بۆ (زوڵەیخا) ئەو ژنەی پێغەمبەرێكی كرد بەخاوەنی موعجیزە

ئێستا جگەلەخوێن شتێك نیە لەنێوان من وتۆدا
مامەڵەی من و تۆ سەودایەك نیە جگەلەمردن

*

من ئەو لاپەڕانە جێناهێڵم
شیعرم بۆ سەفەری یارو گۆڕی یار تیا ئەنووسی
ئەو نیوەڕۆیانەی كوكوختیەكان لە دڵما بوون بە شیوەنگێڕ
ئەو ساتانەی یادەوەری سەردەمێكیان كرد بە تابووت و
دامیانە دەست سەردەمێكی شوم
ئەو هەستانەی لە باڵی پەپوولە و
پەڕەی گوڵ ناسكتربوون و ژاكاندنیان
ئەو شەوانەش لەبیرناكەم مۆمەكەش تاقەتی ئەچوو، من هەر ئەسووتام
تۆش ئەو ئێوارە جێمەهێڵە
لەناو تابووتێكا بەرەو گۆڕی عەشقێكیان بردی!

*

تۆ ئەتەوێت لە دڵی پیاوێكا ڕووت بیتەوە
كە بە كۆڵانە تاعوناویەكانی زەمانا ڕائەبورێ‌
باران لە جلەكانی ئەتكێ‌ و لە دڵیشی خوێن
پیاوێك ئەتباتە سەرگۆڕی ئەوینێكی مردوو ئەڵێ‌:
دڵی مەلوولی من، شەو دۆستی دوژمنە
دەتباتە سەرگۆڕی غەریبەیەك
كێلەكانی وەكو گڕی دڵی ئەسوتێن
وەكو مۆمێك بە ئاگری دڵی ئەتوێتەوە
كەچی باخچەیەكت نیشان ئەدەن
وەك هەمیشە دەستی نائومێدی تیایدا سەوزە
ئەو سێوانەت نیشان ئەدەن
دەستە خوێناویەكانی نائومێدی لێی كردنەوە
دەتبەنە بەردەم دەرگای داخراوی پیاوێك وەچەی ڕەشەبایە و
خەڵوز لەسەر دڵی ئەوینێك دائەنێت، هەرگیز دەستی لەسەر دانەناوە
لەڕۆحی كڵۆڵی پیاوێكا ئەتنێژن
هەموو شەوێ‌ دەرگای ژووری نووستن بۆ مردن ئەكاتەوە و
لەسەر دۆزەخی خەیاڵ ڕائەكشێ

*

ئەی خەیاڵ
من ئارەقی تەریق بوونەوەم پیا دێتە خوارو تۆش خوێنی دڵشكان
من خوێنی دڵشكانم پیا دێتە خوارو تۆش ئارەقی تەریق بوونەوە
من دەچمەوە سەر ڕەچەڵەكی فریشتەیەك
لەبری ئەوەی لای خواوە بێت بۆ ئێرە
لێرەوە ئەچێت بۆ ئەوێ‌
تۆ دەچیتەوە سەر نەسلی پەریەك
لەبری ئەوەی نامەیەك لێرەوە بەرێت بۆخوا
لەوێوە دێت بۆ ئێرە
تكات تیا ئەكەم تكا
بمبەرەوە سەر كەلاوەی كولبەیەك
خوێن و غەریبی لە هەناسەی ئەچۆڕێت
من ئەزانم لە مەملەكەتێكا سەراب دەموچاوی ئارایشت ئەكات
ماسیەك هەیە لە بیابانا ئەخنكێت

