی لۆکاڵییان بەبەردادەکرا.
کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان وەکو زۆر لە کۆمەڵگەکانی ئاسیای ناوەڕاست زۆرترین نوکتە و کاریکاتێر لەسەر ناوچەگەری، پیاوانی سیاسی و دین و مەلاو کەشیشەکانی هەیە، کە هەندێکی زۆری ئەو نوکتە و ساتیرانە هاوبەشن و زەحمەتە خاوەنە سەرەکییەکانیان بدۆزرێنەوە.
گەر بگەڕێینەوە سەر کاریکاتێری بڵاوکراوە فەرمییەکانی عێراق کە بەگشتی لەڕۆژنامەکان بەشێوەیەکی فراوان دەردەچوون؛ ئەویش سەردەمی دوو دەیەی کۆتایی سەدەی پێشووبوون. لەو زەمەندا بەگشتی ئەو کاریکاتێرانە دەبینران کە ببوونە بەشێک لە مێدیای جەنگی و لایەندار لەدەستەڵات، ئەوانەی کە بەدووژمنانی گەل دادەنران بەشیان گەورەتین سوکایەتی و بێ حورمەتیکردن بوو، تەنانەت ئەم جۆرە لە کارتۆن خۆی گونجاندبوو لەگەڵ خەتی ڕەسمی دەستەڵاتدا و هیچی نەدەوت بێ پرسی ئەو. کاریکاتێر دەستی لەسەر درووستکردنی دوژمنیکی وەهمی هەبوو کە گوایە دەستی لە گرانی بازاڕدا هەیە کە ئەویش ئەو ژن و دایکانە بوون کە مێرد و کوڕەکانیانیان لە جەنگدا لەدەست دابوو کە بە (دەلالات) ناسرابوون لەسەر شەقامەکان خەریکی دەستفرۆشی بوون. ئەم نەخۆششیەش ئەو چەند ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە ئەو کات بەکوردی دەردەچوون گرتبووەوە، کاریکاتێرەکانیان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەمان پەیامیان دەدا بەکوردی، بەڵام لەڕووی تەکنیکەوە زۆر لاوازتربوون لەوانەی کە لە بڵاوکراوە عەرەبییەکاندا بڵاودەکرانەوە.
سەڕەڕای ئەوەی کە ڕۆژنامەکان کاریکاتێریان بڵاودەکردەوە، بەڵام لە نێو زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکاردا ئەم هونەرە بەچاوێکی نزمتر لە بەشەکانی هونەری شیوەکاری سەیر دەکرا، کەم لە هونەرمەندان ئەوانەی دەرچووی پەیمانگە هونەرییەکان بوون ئاماددەبوون ببنە کاریکاتێریست.بەڵام زۆریان ئەم هونەرەیان لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانی هونەرییاندا تاقیدەکردەوە تاکو توانایی خۆیان لەو بوارەدا نمایشبکەن، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێکێکان دووردەکەوتنەوە کاتێک هەستیان بەسەرنەکەوتووی خۆیان دەکرد و تێدەگەشتن کە کاریکاتێر هونەرێکی هەروا ئاسان نییە، هەندێکیش دەیانزانی کە کاریکاتێر مەترسی و سەرئێشەی زۆری بۆسەریان هەیە!
ئەمڕۆ لە کوردستانیش سەرەڕای بوونی سەدان بڵاوکراوە و دەرکەوتنی چەند کاریکاتێریستی باش؛ هێشتا ئەو مێژووە درێژەی هەیە کە باسم کرد.
کاریکاتێر بەشێوەیەکی فراوانتر بڵاو دەکرێتەوە بەڵام زۆربەی ئەوانەن کە زیانیان بۆ پەزەکان نیە! سەرەڕای دەرکەوتنی ناوبەناوی کاری باش بەڵام چەقبەستنێکی فیکری مەترسیداریش هەیە. کارتۆنەکان لە چوارچێوەی لۆكالیزمدا گیریان خواردووە، کەسێک ئاشنا نەبێت بە کۆدەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ناتوانێت بزانێت ئەو کارتۆنانە چی دەڵێن. سەرەڕای کرانەوەی ئەو هەموو دەرگە گەورانەی لەبەردەم کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ دنیای دەرەوە؛ هێشتا ئەم هونەرە نەیتوانییوە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاڵوگۆڕ بەخۆی بدات و سەروسیمایەکی خۆی هەبێت.
خاڵێکی سلبی تر، کە کاریگەری زۆرخراپی هەیە لەسەر گەشەکردن و ئاراستەکردنی هەڵەی ئەم هونەرە؛ ئەویش کۆپیکردن و بردنی کاری هونەرمەندانی ترە. دیاردەی بیرۆکەبردن، تەکنیکبردن و بەکوردیکردن زۆر بەربڵاوە و بەئاشکرا دەبینرێن لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا!
لە کوتاییدا دەڵێم بەداخەوە من بەکورتی چەند سەرنجێکم لە مێژوویەکی ناتەوادا، کە هیوادارم کەسانی بەتواناتر بەشوێنییەوەبن، چونکە ئێستا کاریکاتێر هونەرێکی ڕاقی ئەم سەردەمەیە، گرنگیدان بەم بوارە کاریگەری زیاتر لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کاری ڕۆژنامەگەرییەوە دادەنێت.
 

7 - لەکۆتایدا؟
لەکۆتاییدا، پێش هەرشتێک کاریکاتێر بۆ وەڵامدانەوە بە خواستەکانی نێو دڵ ودەروونی خۆم دەکەم، لەوێوە دەمەوێت بە کەسانی تر بڵێم منیش وەک ئینسانێک دەمەوێت ئازادی، خۆشبەختی و دنیای دوور لەخورافات بۆ هەموومان فەراهەم بێت.