(-سێرڤانتێس- ئەو نووسەرەیە كە پێنج ساڵ لە جەزائیر زیندانی بووە و بەوپێیەی كە ئەندامی كۆمیسیۆنی -ئەرمادا- بووە، كەوتۆتە بەر نەفرەتی كڵێسا.
سەرباری ئەوەش فەرمانبەری –باجگریی و كۆكردنەوەی داهات-یش بووە، هەر بۆیە زۆرجاران بەتۆمەتی دزی و دەستپیسی زیندانی كراوە و وەك پیاوێكی قەرزار لەپشت قەفەسە ئاسنینەكانەوە ژیانی بردۆتە سەر و بەنابووتی و لەنەبوونیشدا سەری ناوەتەوە) –كارلۆس فۆێنتێس-
 
(1)
دەكرێت بڵێین سێرڤانتێس و كۆڵۆمبس دووانەن.. چونكە هەردووكیان دوو شتی زۆر گرنگیان دۆزیوەتەوە. بەڵام هەردووكیشان بەبێ‌ ئەوەی پەی بەحەقیقەتی ئەو شتە بەرن كە كەشفیان كردووە، ئەم دنیایەیان جێهێشتووە.
كۆڵۆمبس بەرەو ڕۆژئاوا كەوتەڕێ‌ و پێی وابوو گەیشتۆتە ڕۆژهەڵات؟!
سێرڤانتێس-یش وای دەزانی كە تەنها ڕۆمانێكی ڕەخنەیی تەنزئامێزی دژ بە ڕۆمانی سوارچاكی باو و تەقلیدیی سەردەمی خۆی نووسیوە.
ئیدی نە كۆڵۆمبس بەوەی زانی كە ئەمریكای دۆزیوەتەوە و نە سێرڤانتێس-یش لەوە خەبەردار بوو كە بناغەی ڕۆمانی هاوچەرخی داڕشتووە.
نووسەری –دۆن كیخۆتە- كەسایەتی سوارچاكێكی خوڵقاندووە، لەژێر پەردەی شێتیدا هێرش دەكاتە سەر كڵێسە و ڕێسا و یاسا تەقلیدییەكان.. بەڵام لە هەمان كاتدا خۆی وا نیشان دەدات كە گوایە پابەندی هەموو یاسا و ڕێساكانی كڵێسایە. بەو پێیەش دەتوانین بڵێین، فۆرمالیتەیەكی باشی دووڕوویی لە كاراكتەری –دۆن كیخۆتە-دا بەرچاو دەكەوێت.
دیارە ناشزانین كە داخۆ بەڕاستی –دۆن كیخۆتە- هێندە دڵپاك و سادە و ساكارە، یاخود بە مەبەست دەیەوێت ئاوا خۆی بخاتەڕوو و خۆی بە ئێمە بناسێنێت؟! یان ڕەنگە –سێرڤانتێس-یش تەنها لەو گۆشەنیگایەوە ئەو كەسایەتییەی خوڵقاندبێت كە بۆ خۆی مەبەستی بووە.. تا بتوانێت لە ڕێی ئەوەوە، بەباشترین شكڵ و شێوە هێرش بكاتە سەر نووسەرانی ڕۆمانەكانی سوارچاكی دەورانی خۆی. یان تۆ بڵێی –ئیزۆب-، -دۆن كیخۆتە-ی نووسیبێتەوە؟! چونكە ئاشكرایە هیچ دەقێك لە كاتی نووسینەوەیدا حیساب و كیتابی بۆ ناكرێت، دەق بۆخۆی ڕاستەڕێی خۆی دەدۆزێتەوە و بە باڵەكانی خۆی لە شەقەی باڵ دەدات و خودی نووسەرەكەی دەخاتە پەراوێزە و دەیسڕێتەوە.
