هەوڵ مەدە لەم دادگا فاشیلەدا پاكی خۆت بسەلمێنی، كە گوللەكانی ناو دڵی تۆ حەقیقەت تەفسیر ئەكەن.
بەم باڵە شكاوانەوە بۆ كوێ‌ ئەفڕیت، كەلەدارستانێكی سوتاودا، درەختێك شك نابەیت لەسەری بنیشیتەوە؟دڵی خۆت بەم هەموو برینەوە بۆكوێ‌ هەڵئەگریت، كەلەهەرجێیەك دەرویەك بەڕوی عیشقا بكەیتەوە، خێڵی خوێن خۆران لەوێن؟؟
ڕوئیا .....تۆ جوان بوویت لەناخەوە، هەر ئەو جوانیەت بوو منی كوشت ،نەك ئەو ڕوخسارەت گەجەرو گوجەر شەڕیان لەسەر بەرپا ئەكردو، ئامادەبوون تا ئەو پەڕی بێڕێزیان، سیخوڕیت لەسەر بكەن و دواتریش سوكو ئاسان دڵی خۆتیان بدەیتێ‌!
تۆ مرۆڤ بوویت‌و مرۆڤیش بەمانا ڕاستەقینەكەی لەتاریكخانەكانا چاوی ئەبینێ‌،هەرئەم بینینە سەیرەی تۆبوو منی خستە ناو ئەو ڕۆژگارەی( فەروغ) وتەنی (بۆ ئەوەی تۆ بەدەست بێنم خۆمم لەدەستدا)و لێشی پەشیمان نیم.

ڕۆژەڕەشی منیش لەو ساتەوە دەست پێ ئەكات، تۆش عاشقی پەپوولە و گوڵ بوویت ،ئەگەر نا نەتئەتوانی لەمن تێبگەیت. دەی ئاخر ئێستا چی لەم ڕۆژە ڕەشترە من‌ و تۆ نەتوانیین تەنانەت یەكتریش لەبیر بكەین؟ من و تۆش وەك بەشێك لە پێداویستیە جەستەییەكان وەك ،خۆت وتەنی وەك كەوانتەرو پێداویستیەكانی تری ماڵ و ئامێرێكی مناڵ خستنەوە سەیری یەكتریمان كردبا ،ئەمانتوانی زۆر بەسادەیی یەكتری فەرامۆش بكەین و بیر لەماڵێك نەكەینەوە ئینجانەی گوڵەكە لەشوێن قاسەی پارەكەدا دابنێین .
تۆ ژیانت بەو هەموو نابووتیەوە چەند جوان كردبوو ڕوئیا! ئایا نەئەكرا تاسەر بەردەوام بین؟ نەئەكرا وەكو جاران عیشق لەسەروی هەموو شتێكەوە دابنێین ؟من ئەم ویست تۆ هەموو دنیای من بیت، نەك شتێك وەك هەموو ئەو شتانەی سەروەت مەندێك هەیەتی .من بڕوام وایە تەنیا مرۆڤێكی ڕاستە قینە ئەتوانێت گوڵ و ڕەیحانەی باخچەی ماڵێك ئاو بدات، نەك كەرەستەكانی ماڵەكە.،من نازانم تۆ دڵت دێت گوڵ‌و ڕەیحانە لەباخچەی ماڵێكی تردا دروستبكەیت یانا؟بەڵام هەرچیەك بێت من پەڕەی وشككراوەی گوڵەكانت وچڵە ڕەیحانەكەشت لەڕۆحما بۆهەتا هەتایە هەڵئەگرم.

