سڵاو گەورەی ئازیزم .........
ڕەنگە وشەی ئازیز بەتۆ وشەیەكی نامۆ بێت، لێ هێشتا كات درەنگ نییە من و تۆ و هەموو ئەوانەی بەو شێوەن، لەگەڵ ویژدانی خۆمان و جوانییەكانی ژیان ئاشت بینەوە، دەست بخەینەوە ناو دەستی جوانی و ویژدان و بەڵێنی ئەوەی پێ بدەین هەرگیز خیانەتی لێ نەكەین. من ئێستا ئەمەوێت پێت بڵێم بۆ یەكەمجار من لە پێناوی عەشقا خیانەتم كرد و نازانم تۆ لە پێناوی چیدا.
بمبوورە ئیتر ناتوانم نامەكانم بە خواست و ویستی تۆ بنووسم، لەبەر ئەوەی هەركات بیر لە سزا و بەدبەختكردنی كەسێك ئەكەمەوە، ڕاستەوخۆ چاوی ئەو كچە شاعیرەم ئەكەوێتە بیر ئێستا عاشقی بووم. بمبوورە لەوەی لە كارەكەمدا من كەسێكی سەركەوتوو نەبووم و وا ئەزانم تۆش داوای لێبوردن لە ویژدانی مردووی خۆت بكەیت شتێكی خراپ نییە. ئەبێت ئەوەشت پێ بڵێم پێش ئەوەی ڕاپۆرتێكی تەسەلت لەسەر ژیان و ئاكاری ئەو بۆ بنووسم، نامەیەكت دەربارەی سیخوڕێكی بەد بۆ ئەنووسم ئەویش خۆمم، ئاخر مرۆڤ كە عاشق بوو ناتوانێت خیانەت لە مرۆڤێكی تر بكات. نەگبەتی سیخوڕێكیش ئەو كاتە دەست پێ ئەكات عیشق ئەو بنیادنەرە خوێنشیرینەی ژیان لە دەروونەوە بتڕوخێنێ و ویژدانت تیادا زیندوو بكاتەوە. تۆ نازانیت ئەو ڕوخانە چ بنیاد نانەوەیەكی جوانە! من ئەزانم عیشقیش نەبێت ژیان بۆ خۆی هەر گوزەر ئەكات، بەڵام بەو شیرینییە نییە خەمی لێ بخۆین و ڕێزی جوانییەكانی بگرین، بمبوورە لە باسەكە لامدا، خەریك بوو بۆم ئەنووسیت مرۆڤ كە بەڕاستیی عاشق بوو هەرگیز ناتوانێت كارێك بكات كە ویژدانی پێی ناڕازیە. من ئەزانم سەختە بۆ تۆ باوەڕ بكەیت ئەم قسانە بۆ تۆ مانایەكیان هەبێت، هەروەها بۆ منیش سەختە جارێكی تر بیر لە كوشتنی مێروویەك بكەمەوە، چجای ئەوەی بێم و جارێكی تر دەستەكانم بە خوێنی دڵێك سوور بكەم دنیایەك ئەوین و خەمی ئایندەی تیادا ئەژی! ئەو خەمەی تۆی لە جوانی بێبەش كردووە و ئەو ئەوینەی لە نەبوونیدا، دڵی تۆی كردووەتە یەك پارچە پۆڵای بێخێر و ڕۆحكوژ و دڵڕزێن و جوانییكوژ.
سەرەتا ئەبێت پێت بڵێم هەندێك جار گوناه بە دوای تۆدا ئەگەڕێت ئەنجامی بدەی، نەك ئەوەی تۆ بەدوای گوناهدا بگەڕێیت، بەڵام ئەبێت لەم كاتەشدا مرۆڤ لە گوناه هەڵبێت و تەسلیمی قەدەرێكی بەد نەبێت، وەك ئەوەی من تەسلیمی بووم. هەندێك جار ژیان لەوە سەختترە بە ڕازیبوون بە برینداریی و دەردەداریی خۆتەوە لێت گەڕێ، تۆش باش ئەزانیت درەختی خۆزگەی هەژاران كەم ڕێ ئەكەوێ بەر بگرێ، منیش ئەو كاتە هەژارێكی كڵۆڵ و بێچارە بووم، عاشقی كچێكی بەدبەخت بووم و هەژاریی و لوتبەرزیی ئەو لێ نەگەڕا ژیانێكی ئاسایی بۆ خۆم درووست كەم، دەستبەرداربوونی منیش بۆ ئەو هەروا كارێكی سانا نەبوو، من ئەمزانی ئەوەی من ڕەدوی كەوتووم كارێكە چووەتە دەروەی سنووری عشقەوە، بەڵام مەگەر دەكرێ هەروا سادە و ئاسان عەشقێكی لەدڵاشیرین، بەگۆڕ بسپێریت؟ بێگومان نەخێر. ئەویش كچێك بوو ئەمویست بەختەوەری بكەم و بەدبەختیی خۆی هەڵبژارد. دوای سەیارە و كۆشك و باقوبریقی دنیا كەوت. سەرەنجامیش چی؟ لە دەست ئەشكەنجەی دەروونی، دەستكورتی موحیبەت و ئازاری دڵئێشە و سووتانی ڕۆحیی، خۆی كوشت! بەڵام كێ ئەڵێ ئەویش پەشیمانی و زامی كۆنە ئەوینێك بەو دەردەی نەبردووە؟ بەڵام خۆ ئەو هیچیشی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشت جگە لە تابلۆی خوێنی كوژراوێك، بەخەتێكی ناڕۆشن ئەوەی دەرخستبوو (مردنی لە ژیانی شیرینترە). ڕەنگە بە بڕوای تۆ ئەمە كارێكی گەوجا نەبێت ئەگەر ویژدانی ئازاری دابێت. بەبڕوای منیش مرۆڤ سەد ساڵ لە پەشیمانیدا ببێت بە قەرەبرووت نابێت بیر لە وەها كارێك بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی من و تۆ لە چۆنێتی بیركردنەوەدا جیادەكاتەوە لای من ئەوەیە مرۆڤ ئەبێت هەمیشە ویژدانی دادگایی بكات، بۆ جوانی بژی نەوەك بمرێ. پێم وت بنی پێڵاوەكانت ماچ ئەكەم، ئەتپەرستم، تەنیا چەند مانگێك لێم گەڕێ هەتا شتێك پێكەوە ئەنێم، بەڵام ئەو هەرگیز بە كەم ڕازی نەئەبوو. داوای هەموو ئەو شتانەی ئەكرد، دەزگیرانی هاوڕێ دەوڵەمەندەكەی بۆ هاوڕێكەی ئەوی كردبوو. ئەوكاتەش بەرواری ئەو وەرزی ڕیسواییەی من بوو، كە تۆ لە مەیخانە و چایخانە و سۆزانیخانە و...هیتردا، لە دوی نێچیر گەلێكی كڵۆڵی وەك من دەگەڕایت و گریان و بێدەرەتانییت قۆستمەوە و وتت:
جاچیە ئەتوانیت عیشق بەدەست بێنی بەمەرجێك ویژدانت تەڵاق بدەیت
ئێستا ئەزانم ئەوەی لەدەستم دا هەر چركەیەكی بەسامانی هەموو دنیا ناكڕدرێتو هەموو باشەی دنیا ئەو خوێنانە لەڕۆحم ناكاتەوە لەپێناوی ئەو داو بۆتۆ ڕشتم. ئاخر تۆمنت فریوداو ویژدانت تیادا كوشتم. ئێستا ئەزانم كوشتنی ویژدانو، كوشتنی عیشقو، كوشتنی خودا، لەڕۆحی مرۆڤدا یەكشتن. ئاخر كەمرۆڤ ویژدانی نەبوو خوایشی نیە، بەڵام من درەنگ لەم هاوكێشە تێگەیشتم. یا ئەو كات تێنەدەگەیشتم ئەم كەشتیە بەخوێن باركراوە لەكەناری چ نەهامەتیەكا لەنگەر ئەگرێ ئیتر تێگەیشتنیش فایدەی نەبوو. ئیتر هەر ئەو ساتەبوو لەنێو ددانەكانمدا ئەو تۆماركەرە بچوكەتان چاند، تەنانەت پرخەی خەوی خۆشمی ئەگوێزایەوەو ئەو چاوە زەریفەی لای چەپیشتان دەرهێنام، دنیایەكی ڕەنگاو ڕەنگی ئەبینیو همیشە لەئایندەیەكی مرۆڤانەی ئەڕوانیو، لەجێگاكەیدا ئەو چاوە شوشەییەتان چاند نازانم چۆن بەبینینی ئەو هەموو دیمەنە دڵبڕو ڕۆحتاسێنە وردنەبوو! سەرەنجامیش چی؟ ئەبوو هەرچیەك من ئەیبینم تۆش بیبینی، لەڕێگای ئامێرێكەوە وێنەی چاوی منی تۆمار ئەكرد. ئەبوو هەر ئەو كاتە بزانم ئێوە لەشوێنی دڵێكی عاشق بەخوێنی مرۆڤێك كاری ئەكرد، لەنەشتەرگەریەكی خێرادا دڵێكی پلاستیكیتان تیادا چاندم، دڵێك تەنیا بۆ زیندووبوونو بڵاوە پێكردنی خوێن، دڵێك نەخەم كاری تیادا ئەكاتو، نەبەزەییو نەعیشقو نەمیهرەبانیو نەویژدان. تەنانەت جێگایەكیشی تیادا نەبوو بۆجێبوونەوەی خودا! كەچی نەئەو چاوەی دنیای خۆڵەمێشی ئەبینیو، نەئەو دڵە، نەیتوانی دیوارێك لەنێوان منو ئەو عیشقەدا دروست بكات لەخەیاڵمابوو، ڕۆحمی ئەخوارد، تەنانەت بەچاوی داخراویشەوە ئەمبینی، لەبەرئەوەی ئەوە وێنەیەك بوو لە ڕۆحما هەڵكەنرابوو. زۆرجار ئەچووم ئەو وێنە بدڕێنمو بیخەمە ژێر پێ ی تۆ، بەڵام ئەو هەردەم پێی ئەوتم تۆ ئەتوانیت وێنەیەك لەبەرچاوتا بكەیت بەخۆڵەمێش، ئەی چی ئەكەیت لەو وێنەیەی لەخەیاڵتا جێئەمێنێ؟؟ ئەوەش ئەو ساتەبوو ئەبوو وەك گوناهبارێكی پەشیمان بەدەستی خۆم پەتی سێدارەكە بكەمە ملم. هەستم ئەكرد دەست بەردار بوونی ئەو وێنەنە دڵكوژە، ئەو جادوی نەفرەتە، دواساتە پێیەكانی من بەم سەرزەمینەوە ئەبەستێتەوە، بۆیە بڕیارمدا من بچمە ناو چوارچێوەكەی ئەو عیشقە مردووەو، ئەویش تاهەتایە بەسەر خاكی ڕۆحما بگەڕێ. نا.... ئەو كچێك نەبوو لەو كچانەی هەزار تیر لەڕۆحت ئەدەنو، كاتێك ئەگەیتە قوڵایی ڕۆحیان، ئیتر هەست ئەكەیت خۆیان شوێنەواری ئەو برینانە ساڕێژ ئەكەن خوێنیان لەڕۆحت ئەڕوا، بەڵكو كچێك بوو لەو كچانەی سەدەیەك بەناو فیراقو، گریانی تەنیایی شەوانەو، سەفەری خەیاڵو، خەمو كارەساتا ئەتبەنو، لەكۆتایشدا تێدەگەیت هەرلەسەرەتاوە ئەو جوانیەی تێدا نەبووە كەتۆ بۆی دەگەرایت .
من لەژێر فشاری ئەو گرفتاریەدا بەدونیا مردووەكەی ئێوە ئاشنا بووم، دنیایەك نەبەزەیی كاری تیا ئەكردو نەویژدان، لەناو ئەو هەموو ڕۆحە مردووەدا منیش تەرمێك بوومو لەبەر بارانا كرم ئەیخواردم. ئاخر ئەوە تۆ بوویت واتلێكردم ڕقم لەخۆم بێتەوەو كەسم خۆشنەوێ، تۆ بوویت ژیانی هەردووكمانت وێرانكرد، نەخۆت هەرگیز خێرێكت لەدنیا بینیو نەهێشتیشت من بەئاسودەیی تیایدا بژیم. خۆ ئاسودەیی هەرئەوەنیە گیرفانت پڕبێو ویژدانت خاڵی. زۆرجار ئەمویست ئەو ئاگرە بێدەنگەی ناو ڕۆحم خامۆشبكەم، بەڵام بەئاوی هیچ خۆ فریودانێك خامۆش نەئەكرا . زۆرجار بەخۆمم ئەوت ئەوانە گوناهكارنین ناچاری پاڵیان پێوە ئەنێت، ئەوانە گوناهكارن عاشقی ئەمكارەن، بەڵام مەگەر دەكرێ بەوەڵامێكی وەها سوكو ئاسان ویژدان بێدەنگ بكرێ؟! هیچ لەوە ئازارە دەرونخۆرە كەم كەیتەوە وەكو دڕندەیەكی بریندار لەناوەوە هەلاهەلات ئەكات؟؟ نەخێر منیش وەك تۆ بەشێك بووم، خانەیەك بووم لە لەشی جوڵاوی گوناهێكی گەورە، كەپیش ئەوەی مرۆڤ فێری ژیان بكات، فێری ئەوەی ئەكات لەناخی خۆیدا بمرێ، پێش ئەوەی جیاوازی بەرامبەرەكەییی خۆشبووێ، فێری ئەوەی ئەكات بیكوژێ. یەكەم تاوانیش كەپێت ئەكەن كوشتنی ویژدانی خۆتە، بەڵام حەیف درەنگ تێگەیشتم تەنیا عیشقێك لەعیشقی ژنو خوداش پیرۆزترە عیشقی نێوان مرۆڤ و ویژدانی خۆیەتی. ئەمە ئەوڕستەیە، ئەو دەنگەیە، خەوی شەوانم لێحەرام ئەكات. ئەمە دەنگی دڵی ویژدانە، سەدای ڕاستەقینەی بوونە. هەندێك جار وەك شارەزەردەواڵەیەكی وروژاو، هەندێكجاریش وەكو پۆلە كوكوختیەكی شەهیدكراو لەسەرمابخوێنن ، خەوو خۆراسم لێحەرام ئەكەن . ئەو شەوەی ئەو ژنەشتان بەدیارچاوی مناڵە پێنج ساڵانەكەیەوە پێكوشتم، هەزار خەوی سەیرو ترسناكم بینی. دوای ئەوەی هەزار جار ئەتكتان كردبوو، هەزار نێچیری چەورتان پێگرتبوو، نەتان ئەویست ئەو نهێنیانە بكەونە دەستی خەڵك. ئاخر ئێوە چەنێك ئەوداڵی بەدوادا گەڕانو ئاشكراكردنی نهێنین، ئەوەندەش ئەوداڵی شاردنەوەی نهێنیەكانی خۆتانن . ئەو شەوە گوێم لەقریشكەی ترسناكی فریشتەكان بوو لەئەسمان، بەڵام هەرزوو دەنگی داواكاری (سەیران)، ئەو كچە بێوەفایەی بوونی منی لەگیرفانما ئەبینی بەسەر ئەو دەنگە ترسناكەدا زاڵبوو، كە پێی ئەوتم (ئەمخوازیت ئەبێت هەموو ئەوشتانەم بۆ بكەیت ئەمەوێت، ئەگەرنا منو تۆ سەقفی ماڵێك كۆمان ناكاتەوە ).
