له په‌یوه‌ند به گۆڕینی ئیمهیل ئهدرێسهکهمهوه
baker.ahmed@telia.com
10ی جانیوه‌ری 2010
دنیای ئه‌مڕۆ هه‌تا بێت بچووکتر و بچووکتر ده‌بێته‌وه. ساڵانی حه‌فتاکانی کوردستان ده‌هێنمه پێش چاوی خۆم. باوکم ڕادیۆیه‌کی یابانی بچووکی هه‌بوو و کۆمه‌ڵێک وایه‌ری جۆراوجۆریش به ئارێلهکهیهوه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی هه‌ندێک ئیستگه‌ی جۆراوجۆر باشتر وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر بڵێم که‌ره‌سته‌ی دیکه هه‌بوون بۆ لابردنی تهشوویشی سه‌ر ئیستهگانی " شۆڕش"، هێشتاکه قسه له‌سه‌ر بوونی که‌ناڵێکی ڕاگه‌یاندنه بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری. " غایم وئهحیانا" ده‌ربڕینی حاجی سه‌عیدی خاوهنماڵمان بوو ئه‌گه‌ر که‌سێک له پیاوانی بهرددووکانی مه‌لا عوسمان له حاجییان بپرسیایه: هه‌واڵی رادیۆی ئیسرائیل چی بووه له په‌یوه‌ند به که‌ش و هه‌واوه، ئه‌وا حاجی به‌و ده‌ربڕینه‌ی سه‌ره‌وه، وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه که گوایه بارانێکی خه‌ست به‌ڕێوه‌یه. ئه‌گه‌ر چی ده‌ربڕینه‌که‌ی ڕادیۆی ئیسرائیل بریتی بوو له غائم احیانا، واتا هه‌ندێک کات که‌ش و هه‌وا هه‌وراوییه.
کاتێکیش میوانه که‌رکوکییه‌کانی ماڵی کاک تۆفیقی دراوسێمان ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ شاری خۆیان، هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک کۆده‌بوونه‌وه و هه‌ر یه‌که و به سه‌تڵه ئاوی ده‌ستییانه‌وه له پشتی سه‌یاره‌که‌وه به دوایاندا ده‌یانڕشت. ئاخر ئه‌وان ڕێگای سه‌فه‌رییان له‌به‌ر بوو. به‌ڵام بۆ زۆر که‌سی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپا، ده‌کرێ هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵ و چوون بۆ سه‌ر کار کاتژمێر و نیوێکی پێ بچێت و که‌سیش پێی وا نییه سه‌فه‌رێکی عه‌جایب ده‌کات. ڕه‌نگه خۆزگه خواستن به‌و ڕۆژگاره کارێکی خراپ نه‌بێت و ساده‌یی ڕۆژگاری دوێنێمان به جۆرێکی دیکه بۆ بگێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر که‌سێکم لێ قووتنهبێتهوه و به ئه‌نتی مودێرنیتی مۆرێکم لێنه‌دات.
من له ساڵی 1993وه له سوید ده‌ژیم. به‌ر له له‌دایکبوونی مۆبیل ته‌له‌فۆن، زۆر ئاسایی ئینسان ده‌چوو بۆ بازاڕ و هیچ کێشه‌یه‌کیش له ئارادا نه‌بووه. کێ له ئێمه له‌مڕۆدا بێ ته‌له‌فۆنی مۆبایل ده‌چێته ده‌ره‌وه. مۆبایل کارێکی کردووه که هه‌میشه له‌به‌رده‌ستدا بین و کراوه بین بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان. دیمه‌نی ئه‌و پیاوه بێننه پێش چاوی خۆتان که له سۆپه‌رمارکێتێکی گه‌وره‌دا ڕاوه‌ستاوه و به مۆبایل له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا له‌سه‌ر کڕینی کیلۆیه‌ک ته‌ماته و شتێکی دیکه له‌و دووکانه گه‌وره‌یه‌دا ده‌نگی لێهه‌ڵبڕیوه. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئیمهیلیشی بێته سه‌ر، ئه‌وا ئه‌وسا رووتبوونی ئینسانی ئه‌مڕۆت دێته به‌رچاو له دنیای نێت و کۆمۆنیکاسیۆنی خێرای زه‌مه‌نی گلۆبالیزه‌یشندا.
