ماردین شاعیرێکی جوان و بێده‌نگ و پڕده‌نگه. له هاوڕێیه‌تیشدا که‌سێکی باش و دڵسۆزه من له‌خۆڕا ئه‌م قسانه ناکه‌م شیعره‌کانی شایه‌د حاڵن بۆ شاعیری ئه‌و . بۆ ئه‌وه‌ی تریش ساڵانێکه وه‌ک دوو هاوڕێ یه‌کتر ده‌ناسین له‌و په‌ڕی دوورییه‌وه به‌دڵ هه‌واڵی پرسیووم. حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش
بۆ ناکرێت شاعیرێکی زۆر گه‌وره شه‌رمن بێت؟ بۆ ناکرێت ڕۆماننووسێکی بەتوانا ترسنۆک بێت و چاونه‌ترس نه‌بێت؟ بۆ ناشێت چیرۆکنووسێکی باش که‌سێکی کۆنزه‌رڤاتیڤ بێت؟ ئه‌ده‌ب به پێوه‌ری ماقووڵ و ناماقووڵ ناپێورێت. پێویست ناکات که‌س نووسینی بێشه‌رم و شکۆ و بێسهروبهرمان لێ بکاته ئه‌ده‌ب. به بۆچوونی من ئه‌ده‌بی ڕاقی و چاک هه‌یه، هه‌ر وه‌ک چۆن نووسینی پڕوپووچ و نزم هه‌یه. له دنیادا هیچ ئه‌ده‌بێکی باشمان نییه له هه‌مان کاتدا ماقووڵیش نه‌بێت.
ماردین ئیبراهیم
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش : بێرتراند رووسێل. ده‌ڵێت: هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت ببێت به‌فه‌یله‌سوف ، نابێت له ناماقوول بترسێت. ئایا گونجاوه بڵێت هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت ببێت به شاعیر نابێت له ناماقووڵ بترسێت ؟ ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک هه‌یه له نێوان شیعر‌و ناماقووڵدا ئه‌گه‌ر هه‌یه چۆنه ئه‌گه‌ر نییه بۆ ؟
ماردین ئیبراهیم : هه‌موو ئه‌ده‌بێک له چووارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێک نۆرم و به‌هادا ده‌نووسرێت. ئه‌ده‌ب بابه‌تێک نییه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو دیسپلینه‌کان وه‌ک هه‌ندێک عهدهمیی کورد بانگه‌شه‌ی ده‌که‌ن. ئه‌ده‌ب وه‌ک هه‌موو بابه‌تێکی تر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرنسیپ و به‌هادا ده‌وه‌ستێت. من زۆر جار له نووسینی کوردی و عه‌ره‌بیدا ده‌بینم ده‌نووسرێت 'فڵان ئه‌دیب زۆر یاخییه، فیسار ڕۆماننووس هیچ حیسابێک بۆ دابونه‌ریته ڕزیوه‌کان ناکات و کۆت و پێوه‌نده‌کان ژێر پێ ده‌نێت، فڵان چیرۆک‌نووس زۆر چاونه‌ترسه'. ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌و قسانه چی په‌یوه‌ندییه‌کیان به ئه‌ده‌به‌وه هه‌یه؟ بۆ ناکرێت شاعیرێکی زۆر گه‌وره شه‌رمن بێت؟ بۆ ناکرێت ڕۆماننوسێکی به تووانا ترسنۆک بێت و چاونه‌ترس نه‌بێت؟ بۆ ناشێت چیرۆکنووسێکی باش که‌سێکی کۆنزه‌رڤاتیڤ بێت؟ ئه‌ده‌ب به پێوه‌ری ماقووڵ و ناماقووڵ ناپێورێت. پێویست ناکات که‌س نووسینی بێشه‌رم و شکۆ و بێسهروبهرمان لێ بکاته ئه‌ده‌ب. به بۆچوونی من ئه‌ده‌بی ڕاقی و چاک هه‌یه، هه‌ر وه‌ک چۆن نووسینی پڕوپوچ و نزم هه‌یه. له دنیادا هیچ ئه‌ده‌بێکی باشمان نییه له هه‌مان کاتدا ماقووڵیش نه‌بێت.
ئه‌ده‌ب له‌مڕۆدا وه‌ک هه‌ر بووارێکی تر که‌وتۆته به‌ر شه‌پۆلی ڤۆلگاریزهیشن (به‌بازاڕیکردن)، ئه‌گینا پێشتر که هۆمیرۆس و دانتی و دۆستۆیڤسکی ئه‌ده‌بییان ده‌نووسی که‌س لێیان ڕاست نه‌ده‌بۆوه پییان بڵێت ئێوه چونکه قسه‌ی نابه‌جێ نانووسن و چاونه‌ترس نیین که‌واته ئه‌دیب نیین. ئه‌وه‌تا ئێمه ڕۆژانه به‌به‌هانه‌ی سیفه‌تگه‌لی له بابه‌ت 'یاخی و ڕاستگۆ و بوێر' نووسینی کوردی ده‌بینین ستایشی نووسه‌رێکی ئاستخراپی وه‌ک موحه‌ممه‌د شوکری ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت بڵێین ئه‌وه‌ی که نووسه‌رێک به ڕاشکاوی باسی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌کات و باسی هه‌ندێک رووداوی ژیانی خۆی ده‌کات که ڕه‌نگه زۆر که‌سی دی رووی نه‌یات باسی بکات هیچ که‌سێک ناکات به ئه‌دیب، هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و نووسینه کرچوکاڵه‌ی موحه‌ممه‌د شوکری نووسیویه‌تی نه ئه‌وی کردووه به ئه‌دیب و نه 'نانی رووت'یشیکردووه به کتێب.
من قه‌ت خۆم به‌و پرسیارانه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه چی ماقووڵه و چی ماقووڵ نییه، به‌ڵکو پرسی سه‌ره‌کی من ئه‌وه‌یه چی ئه‌ده‌به و چی ئه‌ده‌ب نییه، چونکه پێم وایه هه‌ر نووسینێک ئه‌ده‌ب بێت خۆبه‌خۆ ماقووڵیشه.
ئه‌ده‌ب، به‌بۆچوونی من هه‌وڵدانه بۆ تێگه‌یشتن له جه‌وهه‌ری بوون. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی عه‌قل و لۆژیکه‌وه له جه‌وهه‌ری بوون تێ بگات و هه‌وڵ بدات که‌شفی ڕه‌هه‌نده‌کانی حه‌قیقه‌ت بکات، ئه‌وا ئه‌ده‌ب ئه‌و هه‌وڵه له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه ده‌دات. تکایه خوینه‌ر سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بدات، ئه‌ده‌ب زۆر جیاوازه له ئینته‌رته‌ینمێنت (تهسلیه و که‌یف و سه‌فا). ئه‌ده‌ب وه‌ڵام به قه‌له‌قی رۆحیی ئینسان ده‌داته‌وه، به‌ڵام ئینته‌رته‌ینمێنت وه‌ڵام به ئاره‌زووه‌کان ده‌داته‌وه. دیاره هه‌موو که‌سێک ئازاده چۆن تهسلیهی خۆی ده‌کات. هه‌موو مرۆڤێک ته‌نانه‌ت سۆفییهکیش ڕه‌نگه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان و به ڕێگایه‌ک له ڕیگاکان تهسلیهی خۆی بکات و به‌شێکی کاتی خۆی بۆ ئینته‌رته‌ینمێنت دابنیت. به‌ڵام من زۆر جار شیعری کوردی وا ده‌بینم که هه‌ر به هه‌مان تۆن و به هه‌مان ئاستی ئه‌و نووسینانه نووسراوه که له گۆڤار و ماڵپه‌ڕه پۆرنۆگرافییهکاندا زۆروزهبهندن. هه‌ر که‌سێک ده‌یه‌وێت به‌ناوی 'ماقووڵ و ناماقووڵهوه' خۆڵ بکاته چاومان و ڕازیمان بکات ، یان چاوه‌ڕووانی ئه‌وه بێت ئه‌و نووسنیانهی وه‌ک ئه‌ده‌ب لێ وه‌ربگرین ئه‌وه بێگومان چاوهروانییهکهی له شوینی خۆیدا نییه.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش : ده‌کرێت له‌شیعردا بۆ فه‌لسه‌فه بگه‌ڕێین. ئه‌ی فه‌لسه‌فه تاچه‌ند جێگای شیعر ده‌کاته‌وه؟
ماردین ئیبراهیم : بێگومان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه به ته‌واوی دوو بوواری جیاوازن. دوو مه‌یدانن که دیسپلینی جیاوازی خۆیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر لێره‌وله‌وێ له شیعرێکدا، له ڕۆمانێکدا یان له هه‌ر کارێکی تری ئه‌ده‌بیدا ڕه‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی هه‌بوو ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه که ئه‌و کاره کارێکی فه‌لسه‌فییه. من وای بۆ ده‌چم به گشتی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و ئینجا فه‌لسه‌فه له قووڵاییدا یه‌ک ئامانجیان هه‌بێت که تێگه‌یشتنه له حه‌قیقه‌تی بوون، به‌ڵام بێگومان ئه‌و میتۆدانه‌ی ده‌یگرنه به‌ر بۆ ئه‌م کاره، ئه‌و ته‌کنیکانه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن به ته‌واوی ده‌یانکات به دوو بوواری جیاواز. ئه‌وه‌ی پایه‌کانی فه‌لسه‌فه پێکدێنێت ئه‌رگومێنت و دژه ئه‌رگومێنت و موجاده‌له‌ی عه‌قڵییه و هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ره‌نجامی فه‌لسه‌فیی به‌رهه‌م دێنن. له کاتێکدا ئه‌ده‌ب له ڕێگه‌ی خه‌یاڵ و زمان و ڕیتۆریکهوه ستاتیکا به‌رهه‌م دێنیت. من پێم سه‌یره هه‌ندێک جار به شیعری فڵان شاعیر ده‌ڵێن ئه‌وه فه‌لسه‌فه‌یه. من پێم وایه ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه ده‌کات ئه‌گه‌ر ئاگاداری گراونده ساده‌کانی ئه‌و دوو بوواره بیت زه‌حمه‌ته ئه‌و قسه‌یه بکات. ئه‌وه‌ی مه‌حوی له دێڕێک شیعردا خۆی له پرسێکی فه‌لسه‌فیی نزیک کردبیته‌وه نه مه‌حوی ده‌کات به فه‌یله‌سووف و نه شیعره‌کانیشی ده‌کات به فه‌لسه‌فه، هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌وه‌ی که نه‌غمه‌یه‌کی شیعریی له 'زه‌رده‌شت وای گووت' ی 'نیچه'دا هه‌یه ، 'نیچه' ناکات به شاعیر. ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیه له شیعر و ئه‌ده‌بدا وه‌ڵامی پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کانی ده‌ست که‌وێت ئه‌وا ده‌ستی ناکه‌وێت چونکه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر خه‌یاڵ و ڕیتۆریک وه‌ستاوه و ڕیتۆریکیش دوژمنی فه‌لسه‌فه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێبێت ئه‌و جۆرانه له ووتووێژ له زمانه‌کانی تردا ده‌مێکه بوونی نه‌ماوه ( ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ووتووێژی له‌و بابه‌ته بوونی هه‌بووبێت).هه‌تا ئه‌م دوواییانه‌ش له نووسینی کوردی‌دا به 'پیره‌مێرد'یان ده‌گووت فه‌یله‌سووف، که به داخه‌وه ئه‌وه نیشانه باڵاده‌ستی دیدگایه‌کی یه‌کجار پریمیتیڤ بوو هه‌م سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌ب هه‌م سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه، که‌سیش نه‌بوو بڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه فه‌یله‌سووفه ئه‌دی کووا کتێبه‌کانی! کووا ئه‌رگومێنته‌کانی!. ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌ب چاوه‌ڕێ ده‌کرێت به‌رهه‌مهێنانی ستاتیکایه و ئه‌وه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ش چاوه‌ڕی ده‌کرێت پێشکه‌شکردنی ئه‌رگومێنته.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش : ئایا ده‌کرێ بڵێین، شاعیر شه‌ڕکه‌رێکی وشه‌ییه؟
ماردین ئیبراهیم : من به ته‌واوی له‌و پرسیاره تێناگه‌م، به‌ڵام وا پێده‌چێت مه‌به‌ستتان ئه‌وه بێت که شیعریش له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه شه‌ڕ ده‌کات وه‌ک چۆن جه‌نگاوه‌ره‌کانیش به ئامراز و شێوازی خۆیان ده‌یکه‌ن. یاخود مه‌به‌ستتان ئه‌وه بێت که شاعیره‌کانیش و ئه‌دیبه‌کانیش شه‌ڕێکیان هه‌بێت له پێناو گۆڕینی شتێک و بارودۆخێکدا بیکه‌ن. وه‌ک چۆن جه‌نگاوه‌ره‌کان له بارودۆخێک ناڕازین و ده‌یانه‌وێت بیگۆڕن و ئامرازی گۆڕینه‌که‌ش تفه‌نگه‌کانیانه، ئاواش شاعیره‌کان وێڵی گۆڕینی دۆخێکن و ئامرازه‌کانیان شیعره‌کانیانه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌ت ئه‌وانه بێت ئه‌وا ده‌تووانم بڵێم که گۆڕانکاری پرۆسه‌یه‌کی یه‌کجار ئاڵۆز و فره‌لق و درێژخایه‌نه. نابێت چاوهرووانیمان له ته‌نیا بوارێک ئه‌وه بێت که سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگا بگۆڕێت. بێگومان ئێمه باسی گۆڕانکاری پۆزه‌تیڤ ده‌که‌ین. من باوه‌ڕم وایه ئه‌وه ئایدیا مه‌زنه‌کان و ئینسانه گرنگه‌کانن گۆڕانکاری ده‌خولقێنن. تکایه به هه‌ڵه له‌م خاڵه تێ مه‌گه‌ن چونکه من پێم وایه هه‌موو ئینسانێک خۆی له خۆیدا بوونه‌وه‌رێکی ده‌گمه‌نه و به‌هایه‌کی مۆڕاڵی هه‌یه. به‌ڵام که ده‌ڵێم ئینسانی گرنگ مه‌به‌ستم ئه‌و که‌سانه‌یه که به حوکمی چه‌ندان فاکته‌ر که‌وتوونه‌ته شوێنگهیهکهوه که کاریگه‌ریان له که‌سانی ئاسایی زۆرتره. ڕۆڵی ئه‌دیبێکی به تووانا له گۆڕانکاریدا زۆرتره له که‌سێکی تر، ڕۆڵی سیاسییه‌کی لێهاتوو و داهێنه‌ر له پرۆسه‌ی گۆڕاندا زیاتره له که‌سانی تر. بۆیه له گۆرانکاریدا زیاد له کاراکته‌رێک ڕۆڵیان هه‌یه. ئایدیاکانیش له زیاتر له پنتێکه‌وه دێنه ده‌رێ به‌ڵام ڕۆڵی که‌سه‌کانیش دیسانه‌وه له به‌رهه‌مهێنانی ئایدیاکاندا جیاوازه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئێمه به هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێین داهێنه‌ر، به هه‌ندێک سه‌رکرده ده‌ڵیین سه‌رکرده‌ی گه‌وره، به هه‌ندێک بیرمه‌ند ده‌ڵێێن بیرمه‌ندی مه‌زن، به هه‌ندێک ئه‌دیب ده‌ڵێین ئه‌دیبی گه‌وره.
ئه‌مڕۆ، هه‌ڵبه‌ته له کۆنیشدا بۆ گۆرانکاری زۆرتر سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌و بوواره‌یه که پێی ده‌ڵێن سیاسه‌ت. دیاره ڕۆڵی سیاسه‌ت له گۆرانکاریدا زۆر گرنگه. ئه‌و سیاسیانه‌ی که به‌های سیاسی نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنن یاخود له رووی سیاسیه‌وه داهێنه‌رن ڕۆڵێکی گرنگیان له گۆرانکاریدا هه‌یه و بۆ پرۆسه‌ی گۆران نابێت به هیچ بیانوویه‌ک سیاسه‌ت نادیده بگیریت. به‌ڵام ئه‌و ڕۆماننوسه‌ی که به‌های ستاتیکی نوێ به‌رهه‌م دێنێت، ئه‌و شاعیره‌ی سه‌لیقه‌ی جووانناسی ئێمه په‌ره پێ ده‌دات، ئه‌و نیگارکێشه‌ی توانا و بڕستی بینینی ئێمه بۆ هێڵ و ڕه‌نگ تازه ده‌کاته‌وه ڕۆڵی که‌سیان له که‌سانی تر که‌متر نییه له گۆڕانکاریدا.
هه‌ر وه‌ک چۆن له پرۆسه‌ی گۆڕاندا نابێت ڕۆڵی سیاسه‌ت که به بۆچوونی من بوارێکی یه‌کجار گرنگ و زۆرجاریش سێنتراڵه نادیده بگیرێت، ئاواش ڕۆڵی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر نابێت به که‌م وه‌ربگیرێت. من دووای ئه‌نفال که ئه‌و کات ته‌مه‌نم 14 ساڵ بوو شه‌وێک له گوندی سکتان بووم له لای کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه، ئه‌و شه‌وه تا دره‌نگ ئه‌و پێشمه‌رگانه که که‌سانی بهرپرسیشییان تێدا بوو گاڵته‌یان به نووسه‌رێکی کورد ده‌کرد که نه‌یتوانی بوو له شه‌ڕدا به‌شداری بکات و تفه‌نگ بته‌قێنێت. ئێستا که بیر له‌و شه‌وه ده‌که‌مه‌وه سه‌رجه‌م مێنتا‌ڵیتی سیاسیی کوردیم بیرده‌که‌وێته‌وه که پێی وابوو که‌سێک که ناتوانێت تفه‌نگ بته‌قێنێت ناکرێت خێرێکی بۆ میلله‌ته‌که‌ی هه‌بێت.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش : تۆ سه‌ره‌تا به شیعر ده‌ستت پێ کرد دواتر هاتیته سه‌ر نووسینی ڕۆمان و رۆمانێکی ناوازه‌ت خستۆته کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه.
ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم ئایا ئه‌م هاتن و چوون و گه‌ڕان و گۆڕین و له دهرگادانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که دونیای شیعر یان ئاسمان و پانتایی شیعر جێگای خه‌ون و بینین و خه‌یاڵه‌کانی تۆ تێدانابێته‌وه، یان خه‌مێکی رۆشبیری وات لێده‌کات هه‌ر له وێستگه‌ی شیعردا نهمێنیتهوهو ده‌ست بۆ ژانره‌کانی تر به‌ریت؟
ماردین ئیبراهیم : پێده‌چێت ئه‌و فاکته‌ر و پاڵنه‌رانه‌ی وا ده‌که‌ن که‌سێک شیعر بنووسێت، هه‌ر هه‌مان ئه‌و پاڵنه‌رانه بن که وا ده‌که‌ن که‌سێک ڕۆمان یان چیرۆک یان هه‌ر ژانرێکی دیکه‌ی ئه‌ده‌بی بنووسێت، ته‌نیا مه‌سه‌له‌که وه‌ستاوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کام له‌م ژانرانه‌دا ده‌شکێت. من هێشتا دوو شیعرم بڵاو کردبۆوه که هه‌وڵێکمدا بۆ نووسینی چیرۆک و هه‌ر یه‌کسه‌ر تێگه‌یشتم پێویسته چیرۆکنووسین بۆ ئه‌و که‌سانه جێ بهێڵم که ده‌سه‌لاتیان به‌سه‌ر ئه‌و بوواره‌دا ده‌شکێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر یه‌کێک له‌و ژانره ئه‌ده‌بییانه پڕه له‌و توخم پێکهاتانه‌ی که له‌ژانره‌کانی دی‌دا هه‌یه. که‌م ڕۆمان هه‌یه ڕه‌گه‌زی شیعریی تێدا نه‌بێت. من زۆربه‌ی شیعره‌کانم به شێوازێکی چیرۆکئامێز (قصصي) نووسراون که ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیی ده‌گێڕێت تییایاندا. هه‌میشه له شیعره‌کانمدا که‌سانێک ده‌رده‌که‌ون که به‌سه‌رهاتی خۆیان یان به‌سه‌رهاتی که‌سانی تر ده‌گێڕنه‌وه. یاخود به پێچه‌وانه‌وه من له دووا به‌شی ڕۆمانه‌که‌مدا ئه‌و کاته‌ی میلیاس ده‌خنکێت، یاخود ئه‌و کاته‌ی ئۆفیلیا ته‌رمی باوکی له دووکانه‌که‌دا ده‌بینێت وام هه‌ست ده‌کرد سه‌رقاڵی نووسینی شیعرم نه‌ک ڕۆمان.