*

بمبەرەوە سەر گۆڕی كچێك
بەپێی خاوسی ودڵی خوێناویەوە
بەناونیشانی داڵغەیەكا
هەموو ڕۆژێك هەتا ئەوسەری ونبوون ئەچێت
بمبەرەوە لای ئەو صەگە خاوەن وەفایەی
ئێسقانەكەم لەگۆڕەكەمدا دەردێنێ‌ و بۆنی پێوەئەكات
تا پێی بڵێم وەرەو یادگاریەكانمان دووبارە بكەینەوە
بمبەرەوە ناو دڵی ئەو موعتادەی
بەدەرزی هیرۆینی ئەوین تێكەڵاوی خوێنی ئەكات
تاپێی بڵێم من وتۆچەند عاشق بەوێرانبوونی خۆمانین
بمبەرەوە ناو ڕۆحی ئەو كۆیلەیەی خاوەنەكەی لەعیشقا لەبیر ئەچێت
تاپێی بڵێم من و تۆ چەند زوو لەخۆمان بایی بووین
بمبەرەوە ناو دڵی مەلولی ئەوكچەی
بۆنی لاشەی مردوویەكی لێدێ‌
بەدەم گۆرانیەكی بێهودەوە
ڕەنگی هەڵوەرینی پیاسەی
ئەو ئێوارانەی لێنیشتووە
درەختەكان بەكەساسی خۆیان ئەكوشت
تاپێی بڵێم بەختیاری گۆرانیەك بوو لەعیشقا خیانەت ناشتی
بمبەرەوە ئەو مەیخانە وێرانەی لەوێدا كەسێك هەیە
كەخەیاڵ بەسەریا ئەدات سەمای مەرگ ئەكات
تەمەنی وەكو دوكەڵی جگەرەكەی بەدەم ئەشكەنجەوە ئەكات بەدووكەڵ
تابلۆی بێگوناهێكی تۆمەتبار
بەدووكەڵی جگەرەكەی دروست ئەكات
تالەیادەوەریەكانیدا بنوسم
ئێمە دوو زیندوو بووین بەدیار تابووتێكی چۆڵی عەشقەوە
بەدیار كولبەی ڕوخاوی هاوسەرێتیەكەوە
كەهەرگیز تێی نەچووین

*

تاباسی ژنێكی بۆ بكەم
وەك ئەو پاڵەوانەی داو بۆنێچیرێكی وەهمی ئەنێتەوەو دڵی خۆیی پێوە ئەبێت
بەدەم دروستكردنەوەی كەلاوەیەكەوە گۆرانی ئەڵێت:
كەدروست ناكرێتەوە
تا گۆرانی كوڕێكی بۆ بڵێم كەچاو ئەبڕێتە ئایندەیەكی دور
وەك ماسیەك لەناو تابلۆكانە مەلە ئەكات
لەناو گۆمە خوێنەكاندا وەستاوە
وەكو گورگێك كەئەیەوێت لاشەی جنۆكەیەك بخوات
برسێتی بەخەیاڵ تێر ئەكات
منیش پەلت ئەگرم و تێكەڵاوی خوێنت ئەكەم
وەك سەرنجێك ژەهری تێكراوە بۆكوشتنی كەسێك
ئاخر من لەسەر قەرەوێڵەی ئەم نەخۆشخانەوە
بیر لەكۆنە ئەوینێك ئەكەمەوە
كاتی ئەوێت تاچەقۆیەكی تر
پەیكەری عیشقێك لەسەردڵی هەڵئەكۆڵێت
بیرلەو كچە غەریبە ئەكەمەوە
لەخەیاڵی شیعرێكا شەكەتی كوشتی و
كەچی بەكراسێكی سورەوە
لەباخچەی خەیاڵی منا گوڵی یاسەمین ئەچنێ‌

*

ئێستاش لەگۆزەو گوڵدانەكانی ئەم ماڵەدا دەنگی دڵی دێ‌
ئێمەبووین پەروانە كەساسەكانی عەشق
بەڵام چیمان هەبوو
جگەلەو باڵانەی بەرەو مردن هەڵمان ئەگرن ؟
دیلێك بووین و قوڕقوشمیان لەسەرسینەمان تاواندەوە
كوژراوێك بووین و دڵیان بۆیادگاری دەر ئەهێناین
سەماكەرێك بووین و پەنجەی پێیان بۆپێكەنین بڕین
چەقۆیەك بووین و سەری خۆمانیان پێ بڕین
لەماڵی ڕۆحی خۆمان بووین و
قوماری دۆزەخ و بەهەشتیان لەسەر ئەكردین
كاشكی لەوێ‌ بووباین
ئەو گورگانەی بۆ خواردنی دڵی ئێمە هاتبووین و لەوێ‌ نەبووین
كاشكی لەوێ‌ بووباین
كاتێك هەژارەكان بۆگۆشتی خێری ئێمە هاتبوون و لەوێ‌ نەبووین
ئێستا
تارماییەك جگەرەكەت دائەگیرسێنێ‌ و من لەوێ‌ نیم
خوێنی خۆ كوشتنی كەسێك ئەڕژێ‌ و من لەوێ‌ نیم

