جه‌نابی سه‌رۆك: ده‌کرێ سه‌رده‌شتێکی دیکه وه‌ک کوڕی خۆتان قبوڵکهن؟
www.bakerahmed.se
سه‌رده‌شت عوسمان به چه‌ند وتارێکی کورته‌وه خۆی له مێژووی ئازادی ڕاده‌ربڕیندا وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌خشاوه نه‌خشاند. که‌م که‌س شانسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵده‌که‌وێت به که‌مترین به‌رهه‌م، هێنده خوێنه‌ر بۆ خۆی په‌یدا بکات و ببێته خۆشه‌ویستی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
به‌ڵام سه‌رنجدانی هه‌ردوو وتاری " من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم" و "نه سه‌رۆک خوایه و نه کچه‌که‌ی"، هه‌ستده‌کرێت هه‌ندێک لایه‌نی ناڕۆشن له‌م وتارانه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه که ده‌بێ تیشکی بخرێته‌سه‌ر. هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه ده‌بوایه سه‌رۆک و له‌شکری پارێزه‌رانی سه‌رۆک، خه‌ڵاتی نووسه‌رییان بکردایه، نه‌ک تێرۆرکردنی.
هۆکاری خه‌ڵاتکردنی سه‌رۆک بۆ سه‌رده‌شت له‌وه‌دایه که په‌یامی هه‌ردوو وتاری ناوبراو، شۆڕشگێڕییه‌کی زۆر گه‌وره و سه‌رسوڕهێنه‌ری تیدا نییه تا ئینسان له‌سه‌ری بکوژرێت. ته‌نانه‌ت بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم و ئه‌و حزبه‌ی سه‌رۆک نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات. هه‌ڵبژاردنی چه‌مکی شۆڕشگێڕێتی له‌لای من، به مانای که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆحه چاونه‌ترس و شۆڕشگێره‌ی سه‌رده‌شت نییه که له مه‌مله‌که‌تی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکدا ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێ و داوای ده‌ستی کچه‌که‌ی سه‌رۆک ده‌کات. له هه‌لومه‌رجێکدا که که‌س ناوێرێ، قسه‌یه‌کی به‌رز و نزم له به‌رانبه‌ر سه‌رۆک و حزبه‌که‌ی ئه‌ودا بدرکێنێ تا ده‌یه‌ها حساب و کیتاب بۆ ئه‌وه نه‌کات که ئایا گیانی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه یاخود نا. من لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌و ڕۆحه شۆڕشگێره نییه که له سه‌رده‌شتدا به‌رجه‌سته‌یه و ئه‌وه ده‌ڵێ که که‌س ناوێرێ بیدرکێنێ ، به تایبه‌تی له هه‌ولێردا. به‌ڵکو مه‌به‌ست له شۆڕشگێڕێتی له ناوه‌ڕۆکی پهیامێکدایه که داوای ده‌ستی کچی سه‌رۆک، پاش وردبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر له مانا شاراوه‌کانی ئه‌م داخوازییه و ئه‌و ده‌رئه‌نجامه سیاسییانه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه، هیچ شتێکی دیکه‌مان پێ ناڵێ جگه له ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر ساده‌یی دیموکراتییانه له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک. جه‌خت له ڕه‌خنه‌یه‌کی دیموکراسییانه ده‌که‌مه‌وه نه‌ک ره‌خنه‌یه‌کی شۆڕشگێرانه که سه‌رتاپای سیسته‌م ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
با پێکه‌وه سه‌رنجێکی ئه‌م دوو وتاره بده‌ین و بزانین ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک بۆچی ره‌خنه‌یه‌کی ساده‌ی دیموکراسییانهش قبوڵناکات، نه‌ک ره‌خنه‌یه‌کی شۆڕشگێرانه که ده‌کرێ زه‌ربێک به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکا بێنێت.
له وتاری "من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم" نووسه‌ر به شوین خه‌یالێکی ساده‌وه‌یه. ده‌یه‌وێت وه‌ک هاوڵاتییه‌کی ساده‌ی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ی سه‌رۆک سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات، ببێته کوڕی ئه‌و و ده‌ستی کچه‌که‌ی ئه‌و بخوازێت.
