(ئه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵ گۆرانی ده‌ڵێت، به‌س داوای لێبکه‌ن، برای خۆی فڕیده‌داته زیندانه‌وە) هێنری میخاوکس
به پێێ هه‌واڵێکی ڕۆژنامه‌ی هاولاتی:" له 14/7 دا بزووتنه‌وه‌ی گۆران سێیه‌مین قۆناغی هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی ئه‌نجام دا. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن (سه‌ركه‌وتی كوبە) وه‌ك باژێڕەوانی سلێمانی هه‌ڵبژێردرا. ئه‌و ده‌ڵێت:" زه‌روره‌تی ئه‌م قۆناغه كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر خۆكاندیدكرنی، ناكرێت ئێمه له‌سلێمانی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بین و نه‌یاره‌كانمان به‌زه‌بری هێز لایه‌نگره‌كانمان بترسێنن" ئه‌م هه‌واڵه کورته، گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌فه‌ری ژیانی سیاسی پیاوێکه له پۆستی به‌رپرسیارێتی ترساندن و تۆقاندنه‌وه بۆ نه‌یاره‌کانی له دوێنێدا بۆ پۆستێکی دیکه که:"نه‌یاره‌کانییان چیدی لایه‌نگره‌کانییان نه‌ترسێنن". ئه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت له‌م سه‌فه‌ره‌دا، جێگاوڕێگای نه‌یاره‌کانه له ناو هاوکێشه‌ی تازه‌دا.
به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی که زه‌بری خوێناوی ئه‌و پۆستی ترساندن و تۆقاندنه‌ی وه‌زیفه‌ی دوێنێی سه‌رکه‌وتی کوبه‌یان به‌رکه‌وت و یه‌کێک له که‌یسه‌کانی سه‌رمێزی ئه‌و بوون، کۆمۆنیسته‌کانی کوردستان بوون، چ له په‌لامار‌ی سه‌ربازی سه‌ر مقه‌ره‌کانیاندا و چ له شاڵاوی ده‌ستگیرکردنی سه‌ده‌ها که‌س له لایه‌نگرانی ئه‌م هێزه‌دا و ڕاپێچکردنیان بۆ ئاسایش له دوای په‌لاماره‌که‌وه." حیزبی كۆمۆنیست هه‌رچی بكات ده‌بێت به‌رانبه‌ر یه‌كێتیی بیكات، چونكه ئه‌وكاته من له‌ناو یه‌كێتییدا بووم‌و یه‌كێتیی لێی به‌رپرسه من لێی به‌رپرس نیم، سیاسه‌تی ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتیی ئه‌وه‌ی كردووه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه نییه‌و ته‌ئسیریشم لێناكات" (1)
پیاوانی ئاسایش که‌م قسه‌ده‌که‌ن به‌ڵام که کردیشیان باشتره زۆر به وردی گوێبیستی ئاخاوتنه‌کانیان بین. ئاخر ئه‌وان به‌وه‌ی به‌رپرسیاری مه‌مله‌که‌تی ده‌رکێشانی ئه‌و وتراوانه‌ن که نه‌وتراون، یان ئه‌و وتراوانه‌ی که ده‌کرێ به شێوازێکی دیکه بووترێنه‌وه، ناکرێ هه‌ر ئاوا قسه بکه‌ن و بیر له ناوه‌رۆک ماناکانی نه‌که‌نه‌وه به تایبه‌ت کاتێک باس دێته سه‌ر وتنی شتێک که ده‌بێ رووبه‌ده‌ر بووترێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینه‌کانی سه‌رکه‌وتی کوبه‌دا، ئێمه ڕووبه‌ڕووی ڕاستگۆییه‌کین که له مێژووی کوشتاره‌کانی نه‌یارانی سیاسیی کوردستانی عێراقدا که‌متر خراوه‌ته سه‌ر کاغه‌ز. له ڕاستیدا من سوپاسی سه‌رکه‌وتی کوبه ده‌که‌م که ئاوا ڕاشکاوانه ڕۆڵی ئه‌و له خوێنڕێژییه‌کی بێ وێنه‌دا له ناو شه‌قامی شارێکدا، ده‌خاته به‌ر ده‌می مێژوو: مانا ئاشکرا‌کانی ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه به زمانی کوردی: هه‌له‌ی منی تێدا نییه‌و من ته‌نها به‌رپرسی ئاسایش بووم.
