ئێمە دەرگاکانمان داخست و
پەنجەرەکانیش ..
هێشتا دەنگی گوللەباران
لە شەقامەکەوە دەگەیشتە بەر گوێمان


پێنجشەممەکانی ئاگربەست
بێدەنگیمان دەکرد و
هەمیشە یەکێکمان لە نێواندا بوو


تۆ بیرت نایەت کچەکە گیان
ئێمە لەو شەوانەدا
لە پشتی جەستەی هاوڕێکانمانەوە
سەنگەرمان دەگرت و
دیوارەکانی ماڵیش
دەستەکانی بەسەرماندا دەهێنا و
دەنوشتایەوە


ئێمە ڕاهاتبووین بەو ڕۆیشتنانە و
بەو هەرەسهێنانە لەناکاوانەی دیوار


بە بەرزبوونەوەی ئاڵاکان ڕادێیت کچەکە گیان
بە داگرتنەخوارەوەیشیان
بە هاوڕێیانت
کە هێواش .. هێواش
دەبنە دوژمن و
بیرەوەرییەکانت
بەو شێوەیەی دەتتەوێت پێناسەیان دەکەیت
دەنگەکان قەبارەی خۆیان لەدەست دەدەن و
شەقام
بە شێوەیەک ڕادەماڵرێ
ڕابردوو لە خۆیدا نوقم دەکات


وەلێ کاتێ کە دوور دەبیت
کاتێک کە لێرە دوور دەکەویتەوە کچەکە گیان
هەمیشە سێبەرێک
لەبری یەک بە یەکی دیوارە ڕووخاوەکان
یەک بە یەکی هاوڕێکانت
لەسەر زەوی پەرش دەبێتەوە
کە لە پێی تۆوە دێت