کاتێک کاردانه‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی، ده‌که‌ونه ته‌قاندنی وشه‌ی گڕدار، سه‌رده‌شت به وتاری " نه سه‌رۆک خوایه ونه کچه‌که‌ی"، ناوه‌ڕۆکی په‌یامی وتاره‌که‌ی ئاشکراده‌کات.
مه‌گه‌ر منێکی گه‌نجی کۆمه‌ڵگای کوردستان مافی خێزان پێکهێنانم نییه له‌گه‌ڵ کچی سه‌رۆکدا که که‌س نازانێ شێوه‌ی چۆنه؟
وه‌ڵامی سه‌رۆک و داروده‌سته تفهنچییهکهی، به نه‌خێره. بۆیه سه‌رده‌شت تێرۆر ده‌کرێت.
به‌ڵام سه‌رده‌شت سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه سه‌رۆک خوایه و نه کچه‌که‌یشی، بۆیه شێلگیرانه له‌سه‌ر تێزی خودانه‌بوونی سه‌رۆک کارده‌کات.
سه‌رده‌شت نییه‌تێکی خراپی نییه، ئه‌و هیچ مه‌به‌ستێکی شاراوه و نهێنی له پشتی وشه‌کانییه‌وه دانه‌ناوه تا بڵێی" معنی الشعر فی قلب الشاعر".
به‌ڵام سه‌رده‌شت فێل له خۆی ناکات و ده‌شزانێ که سه‌رۆک خودایه. ئه‌و خوایه‌که و ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌کانی خوایه‌تی له خۆیدا کۆکردۆته‌وه. سه‌رۆک خودای زه‌مه‌نی گلۆبالیزه‌یشنه که تۆڕه‌کانی نێت و ماڵه ئاسمانییه‌کانی سه‌ته‌لایت و ڕادیۆو گۆڤاره بێ ئه‌ژماره‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی شوێنی کتێبی پیرۆز و جوبرائیل و ئه‌سحابه‌کانی بۆ گرتۆته‌وه.
سه‌رۆک توانای وه‌رگرتنه‌وه‌ی ژیانی له ڕه‌عییه‌ته‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ته‌نانه‌ت نانی ئه‌وانیش.
سه‌رۆک له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵات و شکۆیه‌ی بهدهوریهوهیهتی، بووه‌ته ئینسانێکی خودایی و له‌وه که‌تووه ئینسانێکی دنیایی بێت.
سه‌رده‌شت و سه‌رده‌شته‌کانی دیکه‌ی کوردستان هه‌ست به‌م دابڕانه گه‌وره‌یه‌ی نێوان خۆیان و سه‌رۆک ده‌که‌ن. ئه‌و له‌سه‌ره‌وه و ئه‌مان له خواره‌وه. ئه‌و خودا وئه‌مانیش عه‌بدی خودا.
به‌ڵام سه‌رده‌شت به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه که سه‌رۆک ببێته‌وه به ئینسانێکی دنیایی و خه‌سڵه‌تی سه‌رو ئه‌رزی له سه‌رۆک وه‌ربگرێته‌وه و بیکاته‌وه به ئینسانێکی سه‌رئه‌رزی. واتا له کائینێکی خوداییه‌وه بیکاته‌وه به کائینێکی ئینسانی.
داوای ده‌ستی کچی سه‌رۆک ئه‌و که‌ناڵه‌یه که ئه‌م پرۆسه‌ی به ئینسانیبوونهوهی سه‌رۆکی پیا تێده‌په‌ڕێت. ئاخر سه‌رده‌شت ده‌یه‌وێت، ببێته کووڕی سه‌رۆک. هه‌روه‌ک چۆن له زمانی کوردی‌دا، زاوا وه‌ک کوڕێکی دیکه‌ی باوکی کچه سه‌رنجی ده‌درێتێ: "هاتووین سه‌رده‌شتمان بۆ بکه‌نه کوڕی خۆتان"، ده‌ربڕینێکی ساده‌ی کوردهوارییانهیه له پرۆسه‌ی ژنوژنخوازیدا ناو ده‌هێنرێت.
