له كۆمه‌ڵه شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك)ى كه‌ریم ده‌شتى
ته‌نیا ماینه‌وه
من و باقه‌یێ خه‌یاڵ
كه به‌شى پێكێكى قه‌یتانى نه‌ده‌كرد
من به‌و خه‌یاڵه
سه‌راپا تراژیدیاى ژیانم نووسییه‌وه. ل3
(كه‌ریم ده‌شتى) شاعیرێكى به ئه‌زموونى پرِ به‌رهه‌مه، به یه‌كێك له شاعیرانى (نه‌وه)ى هه‌شتاكانى شیعرى كوردى ده‌ژمێردرێت، هه‌ڵگرى جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندى شیعرییه و پشت به "بیركردنه‌وه" و "خه‌یاڵ " ده‌به‌ستێت و بایه‌خ به (چنینى ریتم)ى شیعرى، ده‌نگ و سه‌روا ده‌دات، ئه‌وه‌ى دوایى واى كردووه شیعره‌كانى له روونى و ساده‌یى نزیك ببنه‌وه! له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌دا به شێوه‌یه‌كى گشتى بره‌وى به (تێگه‌یشتنى بازنه‌یى) و به تایبه‌تى (تێگه‌یشتنى وشه) داوه.
له كتێبى (ره‌وانبێژى خه‌یاڵ) كه به‌شه پراكتیكه‌كه‌ى به ناونیشانى وێنه‌ى "كتێب" له ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌رى "كه‌ریم ده‌شتى"شاعیردا. قسه‌م له باره‌ى میكانیزمى كاركردنى شاعیر كردووه و پێموایه شاعیر وه‌ك میكانیزمى كاركردن زێتر به‌لاى هه‌ڵبژاردنى زمانى شیعرییدایه، هه‌میشه هه‌وڵه‌كانى خۆى له‌وه‌دا كۆ ده‌كاته‌وه، كه (رێگاى گوتن) بۆ زمان خۆش بكات. له‌و رێگا خۆش كردنه‌شدا هه‌ندێجار شاعیر ئیشكالى گه‌یاندن و نه‌گه‌یاندنى بیرۆكه‌ى شیعریى له رێگاى ئه‌زموونه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات. وه‌ك چۆن ئیشكالیه‌تى وێنه و ته‌عبیركردنى شیعریى له رێگاى تێگه‌یشتنى ناوه‌كى زمانه‌وه، یان به مانایه‌كى دیكه له رێگاى ئه‌زموونگه‌رییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات. له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌شێ بڵێم ئه‌زموونى شاعیر له‌گه‌ڵ زمان و شێوازگه‌ریى ته‌عبیركردن، له سه‌ر دوالیزمى ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌رى - به‌رده‌وامى زمان و چركه‌ساتى ئازادى ده‌ربرِین - وه‌ستاوه. ئه‌و بیرورِایه‌ى من كۆى به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانى تا ساڵى (2011) ده‌گرێته‌وه.
له خوێندنه‌وه‌ى كتێبى ناوبراودا پێموایه شاعیر له (پرۆسه‌ى نووسینى شیعرى) زۆر جاران (بابه‌تێك) یان (فیكره‌یه‌ك) به‌ره‌و نووسینى ده‌بات؟! فیكر و مانا له دروستكردنى وێنه‌دا به‌شدارى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دیاره لێره مه‌به‌ست له فیكر و مانا وه‌ك ره‌گه‌زێكى شیعرى بینراوه، نه‌ك وه‌ك لۆژیك و تێگه‌یشتن!! به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌دا من وه‌ك خوێنه‌رێكى كۆى به‌رهه‌مه‌كانى شاعیر هه‌ندێك گۆرِانكارى ده‌بینم، یان هه‌ندێ ئه‌زموونكارى ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌وه‌ى زۆر به‌رجه‌سته‌شه گۆرِانكارییه له شێوازیى ته‌عبیركردن و هێنانه ناوه‌وه‌ى تێگه‌یشتنى بازنه‌ییه له خولانه‌وه‌ى وشه‌دا.
له كۆمه‌ڵه شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك - 2016) شاعیر وه‌ك ئه‌زموونگه‌رایه‌ك له رووى مه‌عریفه‌ى شیعریى و ته‌عبیركردن، كارى له سه‌ر (تێگه‌یشتنى بازنه‌یى) كردووه... به‌و مانایه‌ش ده‌شێ خوێنه‌ران جیاوازییه‌كانى ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له رێگا گۆرِانكارى له شێوازیى ته‌عبیركردن، به‌ڵكو له رێگاى به‌رجه‌سته‌كردنى تێگه‌یشتنى بازنه‌یشه‌وه زێتر هه‌ست پێبكه‌ن!
