من هاواری ملیۆن داری..
به‌ر ڕه‌شه‌بای له‌په‌ل که‌وتوو.. و هه‌ڵوه‌ریوم
من زایه‌ڵه‌ی ملیۆن مه‌لی..
لانه‌ڕوخاو.. و ته‌ریوم
له په‌نجه‌ره‌ی پایزێکی ئهبهدییيەوە
ئه‌ڕوانمه دنیای ته‌م و
خوێنی ڕژاوی گه‌ڵاکان
ئه‌ڕوانمه چرای کوژاوه‌ی ماڵه‌کان
*
ئیسماعیلێکم ئێستاکه.. نه‌ک چه‌قۆی ئیبراهیمی باوک..
چه‌قۆی ده‌ستی دێوی غوربه‌ت سه‌رم ئه‌بڕێ
چ فریشته‌یه‌ک ئه‌گاته هانای زریکه‌ی به‌ر له مه‌رگ و سه‌ربڕینم؟
چ فریشته‌یه‌ک گیاندارێ ئه‌کاته قۆچی قوربانیی ئه‌م غوربه‌ته؟
ئه‌ی خوای گه‌وره نایه‌ته ده‌نگ؟
له‌گه‌رووی کهنیسهکانا..
خنکاوه په‌یامی عیسا و زایه‌ڵه‌ی زه‌نگ
مه‌سیح هه‌ر بهخاچهوهیه..
ئێسک و گۆشتی له‌گه‌ڵ ته‌خته و بزماری خاچ تێکه‌ڵ بووه..
خوێنی هه‌ڵمی لێ هه‌ڵئه‌سێ..
ئه‌ی نایبینن هه‌ڵمی خوێنی..
چیا و ده‌شتی سوور کردووه؟
هه‌وا بۆنی مه‌رگی لێ دێ..
مه‌رگ ڕه‌شه‌بای هه‌ڵکردووه
*
بۆ جارێ خوا نایه‌ته ده‌نگ؟!
بۆ جارێ خوا نابێ به ڕه‌نگ؟!
*
ئابڕوی مرێمیان برد و
وێنه‌که‌ی وا به‌دیواری باڕ و مه‌یخانه‌کانه‌وه
نوقمی ژه‌هری حه‌شیشه و توتن و تلیاکه..
گوڵێکی هه‌ڵپڕوکاوه به ده‌ست لیکی شه‌رمه‌زاریی و
نیگای بهدمهستهکانهوه
*
له‌و ڕۆژه‌وه.. قابیل هابیلی برای کوشت
له‌و ڕۆژه‌وه.. ده‌رگای شه‌هوه‌ت کرایه‌وه..
ده‌رگا له خوێن که‌وته سه‌ر پشت
له‌و ڕۆژه‌وه.. زه‌مین خوێنی..
به‌رد و دره‌ختی به‌ربووه
له‌و ڕۆژه‌وه.. خاک بۆ په‌یامێکی عیسا..
ئاگر له جه‌رگی به‌ربووه
عیسا ته‌مه..
عیسا ته‌مه
گه‌رچی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ونی هه‌زاره‌ها ڕه‌ش و ڕووت و
دڵی ڕوخاوی ژێر خه‌مه
که قابیل ته‌رمی هابیلی له کۆڵا بوو..
بۆ خوا قه‌له‌ڕه‌شی بۆ نارد؟
تا فێری کا چۆن بیکا به ژێر خۆڵه‌وه
چی ئه‌بوو گه‌ر قابیل هه‌ر ته‌رمی هابیلی بگرتایه به کۆڵه‌وه؟
*
ئه‌ی سه‌رده‌می قه‌له‌ڕه‌ش و کونه‌به‌بوو
من ئه‌مرم و له‌ناو ده‌ریای دوودڵیی یا..
شه‌پۆلێکی دڵنیایی بۆچی مێشکم ناپژێنێ..
به‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێکه‌وه؟
شه‌پۆلێکم ئه‌سوتێم و نابمه هه‌ڵم
له دارستانێ تاشه‌به‌رد..
هه‌ڵئه‌نوتێم و سۆز ئه‌که‌م به عه‌زره‌ت که‌نارێکه‌وه
گشت گیانم له‌ت و په‌ت بووه
له‌هه‌ر چایخانه و شه‌قام و بن دارێکا..
پارچه‌یه‌ک له دڵم ونبووه
من یوسفم.. یهعقوبیشم..
نیوه‌م له بنی بیرایه و نیوه‌م ئه‌گری
کوانێ ئۆقره؟.. کوانێ ئارام؟
کراسی یوسف بۆ یه‌عقوب..
یهعقوبێکی ژێر هه‌ره‌س و ملیۆنێ زام
سلێمانی شه‌وی 28/11/1983