هه‌موو کۆششی سه‌رده‌شت له‌م وتاره‌دا ئه‌وه‌یه که به‌سه‌رۆک بڵێ: زه‌ماوه‌ندی من و کچه‌که‌ی تۆ، ڕزگارت ده‌کات له‌و مه‌سافه گه‌ورانه‌ی که که‌وتۆته نێوان تۆ و ئێمه‌وه و. تۆش ده‌کاته‌وه به به‌شێک له ئێمه. تۆ کاتێک منت وه‌ک کوڕی خۆت قبوڵ کرد، ئه‌وسا ده‌بیته باوکی میلله‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ستی ده‌ده‌یت، خوایه‌تییه. ئاخر خوداوه‌ند له جنسی به‌شه‌ر نییه و ناتوانێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌ردا بژی.
گرفتی گه‌وری بێمتمانه‌یی هاوڵاتییان له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ته‌نها له‌م شوێنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که ڕۆژ به ڕۆژ مه‌سافه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و هاوڵاتییان له درێژبوونهوهدایه. ئه‌وان له‌سه‌ره‌وه و ئێمه له خواره‌وه، باشترین ده‌ربڕینی شیاوه بۆ ئه‌و دوو جیهانه جیاوازه‌ی نێوان ئه‌وان، خواوه‌ند ، ئێمه، ڕه‌عییه‌ت.
به‌ڵام سه‌رده‌شت وه‌ک هاوڵاتیه‌ک که به‌ته‌نگ چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیه‌وه‌یه‌تی، به شوێن سروشتییکردنهوهی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان خۆیی و سهرۆکهکهیهوهیهتی. بۆیه پێشنیاری عاشقبوونی خۆی بۆ کچه‌که‌ی سه‌رۆک، وه‌ک تاکه ڕێگاچاره‌یه‌ک ده‌خاته به‌رده‌م تا له ڕێیه‌وه سه‌رۆک بکاته‌وه به ئینسانێکی دنیایی و به‌رگی خودایی له‌به‌ر ئه‌و داکه‌نێت.
که‌واته ئه‌گه‌ر به چاویلکه‌یه‌کی ساده‌وه له‌م په‌یامه وردبیته‌وه، هه‌ست ده‌که‌یت سه‌رده‌شت داوای ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک ناکات، به‌ڵکو پێێ ده‌ڵێت:" ده‌کرێ له ڕێگای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م داخوازینامه‌یه‌ی منه‌وه ببیته‌وه به به‌شێک له ئێمه‌ی خواره‌وه؟" ئاخر کاتێک سه‌رۆک ئه‌م داخوازینامه‌یه قبۆڵ ده‌کات، واتا کۆڕێکی ساده‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کاته کوڕی خۆی و په‌یوه‌ندییه‌کی سروشتی له نێوان دوو کائیندا دروست ده‌بێت که په‌یوه‌ندییه‌کی ئینسانییه. ئاخر خواکان له‌گه‌ڵ به‌نی به‌شه‌ردا تێکه‌ڵ نابن و به‌مه‌ش خوایه‌تی خۆیان ده‌پارێزن.
بۆیه سه‌رده‌شت ده‌کرا خه‌ڵات بکرایه له جیاتی تیرۆرکردن. خه‌ڵات به و مانایه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بێ سوپاسگوزار بێت کاتێک هاوڵاتیه‌کی کۆمه‌ڵگاکه‌ی به شوێن ئه‌وه‌وه‌یه که سه‌رکرده‌که‌ی ببێته‌وه به به‌شێک له هاوڵاتییان .