دیگەران واتێئەگەن ئەوان گۆشتیان لەتۆ ئەوێت و تۆشە لەوان زێڕ، كێشەیان لەگەڵ ڕۆحت نیە .بەڵام ڕوئیا دڵ‌و مێشكمان لەخاڵیكردنەوەی ڕۆح و چۆڵكردنی لەعیشقا هەمان شتە .ئێمە تۆپەڵێك ماددەین ڕۆحمان تیا نەمێنێ‌ ،وەك یەك پارچە پیسایی لەچەند دەقیقەیەكدا بۆ گەن ئەكەین .ئاخر لەوشوێنەی قومار كردن لەسەر لاشەی مرۆڤ دەست پێئەكات بەر لەدەسپێكی یاریەكە هەمووان دۆڕاون .تۆش پێویستت بەپیاوێكی ڕاستە قینەبوو دەست بخاتە ناو دەستی خەونەكانت و بەسەوزاییدا بتبا نەك ئەوەی لەخەونەكانت دورت خاتەوە و لە قەفەزێكی لەزێڕ دروستكراودا بەندت بكات .بۆ گەنی ئەم دنیایەش لەو شوێنەوە دەست پێ ئەكات ئەبێت بۆ هەر بارودۆخێك ،كارێك دەمامكێكت هەبێـت بۆ پۆشین .ئەمەش جگە لەكوشتنی مرۆڤی ڕاستەقینە شتێكی تر نیە .ئەوانەشی هەموو خەونێكیان بەتەنیا كەڵەكە كردنی سامانە و خەونیان لەگۆڕنانی مرۆڤ و لێسەندنەوەی ڕۆحە لەمرۆڤ و كردنیەتی بەئامێرێكی كاركردن و لەززەت بەخشین .مرۆڤ هیچ كات نابێتە جێگای ڕەزامەندی خودا هەتا بەشێك لەمیهرەبانی ئەو ،بەخشینی بێبەرامبەری ئەو بەمرۆڤ لەناخی خۆیدا بەر جەستە نەكات لەو لەگەڵ ئە كەسەدا كاری پێ،ەكات كە دەبێتە شەریكی ژیانی ؟
ڕوئیا ...ئەوەی هیچ نابەخشێت لەپێناوی خۆشەویستیدا گیرفانی قورس ئەبێت و ویژدانی سوك .ئەوانەیشی ئەوان ئەیان ویست و لەپێناوی تۆدا بەخشیان دیسان بەهاكەی لەچاو ڕۆحی مرۆڤێكدا هێشتا هیچە .من ڕۆحم پێت بەخشیبوو چی لەڕۆح شیرینترە ؟ئەوان تەنیا سامانەكەیان پێت بەخشی و لەپێناویشتدا هەر ئەوە دائەنێن كەپێت ئەبەخشن نەوەك ڕۆحیان .بۆ لەمەودواش هەرگیز چاوت لەخێڵێكی خوێنخۆر نەبێت بەچاكت بزانن واباشە سەیری ئەوە بكەیت ئایا یاساكانی ئەوان چەند لەگەڵ ویژدان وبەهای مرۆڤدا ئەگونجێت ،ئایا ئەو شتەی لەپێناوی تۆدا ئەیبەخشن یاكچێكی تر لەگەڵ ڕۆحی مرۆڤدا لەتای تەرازویەكدا یەك كێشیان هەیە ؟!یا نرخی تۆ ئەو زێڕو زیوەیە لەسەر تای تەرازووەكە لەگەڵ دڵی تۆدا ئەیكێشن ؟!ڕوئیا ڕۆحی مرۆڤ قەت بەزێڕ ناكێشرێت ومامەڵەی پێناكرێت و ناخرێتە تای تەرزوی فرۆشتنەوە ،لەبەرامبەر ڕۆحی هەرمرۆڤێكدا پێویستە ڕۆحێك بدرێت ئەو كاتە مامەڵەی موحیبەت هاوسەنگە .ئەوانەشی ڕۆحی مرۆڤ ئەخەنە ترازوی فرۆشتنەوە لەڕاستیدا مامەڵەی لاشەی ئەكەن نەك ڕۆحی ئەو و تائەو كاتەش لەززەت لەجوانیەكەی ئەبینن قەدرو قیمەتی ئەزانن .تۆسەیری كە دووماری عاشقەو ماشقە لەكاتی لێكتری ئاڵاندا كێ باوەڕ ئەكات ئەوانە شتێك هەبێت لەجەستەیاندا بەناوی ژەهر .بەڵام خۆشەویستی لاشەو پارە هەمیشە لێوان لێوە لەژەهری یەكتری كوشتن !!