سه‌رکه‌وتی کوبه وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ
"که‌شتی فریشته‌کان" دوا ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لییه.(2) وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ یه‌کێک له پاله‌وانه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه که مێژووی درێژی سیاسه‌ت و رووداوه‌کانی کۆمه‌لگای کوردستان ناوه‌رۆکی ئه‌م رۆمانه پێک ده‌هێنێت. به‌ڵام له‌ڕاستیدا رووداوه‌کانی کوردستان ته‌نها ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه که جه‌نگی نێوان فریشته و شه‌یتانی تیا نمایش ده‌کرێت. له که‌شتی فریشته‌کاندا، خوێنه‌ر ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی ده‌بێته‌وه که هه‌ر یه‌که‌یان به جۆرێک له جۆره‌کان، په‌یوه‌ندیه‌کی له گه‌ڵ فریشته‌که‌ی خۆیدا هه‌یه. ده‌توانێت بیبینێت و یان ئه‌وه‌تا هه‌ستی پێناکات و به بێ ده‌نگ، فریشته‌که‌ی باڵه‌کانی له‌سه‌ر شانی ئه‌وه‌وه ده‌کاته‌وه و له ساتێکدا ده‌دات له شه‌قه‌ی بال و ده‌ترازێ و دێته ده‌ر تا له شوێنێکی نادیاری شاردا، بێده‌موچاو بمرێت. ترازانی فریشته‌ی ئینسان، ئاماژه‌یه بۆ پچراندنی پردی نێوان ئینسان و ناخی خۆی له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر ڕێگایه‌کدا که ده‌کرێ بیگرێت.
وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که وه‌ک کار، دامه‌زرێنه‌ری ده‌ستگای ئاسایشی شاره و له کوشتنی ئاژه‌ڵ و ئینسانی کۆمه‌لگاکه‌ی خۆی سڵناکاته‌وه و بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی وه‌زیفه‌ی خۆی، له پێناوی شۆڕشدا هه‌موو شتێک ده‌کات. ئه‌م پیاوه به درێژی رۆمانه‌که له نێوان یه‌قین و گوومانی شۆڕشدا، هه‌میشه سووربوونی خۆی دووپاتده‌کاته‌وه که شۆڕش له‌سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه‌یه و ئه‌و ئامانجه‌یه که هه‌موو وه‌سیله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن پێی، ڕه‌وایه‌تی خۆی له‌وێوه وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام به‌وه‌ی پیاوێکه گومانی له کرده‌وه‌کانی خۆی هه‌یه، ترووسکاییه‌ک ده‌رفه‌ت بۆ زیندووڕاگرتنی فریشته‌که‌ی ناخی خۆی ده‌هێڵیته‌وه.
وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ له نێوان رۆڵی ئه‌ودا وه‌ک کادرێکی ئاسایش و وه‌فای ئینساندا، له هاتووچۆیه‌کی شه‌یتانیانه‌و فریشته‌ئاسادایه. به‌ڵام به نزیکاییه‌کی زیاتر به‌لای شه‌یتاندا و هه‌نگاونان بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له فریشته‌که‌ی ناخی خۆی. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ستده‌کات که دوو باڵ به‌سه‌ر شانیه‌وه‌یه و جگه له خۆی، که‌سی دیکه‌ش ده‌توانێ بیبینێ. مه‌راقی گه‌وه‌ری وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک و پیاوێک له ده‌سه‌لآتدا له به‌رانبه‌ر ئه‌و "ڕۆژانه‌ی که ئه‌مڕۆییان دروستکرد" له‌وه‌دایه که چۆن ده‌کرا ژیانێکی دیکه بژیایە‌یه، ده‌کرا ژیانی چ ڕێچکه‌یه‌کی دیکه‌ی بگرتایه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌مڕۆ نه‌چووایه. ئه‌و به‌جیا له کردنی پرسیار له ئاینده، پرسیاره‌کانی له رابردووه. وه‌فا به شوین ئه‌وه‌وه نییه که من ئه‌مڕۆ کێم و به‌ره‌و کوێ ده‌چم، به‌ڵکو من ده‌کرا کێ بم و بۆ ئێستا لێره‌دام، ده‌کرا چ ژیانێکی دیکه بژیامایه، پرسیاریی هه‌نووکه‌ییه‌تی. ئه‌م پرسیاره، گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی له ژیانی هه‌موو ئینسانێکدا هه‌یه‌و ده‌کرێ هه‌موو که‌سێک له به‌رانبه‌ر ژیانی هه‌تا ئێستاکه‌یدا، رۆژێک بێته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی کردنی . هه‌ر بۆیه‌ش وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ خه‌ریکی دروستکردنی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی نهێنیه به ناوی "جه‌معییه‌تی ژیانه ونه‌کان". جه‌معییه‌تێک که ده‌کرێ تاکه‌کانی به شوێن ئه‌وه‌وه بن تا بزانن کامه‌یه ئه‌و ژیانه‌ی که ده‌کرا تیادا بژین به‌ڵام له ده‌ستییان چووه. به‌وه‌ی سه‌رکه‌وتی کوبه واز له کاری ئاسایش ده‌هێنێت و ده‌یه‌وێت ژیانێکی دیکه بژی، ده‌کرێ ئه‌م پیاوه، یه‌کێک بێت لەو که‌سانه‌ی که له جه‌معییه‌تی ژیانه ونه‌کانی وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گدا ئه‌ندامێکی تازه بێت. به‌ڵام ئه‌م دوو پیاوه چۆن ده‌کرێ یه‌کتر ببینن تا سه‌باره‌ت به ژیانی دوێنی و ژیانی تازه‌ی یه‌کتری که‌مێک قسه بکه‌ن.
سێبه‌ری با
(کارلۆس ڕۆیز زافۆن) له ڕۆمانی (سێبه‌ری با)دا ئه‌و ده‌رفه‌تمان بۆ ده‌ره‌خسێنێ. له سێبه‌ری بادا کارلۆس (دانیاڵ)ی ته‌مه‌ن ده ساڵه به هاوکاری باوکی بانگده‌کاته یه‌کێک له کتێبخانه نهێنییه‌کانی شاری به‌رشه‌لۆنه‌وه. کتێبخانه‌یه‌ک که ته‌نها ئه‌و کتێبانه‌ی تێدایه که له‌بیر کراون. له‌سه‌ر داخوازی باوکی، دانیال ده‌بێ کتێبێک هه‌ڵببژێرێت و بۆ که‌سیش نه‌گێڕێته‌وه که خوێندوویه‌تیه‌وه. له ناو هه‌زاره‌ها کتێب‌دا، دانیال ڕۆمانی سێبه‌ری بای (ژولیان کاراکس) هه‌ڵده‌بژێرێ، کتێبی نووسه‌رێک که بیست ساڵێک له‌مه‌وپێش له به‌رشه‌لۆنه‌دا ژیاوه و به پێێ هه‌واڵه‌کان کوژراوه. به‌ڵام دانیالی ته‌مه‌ن ده ساڵ، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی سێبه‌ری بادا، سه‌رتاپای ژیانی ده‌گۆڕدرێت. به‌وه‌ی که چاره‌نووسی نووسه‌ره‌که‌ی چی لێهاتووه، دانیاڵ ده‌که‌و‌ێته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی ژولیان کاراکسی نووسه‌ری رۆمانه‌که. به‌ڵام سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که له سه‌فه‌ری گه‌ڕان به شوێن نهێنیه‌کانی ژولیانی نووسه‌ردا، ناو و ده‌موچاوه‌کانی ناو ڕۆمان، به ڕووخسار و ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانه‌وه له ژیانی ڕۆژانه‌ی دانیاڵدا ده‌رده‌که‌ون. له سێبه‌ری بادا، په‌ڵه‌وانه‌کانی ناو ڕۆمان، به بێ گرێ له نێوان تێکسته‌کان و له شه‌قامه‌کانی به‌رشه‌لۆنه‌دا له هاتوچۆدان. بۆیه به که‌ڵکوه‌رگرتن له ته‌کنیکی رۆمانی سێبه‌ری با، ده‌کرێ وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ له ناو لاپه‌ره‌کانی که‌شتی فریشته‌کانه‌وه بێته ده‌ر و له سووچێکی شاردا به بێ چاوانی پیاوانی ئاسایشی ئه‌مڕۆ، سه‌رکه‌وتی کوبه ببینێت. من هیچ ناکه‌م جگه له کردنه‌وه‌ی کتێبی که‌شتی فریشته‌کان، تا وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ له ناو دێره‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌وه بێته ده‌ر و وه‌ک نوێنه‌ری جه‌معییه‌تی ژیانه ونه‌کان، پێکه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتی کوبه بیروڕا بگۆڕنه‌وه.