ئیرۆنیك و تەنزئامێزبوونی –دۆن كیخۆتە- تەنها ڕووكەشێكی دەقەكەیە، دەنا هەر لە دەسپێكی ڕۆمانەكەوە، خودی نووسەرەكەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و پاش چەند بەشێك ڕەخنە لە پرۆسەی خوێندنەوە دەگرێت.. وا پێدەچێت كە مەبەستی سەرەكی دەقەكە، لە خستەڕووی ئەو تێزەدا بێت.. گەرچی بە گشتی و تا كۆتایی دەقەكەش، هەر وا دێتە پێشچاومان كە مەبەستی سەرەكی دەقەكە لە خستنە ژێر پرسیاری سوارچاكی و سوارچاكاندا، چڕبێتەوە. بێگومانین لەوەی كە خودی –سێرڤانتێس- خوێنەرێكی جیدی و پیاوی چاخی خۆی بووە.. بۆ خۆی خۆی دروستكردووە.. كوڕی پزیشكێكی لەكار لابراو بووە.. تاوێك خوێندكاری زانكۆی –سالامانجا- بووە و ماوەیەك بۆتە گەڕیدە و دواتر خۆی گەیاندۆتە كۆشكی –فیلیپ- و سەرنجی گەورەپیاوانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە و لەگەڵ شاندێكدا نێردراوەتە ڕۆما.. پاشان بە فەرمانی كاردیناڵا بۆتە سەرباز و لە شەڕەجەنگێكدا، كەوتۆتە بۆسەی توركەكان و دەستێكی خۆی لەدەستداوە.
-سێرڤانتێس- ئەو نووسەرەیە كە پێنج ساڵ لە جەزائیر زیندانی بووە و بەو پێیەی كە ئەندامی كۆمیسیۆنی-ئەرمادا- بووە، كەوتۆتە بەر نەفرەتی كڵێسا.
سەرباری ئەوەش فەرمانبەری –باجگریی و كۆكردنەوەی داهات-یش بووە، هەر بۆیە زۆرجاران بە تۆمەتی دزی و دەستپیسی زیندانی كراوە و وەك پیاوێكی قەرزار لە پشت قەفەسە ئاسنینەكانەوە ژیانی بردۆتە سەر و بەنابووتی و لەنەبوونیشدا سەری ناوەتەوە.
بەڕای من، ئەو پیاوە غەمبار و دڵ پڕ لە كەسەرە بەتەواویی دركی بە گەندەڵی كۆمەڵگەی چاخی خۆی كردووە و بە پێویستی زانیوە كە ڕیفۆرم و گۆڕانكاری لە خودی قەڵای كاسۆلیكەكان لە ئیتاڵیاوە دەست پێ بكات.
نووسەری –دۆن كیخۆتە- هەموو یاساو ڕێسا تەقلیدییەكانی نووسینی ڕۆمانی پێش خۆی سەرەوژێر كرد و تا ئێستاش هەموو نووسەرە هاوچەرخەكان، بەهەمان ڕێچكەو ڕێگەی ئەودا دەڕۆن.. ئەم هەوڵدانەی ئەو وامان لێ دەكات، بە چاوێكی دیكە بڕوانینە دنیا و خوێندنەوەی بۆ بكەین، جا چ بەمەبەست كەسایەتییەكی وای خوڵقاندبێت یان بێ ئاگا؟!
بە مەبەستی هەرچییەك بووبێت، بۆ یەكەمجار لە دووتوێی ڕۆمانێكدا دنیا بووە بوونەوەرێكی جودا و جیاواز.
-دۆن كیخۆتە- وەك دەقێك نەك هەر ڕەخنە لە دنیا دەگرێت و فێری پرسیاركردنمان دەكات.. بەڵكو خودی خوڵقێنەرەكەشی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت.
 
*****
 
(2)
دۆن كیخۆتە و نەمری
گەرچی هیچ وێنەیەكی خودی – میگوێل سێرڤانتێس -مان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام هەمیشە وێنەی سوارچاكە غەمگینەكەی نێو ڕۆمانەكەی –سێرڤانتێس-مان لەبەر چاوە.
-دۆن كیخۆتە- وەك شاكارێكی ئەو نووسەرە بلیمەتە، هەردەم گرنگترین دەقێكی نووسراوە.. بەوپێیەی كە دەیەوێت قەدەری خۆی بگۆڕێت و بەو چەشنە بژی كە دەیەوێت.. لەگەڵ ئەوەی كە دەبێتە نموونەیەكی زیندووی مرۆڤی هاوچەرخ، لە هەمان كاتیشدا زادەی مێژوو و گۆڕانكارییەكانی سەردەمی خۆشیەتی.