ڕوئیا..... مرۆڤ بۆ ئەوەی هەمیشە موعجیزە بخوڵقێنێ‌ پێویستە عاشقبێت ئاخر تەنیا عەشق ئەتوانێت مرۆڤ بكات بەخاوەنی موعجیزە .ئەزانم تۆش چ سەبرو ڕەنجێكت لەپێناوی منا كێشا !بەڵام كێش ئەوەندەی من كچێكی عاشقی خۆش ویستووەو ئامادەبووە هەموو ژیانی لەپێناوی ئەو دا بخاتە ژێر پێی ؟كێ‌ ئەوەندەی من ژنێكی هەناسە ساردی خۆش ئەوێت لەباوەشی پیاوێكی بێئاگادا؟دیسانیش ئەڵێم بمبورە ئەو تەمەنە زۆرە بوومە مایەی ئازار بۆتۆ .ئەوەندەی لەپێناوی مناكردت بەسەبۆئەوەی تاهەتایە قەدرت بگرم و لەدڵی خۆما ستایشت بكەم .

لێت تێئەگەم تۆش ئەگەر لەم دنیا پوچگەراو تاریكەدا ناڕازیبوون وەكو تێزاب تاسەر ئێقانت نەڕۆشتبێت ،ئەوا لەخەیاڵا بەدوای دنیایەكی تردا ناگەڕێیت هەقی ئەو هەموو مەینەتیەت بداتەوە ساڵانێك وەك ئاسكێكی پێكراو بەدوایدا ئەڕۆیشتی وپێی نەگەیشتی .پەنا بۆ خەیاڵێكی ڕاگوزەر نابەیت هەموو ئەوشتانەی بۆ هەتاهەتایە لەدەستت چوون بتداتەوە .من هەربەو هەستە كۆنەوە ئەژیم خۆت وتەنی (تەنیا تۆ ئەتوانیت مانا بدەیتەوە بەم ژینە شێواو بێمانایەی من)ئاخر ئەو ساتەی عیشق ئەبێتە تاریكخانە و قومارخانەی دۆڕاندنی بەهای مرۆڤ ،ژیانیش ڕەنگی مەغریبێكی ئەبەدی لێئەنیشێ‌،هەر ئەو كاتەی عیشق پیر ئەبێ‌ ژیان ڕەنگی پیری ئەگرێ‌ ،كاتێكیش ژیان ڕەنگی پیری گرت ئیتر ژیان ئەمرێ‌.
چەندساڵ بەئومێدی ئایندەو ئایندەش تابووتێكی ساردو سڕ ،بەخۆمم وت هەستەوە ئەی مردووی پیر ،لەناو ئەم ڕۆژگارە مردووەدا (بوون)چ مانایەكی هەیە جگە لەدنیایەك كڵۆڵی وچارەڕەشی ؟كاتێك مرۆڤ بێحورمەتی بەعیشق ئەكات ئەوە بێحورمەتیە بەژیان و گۆرانی وتنە بۆمردن .ئێستا تەنیا شتێكیش من بەم سەرزەمینەوە ئەبەستێتەوە ئازارەكانی تۆیە .ڕوئیا.....وەك هەمیشە بە موحیبەت ئەتكوشتم ،ئێستاش بەموحیبەت ئەمكوژی ؟!تۆ ئازارێكت نەدام تا لەیادەوەریما بیری لێبكەمەوە و ئەوەندە سەر سەختانە بۆت نەمرم دانی پیا ئەنێم تۆ ڕاست ئەكەیت من هۆكاری بەد بەختی هەردووكمان بووم.زاڵمێكی چەند میهرەبان بوویت ڕوئیا.....!تا تۆم نەناسی نەمزانی (نیچە)چەند بەهەڵەدا چوو لەناسینەوەی ئیحساسی كچێكدا و تا بەئەو هەموو سیخورە مرۆڤ خۆرەی دەوروبەریشت ئاشنا نەبووم پێكەنینم بەفرۆید ئەهات ئەسڵی ئینسانی ئەبردەوە سەر مەیمون!.
