١
بۆ ئەوەی چامەیەکی شیعریی کاریگەر بنوسیت
دەبێ لە 'ئۆرۆک' ەوە بێیت .
نائومێدییت بست بە بست بپێویت ئەودەمەی لە ئەسانسێرێک دێیتە دەرێ .
لەگەڵ شاخ و ڕووباران و درەختەکانیاندا ئاشت بیتەوە .
ژێیەکانی کەمانەکەت ، هارپەکەت ، لە مووی ئەسپێ ، چێ کەیت .
دەبێ ببیتە فرۆشیاری خەون لە گوندەکان
سبەینان – سەبر – ی خۆت بزر کەیت و ئێواران بیدۆزیەوە .
لەدایکبوونی بافڵێ ، زریانێ ببینی .
ئاڵتوون وەک ڕۆشنایی ببینی و ، هیچی تر .
دەبێ ڕێزی شێتبوونی هەور و گڕکانەکان بگریت .
وەک نابینایان ، خۆت ڕابهێنیت ، چۆن لە ئاسمان دەڕوانیت .
بە پێی پەتیی بە دووی دوومەڵاندا بگەڕێیت و
دەم بە پێکەنین ، لە پێشوازیی پەناهەندەکاندا بیت لە هەرکوێ بن .
دەبێ مامەڵەی هەر کیسەڵێ ، گەورە بێ یان بچووک ،
وەک هاوڵاتیییەک لە هەر وڵاتێ بێت ، بکەیت .
٢
نیوەی چامە شیعرییەکان لە ناو دەممدان .
بێدەنگییەکی درێژ شەکەتی کردم ،
لەبەر ئەوەی مۆسیقام خۆشدەوێت
لە بەڕێکردنی تەرمی سەربازە کوژراوەکاندا ، ڕێم کرد .
٣
لەبەر خۆشەویستیی شێکسپیر هاتمە 'لەندەن' .
نیوەڕۆیەک ، لە باخچەی 'هامپستێد' ،
بە ڕێکەوت 'ئیلیەت' م بینی ، لەسەر سەکۆیەک وەستابوو
دەیڕوانییە ئەو چەترانەی بەردەبنەوە سەر شار .
٤
پەیکەرێ ، گوڵەکانی باخچەیەک هەڵدەلوشێ
کەچی ، هەندێ کرێکار مۆنەمێنتە پیسبووەکەی خاوێن دەکەنەوە .
٥
هۆ پیاوی جوان ، بە خۆم دەڵێم
دەبێ هەتا سەرچاوەی ڕووبارەکان ڕێ بکەیت
بۆ ئەوەی لەوێ شمشاڵی شوانان بڕوێنیت .

٦
پەیکەرێ دەگریا ، بە پاکەتێ حەڵوا ڕازیم کرد ژیر بێتەوە ،
فرمێسکەکانی بسڕێت و پاشان پێبکەنێ .
بە هۆیەک لە هۆیەکان ، ماشێنەکەم لەلایەوە ڕاوەستا .

٧
لە خانەی هەتیوان ، ئاسکێکم کڕی .
٨
ئەو دەمەی ئاوم بۆ زەرافەیەک هەڵگرتبوو
کە لە ئاوارەیەکم کڕیبوو ،
لە ناکاو پڵنگێکم تووش هات
کتێبێ لە نێوان کەڵبەکانیا بوو :
لە فەسڵی یەکەمی کتێبەکەدا
هەژاران بە دەوری کتێبخانەکاندا دەفڕین .
لە دوا فەسڵیشیدا ، کۆمەڵە خەڵکێ
لە تیاترۆخانەیەکدا لە چەند ئەفسەرێکیان ئەدا .
٩
ئەو ، بە ڕاوەستانەوە نە بێت ، نانووسێت .
بەمجۆرە وا لە کورسییەکانی ژوورەکەی دەکات
پێشبینیی بکەن ، 'کەی' و لە 'کوێ' دادەنیشێت ؟
١٠
بەو ژنە دەڵێم : ئەو خوانەی بۆ تۆی دەڕازێنمەوە
خوانێکە ، شایان بە شۆڕشگێڕانە .
پێی دەڵێم ؛ بە قەدی شاخێکەوە من ماڵی تۆم ،
ڕەوە ئەسپێک لەدەورمن ،
ئێواران ، لە جامی مسیندا
شەرابی ئاشوورییەکانیان بەسەردا دەبەشمەوە .
١١
ئەمێستا ، بەهار لە 'کەرکوک' ە ،
ڕۆژانی نێرگزە و ، میوانی مەزراکانە .
منیش موسافیرێکی هەمیشەییم بەرەو ئەوێ ،
هەرگیز ناگەم .
١٢
دواجار 'گۆدۆ' گەیشت !
لەلای ڕۆژنامەفرۆشێک بەڕێکەوت بینیم .
هەر لەوێ ، شالوورێکی بێدەنگ ، دەیڕوانییە 'گۆدۆ' .
١٣
بۆ ئەوەی کتوپڕییت بۆ دروستکەم ، لە ئاوێنەیەک دێمە دەرێ !
کەچی تۆ سەرقاڵییت ، لەبەردەرگای ماڵ ئەسپێک دەشۆیت
دراوسێ تووڕەکان چاوێرییت دەکەن .
گەرچی بەم بەژنەی خۆمەوە دێم ، کەچی بەدیم ناکەیت .
گەرچی فیکە فیکمە ، کەچی تۆ گوێت لە من نییە !
دەگەڕێمەوە ناو ئاوێنەکە
خۆم دەشارمەوە !
 
