سبه‌ینان به‌ زوڵفی ژاکاوه‌وه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستان
ئێواران به‌ گۆزه‌ی شکاوه‌وه‌ له‌ کانی ده‌هاتنه‌وه‌ خوشکه‌کانم
بۆنی گێلاسی نه‌گه‌ییویان لێدێ
بۆنی چاوه‌ڕوانییان لێدێ
چاوه‌ڕوانیی، که‌ وه‌ک لاولاو به‌په‌نجه‌ره‌کاندا
دێته‌ خوارێ
که‌ وه‌ک غوباری مردن له‌ گه‌ڵاکان ده‌نیشێ
خوشکی گه‌وره‌ ده‌یگوت: با بێن، شیوه‌ن گێڕان با بێن
چۆن نه‌گریم ، من فه‌نا ده‌بم و که‌س ناڵێ حه‌یفه‌!
من فه‌نا ده‌بم و فه‌نابوونی من
به‌ قه‌ده‌ر به‌ربوونه‌وه‌ی هه‌رمێیه‌کی کاڵ
کار ناکاته‌ سه‌ر موگناتیسییه‌تی زه‌وی
فه‌نا ده‌بم و فه‌نابوونی من
به‌ قه‌ده‌ر قه‌ڵشینی ده‌نکه‌ ترێیه‌ک له‌ ئاوی کانییه‌کدا
کار ناکاته‌ سه‌ر هارمۆنیای وه‌رزه‌کان
فه‌نا بوونی من به‌قه‌ده‌ر یه‌خسیرکردنی نه‌هه‌نگێک
ماتماتیکی سروشت تێکنادات
خوشکی گه‌وره‌ هێور نه‌ده‌بووه‌ و
بۆنی به‌هارات له‌ هه‌ناسه‌ی ده‌هات
چۆن نه‌گریم، مردنی من به‌قه‌ده‌ر به‌ربوونه‌وه‌ی
بێچووه‌ کۆترێک له‌هێلانه‌که‌ی،
به‌ربوونه‌وه‌ی هێلکه‌ چۆله‌که‌یه‌ک
له‌ کونی دیوارێک
کار ناکاته‌ سه‌ر جه‌برییه‌تی ئاسمان
خوشکی ناوه‌نجی هه‌ردوو چنگی له‌ سه‌راب گیرکردبوو
به‌ توندی سه‌ری به‌ بیاباندا ده‌کێشا و
هاواری ده‌کرد: زه‌وی . . زه‌وی
ئه‌ی بێئه‌خلاقترین ئه‌ستێره‌
ئه‌ی بێ ئه‌خلاقترین ئه‌ستێره‌
خوشکی گچکه‌ که‌ زوڵمی خێزان وه‌کو ته‌م له‌ گه‌ردنی نیشتبوو
گوتی: ئه‌رێ برا چ جه‌نگاوه‌رێکی دۆڕاویت ؟!!
تۆ له‌ هه‌موو جه‌نگه‌کاندا دۆڕایت
له‌ هه‌موو هێرشه‌کان به‌ سه‌رشۆڕیی و
له‌ هه‌موو مه‌یدانه‌کان به‌ پێی په‌تیی گه‌ڕایته‌وه‌
ته‌نیا له‌جه‌نگی نغرۆکردنی ئێمه‌دا بردته‌وه‌
ته‌نیا له‌ په‌لاماری له‌توپه‌تکردنی ئێمه‌دا نه‌دۆڕایت
له‌ شه‌ڕی مه‌حرومکردنی ئێمه‌دا چه‌ند چاپووکی و
سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی قامچی تۆ
له‌سه‌ر پشتی ئێمه‌ تێناپه‌ڕێ
تۆ ئاڵای سه‌روه‌رییت له‌ ماڵێکدا هه‌ڵکرد
که‌ پیره‌ داک و باب له‌ ژوورێکی ساردی شێداردا
به‌ دیار کرمه‌کانی له‌شیانه‌وه‌ خه‌و ده‌یبردنه‌وه‌
ماڵێک که‌ پڕبوو له‌ هه‌ناسه‌ی خنکاو، بۆنی مه‌یتخانه‌ی لێده‌هات
خۆت کرد به‌ پاشای ماڵێک که‌ ته‌نانه‌ت یه‌ک ئینجانه‌شی تیا نه‌بوو
یه‌ک ئاوێنه‌ی تیا نه‌بوو سیمای تۆقیوی خۆمانی تیا ببنین
ماڵێک که‌ ته‌نیا به‌ فه‌رمانه‌کانی تۆ
له‌ گۆڕستان جیاده‌کرایه‌وه‌
ئه‌رێ برا چ جه‌نگاوه‌رێکی دۆڕاویت!!
تۆڵه‌ی دڵڕه‌قیی جه‌للاده‌کانی زیندانت له‌ ئێمه‌ کرده‌وه‌
خۆت کرد به‌ پاشای ماڵێک گۆڕستانێک بوو گۆڕستان
نه‌ خۆری لێبوو نه‌ باران
ماڵێک پڕ له‌ کۆخه‌کۆخی باوک، پڕ له‌ شه‌فاعه‌تی بێده‌سه‌ڵاتانه‌ی دایک
به‌ڵام وه‌همی پیاوانه‌ی خۆت
نه‌یهێشت هه‌ست به‌ هه‌ناسه‌ی ساردی شه‌وانی ئێمه‌ بکه‌ی
قژی ئێمه‌ت نه‌بینی که‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ سپی ده‌بوو
مه‌مکی ئێمه‌ که‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ده‌پووکایه‌وه‌
ته‌نیا قامچییه‌که‌ی خۆتت بینی
که‌ سنووری حوکمڕانییه‌که‌ی له‌ حه‌وشه‌که‌مان تێنه‌ده‌په‌ڕی
ئێستاش ئه‌و ڕاوچییه‌یت دوای مردنت
ته‌نیا ته‌ڵه ‌و داوه‌کانت به‌ میرات لێ جێده‌مێنێ
ئه‌وه‌ی تا ئه‌به‌دیش ده‌مێنێته‌وه‌
جێ پێی خودایه‌ له‌سه‌ر هه‌وره‌کان
جێ پێی ته‌نیاییه‌ له‌سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کان

