سازدانى: ئەفشین غوڵامى
 
ئەفشین غوڵامى: تا ڕادەیەکى بەرچاو ئەوەى بەدى دەکرێت، لە وەسەتى ئەدەبیاتى کوردیدا بەگشتى و لەباشووریشدا بەتایبەت، جۆرێک لە هێرشکردنى شەخسى و پرۆسەى ناشیرینکردنى بەردەوام هەیە بۆ نووسەرە جدییەکانى، ئیتر بەناوى ڕاستەقینە یان خوازراوەوە لە ڕێى سایت و فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یان بەشێوازى تر؟
 
یوسف عزەدین: لەجێى وەڵامى ڕاستەوخۆ، حیکایەتى کەسایەتییەکى واقیعیت بۆ دەگێڕمەوە کەناوى "تیۆدۆر لینت" بووە، ئەم زاتە هیچ بەهرەیەکى بۆ ناوبانگ و خۆدەرخستن نەبووە و هەمیشە زانیویەتى لە دنیاى کەسە ناسراوەکاندا هیچە! بۆیە لە پێناو خۆدەرخستندا چووە ئافرەتێکى ڕمووزنى تیسکنى زیاتر لەئاژەڵچووى بەناوى "جولیا باسترانا" دۆزیوەتەوە و کردوویەتییە هاوسەرى خۆى و بەم هۆیەشەوە توانیویەتى لە هەموو سێرکەکانى دنیادا ژنەکەى خۆى نمایش بکات، نەک بۆ ئەوەى ئەو بناسێنێت بەڵکو بۆ ئەوەى خەڵک خۆى بناسن و لەم رێیەوە بەناوبانگ بێت.. بەمەشەوە نەوەستاوە لەم ڕمووزنە سەیرە منداڵێکى هاوشێوەى دایکەکەى لێ دەبێت و بۆ بەدبەختى هەر کە لەدایک دەبێت منداڵەکە دەمرێت و پاش پێنج رۆژیش ژنەکەى دەمرێت. .ئیدى "تیۆدۆر لینت" لەجێى ئەوەى بیانێژێت هەردووکیان مۆمیا دەکات و لەنێو تابووتێکى شووشەیدا و لەپشتى عەرەبانەیەکدا هەموو کوچە و کۆڵانەکانى ئۆرووپایان دەگەڕێنێت.. دواجار ئەم پیاوە هاوشێوەیەکى ترى ژنەکەى پێشووى دەدۆزێتەوە و ئەویش مارە دەکات و هەمان کارى ئەوەى پێشترى پێ دەکات، ئیتر لەخاڵێکدا ئەم پیاوە پاش ناسران و ناوبانگ دەرکردنى شێت دەبێت و دەخرێتە شێتخانەوەو تا مردنى لەساڵى 1884دا تێیدا دەمێنێتەوە.
کارى ئەم کەسە نەخۆشانەى لاى خۆشمان کەحیکایەتى هەڵبەستراو و قسەى ناشیرین دەرحەق بەکەسە بەتواناکان دەکەن.. بابەت یان کۆمێنت لەژێر بابەتى سایتەکان و فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یان بەشێوازى تر بڵاودەکەنەوە، نەک هەر لەکارەکەى "تیۆدۆر لینت" دەچێت، بەڵکو ئەوەى ئەو تێپەڕدەکەن، چونکە ئەوەى ئەو مەعسوومانەو بێ زیان بووە، لەڕێیەکى شەرعییەوە ژنى هێناوەو ئافرەتە رمووزنە تیسکنەکەى خۆشى کردۆتە هۆکارى خۆدەرخستن و ناسرانى... بەڵام ئەوانەى لاى ئێمە، رێچکەو رێگەى وا ناپاکانە بەکاردەهێنن، پێناچێت لەفەرهەنگى کارە خراپەکانى ئیبلیس-یشدا جێى بێتەوە.
 
