"لە سەرەتاوە وشە بوو. وشە لای خوا بوو. وشە خوا بوو"، بەم دەربڕینە بەهێزەوە لە سفری یەکی یەکی یوهانێسدا، جیهانێکی هەتا بڵێی گەورە لە بەرانبەر ئینساندا لە ئینجیلدا دەخرێتە سەر پشت. گەورەیی خواوەند و وشە بە جۆرێک تێکەڵ دەبن مەگەر تەنها لە حەکایەتی دروستکردنی کەوندا ئەم دوو دەربڕینە جێیان بێتەوە.
کارێکی هێندە سەیریش نییە کە خوا لە قورئاندا بە فرمانی: اقر‌ا! کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وشەدا هەیە یەکەمین ئاخاوتنەکانی خۆی لەگەڵ پێغەمبەردا دەسیپێدەکات. ئەم سەفەرەی وشە و جێگاو ڕێگای ئەو لە مێژوودا، خاڵی خۆجیاکردنەوەی میژووی ئینسانە لەگەڵ کائینەکانی تردا. کاتێک لە سەرەتاوە وشە بوو، دنیا هاتە خوڵقاندن.
من لە گەورەیی وشە ورددەبمەوە. ئەو سیحرەی ئەم بوونەوەرە بێدەنگە توانای خوڵقاندنی هەیە کاتێک دێتە دەنگ و دەنگی دەبیسترێت.
بەتایبەت لە دۆخێکدا کە کوردستان ئەمڕۆ پیای تێدەپەڕێت.
 
من زۆر نانووسم . بەڵام بێدەنگبوونێکی گەورە لە نووسینی خۆمدا هەستتپێدەکەم لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا. ئاخر هیچ کاتێک هێندەی ئەو ساڵانە من لە زەمەنی بێقیمەتبوونی وشەدا نەژیاوم. هەر ئەمەش منی دووچاری نائومێدیەکی گەورە کرد لە بەرانبەر ئەوەی دەکرێ لە کوردستاندا شتێک هەبێت ناوی کاریگەری وشە بێت لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە.
من کۆمەڵێک دەستەواژە ڕیزدەکەم و هیوادارم کەسانێک بڵێن وا نییە.
لە ناو رۆژنامەگەری هیچ ولاتێکدا بە قەدەر کوردستان وشەی ڕۆشنبیر و جێگا و ڕێگای ڕۆشنبیر لە لاپەرەکانی ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکانیدا نابینرێت.
لە هیچ جێگایەکی دنیادا هێندە چالاکوانی مەدەنی و سیاسەتمەدارو چاودێری سیاسی بە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە نین کە هەر هەموویان مەعاشخۆری لایەنێک لە لایەنکەنی کێشەکەن و هەمیشە دەستڕێژی وشەیان لەسەر پشتە.
لە هێج شوێنێکی دنیادا دەسەڵات باسی گەندەڵی خۆی ناکات، لە کوردستاندا نەبێت. بە ئاستێک کە ئینسان ئەگەر گوێ لە دەسەڵات بگرێت هەستدەکات کەسێکی تر گەندەڵی خوڵقاندووە و ئەوانیش وەک میللەت مافخوراوون.
بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، لە هیچ شوێنێکی دنیادا ، هێندە وشە بە خەسارنادرێت بۆ وەسفکردنی وەزعێک کە ڕۆژانە بەرەو خراپبوون دەڕوات. بەڵام ئەوەی قیمەتی قنە جگەرەیەکی نەبێت، وشەیە. چونکە لەگەڵ زۆر بەکارهێنانیشیدا، بەردێک ناخاتە سەر بەردێک و دەنگێک دروستناکات.
کۆمەلگای کوردستان گەیشتۆتە دۆخێک کە تەنها لە مەملەکەتەکانی عەبەسدا باسیلێکراوە.
لە زەمەنی گەنجێتی مندا، ئەگەر ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەبەرچاوبگرین، وشە جێگایەکی هەبوو کە شایەنی باسکردنە.
 