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

زوڵه‌یخا به‌کۆڵانه‌کاندا ڕایده‌کرد
پرچی په‌ریشان ده‌کرد و ئه‌و هه‌موو مه‌حرومییه‌ی
له‌ بوخچه‌یه‌ک ده‌نا
پاسه‌وانه‌کان میلی تفه‌نگه‌کانیان ڕاده‌کێشا و
هاواریان ده‌کرد: بوه‌سته‌ خائین بوه‌سته‌
پیاوه‌کان خه‌نجه‌ره‌کانیان هه‌ڵده‌کێشاو ده‌یاننه‌ڕاند :
ڕامه‌که‌ حه‌یشه‌ری ڕامه‌که‌
زوڵه‌یخا بۆنی مه‌رگێکی ناواده‌ له‌ سنگی ده‌هات
ده‌یناڵاند: نه‌زیفی حه‌سره‌ت که‌ی ده‌وه‌ستێ؟
ئه‌م نائومێدییه‌ که‌ی خۆشده‌کاته‌وه‌ ؟
ده‌یگوت: ئه‌و مارانه‌ی له‌سه‌ر که‌پره‌کان ده‌خه‌ون
ئاسوده‌ترن له‌ ئێمه‌
زوڵه‌یخا له‌ خه‌ودا پێی ووتم: تۆ دڵی چیت به‌ زه‌وی خۆشه‌؟
من کوژرام و ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ وێران نه‌بوو
کوژرام و ئه‌م ئه‌ستێره‌ بێوه‌فایه‌
ئه‌م ئه‌ستێره‌ بێحه‌یایه‌
له‌ سوڕانه‌وه‌ی خۆی نه‌که‌وت
ئاوه‌کان یه‌ک له‌حزه‌ش نه‌وه‌ستان سه‌یری خوێنه‌که‌م بکه‌ن
غه‌در وه‌ک گێلاسێکی وه‌حشی
ده‌ڕژایه‌ سه‌ر پرخه‌پرخی ئه‌و سه‌ربانه‌ هاوینییه‌
غه‌در وه‌ک نه‌سیمێکی وه‌حشی به‌سه‌ر گه‌ڵاکاندا هه‌ڵیکرد
وه‌ک شه‌ونمێکی ژه‌هراویی نیشته‌ سه‌ر په‌لکه‌گیاکان
زه‌وی نه‌یگوت ئه‌ی غه‌در
وه‌ک نه‌سیمێکی وه‌حشی به‌سه‌ر گه‌ڵاکاندا هه‌ڵمه‌که‌
وه‌ک شه‌ونمێکی ژه‌هراویی مه‌نیشه‌ره‌ سه‌ر په‌لکه‌گیاکان
دڵت به‌چی خۆشه‌؟
له‌ نیوه‌شه‌وێکی هاویندا که‌ غه‌در
له‌ لووله‌ی تفه‌نگی تارمایییه‌کانه‌وه‌ به‌ توندیی تاریکیی ڕاچڵه‌کاند
من کوژرام و
موسافیره‌کان ساتێکیش جانتاکانیان دانه‌نا
ئاوه‌کان هه‌نگاوێکیش نه‌گه‌ڕانه‌ دواوه‌
من گوتم ئاخ زوڵه‌یخا من چیبکه‌م ؟
من دڵم به‌ زه‌وی خۆشه‌
دڵم به‌ ڕاکردنی ئاسکێک خۆشه‌ به‌ بیاباندا
دڵم به‌ سنه‌وبه‌رێکی دڵته‌ڕ خۆشه‌ له‌قه‌راغ ڕێگه‌یه‌کی خۆڵاویدا
دڵم به‌ پونگه‌ی قه‌راغ جۆگایه‌ک
گمه‌ی کۆتره‌باریکه‌یه‌ک له‌ ده‌مه‌وعه‌سرێکی دره‌نگدا
دڵم به‌وه‌ خۆشه‌
وه‌ک توتکه‌سه‌گێک باران ته‌ڕمکات
زوڵه‌یخا ده‌یگوت:
جوانیی بۆ کوێ چوو؟
جوانیی چی لێهات؟
وه‌ک ئه‌سپێکی تووڕه‌ به‌بناری حه‌سره‌تدا ڕایکرد
وه‌ک مامزێکی ترساو ئاوڕی نه‌دایه‌وه‌
کوا جوانیی؟!