ئەفشین غوڵامى: خاتوو"بوشرا کەسنەزانى" لەدیراسەیەکیدا بەناوى"کاراکتەر لەچیرۆک و رۆمانى پاش راپەڕیندا" کەلەژمارە40-41ى گۆڤارى هەنار-دا بڵاوبۆتەوەو لەلاپەڕە 31دا دەڵێت:( یوسف عزەدین لەڕێگاى سەلمانى ناسراوەوە چەندین سەلمانى گەردانکراوى دیکە دەخوڵقێنێت و بەزەمەندا پەخشیان دەکات و شوێنیان دەگۆڕێت.. ئەگەرچى ئەم سەلمانانە دواجار یاخى نابن لەیەکە وێنەى سەلمانە ڕەسەنەکە "هەرچەند لەلایەن خودى نووسەرەوە گۆڕاوە" بەهەموویان یەک ماجەرا و ڕووداو دروست دەکەن وەک لە ناونیشانەکەشیەوە دیارە"ماجەراکانى سەلمانى فارسى" نەک"ماجەراکانى سەلمانەکان".. ماجەرا کراوە بەکۆ و سەلمان هەمان سەلمانە، ڕووداو وادەکات وێنەکان بگۆڕێن) ئەوە جگە لەوەى لەدرێژەى دیراسەکەیدا شتى زۆر گرنگترى دەربارەى ڕۆمانەکانتان وتووە.. ئێوە ڕاتان چییە؟
 
یوسف عزەدین: بێگوومان خاوەن خوێندنەوەو دیراسەکان دەرحەق بەتێکستە جۆراو جۆرەکان هەمیشە ئازادن لەخوێندنەوە و چۆنیەتى تێروانین و  دواتریش خستەڕووى ئەو دنیایەى کە کەشفى دەکەن، بەو چەشنەى کە مەبەستیانە.
 
ئەفشین غوڵامى: ئەى خۆتان چۆن دەڕواننە ناونانى کاراکتەرى ڕۆمانەکانتان؟
 
یوسف عزەدین: هەموو جۆرە مامەڵە و ناونانێکى ناوى کاراکتەر، هێندەى ئەوەى شیاو و دروستە هێندەش جێگەى پرسیارە؟ دەشکرێت کاراکتەر هەر ناونەنرێت! هەروەک چۆن "بلزاک" کاراکتەرى یەکێک لەکارە سەرەکییەکانى ناو نانێت و تا کۆتا بە"سفرى کۆمەڵایەتى" لە کاراکتەرەکانى دیکەى جیا دەکاتەوە.
 
ئەفشین غوڵامى: هۆکارى بینینەوەى بێهوودەیى لە سەرجەم ڕۆمانەکانتاندا چییە؟
 
یوسف عزەدین: هەردەم بێهوودەیى بوونمان لە ژیان سەرجەم پێودانگەکان تێپەڕ دەکات و ڕەنگە هەر ئەمەش یەکێک بێت لە هۆکارەکانى ڕانەوەستانمان لە ئاست تەقلیدییەتى تان و پۆ و ئەتمۆسفێر و کیمیاى خوڵقاندنى ماجەراکان.. ئەو ماجەرایانەى چەند پەیوەست بێت بەژیانەوە هێندە ڕۆچوونە بۆ نێو قووڵاییە واقیعى و غەیبییەکانى مەرگەوە. ئیدى ئەوە ئێمە خۆمانین لەیادەوەرییەکانى خۆمانداو یان ئەوانن لەیادەوەرییەکانى ئێمەداو ئێمەین لەیادەوەرییەکانى ئەواندا.. ئەى ئاخۆ بەدەر لەیادەوەرى یان ئەو دیوى یادەوەرییەکان هیچ هەیە؟ ئەى کەنەبوو چ عەبەسێکە نووسینەوەى هەموو ئەوەى کەدەینووسینەوە!
 
ئەفشین غوڵامى: خوێندنەوەو نووسین، کامیان زیاتر کاتتان داگیردەکات و ئەهمیەتى سەرەکى دەدەنێ؟
 
یوسف عزەدین: بێگوومان خوێندنەوە و هەر لە منداڵییەوە ئەمە پیشەو کارێکى بەردەوامى ڕۆژانەمە و ناتوانم دەستبەردارى بم.
 