من ئێستا ڕۆژانە دیمەنی مناڵە هەتیوێكی بێپارە ئەمكوژێت چاوەڕێی گەڕانەوەی باوكی جوانەمەرگو دایكی كوژراوی ئەكات، كەلێی ئەپرسیت چاوەڕوانیەكی ناكۆتا لەقسەكانیا دڵت ئەكات بەئاو. بەدەنگێكی پچڕپچڕو، بەرگێكی دڕاوەوە پێت ئەڵێت: لەوەتەی....لەوەتەی دایەو بابە چوون بۆ بەهەشت، كەس نوقڵم بۆ ناكڕێت.بەڵێ مناڵێك لەبەر دەرگای ویژدانی مندا بەمشێوە فریوی خواردوە، دایكو باوكی وەك دوو فریشتەی سپی باڵدار ڕۆژێك هەردێنەوە، بەردەوامیش كەئەیبینم پێی ئەڵێم هەموو ئەو نوقڵانەت بۆ ئەهێنن لەوێ بۆیانكڕیوەیتو دەرفەتیان نەبووە بۆت بهێنن. ئێستاش ئەو مناڵە چاوەڕوانی ئەو دووفریشتەی ناو خەیاڵی خۆیەتی هەموو ڕۆژێك نوقڵی بۆ ئەكڕنو، لەبەر سەرقاڵی دەرفەتیان نیە بۆی بهێنن، بەڵام دواجار ئیتر ئەو مناڵەش ئیمانی بەوە نامێنی دایكو باوكی ئەمیان لەبیرە. ئەو نازانێت منو تۆ بێوەفاین، نەك ئەوان. .ئێستاش من هەستی ناسكی ئەو مناڵە ئەمكوژێت، سواڵی نوقڵ ئەكات لەشەقامێكی ساردو سڕ لەویژدانا كەكەس ئیمانی بەوە نەماوە نوقڵ بدات بەمناڵی فریشتەیەكو، هەمووان وەك شەیتان زادەیەك لێی ئەڕوانن. كەس تێناگات كەدایكی ئەویش قوربانی ستەمێكی ترە .
لەو ساتەوە منت كردبە مۆتەكەی گیانی (ئەفسانە)، ئەو كچە شاعیرەی چاوەكانی وەكو دوومۆم كزكز ئەسوتا، شەرمو تەریقی لەناخەوە ئەیكردم بەئاو. من كەڕقو بەزەییەكی زۆری ژنم لەدڵابوو ، هەستم ئەكرد كارێكی گرنگم لەسەرشانەو پێویستەئەنجامی بدەم. ئاخر تۆمنت نارد بۆ ئەوەی بیكوژم، ئاسەواری بكەم بەتۆز، بەڵام من عاشقی بووم. ئەو كچێك نەبوو لەو كچانەی ئەیانەوێت بەجوانیەكەیان ئاقیبەتێكی شاهانە دروستبكەن، نا ئەو ناخێكی وەك شەونم بێگەردی هەبوو . هەرلەسەرەتاوە هەستم كرد دیوەكەی ناوڕۆحی ئەو خەریكە وام لێئەكات تف لەو ڕابردووە بكەم تۆم تێدا ناسی. دەبێت ئەوەشت بۆبنوسم من بەدیوەكەی دەروەی سەیران كەوتمەداو، لێ بەدیوەكەی ڕۆحی ئەفسانە شەیدابووم. ( من پێم وایە وەك ئەوەی وەرزەكان ئاسەواری یەكتری ئەسڕنەوە، عەشقێك عەشقێكی تر لەڕۆحی مرۆڤدا ناكوژێت، لەوانەیە بیخاتە گۆشەی لەبیركردنو فەرامۆشی، بەڵام نیگایەك، ئاسەوارێك، بیركەوتنەوەیەك، بەسە بۆكولانەوەی برینێكی دڵسوتێنو داڵغەیەكی ڕۆح ڕزێن) ئەمە یەكەمین قسەی ئەو كەچە شاعیرەیە، كەمن بڕیارم داوە ئەوەندە لەبەر بارانی جوانی ئەودا بووەستم، هەتا ناچار ئەبێت دەرگای ڕۆحی خۆیم بۆئەكاتەوە.
مرۆڤ زۆرجار ئەكەوێتە دۆخێكەوە وەستان لەنێوان ڕابردوو داهاتویدا شەڕ فرۆشتنە بەمردن، خۆلاركردنەوە بەلای هەریەكێكیشیاندا هەمان شتە، منیش وەهام لەم دۆخەداو، عیشقی سێهەم لەنێوان ئەم دوعیشقەدا لەئارادا نیە ئەویش تۆیت، خۆشەویستیە بۆ ئەو كارە قیزەونەی لەناچاریا ئەمكرد.