دڵەی خوێن تێزاو .....باهەر دەنگێك لەناخەوە پێمان بڵێت گۆڕێك نیە ئەم دووزیندووەی تیا بنێژین،ئەم دوو مردوەی تیا بشارینەوە ،من هەر باوەڕم وایە هەمیشە ژیان لەمردن شیرینترە .دڵنیابە هەرگیزیش ئەمە لەبەر تۆ ناڵێم .تۆسەیركە ئایا زیندووبوونی من بەم كۆڵی خەمو دەردو مەینەتیەوە گەواهیدەری ئەم ڕاستیە نیە ؟!تۆ پێت وانیە تا ئەو ساتەی كەمن زیندووم دڵێكیش هەیە كەعیشقی تۆ تیایدا زیندووە ،ئایا ئەمە بۆتۆش مایەی خۆشحاڵی نیە؟؟تۆش هەروابیر بكەرەوە من هەر بەو هەستەی جارانەوە پێت ئەڵێم ئەوانەی بەعاتیفەیان گرەو لەگەڵ حەقیقەتا ئەكەن هەر لەسەرەتاوە ئێسكو پروسكی خۆیان ئەشكێنن ،بەڵام ئەمەش ناكاتە ئەوەی مرۆڤ عیشقی دۆڕاند ئیتر تەنیا بیر لەمردن بكاتەوە وەك تاكە ڕێگا چارە دەربازبوون .ئایا ناشێت ڕۆژێك لەڕۆژان هەتا لەبەر ئەوەش زیندوو بین جارێك چاومان بەیەكتری بكەوێتەوە چەند جوان ئەبێت ڕوئیا .....؟؟هەتا لەلێواری مردن ولوتكەی پیربوونیشدا بێت ؟چەند جوان ئەبێت بۆ ئەو چركەیە بژین ،بۆ ئەو چركەیەو بەس!
لێم مەگرە هێشتا ئەبم بەمایەی ئازار بۆت ،تۆش ڕۆحی من بوویت خۆشت باش ئەزانیت مەحاڵە مرۆڤێكیش بەبێ ڕۆح بژی ئەم دنیاشم تەنیا لەبەر ئەوە خۆش ئەوێ‌‌و تیایدا ئەژیم تۆ تیایدا زیندووی.لەوانەیە كەمتەر خەمیم كردبێت و دەستم بەزیادە خەرجی هەستو سۆزەوە گرتبێت ،ئەگەر هۆكارێكی كەمتەر خەمیشم نەگەیشتنی نامەكان بووبێـت هەندێكجار ،ئەوا هۆكارێكی تریش ئەوە بووە نەمویستووە بیركردنەوەت داگیر بكەم .بەڵكو پێم وابووە مرۆڤ بۆ ئەوەی لەدڵی كەسێكدا بمێنێتەوە پێویستە دڵی داگیر بكات نەك ئەقڵی ،بۆ هەمیشە لەخەیاڵیدا بژی نەك لەبەر چاویدا .
گوڵی خەیاڵ .....لەو مرۆڤەی لەدەرونی تۆدا بووبەشی مناڵەكانت بدە ،دەرو دراوسێ‌ وخزمو كەسەكانی لێبێبەش مەكە ،لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە هەمیشە ڕێزی فریشتەكەی ناخت بگری ونەهێڵیت بمرێ‌.تۆ لێگەڕێ‌ كارت بەسەر كەسی ترەوە نەبێت چۆن بیر ئەكاتەوە ئەوانەی قەدری مرۆڤ ناگرن خۆیان بێقەدرن .مرۆڤێك لەناخی خۆیدا تەریق نەبێتەوەو بەبەلەمەكەیەوە بەناو خوێنی ئەوانی تردا بڕوات بەرەو ئامانج و پەشیمانی ئازاری نەدات ڕۆژێك هەردێت خوێنی ویژدانی خۆی ببینێ‌.ئەو كەسەی بەویژدانی ئەتوانێت بتكوژێت لای من لەو سوپا سالارە بەجەرگترە دنیای پێ وێران ئەكرێت .بۆیە لای من تۆ جوانترین مرۆڤی سەردەمەكەی خۆت بووی .
