ئەی وڵاتم ... ئەگەر فێرببوومایە مار چۆن دەڕوات، وا دەڕۆیشتم
دەمەوێت بە لەشە شێدارەکەت بگەم و لە ناو برینەکانتدا پەپکەبخۆم
لوولپێچێکم لە سەدەفەکەم بێزار بووم
پیاوێکم دەست لە درەختەکان دەدەم و قسە دەکەم، شەرم ناکەم
 
کلیلی کڵۆڵییەکان بەسەر سنگە ڕووتەکەمدا شۆڕبۆتەوە
خەنجەرێک لەسەر گەردنمە و گوڵێکیش لەسەر لێومە
پەنجەکانم دەلەرزێت و خوێن بە چاومدا دێتەخوارێ
بەڵام بە دەنگێگی زوڵاڵەوە، بە دەنگێگی سافی وەک نەی قسە دەکەم
ئەی وڵاتم ... هەناسەکانم بەستوێتی و گەرووم بۆتە پەرداخێکی پڕ لە بەفر
دەڕوانم، بەرد و ئادەمیزادەکانم بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە
ئەم دەمامکە ڕەنگاوڕەنگانە وێڵیانکردووم
ناتوانم بەم جۆرە بژیم
بۆیە دەبێت، ئەم لەمپەڕانە ببڕم و
شانازی بە یاخیبوونمەوە بکەم

 
*           *           *
 

ئەی وڵاتم ... لە نابەینی پەنجەکانی تۆدا گەورە بووم
قەڵەمێکی بچکۆلە بووم ... لە گیرفانەکانی تۆوە هاتمەدەرێ
سەرما شکستیکردبووم ... کۆڵانەوکۆڵان دەگەڕام
بەڵام نەتدەبینیم ... ئەو مردووەت نەدەبینی کە دەمی پڕ بوو لە بەفر
فرمێسکەکانیشی وەکو تکەی مۆم بە ڕوومەتییەوە بەستبووی ... نەتدەبینیم
چەند بەسەر دەست و داوێنتدا شکامەوە
بە ددان بە ڕەشەباکانتدا نووسام، فڕێمنەدەن
بەڵام وەکو جلکێکی تەنک بە تەنافێکی بەرزەوە با بردمی و گوێت پێنەدام
لە دڵیشمدا هەورێکی لێڵ پیاسەی دەکرد
هەورێک ... ڕەنگی چڵکی کیشوە دوورەکانی گرتبوو
ئاه و سکاڵای کۆڵانە تاریکەکانی دەباران
لە فرمێسکی بەندیخانە و عارەقی دەستی شۆفێرەکان دروستبووبوو
خەونی بە خاکێکی شینەوە دەبینی ... 
...
...
...
*           *           *

...
...