*

زوڵەیخا
با ئەو فریشتانەش بزانن بەدیار مەیتی كۆترێكەوە جگەرە ئەكێشن
خەونەكانمان ئەو باڵندانەبوون تەنیا بەناو خەیاڵا هەڵفڕین
ئێمە عیشق دڵی شكاندین و لەسەر تابووتەكانمان نوسی
تكایە كەرمێ‌ بكەن و بمانبەن بەرەو خۆشبەختی
ئێمە نەوەی ئەو فریشتانەی بەدەردی دڵئێشان ئەمردین
بیرتە لەمەراسیمی ناشتنی ئاسكەكەدا چەندە گریایین؟!
بائەو فریشتانەش بزانن بەهەناسەی نائومێدی پەروانەیەك ئەمرن
من و تۆ لەكڵاوی بەجێماوی سەربازە كوژراوەكاندا گوڵمان ناشت
من پەروانەیەكی سوتاو بووم و باڵەكانیان نەدیم
زیك زیكەرەیەكی ئاواز خوان بوویت و بەسەرتا ئەڕۆیشتن
بێچوە ئاسكێكی سەربڕاو بووم و كەسێك نەیویست خوێنی من ببینێ‌
تۆش سواڵكەرێكی ڕەجاڵ بوویت و كەس عاتیفەی نەخستە دەستماڵەكەت

*

پێیان بڵی....
بەدیار چاوی مانگەوە بێچوی ئاسكەكەیان سەربڕی
پێیان بڵێ‌.....
ئەم گوڵە دەیمیانە خوێن و سەراب ئەخۆنەوە
پێیان بڵێ‌ ......
هەتا پەڕەسێلكەكان زەڕنەقوتە فێری فڕین ئەكەن
هەتا باڵی كۆتر سەر ئاو ئەكەوێ‌
هەتا زەوی لەخوێنی فریشتەكان ئەشواتەوە
بۆچی خوێنی من نەبارێت؟؟
پێیان بڵێ‌ ........
تا خوا ئاوڕ لەدڵشكانی من ئەداتەوە
هەتا مەحشەر بەفرمێسكی من هەڵئەسێ‌
هەتا كیسەڵ سەربوردەی دڵشكانی من ئەگەیەنێت بەتۆ
هەتا ئەم ژورە دوكەڵاویە پڕ ئەبێت لەبۆنی باران،
لەهەناسەی تۆ
هەتا خوا لەعەرشەكەی دائەبەزێت ئەپاڕێمەوە
هەتا ئاسمان ڕەنگی خوێنی منی لێئەنیشی َ
هەتا فریشتەكان كڵۆڵیم ئەكەنە كۆڵ نزا ئەكەم
ئەوان پەپوسڵێمانەیان كوشت
بۆ ئەوەی لەزمانی پێغەمبەرێكی تر تێنەگا
بەدیار پیربوونی قەیرەیی كچەكانەوە كۆترەكانیان سەر بڕی
تۆش لەسەر بەرماڵەكەت بگری ،هەتا ویژدانی خوا تەڕ ئەبێ‌

*

ئەو گوڵە خوێنەی چرۆی ئومێدناكات بەخوێن ئاوی مەدە
من ئەزانم ئێوارەیەك
شیوەنگێڕەكان بەسەر گەڵاوەریوەكانا ئەڕۆن و
دڵیان وەكو دەغیلەیەكی شكاو زرنگەی دێ‌
من لەسەر باڵی پەروانەیەك ئەنوسم
یاخیبوون سێوێك بووبەسینەی درەختێكەوە
لەعەدەمیشا خودا نەیهێشت كەس دەستی لێبدا
من و كچێك ناسكترین پیاو كوژی دنیا بوو
نازنازەكانم بۆ ئەكرد بەماڵ و بەگەڵا پایزیەكان دای ئەپۆشیم
كچێك پاسەوانی نهێیەكانی و منیش پاسەوانی دڵی ئەو
من‌وكچێك لەقەڵایەك ئەچوو ترس‌و خوێن داگیری كات
من‌وكچێك بێزوی بەخوێنی كچێنی وخۆكوشتنەوە ئەكرد
من پێم ئەوت لەناخی خۆم بێمەدەر ئەتوانم بژیم
ئەو ئەیوت لەناخی خۆتا بژیت ئەمریت

*

من و كچێك پەنجەكانم چەشنی لاسكە گوڵێك ئەگرێ‌‌و ئەڵێ‌:
گۆرانیەكی تازەتر بۆ خۆشەویستی بڵێ‌
ئەڵێم عاقیبەت پەنجەكانی كوڕێك لەقژی كچێكدا ون ئەبێ‌‌ودنیا بۆی ئەگەڕێ‌
لێوی كوڕێك لەسەر سینەی كچێك ئەبێت بەهەڵم گوللەبەبارانەوە ئەنێن
بەڵام كچە ڕۆحە سیحراویەكەی وەكو عەتر ئەشكێ وبا ئەیبا
كوڕەش لەناو هاوار بێدەنگە كانی دڵیا ئەمرێ‌
سەری لەسەر ڕانم دائەنێ‌‌و
سەیری ناو چاوم ئەكاو ئەڵێ‌
لێگەڕێ‌ مردن خاڵی كۆتایی ئەم قەسیدە دابنێ‌
من پێی ئەڵێم دەستە خوێناویەكانت ماچ ئەكەم باتیمارت كەم
ئەوەتانێ‌ ڕۆحت نائومێدی لێئەڕژێ‌
بەمەكرو نازێكەوە هەر لەگریان ئەچێت:
ئەهاااااكوڕەكە دڵت خوێنی لەبەر ئەڕوا!
زوڵەیخا
ئەوەی دەباری فرمێسكی ئاسمان بوو نەك بارانی وەرزەكان
ئەوەی ئێمە هەڵمان دومژی عەتر نەبوو
بۆنی لاشەی گوڵەكان بوو !

*

وەكو دەنگی دڕندەیەك بێدەنگی شەو ڕاچڵەكێنێ‌،نابێت بگریت حەبیبم
دەبێت عیشق بێدەنگ بێت بۆ ئەوەی تفەنگەكان گۆرانی بڵێن
بەسەری بڕواو لاشەی جوداوە كەناریەكان سەما بكەن
دەشتێك بڵێ‌ ئەی غەریبە
من ئەزانم تاكو مەرگ
نامە بۆ كۆلارەی موسافیرەكان نەنوسێ‌ ،هیچ نانوسی
وەرزەكانی چاوەڕوانی
بەكۆڵانەكانی فیراقدا نەتبەنە ئەو دیوی مەرگ ،تۆ هیچ ناڵێ‌ ی
تائێوارە بەگوڵەكانی ماڵئاواییەوە نەیەت،تۆ ناسوتێیت

*

تۆ ناتوانیت بزانیت چی لەدڵیدایە
ئەو جاڵجاڵۆكەی قیامەت لەتەم ئەچنێت
خەمی ژیان داوی پێئەنێتەوەو
سیساركەیەكی عاشقی پێوەئەبێت
تۆ نازانیت زەوی
باوەشی ئەم سۆزانیە چەند داوێن پیسی تیا خەوتووە
من ئەزانم ئەم شەریعەتی شمشێرە لەئاسمانەوە نەهاتووە
ئەم شێت خانە ئیشی خودا نیە
كێ‌ ئەڵێت یوزەرسیفێك بێرەدا تێپەڕیوە
كێ ئەڵێت (هێتلەر)سەگێكی خۆش ویستووە؟؛

*

شەوێك كەتەنیایی لە تەنیایی خودائەچوو
بەخەیاڵی ئەوساتانەی مانگ لەئاوێنەی پێكێك بادەدا
دەموچاوی بۆژوانی شیعرێكی هەتیو ڕێك ئەخاو
خۆر لەنیگای پەروانیەكی بریندارەوە هەڵدێ‌ و
سپێدە تاریكی كوچە بەكوچەی مەملەكەتێكی تەنیا ڕاو ئەنێت
لەبەرماڵی حەشیش كێشێكا داڵغەكانی خەڵتانن لەخوێن
نەم ویست ساڵەكان بخەینەوە سەر ڕێ‌ی
ئەو وەرزانەی سێوەكانیان بوونە خۆراكی تەنیایی
ئەو سێوانە ی ڕومەتیان سور هەڵگەڕابوون بەخوێن
من ئەزانم مەرگ هەمیشە بەدەستە خوێناویەكانیەوە دێتەوە
لەسەر دیواری خەیاڵی ئێمە ئەنوسێت
گۆرانی وتن بۆ كەسێك گوێ‌ ی نیەو
گوێگرتن بۆ كەسێك چەقۆ لەزاریدایە بێفایدەیە
من كچێكم ئەناسی دڵی لەسەر دەستی ئەو پیاوانەبوو
دەستی لەسەر دڵی ئەو پیاوانەبوو
بەرەو ڕەچەڵەكیان پاشەو پاش ئەگەڕانەوە
وەك ڕوبارێك جەراعەت
بەرەو ساڵ‌و سەدە كۆنەكان ئەڕۆیشتن

*

تۆ وەك ئەوەی شەوێك لەژێر بارانا نوستبیت
ناتەوێت شەو ستیانەكەت بخاتەوە ژێر سەری
ئەی مەملەكەتی عەشق ،گوڵی خەیاڵ
من ئەزانم بهێڵن
ڕوت ڕوت لەبەر بارانا سەیرم ئەكەیت و
ستیانەكەت بەدرەختێكی دڵتەڕەوە ئەكەیت بەئاڵا
تۆ ئیتر كچێنیت ئەدەی بەعیشق و
لەنێو دوودڵی شكاودا بەماچێك ئاشتی بەرپا ئەكەیت
دەستی نەوازش بۆ ئەوانە درێژ ئەكەیت
ڕۆحیان لەكاغەزە خۆڵەمێشیەكانا جێئەهێڵن
ئەچیتەوە سەرتای وەرزێك
گەڵا لەسەروەختی ئاوابوونەوە ئەباتەوە مەوسیمی سەوزبوون
ئەچیتەوە مەیخانەی ئەو دێوانانەی
بەدڵشكاوی ئێوارەیەك مردن و
وەرزێكی سەرخۆش دەستی بەسەردا نەهێنان
تۆ ئیتر دڵی ئەوكچانەش دێنیتەوە جێ‌
لەناو دڵی دەیجورێكا
دڵی خۆیانیان دایە بەر چەقۆ!

*

ئەی دۆست گۆرانی بۆ كەسێك مەڵێ‌:
كەسەیرت ئەكات ناو چاوەكانی پڕن لەخوێن
كەدەستت ئەگرێ‌ گوڵ لەنێوانی پەنجە كانیا سەوز ئەبێت
ئەی لەمن دێوانەترو
ئەی لەمن وێرانەتر
سەربوردەیەكی تر بگێڕەوە
كەس ئیتر گوڵی سور نەباتە گۆڕستانەكە
حیكایەتێكی تر بگێڕەوە
لەسەربوردەی تەنیایی خواو
دڵشكانی من نەچێت

*

مەمخەرەوە ناو ئێوارەی ئەوینێك
كۆترەكانی موعتادن بەخوا حافیزی
مەهێڵە بچمەوە سەر ئەو كانیەی
ڕۆح لەبەرەكانی وەهم و سەراب ئەخۆنەوە
مەمگێڕەوە باخچەی بیرەوەری بۆسەوز بوونەوەی بێهیوایی
زوڵەیخا
باوەش بەوێنەی كەسێكدا مەكە بەدیار مەغریبی ئەوینێكەوە گرتوویەتی
بەدوای سێبەری كەسێكا ڕامەكە خاوەنەكەی بەدوای مردنا ڕائەكا

*

گۆرانیەك بەدەم وێرانبوونی وەرزەكانەوە بڵێ‌:
ئێمە ژیانمان لەسپێدەیەكا بەخشی بەئاوابوون
هێشتا پەپولە لەئاویلكەدان نەهاتبووە دەر
توتی فێری زمانی گوڵ نەبووبوو
ئێمە بەختەوەریمان لەبەیانیەكی سەرخۆشدا دۆڕاند
هێشتا كوكوختیەكان لەخەو هەڵنەسابوون
بۆیە چاوەڕێ‌ ی ئەو كەشتیانەئەكەم
پڕن لەو كۆیلانەی بەدیارچاوی مەعشوقەكانەوە
كەلەبچەیان كردوون
لەخۆڕایی لەسەر ئەو گۆڕە دائەنیشم
ئێوارەیەك خاوەنەكەی
گۆرانی ئەوینێكی غەریبانە لەگەڵ خۆیدا بردی
ئێوارەیەك لەوئێوارانەی موحیبەتیش
لەداوێنی سۆزانیەكا گیانی دەرئەچوو
ئێوارەیەك لەو ئێوارانەی
بەخوێن پەیمان و ویژدانمان نوێكردەوە
بۆ ئەو فریشتانەی
قەراربۆ بۆ ئەم خەراباتە بێن و پەشیمان بوونەوە

*

تۆ پێم ئەڵێیت :
لەم مەیخانە دا جیێت خاڵیەو تەنیا منیش هەستی پێئەكەم
نائێرە مەیخانە نیەو مەیدانی جەنگە
لەم جەنگەدا ئەوەی لای لایە بۆشەڕئەكات ئیمبراتۆرە
من خەریكبووم سەیری گوڵەكانم ئەكرد
دەنگێك لەمەلەكوتەوە وتی :
سەفەر گەڕانەوەی پیاسەی ئێوارەیەكە لەخۆكوشتن و
حیكایەتی هەڵهاتنێكی بێهودەیە لەترسی مردن
فێرم مەكە لەگۆرانی وتندا خوێن لەبرینم نەیەت
ئاخر عیشق گریانە لەباوەشی پیاوێكدا
ناودڵی پڕە لە گوللە !

*

ئێستا غەریبەیەك ڕەنگی لەڕەنگی گەڵا پایزیەكان ئەچێت
جانتاكەی پڕە لەو نامانەی لەسەر گۆڕەكان هەڵیگرتوون
بانگت ئەكات
وەرە بمبەرە گۆڕستانێك غەریبی گوڵەكانی ئاو ئەدات
تالەوێدا پێت بڵێم:
كێ‌ ئەتوانێت هەناسەی گومناوەكان بنوسێـتەوە
كێ‌ ئەتوانێت لەسەر ئەم كەللەسەرانە بنوسێت خاوەنەكانیان كێن ؟؟
دەتباتە سەركێلێكی شپرزە عیشق چوارینەیەكی لەسەر نوسیوە
ئالەوێدا هاوار ئەكات
كێ‌ ئیمان دێنێ‌ ئەمە گۆڕی فریشتەیەك بێت
لەلای خواوە بۆ گیان كێشان هاتبێت؟!

*

دڵی خۆت مەدە بەو پیاوە نابەڵەدە زوڵەیخا
وەكو ئاسكێك ڕێوێڵكردوو
بەكۆڵانی قەسابخانەكەدا ئەڕوا
ئەو پیاوەی لەدڵشكانەكانیا ئەوەندە گریابوو
لەژێر پێڵوەكانیا گوڵ ڕوابوو !
تۆ ئەچیتەوە كوشتارگای ئەو مردوو خۆرانەی
لەشەڕەكانا باڵندەكان دڵیان خواردبوون
منیش لەتەنیایی دێوانەیەك ڕائەمێنم
وەك هەمیشە بەدیار چرایەكی خامۆشەوە ئەسوتێت
بەدیار مۆمێكی كوژاوەوە نامەئەنوسێت
ئاخر كەمن هاتم تۆ گوڵە یاسەمینەكانت ئاو ئەدا
كەمن ڕۆشتم
مەیتی كوژراوەكانت كۆ ئەكردەوە

