خاكی خۆڵەمێش

بۆ هەڵەبجە ،
ئەو كۆترەی هەمیشە لە ناو خۆڵەمێشكەیدا هەڵئەفڕێ‌
سەدساڵ لەمەوبەر جادوگەرێك وتی
گەردەلولێك هەڵئەكا و دۆلفینی دەریاكان ئەبات بۆ بیابان
بەڵام ئەو گەردەلولە نەفرەتییە بیری ئەچێت
نە دۆلفین لە سەرابا مەلە ئەكا و
نە بیابانیش بە خوێن تینوێتی ئەشكێت
باران بوو باڵی پەپوولە ئەباری
باران بوو گەڵای درەخت ئەباری
باران بوو تەرمی مرۆڤ ئەباری

هاوارى نوقم بوون

ئەو ئێوارانەی لە باخچەكانی عومرا هەڵئەوەریت،
گوناهی من نەبوو.
عیشق لێرە بە دوای خاچەكەی خۆیدا دەگەڕێت.
ئەو سپێدانەش بە دوای لەخاچدانی خوما وێڵ بووم،
گوناهی تۆ نەبوو.
 
بێدار بە،
ئەی ئەوكچەی ئابڕوت بە شێعرێك دائەپۆشیت.
ئەمڕۆ ئیتر دنیا ئاخریە،
پەردەی پەنجەرەكەت لابەرە و سەیركە،
خۆر لە خۆرئاواوە هەڵهاتووە.
تۆكچی ناو خەونە قەرەباڵغەكانی شار و
میوانی تەنیاییە غەریبیەكەی من بوویت،
من لە سپێدەیەكی ناكامدا،
كە پاساریەكان بەسەر پەژارەی عیشقێكدا ئەخوێنن،
گوڵ و بادەم بۆ چییە؟!

سەمای دۆلفینەكان

دۆلفینەكان پاشاكەیان عاشقترینیانە، عاشقترینیان بریندارترینیانە، بریندارترینیان باشترین‌ و میهرەبانترین ڕۆحلەبەری دەریایە، جوانیناسێكە لە قوڵاییەكاندا نەبێت مەلە ناكات.من دەموت: ((نە دەریا هەیە و نە سەرزەمینی دۆلفینەكان، نە سەما هەیە و نە پادشا))، ئەو دەیوت: ((جێگای دۆلفینەكان سەرزەمین نییە ئاوە، ئەوەی ئەوان ئەیكەن سەما نییە قسەكردنێكە بە جوڵەیەكی عاشقانە، پاشاكەی ئەوانیش پەرستارێكە ئەو برینانە ئەپێچێ‌ لە قوڵایی ڕۆحدان)).

تۆ ئەی جەللادی برام

ئەشێت تۆ سەمای ناو ئەم خوێنەت پێ جوان بێ و من ئەوگوڵانەی ئێوە بە شمشێر ئەیانبچڕن، تۆ خەونی ئەو پیاوەت پێ جوان بێت بەباڵی شمشێر ئەفڕێت و من ئەو كچەی بەباڵی پەروانەكان ئاسمان تەی ئەكات. تۆ ئەو قەفەزەت خۆشبووێ‌ ڕۆحت لەناو خۆیا ئەخنكێنێ‌ و من ئەو فڕینەی چوارچێوەكان ئەشكێنێ‌. تۆ ئەو تەفسیرەت خۆشبووێت وەكو خوێن بە شمشێرەكانا دێتە خوارو من ئەو خودایەی شوێن پەنجەی خۆی لە جوانی گوڵەكانا بەجێدێڵێ‌، تۆ ئەو خەنجەرەت خۆشبووێ‌ بە خوێنی سەدە كۆنەكان ژەنگ ئەكات و من ئەو شیعرەی چەند بیكوژن ئەوەندەی تر زیندوو ئەژی .

كۆتایی فڕین

هەوڵ مەدە لەم دادگا فاشیلەدا پاكی خۆت بسەلمێنی، كە گوللەكانی ناو دڵی تۆ حەقیقەت تەفسیر ئەكەن.
بەم باڵە شكاوانەوە بۆ كوێ‌ ئەفڕیت، كەلەدارستانێكی سوتاودا، درەختێك شك نابەیت لەسەری بنیشیتەوە؟دڵی خۆت بەم هەموو برینەوە بۆكوێ‌ هەڵئەگریت، كەلەهەرجێیەك دەرویەك بەڕوی عیشقا بكەیتەوە، خێڵی خوێن خۆران لەوێن؟؟
ڕوئیا .....تۆ جوان بوویت لەناخەوە، هەر ئەو جوانیەت بوو منی كوشت ،نەك ئەو ڕوخسارەت گەجەرو گوجەر شەڕیان لەسەر بەرپا ئەكردو، ئامادەبوون تا ئەو پەڕی بێڕێزیان، سیخوڕیت لەسەر بكەن و دواتریش سوكو ئاسان دڵی خۆتیان بدەیتێ‌!

كورتە شیعر

1
ئەی میهرەبانترین دەروێشی عیشق
لەم تەنهاییەدا بە مەغریبم بسپێرە، ئەی میهری یاد
تا ئەم میحنەتە وەستا بێت
دەستەكانمان ئەژنۆكانمان جێناهێڵن
بەختیاریی لە باخی موحیبەتدا
گوڵێكی ڕەشە ساڵانە لە ڕۆحماندا ئەڕوێ ‌و
بەدیار حەوزی ئەو ماسیە زەلیلانەوە
لە ژوورەكانامان بۆ جوانی دروستمان كردوون
گۆرانی بۆ ئازادی ئەڵێین!


بۆ نامكوژی...؟؟

كە من بەناو فەنابوونی ئەم هەموو حەسرەتەدا شۆڕ بوومەتەوە
بە نێو جەنگی ئەم هەموو فیراقەدا تێپەڕیوم
لە ناو ئەو هەموو ئەویندار و دێوانەبوونەدا گەورە بووم
بە هەموو یەئسە ڕەنگ مەغریبیەكانمەوە
لە ئێوارەكانی تەنیاییدا
ئەم سەفەری عیشقەم نەگەیاندە كۆتا
ماتڵی چیت .........بۆنامكوژی ؟؟

*