ئەو ئێوارەش كچی هەژدەساڵەی یەكێك لەنەیارەكانتم كوشت هەستم بەهیچ ئازارێك نەكرد، تەنیا خەمی ئەوەم بوو كەمێكی تر لەسەیرانم نزیكا بكاتەوە. تۆش ئەو هەستەت تیاكوشتبووم هەست بەئازار بكەم، بەڵام كێ ئەیزانی ئەو چەنێك خەونی سەوزو ئومێدی گوڵڕەنگی لەخەیاڵیابوو پێی نەگەیشت؟! ئەوە سەرەتایەك بوو بۆ ساڵگەلێكی شوم لەژیانی مندا دەستیان پێئەكرد، هەستی ئازار چەشتنو بەزەییو میهرەبانیم تیادا لەدەستداو، دوچاری نەخۆشی خۆپەرستی بووم . سەرەتا كە شوێن پێیەكانیم هەڵئەگرت چاوە ڕازدارو نیازدارەكانی سەیریان ئەكردم، بەڵام من بەدیار چاوی خواو ئەستێرەكانەوە، بۆیەكەمجار كەسێكی بێگوناهم كوشت. بەشێك لەموعجیزە كانی خوام لەسەر ئەم زەویە سڕیەوە كەتەنیا ئەو حەقی سڕینەوەیی هەبوو، وەك ئەوەی خۆیشی دروستی كردبوو. ئاخ كێ ئەیزانی ئەویش عەشقێك وەك ئەوەی ئەفسانە بۆمن لەدڵیدا نەبوو؟! من ئا بەم شێوە عەشقێكم لەپێناوی عەشقێكی تردا خستە گۆڕ، بەبێ ئەوەی لەو ڕاستیە تێبگەم عیشق تەنیا چەند قەترە خوێنێكی تێدا ئەڕژێ، خوێنی كچێنی و بەس. عیشق جێگای خوێنڕشتنی تری تێدا نابێتەوە. تۆ پێم بڵێ ئێتستا ئەبێت تاچەند ساڵی تر بگریم تا لەو گوناهە پاكببمەوە؟ بەڕاست تۆ هەرگیز هەستت بەوەكردووە هیچ شتێك وەك گریان لەپەشیمانیدا جوان ینە؟؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێت بڵێم مرۆڤ ڕۆحو لەشی ماڵاوایی لەیەكتر بكەن ئاسودەترە تائەوەی بەكۆڵەباری ویژدانێكی مردووەوە زیندوو بژی. یا بە مەیتی گوناهگەلێكی گەورە بەشانە لاوازەكانیەوە تاقیامەت بگری. ئەفسوس درەنگ تێگەیشتم جاڵجاڵۆكە داوی ژەهراوی خۆی بۆ ئەمكارانە ناوەتەوە، نا داوی پیلانو تەڵەكەی مرۆڤ زۆر لەداوی جاڵجاڵۆكە وردترو فێڵاویتر چنراوە، جاڵجاڵۆكە لەكوێ ئەتوانێت داوێك بچنێت خاوەن ئاوەزێكی وەك مرۆڤی پێوەبێت !
پیاوی ویژدانمردوو......هەژاری بیركوژو دڵكوژە، هەندێكجار وات لێئەكات زیندوویەك لەتابووتێكدا بدەی بەئاوا بەبێئەوەی بۆی بگریت، بەڵام ڕۆژگارێك دێت ئەو برینە لەویژدانتدا ئەكولێتەوەو سەرت بەدارو دیواری پەشیمانیا ئەكێشی. من دڵنیام تۆش سزای ئەو ئازارە ئەچێژێت لەپێناوی خۆتا تاهەتایە جوانیت لەمنو خۆتو خەڵكانێكیی تریش حەرامكرد. تۆ سەیریكە داواكاری سەختی سەیرانو، كولەمەرگی من لەبەرامبەر ئەودا كارێكی ئاسان نەبوو، تابۆ هەتاهەتایە ئەو ئەوینە لەدەست نەدەم تاسەر ئێسقان بەپاكی خۆشم ئەویست، بەڵام نەپاكی لای تۆ واتایەكی هەیەو نەئەوینیش مانایەك لەڕۆحی تۆدا. تۆش ئەبێت ئیتر لەخەمی پیاوێكدا ئەو ژیانە پوچو بێهودەیی خۆت ببینیت هەناسە هەڵكێشانێكی بۆیادگاریەكانت تیا