شاعیر له هه‌موو ئه‌زموونه‌كانى خۆیدا له (رێگا خۆشكردن بۆ زمان) دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه، ئه‌وه‌ش به برِواى من په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به سه‌رچاوه‌ى مه‌عریفى شیعریى –یه‌كه‌مه‌وه- هه‌یه، واته باوكى وه‌ك شاعیرێكى كلاسیزمى كوردى له پرۆسه‌ى نووسیندا وه‌ك بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كى زمانى شیعریى فه‌رامۆش نه‌كردووه!
لێره قسه‌كردنم له سه‌ر ته‌عبیركردنى شیعریى ده‌كه‌وێته نێوان سنورى (ده‌ق -ته‌عبیركردن) و سنورى (وه‌رگر -ته‌ئویل) كردن! ده‌مه‌وێ بڵێم چه‌مكى ته‌عبیركردن، خۆى له به‌رفره‌وانكردنى سنوره‌كانى توانا و ئه‌زموون و ناخى شاعیردا ده‌بینێته‌وه، وه‌ك چۆن نابێ سنوره‌كانى توانا و ئه‌زموون و ناخى وه‌رگریش فه‌رامۆش بكه‌ین! بێگومان نابێ له بیرمان بچێ، به‌شێكى زۆرى ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئازادى بیركردنه‌وه و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه‌ى خوێنه‌ره‌وه؟!
به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش هه‌میشه شێوازى ته‌عبیركردن به شێوه جۆراوجۆره‌كانى زمانى ئه‌ده‌بییه‌وه به‌نده! زمانى ئه‌ده‌بى دووره له راسته‌وخۆیى، هه‌ڵگرى روویه‌كه له رووه‌كانى حه‌قیقه‌ت، زمانى ئه‌ده‌بى له سه‌ر لادان و خوازه و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت... هه‌ڵبه‌ته له به‌رانبه‌ر شێوازى زمانى ته‌عبیركردن، شێوازى زمانى ئه‌بستراك هه‌یه... شێوازى زمانى ئه‌بستراك هه‌موو هێزى خۆى له لادان و ئاماژه و ره‌مز خه‌رج ده‌كات، هه‌میشه بۆ پركردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كانى پشت به خوێنه‌ران ده‌به‌ستى... ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له خاڵه بنه‌رِه‌تییه‌كانى جیاوازى نێوان زمانى ته‌عبیرى و زمانى ئه‌بستراك.
به‌ڵام دواجار زمانى ئه‌ده‌بى به هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كانییه‌وه پشت به ئازادى بیركردنه‌وه و ئاسته‌كانى خوێندنه‌وه ده‌به‌ستێ... هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌یه بڵێم بزاڤى زمانى ته‌عبیركردنى كه‌ریم ده‌شتى له كۆى ئه‌زموونه‌كانى پێشووى تا ساڵى 2011 له زمانى ته‌عبیركردنى (زینده‌گی)یه‌وه به‌ده‌ر نییه، یان به شێوازى زمانى ته‌عبیركردن له رێگاى زینده‌گییه‌وه به‌نده... به شێوه‌یه‌كى گشتى شێوازى زمانى ته‌عبیركردن له رێگاى زینده‌گییه‌وه، پشت به ریتمى ناوه‌كى ژیان ده‌به‌ستێ و هه‌ندێجار كار له تێكشكانى گرامه‌ر و ره‌نگاورِه‌نگى ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ى په‌رتوبڵاو بێت... (جه‌لال به‌رزنجى، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى، به‌رۆژ ئاكره‌یى، هیوا قادر...) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان نموونه‌ى دیارى ئه‌و شێوازه‌ن...
به برِواى من شێوازى زمانى ته‌عبیركردن له رێگاى زینده‌گییه‌وه، بۆ كه‌ریم ده‌شتى تا (ساڵى 2011) درێژ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دواتر شێوازى زمانى ته‌عبیركردنى شاعیر خۆى له ته‌عبیركردن له رێگاى دنیابینییه‌وه ده‌دۆزێته‌وه، له (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك - 2016) ئه‌و شێوازه به ترۆپك ده‌گات، له كۆمه‌ڵه شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) دنیایه‌كى دیكه‌ى نوێ له په‌یوه‌ندى نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست ده‌كات.
به شێوه‌یه‌كى گشتى شێوازى ته‌عبیركردن له رێگاى دنیابینى، شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانى زمانى ته‌عبیركردنى شیعریى، كه ئه‌زموونى هه‌ستى كه‌متر تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، زۆرتر پشت به درێژكردنه‌وه‌ى تێگه‌یشتنه‌كان و خولانه‌وه ده‌به‌ستێ، كار له ریتمى ده‌ره‌كى ده‌كات، كه‌مترین ده‌نگى دژكارى تێدایه، چرِه، هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانى گرامه‌ر دژ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ش گۆشه‌نیگاى شاعیرانه بۆ خوێنه‌ر ده‌نه‌خشێنێ!