گه‌ڕاندنه‌وه بۆ وته‌کانی سه‌رکه‌وتی کوبه له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا
" حیزبی كۆمۆنیست هه‌رچی بكات ده‌بێت به‌رانبه‌ر یه‌كێتیی بیكات، چونكه ئه‌وكاته من له‌ناو یه‌كێتییدا بووم‌و یه‌كێتیی لێی به‌رپرسه من لێی به‌رپرس نیم، سیاسه‌تی ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتیی ئه‌وه‌ی كردووه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه نییه‌و ته‌ئسیریشم لێناكات"
ئه‌م ده‌ربڕینه ده‌نگدانه‌وه‌ی قسه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌یه که به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و ئه‌ڵمانی و په‌شتوو له هه‌موو کونج و که‌له‌به‌ره‌کانی دنیادا ده‌کرێ بخوێنرێته‌وه. نزیکترین ده‌ربڕینی له‌م جۆره له دادگای سه‌رانی به‌عسدا، تا ئێستاش له گوێماندا ده‌زرنگێته‌وه. به کورتییه‌که‌یشی له‌وه‌دا چرده‌بێته‌وه که :"من ته‌نها جێبه‌جێکه‌ری فرمان بووم و به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی سه‌رچاوه‌ی بڕیاره نه‌ک من."
"هاننا ئارنیدت" کاتێک له دادگای ئادولف ئیشماندا ئاما‌ده ده‌بێت، ئه‌و پیاوه‌ی که به‌رپرسی "چاره‌سه‌ری کۆتایی" جووه‌کانه و له‌ژێر ده‌ستی ئه‌ودا هه‌زاره‌ها جوو ڕه‌وانه‌ی کووره‌ی ئینسانسووتاندنی نازیسته‌کان ده‌کرێن، لای ئه‌م پیاوه کاتێک هه‌ست به سزای ویژدان ده‌کرێت: "که نه‌یتوانیوه ملکه‌چی فرمان بێت."(3)
ئارنێدت ئه‌م ده‌رکەوتنه‌ی ده‌موچاوی شه‌یتان به‌م خوێنساردییه‌ی خۆیه‌وه که هه‌موو به‌رپرسیارێتی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که ئه‌و ته‌نها "عه‌بدێکی موتیع" بووه و به ته‌نها فرمانی جێبه‌جێکردووه، ناو ده‌نێت:" Banality of evil" که ڕه‌نگه خراپه‌کارییه‌کی زۆر ساده یان هیچ و پووچ وه‌رگێردرانێکی کاڵ و کرچی ده‌ربرێنه‌که‌ی ئه‌و بێت. دنیا چاوه‌ڕوانی ده‌رکه‌وتنی کابرایه‌کی سایکۆ یاخود نازیستێکی دڕنده‌ی به‌خوێنی ئینسان تینوو بوو له دادگایی‌کردنی ئیشماندا، به‌ڵام که‌سێکی دێته به‌رچاو که تاکه وه‌ڵامی ئه‌و بۆ ئه‌و هه‌موو ده‌موچاوه‌ی ده‌سووتێنرێن له "ملکه‌چی ئه‌و بۆ جێبه‌جێکردنی فرماندا" کۆده‌کاته‌وه.