نیە، لەخەمی ئەو مەینەتزەدە تێبگەیت لەنێوان دوو عیشقدا یەكیان نەداریو دەست پێڕانەگەیشتندا كردی بەو پیاوە فریوكارەی عیشقو ڕۆح لەدەست بداو سامانو خوێن هەڵچنێو، ئەویتریان ئەوەندە بەناو ڕۆحی خۆیدا گێڕایو ڕوخاندی، لەبری ئەوەی ئەو كەسە بكوژێ ئامانجی تۆیە، خەریكە دەمانچەكە ئەخاتە سەردڵی خۆی، تا لەدەست سزای ئەو هەموو پەشیمانیە ڕزگاری بێت ئەو هەموو جوانیەی خۆییو ئەوانیتری تێدا كوشت. ئەوەتانێ ئیتر گەیشتووەتە ئەو ئەو دەرەنجامەی پۆشاكی گەدایی لەبەر بكاو بەڕەزالەتی خۆییو جوانكردنی دنیا قەرەبووی ئەو هەموو ناشیرینیانەی بكاتەوە بەخوێن دروستی كرد، بەڵام مەگەر ئازار چێشتنی هەزار ساڵیش ئەتوانێت ڕۆحبكاتەوە بەبەر مردوویەكدا ؟ یاخەمی لەدەستدانی كەسێك بۆ ئازیزە لەدەستچووەكەی بسڕێتەوە، ئاواتی ئەو كچە هەژدە ساڵانە بەدیبێنێ عاشقم بوو كوشتم ؟! یا نوقڵێك لەبەهەشتەوە بێنێ بۆ ئەو مناڵەی چاوەڕێ گەڕانەوەی دایكو باوكیەتی بەدووباڵی سپیەوە؟! سەیری كە دنیا چ سەمەرەخانەیەكە خوێن بڕێژی ئازار ئەتكوژێو، نەیڕێژی چەرمەسەری ئەتكوژێ! هاتم بۆئەوەی پارەم دەست بكەوێو عیشقێك بكڕم، كەچی عیشقێكم كوشت! هاتم بۆئەوەی كەسێك بكوژمو پارەم دەست بكەوێ، كەچی خۆمم لەدەستداو عیشقم دەست كەوت. كەچی عیشق ئەو دەمانچەی پێ فڕێدام خوێن لەلولەكەی ئەت. هاتم بۆ ئەوەی كەسێك بكوژم دڕندەكەی ناو ڕۆحی خۆمم كوشت، تۆ سەیریكە ئەمە چ جوانیەكە ئێستا تۆ لێی بێبەشیت!
پیاوی خاڵی لەویژدان .....هیچ وەك عیشقی شاعیرێك هەڵت ناكۆڵێت، تۆ نازانیت ئەو چەند زەریف لەڕۆحی خۆیدا ئەسوتێت! تۆش هەرلەسەرتاوە ئەتتوانی لەبری ئەوەی ڕیێگای ئەم كوشتنو نابووتكردنەی ڕۆحم نیشانبدەیت، وەهاكارێك بكەیت وەك مۆمو پەروانە بەدەوری یەكتریدا بسوتیێن. ئاخر چێژی ژیان لەوەدایە بسوتێیت نەك بسوتێنی. چێژ لەئازاری سوتانی خۆمان وەرگرین نەوەك كوشتن، بەڵام تۆ لەو هەستە بێبەری بوویت، بۆیە هەرگیز ئەو ئاسودەییەت نەدۆزیەوە بۆی ئەگەڕایت، بۆیە بەختەوەری لەدەرگای ڕۆحی تۆی نەداو بەدبەختی بەردەرگاكەتی چۆڵنەكرد. تەنانەت لەو چارەنوسە ڕەشەش وردنەبوویتەوە منی تا چگۆڕێك برد، لەو عیشقە نەفرەتیەت نەڕوانی تا چ جەهەنەمێك ڕایكێشام، بەڵام منو تۆ كەخوێنو پارە سەودای نێوانمان بووە، زمانی گوفتوگۆی نێوانمان بوو، نەوەك ڕۆح و عیشقو میهرەبانی، ئەكرا لەیەكتری تێبگەینو یەكتریمان خۆشبووێ، ئەمەكداربین بەرامبەر بەیەكتری؟؟ بێگومان نەخێر. منوتۆ ئەماتوانی زمانێكی تر جیالەم زمانە بۆگەنەی سەودا كردن بدۆزینەوە، نەك سەری خۆمانو دیگەران بدەین بەداری فەتارەتداو تۆش ئەتتوانی وەك ئەم ژیانە دڵڕەقە نەبیت.