١٤
پلێتێکی سۆمەرییانم هەیە ، تیایدا هاتووە :
کارەکەرەکان بە دەوری پاشایەکی مردوودا شیوەن دەگێڕن .
هەرا و زەنایە لەو شەقامەی کەژاوەکەی لێیە .
لای دەروازەکەوە
شۆخێک ، لە نێو چەند قوربانییەکدا ، بە مەمک ، سەما دەکات .

١٥
لە پاشی هەر تۆفانێک
دێتە دەرێ بۆ ئەوەی ئاژەڵە تۆقیوەکان ڕزگار بکات .
لە کەشتییەکەدا زۆربەی چامە شیعرییەکانی خۆی خوارد ،
لە هەندێکیاندا ،
(قەرەج) ی بینی لە مەزرای لۆکەدا خۆیان حەشار دابوو !

١٦
پیانۆژەنێک لە ژێر سمی ئەسپێکدایە .
ئەسپ : ئەمە سزاکەتە ، چونکە هیچت بۆ نەژەندم .
ژەنیار : ئاخر ، میزاجم هەڵات
بۆیە ماناکان لە نێو پەنجەکانمدا قڵپ بوونەوە .
ئەسپ : ئەی ئەمێستا ؟
ژەنیار : میزاجم بدەرەوە بەر لەوەی ڕێوییەک یان حوشترێ هەڵی لووشێت .
ئەسپ : باوەڕ ناکەم تۆ لە سمەکەم بێزار بیت ، سمی من لە لۆکەیە .
ژەنیار : ئاخر ، ژانی پشتم بەسوێیە ، لۆکەش ئازارهێنە .
 
١٧
هاتووم هەندێ داوودەسگا بەرم ، هەتا زیندانییەکان دەرباز بکەم .
ئەوانم بینی لە حەوشەی زیندانەکەدا سەمایان دەکرد .
١٨
لە درەنگ وەختێکدا
باوکم هەڵی کوتایە سەر کتێبخانەکەم و
هەرچی کەوچکی زیوین و پەرداخی ئاڵتوونیی
ناو حیکاتەکانی (هەزار و یەک شەوە) هەیە ، بە تاڵان بردنی .

١٩
بەڕێوەبەری بەندیخانە داوای کردم ؛
- تۆ ، دوێنێ شەو ، ئامۆژگاریی ڕوبارت کردووە ، لە شار کۆچ کات ؟!
- من پەیوەندییم لەگەڵ ڕوبارەکان باش نییە . لە دووڕگەیەکدا ، لە ناوەڕاستی زەریایەکدا ، لە نزیک گڕکانێکەوە دەژیم !
- هەندێ پاسەوان گوێیان لێت بووە کە بانگی ڕوبارت کردووە و ئامۆژگارییت کردووە کۆچ بکات یان هەڵبێ .
- ئاخر من لێرە دەستبەسەرم ، چونکە پەپولەیەکم لە دەست گەشتیارێکی بیانیی ، لە فڕۆکەخانە ، ڕزگار کرد .
- ئێستا ، ڕوبار لە کوێیە ، لە کوێ خۆی شاردۆتەوە ؟
- نازانم .
- نازانیت ؟ (بەڕێوەبەر دەنەڕێنێت) بیبەن ، بیبەن . لێرەی ببەنە دەرەوە ، بیخەنە ژوورێکی ئینفیرادی . هێلیکۆپتەرمان هەیە ، ڕوبار هەر دەدۆزینەوە ، هێندە دوور نییە لێرەوە . ئەوسا دەبینین چۆن ئیعتیرافت لەسەر دەکا . لێرەی ببەنە دەرەوە (دەنەڕێنێت) .

 
٢٠
لە دەرگایەک دەدەم و دەپرسم :
- سەڵاح فایەق دەناسن ؟
- بەڵێ دەیناسین . (ژنێکی شۆخ وەڵام دەداتەوە)
- لە کوێ دەژی ؟
- لە فیلیپین .

٢١
وشکبوونی گوندەکان ، سامهێنەرە .
ئەزیەتی ئەشکەوتان و ،
ئەو فریشتە یاخیبووانە دەدات
کە خۆیانیان تێدا حەشار دەدن .
حاکمێک حەشیشەی دەکێشا ،
هەڕەشەی لێکردم
ئەگەر خەبەری لای کەسێ لێبدەم
لە ئەسانسۆرێکدا ، دەستبەسەرم دەکات !