هه‌م مۆبیل ته‌له‌فۆن و هه‌م ئیمهیل ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ئینسانی ئه‌مڕۆ خوڵقاندووه که خێراتر کاروباره‌کانی ڕاپه‌رێنێت. به ده‌ستهێنانی زانیاری له جه‌نگه‌ڵستانی دنیای ئینته‌رنێتی ئه‌مڕۆدا کارێکی وای کردووه که بێ گوومان بڵێێ له تاکه ڕۆژێکی ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا ئینسان به‌قه‌ده‌ر چه‌ندین ساڵی باب و باپیره‌کانی خۆی زانیاری به‌ده‌ست دێنێت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆمبارانه زانیارییه بخه‌یته لاوه که به مێشکی ئینساندا ده‌کرێت و تۆ ته‌نها هاوڵاتییهکیت و به شوێنی‌دا نه‌گه‌ڕاویت. کونجێک له‌و ڕووبه‌ره گشتییه‌ش نه‌ماوه‌ته‌وه که بۆنی ڕووبه‌ری تایبه‌تی ئینسانی لێ بێت و تۆ وه‌ک هاوڵاتی هه‌ست ناکه‌ی تۆ به ته‌نها له‌گه‌ڵ منی خۆتدایت. ڕه‌نگه که‌سێک پێێ وا بێت من له‌م ناوه‌ڕاسته‌ی ته‌مه‌ندا، خه‌ریکه دهخهڵهفێم و ئاوات به زه‌مه‌نێک ده‌خوازم که وه‌ک ئه‌مڕۆ نه‌بووه. ڕه‌نگه شیعری شاری سواره‌ی ئیلخانیزاده له کۆنتیکسته کوردییه‌که‌یدا باشترین ده‌ربڕێنی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه ڕۆمانسییه بێت بۆ لادێ، له داد و فوغانی منیش‌دا له په‌یوه‌ند به گله‌یی له ئیمهیل و مۆبیل ته‌له‌فۆندا، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زه‌مه‌نی نه‌بوونی ئه‌م ته‌کنیکه نوێیانه.
له یه‌کێک له‌و فیلمانهیدا که ده‌رباره‌ی ئاوشویتس ده‌دوێت، EXORCIST THE BEGINNING یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کان ده‌ڵێ:" خوا له دۆزه‌خدا جوانتر ده‌بینرێت". ده‌کرێ دنیا له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌نجاڵییه‌کانی نێت و هه‌میشه کراوه‌یی و له‌سه‌ر نێتبوونی ئێمه‌دا جوانتر ببینرێت؟
ئه‌م هه‌موو شێر‌و ڕێوییه‌ی من تا ئێره هێناومه‌ته‌وه ته‌نها بۆ کردنی ئه‌م پرسیاره بوو.
له یه‌کێک له شیعره جوانه‌کانی سه‌ید عه‌لی سالحیدا شاعیر ده‌ڵێ:" من خه‌ڵکی باشوورم. ده‌چمه باکوور، تا باشوور جوانتر ببینم." منیش بۆ ماوه‌یه‌کی کوورت، ته‌له‌فۆنه‌که‌م داده‌خه‌م و ئینته‌رنێتیش ده‌کوژێنمه‌وه و له دنیای نێت و ته‌له‌فۆن و تێ ڤێێ ئه‌مڕۆ ده‌ڕوانم.
له سه‌ره‌تای مانگی 12ی 2009وه گواستمه‌وه بۆ ماڵێکی نوێی و کاروباری ڕاکێشانی ئه‌و که‌ناڵانه‌ی پهیوهندییگرتن له ڕێگای نێته‌وه ده‌بوایه له ڕێگای تاکه کۆمپانییایهکهوه بێت که له‌و ناوچه‌یه‌دا نێتی هه‌یه. ده‌شبوایه کۆمه‌ڵێک ئامێری ئه‌م وهسڵبوونه له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه مه‌یسه‌ر بکرێت. ناڕۆشنییه‌ک له ئاخاوتنی من و ئه‌واندا و دره‌نگ گه‌یشتنی ئه‌و ئامێرانه به هۆی پشووه‌کانی سه‌ری ساڵه‌وه ، کارێکی کرد که بۆ ماوه‌ی مانگێک ئه‌م په‌یوه‌ستبوونه دوا بکه‌وێت. ڕاستییه‌که‌یشی له‌وه‌دایه که خۆشم زۆر چالاک نه‌بووم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره زوو تر مه‌یسه‌ر بێت. به‌ڵام وه‌کو وتم، له ماوه‌ی مانگێکدا، من له دنیای ته‌له‌فۆن و نێت و ته‌له‌فیزیۆندا، ته‌واو له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌کانی سه‌ر نێتدا بووم.