تۆ نازانیت بەگوللەیەك چەند خۆزگەو ئاوات تیا ئەچێت! چەند كەس لەگەڵ تیاچوونی ئەو دڵەدا تاهەتایە خەڵتانی خوێن ئەبن، مناڵێك لەنازی ئەو باوكایەتیە بێبەش ئەكەیت لەسەر مەرگیشدا بۆی ئەگری، لەنازی دایكایەتیەك هەتیوی ئەكەیت هەموو دنیای بدەیتێ، شوێنە خاڵیەكەی ئەو لەدڵیدا پڕناكاتەوە. هەموو دنیا بكەیت بەمەرهەم، برینەكەی دڵی ئەو ساڕێژناكات. تۆ ئەتویست من دەست لەكارو باری خودا وەربدەم، ئاخر بەتەنیا ئەو لەمەڕ مردنو ژیانی مرۆڤەكان، ڕابردوو ئایندەی مرۆڤەكان، گوناهو سزای مرۆڤەكان مافی بڕیار دانی هەیە. مرۆڤێكیش بەبرینی ئەوانی دی خوێن لەدڵی نەیەت ، مرۆڤ بوونی تیادا مردووە .ئەم چەند ساڵەش تۆ بەم چاوەشوشەییەوە منت كرد بەو دڕندە خوێنخۆرەی شەرم لەمرۆڤبوونی خۆم بكەم. ئێستا ئیتر لێوان لێوم لەگوناه ، لەئەشكەنجەو ئازار، هەر ئەم ئازارەشە خەریكە ئەمكاتەوە بەمرۆڤ، هەر ئەم ئازارەیە ڕۆحم ئەكێشێت خەریكە فێری ئەوەم ئەكات چێژ لەئازاردانی خۆم وەرگرم لەپای ئەو ئازارنەی دروستمكرد. خەریكە فێری ئەوەم ئەكات بەدڵشكانی گوڵێك گیانم دەربچێتو مانایەك بەمرۆڤ بوونم بدەم. بەمەرهەمكردنی برینی چڵەگیایەك هەستبكەم من پاشای جیهانم، سوڵتانی بەختەوەریم. ئێستا ئیتر پەشیمانی لەو ڕابردووە خەریكە ئەمكوژێت. تۆ ئەزانیت چەند جوانە گوناهكارێك پەشیمانی بیكوژێ نەوەك دڕندەیی تۆ؟! تۆ ئەزانیت سیخوڕێك چەن بێزارە لەڕابردوی كاتێك چاوە شوشەییەكەی خوێنی لێبێ؟ خۆزگە تۆش ئەبوویتەوە بەو مرۆڤەی بیر لەعەزیەتدانی جوانی نەكەیتەوە .
ئەوە تۆ بوویت، تۆی گوناهكاری كارەكانی خۆتو هۆكاری گوناهەكانی منیش، وابكەیت بەمردنی بێگوناهێك پێبكەنم، بەڕژانی هەر خوێنێك هەستبكەم هەنگاوێك لەبەختەوەریم نزیك ئەبمەوە ، بەڵام من چیبووم جگە لەبەدبەختێك ئەمویست وەك مرۆڤێكی ئاسایی داهاتوێكی ئاساییم هەبیبَت؟ تۆ پێت وتم ژیان فیلمێكەو كۆتاییەكەی لەهەمووی گرینگترە، لەكۆتاییدا دەرئەكەوێت پاڵەوانەكان كێن. كەچی ئێستا تێدەگەم من هەر لەسەرەتای فیلمەكەوە كوژراو بووم. ئێستامن تێدەگەم من مردوویەك بوومو زیندووەكانم ئەكوشت، بێچاوێك بوومو چاوی ئەوانیترم دەرئەهێنا، بێدڵێك بووم و خاوەندڵەكانم زیندە بەگۆڕئەكرد. تۆ پێت وتم ئەو ڕێگایە گرنگ نیە پیایدا ئەڕۆیت ئەنجامەكەی گرنگە. ئێستا من لەئەنجامەكەیدا تێدەگەم جوانی ڕێگاكان گرنگترن نەك باشی ئەنجامەكان. ئێستا ڕوو لەهەر جێیەك ئەكەم بۆنی خوێنی مەیوی لێدێو هەموو ئەوانەی كوشتمنو ئازارمدان، خوێنەكەیان لەڕِۆحی من نابێتەوە. ئێستا وەك دەنگدانەوەی قریشكەی هەزاران فریشتە لەهەزاران هۆڵی چۆڵۆ خامۆشدا، قوربانیەكان دەنگیان ئەگاتە قوڵایی ڕۆحی من. ئێستا ئەو چاوە كامێرایەم لەبری دونیا خۆڵمێشیەكەی جاران دنیایەكی ڕەنگاو ڕەنگ ئەبینێ. ئێستا تێدەگەم هیچ شتێك لەم دنیایەدا موڵكی من نیە جگە لەڕۆحێكی بریندارو بیمارو كڵۆڵ ، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵ لەڕابردوویەكی خوێناوی هەڵاتوومو ئیتر خاوەنی دووچاویش نیم یەكیان دنیایەكی خوڵەمێشیو، یەكیان دنیایەكی ڕەنگاو ڕەنگ ببینێ، ئێستا خاوەنی دوو چاوم ئەڵێی دوومۆمی بەسەر یەكتریدا تواوەن .
