هه‌میشه حه‌زده‌که‌م وه‌ک سواڵکه‌رێک ده‌ست پان بکه‌مه‌وه و بڵێم: ''خه‌ڵکینه بۆخاتری خوا خێرێکم پێ بکه‌ن تۆزێ له‌و کاتانه‌ی خۆتانم بده‌نێ که‌له کاری خراپ و هاتوچۆی به‌تاڵدا به‌فیڕۆی ده‌ده‌ن.''
(نیکۆس کانتزاکیس1883-1957)
فیستیڤاڵی به‌رلین (nternationale Filmfestspiele Berlin) ناسراو به (به‌رلینالهBerlinale)
(400فیلم چاوه‌ڕێی خواردنی کێکی یادی شه‌ستساڵه‌ی فیستیڤاڵی ئه‌مساڵمانن) ئه‌مه وته‌ی دیتر کۆسلیکی به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵه‌که‌یه بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن.
ده‌مه‌ته‌قێی و پێشبینی پێشوه‌ختی نێو ئاره‌زومه‌ندانی بواری فیستیڤاڵه‌کانی سینه‌ما ساردتر نین له‌وانه‌ی بواری وه‌رزش، هه‌ر بۆیه ئه‌وانه‌ی پێشبینی ده‌که‌ن بۆ ده‌رچوونی ئه‌م فیلم، یان ئه‌و ده‌رهێنه‌ر، ئه‌م ئه‌کته‌ر، یان ئه‌و سیناریست بۆ سه‌رکه‌وتن یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵات، ئه‌و خه‌یاڵه خۆشه کۆتایی دێت و ورچی زێڕی له‌و مه‌ستییه وه‌خه‌به‌ریان دێنێته‌وه. ئه‌وی پێشبینیه‌که‌ی به‌دی هات، ده‌بێژێت ئه‌ها نه‌مگوت، ئه‌ویشی دیتی که‌وا ده‌رنه‌چوو، خواخوایه‌تی که‌س گوێی لێ نه‌بووبێت چی گوتووه. ئه‌م وه‌ڵامانه‌ش ته‌نها ئه‌و ده‌سته ده‌یداته‌وه که ورچی زێڕینی تێدا گیر بووه.
فیستیڤاڵی به‌رلین هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنیه‌وه له ساڵی1951-وه هه‌تا ئه‌مڕۆ له خزمه‌تی هه‌موو ئه‌و فیلمانه‌ی دونیادایه که بۆ پێشبڕکێ و هه‌ندێکیشیان بۆنمایشکردنی یه‌که‌مجاریان ده‌نێردرێن. هه‌موو ساڵێک له سه‌رانسه‌ری دونیا له نێوان 60 تا 120 وڵات له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شداری ده‌که‌ن. کۆی ئه‌و فیلمانهیش که بۆیان ده‌نێردرێت، له فیلته‌ری دادوه‌ران ده‌درێن و ساڵانه 19 بۆ 21 فیلمی پوخته‌یان لێ هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ پێشبڕکێی خه‌ڵاته‌کانی فیستیڤاڵ که ناسراوه به (ورچی ئاڵتونی و برۆنزی و مسین و هتد...) ئه‌م خه‌ڵاتانه ده‌درێن به یه‌که‌مین باشترین کۆی به‌رهه‌م، باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، یان ئافره‌ت، یان ئه‌کته‌ری یاریده‌ده‌ر، یاخۆ منداڵ، باشترین مۆسیقا، کۆستیوم، مکیاج، بڕینی فیلم، ڕوناکی، ده‌نگهه‌ڵگر، به‌ڕێوه‌به‌ری کارئاسانکهری کارمه‌ندان و هتد...
یادی شه‌ستساڵه‌ی فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ زۆر جوداتر بوو له ساڵانی پێشوتری و ڕازاوه‌تر و قه‌ره‌باڵه‌ختر بوو. به‌پێی سایتی فیستیڤاڵی به‌رلیناله که وه‌ک هه‌موو ساڵێک له ڕۆژی 11 بۆ 21 فیبریواری 2010ی خایاند، 400 فیلم له 101 وڵاته‌وه به‌شدار بوون و 20000 میوان هاتوونه‌ته به‌رلین، 3800 ڕۆژنامه‌وانی بۆده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی جیهان و هه‌زارانی ناوخۆ سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ی چالاکییه‌کانی فیستیڤال بوون. بازرگانانی فیلمیش له 62 وڵاته‌وه بۆ کڕینی فیلم گه‌یشتبوونه فیستیڤاڵ.
ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت که هه‌مان فیستیڤاڵ به‌شێکی تریشی لێ جیاکراوه‌ته‌وه بۆ پێشبڕکێی فیلمی کورت. له‌و به‌شه‌شدا له کۆی 2600 فیلمی کورت به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه 25 به‌رهه‌م هه‌ڵبژێردراوه که کاری گه‌نجانی 15 وڵاتن و ئه‌وانیش خه‌ڵاتی تایبه‌تی خۆیان بۆ ئاماده‌کراوه.
فیستیڤاڵه‌کانی سینه‌مایش وه‌ک قیامه‌ت وایه، وه‌ک ده‌گوترێت ئه‌وی له پردی سیرات بپه‌ڕێته‌وه به‌هه‌شت به‌ده‌ست ده‌هێنێت، وه‌لێ له فیستڤاڵ ئه‌وی له فیلته‌ری دادوه‌ران ده‌ربچێت به‌هه‌شتی ورچی زێڕینی به‌ناوبانگی مێژوویی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڵام لێره‌دا جیاوازی زۆر زۆر بچوکه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌ویان به مردووی و له‌و دونیا، ئه‌میان به‌زیندویی له‌م دوینا.
فه‌رشی سووری فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ ڕاخرابوو بۆ میوانداری زۆرێک له ده‌رهێنه‌رو ئه‌کته‌ره به‌ناوبانگه‌کانی دونیا ، وه‌ک ده‌رهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی مارتن سکورسیز، له ئه‌کته‌رانیش هه‌ریه‌ک له بیریس بروسنان و وانگریت کافن و لیونارد دی کابریو و ئاماندا بیت و بن ستلیر و زۆرێکی تریش له ده‌رهێنه‌ران و ئه‌کته‌ران و سینارست و وه‌ستایانی بواره‌کانی تریش که له‌به‌ر زۆری ناکرێت ناویان بهێنین، له‌گه‌ڵ زیاد له 500 گه‌نجی ئارهزومهدی نوێی هه‌موو بواره‌کان که له‌سه‌رتاسه‌ری دنیاوه هاتبوون، ئاماده‌بوون.
ئه‌و فیلمانه‌ی که بۆ نمایشکردن ئاماده کرابوون، وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵ ئاماژه‌ی بۆ کردبوو، زیاد له نیوه‌یان فیلمی خێزانی بوون، هه‌ندێکیشیان سه‌رنجڕاکێش و شۆککه‌ر، هه‌ندێکیشیان زێده جوان و نازدار بوون.
پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کردبوو که ئه‌وفیلمانه‌ی هه‌ڵبژێردراون بۆ پێشبڕکێ 20 فیلمن و هه‌موو له پێشبڕکێکه‌دا خۆیان بۆ (ورچی زێڕی و برۆنزی) مات داوه. فیلمی (The Ghostwriter)ی ده‌رهێنه‌ر رۆمان پۆلانسکی که له رۆمانی پڕفرۆشی نوسه‌ر روبرت هاریس وه‌رگیراوه، فیلمی بکوژێک له ناخمدایه(The Killer Inside Me)ی مایکل وینتر بوتومس، فیلمی ده‌رهێنه‌ری ژاپۆنی کویی واکاماتسو (Caterpillar) که رووناکی خستوه‌ته سه‌ر ناخی ئه‌وانی که له شهر گه‌ڕاونه‌ته‌وه، فیلمی تورکی ئه‌ڵمانی(هه‌نگوین)ی ده‌رهێنه‌ر سه‌میح کهپلانئۆغلۆ، فیلمی قه‌ته‌ری-سویسری(ئه‌ژین)ی ده‌رهێنه‌ر نیکۆلاس ڤادیمۆف،فیلمی لوبنانی (گوێم بۆ سێچیرۆک ڕاگرت)ی ده‌رهێنه‌ر مه‌روه ئهرسانیۆس، فیلمی مه‌غریبی (ئه‌وپیاوه‌ی جیهانی فرۆشت)ی ده‌رهێنه‌ر سوهێل نوری و عیماد نوری، نمایش‌کردنی سه‌رگوڵی فیلمه‌کان به فیلمی نازداری چینی ده‌ست پێ ده‌کات به‌نێوی (Apart Together Tuan Yuan) که به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵ ده‌بێژێت نمایش‌کردنی ئه‌م فیلمه‌مان کرده ده‌ستپێکی کردنه‌وه‌ی یادی شه‌ست ساڵه‌ی فیستیڤاڵی به‌رلیناله و یادی بیست ساڵه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا.