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

پێمگوتن با له‌ئێواره‌یه‌کی هاویندا
لای کێڵگه‌یه‌کی زه‌ردی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خۆمان بکوژین
ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ی له‌هه‌ڵفڕینی کتوپڕی پۆڕێکدا بوو
ئه‌و هه‌موو نه‌شئه‌یه‌ی له‌ بۆنی گه‌ڵامێوێکدا بوو
په‌شیمانی کردینه‌وه‌
پێمگوتن با ده‌مه‌وعه‌سرێکی به‌هاریی
له‌ لای دارچواله‌یه‌کی شۆخ خۆمان بکوژین
له‌نجه‌ولاری په‌ڵه‌گه‌نمێک
په‌شیمانی کردینه‌وه‌
با له‌ناو گه‌رمه‌ی سروتێکی پاییزیدا خۆمان بکوژین
ڕاکردنی کچێک به‌ژێر باراندا
په‌شیمانی کردینه‌وه‌
با مانگه‌شه‌وێکی چله‌، کاتێک به‌فر به‌ باوه‌ ده‌بارێت خۆمان بکوژین
حیله‌ی ماینێکی که‌حێل په‌شیمانی کردینه‌وه‌
پێمگوتن .. ها ئه‌وه‌ خه‌نجه‌ر من زۆر موحتاجم بمکوژن
ده‌ستیان تێمنه‌چوو بمکوژن خوشکه‌کانم
پێمگوتن ها .. ئه‌وه‌ ژه‌هر
بێ مروه‌ت بوون .. نه‌یانکوشتم
چ مه‌حشه‌رێکیان به‌رپاکرد خوشکه‌کانم!!
من وه‌ک مارێکی بریندار برینه‌کانم به‌ دوای خۆمدا ڕاده‌کێشا
پێمگوتن خوا قبوڵ ناکا من به‌م ئازاره‌وه‌ بژیم
بێڕه‌حم بوون، له‌ ترسا لاڵ ببوون، که‌چی نه‌یانکوشتم
چ عاشورایه‌کیان به‌رپا کرد خوشکه‌کانم