له دادگای ئیشماندا، ئارنێدت بیرمان دێنێته‌وه که ئینسان بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی خراپ و درندانه‌یش پێویستی به‌وه نییه خوێنڕێژێکی پرۆفیشیناڵ بێت، به‌لکو ملکه‌چبوون بۆ جێبه‌جێکردنی فرمانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ستنه‌کردن به به‌رپرسیارێتی به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دی، ده‌کرێ هه‌زاره‌ها ئیشمان به‌رهه‌م بێنێت. ئه‌م تێروانینه بۆ گۆڕدرانی ئینسان بۆ که‌سێ که خراپه ئه‌نجامده‌دات به مه‌رجێ ملکه‌چی جێبه‌جیکردنی فرمان بێت بێ هیچ پرسیارکردنێک ، ده‌کرێ هاوکات له پراکتیکی به‌رێوه‌به‌ری باخچه‌ی ساوایاندا ده‌رکه‌وێت و لای جه‌للادێکی ژووه‌رکانی ده‌ستگای ئاسایشیش.
خاڵی جه‌وهه‌ری له وه‌ڵامی سه‌رکه‌وتی کوبه‌دا، رێک له وه‌لامی ئیشمان و ته‌واوی به‌رپرسه بالآكانی کرده‌وه‌ی خراپه‌کاریدا هه‌ر هه‌مان شته: "ئه‌وكاته من له‌ناو یه‌كێتییدا بووم‌و یه‌كێتیی لێی به‌رپرسه من لێی به‌رپرس نیم". به‌کورتییه‌که‌ی ئێمه ڕووبه‌ڕوی پیاوێکین که له‌سه‌ر کار سه‌رکه‌وتی کو‌به‌یه‌که و له ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌کانی ئاسایش‌دا که‌سێکی دیکه‌یه. ئه‌و ده‌کرێ هه‌مان کات گوێڕایه‌ڵێکی باشی فرمانه‌کانی سه‌ره‌وه بێت که خه‌لکی تیدا ده‌کوژرێ و باوکێکی میهره‌بانیش. له‌م دۆخه‌دا، ئیتر به‌رپرسیارێتی ئینسان و ئیراده‌ی ئازادا‌نه‌ی ئه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی پراکتیک و کاریگه‌ری ره‌فتاره‌کانی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌وانی دی، هیچ ئاسه‌وارێکی نامێنیته‌وه. ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی ئینسان به‌سه‌ر دوو که‌سایه‌تی جیاوازدا، کاتێک به که‌ماڵی خۆی ده‌گات که به‌رپرسیاریتی ئینسان له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا ده‌گاته خاڵی سفر. به زمانی که‌شتی فریشته‌کانی به‌ختیار عه‌لی، ترازانی فریشته‌که‌ی ناخی ئینسانه و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه‌تی له جه‌سته‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که ئه‌م فریشته‌یه‌تی.