له ڕۆژگارێکی وادا، کات چۆن ده‌گوزه‌رێت؟
هه‌تا بڵێی پرسیارێکی بێ مانایه. ئاخر زه‌مه‌نێکی دوور نییه که ئینسان وا ژیاوه به‌ڵام په‌یوه‌ستبوونی چڕوپڕی ئینسانی ئه‌مڕۆ به نێته‌وه و هه‌میشه له‌به‌رده‌ستدابوونی ئه‌و بۆ وه‌رگرتنی ئاخاوتنێک، کارێکی کردووه که خه‌ریکه ئه‌و ڕۆژگاره نزیکانه لهیاددهچنهوه.
ئینسان له‌و ساته وه‌ختانه‌دا ده‌زانێت که چ جومگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ژیانی له ده‌ستداوه. ئاخر تۆ ئه‌گه‌ر ته‌نهاش بیت و ته‌نها تێ ڤێ یه‌کت له ماڵه‌وه له به‌رانبه‌ردا داگیرسابێت، چیدی ته‌نها نیت. ڕه‌نگه بڕگه‌ی مرۆڤ و ته‌له‌فیزیۆنی به‌رنامه‌ی به‌رنامه جوانترین ده‌ربڕی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ئینسانێکی ته‌نیای ناو ماڵێک و ئینسانی دیکه‌ی ناو شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن بێت. من هه‌میشه که میوانمان دێت، تێ ڤێ که خامۆشدهکهم. ئاخر ده‌نگێک که‌متر، ئاخاوتنی ناو ماڵ ئاسانترده‌کات. له‌و ساتانه‌دا ئینسان منی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و منداڵ زیاتر ده‌بینرێت. ده‌رفه‌رتێکی زیاتر به‌وه‌ی که کاتی به‌فیڕۆچوو ئازادده‌کرێت له کۆمه‌ڵێ جه‌بری فه‌رزکراو، په‌یداده‌بێت بۆ ئاخاوتن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری خۆدا بۆ زیاتر په‌رژینه سه‌ریه‌کتر. هه‌ستده‌کرێت که جومگه‌ی ووردی ژیان هه‌یه و ڕۆژانه به‌لاماندا تێده‌په‌ڕێ و نه‌توانراوه سه‌رنجی بخرێته‌سه‌ر. پووخت و موخته‌سه‌ر، ئه‌وه‌ی که پشووی مانگانه‌ی سه‌ر کار فهراهامیدهکات بۆ که‌سێک له هه‌ندێک وڵاته‌کانی ئه‌وروپادا و هه‌ستده‌که‌یت "شه‌حن بوویته‌ته‌وه"، له غیابی ئه‌م ئامێرانه‌دا، شهحنبوونهوهیهکی ته‌واو ئینسانیت پێده‌به‌خشرێت.
