دیسان هاتمه‌وه‌
دیسان هاتمه‌وه‌تا چێڕۆكێكتان بۆ بگێڕمه‌وه‌
منم ده‌ریا
دیسان ده‌یگێڕمه‌وه‌
چیڕۆكی ئه‌و تاوانه‌ی له‌خۆیدا خنكا و دووباره‌ ژیایه‌وه‌
له‌ حه‌زه‌ببوونی دووباره‌ی تاواندا 
تاریكی به‌گژ مێهره‌بانییدا هاته‌وه‌
نازانم هه‌تا كه‌ی
ده‌ریا له‌ خۆیدا بخنكێ و 
چه‌م ئۆخه‌ێ نێــیه‌تێ
هێنده‌ باسی چه‌تر و ماچ كرا 
باران بوو به‌ په‌یكه‌ره‌ی ڕووناكی و 
هه‌ر له‌ زگی هه‌وردا مایه‌وه‌
هه‌وریش........
ئیتر نازانم چی لێ هات
چه‌تر و په‌نجه‌ره‌ و ماچ 
چیتر ڕێك ناكه‌ون
بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی گه‌ڵازه‌رده‌كانی پاییز
گوێ بگرن گوێ 
له‌ ویشكبوونی دووباره‌ و هه‌زارباره‌ی دارستاندا
چیتر داره‌كان نابن به‌ تابووت یان به‌ سێداره‌
ئاخر له‌ خواردن مانیان گرتبوو.
چاك نابێته‌وه‌
به‌ ڕووناكی كراسی باران و جلی به‌هار
ئاخ چه‌تر...
بۆ شه‌رم ناتگرێ
هێنده‌ ماچت پاراست له‌ ته‌ڕبوون
بارانت له‌بیر چۆوه‌
ئاخ په‌نجه‌ره‌...
بۆ شه‌رم ناتگرێ
هێنده ژیر بووی له‌ خۆتدا
چاوه‌ڕوانیت له‌بیر چۆوه‌
ئاخ ده‌ریا چه‌ند ڕووسووری  
هه‌موو ڕۆژێ 
شه‌پۆله‌كانت ده‌ستێ به‌ زولفی باراندا دێنن
چاوانی ئاسمان كلڕێژ ده‌كه‌ن
سه‌یركه‌ن 
چوار میوان هاتن
 بوون به‌ میوانی ده‌ریا
هه‌ریه‌ك شێعرێ به‌ ده‌سته‌وه‌
یه‌كه‌میان... هه‌ر كه‌ بوو به‌ به‌هار
زستان سه‌ری خاكه‌لێوه‌ی بڕی و هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی
هه‌موو چاوكه‌ژاڵانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ناشترا
دووهه‌میان ... پێش ئه‌وه‌ی ببێ به‌ میوانی ده‌ریا
پێیان كوتبوو:
تۆ شاعیر نیت
سێهه‌میان... له‌ گۆێزه‌بانه‌ی وشه‌كاندا
له‌ وه‌زن و مۆسیقا ده‌گه‌ڕا
چه‌ند نێو تۆمار كرا
به‌ڵام ...مخابن
پێش ئه‌وه‌ی ببێ به‌ كچی دایكی
به‌ هۆی نه‌خۆشی ته‌نگه‌نه‌فه‌س كۆچی دوایی كرد
چواره‌میان ڕێگایه‌كی دووری پێواوه‌
ئێستاش ماوه‌یێكه‌ هه‌ر میوانه‌ و
بۆته‌ به‌شێك له‌ ده‌ریا
ده‌ریاش ئاوا كۆتایی به‌م چیڕۆكه‌ هێنا:
هه‌موو داوه‌ڵێك ڕۆژێك مێشكی بۆگه‌ن ده‌بێ له‌ ژێر هه‌ڵپه‌ڕكێی باران