گۆشه نیگاى شاعیرانه په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆى به دیتن یان دنیابینى و خه‌ونبینییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه ده‌شێ تێگه‌یشتنى من بێت، بۆ روانینى شاعیرانه و دیتنى دنیا و شته‌كان به چاوێكى نوێوه... (شێركۆ بێكه‌س، ره‌فیق سابیر، هاشم سه‌راج، دلشاد عه‌بدوڵڵا، ئه‌حمه‌دى مه‌لا، جه‌مال غه‌مبار...) به جیاوازییه‌كانیانه‌وه له باره‌ى زمان و تێرِوانین و هه‌ستى شیعرییه‌وه... نموونه‌ى دیارى ئه‌و شێوازه‌ن: بۆ نموونه زمان و تێرِوانینى هاشم سه‌راج په‌یوه‌سته به هه‌بوونى شیعریى له هاوكێشه‌ى (بوون --- نیگه‌رانى -- مردن) و له‌گه‌ڵ تێرِوانینى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) وه‌ك له خواره‌وه ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌م، جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه... دلشاد عه‌بدوڵڵا، هه‌وڵده‌دات له رێگاى هاوكێشه‌ى بابه‌تییه‌وه شیعرییانه به‌سه‌ر گێرِانه‌وه‌كاندا بچێته‌وه. ده‌یه‌وێت هاوكێشه‌ى بابه‌تى له نێوان شیعر و گێرِانه‌وه دروست بكات! ئه‌و شێوه‌یه له تێرِوانین هه‌مان زمانى گێرِانه‌وه‌ى شیعریى و ره‌گه‌زى زاڵى گێرِانه‌وه‌ى جه‌مال غه‌مبار نییه، ئه‌حمه‌دى مه‌لا هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانى گرامه‌ر دژه و زێتر له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگاى شاعیرانه دێته‌وه... (بۆ ئه‌وه‌ى له بابه‌تى نووسینه‌كه دوور نه‌كه‌ومه ئه‌و پۆلینكردنه‌ى زمانى ته‌عبیركردن و جیاوازییه‌كانى بۆ كاتێكى دیكه هه‌ڵده‌گرم)
له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانم بڵێم تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى شێوازى زمانى ته‌عبیركردنى شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) خۆى له بزاڤى جوانى و تواناى شێوه‌گرتن و گه‌شه‌كردنى تێگه‌یشتنى بازنه‌ییدا ده‌بینێته‌وه، شاعیر به ئاگاییه‌وه له رێگاى هاوگونجانێكى هونه‌رى به‌رزه‌وه تێرِوانین و دنیابینى خۆى ده‌خاته روو. ده‌شێ خوێندنه‌وه‌م بۆ تێگه‌یشتنى بازنه‌یى، له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ى شاعیردا له‌وێوه خۆى هه‌ڵبگرێته‌وه، كه (تێگه‌یشتنى بازنه‌یى) به‌لاى منه‌وه، ناونانى میكانیزمى كاركردنێكه بۆ چه‌سپاندنى تێگه‌یشتن له سه‌ر خودى تێگه‌یشتن! پێموایه ده‌شێ دوو بنه‌ماى بنه‌رِه‌تى بۆ ئه‌و میكانیزمه ده‌ستنیشان بكه‌م: یه‌كه‌م، بنه‌ماى فیكره‌ى دابرِان: فیكره‌ى دابرِان له مانایه‌كه‌وه بۆ گه‌یشتن به مانایه‌كى دیكه، یان له تێگه‌یشتنێكه‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى یه‌كێكى دیكه... دیاره تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و بنه‌مایه به برِواى من له سه‌رسامبوونى خوێنه‌ردایه، چونكه خودى فیكره‌ى دابرِان له شیعردا وا له خوێنه‌ر ده‌كات، جارێكى دیكه بۆ خوێندنه‌وه بگه‌رِێته‌وه، تاكو بتوانێ باشتر له هه‌ردوو ئارِاسته‌كه بگات و چێژى زێتر به ده‌ست بهێنێ. بڕوانه هه‌بوونى شیعریى له هاوكێشه‌ى (بوون --- دابڕان--- هه‌تاهه‌تایى)
باش وه‌كو دڵم تاقه خۆشه‌ویستێكى هه‌بوو
هه‌تا ماوه بۆى ئه‌گه‌رِێ