به‌ڵام لایه‌نێکی تری چیرۆکی کچه‌که‌ی بارزانی و سه‌رده‌شت، له شوێنێکی دیکه‌وه ده‌کرێ سه‌رنج بدرێت. سه‌رنجدانێک که تیایدا سه‌رده‌شت نه‌ک ته‌شهیری به کچی بارزانی و بنه‌ماله‌ی سه‌رۆک نه‌کردووه، به‌ڵکو وه‌ک ده‌رئه‌نجامێکی سروشتی خواوه‌ندبوونی سه‌رۆک ده‌کرێ چاوی لێ بکرێت. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، سه‌رده‌شت ڕۆحسووکترین کائینه‌کانی کوردستانه و فه‌نتازیایه‌کی هه‌بووه که له زه‌ینی سه‌رتاپای خه‌ڵکی کوردستاندا ئاماده‌یی هه‌یه.
با جارێکی دی سه‌رنجی پرۆسه‌ی خواوه‌ندبوونی سه‌رۆک بده‌ین.
کاتێک سه‌رۆک ده‌چیته که‌شکه‌ڵانی فه‌له‌ک و هیچ هاووڵاتییه‌ک زانیارییه‌کی ئه‌تۆ سه‌باره‌ت به ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه و و که‌سوکاره‌که‌ی نازانێت. نازانرێت سه‌رۆک له‌گه‌ل منداڵدا چۆن ره‌فتار ده‌کات، به‌یانییان چی ده‌خوات، گوێ له چ گۆرانییه‌ک ده‌گرێت، سه‌ما ده‌زانێت، کاتێک ورده‌کارییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئینسانه ساده‌کان له سه‌رۆکدا ون ده‌بێت، ئه‌وا ئینسان وه‌ک کائینێکی فزوڵی، به‌شوێن ئه‌م وردهکارییانهوهیه و ئاره‌زوویه‌کی سه‌یری له لا دروست ده‌بێت بۆ که‌شفکردنی. ونبوونی ئه‌م جومگه سه‌ره‌تایی و سادانه‌ی ژیان، له لای سه‌رکرده سیاسییه تۆتالیتاره‌کان، هه‌میشه له مێژوودا وه‌ک گه‌مه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات کۆمه‌ڵێک مه‌غزایی سیاسیی له پشته‌وه بووه تا گهوهرهبوون و به شکۆ نیشاندانی ده‌سه‌ڵاتی پێ به‌رهه‌مبهێنرێته‌وه. بۆیه کاتێک هاوڵاتییان ده‌ستیان به‌م لایه‌نانه‌ی ژیانی به‌رپرسیارانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ناگات، ئه‌وا له ڕیگای چه‌که‌کانی فه‌نتازیا و نوکته‌وه، ده‌چنه ژووره‌کانی سه‌رۆک و داروده‌سته‌که‌یه‌وه. .
نیشاندانی وێنه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین له ڕۆژنامه‌ی میره‌ری به‌ریتانییه‌وه به ده‌رپێیه‌کی کورتی ژێره‌وه له زیندانه‌که‌یدا، سه‌ددام حوسه‌ین ده‌کاته‌وه به ئینسانێکی ساده‌ی کۆمه‌ڵگا که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی عێراق قه‌ت وێنه‌یه‌کی جه‌للاده‌که‌ی خۆیان له‌به‌رگی ئینسانی‌دا نه‌بینیوه. ده‌رپێیه‌که‌ی ژێره‌وه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لکی عێراق قه‌ناعه‌ت به‌وه بێنن که سه‌رکرده‌که‌یان خوا نه‌بوو، ئه‌ها ئه‌ویش دهرپێێ ژێره‌وه له پێ ده‌کات؟ به‌ڕاستی چ سیحرێک له ده‌رپێیه‌کی پیاوانه‌ی ژێره‌وه‌دا هه‌یه کاتێک له کۆنتێکستێکی سیاسیی کۆمه‌ڵگای عێراقدا جێ ده‌که‌وێت.