ته‌کنیک و ئامێره گرنگه‌کانی کۆمۆنیکاسیۆنی ئه‌مڕۆ له بناغه‌دا بۆ کارئاسانی ئینسانی ئه‌مڕۆ هێنراونهتهئاراوه. مێشکێکی گه‌وره‌ی ئینسانی له پشتی ئه‌م داهێنانانه‌ی نێته‌وه کارده‌کات. ئینسان بریار بوو له ڕێگای ئه‌م داهێنانانه‌وه، ئازادییه‌کی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت و ژیان ساده‌تر کاته‌وه. به‌ڵام په‌یوه‌ندی ئابووری زاڵ و موعتادبوونی ئینسانی ئه‌مڕۆ به‌م که‌ره‌ستانه، ئینسانی له کائینێکی ئازاد و خوڵقێنه‌ره‌وه کردووه به کۆیله‌ی ئامێره‌کان. ئه‌مه درکاندنی ڕاستییه‌کی تایبه‌تی نییه که من درکم پێی کردبێت، به‌ڵکه چه‌ندباره‌کردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کی مێژووییه که هه‌میشه له‌گه‌ڵ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و به‌ره‌وپێشچوونی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێناندا، جه‌ختی له‌سه‌رکراوه‌ته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی تێکشکاندنی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان له سه‌ره‌تایی شۆڕشی پیشه‌سازیدا کۆششێکی له‌مجۆره بووه بۆ خۆڕزگارکردن له جه‌بری ئامێره‌کان. به کورتییه‌که‌ی موعتادبوونی ئینسان به هه‌ر یه‌ک له‌و ته‌کنیکه نوێیانه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی که منیش له مێژه به‌کاریانده‌هێنم، ئینسان ده‌کاته کۆیله‌ی ئامێره‌کان. به‌ڵام بانگه‌وازی من بۆ شکاندن و فڕیدانی ئه‌و ته‌کنیکانه نییه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆنتراکتی ماڵه‌کانی ئاسمان نییه، به‌لکو بانگه‌وازه بۆ دانانی پشوویه‌کی له چه‌شنی پشووی هاوینه‌ی سه‌ر کار که ده‌کرێ له زستان و له به‌هار و هه‌ر کاتێکی دیکه‌دا بێت له خۆتی وه‌ربگریت. پشوویه‌ک بۆ ئاوڕدانه‌وه له کات، له‌و چرکه‌ساتانه‌ی که مۆبایل و نێت و تێ ڤێ نایه‌ڵێن ببینرێن. که‌واته، به‌ڵێ بۆ پشوویه‌ک له له‌سه‌ر نێتبوون، به‌ڵێ بۆ داخستنی تێ ڤێ و مۆبایله‌کانمان بۆ چه‌ند ڕۆژێک، تا منی خۆم جارێکی دیکه بیپهرژێتهوه سه‌ر خۆی!
ئه‌م سه‌رنجدانه کورت و خێرایه‌ی من، بۆ ئه‌وه بوو ئیمهیلی تازه‌ی خۆم بۆ دۆست و ئاشنایانی خۆم ڕاگه‌ێنم. به‌ڵام خه‌ریکه ماجه‌رای ئیمه‌یله تازه‌که‌ی منیش به ده‌ردی " تکایه داریش بڕووێنن"ی یه‌کێک له به‌رپرسیارانی هێزه‌کانی جودی لێ دێت. چیرۆکه‌که ئاوایه. له‌و جهولانهی هێزه‌کانی به‌ره‌ی جودی جاران بۆ ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان ده‌یانکرد، هه‌ر هێزه و وتاری خۆی ده‌خوێنده‌وه په‌یامی خۆی به گوێی گووندنشینهکاندا ده‌دا. یه‌کێک له به‌رپرسیارانی هیزه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه ده‌بێت ژینگه پارێزێکی له سه‌وزه‌کانی ئه‌وروپا سه‌وز تر و له بێ قسه‌یی خۆیدا، کاتێک نۆبه دێته سه‌ر وتاری خۆی، ئاخاوتنی خۆی به‌م ده‌ربڕینه کۆتایی پێدێنێت:" تکایه هه‌تا ده‌توانن، دار بڕوێنن"
بۆیه‌ش له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی گوندێکی کوردستاندا، کاتێک به‌رپرسی لایه‌نێک وتاری خۆی پێشکه‌شده‌کات و که‌مێک درێژتر دێته بهرگوێێ هاوڵاتییان، کۆتایی وتاره‌که‌ی به دزینی په‌یامی گرووپی دیکه کۆتایی پێ دێنێت و ده‌ڵێ:" تکایه داریش بڕوێنن". کابرای خاوه‌نی خیتابی "تکایه داریش بڕوێنن" ده‌ستی له بنی هه‌مانه‌که‌وه ده‌رده‌چێت و قسه‌یه‌کی بۆ نامێنێته‌وه بۆ وتن.
بۆیه ئیمهئل ئه‌درێسی تازه‌م بریتییه له baker.ahmed@telia.com
هه‌ر ئازیز‌و که‌سێکی دی مه‌یلی بۆ کردبێتم بۆ ئیمه‌یله کۆنه‌که‌م و وه‌ڵامم نه‌دابێته‌وه، هی ئه‌وه بووه که منیش بۆ ماوه‌ی مانگێک خه‌ریکی "دار ڕوواندن بووم".