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

ئێوه‌ دیوتانه‌ که‌ مناڵێک ژه‌هراویی ده‌بێت؟
منداڵێک شیری خاو جێ دێڵێت و ده‌که‌وێته‌ ناو وه‌حشه‌تی (شوێن)ه‌وه‌
له‌ به‌ربه‌رییه‌تی (کات) و هێلکه‌ییبوونی زه‌وی تێده‌گات
که‌س نه‌بوو بڵێت با ئه‌و مناڵه‌ ژه‌هراویی نه‌بێت
که‌س نه‌بوو چاوانم بگرێت تا هاتنی شه‌و و ڕۆژ نه‌بینم
که‌س نه‌بوو حه‌رفه‌کانم لێ بشارێته‌وه‌ و بڵێت
با ئه‌و مناڵه‌ سه‌رگه‌رمی به‌ختیارییه‌ وورده‌کانی خۆی بێت
با ئه‌و منداڵه‌ نه‌زانێت که‌ زه‌وی زه‌رنه‌قووته‌یه‌که‌ و
له‌هێلانه‌ی که‌ون به‌ربۆته‌وه‌
ئێستاش که‌ له‌ کرمێکی بێهۆش ده‌چم به‌ ده‌نووکی باشوکه‌یه‌که‌وه‌
وه‌ک بێچووه‌ پشیله‌ی بێ دایک تا ئه‌به‌د ده‌بێ
له‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌کان بنوزێنم
ئێستاش، به‌سه‌ر کتێبه‌کاندا ده‌گریم و
بۆنی ئیلحاد هه‌راسانم ده‌کات
ده‌مه‌وێت شوێنپێکانی خوا له‌سه‌ر به‌فر ببینم
بۆ به‌هانه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێم
به‌ دیار هه‌ڵمژینی دوکه‌ڵی ئاگرێکی یه‌زدانییه‌وه‌ مه‌ست بم
شه‌وێک به‌ ئاسووده‌یی له‌مه‌عبه‌دێکدا
یان له‌ په‌نا دره‌ختی مه‌زارێکدا به‌ هێمنی بخه‌وم
بچم بۆ (ده‌لهی) و کڕنۆش بۆ مانگایه‌ک به‌رم
ڕه‌گه‌زی خۆم به‌رمه‌وه‌ سه‌ر ته‌وته‌مێک
بۆ به‌هانه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێم
سنورێک بۆ زبریی گه‌ڵای هه‌نجیر دانێم
که‌ باڵنده‌یه‌کی دڵشکاو ناگرێته‌ خۆی
بۆ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێم به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ بڵێم :
له‌گه‌ڵ تۆمه‌ ئه‌هریمه‌ن!
ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ ساویلکانه‌یه‌ی من
بۆ شلوێ ده‌که‌ی؟!
بۆچی گومان بۆ په‌ڕه‌سێلکه‌کانی من
ڕۆده‌که‌ی؟!
به‌ نزاوه‌ بڵێم:
من که‌ی داوای ئه‌م شه‌وه‌ درێژانه‌م کرد؟!
کوا به‌خشنده‌یی جارانت؟

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

گرانه‌ژن ده‌یگوت :
هه‌سته‌ کوڕم، ته‌رمێک زێ هێنای
ته‌رمێک ئاو هێنای، کوێربم ته‌رمێک ئاو هێنای
که‌س نه‌یناسییه‌وه‌
که‌س نه‌بوو تابوتێکی بۆ دروستکا له‌ داری چنار
خوشکی گه‌وره‌ گوتی : له‌ خه‌ونمدا گاکان چه‌ند گوناح بوون
باوکم په‌لکێشی ده‌کردن بۆ سه‌ربڕین
ده‌بوایه‌ زوو بزانم له‌ناو باراندا سیحرێک هه‌یه‌ و من نایبینم
خوشکی ناوه‌نجی گوتی :
هه‌ڵه‌مان کرد زه‌ویمان ئاوه‌دان کرده‌وه‌
ئه‌گه‌ر جارێکی تر خوا جیهان دروستکاته‌وه‌
شه‌رتبێ ئه‌ی زه‌وی ئاوه‌دانت نه‌که‌ینه‌وه‌
هه‌ڵه‌مان کرد
ئه‌و سه‌حرا خه‌ماوییه‌
ئه‌و نه‌فه‌قه‌ تاریکه‌مان ناونا ژیان
خوشکی گه‌وره‌ گوتی :
واوه‌یلا بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی میلی کاتژمێر
له‌ به‌رده‌م قورسیی له‌حزه‌کاندا ده‌شکێت
گرانه‌ژنیش هه‌ر له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
ته‌رمێک ئاو هێنای، بمرم ته‌رمێک ئاو هێنای
که‌س نییه‌ بیلاوێنێته‌وه‌
که‌س نییه‌ تابووتێکی بۆ دروستکا
له‌ داری هه‌نار

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

ژنێکی سپی پۆشم ده‌ناسی
هه‌میشه‌ ده‌یگوت: ده‌ست له‌ ژیان مه‌ده‌
ژیان له‌ برینێک ده‌چێ که‌ خوێنی لێ بچۆڕێ
ده‌ تۆش ده‌ستی لێمه‌ده‌ ( به‌یاتریس )ی ئازیز
(به‌یاتریس)ی ئازیز له‌رزینی تۆ
له‌ له‌رزینی دڵۆپێک شه‌ونم ده‌چێت به‌سه‌ر تاڵێک گیاوه‌
ده‌بوایه‌ زوو بزانم تۆ لێره‌یت
جوانیی به‌ خوڕڕه‌م ده‌بارێت
گه‌ڕه‌ک بۆنی جاتره‌ی کێویی گرتووه‌
ماڵه‌که‌م پڕبووه‌ له‌ بۆنی ڕازیانه‌
ئێواره‌ دره‌نگ سێوه‌ لاسووره‌یه‌کم بینی به‌لقێکه‌وه‌ هه‌نسکی ده‌دا
یه‌کسه‌ر زانیم تۆ لێره‌یت
ده‌بوایه‌ زوو بزانم پێش ئه‌وه‌ی قه‌یسی پێبگات دێیته‌وه‌
ده‌بوایه‌ زوو بزانم تۆ چه‌ند زوو غوربه‌تت هه‌ڵده‌ستێ
(به‌یاتریس) ده‌نکه‌گه‌نمێک له‌ ده‌می په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌ک به‌ربێته‌وه‌
تۆ ڕه‌نگت تێکده‌چێ
پشیله‌یه‌کی شپرزه‌ دوای نوێژی شێوان ببینیت
بۆقێک ببینیت له‌ناو جۆگه‌یه‌کدا گیانبدات
غوربه‌تت هه‌ڵده‌ستێ
هاتیه‌وه‌ (به‌یاتریس)؟
بابچین سه‌یری خه‌وتنی کچێک بکه‌ین له‌ بالکۆنێکدا
بچین و بڵێین: ئێمه‌ ڕازین با ماریش ژه‌هره‌که‌ی خۆی
له‌ بیابانێک فڕێدات و بێته‌وه‌ ناومان
وه‌ی خوایه‌ (به‌یاتریس) چه‌ند سه‌یره‌ تۆ لێره‌یت!!
 
‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
 
گه‌وره‌ کچ ده‌یگوت: من چ ده‌که‌م لێره‌؟
ئێره‌ وڵاتی من نییه‌
ده‌مه‌وێت له‌ (به‌یت له‌حم) بمرم
هه‌رچه‌نده‌ مردنی من به‌ ئه‌ندازه‌ی توڕه‌بوونی حوشترێک
کار له‌ سه‌نگینی بیابان ناکات
به‌قه‌ده‌ر سوتانی پاوانێک
کار ناکاته‌ سه‌ر بێڕه‌حمیی هاوین
به‌ ئه‌ندازه‌ی سڕبوونی مارێک
کار ناکاته‌ سه‌ر خه‌مساردیی زستان
من ده‌مه‌وێت له‌ (به‌یت له‌حم) بمنێژن، له‌و خاکه‌ نه‌رمه‌
من چ ده‌که‌م لێره‌؟!
ئێ ه ه ه چه‌ند دوورن
له‌وسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ به‌حاڵ دیارن خوشکه‌کانم
ئای ده‌بێ ئێستا له‌کوێ بن؟
ئای ده‌بێ ئێستاش ئێواران به‌ گۆزه‌ی شکاوه‌وه‌ له‌ کانی بێنه‌وه‌؟
ئای ده‌بێ ئێستاش سپێدان به‌ پرچی په‌ریشانه‌وه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵسن خوشکه‌کانم؟!

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

کێ ده‌ڵێ ده‌تبینمه‌وه‌ پیرێژن؟
ده‌ترسم به‌ردێک به‌ر زه‌وی که‌وێت و هه‌پروون هه‌پروونی کات
ده‌ترسم یه‌ک تنۆک قوڕ له‌ ده‌نوکی چۆله‌که‌یه‌ک به‌ربێته‌وه‌ و
قیامه‌ت هه‌ستێ
ده‌ترسم بمرم و جارێکی تر هێلانه‌ قه‌تێیه‌ک نه‌بینمه‌وه‌ له‌ناو وه‌ردێکدا و
فریا نه‌که‌وم بڵێم: ئه‌و جله‌ ڕه‌شانه‌ت زۆر لێدێ
چه‌ند لێت جوانه‌ پیرێژن ئه‌و گه‌ردانه‌یه‌ی پڕه‌ له‌ (عاقیقی یه‌مه‌نی)
بۆ ئه‌و ده‌نکه‌ گێلاسه‌ت لا جێنه‌هێڵم؟
ده‌شێ خۆمان ده‌نکه‌گێلاسی یه‌زدانی له‌بیرکراو بین
بۆ ئه‌و هه‌ناره‌ت به‌ یادگاری لا نه‌بێت؟
ده‌شێ خۆمان هه‌ناری سه‌ر لقێکی به‌رزی دووره‌ده‌ست بین
ئه‌مانه‌تی تۆو ئه‌و ده‌ستماڵه‌ پیرێژن
له‌هه‌رکوێیه‌ک منت ویست
موویه‌ک هه‌ڵکڕوزێنه‌ و گه‌ڵازه‌یتونێک فڕێده‌ ده‌ریاوه‌
من له‌وێم
ویستت وه‌ک جاران به‌رخه‌کان ده‌له‌وه‌ڕێنم
بێچووه‌ قازه‌کانت بۆ دێنمه‌وه‌ نه‌با ته‌رزه‌ی به‌هار سڕیان کا
ئه‌گه‌ر به‌چکه‌ مراوییه‌کان که‌وتنه‌ سه‌رپشت ڕاستیان ده‌که‌مه‌وه‌
هه‌موومان ده‌ڵێین غاک غاک
با بچین بۆ ناو ئاوی پاک
با ئه‌و یادگارییانه‌ت لابێت
ده‌ترسم ده‌نکه‌ ته‌زبیحێک له‌ ده‌ستی خوا بترازێ و
فریا نه‌که‌وم بڵێم ئاگات له‌و ده‌سماڵه‌ بێت پیرێژن
چارشێوه‌ ڕه‌شه‌که‌ت ڕاوه‌شێنه‌ و من له‌وێم
به‌ سواری ئه‌سپه‌که‌مه‌وه‌ ده‌گه‌مه‌ لات
به‌ڵام تخوا مه‌ڵێ ئه‌و خوێنه‌ چییه‌ به‌ یاڵی ئه‌سپه‌که‌ته‌وه‌؟
چونکه‌ سوارێک به‌ناو ته‌نیایی سه‌ده‌کاندا ڕابکات
چۆن به‌ زینی خوێناوییه‌وه‌ ناگاته‌ لات؟
چارشێوه‌ ڕه‌شه‌که‌ت ڕاوه‌شێنه‌ و
سواره‌ چکۆله‌ی خۆت ده‌گاته‌ لات
سواره‌ چکۆله‌ی خۆت به‌ که‌ساسی
له‌ ئاوایییه‌کان ده‌رکرا
به‌ غه‌مباری به‌ کۆڵانه‌کاندا ده‌ڕۆیشت
ژنان ده‌رگایان لێنه‌ده‌کرده‌وه‌ و
کچان له‌ سیمای وه‌حشتناکی ده‌ترسان
کانییه‌کان ده‌یانگوت: لێره‌وه‌ مه‌یه‌
دره‌خته‌کان ده‌یانگوت: سێبه‌ری ئێمه‌ بۆ تۆ نییه‌
ئه‌ویش به‌ ناچاری سواری ئه‌سپه‌که‌ی بوو
به‌ناو ته‌نیایی سه‌ده‌کاندا ڕایکرد
ئه‌گه‌ر چارشێوه‌که‌ت ڕاوه‌شێنی
به‌ زینی خوێناوییه‌وه‌ ده‌گاته‌ لات
ئه‌گه‌ر بینیت ته‌پوتۆزی زه‌مانی پێوه‌ بوو
ڕمه‌که‌ی دوو بست له‌خۆی هه‌ڵکشاوتربوو
بیناسه‌وه‌
بیناسه‌وه‌و مه‌ڵێ ئه‌و هه‌موو زووخاوه‌ چییه‌ به‌ڕوخسارته‌وه‌
چونکه‌ سوارێک به‌ناو ته‌نیایی سه‌ده‌کاندا ڕابکات
چۆن به‌ خورجینێک بیره‌وه‌ری کوژراوه‌وه‌ ناگاته‌ لات؟!

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

ئێواره‌ په‌شۆکابوو
ده‌ستم خسته‌ سه‌ر سنگی
قه‌ت دڵی ئێواره‌ وا به‌ توندی لێی نه‌داوه‌
قه‌ت برینی ئێواره‌ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی لێ نه‌هاتووه‌
ئێواره‌مان به‌ غه‌مگینی به‌ جێهێشت که‌ هه‌ر له‌ ژنێکی تازیه‌باری (بوخارا)یی ده‌چوو
زۆری پێنه‌چوو مانگی چوارده‌ و دامه‌نی ئه‌و شه‌وه‌ به‌حیشمه‌ته‌ هاوینییه‌
به‌ خوێنت ئه‌رخه‌وانی بوو زوڵه‌یخا
سوێندمان خوارد ئیتر له‌ سه‌ربان ناخه‌وین
بۆ له‌ سه‌ربان بخه‌وین!؟
چه‌ند که‌ساس ئێواره‌ ده‌گریا
ده‌بوایه‌ بزانم ئێواره‌ به‌ بێ هۆ دڵی پڕ نابێ و
ڕه‌شپۆشیی ژنانی (بوخارا) گاڵته‌ نییه‌
ڕژانی فرمێسکی ژنانی (بوخارا) به‌ سه‌رسنگیاندا
کتومت ڕژانی شه‌رابی (که‌لکه‌تا)یه‌
به‌سه‌ر ئاوریشمی (شیراز)دا
کتومت ڕژانی ته‌جه‌للای خودایه‌ به‌سه‌ر (توور)دا
له‌پڕ گوێمان له‌ خرمه‌ی میلی تفه‌نگه‌کان بوو
ئه‌وه‌ خۆی بوو، غه‌در بوو
خۆی به‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌که‌ماندا فڕێدا
چونکه‌ غه‌در قه‌ت له‌ ده‌رگا نادات
قه‌ت چاوه‌ڕێ ناکات ئێمه‌ بڵێین میوان کێی؟
قه‌ت بوار نادات تا ئێمه‌ دڵمان خۆش بێ و بڵێین:
(ئه‌رێ وه‌ڵڵا قه‌یس هاته‌وه‌)
خۆی بوو، غه‌در بوو
به‌ خۆی و پاڵتۆی چه‌رمی قه‌ترانی و چه‌کمه‌ قوڕاوییه‌کانیه‌وه‌
شه‌رمی له‌ سه‌گوه‌ڕی تراژیدی قه‌راغ شارێکی خامۆش نه‌کرد
شه‌رمی له‌ ویقاری بێ ده‌نگیی و هه‌یبه‌تی شه‌وێکی فێنک نه‌کرد

‌‌‌‌ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

پێمگوتن ئه‌رێ ئه‌و بوخچانه‌ بۆ کوێ ده‌پێچنه‌وه‌؟
به‌ردی فه‌رامۆشکراوی ناو کێڵگه‌کان چه‌ند زمانی گه‌ڕا
ئه‌وانیش هه‌ر هێنده‌
به‌ڵام ئه‌و گوڵه‌چواله‌یه‌ی ته‌رزه‌ وه‌راندی
چه‌ند تاوانی هه‌بوو
منیش هه‌ر هێنده‌
ئه‌و نه‌یزه‌که‌ی پێی له‌سه‌ر فه‌زا خلیسکاو
فریشته‌کانیش نه‌یانبینییه‌وه‌
چه‌ند تاوانی هه‌بوو
منیش هه‌ر هێنده‌
به‌ڵام ڕۆژێک دێ خوشکه‌کانم په‌شیمان ببنه‌وه‌
په‌شیمان ببنه‌وه‌ و سه‌ری خۆیان به‌ ئینجانه‌کاندا بکێشن
ئینجا براکانم کراسی خوێناویی منیان بۆ ده‌به‌نه‌وه‌ و
ئه‌وانیش هاوار ده‌که‌ن و ده‌قیژێنن
ده‌ڵێن: ئێمه‌ یوسفمان ده‌وێ، کراسه‌که‌یمان بۆ چی یه‌!؟

‌‌‌‌‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼ ‌‌☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼

M. I.
1999 - 2000
mardin_ibrahim@yahoo.com