دڵم به ماچی کچێکی عه‌یار ده‌فرۆشم
چاوم به نیگایه‌کی ساده‌و بێ فێڵی منداڵێك
سنگم به چه‌پکێك گوڵی خه‌مناك
ده‌سته‌کانم به باخی ئه‌و سێوانه‌ی
له حه‌ژمه‌تی نه‌ڕنیندا یه‌کدی ماچ ده‌که‌ن
قاچه‌کانم به پیاسه‌یه‌كی نیوه‌شه‌وی ژێر باران
هه‌موو هه‌ناسه‌کانم ده‌ده‌م بۆ هه‌ناسه‌یه‌ك
له سنگی کچێکی نه‌شمیلانه‌وه بێته ده‌رێ
هه‌ڕاج .. وه‌ره من بۆ خۆت بکڕه
بۆ خۆت بمبه
تۆ نازانیت که به‌بێ تۆ و
له‌گه‌ڵ تۆ .. من هه‌ر نامێنم
من ته‌واو ده‌بم
فریا بکه‌وه
به‌شی عومرێك وشه‌ی ناسك
له باخی شیعرم بچنه‌وه ..
فریا بکه‌وه
هه‌تا ماوم وه‌ره
هه‌تا عیشقم وه‌کو مانگه‌شه‌و
له شه‌وگاری پرچهکهتدا تریفه ده‌به‌خشێته‌وه
هه‌تا دڵم له ده‌ریای چاوه‌کانتدا
دوا شه‌پۆلی نه‌داوه
فریا بکه‌وه
وه‌ره سنگی پڕ پشکۆم به پرچه‌که‌ت باوه‌شێن بکه
کڵپه‌ی عیشق ببینه ..
به شاری غه‌ریبیی دڵمدا پیاسه‌یه‌ك بکه
سه‌رێك بکه به گه‌له‌رییه‌کانی ئازاردا
بڕوانه له تابلۆی ئیحساسم
چوارچێوه‌ی به‌دبه‌ختیم تۆزی لێنیشتوه
به نیگایه‌کی شه‌رمنت
ده‌قی شێتیم بشکێنه و
فڕێمبده بیابانه دووره‌کان
با بڕۆمه ده‌شت و کۆساران
با ئیدی من نه‌بم لێره .. لای ئه‌م ڕستانه
که برینی عیشق نوێ ده‌که‌نه‌وه
سه‌رێك بده له مۆزه‌خانه‌ی وجودم
عیشقی پاکم به باوه‌شێك هه‌ڵبگره‌وه بۆ خۆت
نیگاکانم هه‌ر هه‌مووی به تیلێکی چاو ده‌فرۆشم
که بزه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ بێت ..
خۆشه‌ویستیم به سهڵاوێك بکڕه
که پڕ بێت له هه‌ستی کچێك
له سه‌ده‌فی رۆحی شاعیرێك بۆ مرواری عیشق بگه‌ڕێت
ئاینده‌م هه‌رزانه بۆ نایبهتهوه؟
به چرپه‌یه‌کت ده‌یده‌م
ئێستام هی تۆیه و کڕیوته
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره
دوێنێم بده‌ره‌وه نایفرۆشم
گۆڕیمه‌وه به خه‌یاڵی عیشقت که وانه‌بوو
منداڵیم زۆر نابوده ده‌ستی مه‌ده‌رێ به که‌ڵك نایات
ژیانم به خۆڕاییه
ئه‌گه‌ر مردنێك شك ده‌به‌یت به قه‌رز
ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ عه‌ده‌م
له‌وێ بۆ ژیانێکی دیکه خۆم ساز بکه‌م
ژیانێك مرۆڤی تیا نه‌بێت و عیشق
چه‌کی تیا نه‌بێت و وڵات
تۆی تیا نه‌بیت و شێتبوون
تاعونی شێتییه عیشقی تۆ
هه‌ر که‌س وه‌کو من تۆی ناسی
شێتییه‌ك له وجودیدا تا ئه‌به‌د دانیشتوه
به‌یانیان گۆرانی ده‌ڵێت
ئێواران ده‌گری
شه‌وان پیاسه‌ی ناوه‌خت ده‌کات
شێتیم هی تۆیه
ده‌توانی بیبه‌یته‌وه و ده‌ستبه‌رداری دڵم بیت
بهێڵه با بخه‌وم شه‌وێك زیاتر نا
بهێڵه بژیم ئاسایی ڕۆژێك زیاتر نا
یه‌ك شه‌و خه‌وم ده‌وێت
یه‌ك ڕۆژ ژیان
یه‌ك چرکه شادی
یه‌ك هه‌ناسه تۆ
هه‌ڕاج .. هه‌رچیم هه‌یه هه‌ڕاج