٢٢
من لە شاخێک ، خەریکی هەڵکۆڵینم .
نیوەڕوان دێمە خوارێ بۆ لای روبارێکی نزیک ؛
ڕوبارێک ، جگە لە خۆم ، کەس نایناسێت .
بەزەییم بەو ژیشکانەدا دێتەوە کە لەسەرە ڕێمدا بڵاوبوونەتەوە.
جارێکیان خواردنەکەی خۆمم دایە پاسەوانێکی بەندیخانە ،
کەچی دواتر پەشیمان بوومەوە ؛
تا بەیانی بە برسێتیی مامەوە !

٢٣
فریشتەیەک ، جلوبەرگی ، باڵەکانی لە قوڕولیتەی ئاشێک خاوێن دەکاتەوە.
لە شەمەندەفەرێکدا ، لە فارگۆنەکەمەوە دەیبینم .
پێموایە ، خۆیشم خەریکی گواستنەوەی کۆتەرەی دارم بۆ ئەبەری ڕوبارەکە.

 
٢٤
بە پایسکلێک ، لە فیلیپینەوە دەگەڕێمەوە بۆ کەرکووک ؛
ئەو پایسکلە ، لەو کاتەوەی سەرباز بووم ، لەگەڵمایە .
لە (مەزاتخانەیەک) بە دوو دینار کڕیم ،
کردوومەتە هاوڕێی خۆم !
٢٥
هەر ساڵەی ، ددانێکم دەکەوێت .
ئەمە گرنگ نییە ، ئەوەی گرنگە سۆزی منە بۆ مۆمیایەک لە مۆزەخانەیەک ؛
کە بردمەوە بۆ ماڵێ و ، ژوورێکم بۆ ڕازاندەوە .
پاش چەند ڕۆژێک گوێم لێبوو پێدەکەنی ، دواتر قاقای لێدەدا
وابزانم گوێی لە تەلەفۆنەکانم ڕادەگرت .
هێندەی قاقا لێدا ، سەگەکەم لە تاوا هەڵات
دوای دوو ڕۆژ پەپووسڵێمانکەکەشم بە دوایدا !
هەندێ خواردنی قوتوو ، نامەکانم و
کتێبی شیعرەکانی ویلیەم کارلۆس وڵیامزم خستبووە ناو باڵۆنەکەم .
ئیدی ، بۆ چەند ڕۆژێک جێم هێشتن و لە ماڵ نەبووم .
ئەم ئێوارەیە ، لە تەلەفزیۆندا باڵۆنێکی دڕاوم لە دارستانێکدا بینی
مۆمیایەکیش لەو ناوە ورد و خاش ببوو .
سۆراخی کتێبەکەی وڵیامز نەبوو.
کەمێک پێش ئێستا ، پۆلیسێک هاتە ماڵەوە و پرسیاری مۆمیاکەی لێکردم .
- وەڵامم دایەوە ، نازانم لە کوێیە !
- بەڵام نامەکانت لەگەڵ مۆمیاکە لەو ناوە ، پەرش و بڵاو ببوونەوە !!
(بێدەنگییەک)
پۆلیسەکە ، هەتا ئێستاش ، کون و قوژبنی ماڵەکە تەی دەکات !
(ئێراق / فیلیپین)
 
ڕوونکردنەوەی وەرگێڕ:
ئۆرۆک : شارێکی دێرینی سۆمەریی و بابلییەکانە . دەکەوێتە سەر کەناری ڕوباری فورات . بە پێی ڕیوایەتەکان ، گوایە سەرەتای نووسین و یەکەمین حەرف لەم شارەوە داهێنراوە (سەرچاوە: ویکیپیدیا).

سەڵاح فایەق : بە پێی نووسینێکی نووسەر 'محمد مظلوم' لە ڕۆژنامەی (الحیاة) ی لەندەنی ، ژمارەی ڕۆژی ١٨ ی ئەپریلی ٢٠١٥ ، ئەم شاعیرە ، خەڵکی شاری کەرکووکە ، باوکی تورکمانە و دایکی کوردە . یەکێکە لەو شاعیرە داهێنەرانەی کە لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیری تردا ، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا ، بزاڤێکی شیعرییان بە ناوی (گروپی کەرکووک) ەوە ڕاگەیاند . ئەم گروپە ، فەزایەکی تری شیعریی پڕ لە جورئەت و جیاوازیان خوڵقاند . بەمەش ، داهێنانێکی تازەیان لە تێکستی چامەی شیعرییدا بەرپاکرد کە جیاواز بێت لەوەی ( نەوەی پێشڕەوان – جیل الرواد) ی شیعر لە عێراقدا خوڵقاندبوویان . سەڵاحی ئینسان و شاعیر ، ئێستا لە وڵاتی 'فیلیپین' دەژی .
لە وەرگێڕانی شیعرەکەدا ، لەگەڵ پاراستنی فەزای هەموو ئەو گەمە جوان و داهێنەرانەیەی کە خەیاڵی شاعیر لە ناو دەقەکەدا خوڵقاندوونی ، ئەوپەڕی هەوڵم داوە ، وەرگێڕانەکە حەرفیی نەبێت .

(وەرگێڕ – بریسبن - کوینسلاند / سەرەتای پایزی ئوسترالیا)