ته‌نیا من و تۆ ماینه‌وه ئه‌ى با. ل30
بنه‌ماى دووه‌م، فیكره‌ى دووباره‌بوونه‌وه، یان خولانه‌وه‌ى وشه: واته شاعیر هه‌وڵده‌دات هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه دووباره بكاته‌وه كه هه‌موو حه‌زى لێده‌كه‌ین، ئه‌ویش له پێناو جێگیركردن! راسته دروستكردنى حاڵه‌تێكى ده‌روونى له پشته‌وه‌یه... بۆیه مه‌رج نییه بتوانێ هه‌مووان رازى بكات، به‌ڵام هێزى ده‌ربرِینى شاعیر پۆشاكێكى دیكه‌ى نوێى پێده‌به‌خشێ، كه له‌به‌ر دڵان بێت. برِوانه هه‌بوونى شیعریى له هاوكێشه‌ى (بوون--- دووباره‌بوونه‌وه---هه‌تا هه‌تایى)
زۆرم بیر كرده‌وه شیعر شه‌ڕه له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه له‌گه‌ڵ بازنه
زۆرم بیر كرده‌وه بازنه ئه‌به‌دییه و كۆتایى نایه‌ت. ل62
هه‌میشه كه‌ریم ده‌شتى له ئه‌زموونه‌كانى خۆیدا بۆ ئه‌و هێزه‌ى زمانى ته‌عبیركردن، په‌ناى زۆرى بۆ موزیكاى وشه و هاوگونجان ((چنینى ریتم)) و دواتریش به‌رجه‌سته‌كردنى چییه‌تى زمان بردووه، به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه نوێیه پێگه‌ییوه‌دا به‌رجه‌سته‌كردنى تێگه‌یشتنى زمان، پێش ماهیه‌تى زمان ده‌كه‌وێت؟! ده‌شێ بۆ (چییه‌تى زمان) به دواى ده‌نگ و مانادا بگه‌رِێین، به‌ڵام ده‌بێ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى (تێگه‌یشتنى بازنه‌یى) په‌نا بۆ ئاشكراكردن و به دواداگه‌رِانى تێگه‌یشتنى تایبه‌تى وشه و خولانه‌وه‌ى وشه به‌رین...
هه‌وڵێكى زۆرم دا به چه‌ند وشه‌یێ خۆم بكوژم
كه‌چى وشه‌یه‌كى زۆرم كوشت و هه‌ر نه‌كوژرام
زۆر هه‌وڵم دا دوژمنێ بۆ خۆم دروست كه‌م
به‌ڵام له خۆم زێتر كه‌سم نه‌دۆزییه‌وه. ل102
شاعیر چۆن له ناو و ناونانه‌وه گه‌یشتووه و چۆن ئه‌و ناو و ناونانه به هه‌بوونى شیعرییه‌وه ده‌لكێنێ؟! به مانایه‌كى دیكه (ده‌رخستن) و (ئاشكراكردن) و (نواندن)ى تێگه‌یشتن، له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ى شاعیردا ده‌رخستن و ئاشكراكردن و نواندنى تێرِوانینه بۆ (بوون) له شیعردا، به دیوه‌كه‌ى دیكه له كۆمه‌ڵه شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك - 2016) تێگه‌یشتنى شاعیر یان (هه‌بوونى شیعریى) لاى ئه‌و مه‌عریفه‌ى شیعریى شاعیر ده‌خاته‌وه، به‌ڵام مه‌عریفه‌یه‌كى جیاواز له‌وه‌ى له سه‌رچاوه‌كانى یه‌كه‌مه‌وه پێیگه‌یشتبوو! هه‌میشه مه‌عریفه‌ى شیعریش دنیابینى شیعرى ره‌نگ ده‌كات... كه‌واته شاعیر ئه‌و كاته ناو له شته‌كان ده‌نێت، كه تێگه‌یشتنى تایبه‌تى خۆى ده‌نوێنێ، به مانایه‌كى دیكه ته‌نها ئه‌و وشانه ده‌توانن تێگه‌یشتنى شاعیر به‌رجه‌سته بكه‌ن، كه ده‌توانن ئه‌وه بڵێن كه شاعیر به پێى دنیابینى خۆى ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندى هه‌بوونى شیعرى لاى كه‌ریم ده‌شتى ئاشكرا ده‌كات.
به كورتى شاعیر وێنه‌ى تێگه‌یشتنى خۆى یان (تێگه‌یشتنى بازنه‌یى) له چوارچێوه‌ى شیعردا به خولانه‌وه‌ى وشه و خولانه‌وه‌ى فیكر له لایه‌ك و فیكره‌ى دابرِان له لایه‌كى دیكه سپاردووه.
----------
كۆمه‌ڵه شیعرى (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك)ى كه‌ریم ده‌شتى- 2016 هه‌ولێر- ناوه‌ندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه