تێڕامانێک له ڕوانگه‌ی ئیمبرتۆ ئیکۆوه
ئێمه پێناسه‌ی زۆرمان هه‌ن بۆ ئه‌ده‌ب که باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌ده‌ب یارییه به خه‌یاڵ، یان درۆیه‌و ڕاستیی ده‌نووسێته‌وه، یان که‌شفی واقیع ده‌کات به خه‌یاڵ و زۆری تریش، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ پشت ئه‌م دێڕانه بپشکنم و بزانم ئه‌ده‌ب تا کوێ خه‌یاڵه‌و تا کوێ ڕاستییه؟ دوایی له‌ناو تێکسته‌کاندا ئه‌م خه‌یاڵ و ڕاستییانه چی‌یان لێ دێ و چه‌ند نموونه‌یه‌کی کوردیی و جیهانیش بهێنمه‌وه. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی ئه‌مانیش به مێژوه‌وه. ئیمبرتۆ ئیکۆ له کتێبی( چه‌ند سه‌رنجێک له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه)، باس له‌وه ده‌کات که ئه‌ده‌ب مۆدێلێک له ڕاستیمان ده‌داتێ که زۆر خه‌یاڵییه. باس له‌وه ده‌کات که ئه‌ده‌ب هه‌رچه‌ند خه‌یاڵ دروستی ده‌کات به‌ڵام وا به قووڵی له‌ناوماندا ڕواوه و بۆته به‌شێک له بوون و تێڕامان به‌رامبه‌ر به دونیا، بۆته به‌شێک له یاده‌وه‌ریمان که دوایی زه‌حمه‌ته ته‌نها وه‌ک خه‌یاڵێک یان درۆیه‌کی ئه‌ده‌بی بمێنێته‌وه. ئێکۆ لێره‌دا نموونه‌ی حیکایه‌تی ( کچه چکۆله‌ی له‌چک سوور) ده‌هێنێته‌وه. ئه‌و کچه‌ی که زۆربه‌مان حیکایه‌ته‌که‌ی ده‌زانین، که ده‌چێت بۆ لای نه‌نکه نه‌خۆشه‌که‌ی و هه‌ندێ خواردنی بۆ ده‌بات چونکه نه‌نه له جێگادا که‌وتووه، کچه چکۆل له ڕێگا تووشی گورگێک ده‌بێ و گورگه‌که ئه‌وه‌ی لێ ده‌ردێنێ که کچه‌که ده‌چێت بۆ لای نه‌نکی بۆیه ده‌یه‌وێ دوای بخات، پێی ده‌ڵێ که باشتر وایه بۆ کچه چکۆل هه‌ندێ گوڵ لێ بکاته‌وه بۆ نه‌نکی، تا ئه‌و خه‌ریکی گوڵ چنین ده‌بێ، گورگه خۆی ده‌گه‌ێنێته لای پیرێژن و ده‌یخوات و له جێگاکه‌یدا پاڵ ده‌که‌وێت، دوایی که کچه‌که دێت بۆ لای نه‌نکی ده‌بینێ که زۆر سه‌یره‌و ئیدی پرسیاره خۆشه‌کانی لێ ده‌کات، نه‌نه گیان! ئه‌وه بۆ وا چاوت گه‌وره‌یه؟ ئه‌وه ڕۆڵه! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که باشتر بتبینم. نه‌نه گیان ! ئه‌وه بۆ وا ده‌مت گه‌وره‌یه، بۆ وا دانه‌کانت تیژن؟ ئه‌وه ڕۆڵه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بتخۆم و په‌لاماری ده‌دا.