بیرۆكەیەكی ئیستەتیكی بەهێز، لە باكگراوندی دەقەكەدا بەدی دەكرێت. گەرچی لە سەردەمی نووسینی دەقەكەدا ڕەخنەگران لە مەبەستی نووسەر حاڵی نەبوون و پێیان وابووە كە نووسەر بیۆگرافیای ژیانی خۆی نووسیوەتەوە.
-دۆن كیخۆتە- بەزمانی ئیسپانی نووسراوەو لەساڵی 1612 لە لایەن –تۆماس شیلتۆن- ەوە كراوەتە ئینگلیزی و دواتریش لەساڵی 1614دا لەلایەن –كودین-ەوە كراوەتە فەڕەنسی.
زۆرێك لە ڕەخنەگرانی ئەو سەردەمە، بەدەقێكی نامەنتیقی و خەیاڵئامێزیان لە قەڵەم داوە، تەنانەت پێشیان وابووە كە بە شێواز هاوشێوەی چیرۆكەكانی –پۆكاشیۆ- بێت.. لەو سەردەمانەدا خوێنەرانی –دۆن كیخۆتە- بۆ خستنە پێكەنینی ئامادەبووان، لە نێو مەجلیساندا بەدەنگی بڵند دەقەكەیان دەخوێندەوە.
پاش سەدەیەك و لە چەرخی هەژدەدا تەوژمی"نیوكلاسیك و ڕاسیۆنالیزم"، خوێنەرێكی وای گۆشكرد و خوڵقاند كە لە پشت شێوازی گاڵتەئامێزی نێو ڕۆمانەكەوە، هەوڵی كەشفكردن و دۆزینەوەی شتێكی نوێیان دەدا.
شاعیر و ڕەخنەگری ئەڵمانی "هاینە" و نووسەری بەتوانای ئەڵمانی "فریدریچ ڤۆن شڵێگڵا" خوێندنەوەیەكی نوێیان بۆ دەقەكە كرد و –سێرڤانتێس-یان وەك داهێنەر و بلیمەتێك بە دنیا ناساند.. ئیدی ئەمە بووە دەسپێكێكی نوێی ناساندنی ئەو نووسەرە لە دنیادا و ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەی خوێنەرانی –دۆن كیخۆتە- لە زیادبووندایە.
-گۆستاڤ فلۆبێر- لە نووسینێكیدا باس لەوە دەكات، پێش ئەوەی بە تەوایی فێری خوێندنەوە ببێت، زۆربەی ڕۆمانەكەی ئەزبەرەكردووە و تەنانەت لەنووسینی-مەدام بۆڤاری-یشدا زۆر سوودی لە شێوازی نووسینی-دۆن كیخۆتە- وەرگرتووە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە ئاماژە بە هەندێك لەو لێكۆڵینەوە جیدیانە بدەم كە دەرهەق بە-سێرڤانتێس- و –دۆن كیخۆتە- نووسراوە.
1- "ژیانی دۆن كیخۆتەو سانچۆ- نووسینی:"میگوێل دێ‌ ئۆنامونۆ".
2- "ڕێگای دۆن كیخۆتە" نووسینی"ئەزۆرین".
3- "هەندێك بیروڕا سەبارەت بەدۆن كیخۆتە" نووسینی:"جۆزێ‌ ئۆرتێگای گاسێت".
4- "بیروڕای سێرڤانتێس" نووسینی:"ئەمریكۆ كاسترۆ".
شایانی باسیشە "ئەمریكۆ كاسترۆ" لە كتێبەكەیدا، ڕاشكاوانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەكات كە دەقی"دۆن كیخۆتە"، دەقێكی كۆمیدی و گاڵتەئامێز نییە و دۆن كیخۆتە-ش شێت نییە..بەڵكو مرۆڤێكە لەم دنیایەدا دەیەوێت بەدەستی خۆی قەدەری خۆی دیاری بكات و تا پێشی بكرێت دەست لەشتەكان وەربدات و بیانگۆڕێت.
 
لەتوركییەوە: یوسف عیزەدین
تێبینی: لەڕەخنەی چاودێر/ژمارە(379)دووشەممە23/9/2013بڵاوبۆتەوە.
ژێدەر:
Kitaplik/yapi kredi yayinlari/2005 -istanbul