*

ئێمە چەند غەریب بووین !
وەك ئەو كەسەی بەناو شارێكی مۆمیاییدا ئەگەڕێ‌
تەمەنمان لەجگەرەی نائومێدیا كردبەدوكەڵ و
كەسێك نەیكردینە سینەی حەسرەتەكانیەوە
دەممان پڕبوو لەسەر مێكوتەی ئەم زەلكاوەو
بەدەردی بەد مەستی ئەیان كوشتین
وەكو ژنێك مناڵی جنۆكەیەك لەسكیدا بێت
ئەو عیشقە بێدەرەتانەمان هەڵگرتبوو
ئەمانزانی لەساڵی قات وقڕیەشومەكەوە فریشتەكان ڕۆیشتوون
ژیانیش ماڵێكە بۆ سەمای خەیاڵ
لەنێو خوێنی مەلولی خۆماندا ،وەك لەتێزابا بین تواینەوە
كەچی حەشیش كێشێكی شەو پەرست
قیبلە نوماكانی موعتاد ئەكرد
بەزمانێكی وەكو شمشێر تیژو
دڵێكی هەزار جار شكاوەوە ئەیوت
شوێنەواری پڵنگێكی بریندارە ئەم خوێنە

*

بەڵام تۆ بۆنی عەتری وەرزێكی بەهەشتت لێئەهات
لەم بەهارەی ئێرە ناچێ‌
تۆ لەئاگری سەرزەوی ناچیت حەبیبم
تۆ بڵێسەی هەزاران پەروانەی
جەهەنەم لەناو دڵی تۆدا ئەسوتێ‌

*

زوڵەیخا
گوڵ ناشتن لەسەر ئێسكەكانی من بێفایدەیە
خۆڵەمێشی من بۆ ئینجانەكان ناشێت
ئەمشەویش گەروم بەخوێن نەگیراباو
مەستی ئەم عیشقە خەراباتە لێگەڕابا
پڕ بەمەلەكوت گۆرانیەكم بۆ ئەوتی
ئاخر ئێمە لەبیری ئەوانەش چووینەوە
بەدەم سەربڕینی مانگەوە ئەبوون بەحەشیش كێش
ئەوانەش لەبیریان كردین، بۆ تەنیایی خوا ئەگریان

*

من پێم وتی :
بادە فرۆشەكە لەو ڕەزانەدا ئەگەڕێ‌
مێوەكانی بیلبیلەی چاوی ئێمەیان گرتبوو
نەئەبوو دڵت دابا بەوپیاوەی
چاوی پڕبوو لەوێنەی ئەو جەنگاوەرانەی
لەبەر پێیاندا كچێنی كچەكان و
لەپاشیانەوە ئاویان دەڕێژا
كەچی ئەو خۆڕاگرو دەردەدار بەڕێگادا ئەڕۆیی
نەئەبوو چاو ببڕیتە ئاسمانی
ئەو كۆترانەی لەسەفەرە غوربەتیەكانەوە
بەدڵشكاوی گەڕانەوە
چاوەڕێ‌ ی ئەو پیاوە بیت لێو بخاتە سەر گوڵەكانی تۆ
كەچی ئەو كەمەرت ئەگرێت بۆ سەما
ئەی خەیاڵی مایە پوچ
ئەی گۆڕ هەڵكەنی پیری
ئەوانەی گوڵی خاشخاشیان ئەدایە دۆستەكانیان
دوایی ئەڵێن لەم وێرانەدا سەما مەكە
خاكی ژێر پێت خۆڵی گۆڕەكەی عیسایە
تۆ ئەڵێیت خۆ ئەو بەخاچێكەوە چووەتە حزوری خودا!
دوایی ئەڵێن :
زوڵەیخا گۆرانی بۆ پیاوێكی غەریب ئەڵێ‌
زوڵەیخا عیشقێكی حەرام ئەباتە ناو جێگا