ئه‌مڕۆ له خۆرئاوادا، سه‌رکرده‌ی وه‌ک سه‌رکرده‌کانی مه‌مله‌که‌تی ئێمه له ڕۆڵی خوایه‌تی خراون. به‌ڵام گۆرانیبێژان و ئه‌کته‌ره‌کانی سینه‌ما، کراونه‌ته خواوه‌ندێکی وه‌ک سیاسییه‌کانی مه‌مله‌که‌تی ئێمه. بۆیه‌ش کاتێک مادۆنا و بیۆنسێ و براد پیت و له‌یدی گاگا له ئاسمانه‌کانی خواوه‌ندیدا قه‌رار ده‌گرن، ئیتر مه‌راقی گه‌وری زۆرێک له هاوڵاتییان ئه‌وه‌یه که له‌یدی گاگا چۆن خۆی ده‌شوات، مناڵه تازه‌که‌ی مادۆنا چی له‌به‌ر ده‌کا و مایکل جا‌کسۆن، چۆن ده‌خه‌وێت. بۆیه‌ش ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆرئاوا، هه‌زاران دۆلار ده‌دات به وێنه‌یه‌کی ئه‌نجێلینا جولی له کاتی نانخواردندا به تیشێرتێکه‌وه له قاوه‌خانه‌یه‌کی چه‌په‌کی پاریس‌دا.
وینه و ڕێپۆرتاژی ئه‌ستێره‌کانی مۆسیقا و فیلم له خۆرئاوادا و بوونی بازاڕێکی گه‌رمی رۆژنامه‌گه‌ری زهموزهمکاری له‌م بواره‌دا، کۆششێکی به ئینسانیکردنهوهی خواکانی مۆسیقا و هۆلیوده. هه‌وڵدانێکه بۆ نزیکخستنه‌وه‌ی ئه‌وان له عاشقانی ئه‌وان و کردنه‌وه‌یانه به ئینسانێکی ساده‌ی وه‌ک خۆیان . به واتایه‌کی دی، رۆژنامه‌گه‌ری خۆرئاوا، هه‌م ئه‌و ئه‌ستێرانه ده‌کاته خواوه‌ند و هاوکاتیش ده‌یانکاته‌وه به ئینسان.
له غیابی رۆژنامه‌گه‌رییه‌کی له‌م چه‌شنه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، خواوه‌نده‌کانی سیاسه‌تی مه‌مله‌که‌تی ئێمه، به سه‌رۆکه‌که‌ی پارتییه‌وه که ڕۆڵی خوای گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌بینێت، ته‌واوی ژیان و لایه‌ن ئینسانییه‌کانی ئه‌وان له نادیارییه‌کی گه‌وره‌دا به جێده‌هێڵێت.
کۆششی سه‌رده‌شت عوسمان له‌م دوو وتاره‌دا، رێک ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و جۆره له رۆژنامه‌گه‌ری خۆرئاواوه که به شوێن به‌شێک له خواوه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرئاواوهن.
ئه‌گه‌ر بگه‌رێمه‌وه سه‌ر په‌یامی ئه‌وه‌ی که شۆڕشگێڕییه‌کی گه‌وره له په‌یامی کردنه‌وه‌ی سه‌رۆکدا نییه به ئینسانێکی سه‌رئه‌رزی و داماڵینی به‌رگی خودایی له‌و، کاتێک له به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی هاوڵاتییه‌کی ژێر ده‌سه‌ڵاتی مه‌مله‌که‌تی سه‌رۆکه‌وه به‌رزده‌کرێته‌وه بۆ سه‌رۆک، ئه‌وسا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که چ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتگه‌ر و دڕنده له کوردستاندا بوونی هه‌یه و گوێ له باشترین ئامۆژگاری هاوڵاتیانی خۆیشی ناگرێت.
سه‌رده‌شت تا تیرۆرکردنی سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه سه‌رۆک خوایه و نه کچه‌که‌ی. بۆیه به‌شوێن ئه‌م عه‌شقه‌دا ، گیانی به‌خشی. به‌ڵام له زه‌ماوه‌نده خوێناویه‌که‌ی ئه‌ودا، کۆمه‌ڵگای کوردستان بۆیان ده‌رکه‌وت، سه‌رۆک له خوایه‌تی خۆی واز ناهێنێت و ئاماده نییه له که‌شکه‌ڵانی خوایه‌تی خۆی بێته خوارێ.