ده‌رهێنه‌رانی ئه‌ڵمانیش به سێ فیلم به‌شدار بوون، یه‌که‌میان (دز) یان (Der Räuber)ی ده‌رهێنه‌ر بنیامین هایزنبیرگ، دووهه‌م فیلمی پیاوی بێ‌ویژدان (Jud Süß – Mann ohneGewissen)ی ده‌رهێنه‌ر ئۆسکار ڕوهلار، سێهه‌میان فیلمی شه‌هاده(Shahada)ی ده‌رهێنه‌ر بورهان قوربانی که باس له چیرۆکی ژیانی سێ موسڵمان ده‌کات له ئه‌ڵمانیا.
کۆتایی فیستیڤاڵ 22،02،2010
په‌رده له‌سه‌ر ڕووی ورچه‌کان هه‌ڵدرایه‌وه و ناوی براوه‌کان له‌به‌رچاوی 6450 ئاماده‌بوو ئاشکرا کران، خه‌ڵاتی باشترین کۆی به‌رهه‌م درایه فیلمی هه‌نگوین(Bal)ی ده‌رهێنه‌ری تورک سه‌میح کهپلانئۆغلو (47ساڵ) که بهرههمێکهی هاوبه‌شی تورکیا و ئه‌ڵمانیایه. له کاتی وه‌رگرتنی ورچی زێڕیندا ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که گوتی (له کاتی هاتنمدا بۆ ئێره، دایکم ده‌ستی نایه ملم و فه‌رمووی: ڕۆڵه‌که‌م دڵت نه‌له‌رزێت و ئه‌وه بزانه که ورچ زۆری حه‌ز له هه‌نگوینه.) دیاره ئه‌مه جاری دووهه‌مه تورکیا ببێته خاوه‌نی ئه‌م خه‌ڵاته، جاری یه‌که‌م له ساڵی 1964 فیلمی (هاوینی بێ ئاو)ی ده‌رهێنه‌ری تورک ئیسماعیل مه‌تین بویه خاوه‌نی هه‌مان خه‌ڵات.
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر درایه ده‌رهێنه‌ری پۆڵه‌ندی-فه‌ره‌نسی ڕۆمان پۆلانسکی به فیلمی (غوست ڕایتر) و به‌رهه‌مهێن ئالان سارد له‌بری ده‌رهێنه‌ر خه‌ڵاته‌که‌ی وه‌رگرت و به‌نێوی پۆلانسکیهوه و به پێکه‌نینێکه‌وه گوتی: ''پۆلانسکی زۆر خۆشحال بوو به‌م خه‌لاته و پێمی گوت تۆبه ئیتر بچمه ئه‌م بۆنانه، چونکه دواینجار له‌م بۆنانه‌دا بوو که من ڕاپێچی زیندان کرام.'' ئاشکرایه پۆلانسکی ده‌رهینه‌ری فیلمی به‌ناوبانگی (پیانۆژه‌ن)ه که خوارده‌ی 3 ئۆسکاره و وه‌رگری هه‌مان خه‌ڵاتی بهرلینالهیه له ساڵی 1966دا. پۆلانسکی له 26 سیپته‌مبه‌ر له شاری زویرخی سویسرا و له کاتی ئاماده‌بوونیدا له فیستیڤاڵێکی فیلم‌دا پۆلیسی ئه‌و وڵاته ده‌ستبه‌سه‌ریان کرد و تا ئێستایش له ژیر چاودێری پۆلیسدایه له‌ماڵه‌که‌ی خۆی به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که له‌ساڵی 1977 له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا ده‌ستدرێژیی سێکسی کردوه‌ته سه‌ر کچێکی ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵان.
بۆ باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌تیش شینۆبو تیراجیمای 37 ساڵ بوو به وه‌رگری خه‌ڵاتی زیوین له فیلمی (کاتربیلار)ی ده‌رهێنه‌ر کوجی واکاماتسۆ. هه‌ردوو ئه‌کته‌ری ڕوسی پیاو غریغۆری دوبریغن(23ساڵ) و سیرغی بوسکیبالیس(43ساڵ) بوونه خاوه‌نی خه‌ڵاتی زیوینی باشترین ئه‌کته‌ر له فیلمی (چۆن ئه‌م هاوینه‌مان لێ ڕۆیشت). فیلمی (ته‌شویق) ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌لیکس بوبو غریبسکیش خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌ی وه‌رگرت. فیلمی (گه‌ر ویستت فیکه لێ بده‌م، لێی ده‌ده‌م) ی ده‌رهێنه‌ری ڕۆمانی فلۆران سیربان خه‌ڵاتی دادوه‌رانی وه‌رگرت و خه‌ڵاتی فرد بویریش بۆ باشترین داهێنان.
(کوڕی بابل) که فیلمێکی عێراقییه و له ده‌رهێنانی محمد دراجییه باس له منداڵێکی کورد ده‌کات به نێوی ئه‌حمه‌د خۆی و داپیره‌ی به‌دوای باوکی ئه‌حمه‌ددا ده‌گه‌ڕێن. باوکی ئه‌حمه‌د له سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌دامدا ڕاپێچی زیندان کراوه و دوای ڕووخانیش دیار نییه‌و ئه‌مان به‌دویدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌م فیلمه له به‌رهه‌می عیراق و ئیمارات و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نساو میسر و فه‌له‌ستین و هۆلندایه. فیلمه‌که له فیستیڤاڵدا هیچ خه‌لاتێکی وه‌رنه‌گرت، وه‌لێ دوو خه‌لاتی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤی پێ به‌خشرا له شاری به‌رلین.
مێژووی ده‌ستپێکردنی فیستیڤاڵی به‌رلیناله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1950 ئه‌فسه‌رێکی پله‌داری سینه‌مایی ئه‌مه‌ریکی به‌نێوی ئۆسکار مارتی(Oscar Martay) سه‌ر به هێزه داگیرکه‌ره‌کانی ئه‌مه‌ریکایه له کاتی کۆتایی جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا، به‌هه‌وڵی بێوچانی پێشنیاره‌که‌ی ئه‌و ده‌بێته به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی فیستیڤاڵی به‌رلین له 6 حوزه‌یرانی ساڵی 1951.
فیلمی (هه‌نگوینBAL )
(وه‌رگری خه‌ڵاتی ورچی زێڕین بۆ باشترین کۆی به‌رهه‌م)
فیلمی (هه‌نگوین2009) به‌شی سێهه‌م و کۆتایی ئه‌و چیرۆکه‌یه که باس له ژیانی شاعیرێک ده‌کات به ناوی (یوسف). به‌شی یه‌که‌می فیلمه‌که ناوی(هێلکه2007)یه و باس له کۆتاییه‌کانی ژیانی یوسف ده‌کات، به‌شی دوهه‌م ناوی (شیر2008)ه و باس له ژیانی هه‌رزه‌کاری یوسف و ئه‌وکاته‌ی ده‌کات که هه‌ست به شاعیربوونی خۆی ده‌کات و یه‌که‌م پارچه شیعری خۆی له گۆڤارێکی وڵات‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه. یوسف کوڕێکی دڵناسکی شاعیره له‌گه‌ڵ دایکیدا شیر ده‌فرۆشن و خۆیشی به‌یانیان به‌سه‌ر ماڵان‌دا به ماتۆڕ شیر ده‌گێڕێت، نه‌خۆشه و جارجارێک په‌رکه‌م لێی ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که بابی نییه‌و دایکیشی عاشقی ڕاوچییه‌ک بووه و ئه‌می پێ توشی دڵه‌ڕاوکێ وئازارێکی زۆر ده‌دات، وه‌لێ خۆیشی مه‌یلداری کچێکه وه‌ک خۆی خه‌ریکی چنینی هۆنراوه‌یه.
به‌شی سێهه‌م و کۆتایی چیرۆکی یوسف، فیلمی (هه‌نگوین2009)ه که باس له منداڵی ژیانی یوسفی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵان ده‌کات، یوسف له‌م به‌شه‌دا له گه‌ڵ دایک و باکیدا ده‌ژی. باوکی یوسف بۆ بژیوی ژیانیان، هه‌نگی ڕاگرتووه و هه‌نگوینیان لێ ده‌گرێت، له ناوچه‌یه‌کی نازداری نزیک ده‌ریای ڕه‌شی توکیادا ده‌ژین و له‌ناو دارستان و سه‌وزایی چڕ و پڕ له ده‌نگی بولبول و ئاوازی باڵداره‌کان و پیاسه‌ی ئاسک و چاوشارکێی ئاژه‌ڵه‌کانی تردا، باوکی له ڕوداوێکی ناوه‌ختدا ون ده‌بێت، یوسفیش له‌گه‌ڵ دایکیدا توشی زۆرێک له ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌بن.
ده‌رهێنه‌ری هه‌رسێ به‌شی فیلمه‌کانی سه‌میح کهپلانئۆگلو له دایکبوی 1963ی شاری ئیزمیره و ساڵی 1984 به‌شی سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆنی سه‌ر به زانکۆی ئیزمیری ته‌واو کردووه.
سه‌میح وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و نوسه‌ر کاری بۆ زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی کردووه که (52)به‌ش له خۆده‌گرێت و له کاتی خۆیدا پێشوازیه‌کی باشی له‌لایه‌ن ته‌ماشاکه‌رانی تورکه‌وه لێ کرا به نێوی(شیهناز تانگۆ). خاوه‌نی دامه‌زراندن و ده‌رهینانی کردووه بۆ چه‌ندین به‌رنامه‌ی ناوداری شۆ و سوپه‌ر ستاری ته‌له‌فزێۆنی له تورکیادا، سه‌میح وه‌ک خۆی ده‌ڵێت من کوڕی باوکێکی دکتۆری ده‌روونی و دایکێکی هاوکاریکه‌ر بووه بۆ ئه‌وانی که منداڵیان ده‌بێت. "به‌هۆی سه‌رقاڵیی داک و بابم به‌کاره‌کانیانه‌وه، من زیاتر لای داپیره‌م به‌جێ دههێلدرام، ئه‌ویش زۆرترین کات خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی کۆن و په‌ندی پێشینان و قسه‌ی خۆش بوو بۆم، که بوونه هه‌وێنی ئه‌م کارانه‌ی ئێستام.''
کهپلانئۆئۆگلو ده‌بێژێت: ''فیلمه‌کانی ژیانی یوسف که دامڕشتوون به‌سه‌ر سێ به‌شدا و له ژیر ناوه‌کانی (هێلکه ، شیر ، هه‌نگوین) زیاد له نیوه‌ی په‌یوه‌ستن به ژیانی تاکه‌که‌سی خۆمه‌وه و تێهه‌ڵکێشم کردوون له‌گه‌ڵ ژیانی چه‌ند شاعیرێکدا، گروپی کاره‌کانم بریتین له 13 کارمه‌ندی سینه‌مایی، له کامێرامان و هاوکارێکی، دوو ده‌نگهه‌ڵگر، ڕوناکی په‌خشێک، سێ هاوکاری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌رێک و یاریده‌ده‌رێک بۆ کارئاسانی پێداویسته‌کان و گواستنه‌وه‌مان، هه‌ر یه‌ک له‌م به‌شانه‌ی فیلمه‌کانم که بۆ خۆی فیلمێکه کاری سێ مانگمان بهشهونخونیهوه تێیاندا به‌سه‌ر بردووه، بێجگه مانه‌وه‌ی چه‌ندین مانگی خۆم بۆ کاری دوبلاژ و ڕێکخستنی مۆسیقا و بڕینی دیگیتالی و پاکژکردنه‌وه‌یان له وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی دی.''
مانگێک به‌ر له فیستیڤاڵی به‌رلیناله و له‌شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا له ڕێی وه‌رگێڕه تورکی/ئهڵمانییهکهیهوه، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕ و ڕۆژنامه‌نووس به‌کر شوانی توانیمان له کافیتێریایهکی ئیتالی ناوشاری کؤلن چاومان بکه‌وێت به ده‌رهێنه‌ر سه‌میح که‌پلان ئۆگلو. مرۆڤێکی ناسک و ڕۆح سوک و ساده‌مان له به‌رانبه‌ر خۆمان دیت. هه‌ر که زانی من خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌م، له‌لایه‌ک غه‌مبار بوو به‌و کاره‌ساته نامرۆییه و له‌لایه‌کی تر خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی که هاوسه‌ره ڕۆژنامه‌وانه‌که‌ی یه‌کێک بووه له‌و هه‌شت ڕۆژنامهڤانانهی که یه‌که‌مین سه‌رچاوه‌ی چاوی میدیابوون و تاوانه‌که‌یان به‌گه‌رمی بۆ میدیا جیهانیهکان گواستووه‌ته‌وه. کاتێکیش به‌کر شوانی له‌گه‌ڵی ده‌دووا، ئه‌و ده‌یگوت چه‌ند ئێره‌یت پێ ده‌به‌م تۆیه‌کی کوردی ئێراقی هێنده پاراو به‌زمانه‌که‌ی من قسه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌که‌یت.