رەنگە وەسفکردنی دەسەڵاتی بەعس بۆ کەسانێک ئەو رۆژگارەیان بیرنەماوە بە شێوازێکی سادە بریتی بێت لەوەی کە بەعس یانی: ڕیگەنەدان بەوەی ئینسان بە ئازادی بدوێت. بۆیە تەشوویش یان پارازێت دەخرایە سەر ڕادیۆیەکی خشەخشکەر، تا نووزەی لێببڕێت. دەبێ هیچ وشەیەک دەنگی نەیەت ئەو وشەیە نەبێت کە دەسەڵات خوازیاریەتی. بۆیە وشە لە سەر دیواری ئاودەستخانەکان دەنگی دەهات. بژی کورد وکوردستان. بمرێ بەعسی عەفلەقی، لەو وشە و دەربڕینانەبوون لەناو ئاودەستەخانەکانەوە دەنگیان هەڵدەبڕی.
دەنگی وشەی ئازادی لەگەڵ بۆگەنی ئاودەستخانەی مزگەتەکاندا، نووزەی بەبەری کەسانێکدا دەهێنایەوە کە دەنگێک ماوە و ئەوەتانێ سەردیواری ئاودەستخانەکان پڕن لە سروودەکانی ئازادی.
بەڵام ڕووخانی بەعس بە مانایەکی دی، یانی بەدیهێنانی ئەو خەونەی کە دەنگ بە جیا لە سەر دیواری ئاودەستەخانەکانەوە، دەکرێ لە هەموو ڕووبەرەکانی دیکەی کۆمەلگادا ببیسترێت.
راپەڕین وشە و دەنگ دەخاتەوە دەمی ئینسانی کورد.
بیست و پێنج ساڵ دوای ئەوەی دەنگ(وشە) لە ئاودەستخانەکانەوە دێتەدەر، تۆ دەتوانی بقیڕێنیت و لە هەموو ئەو کەناڵانەی دەنگی تیا دەبیسرێت و گەورەدەکرێت، قسە بکەیت و وشەکانیشت قیمەتی نەبێت.
 
بە کورتییەکەی: لە زەمەنی نەهێشتنی دەمکردنەوەی وشەدا، وشەی بۆگەناویی سەر دیواری تەوالێتی مزگەوتەکان، ئومێدێکی بە ئینسان دەدا کە دەنگێک لە سەر دیواری توالێتەکانەوە دەنگی دێت.
بۆ زەمەنێک دەنگ (وشە) بە ئارەزووی خۆی لە گەڵ کۆڕالێ سیاسییەکانی دەسەڵاتدا باس لە دزی و تاڵانییەکانی ناو کۆمەلگا دەکات و کەسیش گوێگر نییە و وشەش توانای خولقاندنی پێدانی نیو مەعاشی مانگی مامۆستایەکی نییە.
چ سەفەرێکی تاڵ و تەنگەنەفەسکەرە کاتێک تۆ لە کۆیلە بوونتا وشەت لێ قەدەغەدەکرێت و دەنگی نایەت بەڵام لە زەمەنی ئازادبوونتا وشەت دەنگی دەردێت بەڵام دەنگی نایەت.
بیرم دێ سەرەتای نەوەدەکان جەدەلێکی هەتا بلێی سەرنجراکێش پەرەی گرت کە گوایا ڕاپەڕینی کوردەکان خرۆشانێکی جەماوەری بووە و ناکرێ بۆ بزووتنەوەی چەپ ئەم خرۆشانە بە ڕاپەڕین بقەبڵێنرێ. بەڵام سەفەری وشەی کۆیلە بۆ سەفەری وشەی ئازاد ، بە تایبەت لە دۆخی هاوڵاتی کورد دا، ئەوەمان نیشندەدات کە ئەوەی لەم ڕاپەڕین و سەفەرەدا ناو و ناوەڕۆکی خۆی نەگۆڕی، ئینسانی کۆیلە بوو.

20160201