ئیکۆ ده‌ڵێ، ئه‌مه له‌ناو کتێبه‌کاندا بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر نووسراوه‌و وا بۆته ڕاستیی که که‌س ناتوانێت بڵێ وا نییه.که‌س ناتوانێت شک له‌وه بکات که کچه‌که‌ش ده‌خوات و دوایی ڕاوچییه‌ک ڕزگاریان ده‌کات که به‌لای ماڵه‌که‌یاندا تێده‌په‌ڕێت. له ڕاستیدا من لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ئیکۆ( که ئه‌ده‌ب مۆدێلێک له ڕاستیمان ده‌داتێ که زۆر خه‌یاڵییه) به‌م جۆره ههڵگێرمهوهو بڵێم که ئه‌ده‌ب مۆدێلێک له خه‌یاڵمان ده‌داتێ که دوایی ده‌بێته ڕاستیی.تۆ سه‌یری چیرۆکی له خه‌ومای جه‌میل سائیب، ئه‌و چیرۆکه هه‌میشه ده‌تواندرێت وه‌ک نموونه‌یه‌ی واقعێک سه‌یر بکرێت که که‌سێکت هه‌یه‌و ئازایانه ڕه‌خنه له واقعی سه‌رده‌می خۆی ده‌گرێت. هه‌رچه‌ند چیرۆکه‌و له‌سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو نووسراوه، به‌ڵام هه‌میشه ده‌توانرێت وه‌ک ڕاستییه‌کی مێژوویی سه‌یر بکرێت و بۆ ڕه‌خنه‌ی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانیش به‌کاربێت. هه‌ر که‌سێکیش بێت و بڵێ که پاڵه‌وانی ئه‌و چیرۆکه هیچ ڕه‌خنه‌یه‌کی نه‌گرتووه، به‌ڵکو مه‌دحێکی زۆری حکومه‌تی شێخی کردووه، ئه‌وه هه‌موومان یه‌کسه‌ر ده‌توانین وه‌ڵام بده‌ینه‌وه که وا نییه، ئه‌و ڕه‌خنه‌ی زۆر گرتووه، هه‌موو چیرۆکه‌که له‌سه‌ر ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵات دروست بووه. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکه بووبێته به‌شێک له سه‌یرکردنی ئێمه بۆ مێژووی خۆمان.یان سه‌یر کردنی ڕۆشنبیران بۆ ده‌سه‌ڵات. هه‌رچه‌ند به‌رهه‌می خه‌یاڵه به‌ڵام وا بووه به ڕاستیی که مه‌حاڵه بشێوێنرێت.
سه‌یری ڕاسکۆلینکۆف و سۆنیا له ( تاوان و سزا)ی دۆستۆیفسکی دا، هێنده کوشتنی پیرێژن له‌لایه‌ن ڕاسکۆلینکۆفهوه بۆته ڕاستیی، که ئه‌گه‌ر هه‌چ که‌سێ هات و پێی وتین که ڕاسکۆلینکۆف و سۆنیا ئه‌و ئێواره‌یه پیرێژنه‌که‌یان بانگهێشی ماڵه‌وه کرد‌و نانێکی به‌له‌زه‌تیان پێکه‌وه خوارد، دوایی ڕاسکۆلینکۆف پاره‌یه‌کی زۆری به قه‌رز دا به پیرێژن. هیچ که‌سێ ( که ڕۆمانه‌که‌ی خوێندبێته‌وه) بڕوا ناکات.له چیرۆکی ( چای شیرین) ی مامۆستا حسێن عارف دا که‌س ناتوانێ بڵێ که ئافتاو چای تاڵی ده‌دا به مه‌حموود چونکه زۆر ڕقی لێ بوو.چایه‌کی زۆر شیرینی ده‌دایێ، له کولتووری ئێمه‌شدا چای شیرین هه‌تا ئێستاش وه‌ک ڕێز وخۆشه‌ویستی به‌کاردێت، له کولتووری ئهوروپیدابۆ نموونه له سوید مه‌گه‌ر ڕقت له یه‌کێک بێت تا چای شیرینی بده‌یتێ، هه‌رچه‌ند ئه‌و چیرۆکه‌ی مامۆستا له ساڵی 1957 دا له به‌سره نووسراوه، به‌ڵام ئێستاش لای ئێمه چای شیرین له روانگه‌یه‌کی رێزهوهیه. بۆیه لێره‌وه ده‌ڵێم که هه‌میشه حیکایه‌ت و چیرۆکه باشه‌کان له زه‌مه‌نێکی دوای خۆیاندا ده‌بنه فاکته و وه‌ک ڕاستییه‌ک به‌کارده‌هێنرێن. باکۆن وته‌نی( ڕاستیی کچی زه‌مه‌نه)، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش ده‌بنه کچی زه‌مه‌ن.
هه‌روه‌ک چۆن سادیقی هیدایه‌ت خۆی ده‌کوژێت، ئاواش ئاننا کارێنینا خۆی ده‌کوژێت، هه‌ردوو کوشتنه‌که ده‌بنه فاکته‌یه‌ک و ڕاستییه‌کی ئه‌به‌دی، ئه‌مه‌ی ئاننای ڕۆمانه‌که‌ی تۆڵستۆی خۆ کوشتنێکه له‌ناو خه‌یاڵدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سادیقی هیدایه‌ت خۆکوشتنێکه له‌ناو واقیعدا، به‌ڵام هه‌ردووکیان ده‌بنه ڕاستییه‌ک و ده‌چنه ناو مێژووه‌وه. ئیکۆ ده‌ڵێ که هه‌موومان ده‌زانین که ناپلیۆن له 5 ی مای 1821 دا له سانکتا هێڵێنه مردووه، نهشیزانین ده‌توانین سه‌یری بکه‌ین و بیزانین. هه‌میشه ئه‌و به‌رواره ده‌بێته ڕاستییه‌ک بۆ مردنی ناپلیۆن، که‌س ناتوانێ بیگۆڕێت، ته‌نها ئه‌و کاته نه‌بێت که مێژوونووسێک بێت و دۆکۆمێنتێکی گرنگ بدۆزێته‌وه‌و به‌روارێکی ترمان پێ بدات. لێره‌دا من ڕسته‌یه‌کی گرنگی پاڵه‌وانێکی بۆرخیسم بیر ده‌که‌وێته‌وه له کۆ چیرۆکی( لابۆرینتهر) که له ساڵی 1939 دا نووسیووێتی. که ده‌ڵێ مێژووی ڕاسته‌قینه ئه‌وه نییه که ڕوویداوه، به‌ڵکو ئه‌و مێژووه‌یه که ئێمه وای داده‌نێین که ڕووی داوه. بۆیه هه‌ندێ جار ڕه‌نگه بگۆڕدرێت، به‌ڵام به‌بڕوای من بۆ ئه‌ده‌ب لێره‌دا ڕه‌نگه زه‌حمه‌تتر بێت.. ئه‌و تێکستانه‌ی کهنووسهرهکهیان له ژیاندا نه‌ماون به هیچ جۆرێک ناگوڕدرێت.گه‌ر مێژوونووسێک پارچه کاغزێک بدۆزێته‌وه ڕه‌نگه زۆر شت بگۆڕێت، به‌ڵام هه‌زار پارچه کاغز له له سنوقێکدا بدۆزیته‌وه‌و بۆمان ده‌رکه‌وێ که دۆستۆێفسکی کارامازۆفی باوکی نه‌کوشتووه، به‌ڵکو له‌به‌شێکی دوایی ڕۆمانه‌که‌دا به دزییه‌وه هه‌ڵده‌ستێته‌وه، هیچ که‌سێک بڕوا ناکات و بهفلسێک نایکڕێت. به‌ڵام ئه‌م سه‌یر کردنه ناکرێ له‌سه‌ر ئه‌و تێکستانه‌ی که نووسه‌ره‌کانیان له ژیاندا ماون پراکتیک بکه‌یت.چونکه ڕه‌نگه نووسه‌ره‌کان تێکستێکی تر بنووسن و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌قه بن که لامان ئاشکرایه، بۆ نموونه ناکرێ باوکی ناو رۆمانی ( حه‌سار)ی شێرزاد حه‌سه‌ن وه‌ک کوژراوێکی ئه‌به‌دی سه‌یر بکه‌ین، چونکه ڕه‌نگه نووسه‌ر له به‌شیکی تردا و له نووسینێکی ئێستایدا ته‌واو شتێکی ترمان پێ بڵێ، ئێمه ده‌توانین وه‌ک کوژراوێکی ناو ڕۆمانه‌که قبوڵی بکه‌ین نه‌ک وه‌ک کوژراوێکی ئه‌به‌دی. که ئه‌مانه‌ش دوو کوژراوی جیاوازن. بۆیه ده‌ستکاری کردنی ئه‌و تێکستانه‌ی چوونه‌ته مێژووه‌وه و ده‌بنه به‌شێک لێی نه‌ک زه‌حمه‌ته به‌ڵکو مه‌حاڵیشه.بۆرخیس له‌سه‌ر ئاستێکی به‌رز له چیرۆکی ( پێررێ مینارد، نووسه‌ری دۆن‌کیشۆت)،( 1939)، ویستی یارییه‌ک له‌ناو چیرۆکێکیدا بکات و دۆن کیشۆت زیندوو بکاته‌وه. ئه‌م دۆنکیشۆته‌ی بۆرخیس نووسه‌رێک نووسیوێتی به‌ناوی پێررێ مێنارد، ته‌واو جیاواز له‌و دۆنکیشۆته‌ی سیرڤانتس. بۆرخیس زۆر زیره‌کانه زانیوێتی که ناتوانێ وا به ئاسانی ده‌ستکاری دۆنکیشۆته ئۆرگیناڵه‌که بکات و ناشبێ بیکات و قبوڵ بکرێ، بۆیه تێکستی ئۆرگیناڵه‌که‌ی وه‌ک خۆی داناوه‌ته‌وه‌و ته‌نها هه‌ست به یارییه‌کی ڕێزمانی ده‌که‌ین بۆ سه‌یر کردنی کاتی ئێستا و کاتی داهاتوو.به بێ گۆڕینی هیچ شتێ له تێکسته‌که‌ی سیرڤانتس. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که دۆن‌کیشۆت ته‌نها پاڵه‌وانێک نییه له‌ناو ڕۆمانێکدا، به‌ڵکو بۆته مێژووی هه‌موو مرۆڤایه‌تی. دۆستۆێفسکی له شوێنێکدا ده‌ڵێ، ئای که ئه‌م کتێبه چه‌ند خۆشه‌ویسته لام، له‌م جۆره کتێبانه هه‌ر چه‌ند سه‌د ساڵ جارێک بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌نێردرێن و ده‌ڵێ گه‌ر ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه کۆتایی هات وله شوێنێک له شوێنه‌کان پێیان وتین که ڕامان له‌سه‌ر ژیان چییه و چۆنه، ئه‌و کاته مرۆڤ ده‌توانێ کتێبی دۆنکیشۆتیان بداتێ و بڵێ، ئه‌مه ڕای تهواومه به‌رامبه‌ر به ژیان، ده‌توانن لۆمه‌م بکه‌ن؟
وه‌ک ده‌بینن ڕۆمانێک با زاده‌ی خه‌یاڵ بێ، به‌ڵام وا به قووڵی ده‌بێ به مێژووی ئێمه، که ئیدی ته‌نها وه‌ک یارییه‌کی خه‌یاڵ سه‌یر ناکرێت.