ئه‌وه‌ی وای لێم کرد ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه بنووسم، ئه‌و هیوایانه بوو که کاکی ده‌رهێنه‌ر سه‌باره‌ت به کاره‌کانی بۆ من و به‌کر شوانی به‌یانی کرد:
1.به هیوام له‌ر فیستیڤاڵی به‌رلین ئه‌نجامێکی باش به‌ده‌ست بهێنین.
2.به هیوام وا بکه‌م ئه‌و شوێنه‌ی فیلمه‌که‌م تێیدا وێنه گرت، واته ئه‌و دارستانه‌ی که که‌وتووه‌ته که‌ناری ده‌ریای ڕه‌ش، ڕزگاریان بکه‌م له ده‌ستی ئه‌و کۆمپانیایه‌ی کاره‌با که به‌ته‌مان به هۆیه‌وه ئه‌و دارستانه خاپور بکه‌ن. من به‌م فیلمه‌م بتوانم به‌نمایشی نازداری سروشتی ئه‌وێ ئه‌وان له دارستانه‌که دوور بخه‌مه‌وه.
3.به هیوام بتوانم له‌داهاتودا و له شاری هه‌ولێر و سوله‌یمانی هه‌فته‌یه‌کی سینمایی فیلمی تورکی بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ڕێک بخه‌م، بێگومان ده‌بێت کۆمه‌ک بکرێین.
4.له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام ئێستا، له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی تورکیا قسه‌م کردووه و گه‌ر بکرێت له‌گه‌ڵ ده‌زگا ڕۆشنبیریه‌کانی ناوچه‌که‌ش بئاخفم بۆ دروستکردنی فیستیڤاڵێکی سینه‌مایی گه‌وره، په‌یوه‌ست بێت به سینه‌ماکارانی هه‌موو ناوچه‌که و پشتیوانی هه‌موو ئه‌و لاوه عه‌ره‌بی و ئێرانی و کوردی و تورکییانه بن بۆ هاوکاریکردنیان و به‌خشینه‌وه‌ی خه‌ڵاتێکی ناودارییش به نێویانه‌وه، بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌شم دیسان به هیوام..
به‌کر شوانی له‌باره‌ی ده‌رهێنه‌ر سه‌میح کهپلانئۆگلۆ و دانیشتنهکهمانهوه گوتی: ''کاتێک کهپڵانئۆگلوم دی، هه‌ستم کرد له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رێکدا دانیشتووم که به‌راستی هونه‌ری له ده‌ست دێت. ڕۆژی 9 کانوونی دووه‌می ئه‌مساڵیش دوای ئه‌وه‌ی له هۆڵی سینه‌مای مۆزه‌خانه‌ی لودفیگ له کۆڵن سه‌یری فیلمی (شیر)م کرد، به کاپلان ئۆگلوم گوت 'ده‌توانم پێشبینی بکه‌م له به‌رلیناله خه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گریت.' شه‌وی 27 له‌سه‌ر 28 شوباتی ڕابردوو کاتێک له به‌رلینه‌وه بۆ کۆڵن ده‌گه‌رامه‌وه، کاک خه‌سره‌و حه‌مه که‌ریم به کورته نامه‌یه‌ک ئاگادارمی کرده‌وه که (هه‌نگوین)ی کاپڵانئۆگلو خه‌ڵاتی ورچی زێڕینی وه‌رگرت. منیش زۆر خۆشحاڵ بووم به‌وه‌ی که مرۆفێکی لیبرال و دۆستی کورد ئه‌و خه‌ڵاته گه‌وره و پڕ له واتایه‌ی به‌ده‌ست هێنا."
فیلمی هه‌نگوین(2009Bal)
ده‌رهێنانی سه‌میح که‌پلان ئۆگلۆ 47ساڵ(Semih Kaplanglu)
نواندنی بورا ئهلتاس8ساڵ(یوسف) (bora altas)
به‌رهه‌می تورکیا.ئه‌ڵمانیا
براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین کۆی به‌رهه‌م به‌رلیناله 2010
به‌هیوای ئه‌وه‌ی کوردیش ببێته خاوه‌نی فیلم و هۆڵی سینه‌ماو به فیڕۆنه‌دانی(کات).