به‌ڵام مه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌رکەوتی کوبه نییه بۆ یه‌ک له‌حزه‌یش بێت هه‌ست به بوونی فریشته‌که‌ی ناو ناخی خۆی ده‌کات و به‌شوین رزگارکردنی هه‌ندێک خه‌ڵکی تره‌وه‌یه تا بیانپارێزێ؟ مه‌گه‌ر ئه‌م قسانه شایه‌تی هه‌ست به بینینی فریشته‌ی ناخی خۆ نییه: "ناكرێت ئێمه له‌سلێمانی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بین‌و نه‌یاره‌كانمان به‌زه‌بری هێز لایه‌نگره‌كانمان بترسێنن" ئایا ئه‌م ده‌ربڕینه زاده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی نییه بۆ پیاوێک که له شوێنێکدا ملکه‌چی فرمانه و شه‌قێک له چه‌مکی به‌رپرسیارێتی ده‌دات له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا و له ئێستاشدا بڕیاره ئه‌و که‌سانه بپارێزێت که له‌چوارچێوه‌ی هاوکێشه سیاسیه‌کانی دوێنێدا ده‌کرا به‌ر گولله بدرانایه؟
سۆلژنیتسین له رۆمانی "کۆمه‌له دوورگه‌کانی گۆلاگ"دا ده‌نووسێ: "هێڵی نێوان چا‌که و خراپه به نێوان ئینسانه‌کاندا تێناپه‌ڕێ، به‌ڵکو ڕێک به دڵیان‌دا گووزه‌رده‌کات."(4) ئه‌گه‌ر کۆششی سه‌رکه‌وتی کوبه بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی چاکه‌یه که تیایدا گیانی گۆرانخوازه‌کانی هاوڕێی بپارێزێت، هێشتاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌م کرده‌وه‌یه‌یی زاده‌ی بینینی فریشته‌که‌ی ناو ناخی خۆ نییه که له نیوان دوو ڕیانی چا‌که و خراپه‌دا، رێگای چاکه‌ی پێهه‌ڵده‌بژێرێت. ئاخر بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌یه‌کی واهی، سنووره‌کانی نێوان چا‌که و خراپه بڕیار نه‌بوو به نێوان ئینسانه‌کاندا تێپه‌ڕێت. ئه‌ودیوی هێڵه‌که سه‌ر به به‌ره‌ی شه‌ڕه و ئه‌م دیویشی سه‌ر به به‌ره‌ی خێره. ئاخر هه‌ر هه‌مان میکانیزمه‌کانی ئه‌م دابه‌شکردنه‌ی سیاسه‌تی یه‌کێتیی بوو که سه‌رکه‌وتی کوبه وه‌ک به‌رپرسی ده‌ستگای ئاسایشه‌که‌ی کۆمۆنیسته‌کانی خسته ئه‌ودیوی سنووره‌کانی خێر و له به‌ره‌ی شه‌ردا ڕایگرتن و تیرۆری کردن.
سه‌رکه‌وتی کوبه له هه‌ڵبژاردنی رێگای چاکه‌کردنی ئه‌مجاره‌یدا، پاراستنی گیانی گۆڕانخوازه‌کان، هێشتا ملکه‌چی فرمانێکی دیکه‌ی سه‌ره‌وه‌یه و گوێڕایه‌لانه به‌بێ هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ک جیبه‌جێیده‌کات. ئه‌و له‌م ڕۆڵه تازه‌یه‌یدا که ده‌یه‌وێت وه‌ک که‌سێک ده‌رکه‌وێت که فریشته‌که‌ی ناو ناخی خۆی بینیوه، زیاتر له جه‌مشیدخانی ڕۆمانی (جه‌مشید خانی مامم که هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)نزیکده‌بێته‌وه. پیاوێک که به‌رجه‌سته‌ترین کاره‌کته‌ری ئه‌و له بێکاراکته‌ری ئه‌ودا خۆی ده‌رده‌خات. جه‌مشید خانێک که هه‌موو توانای خۆی ده‌خاته ئیختیاری ئه‌و هێزه‌وه‌ی که به‌کاریده‌هێنێت.
کۆتایی یه‌کتربینینی سه‌رکه‌وتی کوبه و وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ
به‌وه‌ی من ڕۆمانی که‌شتی فریشته‌کانم به‌کراوه‌یی به جێهێشتبوو، وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو لاپه‌ره‌کانی ڕۆمان و ده‌بێته‌وه به شێک له که‌سایه‌تی ناو کتێب. به‌ڵام به جیا له تاکه دێڕێک که له به‌رگی رۆمانه‌که‌دا به خه‌تی وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ وه‌ک په‌یامێک بۆ من جێهێڵرابوو، نازانم له ئاخاوتنه‌که‌ی نێوان ئه‌م دوو پیاوه‌دا، چی وتراوه. له به‌رگی کتێبه‌که‌ی به‌رده‌ستی مندا نووسراوه:" من باڵه‌کانی سه‌ر شانی سه‌رکه‌وتی کوبه ده‌بینم".