ئەی وڵاتم
من ئاواتی بێ سەرەوبەرم نییە
''داوای ئەستێرەی شین و کەڵەشێری ئاڵتونم لێ نەکردوویت''
نەمگووتووە ...
وەکو منداڵێکی شەرمن، دەستم بگرە و بمبەرە بەر تاڤگەکانت
نەمگووتووە ... بمبە بۆ هاوینەهەوارەکانت
ئەو هاوینەهەوارانەی
لەسەر بەرگی قاوغەشقارتەکان نەبێت، نایانبینم
من چیم، من ڕێبواری هەمیشەیی گەڕەکە هەژارەکانم
وەکو ژنێکی لاوازی عەبابەسەر بە فەخرەوە
سەفەرتاسی بۆ نەخۆش و گوناهبارەکانت دەبەم
تیکەکەی خۆم، وەکو جەژنانە لە نێوان منداڵە هەتیوەکانتدا دابەشدەکەم
بەڵام سینییەک تووتن و دەفتەرێک پەڕەسیگارم بەرێ
با خەمی خۆمی پێ دەرکەم
تەنەکە و باگردێنەکەی جارانم بدەرەوە
با سەرمی لەسەر بتاشم
من وەکو ئافرەتێک بە ژانەوە
هەمیشە ددان لە دەستەسڕەکەم گیردەکەم و هاوار دەکەم
...
...
...
من وەکو نووسەرانی دیکە،
داوای پەلکەزێڕینە و خەونی پەمەییم لێ نەکردوویت
من لە ڕۆژانی سەرمادا حەزم لە بەتانییەکی تووکنە
لە ساتەکانی وەڕزیشدا عەوداڵی هەوایەکی پاکم
ئاخ، ئەگەر ژوورێکی گڵ و ئەگەر چرایەکی زەردت پێدەبەخشیم
تا ماوم دەبوومە پاسەوانی ئەو شەقامە خامۆشانەت
دەبوومە ئەو پیرێژنەی لەسەر بەرماڵ دۆعای بۆ دەکردیت
دەبوومە ئەو سۆزانییە پیرەی کە چەورە و گەنجە لچقرتاوەکان پێی فێردەبن
ئەو سۆزانییەی کاتێک لە ژێر کوڕێکی چواردەساڵدا دەنرکێنێ
دۆعا بۆ سەرفرازیی نیشتمانەکەی دەکات
لە ڕۆژانی شۆڕش و ڕاپەڕیندا، لە پێش دەم زۆردارەکاندا
بە شاتەشات، چەمکی عەباکەی بادەدات. 
 
*           *           *
...
...
ئەی وڵاتم ... لەگەڵ بەفری زیادە و گەڵای پایزدا ... بمخەرە مەزاتەوە
ناگریم و تووڕە نابم، لەگەڵ شتە دێرینەکانتدا بمفرۆشە
پەلم بگرە و بمدەرە دەست قەرەجییەک
یان بمخەرە پشت گالێسکەکەت
هەر کاتێک وەڕز بوویت
بمدەرە بەر قامچی
کە تینووت بوو ...  ئەوە دەستم
دەمارەکانم ببڕە و لە خوێنەکەم بخۆرەوە
 
*           *           *
...
...
 
ئەی نیشتمان
وەکو کراسی ڕەنگاوڕەنگی کۆگاکان
وەکو عەرەبانەی سەوزەی سەر شۆستەکان، خەون و ئاواتەکانم ڕێک دەخەم
وەکو چەتە چاوشینەکان دەیاننێم بە نیشانەوە و دەیانشکێنم
لە مێژە ... لە کۆڕی سەفا و ڕابوواردندا وەکو گۆچانی دەستی سەماکەرە خرپنەکان، هەڵیاندەسووڕێنم
هەروەکو جلکی بووکێنی هەڵمگرتن، وەکو پارە لە چاوی بەخیلەوە خۆشمویستن
دەفتەری بچکۆلەم بۆ کردن ...
لەگەڵ پرسیاری مەکتەب و گوڵەبەڕۆژە و نامەی دڕاوی دڵدارییدا، قەدم کردن
لە نیوەشەواندا کاتێک گورگ دەیلوراند و تاقتاقکەرە دەنگی دەهات
چراکەم کز هەڵدەکرد و تێر بەسەریاندا دەگریام
ئەوان بوونە مایەی شەرمەزارییم
دەڕۆم و لە دوامەوە وەک جێ ماچی خیانەتکاران، شوێن جێدێڵن
دەڕۆم و ئەی نیشتمان، حەسرەتی تۆ لە دڵمدا بۆتە بەڵا، بۆتە دانوولەکەی مناڵیی
لەم دەستمەوە دەیکەمە ئەو دەستمەوە و دەیسووتێنێ
لەم گیرفانمەوە دەیکەمە ئەو گیرفانمەوە و دەیسووتێنێ
 
*           *           *
...
...
 
 
-------------------
- نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'، لە 'تا ماتەمی گوڵ، تا خوێنی فریشتە'وە. 
- بڕیارە 18.04.2016 'دواهەمین هەناری دونیا' بە زمانی ئەڵمانی دەربچێت، پیرۆزە!