زەمبیلەیەك لەو تنۆكە ئاوە دەدرەوشێتەوە
وەك ئەوەی گەڵا سەوزەكان خۆیان لە بێهودەیی پرتقاڵ بخشێنن
چۆلەكەكانیش بە ماندوێتی دەڵێن: زەردەخەنە
تا ئێرە من لە شەقەی ماچ گوڵ دەچنم
لە زەردەخەنەی لێوی گەڵا
دەرژێمە زەمبیلەكانی سێبەر
گوڵەكانی باران دەژمێرم ئەوانەی
چۆلەكەكان لەبیریان كرد
من بە هەتاویان دەسپێرم
كێ‌ بە قەد مەمكە خرەكانی ئێواران
حەزیان لە بێدەنگی لمە
كێ‌ وەك شەپۆلەكانی گوڵەباخ
حەز لە لیمۆی بەیان دەسوون
كێ‌
ئەو تابلۆیانە لە خەونی منداڵان دەبنە هەور
لە پەنجەرەكان پایز
شایستەترین دەلاقە لەڕووی پەپوولەكان گوڵن
لەبەر هەتاو ئاواز
لە باڵەخانەی شۆخەكان گەڕانەوە
لە خەڵوەتدا پەری
من لەنێوان هەموویان ئاسمانێكی رووت بۆ سەفەر
بە دەریا دەسپێرم
چەشنی لاولاوە
دەئاڵێمە پەنجەی نەرمی باران
ئەوە قسەیەكە لە تەك بێدەنگی بەربۆتەوە قەراغ هەتاو
(با)ش جولەكانی هەتاو شیرینتر دەكات
كوڵمی گەڵاكان بە گەمە سوور هەڵدەگەڕێنێ‌
من خۆم لە بزەی سێبەر بەتاڵ دەكەمەوە
عاشقەكان لەو گەمەیە وەڕس دەبن
بەڵام لە دواین وانەی (با) دڵم پتر بە كۆترەكان سووتا
لە یەكەم وانەی هەتاو
منداڵانە گاڵتە بە پیتەكان دەكەم
پیتەكان بەلاری دەڕۆن
منداڵەكان وەك قوتابخانە بە پیتەكان پێدەكەن
بەڵام چۆلەكەكان رۆیشتبوون لە پاشاندا منداڵەكان
چەند ساتێك لە یەكتر رامان
كە سەیریان كرد پیتەكان بوونە پەپوولە
پەپوولەكان
ماسییانە لەگەڵ شەپۆلان پەنجەیان دەخستە قژی ئاوێنەكان
ئەو لەنجەیە بەچی دەگات
كۆترەكان ئەوەیان نەگوت
لیمۆكان هەرگیز ئەوەیان پەسەند نەبوو
قسەیەك دەكرێ‌
پڕ بە زەمبیلەیەك ئاو
لە دەمی گوڵەكان خوناو
بەسەر سێبەری مەمكدا دەتكێ‌
بەڵام من لە قەراغ سەراب ئارامیم دەدۆزمەوە
دایكم نانی بێهودەیی دەجوێ‌
لە بێ‌ بەزەیی من گەڵا سووتاوەكان گوتیان رەنگە پێشنیارەكانی گوڵ
لەبەر دەمی پەپولەدا چاو لە هەتاو نەتروكێنێ‌
رەنگە سێبەری پیتەكان لە لێوی با منداڵانە بەرد لە پەنجەرەی ئاو بگرن
دەكرێ‌ كۆترەكان لە لەنجەی ماسییەكان نیگەران نەبن
لەوانەیە درەنگتر لە پایز خۆیان بە درەخت هەڵبواسن
درەنگتر لە ئاو
بمرن.
 
 
لە كۆمەڵ شیعری "سێبەری ئاو"
چاپی یەكەم/ هەولێر 1995