ئێستا من لێت دەپرسم دوای ئەوەی منت لەم لیتاوی خوێنەدا خنكاند، چیبكەم بۆ ئەوەی بتوانم حەقی كوژراوێك بدەمەوە، لەكاتێكدا هەموودنیا ناتوانێت ڕۆحێك لەئاسمانەوە بهێنێتە سەرزەوی؟ دڵێك لەگۆڕابخاتەوە جوڵە؟ ڕۆحێك بهێنێتەوە بۆ ژیان؟ ناتوانێت خاوەن گۆڕێك بگێرێتەوە بۆناو ڕۆژانی شەیداییو عاشق بوون؟ پێم بڵێ كێ ئەتوانێت ئەو ساڵانەی تەمەنی بداتەوە نەمهێشت تیایدا بژی؟ گەورەی ئازیزم ئێستا ویژدانی من بەم خەمە دەرون خۆرەوە لەلێدان ئەكەوێت. ئێستا وەك ئەوەی تۆ كەسێكت خۆشبووێو، مەحكومبێت بەوەی تاهەتایە ئەو قیزت لێبكاتەوە ، یا ئەوەی ئەویش تۆی خۆشبووێو بەبێزكردنەوە لەڕابردووت هێڵنج بیگرێ، من وەهام. من ئەزانم كەسێك خوێنی ڕشت جادوی نەفرەتی بەسەرا ئەبارێ، وەك ئەو ئاسەوارە گرانباییو دێرینانەی هەزار ساڵ خوێنی لەسەر ئەڕژێو سەرەنجامیش دەستی كەسێك ناكەوێت، لەشوێنێكداو لەناو دڵێكدا ناسرەوێت. من ئەزانم ئەوەی خوێن ئەڕێژێو ڕەنج بەخەسار ئەدات سەرەنجام ڕۆژێك رۆحی برینداری بێداری ئەكاتەوە، فریشتە خەوتووەكەی ناو ڕۆحی پێی ئەڵێ لێرەدا بوەستەو تاهەتایە بۆ ئەو خوێنە بگری لەپێناوی هیچدا ڕشتت، بۆ ئەو ڕێگایە بگری بەهەڵە پیاید هاتیت. ئاخر تۆش ئەو جوانیانەت تیادا لەخاچدام مرۆم لەبەر دیوە ڕۆحیەكەی خۆشبووێ، نەك بەرژەوەندی، تۆ خەیاڵت كوشتم، ڕۆحت كوشتم، هەستت خستمە گۆڕو یژدانی خۆمت پێدامە بەرگوللە، دەی مرۆڤێك ئەمانەی نەبوو ڕاكردن بەدوای خۆزگەكانیدا ئەیكات بەدڕندەیەكی بێئامان .
زۆرجار مرۆڤ ئەوەی دەستی خۆزگەی نایگاتێ لەخەیاڵا جوانترو دڵڕفێنتر لەئامێزێ ڕۆحی ئەگرێ ، تۆ دڵت كوشتم مرۆڤێك كەدڵی نەبوو ناتوانێت هیچ شتێك لەدڵیدا هەڵگرێت جگە لەخوێن، خوێنیش ئەو تابلۆ ناتەواوە ئەكێشێت ڕۆحو ویژدان سەیری ناكات. تۆ هێشتا لەوە تێنەگەیشتووی مرۆڤی بێهەست سروشتی ئەو پارچە پۆڵایەی هەیە ئەكرێتە چەقۆو خومپارەو گوللە، نەوەك گوڵ، نەكوشتن توشی سەرسامی ئەكاتو، نەبینینی خوێن ئەیجوڵێنێو، نەوێرانیش ئەیكاتە گریان. تۆ ڕۆحت خستمە گۆڕ، بۆیە كەسێكیش ڕۆحی نەبێت ڕۆحی ئەوانی دی وەك جگەرەیەكی هەرزان بایی ئەكێشێتو بۆ هەموو دنیاش سەفەر بكات، بۆناو ڕۆحی خۆی نایكات. وەك پێم وتی ئێستا من عاشقی ئەو كچە شاعیرەبووم بۆ كوشتنییت ناردوم، ئێستا ئیتر نەلەمردن ئەترسمو نەپێویستیشم بەپارەو كوشتنە، ئاخر بەرلەوەی من ببمە ئیزرائیلی ئەو، ئەو بوو بەفریشتەی نەجاتی من. هیوادارم تۆش فریشتەی نەجاتت بەم زوییە ببینیت. ئاخر ئەو ژیانی پێ بەخشیمەوەو وایلێكردم تاهەتایە بۆ ئەو تەمەنە بەفیڕۆ چوەم بگریم لەپەنجەرەیەكی تاریكەوە دنیایەكی خۆڵەمێشیم ئەبینی. ئێستا ئەزانم عیشق گوڵ لەبیابانا سەوز ئەكاتو شیعرو ڕۆح ئەداتەوە بەو مردووانەی ڕۆڵی جەللادێك لەسەر ئەم شانۆ تاریكە بەرجەستە ئەكەن. خۆشم ئەوێ ئەمەش لای تۆ مایەی پێكەنینە، لای منیش خۆشویستن واتای ئەوەی تەنیا جارێك ئەو بگری من ئەمرم
لەكۆتاییدا بۆت ئەنوسم ئێستا ئیتر من چاوەڕێی ئەوەم بەپیلانێك لەو پیلانانەی دەستی بكوژەكانیان دیار نیەو بەكامێراش وێنەیان بگریت مرۆ باوەڕ ناكات، بە دەستی پیلانكارێك بمكوژیت. پیلانێك لەو پیلانانەی بێئەوەی كەسێك پەی بەنهێنی كوشتنەكەی بەرێو تاهەتایە تفو نەفرەت بەسەر گۆڕەكەتا ئەڕێژن، بەڵام من ئاسودەم تەنیا لەبەر ئەوەی پارچەیەك لەدڵم لای جوانی ژیان بەجێدێڵمو حەقی هەموو ئەو جوانیانەش ئەدەمەوە لەوانیترم حەرامكرد