ئیکۆ باس له‌وه ده‌کات که ئێستا مرۆڤ له قسه‌کردنی ئاسایی‌دا زۆر فیگوری خه‌یاڵیی بۆ گوزارش له ژیانی ئێستایان به‌کاردێنن، که فڵان که‌س گرفتی ئۆدیبی هه‌یه، یان که‌سێک به دۆن‌کیشۆت خۆی ده‌چوێنێت، یان هاملێت به که‌س غه‌ریب نییه‌و هه‌موو کات به‌کار دێ، ئێکۆ ڕاست ده‌کات، شێرزاد حه‌سه‌ن کاتی خۆی که له فینله‌ندا بوو، له دیدارێکدا له گۆڤاری ڕه‌هه‌ندا، خۆی به دۆن‌کیشۆت ده‌چوێنێ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و تابیرهی غه‌ریب بێ.
بێگومان نووسه‌ر زۆر سه‌ربه‌سته له‌ناو تێکستدا چ ده‌نووسێت و چ یارییه‌ک به میژوو ده‌کات، به‌ڵام سه‌ربه‌ستییه‌که‌ی ڕه‌ها نییه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که له ئه‌ده‌بدا به سه‌ده‌ها ده‌رگاو په‌نجه‌ره هه‌ن، به‌ڵام ئه‌م ده‌رگاو په‌نجه‌رانه بێ سنوور نین، یاریکردن به مێژوو ده‌بێ یارییه‌ک بێ له‌ئاستێکی به‌رزدا، ده‌نا وه‌ک درۆیه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێ، سوقراتیش ده‌ڵێ، درۆ قه‌ت ئه‌وه‌نده ناژی تا پیر بێ، بۆیه زۆر تێکست هه‌ن که یاری به میژوو ده‌که‌ن زۆر ناژین. بێ گومان ئه‌مه ئه‌و تێکستانه ناگرێته‌وه که مێژوویه‌کی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تی به خۆیان دروست ده‌که‌ن، مه‌به‌ستم ئه‌و تێکسته باشانه نییه که خۆیان ده‌بنه مێژوو. به‌ڵکو بۆ نموونه تۆ ناکرێ له ڕۆمانێکدا ئه‌وه بڵێیت که میجه‌رسۆن له به‌رده‌رکی سه‌رادا له‌ساڵی سییه‌کانی سه‌ده‌ی پێشوودا له‌دوای ماڵی سۆزانێکاندا گه‌ڕاوه، چونکه نه ئه‌و شتی وای کردووه‌و نه ماڵی سۆزانی له‌به‌رده‌رکی سه‌را بووه.گه‌ر باسی مێجه‌رسون نه‌که‌یت، ئه‌وا ده‌توانی چیت بوێ بیڵێیت، به‌ڵام که فیگورێکی مێژویت هێنایه‌وه ئه‌وا ئیدی به جۆرێکی تر ده‌بێت. بۆیه نووسه‌ر ده‌بێ به ئاگاییه‌وه باسی فیگۆره‌کانی مێژوو بکات، بۆیه من وتم که نووسه‌ر ده‌توانێ به‌سه‌ده‌ها یاری بکات، به‌ڵام یارییه‌کانی بێ سنوور نین، من ناڵێم وه‌کو خۆی مێژوو بنووسێته‌وه، نا، قه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه و به هه‌ڵه تێ مه‌گه‌ن ، به‌ڵکو ده‌بێ یارییه‌که، بۆرخیس ئاسا له‌ئاستێکی به‌رزدا بێت. هه‌ندێ نووسه‌ر له کۆڵانه‌کانی مێژوودا خۆیان ده‌شارنه‌وه چونکه هیچ شتێکیان پێ نییه بۆ ئێستا بیڵێن، من لێره‌دا مه‌به‌ستم که‌سێکی دیاریکراو نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستم باس کردنی لایه‌نی تێکه‌ڵاوکردنی مێژووه له ناو ئێستادا و که ده‌بێ زۆر به ئاگاییه‌وه به‌کار بێت تا چێژێکی زۆرتر ببه‌خشێت و بۆ ماوه‌یه‌کی زیاتریش له ناوماندا بژی.