تێکه‌ڵبوونی ڕه‌گه‌زه‌کان له ژانره ئه‌ده‌بییه‌کاندا مه‌سه‌له‌یه‌کی فره سروشتی و چاوه‌ڕێکراوه، بۆیه که من شیعر ده‌نووسم شتێکی زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر توانام هه‌بێت ڕۆمانیش بنووسم. دیاره من هه‌میشه حه‌ز ده‌که‌م شیعریش بنووسم به‌ڵام له ئێستادا زیاتر خولیای ڕۆمان نووسین له مێشکمدایه. له ڕۆماندا هه‌ست به ئازادییه‌کی زۆرتر ده‌که‌م و زۆرتر بوواری سهرکێشییم هه‌یه. له شیعردا وا هه‌ست ده‌که‌م چڕبوونه‌وه‌یه‌کی زیاترم پێویسته که جووڵه‌م سنووردار ده‌کات. پێده‌چێت هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش بێت که من شیعرم زۆر نییه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش بیرمان نه‌چێت گرفتی سه‌ره‌کی له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر ژانرێک ڕۆمان، شیعر، چیرۆک یان هه‌ر بابه‌تێکی تری ئه‌ده‌بیی گرفتی گوزارشتکردنه. من خۆم زۆر گرفت و مه‌سه‌له هه‌یه ته‌نیا به شیعر ده‌تووانم گوزارشتی لێبکه‌م، که‌چی شتی تر هه‌یه به ڕۆمان.
من بڕوام وایه نه‌ک هه‌ر ئه‌ده‌ب بگره هه‌موو نووسینێک پێویسته وه‌لام به پرسێک، مه‌سه‌له‌یه‌ک، گرفتێک بداته‌وه. که‌واته هه‌ر که‌سێک قه‌ڵه‌م هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یه‌وێت شتێک بنووسێت ئێمه وه‌ک پره‌نسیپ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ ده‌که‌ین که مه‌سه‌له‌یه‌ک یان پرسێک هه‌یه و ئه‌و که‌سه کردوویه‌تی به کێشه (پرۆبلهمایزی کردووه) و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامێکی پێبداته‌وه. به‌ڵام گرنگه ئه‌و که‌سه بزانێت به چی ئامرازێک له‌و مه‌سه‌له پرۆبلهمایزکراوه نزیک ده‌بێته‌وه. جاری واهه‌یه ئه‌و ئامرازه ڕۆمان ده‌بێت، جاری وا هه‌یه شیعره و جاری دیکه‌ش هه‌یه نووسینێکی تره له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش : ده‌مه‌وێت بتگه‌ڕێنمه‌وه بۆ منداڵیی، منداڵیی تۆ چۆن بوو؟ كه‌ی هه‌ستت كرد گه‌وره بوویت؟ چین ئه‌و وێنه‌و خه‌یاڵ و تابلۆیانه‌ی كه‌وا له سه‌رده‌می منداڵییه‌وه تائێستا به‌شێكی دانه‌بڕاون له ڕۆحی تۆ؟ ئایا له منداڵی‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان تۆ و شیعردا هه‌بوو؟
ماردین ئیبراهیم : نه‌خوێنده‌واری له بنه‌ماڵه‌که‌ماندا ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌بوو به‌ڕاده‌یه‌ک ببوو به به‌شێک له کلتووری خێزانه‌که‌مان. من باوکم و دایکم هه‌ردووکیان نه‌خوێنده‌وار بوون. کاتێک من چاوم کرده‌وه ماڵی ئێمه یه‌ک کتێبی تێدا نه‌بوو. دوای چوونم بۆ مه‌کته‌ب و هه‌ر که فێری ئه‌لفوبا بووم باوکم ناچاری کردم قورئان بخوێنم. شانبه‌شانی خوێندنی سه‌ره‌تاییم خوێندنی قورئان زۆر به باشی فێر بووم، به ڕاده‌یه‌ک ئه‌گه‌ر له کۆڵانێکه‌وه ڕۆیشتبام و مه‌لایه‌ک له بڵندگۆی مزگه‌وتێکه‌وه قورئانی خوێندبا ده‌مزانی به هه‌ڵه ده‌یخوێنێته‌وه یان نا. ئه‌و پرۆسه‌ی فێربوون و خوێندنی قورئانه به ڕاده‌یه‌ک ئیجباری بوو که هه‌ر دوای مردنی باوکم یه‌کسه‌ر وازم لێ هێنا. ئه‌وه وای لێ کردبووم که ئیمپرێشنێکی نێگه‌تیڤم له سه‌ر قورئان لا گه‌ڵاڵه ببوو که تا ساڵانێکی دره‌نگ نه‌متووانی ئه‌و ئیمپرێشنه له سه‌ر خۆم لابه‌رم.
ئه‌و کاته‌ی گه‌یشتمه پۆلی پێنج و شه‌شی سه‌ره‌تایی ماڵی ئێمه جگه له قورئان شه‌ش کتێبی تری تێدا بوو که ئه‌وانیش (کهلیلهودیمنه، دیوانی گۆران، پاشمه‌رگه‌ی قانیع، بۆ له حه‌قه که‌وتنه ته‌قه، چاره‌نووسی ئاده‌میزاد له نووسینی میخائیل شۆڵۆخۆف و هه‌واری خاڵیی مامۆستا هێمن بوون). پێتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم ڕه‌نگه سه‌ت جار کهلیلهودیمنهم خوێندبێته‌وه. دواتر ماڵی خاڵم کتێبخانه‌یه‌کی خنجیلهیان هه‌بوو که هی کوڕی خاڵه‌که‌م بوو و زۆر له‌و گۆڤار وکتێبه کوردیانه‌ی تێدا بوو که له حه‌فتاکان و ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا له عێراقدا چاپ کرابوون، له گه‌ڵ هه‌ندێک کتێبی تر که کتێبخانه‌ی سه‌یدییان له مه‌هاباد چاپی کردبوون و هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بیاتی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانیش، ئه‌وه جگه له دیوانی زۆربه‌ی شاعیره کلاسیکییه‌کانمان. کتێبخانه‌ی ئه‌و کوڕی خاڵه‌م وورده‌وورده منی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و هێشتا له پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیدا بووم که زۆربه‌ی کتێبه‌کانی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌م خوێندبۆوه. ئه‌وه‌ی که من ئه‌مڕۆ سه‌رقاڵی نووسین و خوێندنه‌وه‌م ڕه‌وتی ژیانم به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستامه بێگومان قه‌رزاری ئه‌و کوڕه خاڵه‌م و کتێبخانه‌که‌ی ئه‌وم. ئه‌و خاڵۆزایهم زۆر میهره‌بانانه کتێبخانه‌که‌ی خۆی بۆ خستمه سه‌رپشت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه بگره هانی ده‌دام بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کان و بۆ خوێندن و هه‌وڵدان له قوتابخانه‌ش. بۆیه من هه‌میشه ڕێزم بۆ ئه‌و پیاوه هه‌یه و تا بمێنم سوپاسگوزاری ئه‌و ده‌بم. هه‌رچه‌نده من قوتابییه‌کی زیره‌ک بووم له قوتابخانه به‌ڵام من زۆر تموحم هه‌بوو ببم به ئه‌دیب.
ئه‌وانه‌ی باسم کردن زیاتر وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیریی سه‌ره‌تاییم بوون، به‌ڵام چه‌ند ڕووداوێکی یهکبهدوواییهک له منداڵیمدا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بوو له سه‌ر خه‌یاڵم و له سه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ستیارانه سه‌یری شته‌کان بکه‌م. به‌داخه‌وه ئه‌و ڕووداوانه زۆربه‌یان په‌یوه‌ندییان به مه‌رگ و جه‌نگ و سته‌مکارییه‌وه هه‌بوو که به درێژایی ساڵانی هه‌شتاکان منداڵیی منی وێران ده‌کرد.
من ته‌مه‌نم نزیکه‌ی پێنج ساڵان بوو که جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران هه‌ڵگیرسا. تاڕاده‌یه‌ک به شێوه‌یه‌کی ته‌مومژاوی له بیرمه. که شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا، که‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو که ئه‌و جه‌نگه ئه‌و هه‌موو کاریگه‌ریه‌ی له سه‌ر گوندێکی لاکه‌وته و په‌راوێزیی وه‌ک گونده‌که‌ی ئێمه ده‌بێت. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و جه‌نگه مێژووی ئه‌و گونده و له گه‌ڵیشیدا مێژووی عێراقیشی سه‌رتاپا گۆڕی. هه‌موو ئه‌و کوڕه گه‌نجانه‌ی له گونده‌كه‌ی ئێمه‌دا که ده‌بووایه بچن بۆ 'خزمه‌تی سه‌ربازیی'نه‌چوون، چه‌ند که‌سێکیان نه‌بێت که من له شیعری "پێنج پیاوی وه‌حشیی بووین" ئاماژه‌م به چیرۆکی ئه‌و پیاوانه داوه و له‌و ڕۆمانه‌دا که ماوه‌یه‌که سه‌رقاڵی نووسینیم به درێژیی بۆ چیرۆک و چاره‌نووسی ئه‌و پیاوانه ده‌گه‌ڕێمه‌وه که ڕۆیشتن بۆ سه‌ربازی.
چه‌ند وێنه و یادگارێک هه‌ن که هه‌میشه له زهینمدان. بۆ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دنیایه چووبم وه‌کو کۆمه‌ڵێک ئازار به کۆڵمهوهن که وه‌ک گووتم په‌یوه‌ندیان به مه‌رگ و توندوتیژیی بێ‌ئامان و سته‌مکاریه‌وه هه‌یه. کوڕێکی گه‌نجی دراوسێمان هه‌بوو که یه‌کێک بوو له‌و پیاوانه‌ی چوون بۆ جه‌نگ. له یه‌کێک له ئیجازهکانیدا زه‌ماوه‌ندی له‌گه‌ڵ دولبهرهکهیدا کرد. ئه‌و ئیجازه‌یه له‌و ئیجازانه بوو که پێم وایه پێیان ده‌گووت 'جومعهوخهمیس'. دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌ربازی ئیتر به زیندووی نه‌گه‌ڕایه‌وه به‌ڵکو ته‌رمه‌كه‌ی به پارچه‌پارچه‌کراوی هێنرایه‌وه. وابزانم له ناوچه‌ی شووش تۆپی به‌رکه‌وتبوو. من ئه‌وکات ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵان بوو. ئێواره‌یه‌ک سه‌یاره‌یه‌کی بچووک که جه‌نازه‌که‌ی ئه‌وی هه‌ڵگرتبوو له به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وته‌که که نزیک ماڵی ئێمه بوو وه‌ستا. ئیتر ئه‌و کوڕه گه‌نجه ڕۆیشت و وه‌ک هاروکی موراکامی ده‌ڵێت " ئێمه پیر ده‌بین و ئه‌ویش بۆ هه‌تا هه‌تایه به گه‌نجی مایه‌وه". ئه‌و له یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا هه‌ر کوڕه گه‌نجه‌که‌یه نه ئازار ده‌کێشێت، نه پیر ده‌بێت، نه ده‌مرێت. تراژیدیای ئه‌و کوڕه قورسایی زۆری خسته سه‌ر هه‌موو گونده‌که به ڕاده‌یه‌ک نزیکه‌ی شه‌ش مانگێک هیچ خێزانێک ته‌له‌فیزیۆنیان دانه‌گیرساند. ئه‌و کاته تازه شه‌ڕ ههلگیرسابوو و خه‌ڵک له گه‌ڵ مه‌رگ ڕانه‌هاتبوو. سێ ساڵ دوواتر یه‌کێکی تر له 'پێنج پیاوه‌کان' دووای ئه‌وه‌ی له سه‌ربازی هه‌ڵاتبوو، نیوه‌ڕۆیه‌ک وه‌ک که‌روێشکێک گرتیان. دوواتر گوله‌باران کرا و هه‌واڵی تیربارانکردنی ئه‌و کوڕه که تا راده‌یه‌ک خزمیشمان بوو زۆر ئازاریداین. ئه‌گه‌ر یادتان بێت من له شیعری 'فلاورا و پڵنگه‌کان'دا نووسیومه (تاعوون وه‌ک بۆنی ناوساجی، وه‌ک هه‌واڵی کوژرانی سوله‌یمان به کۆڵاندا بڵاو ده‌بێته‌وه)، یان له شوێنێکی تردا نووسیومه ( من له ڕۆما هێند گریام، چاوه‌کانمم وه‌ک دوو هه‌ڵمات له سه‌ر گۆڕه‌که‌ی سوله‌یمان لێ جێ‌ما). ته‌رمی ئه‌و کوڕه دووای ئه‌وه‌ی به‌عس پاره‌ی ئه‌و فیشهکانهشی له که‌سوکاره‌که‌ی سه‌نده‌وه که پێوه‌ی نرا بوو به تیۆتایهک زۆر به خامۆشی هێنرایه‌وه. وه‌ک باس ده‌کرا ئه‌و کاته‌ی گوله‌باران کرا بوو هه‌ر دوو ده‌سته‌کانی وه‌ک هه‌وڵێکی نائومێدانه هه‌ڵبڕی بوو بۆ ئه‌وه‌ی فیشه‌که‌کان به‌ر ده‌موچاوی نه‌که‌ون . فیشه‌که‌کان هه‌موو ده‌ست و بازووی ئه‌و کوڕه‌یان شکاند بوو. ئاخ ئێستا دوای بیست و شه‌ش ساڵ له‌و ڕووداوه من له قاوه‌خانه‌یه‌کی به‌ریتانیا ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم و ده‌گریم، ئێوه بیهێننه به‌ر زه‌ینتان ده‌بێت ئه‌و مه‌سیحه رهزاسووکهمان چه‌ند ترسا بێت!. ئێستا دووای ئه‌و هه‌موو ساڵانه، ئه‌و کوڕانه له بیر زۆر که‌س چوونه‌وه، به‌ڵام له بیر من ناچنه‌وه. ئێستا ئه‌و کوڕانه نه پدهریان ماوه بۆیان بگری نه ماده‌ر، به‌ڵام من له جاران غه‌مگینتر بۆیان ده‌گریم، ئه‌دی بڕیار نییه شاعیره‌کان بۆ ئه‌و که‌سانه بگرین که چی دی که‌سیان نه‌ماوه بۆیان بگرین؟. شه‌و پێیان گووتبوو که سبه‌ینێ تیربارانت ده‌که‌ین، ئه‌و شه‌وه چه‌ند نامه‌یه‌کی دوورودرێژی بۆ دایک و خوشک و براکانی نووسیبوون. من نازانم ئه‌و نامانه ماون یاخود له جه‌هه‌ننه‌می هه‌شتاکاندا وه‌ک زۆر شتی دیکه تیاچوون، به‌ڵام ساڵانێکی زۆره حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و نامانه ببینم و تا ئێستا دڵم به‌رایی نه‌داوه له خێزانه‌که‌یان سۆراغی ئه‌و نامانه بپرسم. وه‌ک بیستوومه ئه‌و نامانه زێده غه‌مگینن. پێم وایه ساڵێک به‌سه‌ر تیربارانکردنی ئه‌و نهوجهوانهدا تێنه‌په‌ڕیبوو که ئێواره‌یه‌ک دووای ئه‌وه‌ی تێر له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کمدا یاری تۆپتۆپێنم ده‌کرد که له‌پڕ ختووره‌یه‌ک به دڵما هات. ختوورهکه چی بێت باشه؟ له دڵی خۆمدا گووتم 'ئه‌وه بۆ ماوه‌یه‌که که‌سێک نه‌مردووه من بیناسم؟'. که‌چی بۆ هه‌مان شه‌و له به‌ری به‌یاندا باوکم مرد. باوکم که ساڵانێک بوو به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه ده‌تلایه‌وه سپێده‌یه‌کی زۆر زوو له خه‌ودا مرد. وه‌رزی هاوین بوو ئێمه هه‌موومان له حه‌وشه‌دا خه‌وتبووین. من زۆر نزیک له باوکمه‌وه خه‌وتبووم. له پڕ دایکم پێش ئه‌وه‌ی ئێمه له خه‌و هه‌ڵسێنێت بانگی دراوسێکه‌مانی کرد که پیاوێکی خزم و هاوڕێی کۆنی باوکم بوو و ئیتر ئێمه‌ش خه‌به‌رمان بۆوه. که منی هه‌شت ساڵانه خه‌به‌رم بۆوه ته‌رمی باوکم به به‌تانییه‌ک داپۆشرابوو. ئه‌و به‌تانییه تا ئه‌و ساڵانه‌ی دووایش هه‌ر مابوو. من هه‌میشه له خه‌وتن به‌و به‌تانییه خۆم ده‌پاراست. سه‌ره‌ڕای ناخۆشی ڕووداوی مردنه‌که خۆی، شتێکی تر هه‌بوو له مردنی باوکما منی زۆر ئازار ده‌دا. من تا گه‌وره‌ش بووم هه‌ستم به تاون و گوناه ده‌کرد چونکه وام ده‌زانی په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ختوورهکه و مردنی باوکما هه‌یه. پێتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم ئێستاش ئه‌و هه‌ست کردن به تاوانه جاروبار وه‌ک دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌کی تاکوتهنیای یه‌کجار دوور بریسکه‌ی دێت له دڵما. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه له هه‌موو ژیانما یه‌که‌م جاره باسی ئه‌و ختوورهیه ده‌که‌م.
له ڕاستیدا منداڵیی من به شێوه‌یه‌کی ئازاراوی تێکه‌ڵی میحنه‌تی زۆر بووه به‌ڕاده‌یه‌ک هیچ ڕووداوێکی منداڵیم نییه بیرم مابێت و به‌شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به مه‌رگ و میحنه‌ت و ئازاری که‌سێکه‌وه نه‌بێت. من ناخۆشییه‌کانم زۆر له نزیکه‌وه بینی، مه‌رگم له نزیکه‌وه بینی. یه‌کجار له نزیکه‌وه خه‌م ونیگه‌رانی قووڵی ئینسانم هه‌ستپێکرد. هێشتا سیانزه‌ساڵان بووم ڕۆژێک کۆمه‌ڵێک سه‌رباز هاتن و ناچاریان کردین له ماڵه‌که‌مان بێینه ده‌ره‌وه و به شۆفڵ خانووه‌که‌مان که به‌ری ڕه‌نجی سی ساڵی خێزانێک بوو تێکدا و که‌وتینه ده‌شتوده‌ر. چوواردهساڵان بووم به چاوی خۆم له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالدا ژن و مناڵانێکی تۆقیوم بینی که کۆمه‌ڵێک سه‌رباز به کوته‌ک و تێهه‌ڵدان سوار زیلیان ده‌کردن. ئه‌وه‌ی که دایکم له ده‌وروبه‌ری داریکه‌لی نه‌که‌وته به‌ر ئه‌نفال سودفه‌یه‌کی رووتوقووت بوو.
ئه‌و هه‌موو تراژیدیایه‌ی من له مناڵیمدا بینیم که بێگومان به‌رئه‌نجامی سته‌مکارییه‌کی له تووانا به‌ده‌ر بوو له عێراقدا هه‌موو وایان لێکردم که هه‌م به شێوه‌یه‌کی ناسک و هه‌ستیار سه‌یری مرۆڤ و میحنه‌ته‌کانی بکه‌م، هه‌م شه‌ڕی مان و نه‌مان دژی زۆرداری و نادادپه‌روه‌ری ڕابگه‌یه‌نم. نادادپه‌روه‌ری گه‌وره به‌رامبه‌ر مناڵیم، به‌رامبه‌ر به‌خۆم وای لێکردم که دادپه‌روه‌ری ببێته به‌هایه‌کی سێنتراڵ له ژیانمدا، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه بگره دادپه‌روه‌ری بکه‌مه ئارکیتایپی هه‌موو به‌ها گرنگه‌کانی تر.
به‌و شێوه‌یه منداڵیم جێ هێشت و که بووم به گه‌نج، بووم به شانزه ساڵان به‌عس کوردستانی جێ هێشت. ئیتر له‌گه‌ڵ به جێهیشتنی منداڵییم ستهماریی به‌عسیش له سه‌رم نه‌ما و که‌وتمه ناو گه‌نجی و له هه‌مان کاتیش‌دا ناو قۆناغێکی تر که قۆناغی زوڵم و زۆرداری ده‌سه‌ڵاتی کوردی بوو. بێگومان چیرۆکی ئه‌م قۆناغه‌ش دوورودریژه و به داخه‌وه تا ئیستاش له گه‌ڵماندایه.