ئەفشین غوڵامى: هەر بۆیە کەمتر دەنووسن، هەن لە نەوەى خۆتان زۆر زیاتریان لە ئێوە نووسیوە و تەنانەت هەیانە ڕۆژانە لێرەو لەوێ شتێک بڵاودەکاتەوە؟
 
یوسف عزەدین: ئاساییەو دەشێت.. ئیدى هەر کەس ئازادە، بەڵام خودى ئەو کردەى نووسینە خوڵقێنەرانەى تێکستى زیندوو دەهێنێتە بوون، شتێکى ترە!
 
ئەفشین غوڵامى: دیالۆگ لەڕۆماندا دەبێت چۆن بێت؟
 
یوسف عزەدین: واباشە دیالۆگ لەو چەشنە بێت کە"بیکیت" لە تێکستەکانیدا بەکاریهێناوە.. هەرچەند سادەو ساکار دێتە پێشچاو، بەڵام بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە.. یان وا باشە لەو چەشنە بێت کە "هێرمان هیسە" لە ڕۆمانى "کنۆڵب"دا بەکاریهێناوە.. هەر بۆ نموونە بڕوانە لە کۆتایى ڕۆمانەکەدا دەنگێکى غەیبى دەڵێت: "نەدەکرا بەشێوەیەکى جیاوازتر لەمە بەکارتان بهێنم".. هەر بەمەش جارێکى تر دەچینەوە نێو نەهامەتییەکانى ژیانى کەسایەتییەکە و داخڵ بە ڕۆمانەکە دەبینەوە.
 
ئەفشین غوڵامى: ڕۆمان چى پێ دەکرێت؟
 
یوسف عزەدین: ڕەنگە لە ڕووە عەمەلییەکەوە هیچى پێ نەکرێت، بەڵام لە ڕوویەکى ترەوە دەکرێت هەندێک شتى پێ بکرێت، وەک تەفکیکى بونیادى کۆمەڵایەتى و کولتوورى و فیکرى و سیاسى ئەمەش لە ڕێى زمانەوە وەک ئۆرگانێکى پێکهێنانى سەرەکى ڕۆمان.. بەتێپەڕبوونى بەگەمەکردنێکى مەجازیدا کە دەشێت پاڵنەر بێت بۆ هەوڵدانمان، بۆ کەشفکردن و گوتنى ئەو شتانەى کە ڕاستەوخۆ گوتنیان ڕێگر دەبێت لە بەردەم ڕۆچوونمان بۆ نێو قووڵاییەکان.
 
ئەفشین غوڵامى: درێژى و کورتى ڕۆمان چ کاریگەرییەکى هەیە؟
 
یوسف عزەدین: پێدەچێت کاریگەرییەکى ئەوتۆى نەبێت.. گرنک ئەو ئەندازەکارییە سەرد-ییەیە کە فەزایەکى ئازادانەى دینامیکیانە دەخووڵقێنێت.
ئەگەر مەبەستیشتان کاریگەرى لەسەر خوێنەر بێت، ئەوە ڕەنگە ڕۆمانە کورتەکان کاریگەرییان زیاتر بێت، بۆ نموونە رۆمانى"کنۆڵب"ى "هێرمان هیسە" یەکێکە لە ڕۆمانە کورتە جوانەکان. 
 
ئەفشین غوڵامى: چەند پاڵەوانى ئیجابى لە ڕۆمانەکانتاندا بوونى هەیە و کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکان چییە؟
 
یوسف عزەدین: لە ئێستاى دنیادا پێناچێت شوێنێک بۆ پاڵەوانى ئیجابى و تەقلیدى مابێتەوە. .ئەوەى هەیە"ئەنتى هیرۆ"یە و سیفاتى پاڵەوانە ئیجابییە تەقلیدییەکانى جارانى نییە.
 
ئەفشین غوڵامى: سوپاس بۆ ئەم کورتە گفتوگۆیەو وەڵامەکانتان.
 
یوسف عزەدین: سوپاس بۆ ئێوەش.
 
--------------------
سەرنج: لەسایتى کوردپرێس بڵاوبۆتەوە.