ڕوئیا كوشتن زۆر لەوە چاكترە لەوەی لەبریندارێك گەڕێیت تاقیامەت خوێی لەبەر بڕوات ،وەفا زۆری فڕێداوەتە سەر شەقامەكان وتا ترۆپكی شێت بوون بەگۆڕی زیندوو بوونی خۆیانی سپاردوون ،بۆ بەردباران و ئەو گوللانەی بەئیحساسیانەوە ئەنرێن .بەهەشتی ویژدان كورتخایەنە تاجارێك خەوی ئاسودەیی ئەبینیت ئەبێت هەزار جار لەسەر پێخەفی ڕەنج وئازارەكانت ڕاكشێی ،ناهێڵێت دەست بۆ هیچ شتێك بەریت نەبادا دەستت بچێتە خوێنی خۆت .عیشق و كتێبیش منیا بەم ڕۆژە ڕەشانە گەیاند .كتێب فێرت ئەكات سەر بۆ هیچ كەسێك دانەخەیت ،لەم ڕۆژگارەشدا ژیان بەبێ‌ سەرداخستن مەحاڵە .كتێب فێرت ئەكات (مرۆڤی گەورە سكی بەپشتیەوە ئەنوسێت بەڵام هەرگیز ئەوەندە ملی بێهێز نابێت سەری نەوی بكات)عیشقیش فێرت ئەكات وەكو مرۆڤ بژیت نەوەك وەك دڕندە .لەم سەردەمەشدا بتەوێت وەك دڕندە نەژیت لەزەغرەفەی ئەم جادووە ئەبەدی حەقیقیەدا لەهەزار ڕێگای خەیاڵی و وەهمی وحەقیقیەوە ئەنجن ئەنجنت ئەكەن و ئەتخۆن لەمانەش بەدبەختیتر ئەوەیە تۆ هەرزیندوویت تائەم دووبارە بوونەوە بێتامانە ببینیت.بەڵام هەرئەم ئەنجن ئەنجنكردن و سەر ڕاگرتنەیە شكۆ ئەداتەوە بەجوانی و مرۆڤ والێئەكات لەخەیاڵا ئاسودەبێت و خۆت تف لەخۆت نەكەیت ئەمە بەلای منەوە دەردناكترین كێشەیە مرۆڤی گەورە دوچاری ئەبێتەوە و حەز ئەكات دیگەرانیش وابن .
ئەی مۆمی ناو تاریكایی .....من شەوەهای شەو سێبەری تۆم ئەبینی بەچڵێ‌ ڕەیحانەوە ،نازانم چۆن دڵت هاتبوو بیپچڕی؟!تۆم ئەبینی بەژیێر تریفەی مانگدا ئەڕۆیشتی ،ئەڕۆیشتمە ئەو جێگایەی یەكەمین شەو قسەمان تێداكرد،ئەو شەوەساردەی گەرمای خۆشەویستی لێنە ئەگەڕاسەرمامان بێت .ئەچوومە ئەوێ‌و لەوێ‌ چەندین جار ئەو شەوەم ئەهێنایەوە یاد ،حەزم ئەكرد مانگەشەوبێ ولەژێر تریفەی مانگدا نامەكات بخوێنمەوە ،تا تۆش بزانیت كەسێك هەیە لەناو ڕابردووی تۆدا ئایندەی خەڵتانی خوێنە .تۆ نازانیت ئەو ڕۆژەش چەند دڵگران بووم خانووەكەی ئێوەیان ئەڕوخاند ،ئەو خانووەی بەشێك لەیادگاریە پڕلەترسو پەنهانەكانی تۆی لەناودابوو ،بەشێك لەمۆزەخانەی یادگاریەكانی منیش بوو .بەڵام شێتیە ڕوئیا.....بچیت دەستیان بگریت وپێیان بڵێیت كافری نە ئێوە خەریكی چین؟!دواتریش لەوێدا ماڵێكی تریان دروست ئەكردەوە وام ئەزانی دانە دانەی بلۆكەكانی لەسەر دڵی من هەڵئەچنن.