ده‌رکه‌وتنی باڵ به‌سه‌ر شانی ئینسانه‌کانه‌وه له ڕۆمانی که‌شتی فریشته‌کاندا، ئاماژه‌یه بۆ کۆششی ترازانی فریشته‌که‌ی ناخی ئینسان له خاوه‌نه‌که‌ی. کۆششێک که تیایدا فریشته‌که‌ی ناخی ئینسان ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌ی له ژیانی ئینسانه‌که‌دا نه‌ماوه و ده‌یه‌وێت بترازێت و خودکوژی بکات. ڕه‌نگه به زمانێکی ساده‌تر، خودکوژی فریشته‌که‌ی ناخی ئینسان، کۆتایی ئه‌و جه‌نگه ناوخۆییه‌ی ئینسان بێت که تیایدا شه‌یتانی ناخی ئینسان ده‌بێته سه‌روه‌ری ناخی ئه‌و. ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا که‌سانێک باڵ به‌سه‌ر شانی سه‌رکه‌وتی کوبه‌وه ده‌بینن، له‌وه‌دایه که ئه‌م پیاوه به‌وه‌ڵامی (من ته‌نها جێبه‌جێکه‌ری فرمان بووم و به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی سه‌رچاوه‌ی بڕیاره نه‌ک من) چه‌قۆیه‌کی تیژ له ویژدانی خۆی ده‌دات و فریشته‌که‌ی ناخی خۆی ده‌کوژێت.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و فریشته
له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، ئومێدێکی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریی له دایک ده‌بێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه سیاسییه‌ی له کوردستاندا هه‌یه. ئومێدی پێکهێنانی ئاڵ‌وگۆڕێک. ئه‌وه‌ی ئه‌م ئومێده ڕۆژبه‌ڕۆژ له ڕه‌وینه‌وه‌دایه ، جێگای تێڕامانی ئێستای من نییه. هێند هه‌یه بڕوا بوون به‌م ئومێده بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی تا ئێستاش پێیانوایه بزووتنه‌وه‌ی گۆران هه‌ڵگری ئه‌م خه‌ونه‌یه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌کاته فریشته‌یه‌کی ڕزگارکه‌ر. ڕه‌نگه له مێژووی تازه‌ی کوردستاندا و له ژێر حوکمڕانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتیدا، هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌ک به قه‌د گۆڕان، که‌ڵکی له سیحر و سیماکانی فریشته وه‌رنه‌گرتبێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تانێ یه‌کێک له به‌رپرسه باڵانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه خه‌ریکی کوشتنی فریشته‌که‌ی ناخی خۆیه‌تی و وه‌ک ئاماژه‌یه‌کیش باڵه‌کانی فریشته‌که‌ی له ئان و ساتی ترازاندنی خۆیدایه. به‌ڵام بۆچی که‌سێک جورئه‌تی ئه‌وه ناکات بڵێ:" سه‌رکه‌وتی کوبه! من باڵه‌کانت ده‌بینم"
درکاندنی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه له لایه‌ن گۆرانخوازێکه‌وه، سه‌رمایه‌یه‌کی ڕه‌مزی گه‌وره بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه په‌یدا ده‌کات که ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌مڕۆیدا، له هه‌موو ساتێکی تر زیاتر پێویستی پێیه‌تی. تا هیچ نه‌بێ فریشته‌یه‌ک که له خه‌یاڵ و ئه‌فسانه و تێکسته ئه‌ده‌بی و ئاینییه‌کاندا بۆی گه‌ڕاوین، له واقیعدا، ڕووخساری خۆیمان پیشانبات. من چاوه‌ڕوانیم له ژماره‌یه‌کی زۆری لایه‌نگرانی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆران هه‌یه ئه‌و وشانه بدرکێنن.
2. به‌ختیار عه‌لی که‌شتی فریشیه‌کان بڵاوکراوه‌کانی ئه‌ندێشه 2012
3. Erik Bodin och Niclas Andersson ، Perspektiv på ondska ، Umeå Universitet, Sociologiska Institutionen, 2010 sid 11
4. Anna Hebberlein, Det var inte mitt fel, Ica Bokförlag 2008 sid 91