تۆ گەورەیت بەقەد ئەوساتانەی بەنیانیت دنیایەكی ترت نیشان ئەدام، ئێستا جادووگەرەكانیش تۆزێك دڵخۆشیم نادەنەوە ،تەنیا تۆ ئەتوانیت ئەم ژینە وێرانەی من دروستكەیتەوە .ئێستا ئیتر دەستیش پێبكەیتەوە تازە درەنگە بۆ ئەوەی گۆرانی بۆ ئەوین بڵێین،درەنگە بۆئەوەی ڕەیحانەكانی تۆ فریای ئەوەبكەون لەم مەوسیمی سەرماو تاریكیەدا ماڵ وحاڵی من وتۆ پڕكەن لەبۆن وبەرامەی جوانی .
وەك شوشەیەك من بەدوای لەتەشكاوەكانی خۆمدا گەڕام،تۆم دۆزیەوە.بۆ ئەوەی خۆم بدۆزمەوە بەدوای تۆدا گەڕام ،ئێستاش بۆ ئەوەی خۆم ون بكەم لەخەیاڵا سۆراخت ئەكەم.بۆ ئەوەی شادی بەدەست بێنم لەخوێ،ی خۆما غەرق بووم .بمبورە من ئەم ویست ڕەنج و دڵشكان وهیلاكیت لەم ژیانە تاریكەدا كەمكەمەوە كەچی زیاترمكرد ،بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆ بزانیت كەمن ویستوومە بزە بخەمە سەر لێوت نەك فرمێسك بخەمە ناو چاوت .ڕوئیا.....عیشق تا ئەو كاتە جوانە خوێنی تێنەكەوێت .لێگەڕێ‌ بەدەردی دڵشكانەوە بمرین جوانترە تائەوەی بەگوناهباری جوانی دنیا بشێوێنین.من ئولفەتم بەعەشقی تۆوە گرتبوو ،چەند جوانبوو!دەی ئێستا ئولفەت گرتن بەعەشقێكی لەدەست چووەوە ئەویش جۆرێكی تری شێتی و خۆكوشتنە .بەڵام دڵنیابە هەتا من زیندووبم بەڵێنت پێ ئەدەم نەهێڵم تۆ لەناو دڵما بمری وتكاشت تیا ئەكەم تۆ من لەبیركەو تۆ ئەم بەڵێنەی من بەخۆت مەدە..قەدەری من پێش تۆش هەر لەگەڵ ئازارابووە، لێگەڕێ‌ تا كۆتایی عومریش هەر بەردەوام بێ‌ .ئەمڕۆ ئەو كوڕە ژمار تەلەفوونەكەی تۆی پێدام زۆر خۆشحاڵ بووم دواتر خۆشحاڵیەكەم گۆڕا بۆ نیگەرانی ،من خەریكی چیم؟!پەتۆ لەسەر مردوویەك لائەدەم هێز نیە زیندووی بكاتەوە ،نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ژیان.چەند جارێك ویستم تەلە فوونت بۆ بكەم بەڵام نەئ ئێستا ئیتر بۆ یەكەمجار پێ بەدڵی خۆما ئەنێم و دڵی خۆم ئەخەمە سەر پشكۆ تا بۆ ئەوەی چیتر لەدۆزەخی منا نەسوتێیت .خوازیارم هەمیشە ئاسودەو سەر فەرزابیت ،هەمیشە جوان ودڵڕفێن بیت وەك ئەو ساڵانەی تەمەنی منت پڕكرد لەجوانی و دڵڕفێنی.
10\3\2010